هەرێمی کوردستان لە نێوان گوشاری پەکەکە و تورکیا و بەغدا

بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیسته‌مى سیاسى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر

پێشەکى

بەهۆى هەڵکەوتە جوگرافییەکەى، هەرێمى کوردستان لە ڕووى جیۆپۆلەتیکییەوە جێگەى بایەخی زۆرى چەندان کارەکتەرى ناوچەکە و نێودەوڵەتییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم هەڵکەوتە هەرێمى کوردستانى تووشى چەندان هەڕەشەى بەردەوام و جددى کردۆتەوە. ئەگەرچى لە تابلۆى ڕووداوى "پەره‌خ" ململانێى نێوان پەکەکە، تورکیا و حکوومەتى عێراق دەردەکەوێت، بەڵام هەرسێکیان هەڕەشەى سەر ئاسایشى هەرێمى کوردستانن و ئەگەر بەباشى مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوکێشە سیاسییە نەکرێت، دواجار زەرەرمەندى یەکەم، هەرێمى کوردستان دەبێت. لەم شیکردنەوەى خوارەوە دەمانەوێت لێکدانەوەیەک بۆ ڕووداوەکە و فاکتەر و پاڵنەرەکانى پشت ئەو ڕووداوە و دواتر چۆنێتیی سیاسەتکردنى هەرێمى کوردستان بەرامبەر کارەکتەرەکانى نێو ڕووداوەکە بکەین.

یەکەم: ئایا ئەم هێرشە پیلانگێڕی بووه‌ یان بەڕێکەوت بووه‌؟

هەرچەندە تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام بەگوێرەى لێکۆڵینەوەى سەرەتایى، بەتایبەت لەسەر بنەماى لێدوانەکانى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە کاتى ڕووداوەکە و لە وتارەکەى لە ئەنجومەنى ئاسایش، دەردەکەوێـت کە هێزەکانى تورکیا ئەنجامیان دابێ؛ هەرچەندە وەزارەتى دەرەوەى تورکیا و سەرۆکى وڵاتەکەى ڕەتیان کردەوە و ئەم کارەیان خستە ئەستۆى پەکەکە. ئەوەى گرنگە ئێمە لێرەدا لەسەرى بوەستین ئەوەیە کە، بۆچى تورکیا هەڵە ناکات لە لێدانى سێ ئەندامى پەکەکە لەناو ئۆتۆمبێلێک لە کەلار لەناو هەزاران ئۆتۆمبێلى تر یان لێدان لە تەنیا یەک کەسى دیاریکراو لە ئەندامانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان، بۆچى دێت بە ڕۆژى ڕووناک گەشتیارى عەرەب دەکاتە ئامانج؟ واتە تورکیا بەڕێکەوت و بەهەڵە تۆپبارانى گوندى پەره‌خى نەکردووە و ئەمە پیلانێکى لەپشتە.

