بارزان جهوههر سادق، دکتۆرا لە سیستهمى سیاسى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
عێراق تا دێت زیاتر پشت لە بەها دیموکراسییەکان بۆ سیستەمى حوکمڕانێتى دەکات؛ بە شێوەیەک واى لێ هاتووە کە هەمیشە دۆڕاوەکان یان ئەوانەى کە کەمترین متمانەى دەنگدەرانیان هەیە، پۆستە باڵاکانى وڵات بەدەستەوە دەگرن (وەکوو عادل عەبدولمەهدى، کازمى، سوودانى، بەرهەم ساڵح، لەتیف ڕەشید و هتد). ئەمەیش وای کردووە کە هەمیشە سەرکردەى ئەو دامەزراوانە بەرامبەر بە حزبە سیاسییەکان و هێزەکانى هەژمووندار بەسەر عێراقدا، لاواز بن. لە چەند کابینەى ڕابردوودا هەرگیز کار بە زۆرینە و کەمینە نەکراوە و تەنانەت ئەگەریش کار بە بنەماکانى دیموکراسیى تەوافوقى کرابێت، ئەو کەسانەى کە بوونەتە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمان و، چەندان پۆستى ترى باڵا، ئەمانە هەڵبژاردەى ڕاستەوخۆ یان بریکارەکانى هاووڵاتیانى عێراق نەبوون، بەڵکوو لەسەر بنەماى مەزهەبى، نەتەوەیى، کەسى و تەنانەت بەئاشکرا بە پێدانى پارە و بەرتیل و گەندەڵى گەورەترین پۆستەکانیان پێ بەخشراوه. بۆیە ئەمە بێهیوایى و بێمتمانەییى سیاسیى لە لاى هاووڵاتیانى عێراق، هێزە ناوخۆیى و دەرەکییەکان سەبارەت بە داهاتووى دیموکراسى لەو وڵاتەدا دروست کردووە. ئێستایش دۆڕاوەکانى هەڵبژاردنى پێشوو بە دەیان تاکتیک و بەکارهێنانى چەندان میکانزمى توندوتیژى و هێز لە لایەک و، دەزگه دادوەرییەکان لە بەرژەوەندیى خۆیان لە لایەکى ترەوە، توانیویانە بگەنە دەسەڵات و هێشتا شۆکى دۆڕانەکە بەری نەداون و، هێشتا باوەڕ ناکەن کە گەیشتوونەتەوە دەسەڵات و، نازانن کە چۆن جارێکى تر خۆیان لە هەموو ئەو نادادپەروەرى و گەندەڵییەى کە کردوویانە پاک بکەنەوە و، جارێکى تر لەو ماوە کەمەى بەردەمیان متمانە و ڕەوایەتى بۆ خۆیان بگێڕنەوە. بۆیە گرنگە ئێمە لە هۆکارەکانى زوو پێکھێنانى حکوومەتى سوودانى لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و دەرفەت و هەڕەشە و بەربەستەکانى بەردەم ئەم کابینەیە و، دواتر ئاسۆى چارەسەرى کێشەکانى بەغدا و هەولێر بکۆڵینەوە.
