موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
هه‌ڵبژاردنی شه‌فاف و ڕاسته‌قینه به یه‌كێك له ئامرازه گرنگه‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسی داده‌نرێت و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی چه‌ندان قه‌یرانی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییش. به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه بۆ وڵاته دیموکراتەکان ڕاسته و له‌وانه‌یه بۆ وڵاتێكی وه‌كوو عێراق كه تا ئێستا نه‌یتوانیوه له قۆناغی ڕاگوزه‌ر خۆی بگه‌یه‌نێته قۆناغێكی سه‌قامگیریی دیموكراسی، ئه‌م پێوه‌رانه‌ی بۆ ڕاست نه‌بێت. بۆیه ده‌بینین له دوای ساڵی 2003 تا ئێستا پێنج هه‌ڵبژاردنی گشتی له عێراق ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام له دوای هیچ یه‌كێكیان وڵات نه‌حه‌ساوه‌تەوه؛ بگره قه‌یرانه‌كانی قووڵتر بوونه‌ته‌وه و جاروباریش گرفته‌كان وڵاتیان گه‌یاندۆته ئاستێكی مه‌ترسیدار. بۆ نموونه دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2005) ململانێی تائیفی له عێراق گه‌یشته لووتكه و، شه‌ڕ و پێكدادان له لایه‌ك له نێوان میلیشیا شیعه‌كان و هێزه‌كانی ئه‌مریكا و له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه گرووپه چه‌كداره‌كانی سوننه‌مه‌زهه‌بی به‌ناو "موقاومه‌ی نیشتمانی" درێژه‌ی هه‌بوو، كه ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی لێ كه‌وته‌وه.
دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2010) قۆناغێكی مه‌ترسیدارتر له عێراق سه‌ری هه‌ڵدا كه بریتی بوو له ده‌ركه‌وتنی ترسناكترین گرووپی تیرۆریستی له عێراق كه به‌كرده‌یی ڕووبه‌رێكی فراوانی خاكی عێراقی داگیر كرد. له ئه‌نجامی ئه‌م پێشهاته‌نه‌یش شاره‌كانی وه‌كوو ئه‌نبار و مووسڵ به‌ته‌واوی وێران كران و ساده‌ترین مه‌رجی ژیانبه‌سه‌ربه‌ردنی تێیدا نه‌هێڵدرا. له كه‌شوهه‌وایه‌كی وه‌كوو ئه‌مه، هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2014) به‌ڕێوه چوو و دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یش چه‌ندان پێشهاتی به‌رچاو سه‌ری هه‌ڵدا كه گرنگترینیان ڕووداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌نجامدانی "ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان" بوو. ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، به‌تایبه‌تی دژی ئه‌و ناهه‌قییه‌ی كه به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو هه‌ڵوێستێكی ڕه‌وا و سیاسی ڕووی دا، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی گرنگ بوو كه عێراق له ڕووی سه‌قامگیرییه‌وه نه‌گه‌یشتۆته ئاستێكی متمانه‌پێكراو و تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆیشمان عه‌قڵییه‌تی په‌راوێزخستن وخۆبه‌زڵزانین له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كانه‌وه به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2018)یش كه تیایدا ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له ئاستی پێویستدا نه‌بوو، ڕووداوه‌كانی تشرینی ساڵی (2019)ی لێ كه‌وته‌وه كه داواكاریی خه‌ڵك له كۆمه‌ڵێك خاڵ پێك هاتبوو له گرنگترینیان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، نه‌هێشتن یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری، نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ بوو. هه‌روه‌ها ئه‌م خۆپیشاندانانه وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌ك وابوو له دژی حزب و گرووپه سیاسییه ئیسلامییه شیعییه‌كان كه ساڵانێكه وڵات به‌خراپی به‌ڕێوه ده‌به‌ن. له ئه‌نجامی ئه‌م خۆپیشاندانانه حكوومه‌ته‌كه‌ی "عادل عه‌بدولمه‌هدی" ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه، یاسایه‌كی نوێی هه‌ڵبژاردن كه زۆر جیاواز بوو له‌وه‌ی پێشوو، په‌سه‌ند كرا و بڕیاریش له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته درا.
دوای سه‌رجه‌م ئه‌م پێشهاتانه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 10ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2021 به‌ڕێوه چوو. یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی كه درایه پاڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شداریكردن بوو. له‌م نووسینەدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌میی به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ران له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و، دواتر هه‌وڵ و ڕێگه‌كانی ئاشتبوونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر/كاندید، به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه ڕوو.
كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له‌سه‌ر ئاستی عێراق بۆ چی ده‌گه‌ڕێتەوە؟
هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌مین خولی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له (10)ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی (2021) له كه‌شوهه‌وایه‌كی جیاواز و به یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردنی زۆر جیاوازتر به‌ڕێوه چوو. ده‌توانین بڵێین یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردنی وا ئاماده كرابوو كه زۆر ئه‌سته‌مه ساخته‌كاریی تێدا بكرێت و تا ڕادده‌یه‌كی باشیش توانرا قورساییی ڕاسته‌قینه‌ی لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌كان بخاته ڕوو و، به‌پێی ئه‌و قورسایییه‌ی هه‌یانه ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن. به‌ڵام به‌گشتی گه‌وره‌ترین كێشه كه له‌م هه‌ڵبژاردنەدا هه‌بوو، بریتی بوو له كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ر. بێ گومان كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌یه كه وایان له ده‌نگده‌ر كرد له سه‌رتاسه‌ری عێراق له به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن سارد ببنه‌وه، كه گرنگترینیان پێك هاتوون له‌مانه‌ی خواره‌وه:
- نه‌مانی متمانه‌ی نێوان ده‌نگده‌ر/كاندیدی لایه‌نه سیاسییه‌كان. هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد كه، دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك عێراق ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك بۆته‌وه و دووچاری قه‌یرانی سیاسی و ئه‌منی و ئابووریی جددی بۆته‌وه. بۆیه ده‌نگده‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕانكارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بینیوه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك بارودۆخی وڵات ڕووی له خراپتر كردووه. ئه‌مه به سه‌ره‌كیترین خاڵ داده‌نرێت كه وا له ده‌نگده‌ر ده‌كات به‌شداری له هه‌ڵبژاردن نه‌كات.
- یاساكانی هه‌ڵبژاردن تا ده‌رچوواندنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره (9)ی ساڵی 2020 ، زیاتر له‌بار بوون بۆ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری و، زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌پێی ئه‌و نفووزه‌ی كه هه‌یانه ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری ده‌یانتوانی ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌نگه‌كان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كرد كه هه‌ستێك و هه‌ڵوێستێك لای ده‌نگده‌ر دروست بێت كه‌وا ناكرێت و زۆر سه‌خته بتوانرێت له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری ئه‌نجام بدرێت. بۆیه ئه‌م هه‌ست و هه‌ڵویسته له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ساڵه‌یش به‌رده‌وام بوو.
- دوای ساڵی (2003) نه‌ریتێك له ژیانی سیاسیی عێراقی جێگیر بوو، ئه‌ویش بریتییه له "ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت" كه ئه‌م دوو بنه‌مایه، بووه تایبه‌تمه‌ندییه‌ك و تا ڕادده‌یه‌ك وه‌كوو مه‌رجێكی سه‌ره‌كیی لێ هات بۆ پێكهێنانی هه‌ر حكوومه‌تێك دوای هه‌ڵبژاردنه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق. ئه‌مه‌یش هه‌ستێكی وای له لای ده‌نگده‌ر له عێراق دروست كردووه، كه ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ر چۆن بێت، ئه‌وه هه‌موو براوه ده‌بن و حكوومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه (محاصصه) پێك ده‌هێندرێت. بۆیه ئه‌مه ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی لێ كه‌وت كه بریتییه له بۆچوونی "به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ر له هه‌ڵبژاردن هیچ له بارودۆخه‌كه ناگۆڕێت".
- بیرۆكه‌ی "به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردن، سزایه‌كه بۆ لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌كان" و، بره‌وێكی زۆری له‌سه‌ر هه‌یه له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ری عێراقییه‌وه. به‌داخه‌وه تا ئێستا به‌هۆی لاوازی له كه‌لتووری به‌شداریی سیاسی له لای تاكی عێراقی، ئه‌مه یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی ناڕاست و نادروست؛ چونكه به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردن له‌وانه‌یه زۆر جار ببێته پاداشت بۆ ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه خه‌ڵك و ده‌نگده‌ر لێی بێزارن. جوانترین نموونه‌یش بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بۆ ساڵی (2018)یه، كه تیایدا ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن كه‌م بوو؛ ئه‌مه‌یش وای كرد ئه‌نجامه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه سیاسییه‌كان بێت كه به‌گشتی شه‌قامی عێراقی لێیان ناڕازی بوو.
- دوای ئه‌وه‌ی له بوودجه‌ی گشتیی عێراق له ساڵی (2003)وه تا ئێستا چه‌ندان ملیار دۆلار بۆ خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تایی و گشتییه‌كانی وه‌كوو ئاو و كاره‌با و ڕێگه‌وبان و... ته‌رخان كراوه، به‌ڵام ئه‌م سێكته‌رانه ڕووبه‌ڕووی كێشه و گرفت و قه‌یرانی زۆر ڕیشه‌یی بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه‌یش به‌ش به حاڵی خۆی هه‌ستێكی ناڕه‌زایی له لای خه‌ڵك وده‌نگده‌ر دروست كردووه؛ بۆ نموونه شارێكی وه‌كوو به‌سڕه كه ڕۆژانه ڕێژه‌یه‌كی زۆری نه‌وتی خاوی لێ ده‌فرۆشرێت و به شاده‌ماری ئابووریی عێراق داده‌نرێت، كه‌چی تا ئێستا شاره‌كه به‌ده‌ست كێشه‌ی بێئاوی و نه‌بوونی كاره‌باوه ده‌ناڵێنێت. بێ گومان بارودۆخه‌كه له شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق له به‌سڕه جیاوازتر نییه و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره قه‌یرانانه ده‌نگده‌ر له به‌شداریكردنی له هه‌ڵبژاردن سارد ده‌كاته‌وه.
- بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی سیاسی به شێوه‌یه‌كی گشتی، یه‌كێكی دیكه‌یه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان كه‌وا له ده‌نگده‌ر ده‌كات له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بێزار بێت و بڕیاری به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردندا بدات. بابه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، گه‌یشتۆته به‌رزترین ئاست و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه‌دایه كه گه‌نده‌ڵیی زۆری تیایدا ئه‌نجام ده‌درێت.
هۆكاره‌كانی كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌رێمی كوردستان چین؟
به‌گشتی ئه‌گه‌ر له هۆكاره‌كانی به‌شدارینه‌كردنی ده‌نگده‌ران له هه‌رێمی كوردستان بكۆڵێنه‌وه، ده‌توانین بڵێین ئه‌مانه‌ی خواره‌وه گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌وا له ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ن به‌شداری له هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن:
- نه‌وه‌یه‌كی تازه‌پێگه‌یشتوو كه ئه‌م خوله به‌شدارییان له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا كرد. ویست و ئاره‌زووی ئه‌م نه‌وه نوێیه، تایبه‌ته و جیاوازتره له نه‌وه‌كانی ڕابردوو. ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی حزبه سیاسییه‌كان، به پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه كه زۆرترین كورسیی به‌ده‌ست هێناوه، نه‌یانتوانیوه وه‌ڵامێكی واقعییانه بده‌نه ویست و ئاره‌زووی ئه‌م نه‌وه نوێیه. بۆیه ئه‌م نه‌وه‌یه به‌شدارییان له ئاستی پێویستدا نه‌بوو و ئه‌وانه‌ی كه به‌شداریشیان كردووه، زیاتر ده‌نگه‌كانیان بۆ لایه‌نێكی سیاسیی نوێ بووه وه‌كوو "نه‌وه‌ی نوێ".
- خۆنوێنه‌كردنه‌وه و هێشتنی هه‌ندێك به‌رپرسی حزبیی به‌ته‌مه‌ن له ئۆرگانه‌كانی هه‌ندێك حزبی سیاسی، بێزاری و ناڕه‌زاییی ده‌نگده‌ری لێ كه‌وتۆته‌وه. بۆ نموونه ده‌رنه‌چوونی هه‌ندێك كاندیدی به‌رچاوی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی، خۆی له خۆیدا په‌یامێكی گرنگی ده‌نگده‌ره بۆ حزبه سیاسییه‌كان و، په‌یامه‌كه بریتییه له‌وه‌ی ئیتر به‌سه؛ هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كانتان كه‌ڵكی ئه‌وه‌یان نه‌ماوه له پۆسته حزبییه‌كه‌یان بمێننه‌وه. ئه‌م كێشه‌یه ته‌نیا تایبه‌ت نییه به حزبێكی دیاریكراوی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ڕاسته.
- به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان. ساڵانه زانكۆ حكوومی و ئه‌هلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس ده‌به‌خشنه هه‌زاران گه‌نج به‌بێ ئه‌وه‌ی پلانێكی گشتگیر و واقعی هه‌بێت بۆ به‌كارخستنیان؛ كه ئه‌م كاره‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری به شێوه‌یه‌كی ترسناك. هه‌رچه‌نده به‌پێی دوایین ئاماری فه‌رمی كه ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاندووه، ڕیژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان له ساڵی (2018) گه‌یشتۆته (9%)، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ڕێژه‌یه له ساڵی 2021 زیادی كردبێت. به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری له نێوان دانیشتووانی هه‌رێم، خه‌ڵك له پرۆسه‌ی به‌شداریكردنی له هه‌ڵبژاردن سارد ده‌كاته‌وه.
- حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نه‌یتوانیوه له ڕێگه‌ی حكوومه‌ته‌وه به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌لك دابنێن. ئه‌مه‌یش وای كردووه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا زانیاریی ناڕاست و نادروست له‌نێو خه‌ڵك بڵاو ببێته‌وه. به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، به‌رده‌وام كێشه‌كان گه‌وره ده‌كه‌ن و جاروباریش ڕاستییه‌كان ده‌شێوێنن. بۆیه زۆر جار ده‌بینین به‌هۆی نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له نێوان حكوومه‌ت و خه‌ڵكدا، به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن ڕوو ده‌دات و ئه‌مه‌یش زۆر به‌گرانی له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌وه‌ستێت.
- بابه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی، له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك به‌ڕێوه ناچێت، به‌تایبه‌ت خه‌ڵك زۆر به‌هیوا بوو له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجام بدرێت و ئه‌م داواكارییه وه‌كوو داواكارییه‌كی جه‌ماوه‌ریی لێ هاتووه، به‌ڵام سستی و خاویی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه، جۆره بێئومێدییه‌كی له لای هاووڵاتیان دروست كردووه. بۆیه ئه‌مه‌یش به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ر له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان؛ كه ئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه نابێت ئه‌م دوو جۆره هه‌ڵبژاردنه تێكه‌ڵی یه‌كتر بكرێن. واتا جۆره تێكه‌ڵییه‌ك هه‌یه له نێوان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه؛ له‌وانه‌یه له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكاری ناوخۆیی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم، ده‌نگده‌ر سزای لایه‌نه‌كان بدات له‌سه‌ر ئاستی عێراق، كه ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا مه‌ترسییه‌كی گه‌روه‌یه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
- نه‌گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی و بێكێشه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رباره‌ی مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێم، نائومێدیی له لای ده‌نگده‌ر دروست كردووه. له ساڵی 2013وه ئه‌م كێشه‌یه سه‌ری هه‌ڵداوه و تا ئێستایش چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه دیاری بكه‌ین كه كه‌مته‌رخه‌مه له گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی له نێوان هه‌ردوو لا، ده‌بێ ئاماژه به‌م ڕاستییه بده‌ین كه جۆره نامتمانه‌یی و دڵه‌ڕاوكێیه‌ك دروست بووه لای هاووڵاتی و به‌تایبه‌تی فه‌رمانبه‌ر، كه له هه‌ر كات و ساتێك‌دا له‌وانه‌یه مووچه‌كه‌ی كه‌م بكرێت یاخود دره‌نگ بدرێت یانیش هه‌ر ندرێت. ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌شته ساڵه هه‌یه و تا ئیستایش به‌رده‌وامه. بۆیه قه‌ناعه‌تێك له لای ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان دروست بووه كه بریتییه له‌وه‌ی "هه‌ر كام لایه‌ن هه‌ڵبژێرم، ئه‌وه ناتوانێ مافه‌كانم له به‌غدا به‌ده‌ست بهێنێت." ئه‌مه‌یش له ئه‌نجامدا وا له ده‌نگده‌ر ده‌كات له به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردندا سارد ببێته‌وه.