بێ گومان ئێمە دەبێت سەیرى کات و شوێنى ئامانجه‌كه‌ بکەین. سەرەتا ئەم ڕووداوە چەند کاتژمێرێک دواى لووتکەى تاران هات و تەنیا چوار ڕۆژ دواى لووتکە جەددە، کە هەردوو لووتکەکە لە بەرژەوەندیى تورکیا نەبوون و، بەمەیش دەکرێت بگوترێت کە تورکیا دەیەوێت بەم کارانە گوشار دروست بکات و پەیام بنێرێت، چونکە پێ دەچێت تورکیا هیچى دەست نەکەوتبێت، بەتایبەت لە لووتکەى تاران کە ڕووسیا و ئێران ڕازى نەبوون هێرشى سەر ڕۆژاواى کوردستان بکات. لە لایەکى ترەوە فاکتەرێکى پشت ئەم کردەوانەى تورکیا، بەستنەوەى عێراقه‌ بە کەنداوى عەرەبى و ئوردن و باکوورى ئەفریقا و ئیسرائیلەوە، بەهۆى ئەو چەند پڕۆژە هاوبەشەى ڕۆژاوایییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و عەرەبەکان هەیانە. لێرەدا تورکیا خەریکى بەرزکردنەوەى ئاڵوگۆڕى ئابوورییە لەگەڵ عێراق بۆ سەرووى بیست ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر تەنیا "پڕۆژەى شامى نوێ" بە نموونە وەربگرین، لە نێوان عێراق-ئوردن-میسر، ئەوا کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر عێراق دەبێت بۆ بازرگانى لەگەڵ تورکیا. تورکیا نایەوێت لە هاوکێشەى سیاسیى عێراق ئاوت بکرێت و چەندان کارتى هەیە کە دەتوانێت بیانجووڵێنێت بۆ ئەوەى کێشە بۆ کارەکتەرە سەرەکییەکانى عێراق دروست بکات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا تورکیا لە شەترەنجەکەدا داشێکى هەڵەى جووڵاند، بە چەند ئەڕگیۆمێنێتێك: سەرەتا ئەم ڕووداوە یەکگرتوویى لە نێوان هێزە شیعییەکان بەرامبەر بە تورکیا دروست کرد و، بەدوورى نابینین کە سەدر، وەک بانگەشەى بۆ کرد، یاسایەک تێ پەڕێنێ هاوشێوه‌ی "یاساى قەدەغەى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل" کە هێزەکانى تورکیا وەدەرنێن و سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانى دابنێن. هەڵەیەکى ترى تورکیا ئەوە بوو کە ئێران تەنیا شوێنێک لە ناوچەکە مابێتەوە و نەیتوانیبێ لە دژى تورکیا هانى بدات، هەولێر و دهۆک یان ناوچەى هەژموونى پارتى بوو، کە بەهۆى ئەم ڕووداوەوە وای کرد هاوهەڵوێستییەکى توند لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە پێکەوە دژى تورکیا بنوێنرێ. لە هەمان کاتدا ئەمە پاساوى دایە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ سەرکۆنەى کردەوەکانى تورکیا لەناو خاکى عێراق کە بەدوور نازانرێت حکوومەت و پەرلەمانى عێراق وەک چۆن حاشایان لە ڕێککەوتنى ئەمنى کرد، هەر ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکیشی دیكه‌یش هەبێت، هەڵبوەشێننەوە؛ ئەمە جگە لەوەى ئەگەر عێراق هێزەکانى بێنێتە سەر سنوورى تورکیا، ئەوا چیتر تورکیا ناتوانێت بەم شێوەیە لە ناوچەکە بسووڕێتەوە.

دووەم: بەردەوامیى هەڕەشەى پەکەکە لەسەر هەرێمى کوردستان

پەکەکە دەیان بارەگای لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان دامەزراندووە و تەنانەت هەرێمێکى بە ناوى "میدیا" لەناو قووڵاییى خاکى هەرێمى کوردستان دامەزراندووە. زیاتر لە ٣٧ ساڵە جەنگى نێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە، بەبێ ئەوەى هیچ کام لە لایەنەکانى جەنگەکە سەرکەوتوو بێت و بەتەواوى بەسەر لایەنەکەى تر زاڵ بێت. فاکتەرێکى پشت بەردەوامیى جەنگى پەکەکە بریتییە لە سەربەخۆنەبوونى تەواوەتیى پەکەکە لە ناوخۆ. لە نووسین و لێدوانەکانى عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان و بەرپرسانى پەکەکە دەردەکەوێت کە، هەندێک چالاکیى پەکەکە بەبێ ئاگاداریى ئەوانە! ئەمەیش بەو باوەڕەمان دەگەیەنێت کە فاکتەرى دەرەکى، ڕۆڵى گرنگ لەم هاوکێشەیە دەگێڕێت. سەردانەکانى بەرپرسە باڵاکانى ئێرانى بۆ قەندیل و نیشتەجێبوونى سەرکردەکانى پەکەکە لە تاران و ئەو پەیوەندى و هەماهەنگییە بەهێزەى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە عێراق، گومانێکى نەهێشتۆتەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى ئێران دژ بە تورکیا و هەرێمى کوردستان لەلایەن پەکەکەوە.