یەکەم: دەرفەت، هەڕەشە و بەربەستەکانی بەردەم کابینەى سوودانى
بە بەراورد بە سەرۆکوەزیرەکانى پێشوو و ئەو ماوەى لە بەردەمیان بووە و ئەو کەشوهەوا سیاسییەى هەیانبووە، سوودانى کەمترین دەرەفەتى هەیە. بەهێزترین دەرفەتى سوودانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و دۆلار و داهات و، بەرزبوونەوەى پارەى یەدەگى عێراقە کە لەو ماوەیەدا و دواتر بەهۆى جەنگى ئۆکرایناوە تا دێت سەرچاوە سروشتییەکانى وەکوو نەوت و غاز بەهادارتر دەبێت، یان بە لایەنى کەمەوە لەم نرخە بەرزە دەمێنێتەوە. ئەمەیش وا دەکات کە سوودانى بۆ خەرجییەکانى حکوومەت دەستکراوە بێت. دەرفەتى دووەمى، ئەو ترسەى کوتلەکانى "ئیتاڕ"ە کە دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت سوودانى سەرکەوتوو بێت، چونکە وەک خۆیان دەڵێن چارەنووسى کۆتاییهاتنیان لەسەر گۆڕەپانى عێراق، بەستراوەتەوە بە ئەداى سوودانى. بۆیە بە هەموو شێوەیەک لە ڕووى سەربازى و سیاسى و دارایییەوە هەوڵ دەدەن هاوکاریى بکەن؛ وەک مالیکى دەڵێت "دۆڕانى سوودانى، لەسەر ئێمە حیسابە." لە لایەکى ترەوە بارودۆخى ناوخۆى ئێران ناخوازێت کێشەى زۆر لە عێراق هەبێت و لە هەمان کاتیشدا ئێران بە "خەباتى زۆر و بە هەموو تاکتیکەکانى، توانى هێزەکانى ئیتاڕ بگەیەنێتەوە دەسەڵات،" بۆیە ئێستا پشتگیریى سەرکەوتنى کابینەکەى سوودانیشى دەکەوێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەم دەرفەتانەیش، بەڵام کۆمەڵێک هەڕەشە و ئاستەنگى گەورە بەرۆکى کابینەى سوودانى دەگرێت، کە دەبێ هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.
محەممەد شیاع سوودانى لە گرووپى سیاسییە پلە دووەکانە و کەسێکى لاوازە؛ ئەمەیش پێمان دەڵێت کە تەنیا وەکوو شیعەیەکى وەلائى، پابەندى بنەما و پڕەنسیپ و بڕیارەکانى مالیکى، عامرى و ئێران دەبێت. واتە نابێت ئێمە چاوەڕێى بەرنامە و پلان و دورشمەکانى کابینەکە بکەین یان ئەوەى کە سەرۆکوەزیران بەرنامەى بۆ دادەڕێژێت و هیواى بۆ دەخوازێت، بەڵکوو دیاریکردنى ئەم کەسایەتییە بۆ سەرۆکوەزیران تەنیا ماسکێکى سیاسى بوو، کە سەدر بە هیچ شێوەیەک بە دانانەوەى مالیکى ڕازى نەبوو؛ هەروەها ویستیان وەکوو چارەسەرێكی مامناوهند بڵێن کە، سوودانییش وەکوو کازمى کەسێکى میانڕەوە و دواتر ئەزموونێکى پاکى هەیە و کەسایەتییەکى شیعیى میانڕەو و ئارامى هەیە و لە پارێزگایەکى هەژارنشینى شیعەوە هاتووە و؛ ئەمە دەتوانێت جێگەى ڕەزامەندیی هەموو لایەک بێت.
لەگەڵ ئەوانەیش، هێزێکى سیاسى کە خۆى سەرمەشقى گەندەڵى و نادادپەروەرى و کاولکردنى وڵات بووبێت و دوو خولى یەک لە دواى یەک لە باشترین دۆخى سیاسى و دارایى، حوکمى عێراقى کردبێت و ئینجا وڵات بەم شێوەیە بێت، ئێستا چۆن دەکرێت چاوەڕێ بکەین کە هەمان هێز چاکسازى بکات و لەم دۆخەى ئێستا، وڵات بەرەو ئاوەدانى ببات؟ ئایا سەدر سەرەڕاى ئەو سەرکەوتنەى بەدەستى هێنا و دواتر بەهۆى میکانزمى یەک لەسەر سێى پەکخەرى مالیکى و بەربەستەکانى ترى مالیکییەوە دەچێتە دەرەوە و، هەروا وەکوو تەماشاکهر دەوەستێت؟ یان ئایا مالیکى لەم خولەدا تۆڵەى ئەو چەند ساڵەى حوکمداریى سەدرى و ئەو پشتگیرییە جەماوەرییە و شکستەکەى لە هەڵبژاردن ناکاتەوە؟ ئایا ناڕازییەکانى عێراق لەم سیستهمە شکستخواردوو و گەندەڵەى عێراق و پشتیوانانیان لەلایەن وڵاتانى سوننى و ڕۆژاواوە، هەروا دەستەوەستان دەبن؟ ئەم کابینەیه دەبێـتە کابینەى تهسفیه حیسابی یەکجارهكیى سەدرى و مالیکى، بۆیە چاوەڕوانى ناسەقامگیریى زۆر دەکەین لە کار و کاردانەوەى ئەم دوو سەرکردەیە؛ بەتایبەت کە سەدر چاوەڕێى ئەوە بوو، کە بڕیار لە هەڵبژاردنى پێشوەختە بدرێتەوە و هەر ئەوکاتیش ئێمە پێمان وابوو ئەمە تەنیا تاکتیکێکى مالیکییە بۆ ئەوەى کە شەڕى کات لەگەڵ سەدر بکات و هەر هەتا حکوومەت پێک دەهێنێت و، دواتر لەم بەڵێنە پاشگەز دەبێتەوە. ئەوا ئێستا بەئاشکرا مالیکى و ئیتاڕ باس لەوە دەکەن کە حکوومەتى کاتى و ڕزگاریى نیشتمانى، هەروەها دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بوونى نابێت! بۆیە سەدر ناچار دەبێت بیر لە گۆڕینى پلانەکانى بکاتەوە و لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردنێکى پێشوەختەى تر یان هەتاوەکوو ساڵى ٢٠٢٥ بوەستێ و سوود لە لاوازى و کەموکوڕى و خراپ ئیدارەدانى کابینەى سوودانى وەربگرێت تاوەکوو زیاتر شەقام و جەماوەر بۆ ناڕەزایەتیى بهرفراوان ئامادە بکات و، سەرنجى زیاترى دەنگدەرى عێراقى بە ناوى گەڕاندنەوەى شەرعییەتى دیموکراسى، ڕابكێشێت.
لەمەیش کاریگەرتر، ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییەى بۆ کازمى هەبوو، بۆ سوودانى فەراهەم نابێت؛ هەروەها ڕاگرتنى هاوسەنگى لە نێوان هێزە ناکۆکەکانى ناوخۆى عێراق، جیهانى شیعى و سوننى، ڕۆژاوا و ئێران-وەکوو کازمى کردى-، ئەمە بە سوودانى ناکرێـت. دواتر پێ ناچێت ئەمریکا وەکوو پێشوو پشتیوانیى زۆرى ئەم کابینەیە بکات، هەروەکوو لە بەیاننامەکەیشیان دەڵێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و چاکسازى، پشتگیریى سوودانى دەکەن؛ سوودانی ناتوانێت چاکسازی بکات، چونکە سوودانى دەبێ لە ڕووى مالیکى بوەستێتەوە! لە لایەکى ترەوە، زۆر لە گرووپە شیعییەکانى بەشدار لەم کابینەیە و تەنانەت سەرکردەکانیشیان، لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژاواوە خراونەتە لیستى تیرۆریستى و گەمارۆیان لەسەرە؛ ئەمانە کە دەبنە وەزیر و بەرپرس و خاوەن بڕیار، دیسانەوە کێشە بۆ کابینەکەى سوودانى و پەیوەندییەکانى حکوومەتى عێراق و وڵاتانى ڕۆژاوا دروست دەکەن. پێ دەچێت ئەم جارە ئەمریکا لە کاتى بەکارهێنانى داهاتى عێراق و پارەى دۆلارى بانکى ناوەندى لەلایەن ئەو میلشیایانەوە، هەڵوێست وەربگرێت و عێراق ڕووبەڕووى هەندێک سزا بکاتەوە؛ کە ئەمە هەم کێشە بۆ ئەم کابینەیە دروست دەکات و هەم شەقام زیاتر لە دژى ئەمانە هان دەدات کە دژیان بوەستنەوە.
