موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له نیسانی ساڵی 2003، گرنكترین پرۆسه له عێراق كه كاری له‌سه‌ر كرابێت، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه. هه‌رچه‌نده تا ئێستا چوار هه‌ڵبژاردنی گشتی له عێراق ئه‌نجام دراوه به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕیی جه‌وهه‌ریی له‌خۆ گرتووه. تا ساڵی 2011 ئه‌و دوو هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌ی كه ئه‌نجام دراون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ژێر هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاتێكی داگیركه‌ر بەڕێوە چووە ڕه‌خنه‌ی زۆری لێ گیراوه. بێ گومان تاكه ڕه‌خنه كه له‌م دوو هه‌ڵبژاردنه گیراوه، بوونی هێزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نه‌بووه؛ هه‌ژموونی وڵاتانی هه‌رێمی و دراوسێكانى عێراقیش به‌هۆی دەستوەردانيان لە پرۆسەى هەڵبژاردن، كه‌وتوونه‌ته ژێر لێشاوی ڕه‌خنه‌كانه‌وه. دوای ئه‌وه‌ی واشنتن بڕیاری دا له ساڵی 2011 هێزه‌كانی خۆی له عێراق بكشێنێته‌وه، هه‌ندێك لایه‌ن به‌ئومێده‌وه سه‌یری ئه‌م هه‌نگاوه‌یان كرد. به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و كاته "نووری مالیكی"، به‌هۆی خراپ بەڕێوە‌بردنی وڵات، عێراقی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد و جگه له داگیركردنی چه‌ندین گه‌وره شاری عێراق وه‌كوو مووسڵ و ئه‌نبار له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه، "به‌غدا"ی پایته‌ختیش كه‌وته ژێر مه‌ترسیی داگیركردن له‌لایه‌ن ئه‌م ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌وه.
له دوای ساڵی 2011 ، هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراقی ساڵی 2014 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن بوو كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجام درا. به‌ڵام دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بارودۆخی عێراق به‌ته‌واوی تێك چوو و ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی ئه‌منیی گه‌وروه بووه‌وه. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2018یش، دووه‌م هه‌ڵبژاردن بوو كه دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجام درا، به‌ڵام ئەو هاوكێشە سياسييە عێراقيیەى كە لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەوه دروست بوو، نه‌یتوانی وه‌ڵامی ئه‌و پێداویستییانه بداته‌وه كه دوای ڕزگاركردنی شاره‌كانی عێراق له ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، هاته كایه‌وه.
چه‌ندین هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ن كه بوونه‌ته هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراق، وه‌كوو: هه‌ژموونی حزبه سیاسییه مه‌زهه‌بییه شیعه‌كان، ناسه‌قامگیریی ئه‌منی، به‌رپانه‌بوونی كه‌لتووری یه‌كترقبووڵكردن، سه‌رهه‌ڵنه‌دانی پیاوی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، گه‌نده‌ڵی و، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی له كاروباری ناوخۆییی عێراق بەگشتى و ده‌ستێوه‌ردانی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌كی تايبەت و ڕاسته‌وخۆ. چه‌ندین لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی هه‌ن كه ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ندان ئامرازی جیاوازه‌وه، ده‌ست له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق وه‌رده‌ده‌ن و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن تابلۆیه‌كی ئاوا بێته ئارا كه تیایدا نفووزی خۆیان زیاد و فراونتر بكه‌ن. لێره هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕۆڵ و كاریگه‌ریی وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌كه و دراوسێی عێراق (كه توركیایه)، لە پرۆسەى هەڵبژاردنەكانى عێراقدا بخه‌ینه ڕوو.
توركيا و لايەنە سياسييە سەرەكیيەكانى عێراق
یه‌كپار‌چه‌ییی خاكی عێراق و پارچه‌پارچه‌نه‌بوونی ئه‌م وڵاته، له ئه‌وله‌وییه‌تی ستراتیژییه‌تی توركیایه به‌رانبه‌ر به عێراق. ده‌توانین له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شرۆڤه‌ی هه‌ڵویست و ڕۆڵ و كاریگه‌ریی توركیا بكه‌ین به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراق. هه‌رچه‌نده توركیا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقییه‌كان یه‌كسانه و به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مووان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م بانگه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا جێبه‌جێ نه‌كراوه. بۆیه خوێندنەوەيەكى گشتى بۆ په‌یوه‌ندی و هه‌ڵویستی ئه‌نقه‌ره به‌رانبه‌ر به لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، يارمەتيدەر دەبێت بۆ خستنەڕووى كاریگه‌ری و ڕۆڵی ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان. بۆیه له‌م ڕووه‌وه، ده‌كرێ ئه‌م په‌یوه‌ندییه له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه:
١. لایه‌نه سوننه‌كان: توركیا له دوای ساڵی 2003 به‌چڕی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی سوننه هه‌بێت و، به‌رده‌وام سیاسه‌تمه‌داره سوننه‌كان و سه‌رۆكهۆز و عه‌شیره‌ته سوننه‌كانی بانگهێشتی ئه‌نقه‌ره كردووه. له‌و كاته‌وه تا ئێستا چه‌ندان جار لایه‌نه سوننه‌كانی له ئه‌نقه‌ره كۆ كردۆته‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه به مه‌به‌ستی ئاراسته‌كردنی ژیانی سیاسی له عێراقدا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ریان هه‌بێت. جگه له‌مه، ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه چه‌ندان خولی بەڕێوە‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ لایه‌نه سوننه‌كان ڕێك خستووه؛ هەروەها بەردەوام بەرگریى لە سەركردە سوننەكانى عێراق كردووه، بۆ نموونه كاتێك له ساڵی 2011 قه‌یرانی سیاسیی نێوان سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و كاته "نووری مالیكی" و جێگری سه‌رۆككۆمار "تاریق هاشمی" سه‌ری هه‌ڵدا، هاشمی دوای ڕووداوه‌كان ڕووی له توركیا كرد و له‌وێ مایه‌وه. جگه له‌مه له كاتی پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌نقه‌ره زۆر كاری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد، له نزیك مووسڵ و ته‌نانه‌ت له ئه‌نباریش له ڕێگەى پاڵپشتیكردنى چەكدارە سوننه‌كانەوە حه‌شدی سوننه پێك بهێنێت و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له به‌عشیقه هه‌وڵی دا مه‌شق به چه‌كداره سوننه‌كان بكات. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی توركیا وه‌كوو ئێران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ پێكهێنان و ڕێكخستنى ملیشیا چه‌كداره‌كانی سوننه، چونكە تاران توانی ئه‌م جۆره میلیشیایانه پێك بهێنێت و چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی‌یان پێ ببه‌خشێت.
ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری تابلۆ سیاسییه‌كه بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌نقه‌ره ڕاسته‌وخۆ پشتگیری له دوو هاوپه‌یمانیی سوننه‌ی ڕكابه‌ری یه‌كتر ده‌كات: هاوپه‌یمانیی "عه‌زم" به سه‌رۆكایه‌تیی سیاسه‌تمه‌داری سوننه‌ی ناوداری عێراقی "خه‌میس خه‌نجه‌ر" و، هاوپه‌یمانیی "ته‌قه‌دوم" كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق "محه‌مه‌د حه‌لبووسی" سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات؛ چونكه ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت هیچ لایه‌نێكی سوننه له خۆی دوور بخات. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان به چه‌ند ڕۆژێك هه‌ردوو سه‌رۆكی هاوپه‌یمانییه سوننەكە به‌جیا چاویان به سه‌رۆككۆماری توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان" كه‌وت. هه‌ردوو چاوپێكه‌وتنه‌كه دوور له چاوی میدیاكانه‌وه ئه‌نجام دران. هه‌رچه‌نده "خه‌میس خه‌نجه‌ر" دوای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان"، له ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه ئاماژه‌ی به ناوه‌ڕۆكی بابه‌تى كۆبوونەوەكە كرد و ڕای گه‌یاند كه، به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان هه‌ردوو وڵات و ڕێگه‌نه‌دان به به‌كارهێنانی خاكی عێراق له دژی توركیا، ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یانی پێك هێناوه؛ به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م سه‌ردانه، زیاتر په‌یوه‌ندیی به هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراقه‌وه هه‌بووبێت. له لایه‌كی دیكه، ئەگەرێكى گەورە ئەوەيە كە بانگهێشتكردنی ئه‌م دوو سه‌ركرده سوننه‌یه به مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لا بووبێت له‌لایه‌ن "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان"وه؛ به‌ڵام وا پێده‌چێت هه‌وڵی به‌یه‌كگه‌یاندنی دوو سه‌ركرده سوننه‌كه له‌لایه‌ن "ئه‌ردۆغان"وه، شكستی هێنابێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌نقه‌ره كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی هه‌ردوو لا خراپیش بێت، به‌ڵام ئه‌و نابێته ته‌ره‌ف به‌ڵكوو هاوسه‌نگی ده‌پارێزێت.