پەکەکە جگە لەوەى دەستى بەسەر ئەو سنوورە فراوانەى هەرێمى کوردستاندا گرتووە، بەردەوام باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت و بۆڕیى ناردنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەتەقێنێتەوە. ئەمە جگە لەوەى بەرپرسى تێکدانى ئاسایشى ناوخۆى هەرێمى کوردستانە، بەتایبەت لە بەشداریى ئاشکرایان لە خۆپیشاندانەکانى سلێمانى لە ساڵى ٢٠١٩ کە دامەزراوە فەرمییەکانى سلێمانییش نەیاندەتوانى بەریان لێ بگرن، لەبەر ئەوەى بەشێک لە سەرکردەکانى یەکێتى پاڵپشتى ئەو چالاکییانەى پەکەکە بوون لەو خۆپیشاندان و ئاژاوەنانەوەى لەو سنوورە هەبوون.

تا دێت پەکەکە زیاتر دەستى تورکیا بۆ داگیرکاریى زیاتر لە هەرێمى کوردستان، ڕادەکێشێت، چونکە بە وتەى بەرپرسانى عێراق کە لە پەرلەمانى عێراق خستییانە ڕوو، تورکیا زیاتر لە چوار هەزار سەرباز و پێنج بنکەى ئاسمانى و سەد خاڵى سەربازیى لەناو خاکى عێراق دامەزراندووە[1]. بە گوتەى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایش، تا ئێستا تورکیا ٢٢ هەزار جار هێرشى کردۆتە سەر هەرێمى کوردستان و، هەموو ئەمانەیشیان بە دیکۆمێنت داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەرچەندە بە بڕواى هەندێک لە توێژەرانى ناوخۆ و دەرەوە، پاساوى هەڕەشەى ئاسایشى تورکیا تەنیا پەکەکە نییە، بەڵکوو هەر کات ئەمەیش نەما، تورکیا دەتوانێت بە بەکارهێنانى تورکمانەکان و سوننەکانى عێراق  و گرووپە ئیسلامى و تیرۆریستییەکان کێشە بۆ ئاسایشى هەرێم کوردستان دروست بکات[2]؛ بەڵام جگە لەوەى کە تورکیا هەر لە سەرەتاى دروستبوونى هەرێمى کوردستانەوە، هەمیشە سەرکردایەتیى لایەنەکانى ترى کردووە بۆ ئەوەى نەھێڵێت کیانى سیاسیى هەرێمى کوردستان بەهێز بێت و پێى وابووە ئەمە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشى نەتەوەییى تورکیا، لە ماوەى ڕابردوو تا ئێستا پەکەکە باشترین پاساوە بۆ تورکیا بۆ ئەوەى هەژموونى خۆی لە ناوەوەى هەرێمى کوردستان زیاتر بکات. بۆیە گومانى تێدا نییە کە تا ئەم پاساوە لەدەستى تورکیا دەرنەهێنرێت، ناتوانرێت چارەسەرى ئەم دۆخەکە بکرێت.   

بۆ چارەسەرى ئەم دۆخە، دەبێ ئەوە ڕاستییە بزانین کە بەهۆی ئەوەى تورکیا لە ڕووى تەكنه‌لۆژیای سەربازییه‌وه‌ بەهێزە، پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی تورکیادا لاسەنگ بووە و بەوەیش چالاكیی پەكەكە لە ڕووی سەربازییەوە سنووردار كراوە؛ بۆیە لە ئێستادا ئەستەمە تورکیا ناچار بکرێ دەست لە ڕێگه‌چارەی سەربازی هەڵبگرێ و بیر لە دانوستان و پڕۆسەی ئاشتى بکاتەوە[3]. بەڵام دەكرێ پەكەكە ببێتە خاوەن دەستپێشخەری. لێرە پێویستە ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە، هەردوو لایەنى پەکەکە و تورکیا و چاودێرانیش باش ئەوە دەزانن کە لە کاتى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا، بۆ زیاتر لە سێ ساڵ نە سەربازێکى تورک و نە گەریلایەکى پەکەکە کوژران و، لە بەرامبەردا هەردوو لایەن قازانجى زۆریان کرد و ئابووریى تورکیا زۆر هەڵکشا.

