بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیسته‌مى سیاسى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لە ڕێژەیەکى یەکجار بەرزەوە بەرەو دابەزینى بەردەوام دەڕوات. ئەمەیش کۆمەڵێک لێکەوتە و مەترسى لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؛ ئەگەر زوو چارە نەکرێت، کاریگەریى دەبێت لەسەر زیادبوونى نامۆییى سیاسى، متمانە و شەرعییەتى سیاسى و دواجاریش پێکەوە دەبنە هۆى لاوازبوونى سەقامگیرى بۆ سیسته‌مى سیاسى. بەبێ هەستکردن بەو لێکەوتە مەترسیدارانەى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى، بە لاى حزبە فەرمانڕەواکانەوە هەرچەند خەڵک زیاتر تووڕە بێت و نەچێتە دەنگدان- کە بەهێزترین میکانزمى بەشداریى هاووڵاتییە لە سیسته‌مى سیاسى- ئەوا ئەوان دەتوانن بە ناردنى ئەندامانى خۆیان، دەنگەکانیان زیاتر بکەن. سیسته‌مى سیاسى پڕۆسەیەکى تەواوکاریى نێوان خەڵک و دەسەڵاتى سیاسییە و بەشداریى سیاسیى هاووڵاتیان دەبێتە داینەمۆى پێشکەوتنى سیسته‌مەکە لە مۆدێلى حوکمڕانێتیى دیموکراسیدا. لەم نووسینەدا دەمانەوێت ڕاستەوخۆ بچینە سەر زانینى ماناى بەشداریى سیاسى و گرنگییەکەى و، دواتر ڕێژەکانى بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و هۆکارەکانى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى. لە کۆتاییشدا دەستنیشانى لێکەوتە و مەترسییەکانى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى لە هەرێم دیارى دەکەین.
بەشداریى سیاسى چییە و بۆچى گرنگە؟
دەتوانین بەشداریى سیاسى پێناسە بکەین به مافێكى مه‌ده‌نیى هه‌ر هاووڵاتيیه‌ك له چالاكيیه سياسیيه‌كان بۆ داڕشتنى سياسه‌تى گشتیى وڵاته‌كه‌ى، به‌تايبه‌ت له سيسته‌مه دیموکراسیيه‌كان بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنى بڕياره سياسيیه‌كان به‌و شێوه‌ى تاكه‌كه بۆ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌كه ده‌يخوازێ؛ ئه‌مه‌یش به چه‌ندين شێواز ده‌بێت، وه‌ك: كاربه‌جێگه‌ياندنى له پۆستێك، ئه‌ندامبوون له حزب و ڕێكخراوى سياسى، به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان، چالاكیيه مه‌ده‌نيیه‌كان بۆ چاره‌كردنى گرفته‌كان، ڕه‌خنه ميانڕه‌و و ته‌نانه‌ت توندوتيژه‌كانيش له‌لايه‌ن نووسەرانەوە و چه‌ندين بوارى تر‌ى به‌شدارى.
به‌شداریى سياسى به‌و مانايه نيیه ته‌واوى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌كه به‌شدار بن يان له هه‌موو كاته‌كان به‌شدارى بكه‌ن، به‌ڵكوو مه‌به‌ست ڕێژه‌يه‌كى زۆرى هاووڵاتيانه له چالاكیيه سياسیيه‌كاندا. به‌شداریى سياسى كارێكى ئاره‌زوومه‌ندانه و خۆبه‌خشانه‌يه. لەسەر ئەو بنەمایە، بەشداریى سیاسى چەند ڕەگەزێکى سەرەکیى هەیە: يه‌كه‌میان کردارییە؛ واتە هه‌نگاوى كردارى بۆ ئەنجامدانى چالاكى به ئاراسته‌ى به‌ديهێنانى ئامانجه‌كان. دووه‌م، خۆبه‌شییە؛ واتە به‌كارهێنانى هه‌وڵ و كۆششى هاووڵاتى به هه‌ستكردن به به‌رپرسيارێتیی نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى و هه‌وڵدان بۆ پشكدارى له حوكمڕانێتیدا. سێيه‌م، هه‌ڵبژارده‌یییە؛ هاووڵاتى وه‌كوو مافێكى بنه‌ڕه‌تى، بۆ به‌ڕێوه‌بردن به‌شدارى له هه‌ڵبژارده‌كان ده‌كات.