دووەم: بێهەڵوێستیی سەدرییەکان، تشرینییەکان و خەڵکى ناڕازى
پرسیارى سەرەکیى توێژەر و چاودێر و خەڵک بەگشتى لەم ماوەیەدا ئەوەیە: بۆچى موقتەدا سەدر بێدەنگە؟ یان هۆکار و ئاماژەکانى خێرا پێکهێنانى کابینەى نوێى حکوومەتى ناوەندیى عێراق چین؟ جارێ ئەو بێدەنگییەى سەدر، سەلمێنەرى ئەو گریمانەیە بوو کە سەدریش چەکێکى ترى ئێرانییە بەڵام بە ڕوویەکى تر لە عێراق کار دەکات بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشایییە جەماوەرییەى کە خەریک بوو ئەمریکا و ڕۆژاوا و کەنداو لە عێراق لە ساڵى ٢٠١٩ بەدواوە پڕى بکەنەوە. واتە ئێرانییەکان دەیانەوێت بە شەقامى عێراق و دەرەوە بڵێن کە، ئێمە هەم دەسەڵاتى فەرمیمان بەدەستە و حوكم دهكهین و هەم شەقام و ئۆپۆزیسیۆنیش لە کۆنتڕۆڵى ئێمەیە و، ئەمەیش وا دەکات هیچ دەرفەتێک بۆ نەیارەکانى ئێران لە ناوەوە و لە دەرەوە نەمێنێتەوە، کە بیانەوێت هەوڵى لاوازکردنى ئێران لە عێراق بدەن وەکوو لە خۆپێشاندانەکانى تشرینى ساڵى ٢٠١٩ زۆر بەتوندى دژى ئێران ئەنجامیان دا. هەرچەندە ئیتاڕ بەتەواوى پشتگیریى جێبەجێکردنى سیاسەتى ئێران لە عێراق دەکات، بەڵام لەو بێهەڵوێستییەى ئێران بۆ کابینەى نوێ دڵنیا نین، کە دەشێ لە دیوێکى ترەوە سیاسەتێکى دووسەرە بێت بۆ قەناعەتپێهێنانى سەدرییەکان و هێورکردنەوەیان کە ئێران لەگەڵ ئەم کابینەیە نییە و پشتگیریى یەکگرتووییى ماڵى شیعە دەکات و، پشت لە جەماوەرى سەدر ناکات. لەسەر بنەماى ئەو تێگەیشتنەى سیاسەتى دووسەرەى ئێران لە عێراق، مایەى سەرسوڕمان نییە کە سەدر لەم قۆناغە هەستیارە بێدەنگە! خۆ ئێستا ئێران لە دۆخێكی دژواردایە و، دەرفەتە کە سەدرییەکان هەرگیز لێ نەگەڕێن حکوومەت لەلایەن پڕۆ- ئێرانییەکانەوە سەرکەتوو بێت!
لە ڕاستیدا ئێران لەم دۆخە ناهەموارە نایەوێت لە یەک کات کێشە و ئاژاوە لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن هەبێت، لە کاتێکدا خۆى نوقمى کێشە بووە و، خوڵقاندن و لە هەمان کات ئیدارەدانى قەیرانەکانى دەرەوە لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندیى ئێران نییە. بۆیە هەرچەندە بەپێچەوانەى کابینەکانى پێشوو، حکوومەت لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار خێرا لە عێراق پێک هات، بەڵام تەمەنى حکوومەتەکە پەیوەستە بە ناوخۆى ئێران لە لایەک و بارى ململانێکانى ئێران و ئەمریکا لە لایەکى ترەوە. هەروەها سەدر بەم شێوەیە ناوەستێ و بێدەنگ نابێت کاتێک دەبینێ کە قەیس خەزعەلى و مالیکى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و یاسادانان بەدەستەوە دەگرن و لەو لایشەوە لە ڕێگەى "فایەق زێدان"ەوە هەر بڕیارێکى دادوەرى کە بیانەوێت لە دژى لایەنەکانى ترى وەکوو سەدر و کورد و سوننەکان دەردەکەن. ئەمەیش کودەتایەکى ڕوونە بەسەر هەرسێ دەسەڵاتەکە و، تەمەنى درێژ نابێت.
