موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئوسترالیا و بریتانیا به‌فه‌رمی ڕایان گه‌یاند كه، په‌یماننامه‌ی ئۆكوس "AUKUS" له نێوان هه‌رسێ وڵات‌دا واژوو كراوه. ئه‌م په‌یماننامه‌یه به شێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكاوە "جۆ بایدن"، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئوسترالیا "سكۆت مۆریسۆن" و سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا "بۆریس جۆنسن"وه ڕاگه‌یەنرا. به‌پێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه ئامانجی سه‌ره‌كیی په‌یماننامه‌كه، پارێزگاریكردنه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م سێ وڵاته له هه‌ردوو زه‌ریای هێمن (Pacific Ocean) و زه‌ریای هیندی (Indian Ocean)؛ هه‌روه‌ها ڕێگه به ئاڵوگۆڕكردنی ته‌كنه‌لۆژیا ده‌دات كه ئه‌مه ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی و ژیریی ده‌ستكرد و سیسته‌مه‌كانی ژێرئاو و تواناكانی هێرشكردنی دوورمه‌ودا له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌ر به‌پێی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كه له نێوان سێ سه‌ركرده له ڕێگه‌ی ئۆنڵاین ئه‌نجام درا، هه‌نگاوی یه‌كه‌می په‌یماننامه ئاسایشییه‌كه، بریتییه له هه‌وڵ و كۆششێكی "18" مانگیی هه‌رسێ لا بۆ دیاریكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی گونجاو و نموونه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت ژێرئاوی (Submarine) كه به وزه‌ی ئه‌تۆمی كار ده‌كات، بدرێته ئوسترالیا.
ئه‌م په‌یماننامه‌یه به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه گۆڕانكارییه‌كی جه‌وهەری له دیپلۆماسییه‌تی ئه‌مریكا و بریتانیا ڕووی داوه و، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مریكا وه‌كوو جاران گرنگی به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌دات و تواناكانی خۆی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چین به‌گه‌ڕ بخات و ئه‌و سه‌رباز و چه‌ك و هێزه‌ی كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جێگری كردبوو، قۆناغ به قۆناغ كه‌می بكاته‌وه و توانا و هێزه‌كانی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه بگوازێته‌وه بۆ زه‌ریای هێمن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بریتانیا نیگه‌رانه له‌به‌ر كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی له‌وێ، بۆیه هه‌وڵ ده‌دات به‌چڕی ئه‌و بۆشایییه‌ی كه له ئه‌نجامی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا دروست ده‌بێت، پڕی بكاته‌وه. له‌نده‌ن جگه له‌مه، ترسی ئه‌وه‌یشی لێ نیشتۆته‌وه كه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشایییه، به‌ته‌نیا و به‌بێ ڕكابه‌ر نابێت. له‌نده‌ن دوای كشانه‌وه‌ی له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ده‌ستكراوه‌تر بووه بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی پاوانخوازتر په‌یڕه‌و بكات. له لایه‌كی دیكه ململانێیه‌كی مێژوویی له نێوان بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا هه‌یه و، وا پێده‌چێت ئه‌م ڕكابه‌رییه درێژه‌ی پێی بدرێت و له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان ئاستی ڕكابه‌رییه‌كه زیاتر به‌ده‌ر بكه‌وێت. بۆیه دوای په‌یماننامه‌ی ئۆكوس "AUKUS"، فه‌ڕه‌نسا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا و چین ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ڕاگه‌یاند، به‌تایبه‌تی فه‌ڕه‌نسا نیگه‌رانیی خۆی به‌ڕاشكاوی ڕاگه‌یاند، چونكه دوای په‌یماننامه‌كه ئوسترالیا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی كڕینی 12 ژێرئاویی له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا ڕاگه‌یاند كه به‌های ڕێككه‌وته‌كه نزیكه‌ی (100) ملیار دۆلاری ئوسترالی بوو.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه، وا پێده‌چێت دوای كشانه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ڕكابه‌رێتیی فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ده‌ر بكه‌وێت و قۆناغێكی نوێی ململانێی زلهێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا ده‌ست پێ بكات. به حوكمی ئه‌وه‌ی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی پێگه‌یه‌كی گرنگی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م دوو زلهێزه له عێراقیش بكه‌ونه ململانێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان نفووزی خۆی له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وی دی زیاتر بكا. هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌نێو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌بێت، بۆیه له دیپلۆماسییه‌تی بریتانیا بۆ قۆناغه‌كانی داهاتوو بایه‌خێكی زۆری ده‌بێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و گۆڕانكارییه گرنگانه‌ی كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوو ده‌دات.
گۆڕانكارییه جه‌وهه‌رییه‌كانی دیپلۆماسییه‌تی بریتانیا و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له دیپلۆماسییه‌ته په‌یڕه‌وكراوه نوێیه‌كه‌ی له‌نده‌ندا
ده‌توانین گرنگترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له دیپلۆماسییه‌تی بریتانیا ڕووی داوه دوای كشانه‌وه‌ی له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و كه‌مكردنه‌وه‌ی نفووزی واشنتن له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له لایه‌ك و كاریگه‌ریی ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له لایه‌كی دیكه‌وه، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
بێ گومان سه‌ردانه‌كه له چه‌ندین ڕووه‌وه ده‌سكه‌وتی گرنگی هه‌یه، به‌ڵام گرنگترین ده‌ستكه‌وتی سیاسی ئه‌وه‌یه كه، هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی دیفاكتۆیه‌ك بخوڵقێنێت كه تا ڕادده‌یه‌كی باش به‌بێ به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان نوێنه‌رایه‌تیی خۆی بكات؛ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی جیهان وه‌كوو ئه‌مریكا، بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا. واته هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو كاره‌كته‌رێكی ناده‌وه‌ڵه‌تی، توانیویه‌تی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێته به‌رزترین ئاست كه ئه‌م خاڵه یه‌كێكه له ئاوات و ئامانجه سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌رییه‌كانی هه‌ر كاره‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی. دوایین سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ له‌نده‌ن و پێشوازیكردنیشی به‌م شێوه‌یه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو كیانێكی ناده‌وڵه‌تی توانیویه‌تی قۆناغی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی بگه‌یه‌نێته ئاستی پێویست.