هاوبه‌شى و به‌شدارى وه‌كوو هاوواتا و ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كیى دیموکراسى سه‌ير ده‌كرێن، چونكه ئه‌گه‌ر دیموکراسى حوكمى گه‌ل بێ، ئه‌وا گه‌ل له ڕێگه‌ى به‌شداریى سياسى- وه‌كوو هه‌ڵبژاردنه‌كان- ئه‌و ده‌سته حاكمه بۆ حوکمدارى ديارى ده‌كات. كه‌واته سيسته‌مى دیموکراسى به‌بێ به‌شداریى سياسى نايه‌ته دى. لێرەدا به‌شداریى سياسى ئامرازێكى وابه‌سته‌يیى هاووڵاتى و كۆمه‌ڵگه‌يه له‌گه‌ڵ ڕه‌فتار و كرده‌وه‌كانى سيسته‌مى سياسى. هەروەها ده‌رفه‌تى هاووڵاتیيه بۆ بينينى ڕۆڵ له ژيانى سياسى به ڕێگه‌ى پشك له ده‌ركردنى بڕياره‌كان. کەواتە پڕۆسه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى-سياسییە كه له نێویدا ده‌رفه‌ت به تاك ده‌درێت له ژيانى سياسیدا ڕۆڵى هه‌بێـت و، له داڕشتنى ئامانجه گشتیيه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا به‌شدار بێت.
چەندین میکانیزمى تەقلیدى و نوێ بۆ بره‌ودان به به‌شداریى سياسى هەن. ته‌قليدیيه‌كان وه‌كوو حزبه سياسيیه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ميدياى ته‌قليدی؛ ميكانيزمه نوێ و سه‌رده‌ميیه‌كانيش بريتين له به‌شدارى له تۆڕه‌كانى ئه‌نته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تیيه‌كانى وه‌كوو فه‌يسبووك، تويته‌ر، ئنستاگرام و...؛ وه‌كوو به‌شداریى سياسى، خەڵکى میسر له ڕاپه‌ڕينى به‌هارى عه‌ره‌بى و گۆڕينى سيسته‌مه‌كه به‌و جۆره ميكانيزمه.
توێژه‌رانى سياسى وه‌كوو ڤێربه، ئه‌لمۆند و فاينيفتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌رچه‌ندى به‌شداریى سياسى زياتر بێت، شه‌رعيیه‌تى سياسى و دیموکراسيیش زياتر ده‌بێت. کەواتە به‌شداریى سياسى بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگه، پێزانينى هاووڵاتى به كێشه‌كان و پێشنيار بۆ چاره‌سه‌رى، له كاتى به‌شداریى هاووڵاتى به چاك و خراپ ده‌ره‌نجامه‌كان په‌سه‌ند ده‌كات؛ مافێكى بنه‌ڕه‌تیى هاووڵاتیيه و ده‌بێ ڕۆڵى هه‌بێت له ژيانى سياسى، ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى؛ ده‌بێته هۆى به‌هێزبوونى دامه‌زراوه‌كان و په‌يوه‌ندیى خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات، ئاشتى و ئاسايش له كۆمه‌ڵگه دێته كايه‌وه؛ شه‌رعيیه‌ت به چينى ده‌سەڵاتدار و سيسته‌مى سياسى ده‌دات. بەشداریى سياسى، ئينتيما بۆ وڵات و بڕياره‌كان زياد ده‌كات و ئه‌مه‌یش ئاشتى و ئاسايش له كۆمه‌ڵگه ده‌هێنێته كايه‌وه.