توركیا هه‌رچه‌نده هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ڕۆڵ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر لایه‌نه سوننه‌كانی عێراق هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م كاره ئاسان نییه و چه‌ندین ڕكابه‌ری سه‌رسه‌ختی هه‌یه كه بریتین له ئێران و سعوودیا و ئیمارات. ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه ئه‌گه‌ر نزیك نه‌بێت له تاران، ناتوانێ ببێته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. له‌م چوراچێوه‌یه‌دا "محه‌مه‌د حه‌لبووسی"یش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تاران و لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له تاران وه‌كوو هاوپه‌یمانیی "فه‌تح" ڕێككەوتنى ژێربەێرى نه‌بووایه، نه‌یده‌توانی ئه‌م پۆسته وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر "خه‌میس خه‌نجه‌ر" به‌راورد به "حه‌لبووسی" له ئه‌نقه‌ره نزیكتریش بێت، بەڵام په‌یوه‌ندیی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێران و لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق كه نزیكن له تاران. به‌م پێیه ترسناكترین مه‌ترسی كه له بواری په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سوننه‌كانی عێراق ڕووبه‌ڕووی ئه‌نقه‌ره ده‌بێته‌وه، فاكته‌ری تارانه.
له لایه‌كی دیكه، دوای بڕیاری واشنتن به كشاندنه‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی له عێراق، لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌كوو فه‌ڕه‌نسا و بریتانیایش هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕ كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه پڕ بكه‌نه‌وه كه دوای كشاندنه‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا لە عێراق دروست ده‌بێت. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین بڵێین سه‌ردانی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا بۆ شاری مووسڵ، وه‌ك په‌یامێكی كراوه وابوو بۆ ئه‌نقه‌ره كه‌وا فه‌ڕه‌نسایش له شاره سوننه‌نشینه‌كانی عێراق قسه‌ی خۆی ده‌بێت، جا چ له ڕووی ئابوورییه‌وه بێت و چ له ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین، توركیا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و په‌یوه‌ندییه مێژوویییه‌ی كه له‌گه‌ڵ سوننه‌كانی عێراق هه‌یه‌تی، بقۆزێته‌وه و به‌كاری بهێنێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نفووزی سیاسی، بازرگانی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریی خۆی له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا.
٢. لایه‌نه كوردییه‌كان: په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركی، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه؛ چونكه تێڕوانینی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتان و لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌گشتی و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای پراگماتیكی بنیات نراوه. واتا هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه كوردیيە‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا بەڕێوە ده‌چێت. توركیای سه‌رده‌می حزبی داد و گه‌شه‌پێدان به‌وه ڕازییه ئه‌گه‌ر خۆی هه‌ندێك سوود له په‌یوه‌ندییه‌ك وه‌ربگرێت، لایه‌نی به‌رانبه‌ریش سوود له‌م په‌یوه‌ندییه ببینێت. جا لێره ده‌توانین په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره - هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه شرۆڤه بكه‌ین. پارتی دیموكراتی كوردستان كه خاوه‌ن زیاترین كورسیى په‌رله‌مانە لەنێو لايەنە سياسييە كوردیيەكان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره هه‌یه، چونكه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌ی كه له گشت بواره‌كاندا له نێوان ئه‌نقه‌ره-هه‌ولێر هه‌یه، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا بنیات نراوه. تێكچوونی هاوكێشه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیی ديكە، ڕاسته‌وخۆ زیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه مانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كوو هێزێكی سه‌ره‌كی و زیادبوونی قورسایییه سیاسییه‌كه‌ی له به‌غدا، بۆ ئه‌نقه‌ره باشتره، چونكه جۆره لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش هه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا بنیات نراوه.