ئەگەرچى تورکیا لەسەر بنەماى "تیۆریى قووڵاییى ستراتیژى"ی ئەحمەد داودئۆغڵو، پڕۆسەى ئاشتیى ناوخۆییى دەست پێ کرد و لە نێوان ساڵى ٢٠١٢ بۆ ساڵى ٢٠١٥ لە بارى ئاسایشى و ئابوورییه‌وه‌ سوودى لەم ڕێککەوتنە وەرگرت[4]، بەڵام ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبى لە سووریا و دواتر دوورخستنەوەى سەرکردە چاکسازیخواز و ئاشتیپارێزەکانى وەکوو داودئۆغڵو و ئەوانی تر وای کرد، تورکیا دەست بداتەوە ستراتیژیى جەنگ دژى کورد؛ نەک کوشتنى دوو ئەفسەرى تورک کە شارەزایان پێیان وابوو ئەمە پرۆسەکەى تێک داوە. ئێستا بەهۆى ئەوەى بارى ئەردۆغان لاسەنگە و ناتوانێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى ساڵى داهاتوو سەرکەوتوو بێت و زۆر پێویستیى بە هەدەپە هەیە، بۆیە دەرفەتە کە پرۆسەى ئاشتى دەست پێ بکەنەوە و وەکوو پرۆسەى ئاشتیى ڕابردوو، هەرێمى کوردستان نێوبژیوانى قەندیل و ئیمراڵى و ئەنقەرە بێت، چونکە لە بارێک ئەوەى کورد لە تورکیا لەگەڵ ئاک پارتى دەستى کەوتووە، لەگەڵ لایەنەکانى تر ناتوانێت دەستى بکەوێت و، لە بارى تردا بە هەمان شێوە هەرێمى کوردستان لە سەردەمى حوکمى ئاک پارتى، سوودى زۆرى لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا وەرگرتووە.

سێیەم: هەرێمی کوردستان دەتوانێت چ سیاسەتێکی لەگەڵ تورکیا هەبێت کە هەڕەشەکانی تورکیا کەم بکاتەوە؟

بەهۆى پێشکەوتووییى تورکیا لە ڕووى ئابووری و وەبەرهێنانەوە کە دەیان دەوڵەتى زلهێزى جیهانى و وڵاتانى دراوسێیشى پشتى پێ دەبەستن، هەرێمى کوردستانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە ڕێژەیەکى یەکجار بەرز پشتى بە ئابوورى و بازرگانى و کەلوپەلى تورکیا بەستووە؛ ئەمە جگە لەوەى تورکیا ترانزێتى ئابووریى هاوردە و هه‌نارده‌ی هەرێمى کوردستانە لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا و وڵاتانى ترى جیهانى. واتە هەر ساتێک تورکیا دەرگه‌ بەڕووى هەرێمى کوردستان دابخات، کارەساتێکى وا ڕوو دەدات که‌ هاووڵاتیانی هەرێم لەم سەردەمەوە هه‌رگیز بەخۆیانه‌وه‌ نەدیبێ! بۆ نموونە تەنیا لە شەوى کودەتاکەى ساڵى ٢٠١٦ لە تورکیا چ قەیرانێک خەریک بوو هەرێم بگرێتەوە؛ بەڵام کودەتاکە هەر ئەو شەوە شکستی هێنا.