له چوارچێوه‌ی ستراتیژییه‌تی "بریتانیای جیهانی"دا پێشبینی ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی له ستراتیژییه‌تی نوێی حكوومه‌تی بریتانیادا هه‌بێت. ده‌كرێ هه‌ولێر له چه‌ندین بوار سوود له ستراتیژییه‌تی "بریتانیای جیهانی" وه‌ربگرێت: یه‌كه‌مینیان كه‌رتی سه‌ربازییه؛ تا ئێستا نزیكه‌ی 400 سه‌ربازی بریتانی به مه‌به‌ستی مه‌شقپێكردنی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی، له هه‌رێمی كوردستانن. له دوایین سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ بریتانیا، ئاماژه به‌م بابه‌ته گرنگه كراوه و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رۆكی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی بریتانیا كۆ بووه‌ته‌وه. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، بابه‌تێكی دیكه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێ درێژه به هه‌مانگی و كاری هاوبه‌شی بدات له‌گه‌ڵ بریتانیا، چونكه تا ئێستا عێراق به‌ده‌ست بوونی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانه‌وه ده‌نالێنێت و مه‌ترسیی ئه‌وه له ئارادایه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا له‌وانه‌یه دووباره شانه نهێنییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش زیندوو بێته‌وه و ده‌ست به كرده تیرۆریستییه‌كانی بكاته‌وه.
كه‌رتی په‌روه‌رده‌یش یه‌كێكه له كه‌رته گرنگ و پێویسته‌كان كه هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا له‌م بواره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ بریتانیا هه‌یه، به‌ڵام له ئاستی پێویست نییه. وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی بریتانیا یه‌كێك بوو له‌و به‌رپرسه گرنگانه‌ی بریتاینا كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ چاوی پێ كه‌وت و تاووتوێی هه‌ماهه‌نگییان كرد له‌م كه‌رته‌دا. بێ گومان كه‌رتی وزه‌یش گرنگترین ئه‌و بوارانه‌یه كه پێویسته له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی وزه‌ی بریتانییه‌وه وه‌به‌رهێنانی زیاتری تێدا بكرێت.
كۆبه‌ند
كه‌مكردنه‌وه‌ی نفووزی ئه‌مریكا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كشانه‌وه‌ی بریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له‌نده‌نی ناچار كرد گۆڕانكاریی سه‌ره‌كی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دیپلۆماسییه‌تی بریتانیا ئه‌نجام بدات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا حكوومه‌تی بریتانیا به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌كان، ده‌سته‌واژه‌ی "بریتانیای جیهانی"ی كرده ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی خۆی و له ڕووی پراكتیكه‌وه كاری بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كرد. له‌م نێوه‌نده‌دا ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و وڵاتانی كه‌نداو به‌تایبه‌تی، بووه ئامانجی ڕاسته‌وخۆی بریتانیا بۆ ئه‌وه‌ی تیایدا ڕۆڵی سه‌ركردایه‌تی بخاته ئه‌ستۆی خۆی و، ده‌ستی به جێگیركردنی هێزی سه‌ربازی كرد و په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی وڵاتانی جیهان باشتر كرد. هه‌رێمی كوردستانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری جیهاندایه، كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تییش هه‌یه، بۆته نێوه‌ندێكی به‌رچاوی جیهانیی چه‌ندین وڵاتی جیهانی؛ به‌تایبه‌تی دوای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و میوانداریكردنی زیاتر له دوو ملیۆن په‌نابه‌ر، توانیویه‌تی پێگه‌یه‌كی گرنگی له ستراتیژییه‌تی نوێی بریتانیادا هه‌بێ كه له‌ژێر ناونیشانی "بریتانیای جیهانی له سه‌رده‌می ڕكابه‌ریدا" ڕاگه‌یه‌نرابوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ده‌بینین، سه‌رۆكی هه‌رێم له له‌نده‌ن پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ ده‌كرێت و خۆیشی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ درێژه به سه‌ردانه‌كه‌ی ده‌دا.
له‌م نێوه‌دا دیارترین خاڵ كه له‌م سه‌ردانه‌دا به‌دی كرا، بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو له ڕۆژنامه‌ی The Timesی بریتانی له‌ژێر ناونیشانی "كوردستان ده‌یسه‌لمێنێت كه ده‌ستێوه‌ردانی لیبڕال، كۆتایییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنه" (Kurdistan Proves Liberal Intervention Can End in Triumph)، كه تیایدا ئاماژه‌ی به گرنكترین خاڵه‌كانی په‌یوه‌ندیی نێوان بریتانیا و هه‌رێمی كوردستان داوه و ده‌ستێوه‌ردانی بریتانیای له هه‌رێمی كوردستان به لیبڕالی ناوزه‌د كردووه. ئه‌مه‌یش وه‌كوو ده‌ربڕینی ئاماده‌ییی هه‌رێمه بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌رفراوان و له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا له‌گه‌ڵ بریتانیا، به‌ڵام ده‌بێت هاوسه‌نگڕاگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان-بریتاینا له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-فه‌ڕه‌نسا له‌به‌رچاو بگیرێت و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك قورسایی بخرێته سه‌ر په‌یوه‌ندیی لایه‌ك له‌سه‌ر حیسابی په‌یوه‌ندیی لایه‌كه‌ی تر.