بەرانبەر ئەمە، ئه‌نقه‌ره زۆر به‌گومانه‌وه له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەروانێت، چونكه تا 8ی ته‌مووزی 2021، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر له تاران نزیك بوو و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشی له‌گه‌ڵ "په‌كه‌كه" هه‌بوو. جارێ زووه بۆ پێشبینیكردنی ڕوودانی گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رانبه‌ر به "په‌كه‌كه" و توركیا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چاوه‌ڕوان ناكرێت گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له هه‌ڵویستی یه‌كێتیی نیشتمانی بێته ئاراوه. بۆیه لاوازبوونی یه‌كێتی له به‌غدا، له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیایه. ئه‌نقه‌ره‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و كارتانه‌ی كه دژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌به‌رده‌ستیدایه، به مه‌به‌ستی لاوازكردنی، به‌تایبه‌تی له شاری كه‌ركووك؛ چونكه له ڕووی ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كه‌ركووك تا ئێستا زیاترین كورسیی به‌ده‌ست هێناوه. بۆیه توركیا له ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی به كاندیده توركمانه‌كانی نزیك له ئه‌نقه‌ره، ده‌یه‌وێ قورساییی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌م شاره‌دا كه‌م بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به لایه‌نه ئیسلامییه‌كان و حزبه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، جگه له یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، هه‌ردوو حزبه ئیسلامییه‌كه‌ی دیكه، واته بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، زیاتر له تارانه‌وه نزیكن. ئه‌نقه‌ره، نایه‌وێ ئه‌و نه‌خشه سیاسییه‌ی ئیستای هه‌رێم بگۆڕدرێت، چونكه نه‌خشه سیاسییه‌كه تا ڕادده‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا، به‌تایبه‌تی له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شه‌وه ده‌پاریزێت و هەر گۆڕانكاریيەكيش لە هاوكێشەی سياسی له هەرێمدا، لەوانەيە زيانى زۆر بە بەرژەوەنديی سياسى، ئابوورى، بازرگانى و كه‌لتووریى توركيا بگەیه‌نێت.
٣. لایه‌نه شیعه‌كان: بانگه‌شه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌نقەرە دەربارەى لايەنە سياسييەكانى عێراق، دەربڕينى هەڵوێستێكى يەكسان و هاوسەنگە بەرانبەر سەرجەم لايەنە سياسييەكان، بەڵام لە ئەرزى واقعدا نەتوانراوە ئەم هاوسەنگيیە بپارێزرێت. بۆيە دەبينين زۆرينەى لايەنە شيعەكان لە سەر بنەمايەكى مەزهەبيیەوە لە تاران نزيكترن. ئەنقەرە زۆر هەوڵی دا خۆى لە هەندێك لايەنى شيعى نزيك بكاتەوە، بەڵام لەبەر هەژموونى تاران نەيتوانى كۆنترۆڵيان بكات و پەيوەندييەكى باشيان لەگەڵدا دابمەزرێنێت. گرنكترين خاڵ كە توركيای نيگەران كردووه، دامەزراندنى دەستەى حەشدى شەعبيە كە ئێستا ئەم ميليشایانە گەورە شارە سوننەنشينەكانى وەكوو مووسڵ و ئەنباريان كۆنترۆڵ كردووه و ئەوەى جەرگبڕە بۆ توركيا، زيادبوونى نفووزى حەشدى شەعبيیە لە كەركووك. حەشدى شەعبيیش جگە لە ڕووى سياسى و سەربازى، كۆنترۆڵى كەرتى ئابووريیشى كردووه لە ناوچە سوننەنشينەكان لە بەرژەوەندیى خۆيان و تاران‌دا.
لە نێوان لايەنە شيعەكان گونجاوترين لايەنى سياسیى شيعى كە توركيا بتوانێ لێى نزيك ببێتەوە، "ڕەوتى سەدر"ە بە سەرۆكايەتیى "موقتەدا سەدر"، بەڵام به‌هۆی ناسەقامگيریى هەڵويستەكانى "سەدر"، تا ئێستا نەتوانراوە پەيوەندييەكى پتەو لە نێوان بەرپرسانى ئەنقەرە و "سەدر" دابمەزرێت. ولائى "سەدر"يش لە كۆتاييدا بۆ تاران دەگەڕێتەوە؛ واتا ئەگەر پەيوەندييەكانى "سەدر" لەگەڵ تاران وەكوو گرووپە شيعەكانى ديكە لە ئاستێكى بەرزيشدا نەبێت بەڵام هەر كاريگەریى ئێرانى پێوە ديارە. واته لايەنە شيعەكان- بە ڕەوتى سەدريشەوە- ناتوانن هێڵى سوورى ئێران ببەزێنن؛ لەبەر ئەم هۆكاره‌یشە ئەنقەرە تا ئێستا نەيتوانيوە لە لايەنە شيعەكان نزيك ببێتەوە. بەپێچەوانە، هەندێك لەم لايەنانە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندييەكانى توركيا دەكەن لە عێراق. ديارترين نموونەيش ئەو تۆمار ڤيديۆيییەيە كە لەلايەن ميلیشياكانى "عەسائیبی ئەهلی هەق"ه‌وە لە مانگى ئابى ساڵى ٢٠٢١ بە زمانى توركى بڵاو كرابووەوە و تيايدا هێزە چەكدارەكانى توركيای لە عێراق بە داگيركەر وەسف كرد.
ڕكابەرايەتیى لايەنە سياسييەكانى عێراق لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەيەكى ململانێ هەرێمييەكانيشە؛ بۆ نموونە لايەنە شيعەكان بە يارمەتیى ئێران، بەچڕى كار لەسەر ئەوە دەكەن كە توركمانە شيعەكان كۆنترۆڵ بكەن و لەو ناوچانەی كە تیایدا لايەنە سياسييە توركمانەكانى نزيك ئەنقەرە بەهێزن، كەسايەتيیە بەهێزەكانى خۆيان لەوێ كانديد دەكەن. واته مه‌ترسى بۆ ئەنقەرە تەنیا لەوەدا نيیە كە نەيتوانيوە لە لايەنە شيعەكان نزيك ببێتەوە، بەڵكوو مەترسيیەكەى لەوەدايە كە ئێران كار بۆ ئەوە دەكات لايەنە نزيكەكانى ئەنقەرەيش بخاتە ژێر كۆنترۆڵ و هەژموونى خۆیه‌وه.
٤. لايەنە سياسييە توركمانەكان: توركيا بەردەوام جەخت لەسەر مافە سياسى و گشتیيەكانى توركمانەكانى عێراق دەكاته‌وه، بە حوكمى ئەوەى پەيوەندييەكى مێژوويى و نەتەوەيیى هەيە لە نێوان گەلى تورك و توركماندا. بۆيە بەردەوام و بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ يارمەتیى توركمانەكانى عێراقى داوە؛ تەنانەت لەسەر ئاستى ناوخۆيش لە توركيا، ئاراستەيەك هەيە جەخت لەسەر گرنگیى پاڵپشتیكردنى توركمانەكانى عێراق دەكاته‌وه. "بەرەى توركمانیى عێراق" كە بنكە سەرەكیيەكەى لە كەركووكە، ديارترين ئەو هێزە سياسيیەيە كە ئەنقەرە ڕاستەوخۆ پاڵپشتیى دەكات و، بانگەشەى ئەوە دەكرێت كە ئەم بەرەيە نوێنەرى ڕاستەقينەى توركمانەكانە لە عێراق. بەڵام بەپێى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنە گشتييەكانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى ساڵى ٢٠١٨، تاران زەبرێكى كوشندە و جەرگبڕى لە بەرەى توركمانى و توركيا وەشاندووە؛ چونكە لە هەڵبژاردنەكانى ٢٠١٨، بەپێى ياساى هەڵبژاردنە بەركارەكانى ئەو كاتە، بەرەى توركمانیى عێراقى بە مەبەستى يەكخستنى دەنگەكانى توركمانە سوننە و شيعەكان، بە ليستێكى هاوبەش بەشداریی لە هەڵبژاردنەكاندا كرد. ئەوكات بەرەى توركمانى، پێشبينیى ئەوەى دەكرد كە كانديدەكانى خۆى لە ليستە هاوبەشەكە، كە لەگەڵ توركمانە شيعەكانى نزيك ئێران پێك هێنرابوو، سەر كەون، بەڵام دواتر كە ئەنجامەكان ڕاگەیه‌ندرا، تەنیا كاندیدێكى بەرەى توركمانى دەرچوو و دوو كانديدە براوەكەى ديكە سەر بە گرووپە نزيكەكانى تاران بوون.