لە ڕووى وزەوە کە شادەمارى ئابووریى هەرێمى کوردستان و عێراقە، تورکیا لە ئێستادا تەنیا پردى ناردنى نەوت و وزەى هەرێمە بۆ بازاڕەکانى جیهانى؛ ئەمە جگە لەوەى عێراقیش بە بۆڕی، نەوتەکەى بە هەرێمدا دەنێرێتە بەندەرى جیهانیى تورکى. لە کاتى گەمارۆ بەهێزەکەى حکوومەتى عێراق و ئێران لە دواى ڕیفراندۆمەکەى ساڵى ٢٠١٧، تەنیا دەرگه‌ى هەناسەدانى هەرێمى کوردستان تورکیا بوو. ئێران و عێراق هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا وەک چۆن لە ڕووى هەواڵگرییه‌وه‌ هاوکاریى ڕووداوى ١٦ى ئۆکتۆبەرى کرد و "هاکان فیدان" لەگەڵ "قاسم سوله‌مانى" بەشدار بوو، بە هەمان شێوه‌یش وەکوو ئێران دەرگه‌ بەڕووى هەرێمى کوردستان دابخات؛ بەڵام تورکەکان تێ گەیشتن کە ئەم هەوڵە ئاسایشى ناوچەکەیان لێ تێک دەدات و تاكه‌ دۆستى نزیک و بەهێزیان لە عێراق لەدەست دەدەن و ئەمەیش بچووبایە پاڵ پەکەکە و، هەرێم وەکوو پەکەکە ببایە دوژمنى تورکیا، ئەوا خەونى ئێران دەهاتە دى و تورکیا دەبوو بەتەواوى پاشەکشە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکات؛ چونکە هەرێمى کوردستان یەکێک لە باشترین دەرگه‌ى وشکانیى تورکیایە بەڕووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تاكه‌ دەروازەیە بۆ گەیشتن بە وزە و وەبەرهێنان و بازاڕى عێراق و، دەیان بەرژەوەندیى ترى هاوبەش لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان هەیە کە لێرەدا ناپڕژێینه‌ سه‌ر هه‌موویان.

بەڵام سیاسەتمەدارە تورک و کوردەکانى باشوورى کوردستان لەمێژە لەوە تێ گەیشتوون کە، ئێران چ نیازێکى لە ناوچەکە هەیە، بۆیە هیچ کات پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێمى کوردستان لە دواى ساڵى ٢٠٠٩ نەگەیشتۆتە بنبەست و، بەپێچەوانەوە هەتاوەکوو ڕیفراندۆم گەیشتە لووتکە کە لە مێژووى پەیوەندیى کورد و تورکدا قۆناغى ئاوا زێڕینى پەیوەندى نەبووە. گرنگە ئەوە بگوترێت کە ئەم پەیوەندییانە هەرچەندە لەسەر بنەمایەکى لۆژیکییانە و عەقڵییانەى سیاسى بونیاد نراوە، بەڵام ئەمە زیاتر پەیوەست بووە بە بیروبۆچوونەکانى ئەحمەد داودئۆغڵو و هەندێک سەرکردەى ترى ئاک پارتى کە ئێستا لەناو حزبەکە نەماون و ڕێک لە دواى ئەوانیش پەیوەندییەکان خراپ بوون. بۆیە دەمانەوێت بڵێین دڵنیایى بۆ بەردەوامیى ئەم پەیوەندییانە نییە، بەتایبەت لە ئەگەرى نەمانى ئاک پارتى لە دەسەڵات لە ساڵى داهاتوو. ئەمەیش هەڕەشەى وا دەهێنێتە کایەوە کە ناسەقامگیرییەکى یەکجار زۆر لە هەرێمى کوردستان دروست دەکات.

