موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ئه‌نجامی دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له (10)ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 به‌ڕێوه چوو، له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ناوخۆ، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی كاردانه‌وه‌ی جیای لێ كه‌وته‌وه. تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆی عێراق به‌هۆی نا‌ڕه‌زاییی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی كاریگه‌ر كه باڵی چه‌كدارییان هه‌یه، نه‌توانراوه ئه‌نجامی كۆتاییی هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمی ڕابگه‌یه‌نرێت. له لایه‌كی دیكه‌وه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش، پرۆسه و ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی مانگی ئۆكتۆبه‌ر، تا ڕادده‌یه‌كی باش قبووڵ كراوه و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌كوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه شایه‌تیی باش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌یان داوه. جگه له‌مه، وڵاتانی زلهێزی وه‌كوو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایش ستایشی پرۆسه‌كه‌یان كردووه و به سه‌ركه‌وتوو ناوزه‌دیان كردووه.
له لایه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیدا هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وا نیشان ده‌درێت كه پرۆسه و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له عێراق كارێكی ناوخۆیییه به‌ڵام به چه‌ندین ئامراز و ڕێگه‌وه، ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیش هه‌وڵ ده‌درێت كاریگه‌ری بخرێته سه‌ر ئه‌نجامه‌كه و، كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت به شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامه‌كه دابڕێژرێت كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاته بێت. بێ گومان له گرنكترین سێ وڵاتی هه‌رێمی و دراوسێی عێراق كه ڕاسته‌وخۆ ئه‌م ئه‌نجامه كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه له‌سه‌ریان، ئێران و عه‌ره‌بستانی سعوودی و توركیان.
ئێران به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نابێت گرووپه چه‌كدار و سیاسییه‌كانی نزیك خۆی له عێراق له جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات دوور بخرێنه‌وه. ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵبژاردن دوو جار "ئیسماعیل قائانی" سه‌ردانی عێراقی كردووه به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامی تاران به لایه‌نه سیاسییه نێوخۆیییه‌كانی عێراق و ئاگاداركردنیان له هێڵی سووری تاران له به‌غدا. له لایه‌كی دیكه، دیاره عه‌ره‌بستانی سعوودی بۆ یه‌كه‌مین جار تا ئاستێكی باش ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی به‌دڵه، چونكه له لایه‌ك لایه‌نی شیعه‌كانی نزیكی ئێران شكستیان هێناوه و له لایه‌كی دیكه‌یش لایه‌نه سوننه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌نێو كوردیش هێزێكی وه‌كوو پارتی دیموكراتی كوردستان- كه ئامرازێكی سه‌قامگیرییه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان- سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه. له هه‌مان كاتدا تاكه لایه‌نی شیعه كه ڕیاز ده‌توانێ له‌گه‌ڵی دابنیشێت "موقته‌دا سه‌در"ه، كه زۆرترین ژماره‌ی كورسیی به‌ده‌ست هێناوه. بۆیه ئه‌م ئه‌نجامه تا ڕادده‌یه‌كی باش سعوودیا‌ی دڵنیا كردۆته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی جارێ شێواز و ڕ‌واڵه‌تی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق دیار نییه، بۆیه ناتوانین بڵێین هاوكێشه‌كه به‌ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندیی سعوودیا گۆڕدراوه له عێراق.
سه‌باره‌ت به توركیا، دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌یه كه ئه‌نقه‌ره ساڵانێكه كاری له‌سه‌ر ده‌كات له عێراق، ئه‌ویش پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقه و دووه‌میشان دانانی په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی پته‌وه له‌گه‌ڵ عێراق. بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م دوو ئامانجه‌یش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له عێراق ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ری. له‌م بابه‌ته هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین له ڕوانگه‌ی توركیاوه.
هه‌ڵوێستی توركیا به‌رانبه‌ر ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ر
توركیا له دوای ساڵی (2003)وه تا ئێستا وه‌كوو لایه‌نه هه‌رێمییه‌كانی دیكه‌ی عێراق، به‌رده‌وام كاری كردووه له‌سه‌ر گه‌یاندنی ئه‌و گرووپ و لایه‌نه سیاسییه عێراقییانه بۆ ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی پاڵپشتیكردنیان له پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردندا. سه‌ره‌تا توركیا له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه هه‌وڵی داوه بگاته ئه‌م ئامانجه؛ تا چ ڕادده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه، ئه‌مه بابه‌تێكی دیكه‌یه. به‌ڵام ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له عێراق ڕوو بدا، ئه‌وه تا ڕادده‌یه‌ك ڕۆڵی توركیای تێدا ده‌بێت. هه‌رچه‌نده توركیا به‌قه‌ده‌ر ئێران نفووز و هێز و كاریگه‌ریشی نه‌بێت له عێراق، به‌ڵام له هاوكێشه‌ی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له داهاتوویشدا ئه‌م ڕۆڵه تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو بوونی هه‌بێت. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ڵوێستی توركیا به‌رانبه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق بكه‌ین، خۆی له‌م ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییانه ده‌بینێت:
توركیا چ جۆره هێزێكی سیاسیی سوننیی ده‌وێت؟
گه‌ر سه‌یری مێژووی سیاسیی نێوان عێراق و توركیا بكه‌ین، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه توركیا له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تا ئێستا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه ئه‌و لایه‌نه سوننانه بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، كه بتوانێ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵدا دابمه‌زرێنێت. جا له هه‌ندێك قۆناغ ئه‌م ئامانجه‌ی خۆی پێكاوه به‌ڵام له هه‌ندێكی دیكه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. بۆیه ئه‌نقه‌ره هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی پێشوو، ده‌ستی به‌وه كردووه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و كاریگه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نه سوننه‌كان دابمه‌زرێنێت و له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌وڵی داوه بگاته ئه‌م ئامانجه‌ی. عه‌ره‌به سوننه‌كانی مووسڵ، ئه‌نبار، به‌سره و به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق له ئه‌وله‌وییه‌تی داموده‌زگه فه‌رمی و خێرخوازه‌كانی توركیادا بوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری بكاته سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه.
بۆیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌مكی ویلایه‌تی مووسڵ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی توركیدا مانایه‌كی مه‌عنه‌وی و بایه‌خه‌دار ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نقه‌ره دوای 2003 یه‌كه‌م كونسوڵخانه‌ی خۆی له شاری مووسڵ كرده‌وه، چونكه مووسڵ جگه له عه‌ره‌بی سوننه، له هه‌ندێك ناوچه‌ی ئه‌م شاره توركمانیشی لێیه و ته‌له‌عفه‌ریش كه زۆرینه‌ی دانیشتووانی توركمانه سه‌ر به‌م شاره‌یه.
به‌پێی ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هاوپه‌یمانیی "ته‌قه‌دوم" به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی پێشوو "محه‌مه‌د حه‌لبووسی"، نزیكه‌ی (37) كورسیی به‌ده‌ست هێناوه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، دووه‌م گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی سوننه به سه‌رۆكایه‌تیی "خه‌میس خه‌نجه‌ر" نزیكه‌ی (14) كورسیی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌م ئه‌نجامه سه‌ره‌تایییه ئه‌وه‌مان بۆ به‌ده‌رده‌خا كه، گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی سوننه به سه‌رۆكایه‌تیی "محه‌مه‌د حه‌لبووسی" ده‌بێت و، له‌وانه‌یه له حكوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوودا ببێته نوێنه‌رێكی سه‌ره‌كیی عه‌ره‌بی سوننه. لێره ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا ئه‌نقه‌ره تا چ ئاستێك ئه‌مه‌ی پێ قبووڵه؟ بێ گومان پێویسته له‌سه‌ر گشت لایه‌نه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقعی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عێراق بكه‌ن. حه‌لبووسی پێش هه‌موو شتێك له خولی ڕابردوو به هاوكاری و پاڵپشتیی لایه‌نه نزیكه‌كانی ئێران كرایه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران؛ جگه له‌مه كاتی خۆپیشاندانه‌كانی تشرینیش به پاڵپشتیی توركیا و قه‌ته‌ر هه‌وڵێك و گوشارێكی زۆر كرا بۆ ئه‌وه‌ی حه‌لبووسی له پۆسته‌كه‌ی لا ببرێت، به‌ڵام به پشتیوانیی لایه‌نه نزیكه‌كانی ئێران ئه‌م هه‌وڵه شكستی پێ هێنرا. كه‌واته په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره و حه‌لبووسی، به‌تایبه‌تی له ساڵی 2019 زۆر باش نه‌بوو، چونكه زۆر ڕوون و ئاشكرایه كه حه‌لبووسی توانیویه‌تی هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران له لایه‌ك و له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ئیمارات و عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌وه له لایه‌كی دیكه، ڕابگرێت و تا ئاستێكی باشیش هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لا ببه‌ستێت. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت حه‌لبووسی بۆ قۆناغی داهاتوو كار بۆ ئه‌وه بكات په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ توركیا دابنێت، چونكه حه‌لبووسی ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته مه‌رجه‌عی عه‌ره‌بی سوننه له عێراق؛ بێ گومان ئه‌مه‌یش پێویستی به وڵاتێكی وه‌كوو توركیا هه‌یه.
به‌رانبه‌ر ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی توركیا له شاره سوننه‌نشینه‌كان به‌تایبه‌ت و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌گشتی له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا بپارێزرێت، ئه‌وه له‌وانه‌یه به‌رپرسانی توركیایش به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی حه‌لبووسی وه‌ڵامێكی ئه‌رێنییان هه‌بێت؛ چونكه حه‌لبووسی پێش هه‌ڵبژاردنی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی كرد و چاوی به سه‌رۆككۆماری توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان" كه‌وت. هه‌رچه‌نده میدیاكانی توركیا و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا به چه‌ند دێرێك ئاماژه‌یان به‌م سه‌ردانه كرد، به‌ڵام چاوپێكه‌وتنه‌كه خۆی له خۆیدا په‌یامێكی پشتگیریكردن بوو بۆ حه‌لبووسی. ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه پێشتر حه‌لبووسی ئه‌نقه‌ره‌ی فه‌رامۆش نه‌كردووه و هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ دابمه‌زرێنێت.
هه‌ر له هه‌مان ڕۆژی چاوپێكه‌وتنی ئه‌ردۆغان-حه‌لبووسی، چاوپێكه‌وتنێكی دیكه له نێوان ئه‌ردۆغان-خه‌میس خه‌نجه‌ر ئه‌نجام درا، چونكه ئه‌نقه‌ره ویستی ئه‌و دوو سه‌ركرده سوننه‌یه به یه‌كه‌وه كۆ بكاته‌وه و ئه‌و كێشانه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه چاره‌سه‌ر بكات؛ به‌ڵام نه‌یتوانی هه‌ردووكیان به‌یه‌ك بگه‌یه‌نێت، بۆیه له هه‌مان ڕۆژدا و به‌جیا له پێش كامێراكاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری توركیا كۆ بوونه‌وه. ئه‌نقه‌ره به‌مه ویستی، په‌یامی ئه‌وه به ده‌نگده‌ری عه‌ره‌بی سوننه بگه‌یه‌نێت، هه‌ردوو سه‌ركرده سوننه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتییان لێ ده‌كرێت و پێویسته ئێوه‌یش پاڵپشتییان بكه‌ن. له ئه‌نجامدا ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه، توركیا به‌م ئه‌نجامه‌ی كه عه‌ره‌بی سوننه به‌ده‌ستی هێناوه ڕازییه و، كاریش بۆ ئه‌وه ده‌كات به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ حه‌لبووسی دابنێت.
به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاو و ئامانجه‌ی توركیا ئاوا به‌ئاسانی نایه‌ته دی، چونكه چه‌ندان لایه‌ن وه‌كوو ڕكابه‌رێكی سه‌خت به‌رانبه‌ر توركیا به‌ده‌ركه‌وتوون؛ یه‌كه‌میان ئێرانه كه دوای كۆنترۆڵكردنی شاره سوننه‌نشینه‌كان له چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ڕاسته‌وخۆ هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ئه‌م شارانه‌ی داوه؛ به‌تایبه‌تی شاری مووسڵ، لایه‌نی ئه‌منی و سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه به شێوه‌یه‌كی پرۆگرام بۆ داڕێژراو، كۆنترۆڵ كراوه. بۆیه یه‌كه‌م هه‌نگاوی توركیا له مووسڵ سه‌رله‌نوێ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كه‌ی بوو كه له ساڵی (2014)ه‌وه به‌هۆی داگیركردنی شاره‌كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه داخرابوو.
جگه له تاران، فه‌ڕه‌نسایش وه‌كوو ڕكابه‌ێكی سه‌رسه‌خت له شاری مووسڵ به‌رانبه‌ر توركیا ده‌ركه‌وتووه؛ به‌تایبه‌تی سه‌ردانه ڕاسته‌وخۆكه‌ی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا "ئیمانوێل ماكرۆن" بۆ مووسڵ، خۆی له خۆیدا په‌یامێكی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه فه‌ڕه‌نسایش به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌یه له‌م شاره. هه‌ر دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن بۆ مووسڵ، پرۆژه‌ی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی مووسڵ درایه كۆمپانیایه‌كی فه‌ڕه‌نسی. هه‌ر یه‌ك له كۆمپانیای كالیۆن – كورك بۆ بیناسازی (Kalyon-Kürk İnşaat)ی توركی و كۆمپانیای ئایرۆزپۆرت دی پاریس ئینجینیریا (Aeroports de Paris Ingenierie)ی فه‌ڕه‌نسی ڕكابه‌رێتییان ده‌كرد له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م پرۆژه‌یه كه دواجار درایه كۆمپانیای ئایرۆزپۆرت دی پاریس ئینجینیریا ( Aeroports de Paris Ingenierie)ی فه‌ڕه‌نسی. به‌مه‌یش فه‌ڕه‌نسا توانی یه‌كه‌م گورزی بازرگانیی خۆی له ئه‌نقه‌ره بوه‌شێنێت. جگه له‌مه سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا له كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ مووسڵ ڕای گه‌یاند كه، كار بۆ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن له مووسڵ. ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌كی گرنگه ده‌رباره‌ی ده‌سپێكی ململانێیه‌كی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و كه‌لتووری له نێوان ئه‌نقه‌ره - پاریس له مووسڵ و شاره‌كانی دیكه‌ی سوننه‌نشین كه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فه‌ڕه‌نسایش به مانای فراوانتركردنی ناوچه‌ی جوگرافیی ململانێ له‌گه‌ڵ توركیا دێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌یه، ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كانی گرووپه سوننه‌كان دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی لێیان دانه‌بڕێت، چونكه گۆڕه‌پانه‌كه پڕه له نه‌یارانی توركیا.
ئاسۆیه‌ك بۆ بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعییه‌كان
ململانێی نێوان سوننه و شیعه له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان و عوسمانییه‌كان گه‌یشتۆته به‌رزترین ئاستی و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ئه‌م دوو لایه‌نه شه‌ڕ و پێكدادانێكی سه‌ختیان ئه‌نجام داوه؛ ئه‌م ململانێ و كێشه‌یه‌یش زیاتر له‌سه‌ر خاكی عێراق ڕووی داوه. كه‌واته ژێرخانێكی مێژووییی خوێناوی هه‌یه له نێوان توركیا و ئێران. هه‌رچه‌نده دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا و هاتنی شا له ئێران بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌م جه‌نگه مه‌زهه‌بییه ڕووی له كه‌می كردووه، به‌ڵام جۆره ململانێیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و تا ڕادده‌یه‌كیش مه‌زهه‌بی به ئاسته جیاوازه‌كان درێژه‌ی پێ دراوه. گه‌یشتنی لایه‌نێكی سیاسیی وه‌كوو حزبی داد و گه‌شه‌پێدان به ده‌سه‌ڵات له توركیا، كه باكگراوندێكی ئیسلامیی هه‌یه، ئه‌م ململانێیه‌ی تا ڕادده‌یه‌ك زه‌قتر كرده‌وه.
بۆیه له دوای ساڵی (2003)وه زیادبوونی نفووزی ئێران و لایه‌نه نزیكه‌كانی تاران له عێراق ڕاسته‌وخۆ ئه‌نقه‌ره‌ی بێزار كردووه، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی و كۆنترۆڵكردنی شاره سوننه‌نشینه‌كان له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، ئه‌نقه‌ره‌ی نیگرانتر كردووه؛ چونكه شاری مووسڵ دوای ڕزگاركردنی له ده‌ست چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ڕاسته‌وخۆ كه‌وتۆته ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و پرۆسه‌یه‌كی به‌شیعه‌كردنی پرۆگرام بۆ داڕێژراو له‌م شاره ده‌ستی پێ كردووه. ئه‌م كاره له ناوچه‌یه‌كی عێراق ڕووی داوه كه توركیا پلان و پرۆگرامی زۆری بۆ داڕشتووه كه تیایدا ئه‌نجام بدات له ڕووی ئابووری، سیاسی و كه‌لتوورییه‌وه. ئه‌م بارودۆخه‌یش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی عێراقه‌وه هه‌یه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێی ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2021 به‌ڕێوه چوو، هه‌ندێك گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی له‌خۆ گرتبوو؛ گرنگترینیان ژماره‌ی ئه‌و كورسییانه‌یه كه لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان به‌ده‌ستیان هێنابوو. به‌پێی ئه‌نجامه به‌رایییه‌كان گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو له هاوكێشه‌ی سیاسیی لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق ڕووی داوه و، بووه‌ته هۆی دروستبوونی كێشه و گرفت له‌نێویاندا. ده‌توانین بڵێین ئه‌نجامی ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژرادنه گشتییه‌كانی عێراق له ڕووی لایه‌نه شیعییه‌كانه‌وه زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا‌دایه له‌به‌ر ئه‌م دوو خاڵه‌ی خواره‌وه:
به‌رانبه‌ر ئه‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه خاڵێكی نه‌رێنی هه‌یه، ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی به‌پێشخستنی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسایه به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق "نووری مالیكی" كه نزیكه له ئێران و، له‌م هه‌ڵبژاردنه توانیویه‌تی نزیكه‌ی 38 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌نقه‌ره ئه‌زموونێكی باشی له‌گه‌ڵ "نووری مالیكی" نییه و تا ڕادده‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره-به‌غدا له سه‌رده‌می ئه‌ودا گه‌یشتبووه بنبه‌ست. بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیادا نییه بۆ جاری سێیه‌م "نووری مالیكی" ببێته‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق.
له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به له‌به‌رچاوگرتنی هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق، ئه‌نقه‌ره له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت كه به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیدا بچێته‌وه له‌گه‌ڵ كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی عێراق، به مه‌به‌ستی پێكانی ئامانجه ستراتیژییه‌كانی خۆی له عێراق؛ جا جۆر و پێكهاته و ناوه‌رۆكی حكوومه‌ته‌كه هه‌ر چۆنێك بێت.
توركیا له هاوكێشه‌ی سیاسیی عێراقدا دوای هه‌ڵبژاردنی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2021 چۆن ده‌ڕوانێته كورد؟
توركیا زیاتر هه‌وڵ بۆ سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان و باشبوونی دۆخی ئابووری ده‌دات له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقدا. هه‌روه‌ها له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كار بۆ دانانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان و، ئه‌وه ده‌خوازێت كه په‌ره به په‌یوه‌ندییه سیاسی، ئه‌منی، بازرگانی و ئابوورییه‌كان بدات و بگه‌یه‌نێته به‌رزترین ئاست؛ به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا كه توركیا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی و ئابووریی سه‌خت بووه‌ته‌وه. بۆیه هاوكێشه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر-ئه‌نقه‌ره. به‌پێی ئه‌نجامی دوا هه‌ڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان، كه لایه‌نێكی سه‌ره‌كییه له ده‌سه‌ڵات، توانیویه‌تی نزیكه‌ی 33 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت و ببێته گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین پارتی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان. بێ گومان ئه‌م ده‌نگانه‌ی پارتی، له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش قورساییی خۆی ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له كاتی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی. ئه‌م ئه‌نجامه بۆ توركیایش تا ڕادده‌یه‌ك دڵخۆشكه‌ر بوو، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر-ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه پارتی سه‌رۆكایه‌تیی كردووه له هه‌رێم، له ئاستێكی باش‌دا بووه و له به‌رژه‌وه‌ندیی دووقۆڵیی هه‌رێم و توركیادا بووه. بۆیه به‌هێزبوونی كورد، به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له نێوان توركیا-عێراق.