سێیەم: ئاسۆى پەیوەندییەکانى بەغدا و هەولێر لە کابینەى سوودانیدا
پێویستە بپرسین کە ئایا ئەم کابینەیە دەتوانێت لەم ماوە کەمەدا کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات؟ کام کێشە ئەگەری چارەسەرکردنی هەیە و چۆن؟ ئایا ئەگەری پشتگوێخستنی کورد هەیە؟ پلان و سیاسەتی کورد لە بەرامبەر ئەم کابینەیەدا چی بێت؟
ئەگەر لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ئهجێندا (بهرنامهی كار)ی سوودانى پەیوەست بە هەولێر و بەغدا، هەموو جەختکردنەوەیە لەسەر دوو خاڵ، ئەویش نەوت و ئاسایشى کەرکووکە کە هەر ئەویش پەیوەستە بە نەوتەوە. گومانى تێدا نییە کە ئەمەیش لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە شیعەکان پێیان وایە لەم قۆناغەدا کێشەى هەرێمى کوردستان، تەنیا دەبێ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان گفتوگۆی لهسهر بکرێت و، ئێستایش تەنیا ئەم کێشە سەرەکییەیان هەیە و ئەگەر لێرەوە بەڵێنى ئەمانەیان پێ بدرێت، ئیدى نە ڕێگرى لە حکوومەتى سوودانى و ئیتاڕى دەکەن و، نە چیتر پشتگیریى سەدر دەکەنەوە؛ بەڵام ئایا سوودانى و ئیتاڕ دەتوانن ئەم بەڵێنانە بەجێ بگەیەنن؟ ئەمە تەنیا لەناو بهرنامهی كارهكهدا هاتووە یان ڕێککەوتنى پارتى و ئیتاڕیشە؟ دەستپێشخەرى بۆ چارەسەرکردنى پرسى فرۆشتنى نەوت و غاز کە لە بهرنامهی كارهكهدا هاتووە، "ڕەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و غاز لە ماوەى شەش مانگ ئامادە دەکات"؛ هەروەها "دەستبەرداربوون لە گرتنەبەرى ڕێکارەکانى دژ بە کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لە پێناو زیاننەگەیاندن بە ئابووریى نیشتمانى"؛ ئەمە گەرمترین پرسى دانوستاندنەکانى کورد و شیعەکان بوو. پێمان وایە ئیتاڕ لەم قۆناغەدا چاوپۆشى لەم دۆسیەیە دەکات (واتە بێدەنگ دەبێت)، بەڵام نە دای دەخات نە چارەسەریشى دەکات. ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە کورد لەسەر هێڵ بهێڵێتەوە و بە لایەنى کەمەوە چیتر بیر لە لاوازکردنى ئیتاڕ نەکاتەوە، ئەگەر نا هیچ بەدوورى نابینین کە سوودانى بۆ قووڵکردنەوەى ئەم کێشەیە بەکار بهێنرێت. واتە ئێستا سوودانى وەکوو کازمى و لە هەندێک باردا باشتریش بارەکە ڕادەگرێت، لەبەر دۆخى خۆى و حکوومەتەکەى و دوورکەوتنەوە لە ململانێ لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییەى کە هەیەتى.
بۆ تەوەرى دووەمى بەڵێنەکان کە هەمووى تایبەتە بە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم وەکوو: بەڵێنى "پێکهێنانى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ و خەرجکردنى شایستە دارایییەکانى ئەو هاووڵاتیانەى کە ماددەى ١٤٠ دەیانگرێتەوە، جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال، پڕکردنەوەى بۆشاییی ئەمنیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق، ئاوەدانکردنەوەى ناوچە وێرانبووەکانى ئەم دەڤەرانە بەهۆى داعش و سوودمەندبوونى بنەماڵەى شەهیدانى دەستى داعش لەو ناوچانە و گواستنەوەى ڕاژەى مامۆستایانى کورد، گەڕاندنەوەى بارەگا و چالاکیى حزبەکان بۆ ئەو ناوچانە"، ئەمانە چەند پرسێکى سیاسى و ئاسایشیى کاریگەرن و تەنیا ئیتاڕ بڕیاریان لێ نادات، بەڵکوو پهیوهسته بە ئیرادە و هاوڕاییى ئێرانیشهوه؛ بۆیە جێبەجێکردنیان کارێکى ئەستەمە. لەوانەیە تەنیا وەکوو ڕووکار هەندێک لەم بنەمایانە بجووڵێنێ، وەکوو: ناردنى پڕۆژەى خزمەتگوزارى، ئۆپەراسیۆنى پێشمەرگە و حەشد و سوپا دژ بە داعش لەم ناوچانە، گەڕاندنەوەى هەندێک چالاکیى حزبەکان، بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان و چەند چالاکییەکى تر، بەڵام جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ و قەرەبووى دانیشتووانەکەى و ڕێککەوتنى شنگال، ئەمانە ترووسکایییەک هیوایان نییە لە کابینەى سوودانى. بەڵام ئایا کێشەکانى هەرێمى کوردستان تەنیا ئەمانەن؟
ئەگەر سەیر بکەین دەبینین کە لە دواى توندبوونى ململانێکانى نێوان بەغدا و هەولێر لە دواى ساڵى ٢٠١٢ەوە، ڕێژەى کورد لە سەد لەناو سوپا و باڵوێزخانەکان و بوارەکانى تر بۆ سفر دابەزیوە؛ بۆیە گرنگە جگە لە پرسى نەوت و کەرکووک، هەرێم هەوڵ بدات پشکى کورد لەم شوێنانە بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغەکانى پێشوو، تاوەکوو لەناو دامەزراوەکانى فەرمیى عێراق بەهێز بێتەوە.
لە لایەکى ترەوە، کێشەى هەرێمى کوردستان لە ماوەى ڕابردوو ئەوە بووە کە، هەمیشە ئێرانى وەکوو دوژمن و نەیار سەیر کردووە و ئەمەیش وای کردووە کە ئێران بە چاوى "ئیسرائیلى دووەم" و بنکەى سیاسەتى ڕۆژاوایی دژ بە وڵاتەکەى سەیرى هەرێمى کوردستان بکات؛ بۆیە بوودجە دەبڕێت، داعش دەسووڕێنێتەوە بۆ هەولێر و هێرشى مووشەکى دەکاتە سەر پایتەختى هەرێمی کوردستان و، ئێستایش بە بیانووى لێدان لە حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان هێزى زۆر دێنێتە سەر سنوورەکانى هەرێم و بەردەوام مووشەکباران و هەڕەشە دەکات. بۆیە دەبێ بەجددى تێ بگەین کە لە ئێستادا بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەى لە هاوکێشە سیاسییەکانى جیهانى دروست بوون، چارەنووسى هەرێم بە عێراق بەستراوەتەوە و بڕیارى کۆتاییش لە عێراق، تاران دەیدات. بۆیە دەبێت کۆدەکانى ئێران لە عێراق بەدروستى خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و، بزانرێت کە کەسایەتییەکانى سیاسەتى دەرەوە، سوپاى قودس، ئیتیڵاعات و هەر کێى لەناو عێراق لە پشتى دروستکردنى بڕیارەکانە، پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکرێت و لە لایەکى ترەوە هەوڵى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان تاران و هەولێر بدرێت، تاوەکوو کاریگەریى جددى لەسەر بڕیارەکانى بەغدا بەرامبەر هەرێمى کوردستان دروست بکرێت.
لەگەڵ ئەمانەیشدا، پرسیار ئەوەیە: ئەگەر ڕێککەوتن و بەڵێنەکان جێبەجێ نەکران، کورد چی بکات یان دەتوانێت چی بکات؟ وەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، مالیکى و سەرکردەکانى ترى ناو ئیتاڕ، باکیان بە هیچ هێزێکى ترى ناوخۆ و دەرەوە نییە بۆ گرتنەدەستى دەسەڵات. ئەوان لە هێزێکى دۆڕاو و شکستخواردوو و بێهیوا لەم خولەوە، بوونەتەوە مەرجهعى دەسەڵاتى سیاسى لە عێراق و، بۆیە ئێستا ئامادەى سازشن بۆ هەر هێزێکى ترى ناوخۆ و دەرەوە بەو مەرجەى مالیکى و عامرى و خەزعەلى لە ترۆپکى دەسەڵات بپارێزن. بۆیە پێ ناچێت لەم قۆناغە هەستیارەدا دژى ئەمریکا و ڕۆژاوا و وڵاتانى سوننى و تەنانەت کورد و سوننەى عێراقیش بوەستنەوە هەتا شوێنپێى خۆیان لە دەسەڵات بەهێز دەکەنەوە؛ بەڵام گومانى تێدا نییە کە ئەمانە تەنیا هەنگاوى تاکتیکین و دڵنیایی نییە لە بەردەوامیى ئەم سیاسەتانە و جێبەجێکردنى بەڵێنەکان. بۆیە هەرێمى کوردستان دەبێت خۆى بۆ ئەگەرى گەڕانەوە بۆ بازنەى پێشوو ئامادە بکات.
ئەو لێکترازانە سیاسى، سەربازى، ئابوورییەى دواى ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمى کوردستان هاتۆتە کایەوە، وای کردووە هەرێمى کوردستان هەمان هەرێمى پێش ڕیفراندۆم نەبێت، چۆن؟ نە ١٦ى ئۆکتۆبەر و هەوڵى سەربازى و نە بەکارهێنانى چەکى دادگه دەرەکییەکان و نە هەوڵى حکوومەتى عێراق و دادگهى فیدڕاڵییش، نەیانتوانى بەر لە ئابووریى سەربەخۆى هەرێمى کوردستان بگرن و ئێستایش کە زیاتر لە هەشت مانگە بەغدا دینارێکى ئەو کەمە بوودجەیەى بۆ هەرێمى دەنارد نەهاتووە، بەڵام هەرێمى کوردستان بەهۆى زیادکردنى داهاتى ناوخۆ و کەمکردنەوەى خەرجییەکان توانیویەتى خۆى لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنێ، مووچە دەدات و خزمەتگوزارى دابین بکات و پرۆسەى ئاوەدانى پەرە پێ دەدات؛ بە شێوەیەک کە سەرەڕاى ئەو هەموو هەوڵەى حکوومەتى ناوەندى دژ بە هەرێم و ئەو هەموو داهاتەى ژێر دەسەڵاتى حکوومەتى عێراق، بەڵام ئێستایش بە هەزاران هاووڵاتیى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ ژیان ڕوو لە هەرێم دەکەن!
کۆبەند
بەگشتى نە شیعەکان جارێکى تر لێ دەگەڕێن کورد پشک و دەسەڵاتى لە حکوومەت و سوپا و دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق بەهێز بێت و، نە کەسایەتیى سەرۆککۆماریش بەهێزە و نە سەرۆکوەزیرانیش بڕیاربەدەستە و سەربەخۆ دەبێت. ئەمەیش وا دەکات کە حەوزەى شیعە و ئێران باڵادەست بن و کاریگەرى لەسەر سیاسەتى ناوخۆ و دەرەوەى عێراق بنوێنن. لەبەر ئەم هۆکارانە، ئەگەریش سوودانى ئەم قۆناغە چەقبەستووە تێ پەڕێنێ، بەڵام پێشبینیى سەرکەوتنى سوودانى لە کابینەکەى ناکەین. لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، بەکورتى لە ڕووى واقعییەوە هەرێمى کوردستان سوودى لە ئەزموونى حوکمڕانێتیى عێراق وەرگرتووە و جارێکى تر ئامادە نییە پشت بەو بەڵێنانەى کابینەکان و سەرکردەکان و حزبەکانى عێراقى ببەستێت؛ لە هەمان کاتیش هیوایەکى بۆ پابەندبوون یان جێبەجێکردنى ماددە دەستوورییەکانى عێراق نەماوە. بۆیە فۆڕمێکى نوێى بەڕێوەبردن و حوکمڕانێتى لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو گیراوەتە بەر، کە لەسەر بنەمای پشتبەستنە بە سەرچاوەکانی داھاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت وەکوو ڕەگەزەکانی ھێزی ئابووریی ناوخۆیی، نەک پشتبەستن بە بەغدا بۆ مەبەستی بەڕێوەبردن و پێشکەوتنی ھەرێم.