ئەگەرچى سەرکردە سیاسى و فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان لە بابەتى تۆپبارانەکەى گوندى پەره‌خ، بەیاننامەى توندیان ئاراستەى تورکیا کرد (کە هەر دەبوو وا بکەن)، بەڵام نەگەیشتە ئاستى خراپبوونى پەیوەندییەکان، چونکە هەردوو لا دەزانن کە چۆن لەگەڵ یەکتر گەمە دەکەن و ئەمەیش پێمان دەڵێت کە هەرێمى کوردستان ناچێتە ژێربارى "یاریى سفر" لەگەڵ تورکیا وەکوو ئەوەى ئێرانییەکان دەیانەوێت. بۆ هەرێمى کوردستان قبووڵکراو نییە کە تورکیا بەو شێوەیه‌ مل بنێت و خاک داگیر بکات و دواتر پاشەکەشە نەکات، بەڵام لەوە خراپتر تەسلیمکردنى ئەو سنوورانەیە بە هێزى عێراق و حەشدى شه‌عبى کە هەرگیز تورکیایش قبووڵى ناکات. ئەوەى لێرەدا بۆ هەرێم گرنگە لەم ڕووداوە، گوشار بوو لە تورکیا لە ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتییش، کە نابێت بەم شێوەیە ڕەفتار بکات و دواتر هیچ نەرمییەک نەنوێنێ. پێمان وایە ئەم زەنگە گرنگ بوو؛ هەروەها ئەمە وا دەکات کە تورکیایش بەخۆیدا بچێتەوە چونکە هه‌روه‌ك شیمان كرده‌وه‌، ئەمە هیچ خزمەت بە تورکیا ناکات و بەپێچەوانەوە زیانى تێدا کرد.

بە هەمان شێوەى سیاسەتى هەرێم لەگەڵ پەکەکە، وەک لە سەرەوە باسمان کرد، دەکرێت هەرێم داوا لە تورکیا بکات کە واز لە جەنگ لەگەڵ پەکەکە بێنێ و، پێی بڵێ كه‌ ئەمە نەک خزمەتى دەوڵەتى تورکیاى نەکردووە بەڵکوو تا دێت هەژموونى ئاک پارتى لاواز دەکات و ساڵى داهاتوو کۆتایى بە حوکمڕانێتیى ئاک پارتى و ئەردۆغان دێنێ؛ چونکە ئەمە بەپێچەوانەى ئەوەى کە ئەردۆغان بیرى لێ دەکاتەوە، لە جیاتى ڕاکێشانى سەرنجى تورکە ڕەگەزپەرستەکان، دەبێتە هۆى لاوازبوونى متمانەى خەڵکى کورد و تورک بە ئەردۆغان بەهۆى ئەو بارە قورسەى بەهۆى جەنگەوە بەسەر تورکیاى هێناوە کە لە جیاتى سیاسەتى سفرکردنەوەى کێشەکان، تورکیا ئێستا دراوسێ نەمایە کێشەى لەگەڵ دەست پێ نەکاتەوە و، ئەمەیش وای کردووە کە لە ناوخۆدا گیرۆدەى دەیان قەیرانى دارایى و ئابوورى بێت و، تا دێت کۆمەڵگەى تورکی زیاتر لە سیاسەتى ئاک پارتى بێزار دەبێت. پێشبینى دەکەین کە بەهۆى نزیکبوونەوەى تورکیا لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار، ئاک پارتییش بەو سیاسەتانەى خۆیدا بچێتەوە و گۆڕانکاریى نوێ بێتە کایەوە کە لە بەرژەوەندیى دۆزى کورد لە تورکیا و هەرێمى کوردستانیش بێت.

چوارەم: سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لە دواى هێرشەکەى زاخۆ

هەمیشە لە سیاسەتدا مەترسیى هاوبەش، یەکگرتوویى دێنێتە کایەوە. ئەم ڕووداوەى گوندى پەره‌خ کاریگەریى زۆرى هەبوو لەسەر گۆڕانى مێنتاڵێتیى تاکى عێراقى و سیاسییەکانیان، بەتایبەت بەهۆى ئەو سیاسەتە ژیرانەیه‌ى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێم، لەو ڕێوڕەسمانەى بۆ قوربانییەکان ئەنجامی دا. ئەمە دەستپێکێکى باش دەبێت بۆ ئەوەى هەولێر و بەغدا کار لەسەر ڕەواندنەوەى ترس و دڵەڕاوکێى سەر یەکتر بکەن و کە هێزەکانیان بەرامبەر بە یەکتر وەستاون. ئەم ماوەیە هەردوو ڕووداوى سەرهەڵدانەوەى داعش و هێرشەکانى تورکیا وای کردووە کە، هێزەکانى عێراق و هێزى پێشمەرگە پێکەوە هەماهەنگیى بەهێز دروست بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشە نوێیەکان.