له لایه‌كی تر، دروستبوونی كێشه‌ی ناوخۆیی له‌نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لاوازبوونی باڵی "لاهوور شێخ جه‌نگی"، هه‌م له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا‌دایه و له هه‌مان كاتیش‌دا له‌وانه‌یه ئه‌مه پێچه‌وانه بێته‌وه؛ واتا بارودۆخه‌كه له‌وانه‌یه له دژی توركیا گه‌شه بكات. چونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بتوانێ له به‌رژه‌وه‌ندیی "بافڵ تاڵه‌بانی" كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێ له قۆناغێكی نوێ ده‌نێت؛ به‌ڵام زیاتر لاوازبوونی یه‌كێتی، له‌وانه‌یه ده‌رفه‌ت بۆ په‌كه‌كه بڕه‌خسێنێت له سلێمانی چالاكتر بێت. بۆیه به‌كارهێنانی ئه‌و 16 كورسییه‌ی كه یه‌كێتی به‌ده‌ستی هێناوه له به‌غدا، له دژی توركیا یاخود له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و، زیاتر به‌نده به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه ناوخۆیییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه. نزیكیی یه‌كێتی له ئێرانیش، خاڵێكه كه ئه‌نقه‌ره‌ی بێزار كردووه، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه یه‌كێتی له‌ژێر گوشاری ئێران له به‌غدا له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعییه‌كانی نزیك تاران به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بكات.
به‌گشتی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه له‌لایه‌ن حزب و هاوپه‌یمانییه كوردییه‌كان له هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ر به‌ده‌ست هاتووه، له‌لایه‌ن توركیاوه پێشوازیی لێ كراوه، چونكه پێشتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كاندا ئه‌زموونێكی باشی هه‌یه، جا چ له بواری سیاسی و چ له بواری ئابووری و بازرگانی بێت.
كۆبه‌ند
توركیا له عێراق چه‌ند ئامانجێكی ستراتیژیی هه‌یه؛ یه‌كێكیان پێكهێنانی حكوومه‌تێكی عێراقییه كه بتوانێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ دابنێت؛ چونكه ئه‌نقه‌ره به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق "نووری مالیكی"، ئه‌زموونێكی تاڵ و خراپی هه‌بوو، بۆیه نایه‌وێ هه‌مان سیناریۆ دووباره بێته‌وه. كۆنترۆڵكردنی بازاڕی هه‌رێم و عێراق و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق بۆ به‌رزترین ئاست، ئامانجێكی ستراتیژیی دیكه‌یه كه توركیا كاری له‌سه‌ر ده‌كات. كه‌رتی وزه‌یش یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و كه‌رتانه‌ی، كه توركیا له هه‌رێم و عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات وه‌به‌رهێنانه‌كانی له‌م كه‌رته‌دا زیاتر بكات. له لایه‌كی دیكه هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ عێراق له ڕووی ئه‌منییه‌وه، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له قه‌ندیڵ و شنگاڵ و شوێنه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و عێراق، بابه‌تێكی دیكه‌یه كه له‌نێو ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی توركیا‌دایه له عێراق.
سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، به حكوومه‌تێكی عێراقی مه‌زهه‌بی و نزیك له ئێران مه‌حاڵه جێبه‌جێ بكرێت و، شێوازی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن پێك ده‌هێندرێت. به شێوه‌یه‌كی گشتییش توركیا ئه‌نجامه به‌رایییه‌كانی به‌دڵه و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه حكوومه‌تێكی میانڕه‌و پێك بهێنرێت و، ئاماده بێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌نقه‌ره-به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ڕاست و دروست دابنێت. به‌ڵام عێراق هه‌رده‌م پڕ بووه له موفاجه‌ئات. ئه‌نجامه به‌رایییه‌كان هه‌ر چۆنێك بێت، پێكهێنانی حكوومه‌تێكی مه‌زهه‌بیی نزیك له تاران و به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، له‌نێو بژارده‌كاندایه، كه ئه‌مه‌یش بێ گومان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌نقه‌ره نابێت.