ڕێژەکانى بەشداریى سیاسى و هۆکارەکانى کەمبوونەوەى به‌شداریى سياسى لە هەرێمى کوردستان
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ين، ده‌بينين له هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژاردن له دواى هه‌ڵبژارن ڕێژه‌ى به‌شدارى كه‌مى كردووه و به‌رده‌واميشه. بێ گومان هۆكارى به‌رزیى به‌شداریيه‌كه‌ى ساڵى 1992 ئاشكرايه كه په‌يوه‌ندیى هه‌يه به چاوه‌ڕوانیى سه‌دان ساڵه‌ى كورد بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى، ڕزگارى و پێكهێنانى سيسته‌مى سياسیى سه‌ربه‌خۆى خۆى، كه له‌و ساڵه‌دا هاته دى و خه‌ڵك به‌گوڕوتينه‌وه به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كرد؛ به‌ڵام ململانێى حزبه سياسیيه‌كان له‌سه‌ر گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ياسا و پێوه‌ره دیموکراسيیه‌كان، ناكارايیى حوكمڕانیى ئه‌و سه‌رده‌مه به‌هۆى ئه‌م هۆكاره سياسیيه، كه‌میى سه‌رچاوه‌كانى ئابوورى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى باش، فاكته‌رى تر‌ى ناوخۆيى، هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى، هۆكارى سه‌ره‌كیى پشت كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌شدارييه‌كه بوون له هه‌ڵبژارنى دووه‌م (2005) كه به ڕێژه‌ى (12%) كه‌م بووه‌وه. دواتر دروستبوونى ئۆپۆزیسيۆن، هه‌ڵماڵينى په‌رده‌ى گه‌نده‌ڵیى زۆر، چڕبوونه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كان و بێباكیى ده‌سه‌ڵات له سزادانى گه‌نده‌ڵكاران وای كرد، كار بگات به دابه‌زينى زياترى به‌شداریى سياسى له ساڵى (2018) كه دابه‌زى بۆ (58%)؛ كه ئه‌مه‌یش ده‌ری ده‌خات به‌راورد به هه‌ڵبژارنى يه‌كه‌م، نزيكه‌ى (30%)ى به‌شداریى هاووڵاتيان كه‌مى كردووه.
بەگوێرەى ڕاپرسییەکانیش، (78%)ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى2011 پێيان وا بووه كه، ده‌سه‌ڵاتى سياسى له هه‌رێمى كوردستان له بڕياردان و به‌شداریى سياسیدا به‌شدارى به خه‌ڵك ناكات. (80%)يش ڕايان وا بووه كه به‌شداریى سياسیى هاووڵاتيان ته‌نیا له ڕێگه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌يه. نزيكه‌ى نيوه‌ى گه‌نجانى هه‌رێمى كوردستان لە ڕاپرسییەکى تردا، باوه‌ڕيان وا بووه كه كه‌ناڵه‌كانى به‌شداریى سياسى له هه‌رێمى كوردستان كراوه و شه‌فاف نين؛ بۆيه هه‌ر له‌و ڕاپرسيیه‌دا زياتر له نيوه‌ى گه‌نجانى هه‌رێمى كوردستان پێيان باش بووه په‌نا ببرێته به‌ر توندوتيژى له دژى ده‌سه‌ڵات، چونكه هه‌ميشە به به‌ڵێنى درۆينه و فڕتوفێڵ به‌ڕێيان كردوون.
به‌گشتى له ئێستادا به‌شداریى سياسیى گه‌نجان له هه‌موو جيهان لە کەمبوونەوەى بەردەوامە و ئامارەکان ئاماژە بۆ بەشداریى نزیکەى (30%) دەکەن. توێژينه‌وه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و وڵاتانه‌ى زياتر بايه‌خ به به‌شداریى سياسى ده‌ده‌ن (ئه‌و وڵاتانه كه له نوێبوونه‌وه‌ى سياسیى به‌رده‌وامدان و وڵاتانى پێشكه‌وتوون، بۆ نموونه ئه‌مريكا و بريتانيا) به‌شداریى سياسیى به‌رزيان هه‌يه و له ڕيزى پێشه‌وه‌ن و له دواى ئه‌مانه‌یش ئه‌ڵمانيا، مه‌كسيك و ئيتاڵيا خاوه‌ن به‌شداریى به‌رزن. به لاى "فڕانسس فۆكۆياما"وه لاوازیى به‌شداریى سياسى و دیموکراسى له وڵاتانى عه‌ره‌بى، فاكته‌رى سه‌ره‌كیى به‌رده‌م سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
بەگوێرەى ئەو توێژینەوە مەیدانییەى ئێمە لەگەڵ چەند قوتابییەکى زانکۆ ئەنجاممان داوە لە نێوان قوتابیانى گەنجى زانکۆ تایبەتەکان لە شارى هەولێر لە ئه‌پڕیڵى ٢٠١٩، بە چەندین ئەنجامى نوێ و ناسینى بارودۆخى گەنجانى هەرێمى کوردستان لە سەردەمى ئێستا گەیشتین. ساڵ له دواى ساڵ به‌شداریى سياسى له كه‌مبووه‌نه‌وه‌يه له هه‌رێمى كوردستان و له‌م نێوانه‌یشدا گه‌نجانيش به‌هۆى نائومێدى و په‌راوێزخستنى ده‌سه‌ڵاته‌وه له پاشه‌كشه‌دان. به‌شداریى سياسیى گه‌نجان به‌رده‌وام به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌ڕوات، به‌تايبه‌ت به‌هۆى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژيا و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌ندامبوونى گه‌نجان له حزبه سياسيیه‌كان. دواتر دروستبوونى ئۆپۆزیسیۆن، هه‌ڵماڵينى په‌رده‌ى گه‌نده‌ڵیى زۆر، چڕبوونه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كان و بێباكیى ده‌سه‌ڵات له سزادانى گه‌نده‌ڵكاران وای كرد، كار بگات به دابه‌زينى زياترى به‌شداریى سياسى.
لەو ڕاپرسییەدا، نزيكه‌ى سێ لە چوار بەشى بەشداربووان، پێيان وا نيیه كه له داڕشتنى سياسه‌تى وڵات‌دا به‌شدارن؛ ته‌نیا چاره‌گێكى به‌شداربووان به "به‌ڵێ" وه‌ڵاميان داوه‌ته‌وه. لێره‌وه ئاماژه‌يه‌كى ديارى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌شداریى سياسى له هه‌رێمى كوردستان‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بەشێکى زۆرى خەڵک له داڕشتنى سياسه‌تى وڵات‌دا په‌راوێز خراون. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یشدا، به ڕێژه‌ى (69%) به‌گرنگى ده‌زانن كه به‌شدار بن، به‌تايبه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا (31%)يان به‌پێويستيان دانه‌ناوه كه به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. له پرسيارێكى تر‌ى نزيك له‌مه‌ى سه‌ره‌وه، ديسان (66%)ى بەشداربووان ڕايان وا بوو ئه‌گه‌ر به‌شداريیان پێ بكرێت ده‌توانن له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى سياسى له هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى كاريگه‌ر بنوێنن.
به‌شداریى سياسى، ته‌نیا به‌و مانايه نايه‌ت كه تاكه‌كان ئه‌ندامى حزبه سياسییه‌كان بن يان به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكوو هاووڵاتى بۆ به‌شدارى يان گوشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران كه‌ناڵى تر‌ى سياسى ده‌گرێته به‌ر. له هه‌رێمى كوردستان زياتر له نيوه‌ى ئەم چینە ڕاى سياسیى خۆيان ده‌رده‌بڕن، به‌تايبه‌ت به‌رامبه‌ر به بڕياره‌كانى حكوومه‌ت يان ڕووداوه سياسیيه كاريگه‌ره‌كان.
ئه‌وه‌ى به لاى ئێمەوە گرنگ بوو، هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30ى سێپته‌مبه‌ى 2018 بوو كه به‌گشتى له هه‌موو چين و توێژه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى (58%)ى خه‌ڵك به‌شداریى كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه (10%) كه‌مترى ئه‌و ڕێژه‌يه له ڕاپرسيیه‌كه‌ى ئێمه به‌ده‌ست هاتووه؛ واته (48%). ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه ده‌دات كه گه‌نجان كه‌متر له ڕێژه‌ى چينه‌كانى تر به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانيان كردووه. ڕێژه‌ى (52%) به واتاى به‌شدارینه‌كردنى زياتر له نيوه‌ى گه‌نجانى هه‌رێمى كوردستان دێت له هه‌ڵبژاردنه‌كان. هۆکارى ئەم بەشدارینەکردنەیان بۆ ئێمە جێگەى هەڵوەستەلەسەرکردن بوو:
1- به‌هۆى ئه‌وه‌ى له ماوه‌ى ڕابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان نه‌ياتوانيوه به‌ته‌واوى كار به بنه‌ما سه‌ره‌كيیه‌كانى دیموکراسى بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان دابه‌ش بكه‌ن، بۆيه زۆرترين ڕێژه‌ى به‌شداربووان هۆكارى بێهيواييیان له به‌شداریى سياسیى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خسته ڕوو؛ به‌و مانايه‌ى پێيان وا بوو كه به‌شداریى ئه‌وان هيچ له بارودۆخه‌كه ناگۆڕێت، بۆيه ناچن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.
2- هۆكارى دووه‌مى به‌شدارینه‌كردنى سياسيیان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ڕقيان له كارى سياسیيه.
3- هۆکارێکى تر‌ى به‌شدارینه‌كردنیان له سياسه‌ت، په‌يوه‌ست كراوه به پرسى متمانه‌وه؛ واتا متمانه‌يان به ده‌سه‌ڵاتى سياسى نيیه.
4- بەشێکیان ئاماژه‌يان كردووه بۆ هۆكارێكى تر‌ى به‌شدارینه‌كردن كه بريتيیه له‌وه‌ى پێشتر بڕاوه‌ته‌وه ده‌سه‌ڵات بۆ كێيه؛ جا چوون و نه‌چوونى ئه‌وان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌كوو يه‌كه.
5- له ڕيزبه‌ندى هۆكاره‌كان، فاكته‌رى پێنجه‌م، گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه سياسه‌ت له هه‌رێم ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیى چينێكى تايبه‌ته نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى.
6- هەندێکیان پێيان وايه كه ده‌سه‌ڵاتى سياسى نه‌يتوانيوه دادپه‌روه‌رى له كۆمه‌ڵگه به‌دى بێنێت، بۆيه ناچنه هه‌ڵبژاردنه‌كان.
7- هۆكارى حه‌فته‌م، گرێ دراوه به ساخته‌كارى له هه‌ڵبژاردنه‌كان.
8- هه‌شته‌م فاكته‌رى بێئومێديش له به‌شدارى، په‌يوه‌سته به‌وه‌ى كه هه‌ڵبژاردن به لاى ئەوانەوە هيچ مانايه‌كى نيیه.
9- بەشداربووان هۆكارى نۆيه‌م، ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پاڵێوراوان به‌ڵێن به هاووڵاتيان ده‌ده‌ن كه‌چى جێبه‌جێى ناكه‌ن.
10- له ماوه‌ى دواييدا به‌هۆى ململانێی توندى حزبه سياسیيه‌كان، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكى پۆپۆليست هه‌ڵبژێردران بۆ په‌رله‌مان و ئه‌مه‌یش وای كرد كه حزبه‌كان له پێناو سه‌ركه‌وتن، گوێ به شياونه‌بوونى ئه‌و كه‌سانه نه‌ده‌ن بۆ كارى سياسى. بۆيه گه‌نجان ئه‌مه‌يان به هۆكارى ده‌يه‌م هه‌ژمار كردووه.
11- هەندێکیشیان گه‌شبين نين به‌رامبه‌ر به داهاتووى سياسه‌ت له هه‌رێمى كوردستان، بۆیە بەشدارى ناکەن.
12- به‌شێكى تريان، گه‌ڕاندوویانه‌ته‌وه بۆ هۆكارى ده‌ستاوده‌ستنه‌كردنى ده‌سه‌ڵات.
13- هه‌ندێكيش، بۆ ئه‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتى سياسى كه‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر به ژيانى سياسیى ئەوان.
14- دوايین فاكته‌ريان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ هه‌ستنه‌كردن به هاووڵاتیبوونى خۆيان له هه‌رێمى كوردستان.
مەترسییەکانى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان
په‌يوه‌ندیییه‌كی به‌هێز له نێوان به‌شداریى سياسى و سه‌قامگيریى سياسیدا هه‌يه. به شێوه‌يه‌ك كه به‌ربه‌سته‌كانى به‌شداریى سياسى بۆته هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌شداريیه‌كه و دواتر زيادبوونى ناسه‌قامگيرى؛ بۆيه گه‌نجان هه‌ميشه سه‌رمه‌شقى خۆپيشاندان و توندوتيژيیه‌كان بوون؛ به‌و مانايه‌ى كه گه‌نجانى هه‌رێمى كوردستان زياتر په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كه‌ناڵى به‌شدارى له ڕێگه‌ى توندوتيژيیه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته خۆپيشاندانه‌كان، ئه‌وا زۆربه‌يان له چينى گه‌نجانن و قوربانيیه‌كانيش هه‌ر له‌م چينه‌يه. بۆیە گرنگە دەسەڵاتداران لە ڕێگەى کەناڵە جیاجیاکانەوە کار لەسەر بەشداریى سیاسیى گەنجان بکەن تاوەکوو پشتگیریى سیسته‌مى سیاسى بەهێزتر بکرێت. کەواتە کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى خۆى لە خۆیدا شەرعییەتنەدان بە پڕۆسەى سیاسى و بەتاڵکردنەوەى سیسته‌مى سیاسییە لە نوێنەرایەتیى زۆرینە یان حوکمى زۆرینە بەسەر کەمینە.
هەندێک جار بۆ بەتاڵکردنەوەى ئەو تووڕەیییە سیاسییەى هەیە یان بە مەرامى گەڕانەوەى دادپەروەرى و فۆڕمێکى تر‌ى حوکمڕانێتى، بەشداریى سیاسى بۆ دژایەتیى چینى فەرمانڕەوایە. ڕێژەیەکى زۆرى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە دەیەى ڕابردوو، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانیان وەکوو ئەلتەرناتیڤى دەسەڵاتدارێتیی پارتى و یەکێـتى دەبینى؛ بۆیە هەرچەندە هەندێک لەو حزبە ئۆپۆزیسیۆنانە توانییان لە دوو هەڵبژاردن، بەشداریى سیاسى بە زیاتر لە نیو ملیۆن هاووڵاتیى هەرێمى کوردستان بکەن لە هەڵبژاردنەکانى چەند ساڵى ڕابردوو، بەڵام ئەم دیاردەیە بەردەوام نەبوو و خەڵک بۆى دەرکەوت ئەمانیش بگەن بە دەسەڵات هەمان سیاسەت دەکەن. بۆیە تا دێت نامۆییى سیاسى و بەشدارینەکردنى سیاسى زیاتر دەبێت. واتە هاووڵاتى پێشتر بژاردەى ئەو دوو حزبە سیاسییەى هەرێمى کوردستانى هەبوو، بەڵام مەترسییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کاتێک دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنیش وه‌ك یه‌ك ته‌ماشا كه‌ن و متمانە بە هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەکەن.
ئەمەى سەرەوە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنەکان، بەڵام وەکوو پێشتر باسمان کرد کە بەشداریى سیاسى تەنیا بەشداریى هەڵبژاردنەکان نییە؛ بەداخەوە بەشداریی تەندروست گۆڕاوە بۆ بەشدارییەکى نێگەتیڤى کاریگەر کە هەموو سنوورێکى تێ پەڕاندووە لە سۆشیال میدیا؛ بەشدارى لە ڕێگەى جنێودان بە هەموو پیرۆزی و سیمبوڵە نەتەوەیییەکان، شۆڕگێڕ و دەستکەوتە نیشتمانییەکان، دروستکردنى بوختان، پیلاندانان بۆ بەرپرسانى یەکتر بە گرتەى سێکسى و نیشاندان و قێزبوونەوەى خەڵک، بڵاوکردنەوەى هەواڵى هەڵبەستراو بۆ ڕاکێشانى سەرنجى هاووڵاتى و بەشداریپێکردنى بۆ سووکایەتیکردن بەو لایەنە و چەندین میکانیزمى تر وای کردووە، بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان بەرەو قۆناغێکى مەترسیدار بڕوات.
بۆ هەندێ حزبى سیاسى، کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى، بوو بە دەستکەوت. بۆیە دەیانەوێت پەرە بەم سیاسەتە بدرێت؛ بێ‌ئاگا لەوەى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى، زیانى گەورە بە داهاتووى سیاسیى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت. ئەم سیاسەتە تاوەکوو ئێستایش بەردەوامە و ڕەنگە لەو دوو هەڵبژاردنەى داهاتوو بەهۆى ئەم سیاسەتەوە هێشتا ڕێژەی بەشداریى سیاسى بێتە خوارەوە.
لە هەموو ئەو مەترسییانەى سەرەوە گەورەتر، بریتییە لە زیادبوونى زیاترى نامۆییى سیاسى و بیرکردنەوە لە گۆڕینى سیسته‌م، ئینجا بە کودەتا بێت یان شۆڕش. شۆڕش بەئاگاهاتنێکى باڵاى تاکەکانە لەو نادادپەروەرییەى هەیە. ئەوەى لە عێراقدا-کە بە خۆپێشاندانەکانى تشرینى ٢٠١٩ى ناو دەبەن یان هەندێک دەڵێن شۆڕشى تشرین- بەشدارییەکى کاراى خەڵک بوو بۆ گۆڕینى سیسته‌مەکە. هەرچەندە نەتوانرا سیسته‌مەکە لە بناغەوە بگۆڕن وەکوو شۆڕشێکى ڕاستەقینە، بەڵام بووە هۆى کوژانەوەى حکوومەتى ئەو کاتەى عادل عەبدولمەهدى (Government Shutdown) و گۆڕینى سیسته‌مى هەڵبژاردن و چەند گۆڕانکارییەکى تر، کە عێراق چووە قۆناغێکى تر‌ى سیاسییه‌وه. نکۆڵى لەوە ناکرێت کە کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى لە عێراق لە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠١٨، کە بە هەرێمى کوردستانەوە ئینجا گەیشتە ٤٤% و هەندێک ڕاپۆرتى وڵاتە ڕۆژاوایییەکان باس لە بەشداریى تەنیا ٢٥%ى دەنگدەرانى عێراقیان دەکرد، ئەو بارودۆخە نوێیەى هێنایە کایەوە. دواتر ڕێز لەو بەشدارییە کەمەیش نەگیرا و سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە بەهێزترین دەسەڵاتى عێراقە، نوێنەرى دەنگدەران نەبوو و بە سازانى سیاسى دەسەڵاتى وەرگرت. کەواتە بەشداریى سیاسى چ مانایەکى بۆ ماوەتەوە لە عێراق؟ ئەگەر هەرێمى کوردستانیش بە شێوەى عێراق بەردەوام بێت، لە داهاتوودا کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى کێشەى گەورەتر بۆ سیسته‌مە سیاسییەکەى دروست دەکات.
کۆبەند
بەگشتى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى دەبێتە هۆی زیادبوونى بێمتمانەییى سیاسى و شەرعییەتى سیاسى. ئەمەیش بۆشایییەکى گەورە لە نێوان خەڵک و چینى دەسەڵاتدار دروست دەکات و بەرەو دۆزینەوەى چارەسەرى تر هەنگاو دەنێن. بژاردەکانى کودەتا، شۆڕش، پشتبەستن بە هێزى دەرەکى بۆ زاڵبوون بەسەر چینى باڵادەستى ناوخۆ، پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێساکان، هەوڵدانى هەندێک لایەن بۆ کەمکردنەوەى هەستى نەتەوەیى لە لاى هاووڵاتیان و چەندین ڕێگه‌ى تر دەگیرێتە بەر، کە هەموو دژى ئاسایشى نەتەوەیین. لەو بارودۆخە هەستیارەى هەرێمى کوردستانی پێیدا گوزەر دەکات، کە قۆناغى بەرەو دەوڵەتبوونە؛ دەبێت بەبایەخەوە بڕوانینە بەرزکردنەوەى بەشداریى سیاسى، بۆ ئەوەى هاووڵاتى هەست بکات ئەو فۆڕمەى حوکمڕانێتی دەکات، نوێنەرى ڕاستەقینەى زۆرینەى کۆمەڵگەیە و بە بەشداریى ڕێژەیەکى زۆرى تاکەکان لە هەڵبژاردنەکان هاتۆتە کایەوە. ئینجا بەرگریکردن لە سیسته‌مى سیاسى دەبێتە مەعریفە و دواتر ئەرکێکى سیاسى و نیشتمانى.