پێشنیاره‌كانی ئاشتكردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر/لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان
له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستدا (هه‌رێم وعێراق) جۆره ساردبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌یه له‌نێو ده‌نگده‌راندا سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، ده‌بێ په‌یامه‌كانی ده‌نگده‌ر له هه‌ڵبژاردن وه‌ربگیرێن و به‌وردی ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه به مه‌به‌ستی ئاشتكردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر له‌گه‌ڵ كاندیدانی لایه‌نه سیاسییه‌كان. به‌گشتی زۆر گرنگه لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌تی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بگرنه به‌ر به مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی په‌یام و داواكارییه‌كانی ده‌نگده‌ران:
- حزبه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار، ده‌بێ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی گه‌نجان بكه‌ن و كار بۆ دابینكردنی داخوازییه‌كانیان بكه‌ن و داواكارییه‌كانیان له چوارچێوه‌ی توانای حكوومه‌ت به‌هه‌ند وه‌ربگرن. جگه له‌مه زۆر گرنگه بوار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ندێك چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌م چینه نوێیه بڕه‌خسێنن؛ چونكه ئه‌م نه‌وه نوێیه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست كۆنترۆڵ نه‌كرێن، ئه‌وه ده‌بنه مه‌ترسییه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌ڵكوو بۆ كۆی سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م هه‌نگاوه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ زیادكردنی ڕێژه‌ی به‌شداریكرنی ئه‌م نه‌وه نوێیه.
- خونوێكردنه‌وه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییی حزبه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی حزبه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵات. چونكه ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا، پێویستی به عه‌قڵییه‌تێكی تێكه‌ڵ هه‌یه له نێوان خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان و گه‌نجان. به‌ڕاستی هه‌ندێك به‌رپرسی حزبی هه‌ن، بۆ ده‌یان ساڵه له پله و پۆسته باڵاكانی حزبه سیاسییه‌كانن. ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه ده‌رفه‌ت بدرێته خوێنی تازه و وه‌ڵامی ئه‌م داواكارییه نوێیانه بدرێته‌وه كه له ئه‌نجامی گۆڕینی بارودۆخه‌كه و پێگه‌یشتنی نه‌وه‌یه‌ك دروست بووه. بۆ نموونه شاهێدی ئه‌وه بووین كه لێدوانی هه‌ندێك به‌رپرسی حزبی زۆر به‌گرانی له‌سه‌ر حزبه‌كه وه‌ستاوه؛ ئه‌مه‌یش له‌وانه‌یه به‌هۆی گه‌وره‌ییی ته‌مه‌ن و ناله‌باریی ته‌ندروستیی به‌رپرسه‌كه بێت. واتا به‌كورتی پێوسته گرنگی و په‌ره به دیموكراسیی ناوخۆییی حزبی بدرێت و بوار بڕه‌خسێت بۆ گه‌یشتنی كه‌سانی به‌توانا (نه‌وه‌ك كوڕی به‌رپرسه كۆنه‌كان) بۆ هه‌ندێك پۆستی حزبی. چونكه خه‌ڵك له ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه له‌وانه‌یه دوای ئاستێكی دیاریكراو، بێزار بێت له ده‌موچاوه دووباره‌بووه‌كان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوایان پێ نامێنێ و چاوه‌ڕێی گۆڕانكاریشیان لێ ناكه‌ن. بۆیه له ئه‌نجامدا ده‌نگده‌ر له به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا سارد ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كادیر و به‌رپرسه‌كانی ئێستا، به هی گه‌نج و به‌توانا و به‌به‌هره به‌هێزتر بكرێن، ئه‌وه له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی ڕاسته‌خۆی هه‌بێت له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن.
- كاركردن بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جیاوازه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. چونكه جۆره تێكه‌ڵییه‌ك هه‌یه له‌لایه‌ن ده‌نگده‌ره‌وه بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته جیاوازه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هه‌بێ، ئه‌وه ده‌نگده‌ر نابێ لایه‌نه كوردستانییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سزا بدات؛ بۆیه ده‌بێ ده‌نگده‌ر هۆشیار بكرێته‌وه له‌مه‌ڕ گرنگیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
- كاركردن بۆ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له نێوان لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غدا لانی كه‌م له پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كاندا هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بنوێنن. چونكه تا ئێستا لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا په‌رشوبڵاون و هه‌ر یه‌ك به ئاوازێك ده‌خوێنێت و ئه‌وه‌یشی خه‌می پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی بووبێت، ئه‌وه به‌ته‌نیا نه‌یتوانیوه ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت. بۆیه ئه‌مه یه‌كێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی كه تا ڕادده‌یه‌ك وای له ده‌نگده‌ری كورد كرد، سارد ببێته‌وه له به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن. هه‌رچه‌نده كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردییه‌كان له‌ژێر چه‌تری پرسه نه‌ته‌وه‌یییه‌كاندا كارێكی قورسه و ئاسان نییه، به‌ڵام ده‌كرێ كاری بۆ بكرێت و لانی كه‌م زۆرینه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێك بهێندرێت. یه‌كنه‌گرتنی لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنیی ده‌بێت بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یش ده‌نگده‌ر سارد ده‌بێته‌وه بۆ چوونه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان.
