موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له كۆنه‌وه و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆته شوێنێكی ناسه‌قامگیر، كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی جیهان و له هه‌مان كاتیش‌دا گۆڕه‌پانی ململانێی زلهێز و هێزه هه‌رێمی و ناوخۆیییهكانه. به‌رزیی ڕێژه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وت و گاز له لایه‌ك و هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایینه به‌رچاوه‌كانی جیهان له‌م ناوچه‌یه‌دا، یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ درێژه‌دان به ململانێی سیاسی، ئابووری، كەلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
زلهێزه‌كانی وه‌كوو بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌شێكی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌رخان كردووه و توانایه‌كی مرۆیی و بوودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحیان بۆ ناوچه‌كه دابین كردووه. دۆزی كورد به‌گشتی له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان-عێراق به‌تایبه‌تی، پێگه‌یه‌كی گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه له هاوسه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌كان له ناوچه‌كه‌دا؛ هه‌روه‌ها له سایه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و حوكمڕانییه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه و تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو بۆته نموونه‌یه‌كی باش بۆ ناوچه‌یه‌كی ناسه‌قامگیر و نادڵنیای وه‌كوو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی شوێنی پێگه ستراتیژییه‌كه‌ی خۆی له پرۆژه و سیاسه‌ته‌كانی وڵاتانی زلهێز و هه‌رێمی بكاته‌وه. بۆیه هه‌ر زلهێزێك یاخود هه‌ر لایه‌نێكی جیهانی یاخود هه‌رێمی، گه‌ر ویستی پرۆژه‌یه‌كی دیاریكراو له ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه بێ گومان ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت. جا لێره ڕۆڵ و ژیری و خه‌مخۆری و توانای ده‌سه‌ڵاتدارن و بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت؛ ئایا تا چ ڕادده‌یه‌ك ده‌توانن ئه‌م كارتانه‌ی كه له سایه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌ستیانه، به‌باشی و له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد به‌كار بهێنن. چونكه به‌ڕاستی ناوچه‌كه دوچاری گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه، كه له‌وانه‌یه تیایدا هاوسه‌نگیی هێزه‌كان و ڕۆڵی وڵاته زلهێزه‌كان و هه‌رێمییه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت و، پێده‌چێت بریتانیا ئه‌م جاره دووباره بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه و پێگه و ڕۆڵ و هه‌ژموونی خۆی دووباره به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێی نیشان ده‌ده‌ن، له‌نده‌ن له داهاتوودا یه‌كێك له ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه كاریگه‌ره‌كان ده‌بێت.
له‌م كه‌شوهه‌وایه ناسه‌قامگیره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌رێمی كوردستانیش پێویسته به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه دیپلۆماسییه‌ی كه هه‌یه‌تی، هه‌وڵ بدات شوێن و پێگه‌ی خۆی له هاوكێشه نوێیه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌دا بكاته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، ڕۆڵ وكاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له دیاریكردنی قورساییی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه نوێیه‌كه‌دا ده‌بێت.
گه‌ڕانه‌وه شهرمنانهكهی بریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناسه‌قامگیر
بریتانیا دوای ئه‌وه‌ی له 1970وه بڕیاری دا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێ بهێڵێت، ئه‌و بۆشایییه‌ی كه له ئه‌نجامی ئه‌م كشانه‌وه‌یه‌ی بریتانیا له ناوچه‌كه دروست بوو، له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پڕ كرایه‌وه؛ بریتانیا به‌ته‌واوه‌تی هێزه چه‌كداره‌كانی خۆی له ناوچه‌كه كشانده‌وه و هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی تیادا نه‌هێشته‌وه. جگه له‌مه بریتانیا وه‌كوو پاڵپشتیكه‌ر و هاوپه‌یمانێكی سه‌رسه‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت و، دریژه‌ی به سیاسه‌ته‌كانی خۆی دا له ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام دوای چه‌ندین ڕووداوی گرنك و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌وه كه له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا ڕوویان دا، زلهێزه‌كانی وه‌كوو بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و تا ڕادده‌یه‌كیش ئه‌ڵمانیا، چاویان به سیاسه‌ته‌كانی خۆیاندا به‌رانبه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خشانده‌وه به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه. بۆیه پێشهاته‌كان وا نیشان ده‌ده‌ن ئیتر له‌مه‌وبه‌دوا دوو زلهێزی دیكه‌ی وه‌كوو بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا جگه له ئه‌مریكا، پلان و ستراتیژییه‌تی نوێیان ده‌بێت بۆ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ناسه‌قامگیر.