توركيا دواى ئەم گورزە كەمەرشكێنەى كە لە كەركووك پێى كەوت، بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەمساڵ و بە يارمەتیى ياساى هەڵبژرادنەكانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ژمارە (٩) ساڵى ٢٠٢١، بەرەى توركمانیى عێراق بە ليستێك بەشداریى لە هەڵبژاردنە گشتييەكان دەكات و تەنیا ئەو ناوانەى كانديد كردووه كە نزيكن لە توركيا. بەرانبەر ئەمە، تاران ئەم جارە چەند كەسايەتيیەكى بەهێزى خۆى بەرابنەر بە كانديدەكانى بەرەى توركمانیى عێراق لە هەمان بازنەدا، كانديد كردووه. بۆ نموونە لە بازنەى دووى كەركووك، بەرانبەر بە كانديدكردنى "ئەرشەد ساڵحى" لەلايەن بەرەى توركمانيیەوە، لايەنە نزيكەكان لە تاران "نيازى میعمار ئۆغلو"يان لە هەمان بازنەدا كانديد كردووه.
كۆبەند
توركيا وەكوو زۆربەى وڵاتانى جيهان بە پلەى يەكەم بەرژەوەندييە ئەمنى و ئابوورى و سياسيیەكانى خۆى لە سەرووى هەموو شتێك دادەنێت. بۆيە مامەڵەكردن و تێڕوانين و خوێندنەوەى بۆ پێشهاتەكان لەسەر ئەم بنەمايە بونياد ناوە؛ كار بۆ ئەوەیش دەكات كە ئاراستەى هەڵبژاردنەكانى عێراق لە چوارچێوەى ئەم ستراتيژيیەتەدا ديارى بكات. باشتركردنى پەيوەندييە بازرگانى و ئابووریيەكان لەگەڵ عێراق لە لايەك و لاوازكردنى پەكەكە لە عێراق و هەرێمى كوردستان لە لايەكى ديكەوه، لە ئەولەويیاتەكانى توركيايە لە عێراق، بەڵام خاڵە هەرە گرنگ و جياكەرەوەى توركيا لە لايەنەكانى ديكە، بريتيیە لەوەى كە ئەنقەرە لە كاتى ڕێككەوتن و دانانى پەيوەنديى دووقۆڵى لەگەڵ لايەنى بەرانبەر، لاريى نييە و نابێت لە بينينى سوودی هاوبەش لەلايەن هەردوو لاوە؛ جا قەبارەى ئەو سوودە بۆ لايەنى بەرانبەر لە چ ئاستێكدا بێت، نابێتە بەربەست بۆ توركيا. واتا ڕۆڵ و كاريگەریى توركيا لە هەڵبژاردنە گشتييەكانى عێراق، سنووردارە بە چوارچێوەى بەرژەوەندييە ئەمنى و ئابوورى و سياسييەكانيیەوە؛ مەزهەب و پەيوەنديى نەتەوەیی و مێژوويیش تەنیا وەكوو ئامراز و كارتى گوشار بەكار دەهێنرێت. لە ئەنجامدا دەتوانين بگەينە ئەمە كە توركيا كاريگەرى و ڕۆڵێكى دياریكراوى لە هاوكێشە هەرێمييەكانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقدا هەيە و، بە شێوەيەكی ڕێژەيیش دەتوانێ ئاراستەى هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام ئەمە ڕاستيیەكى حاشاهەڵنەگرە كەوا پێگە و ڕۆڵی بەراورد بە سەرسەخترين ڕكابەرى لە عێراق، كە تارانە، لاوازترە.