ئەم ڕووداوە بە هەمان شێوە کاریگەریى هەبوو لەسەر یونامى و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت کاتێک پلاسخارت لە ئەنجومەنى ئاسایش داواى کرد، پێویستە چاو بە بوودجەى وەزارەتى بەرگریى عێراقدا بخشێنرێتەوە[5]؛ بەو مانایەى کە هاوکاریى پێشمەرگە بکرێت بۆ ئەوەى وەکوو هێزى پاسەوانى سنوور بتوانن سنوورەکان بپارێزن. ئەو هەماهەنگییەى سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ئەنجومەنى ئاسایش و لە ناوخۆى عێراق وا دەکات کە، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و بەتایبەت ئەنجومەنى ئاسایش لەبەر ترسى بەهێزبوونەوەى داعش هاوکاریى هێزى پێشمەرگە بکەن و، گوشار لە حکوومەتى عێراق بکەن بۆ دروستکردنى چەند لیوایەکى نوێى پێشمەگە تاوەکوو دەرفەت بە هێزەکانى ده‌وروبەرى عێراق نەدرێت کە دەستوەردان بکەن یان پشتگیریى هێزە تێکدەرەکانى ناوخۆى عێراق نەکەن وەکوو میکانیزمى جه‌نگى بەوەکالەت بۆ وڵاتانى تر بۆ نانەوەى ئاژاوە لە ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان.

گرنگە هەرێمى کوردستان بیر لە دامەزراندنى هێزێکى سەربازیى کوردستانى بکاتەوە نەک ڕادەستکردنى سنوورەکانى هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران و سووریا، بە هێزى حەشدى شەعبى یان هێزى پاسەوانى سنوورى عێراقى. لە هەمان کاتدا دەکرێـت گرنگى بە هێزەکانى پاسەوانى سنوورى هەرێمى کوردستان بدرێـت، کە ئێستا سەرباز و ئەفسەرەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانن بەڵام مووچە و خەرجییەکانیان لەلایەن حکوومەتى عێراقى و وەزارەتى بەرگرییه‌وه‌ بۆ خەرج دەکرێـت. واتە هەمان مۆدێل پەرەى پێ بدرێت و خەڵکى نوێ دابمەزرێت، بەبێ وەستان لەسەر ئەوەى کە سەربازە کوردستانییەکە ئینتیماى نەتەوەیى و حزبى و ئایینى و مەزهەبى و عەشایەریى بۆ کێیە. گرنگییەکى ترى ئەو هەماهەنگییە ئەوەیە کە، حکوومەتى عێراقى لە ئیستادا خاوەن داهاتێکى زۆرە بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و، بەپێچەوانەى بارودۆخى یاسایى و داراییى هەرێم کە ناتوانێت چەک بکڕێت، وەزارەتى بەرگریى عێراق دەتوانێت ئەو هێزە نوێیان پڕچەک بکات و ئەمەیش لە داهاتوو لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان دەبێت.

کۆبەند

بەرزکردنەوەى بارگرژییەکان بۆ مەرامى تر لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندیى هەرێم نییە و ئەمە بەپێچەوانەوە ئەگەر هەرێم نەیخاتە چوارچێوەى دەرفەت، دەبێـتە هەڕەشە لەسەر هەرێمى کوردستان. بۆچى تا ئێستا لەو هەزاران هێرشەى تورکیا و داگیرکاری و کوشتنى زیاتر لە ١٣٧ هاووڵاتیی کوردستانی، هیچ هەڵوێستێکى حکوومەتى عێراقی و نێودەوڵەتیمان نەبینی و ئێستا لەبەر کوشتنى دە هاووڵاتیى عەرەب دەیانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بپچڕێنن؟ هەرێمى کوردستان دەبێت دوورتر بڕوانێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو پیلانەى لە ئارادایە. بەرژەوەندیى سەرەکیى هەرێمى کوردستان، لە پاراستنى هاوسەنگیى هێز و، دواتر پارێزگاریكردنه‌ لە ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئەو سەرچاوانەى سوودیان لێ وەرگیراوە:

كلمة جمعة عناد في جلسة البرلمان الخاصة بمناقشة الاعتداءات التركية على الاراضي العراقية، التغیر، https://altaghier.tv (سەردانى ٣٠-٧-٢٠٢٢).

2-  Sosnowski, P. (2016). Characteristics of selected security threats. in the Kurdistan Region in Iraq. Security and Defence Quarterly. Volume 10 (1).  Available at: https://securityanddefence.pl/Characteristics-of-selected-security-threats-in-the-Kurdistan-region-in-Iraq,103248,0,2.html [Accessed: 17th April 2022].

3 - ئینستیتوتی توێژینەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست" مێرى". (٢٠٢١). سەرچاوەی سەرەكی بۆ هەڕەشە لەسەر هەرێم و ڕێگاچارەكان لە نێوخۆ دانە. بەردەستە لە: http://www.meri-k.org/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DA%86%D8%A7%D9%88%DB%95%DB%8C-%D9%87%DB%95%DA%95%DB%95%D8%B4%DB%95-%D9%84%DB%95%D8%B3%DB%95%D8%B1-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85-%D9%88-%D8%B1%DB%8E%DA%AF%D8%A7%DA%86%D8%A7%D8%B1/?lang=ku  [17ى ئێپڕڵى ٢٠٢٢].

4 -بڕوانە بارزان جوهر صادق، به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌نێو تيورى قوڵايى ستراتيژى ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو، گۆڤارى ياساو ڕاميارى، ژ. 18، 2015، ل397-432.

5- Statement to the Security Council (A.O.B) SRSG Jeanine Hennis-Plasschaert, 26 July 2022. https://iraq.un.org/en/192022-statement-security-council-aob-srsg-jeanine-hennis-plasschaert-tuesday-26-july-2022

[1]  كلمة جمعة عناد في جلسة البرلمان الخاصة بمناقشة الاعتداءات التركية على الاراضي العراقية، التغیر، https://altaghier.tv/ (سەردانى ٣٠-٧-٢٠٢٢).

[2] Sosnowski, P. (2016). Characteristics of selected security threats. in the Kurdistan Region in Iraq. Security and Defence Quarterly. Volume 10 (1).  Available at: https://securityanddefence.pl/Characteristics-of-selected-security-threats-in-the-Kurdistan-region-in-Iraq,103248,0,2.html [Accessed: 17th April 2022].

[3] . ئینستیتوتی توێژینەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست "مێرى" (٢٠٢١). سەرچاوەی سەرەكی بۆ هەڕەشە لەسەر هەرێم و رێگاچارەكان لە نێوخۆ دانە. بەردەستە لە: http://www.meri-k.org/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DA%86%D8%A7%D9%88%DB%95%DB%8C-%D9%87%DB%95%DA%95%DB%95%D8%B4%DB%95-%D9%84%DB%95%D8%B3%DB%95%D8%B1-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85-%D9%88-%D8%B1%DB%8E%DA%AF%D8%A7%DA%86%D8%A7%D8%B1/?lang=ku  [17ى ئێپڕڵى ٢٠٢٢].

[4] . بڕوانە بارزان جوهر صادق، به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌نێو تيورى قوڵايى ستراتيژى ئه‌حمه‌د داودئۆغلو، گۆڤارى ياسا و راميارى، ژ. 18، 2015، ل397-432.

[5] Statement to the Security Council (A.O.B) SRSG Jeanine Hennis-Plasschaert, 26 July 2022. https://iraq.un.org/en/192022-statement-security-council-aob-srsg-jeanine-hennis-plasschaert-tuesday-26-july-2022

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples