موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
هه‌رچه‌نده كۆنترۆڵكردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تاڵیبانه‌وه له ماوه‌یه‌كی كورتدا و به‌بێ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له‌لایه‌ن سوپای ئه‌فغانستان و گرووپه چه‌كداره‌كانی دیكه، ڕووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بارودۆخی ئه‌فغانستان قووڵ ببینه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م پێشهاته به‌م شێوه‌یه له‌ناكاو و چاوه‌راننه‌كراو نه‌بوو، چونكه له لایه‌ك مێژووی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه خاكی ئه‌م وڵاته بووه‌ته مه‌زارگه‌ی چه‌ندین زلهێزی به‌رچاو كه تیایدا شكستیان هێناوه و له دیارترینیان یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشووه. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و سیسته‌مه نوێیه كه له دوای ساڵی 2001 له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه دامه‌زراوه، له ڕووی سیاسی، سه‌ربازی و ئابوورییه‌وه دوچاری شكستێكی گه‌وره بووه‌وه؛ هه‌روه‌ها تاڵیبانیش له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا له ڕووی سه‌ربازی، بازرگانی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه ژێربه‌ژێر و هه‌ندێك جاریش به‌ئاشكرا و به‌چڕی و به‌بێ وه‌ستان كاری كردووه. به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی باڵی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌م ماوه‌یه‌دا توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چین و فه‌ڕه‌نسا و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه كۆ ببێته‌وه و دانوستاندنیان له‌گه‌ڵدا بكات.
توركیایش یه‌كێكه له‌م وڵاتانه كه له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا له‌ژێر چه‌تری ناتۆ هێزه‌كانی خۆی وه‌كوو هێزی مه‌شقپێكه‌ر ناردۆته ئه‌فغانستان و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشوو و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌م وڵاته و، ڕاسته‌وخۆیش یارمه‌تیی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی و چه‌كداری داوه وه‌كوو فه‌رمانده‌ی ئه‌فغان كه به‌ئه‌سل ئوزبه‌كه (عه‌بدولڕه‌شید دۆستم) كه له نێوان ساڵانی (2014-2020) جێگری سه‌رۆككۆماری ئه‌فغانستان بوو. به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان و كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، هاوسه‌نگیی هێز له ئه‌فغانستان گۆڕا و ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانیی وڵاتیش گۆڕانكاریی ڕیشه‌ییی به‌سه‌ردا دێت. له‌م ناوه‌دا توركیا له نزیكه‌وه چاودێریی بارودۆخه‌كه‌ی كردووه و زۆر به‌وریایی و حه‌زه‌ره‌وه هه‌ندێك هه‌نگاوی ناوه بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی له قۆناغی داهاتوودا له ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌دا بپارێزێت.
توركیا چیی له ئه‌فغانستان ده‌وێ؟
به شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار هه‌ن كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به توركیاوه هه‌یه له ئه‌فغانستان و، دوای كۆنترۆڵكردنی ئه‌م وڵاته له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌م بابه‌تانه دوچاری گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی و ڕاسته‌وخۆ ببنه‌وه. ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی گشتی بابه‌ته‌كان به‌پێی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
١- بابه‌تی یه‌كه‌م بریتییه له ڕاسپاردنی ئه‌نقه‌ره بۆ كۆنترۆڵكردن و به‌ڕێوه‌بردنی "فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حا‌مید که‌رزای" له كابوول، كه حكوومه‌تی توركیا ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشووی ئه‌فغانستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا یه‌كلایی كردبووه‌وه. به‌ڵام پاش دوایین گۆڕانكارییه‌كان له ئه‌فغانستان، پێناچێت حكوومه‌تی نوێی تاڵیبان به‌م بابه‌ته ڕازی بێت، چونكه به‌پێی لێدوانه سه‌ره‌تایییه‌كانی به‌رپرسانی تاڵیبان، هه‌ر كار و هه‌نگاوێك دژی سه‌روه‌ریی ئه‌فغانستان بێت، ئه‌وه له دژی ده‌وه‌ستنه‌وه. هه‌رچه‌نده لێدوانه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی به‌رپرسانی تاڵیبان به‌به‌رده‌وامی جه‌خت له‌سه‌ر دانوستان و گواستنه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن له ئه‌فغانستان و په‌یامی ئاشتی و دانانی په‌یوه‌ندیی دۆستانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێ و موسڵمان بڵاو ده‌كه‌ونه‌وه، به‌ڵام تا له ئه‌رزی واقعدا ئه‌مه نه‌بینرێت، نابێت بڕوا به‌م جۆره لێدوانانه بكرێت، چونكه هیچ كاتێك بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان جێگه‌ی متمانه نه‌بووه و چاوه‌ڕوانیش ناكرێت ببێته جێگه‌ی متمانه. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییانه بكه‌ین كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی و مه‌زهه‌بی دامه‌زراون، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه نابێ زۆر متمانه به تاڵیبان بكه‌ین. بۆ نموونه له ساڵی 1979 كه شۆڕشی ئیسلامیی ئێران به‌رپا بوو، له سه‌ره‌تادا به‌ڵێنی سه‌ركرده‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه بوون كه ئێستا سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان ده‌یده‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا سیسته‌مێكی مه‌زهه‌بیی دیكتاتۆری له ئێران به ناوی كۆماری ئیسلامیی ئێران دامه‌زرا كه تا ئێستا بووه‌ته ئامرازێكی كارای ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها له ساڵی 2014 كاتێك چه‌كدارانی داعش چه‌ند شارێكی عێراقیان كۆنترۆڵ كرد، سه‌ره‌تا به‌شێكی به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه به‌ئومیده‌وه سه‌یری ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه‌یان ده‌كرد و وه‌كوو فریادڕه‌سیان ده‌دیتن له دژی زوڵم و زۆرداریی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌و كاته‌ی نووری مالیكی. به‌ڵام دواتر ڕووه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی داعش به‌ده‌ركه‌وت. نموونه‌یه‌كی دیكه‌یشمان له عێراق هه‌یه؛ له ساڵی 2003 وه تا ئێستا ئه‌وانه‌ی حوكمڕانیی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، لایه‌نه ئیسلامییه شیعه‌كانن و پێش ڕووخانی سه‌دام حوسێن ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره ئیسلامییه عێراقییانه به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكراسییان ده‌كرد له عێراق و ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تادا مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌ف هانی خه‌ڵكی ده‌دا بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت كه سه‌رجه‌م ئه‌م بانگه‌شانه و ئه‌و داواكارییه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عێراق بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كان، زیاتر بۆ ئه‌وه بوو شیعه بگاته ده‌سه‌ڵات و له ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه عێراق كۆنترۆڵ بكه‌ن. بۆیه ده‌كرێت سه‌رجه‌م ئه‌م لێدونانه‌ی سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و، تا كۆنترۆڵكردنی ئه‌فغانستان به شێوه‌یه‌كی گشتی و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیعترافی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی بۆ سیسته‌م و حكوومه‌ته‌كه‌یان ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌یان به‌رده‌وام بێت و دوای ئه‌مه ڕووه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی تاڵیبان به‌ده‌ركه‌وێت. بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێت تاڵیبان ڕازی بێت به‌و شێوه‌یه كه توركیا ده‌یه‌وێت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حا‌مید که‌رزای پێشكه‌شی توركیا بكات. ئه‌گه‌ر جۆره ڕێككه‌وتنێكیش بكرێت له نێوانیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئه‌وه به ئه‌گه‌رێكی زۆر جووڵانه‌وه‌ی توركیا زۆر ئازادانه نابێت و له‌وانه‌یه زیاتر به لایه‌نی هونه‌رییه‌وه سنووردار بكرێت؛ چونكه هه‌رچه‌نده ئێستا فڕۆكه‌خانه‌كه له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، بریتانیا و توركیاوه به‌ڕێوه ده‌بردرێت و ڕێك ده‌خرێت، به‌ڵام ئه‌وه خه‌ریكه سه‌بر سه‌بر چه‌كدارانی تاڵیبان دێنه نێو فڕۆكه‌خانه‌كه و به‌تایبه‌تی به‌شی مه‌ده‌نیی فڕۆكه‌خانه‌كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تاڵیبانه‌وه ڕێك ده‌خرێت و پارێزگاریی لێ ده‌كرێت. كه‌واته ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنیی یه‌كه‌می ڕووداوه‌كانی ئه‌فغانستان بۆ توركیا، ئه‌وه‌یه كه ناتوانێت فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حا‌مید که‌رزای ئیداره و كۆنترۆڵ بكات، به‌تایبه‌تی دوای كشانه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له فڕۆكه‌خانه‌كه.
٢- داهاتووی سوپای توركیا له ئه‌فغانستان بابه‌تێكی دیكه‌یه كه توركیای نیگه‌ران كردووه؛ چونكه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان زۆر به‌ڕوونی ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه نایانه‌وێت هیچ هێزێكی بیانی له ئه‌فغانستان بمێنێت. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یری لێدوانی به‌رپرسانی تاڵیبان بكه‌ین له مانگی ته‌مووزی ڕابردوودا، ئه‌وه به‌ئاشكرا داوایان كرد كه ده‌بێت توركیایش هێزه‌كانی خۆی بكشێنێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. بوونی هێزی سه‌ربازیی توركیا له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی ناتۆدا بوو. تا ڕادده‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌فغانستان به چاوێكی دوژمنكارانه سه‌یری هێزه‌كانی توركیا ناكه‌ن به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كه گۆڕاوه و مانه‌وه‌ی ئه‌م هێزه به مه‌به‌ستی مه‌شقپێكردن و ڕاهێنانی سوپای ئه‌فغانستانیش بێت، به‌نده به ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی نوێی ئه‌فغانستان. به‌ڵام كێشه سه‌ره‌كییه‌كه لێره بریتییه له‌وه‌ی كه ئایا ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه تاڵیبان پێكی ده‌هێنێت تا چ ڕادده‌یه‌ك ده‌بێته حكوومه‌تێكی شه‌رعی و له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی و توركیاوه دانی پێدا ده‌نرێت؟ چونكه جگه له‌مه گوشارێكی ناوخۆیی هه‌یه له توركیا كه ده‌بێت په‌له نه‌كرێت له دانپێدانان به سیسته‌م و حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ی ئه‌فغانستان كه له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه داده‌مه‌زرێت و ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. بۆیه هاوكێشه‌یه‌كی زۆر ئاڵۆز و نادیار و ناڕوون دروست بووه و چاوه‌ڕوانیش ناكرێت كێشه‌كه ئاوا به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یش توركیا ڕای گه‌یاند، ده‌ستیان به دانوستانی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كردووه و ته‌نانه‌ت میتی توركییش به‌شداری له دانوستاندنه‌كان ده‌كات. سه‌رۆككۆماری توركیایش له دوایین لێدوانی‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه توركیا ده‌یه‌وێت سه‌قامگیری و ئارامی له ئه‌فغانستان بچه‌سپێت. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان "سوهه‌یل شاهین" له لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی (a)ی نزیك له ئاك پارتی ڕای گه‌یاند، تاڵیبان توركیا وه‌كوو وڵاتێكی برا و موسڵمان ده‌بینێ و هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه له قۆناغی داهاتوودا توركیا له ڕووی دارایییه‌وه یارمه‌تیی ئه‌فغانستان بدات و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵدا بكات.
ئه‌گه‌ر ئه‌م لێدوانه‌وه‌ی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه تاڵیبان له قۆناغی داهاتوودا به مه‌رجی ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی ئه‌فغانستان چاوه‌ڕێی یارمه‌تیی دارایی و هه‌ماهه‌نگییه له توركیا. به‌ڵام خاڵێكی گرنگی ئه‌م بابه‌ته بریتییه له‌وه‌ی كه ئۆپۆزیسیۆن له توركیا له دژی ئه‌وه‌یه توركیا له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆككۆمار چاوی به به‌رپرسانی تاڵیبان بكه‌وێت، چونكه سه‌رۆككۆماری توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان" له لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ده‌كرێ ڕاسته‌وخۆ چاوی به به‌رپرسانی تاڵیبان بكه‌وێت. له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌م لێدوان و ڕوونكردنه‌وانه، وا پێده‌چێت ئه‌نقه‌ره نایه‌وێ له بابه‌تی دانپێدان به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان په‌له بكات و، چاوه‌ڕێی هه‌نگاوه كرده‌یییه‌كانی تاڵیبانه له ئه‌فغانستان، چونكه نایه‌وێ سیناریۆی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر سووریا دووباره بكاته‌وه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی "ئۆرسام"ی توركی "پ.د. ئه‌حمه‌د ئویسال" له هه‌ژماری تایبه‌تی فه‌یسبووكی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه‌وا ئه‌گه‌ر هێزی سه‌ربازیی توركیا له ئه‌فغانستان بكشێته‌وه‌یش، به‌ڵام له ڕووی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و كه‌لتوورییه‌وه درێژه به بوون و چالاكییه‌كانی خۆی ده‌دات له‌وێ و، تاڵیبان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ژارییه‌ی كه له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌فغانستاندا هه‌یه پێویستیی به یارمه‌تیی توركیا ده‌بێت و، پاكستانیش كه دۆستی تاڵیبانه پشتگیریی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كات. له لایه‌كی دیكه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری توركیا "یه‌شار یاكش" ڕای گه‌یاند، له ڕووی یاسایییه‌وه بوونی هێزی سه‌ربازیی توركیا له ئه‌فغانستان هیچ پاساوێكی نه‌ماوه و ئه‌م ئامانجه‌ی كه بۆی نێردراوه، ئێستا نه‌ماوه و پێویسته یان شێوازێكی تازه به ڕه‌زامه‌ندیی تاڵیبان یاخود شێوازێكی گونجاوی یاسایی‌ی دیكه‌ی بۆی بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دڕیژه به مانه‌وه‌ی سوپای توركیا بدرێت له ئه‌فغانستان.
٣- توركیا دوای قه‌یرانی سووریا، ڕووبه‌ڕووی لێشاوی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان بووه‌وه و ناچار بوو له وه‌رگرتنی چه‌ندین ملیۆن په‌نابه‌ری سووری. په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا ڕۆژ له دوای ڕۆژ بوونه كێشه‌یه‌كی به‌رچاوی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی له توركیا. ئه‌م بابه‌ته گه‌یشته ئاستێك كه چه‌ندین ڕووداوی نه‌خوازراو له نێوان په‌نابه‌ره سوورییه‌كان و هاووڵاتیانی تورك سه‌ری هه‌ڵدا؛ به‌تایبه‌تی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، باری ئابووریی توركیا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین گرفتی ئابووریی سه‌خت بووه‌وه و ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاری كرده سه‌ر بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتیان له توركیا، چونكه له بارودۆخێكی ئاوادا چه‌ندین ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ته‌رخان كرا و ئه‌مه‌یش بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جگه له په‌ناربه‌ره سوورییه‌كان چه‌ندین هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فغان له‌لایه‌ن توركیاوه میوانداری ده‌كرێت. په‌نابه‌ره ئه‌فغانه‌كان زیاتر له ساڵانی (2006 و 2007) ڕوویان له توركیا كرد. به‌پێی ئاماری فه‌رمیی توركی كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئیداره‌ی په‌نابه‌ران بڵاو كراوه‌ته‌وه، هاتنی په‌نابه‌ری ئه‌فغان بۆ توركیا به شێوه‌ی نافه‌رمی له نێوان ساڵی 2014 تا مانگی ته‌مووزی ساڵی 2021 به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
ئه‌م ژمارانه‌ی سه‌ره‌وه ژماره فه‌رمییه‌كانن كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیا تۆمار كراون. پێشبینی ده‌كرێت ژماره ڕاسته‌قینه‌كه له‌مه زیاتر بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تا ئێستا لێشاوی په‌نابه‌رانی ئه‌فغان بۆ توركیا ده‌ستی پێی نه‌كردووه و ژماره‌كه وه‌كوو ساڵانی ڕابردووه و ده‌توانین بڵێین كه بارودۆخه‌كه ئاسایییه. هه‌رچه‌نده تا ئێستا بارودۆخه‌كه ئاسایییه به‌ڵام هه‌ڵوێستی تاڵیبان و هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی له ئه‌فغانستان ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، چونكه جۆره نامتمانه‌یییه‌ك به تاڵیبان هه‌یه؛ ئه‌مه‌یش داهاتووی ئه‌فغانستانی ته‌موژاوی كردووه.
له لایه‌كی تر توركیا هه‌م له ڕووی دارایی و هه‌میش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه توانای پێشوازیكردنی زیاتری په‌نابه‌رانی نه‌ماوه. جگه له‌مه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن سه‌باره‌ت به ڕوووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌فغان و سووری، به‌چڕی ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵات ده‌گرن. بۆيە هەرچەندە ئەنقەرە پێشوازیی له ژماره‌یه‌ك پەنابەری ئەفغان كردووە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چاوەڕوان ناكرێت توركيا وەكوو سوورییه‌كان ژمارەيەكى زۆرتر لە پەنابەرانی ئەفغان وەربگرێتەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران له توركیا موجازەفە بكه‌ن و پێشوازی له پەنابەرى زياتر بكه‌ن، ئه‌وه بێ گومان توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا ڕووبەڕووى كێشەيەكى كۆمەڵايەتى و ئابوورى و سياسى دەبێتەوە. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئۆپۆزیسيۆنى توركى ڕەخنەيەكى توند لە دەسەڵاتداران دەگرێت كه گوايە هەڵوێستى حكوومەتى فەرمیى توركيا بەرامبەر گشت لايەنە سياسييەكانى ئەفغانستان يەكسان نييە؛ بەتايبەتى نزيكیى توركيا لە گرووپە ئيسلاميیە ميانڕەوەكان و ئەفغانە بەڕەچەڵەك توركەكان واى لێ كردووە كە هەندێك لايەنى ئەفغان دەست بە دژايەتیى توركيا بكەن. بۆیه نه‌یارانی سه‌رۆككۆماری توركیا، وێنەيەكى ئەردۆغان كە لە قۆناغەكانى ڕابردوودا لەگەڵ سه‌رۆكی حزبی ئیسلامیی ئه‌فغانستان "گوڵبەددين حكمەتيار" گرتوويەتى، وەك بەڵگە نيشان دەده‌ن، كە ئەردۆغان نزيكە لە بۆچوونى ئيخوانەكان؛ به‌مه‌یش سه‌رپێچیی بنه‌ماكانی كه‌مالیزم و عه‌لمانییه‌ت ده‌كات له توركیا و، ئۆپۆزیسیۆن ترسی ئه‌وه‌ی لێ نیشتۆته‌وه كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه توركیا له ئه‌فغانستان هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌فغانستان له‌ده‌ست بدات.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه له ئه‌فغانستان تێكیش بچێت، ئه‌وه ئه‌فغانه‌كان زیاتر ڕوو له پاكستان و ئێران و ئوزبه‌كستان ده‌كه‌ن. كه‌واته چاوه‌ڕوان ناكرێت بابه‌تی په‌نابه‌رانی ئه‌فغان وه‌كوو په‌نابه‌ره سوورییه‌كان كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ توركیا دروست بكه‌ن، به‌ڵكوو له ئێستاوه حكوومه‌تی توركیا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ئه‌م بابه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی وه‌كوو كارتێكی گوشار به‌رامبه‌ر وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مریكا به‌كار بهێنێت.
كۆبه‌ند
به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له وڵاتێكی ستراتیژیی وه‌كوو ئه‌فغانستان، پێشبینی ده‌كرێت توركیا له قۆناغی داهاتوو گشت تواناكانی خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ی ئه‌فغانستان ئاسایی بكاته‌وه. بۆیه ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی بانگه‌وازه‌كه‌ی تاڵیبانی دایه‌وه ده‌رباره‌ی دانوستان و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان و، ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌كه ده‌ستی به كۆبوونه‌وه كرد. هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاتانه ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه؛ تیایدا ئاماده‌ییی خۆی ده‌ربڕی بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرس و سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان. هه‌ر له نێوه‌ندی ئه‌م پێشهاتانه، دوو هاوپه‌یمانی گرنگی توركیا، كه بریتین له قه‌ته‌ر و پاكستان، په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌یه؛ ئه‌مه‌یش هانده‌ر و یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ نزیكردنه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره و كابوول. هه‌رچه‌نده له ئێستادا ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا-ئه‌فغانستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ ده‌سه‌ڵات ڕوون و دیار نییه و چاوه‌ڕوانی نانه‌وه‌ی هه‌نگاو و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی تاڵیبان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی مێژووی په‌یوه‌ندییه سیاسی، ئابووری و كه‌لتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، له قۆناغی داهاتوودا ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه ئه‌م په‌یوه‌ندییه درێژه‌ی پێ بدرێت به شێوازێكی نوێ، كه له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره-كابوول مۆركێكی "ئیسلامی سوننی" به‌خۆوه بگرێت. چونكه له ڕووی مه‌زهه‌ب و ئایدیۆلۆژیاوه تاڵیبان له جیاتی سه‌له‌فی، زیاتر وه‌كوو سۆفی ده‌رده‌كه‌ون و زۆرینه‌یان شوێنكه‌وتووانی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فین، كه ئه‌مه‌یشیان خاڵێكی گرنگی هاوبه‌شی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی توركیا و تاڵیبانه.