بریتانیا، به‌تایبه‌تی دوای سه‌ڕهه‌ڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش له سووریا و دواتر كۆنترۆڵكردنی چه‌ندین شاری گرنگی سوننه‌نشین له عێراق، هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرده‌ییی بریتانیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناوچه‌كه، بریتی بوو له ده‌ركردنی بڕیاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی HMS Juffair (ئێچ ئێم ئێس جیفهر)ی ده‌ریایی له ساڵی 2014. ئه‌م بنكه‌یه بۆ جاری یه‌كه‌م له ساڵی 1935 له‌لایه‌ن بریتانیاوه دامه‌زراوه، به‌ڵام دواتر له ساڵی 1971 دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی به‌حرێن، له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵ كرابووه‌وه.
بابه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بریتانیای نیگه‌ران كردووه، چونكه سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر گرووپێكی چه‌كداریی توندڕه‌و، ڕاسته‌وخۆ كاری كردۆته سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی بریتانیا و، چه‌ندین هه‌وڵ و كۆششی ئه‌م گرووپانه له بریتانیا له‌لایه‌ن ده‌زگه سیخوڕییه‌كانی ئه‌م وڵاته پووچه‌ڵ كراونه‌ته‌وه. به‌پێی دوایین لێدوانی كین مه‌ك كالووم (Ken Mc Callum)، سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی ناوخۆییی بریتانیا (MI5-Millitary Intelligence, Section 5)، له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا له‌نده‌ن (31) هه‌وڵی پشێوی و كرده‌ی تیرۆریستیی له ناوخۆی بریتانیا پووچه‌ڵ كردۆته‌وه، كه له‌لایه‌ن تیرۆریستان و تووندڕهوكانهوه پیلانیان بۆ داڕ‌ێژرابوو. ئه‌مه‌یش ئاستی ئه‌و مه‌ترسییه ده‌خاته ڕوو كه گرووپه توندڕه‌و و تیرۆریستییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا ده‌یخه‌نه سه‌ر بریتانیا، چونكه بریتانیا میوانداریی نزیكه‌ی 9 ملیۆن په‌نابه‌ر له نه‌ته‌وه و پێكهاته‌ی جیاواز ده‌كات و ئه‌م گرووپانه‌یش له ڕێگه‌ی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌وه زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن بگه‌نه نێو جه‌رگه‌ی بریتانیا.
ڕوودواكانی ئه‌فغانستان، عێراق، سووریا، لیبیا و یه‌مه‌ن هانده‌رێكی باش بوون بۆ ئه‌وه‌ی بریتانیا دووباره بیر له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كه بكاته‌وه، چونكه بریتانیا به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی هه‌یه له‌م وڵاتانه و، نایه‌وێ ئاوا به‌ئاسانی له‌ده‌ستیان بدات و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ڕكابه‌ره‌كانی وه‌كوو ڕووسیا، ئێران و ته‌نانه‌ت وڵاته ئه‌وروپییه‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا چۆڵ بكات. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوودا بریتانیایهكی كاریگه‌رتر له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببینین.
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان له چ ئاستێكدایه؟
"بریتانیا پشتی له كورد كرد و بووه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێ ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌كوو گه‌لانی دیكه‌ی جیهان"؛ ئه‌مه دیارترین ڕه‌خنه‌یه كه له بریتانیا ده‌گیرێت و له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره هانی سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌درێت له هه‌رێمی كوردستان كه زۆر پشت به بریتانیا نه‌به‌ستن، چونكه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا له‌وانه‌یه دووباره پشتیان تێ بكه‌ن. له‌وانه‌یه بریتانیا له‌م ڕوووه‌وه له ڕابردوودا ئه‌م هه‌ڵانه‌ی به‌رانبه‌ر به كورد كردبێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یان به واتای ئه‌وه نایه‌ت كه بریتانیا به‌رده‌وام ئه‌م جۆره سیاسه‌تانه په‌یڕه‌و بكات. له‌سه‌ره‌تادا ئێمه ده‌بێت پێش هه‌ر خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه و شرۆڤه‌یه‌كی سیاسی ده‌رباره‌ی هه‌ر بابه‌تێك، مه‌رج و ژینگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رچاو بگرین، چونكه كه‌شوهه‌وای سیاسی و ئه‌منی و به‌گشتی ژینگه‌ی ئه‌مڕۆمان، زۆر جیاوازتره له كه‌شوهه‌وای سیاسی و ئه‌منی و به‌گشتی ژینگه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوو. بۆیه نابێ به سۆز (عاتیفه)وه بابه‌ته سیاسییه‌كان شی بكرێنه‌وه. پێش هه‌موو شتێك پێویسته كه‌شوهه‌وا سیاسییه‌كه بخرێته ڕوو، دواتر به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه‌كان باش شی بكرێنه‌وه و، پاشان له چوارچێوه‌یه‌كی واقعییانه و لۆژیكییانهدا بابهتهكان شرۆڤه بكرێن و هه‌نگاوی پێویستی بۆ بنرێت. بۆیه پاشخانه خراپه‌كه‌ی بریتانیا له ڕابردوو، ئێستا ڕێگر نابێت بۆ دانانی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ و ستراتیژی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، به له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رج و ژینگه گشتییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆمان.