- له ساڵی 2005ه‌وه تا ئێستا كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و، كابینه له دوای كابینه‌یش بارودۆخی دانیشتووانی ئه‌م ناوچانه خراپتر ده‌بێت و پرۆسه‌ی "ته‌عریبكردن"یش گوشارێكی دیكه‌ی خستۆته سه‌ر دانیشتووانی ئه‌م ناوچانه. له‌وانه‌یه هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌م كێشه‌یه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی، لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق بێت، به‌ڵام ده‌كرێ له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا كاری باشتر بۆ ئه‌م ناوچانه ئه‌نجام بدرابایه. چونكه له دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كورد له مووسڵ 10 كورسی و له كه‌ركووك 6 كورسی و له هه‌ر یه‌ك له سه‌ڵاحه‌ددین و دیالا یه‌ك كورسیی به‌ده‌ست هێناوه. به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له‌م كورسییانه و زیادكردنیان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، ده‌بێ كورد پرۆگرامی كاری كاریگه‌ری هه‌بێت له‌م ناوچانه، به‌تایبه‌تی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگارانی داهاتوو و هه‌وڵدان بۆ زیادكردنی ڕێژه‌ی ده‌نگی كورد زۆر گرنگه له ڕووی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. كه‌واتا ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه سیاسییه كوردییانه‌ی كه ده‌نگه‌كانی ئه‌م ناوچانه‌یان به‌ده‌ست هێناوه، كاری جددی بۆ ئه‌م ناوچانه بكه‌ن؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێك خزمه‌تگوزاریی بنه‌ڕه‌تییان بۆ دابین بكرێت و، له‌سه‌ر ئه‌رك و بوودجه‌ی هه‌رێمیش بێت. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی پلانبۆداڕێژراوی ئاوا بنرێت، ئه‌وه بێ گومان ڕێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه كوردییه‌كان زیاتر ده‌بێت.
كۆبه‌ند
به درێژاییی مێژوو، ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی لایه‌نه سیاسییه‌كان بكه‌ین، ته‌نیا ئه‌و حزب و لایه‌ن سیاسییانه سه‌ركه‌وتوو بوونه و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له ده‌سه‌ڵات ماونه‌ته‌وه و متمانه‌ی ده‌نگده‌ریان به‌ده‌ست هێناوه، كه توانای خۆگونجاندنیان هه‌بووه و خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه هه‌نووكه‌یی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كاندا ڕاهێناوه و به‌رده‌وام په‌یامه‌كانی ده‌نگده‌رانیان له هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕاست و دروستی خوێندۆته‌وه. بۆیه لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت، زۆر گرنگه و پێویسته خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان بگونجێنن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن درێژه به وجوودی خۆیان بده‌نه‌وه و زامنی به‌شداریكردنی ڕێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگده‌ر بكه‌ن. هەروەها نابێت ئەو لایەنە سیاسییانە بەوە هەڵبخەڵەتێن کە ئەنجامێکی باشیان لەو هەڵبژاردنەدا مسۆگەر کردووە، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌م جاره‌یان كه‌میی ڕێژه‌ی به‌شداریكردن، له به‌رژه‌وه‌ندیی ئەوان بووبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن زیاد بێت، دوور نییه ئه‌نجامه‌كه، ئه‌م لایه‌نه سیاسییانه تووشی شۆك بكات. بۆیه ده‌بێ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شداربوو له هه‌ڵبژاردن، پشتیان به ڕازیكردنی ده‌نگده‌ر ببه‌ستن له ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی داواكارییه ڕه‌واكانیانه‌وه.