بریتانیا پێش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، میوانداریی چه‌ندین كۆنگره‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی كردووه و به‌رده‌وام ویستوویه‌تی كار و چالاكییه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدا به‌ڕێوه بچێت و، هه‌وڵی داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سیاسیی داوه له عێراقدا له‌م قۆناغه‌دا، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ئه‌م جۆره هه‌وڵانه‌ی خۆی چرتر كردۆته‌وه. سه‌ركردایه‌تیی كوردیش وه‌ك لایه‌نێكی كاریگه‌ر به‌شدارییان له‌م كۆنگرانه‌دا كردووه. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كانی بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان پێش ئه‌م كۆنگرانهیش هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م كۆنگرانه مۆركێكی فه‌رمیی پێوه دیار بوو و وه‌ك پاڵپشتییه‌كی ڕاسته‌وخۆی حكوومه‌تی بریتانیا وا بوو بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.
دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003، بریتانیا پاش ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرنگترین لایه‌ن بوو كه به‌شداریی له پرۆسه‌ی ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس كرد. بریتانیا هه‌میشه وه‌كوو لایه‌نێكی سێبه‌ر، شان به شانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، بوونی هه‌بووه له عێراق و كاریگه‌رییه‌كی باشی هه‌یه له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی ژیانی سیاسی له عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی بریتانییه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌فیش له ئاستێكی باشدایه؛ بۆ نموونه له ساڵی 2004 كه پێكدادانێكی چڕ له شاره‌كانی نه‌جه‌ف وكه‌ربه‌لا سه‌ری هه‌ڵدابوو، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌ف، ئایه‌توڵڵا "عه‌لی سیستانی" بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه بۆ هێزه‌كانی بیانی خۆش بكات كه میلیشیاكانی موقته‌دا سه‌در كۆنترۆڵ بكه‌ن، شاری نه‌جه‌فی به‌جێ هێشت و به بیانووی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی، خۆی گه‌یانده له‌نده‌ن. لێره پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا بۆچی سیستانی له‌نده‌نی بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر دیاری كرد؟ له وه‌ڵامدا ده‌توانین بڵێین كه‌وا سیستانی متمانه‌ی به بریتانیا هه‌یه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ و ستراتیژی له نێوان مه‌رجه‌عییه‌ت و بریتانیا هه‌یه. به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندیی بریتانیا له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌ت و هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی له ئاستێكی باشیش نه‌بێت، له‌نده‌ن ده‌توانێ هه‌ندێك گوشاریان بخاته سه‌ر. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان-عێراق و بریتانیایش له ئاستێكی باشدایه و گرنكترین لایه‌نه‌كان كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان له‌نده‌ن – هه‌ولێر پێك ده‌هێنێت بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
كۆبه‌ند
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بریتانیا، نابێت ببسترێته‌وه به ڕووداوه‌كانی ڕابردوو، چونكه ژینگه و بارودۆخه نێوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌رده‌وام له گۆڕاندایه. به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا، ده‌كرێت په‌یوندییه‌كان له بواره جیاجیاكاندا په‌ره‌ی پێ بدرێت. كلیلی فراونتركردنی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی دووقۆڵییش به جموجۆڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات؛ بریتانیایش وه‌كوو زلهێزێكی جیهانی، یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه كونسوڵگه‌ریی خۆی له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه. ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا په‌یامێكی گرنگه ده‌رباره‌ی پێگه و ڕۆڵی هه‌ولێر له داهاتووی عێراق و ناوچه‌كه‌دا. له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ڵویسته سیاسییه‌كانی بریتانیا به‌گشتی دوای ساڵی 2003، جگه له بابه‌تی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی ساڵی 2017، زۆر ئه‌رێنین به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقی فیداڵدا كراوه و، له لایه‌كی تریش هه‌وڵ داروه له كه‌رته‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو بارزگانی، ئابووری، كه‌لتووری، سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌ییش په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا بگه‌یه‌نرێته به‌رزترین ئاست. هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بریتانیا بگه‌یه‌نێته ئاستێكی باشتر و به‌رزتر و، له هه‌مان كاتدا ده‌بێ ئه‌م په‌یوه‌ندییه كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی، نه‌كاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر-واشنتن؛ چونكه هه‌رێمی كوردستان هاوپه‌یمانێكی گرنگی واشنتنە.