موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
پێكهاته‌كان "كه‌مینه‌كان" به درێژاییی مێژوو ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی هه‌بووه له پرۆسه‌ی دروستبوونی سه‌قامگیری له‌و وڵاته‌ی كه تیایدا بوونیان هه‌یه؛ چونكه ئه‌م بابه‌ته ئه‌گه‌ر به‌وردی و هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، گرفت و ئاڵنگاریی زۆر ترسناكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه پێویسته وڵاتانی جیهان به‌گشتی له كاتی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته، ئه‌م خاڵه گرنگه له‌به‌رچاو بگرن؛ بۆ نموونه وڵاتانی ئه‌وروپی به‌گشتی تا ڕادده‌یه‌كی باش توانیویانه كێشه‌ی پێكهاته‌كان له ڕێگه‌ی به‌رزڕاگرتنی به‌ها نیشتمانییه‌كانه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی وڵات له‌ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا چاره‌سه‌ر بكه‌ن. بێ گومان ئه‌وه به مانای ئه‌وه نایه‌ت كه هیچ گرفتێكی له‌م جۆره‌یان نییه. كه‌واته وڵاتان هه‌رچه‌نده به‌هێز و گه‌وره بن، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی پێكهاته‌كان نه‌كه‌ن، ئه‌وه كێشه‌ی گه‌و‌ره‌یان بۆ دروست ده‌بێت كه له‌وانه‌یه بگاته ئاستی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاته‌كه.
كۆماری عێراقی فیدراڵیش وه‌كوو وڵاتانی دیكه‌ی جیهان، پێك هاتووه له نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و ئایینی جیاواز و، ئه‌م گرفته له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و، ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه، پرسه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و بووه‌ته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری. هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی له چوارچێوه‌ی عێراقدا، چه‌ندان پێكهاته‌ی جیاوازی له‌خۆ گرتووه؛ ئه‌م جیاوازییانه زیاتر له ڕووی نه‌ته‌وه و ئایینه‌وه ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. هه‌رێمی كوردستان به حوكمی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی ستراتیژیی گرنگه له ڕووی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و سه‌ربازییه‌وه، بۆیه بووه‌ته ئامانجی وڵاتانی دراوسێ و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت وڵاتانی جیهانیش. بۆیه بابه‌تی پێكهاته‌كان چه‌ند بۆ وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ گرنگ بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان ده قاتی ئه‌وان گرنكتره. بۆیه پێویسته له كاتی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه، زۆر به‌وردی هه‌نگاوی ته‌ندروست بنرێت و، زۆر گرنگه كاره‌كان له لایه‌ك له‌سه‌ر ئاسته‌كانی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردن و ده‌سته‌ی یاسادانان زه‌مینه‌سازیی بۆ بكرێت؛ له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ده‌بێ حزبه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاوی جددی و كرداری بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه گرنگه بهاوێژن. سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌بێت به شێوازێك بێت، یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ زیادكردنی ئاستی ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان، چونكه پێگه‌ی پێكهاته‌كان بۆ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی له عێراق و ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه. له هه‌موو شتێك گرنگتر ئه‌وه‌یه، هه‌ر یاسایه‌ك یاخود هه‌ر ڕێنمایییه‌ك كه ده‌رباره‌ی پاراستنی مافی پێكهاته‌كان ده‌رچوو، ئه‌وه ده‌بێت له ئه‌رزی واقعدا به‌ڕاستی و به‌بێ خۆدزینه‌وه جێبه‌جێ بكرێن. بێ گومان ئه‌م هه‌نگاوانه زه‌رووره له چوارچێوه‌ی پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بێت و له پێناو پته‌وكردنی ئینتیمای پێكهاته‌كان بێت.
ئینتیمای نیشتمانی له‌ناو پێكهاته‌كان له چ ئاستێكدایه و هۆكاره‌كانی لاوازیی ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان چین؟
پێش هه‌موو شتێك ڕاستییه‌ك هه‌یه، ده‌بێ ئێمه خۆمانی لێ نه‌دزینه‌وه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان له ڕووی سه‌قامگیریی ئه‌منییه‌وه به‌راورد به ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق زۆر باشتره. ئه‌مه‌یش هانده‌رێكه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌رێم به شێوه‌یه‌كی باشتر مامه‌ڵه و ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بكرێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت، بۆیه به‌راورد به شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌ولێر باشتر ئه‌م پرسه به‌ڕێوه ده‌بات. به‌ڵام ئه‌مه به واتای ئه‌وه نایه‌ت كه پێكهاته‌كان گه‌یشتوونه‌ته ته‌واوی مافه‌كانیان. ئینتما چه‌ندین جۆری هه‌یه به‌ڵام مه‌به‌ستمان لێره "ئینتیمای نیشتمانی"یه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتی بۆ ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان بكه‌ین له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێكی خراپ كه بریتییه له لاوازیی ئینتیمای نیشتمانیی ئه‌م پێكهاتانه له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه:
هۆكاری ئه‌مه‌یش بۆ نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی باشی خوێندنی مه‌سیحی و توركمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ته‌نانه‌ت چه‌ندان ساڵ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خوێندنی توركمانی له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌به‌تاڵی مایه‌وه؛ كه به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان ده‌بووایه هه‌ر له كاتی به‌تاڵبوونی پۆسته‌كه، به یه‌كێكی دیكه پڕ كرابایه‌وه. نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی جێبه‌جێینه‌كردنی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان به مافه‌كانی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه كه، پێكهاته‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش نوێنه‌رایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان نییه. به‌پێی ڕێنمایییه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت، ده‌بووایه نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان له كابینه حكوومییه‌كان هه‌بان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه هه‌ن، یان نوێنه‌ری كارتۆنین یاخود پۆستی وه‌زیری ده‌وڵه‌ت یاخود پۆستی ناسیادییان پێ دراوه. لێره‌یش ڕێنمایییه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت پێشێل كراوه. جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان به پێكهاته‌كانی كوردستان، ده‌بێته هۆی لاوازبوونی ئینیتمای نیشتمانی لای تاكه‌كانی ئه‌م پێكهاتانه. ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی لاوازیی ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان.
سیاسەتی حزب و حکوومەت چ کاریگەرییەکی لەسەر ئینتیمای نیشتمانیی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە؟
حزب و حكوومه‌ت هه‌ردووكیان، له ڕێگه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه ده‌یگرنه به‌ر، كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌تی ئینتیمای نيشتمانیی پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حزبه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی له‌م ڕووه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وه ده‌بێ جیاوازییه‌كی ورد له نێوان حزبه سیاسییه‌كاندا بكه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن.
پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كوو حزبێكی ده‌سه‌ڵاتدار، زیاتر له پێكهاته‌كان خۆی نزیك كردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌م خۆنزیككردنه‌وه‌یه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌ی جۆراوجۆر بووه‌ته‌وه؛ گرنگترینیان به‌كارهێنانی پێكهاته‌كان بۆ پته‌وكردنی پێگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابووریی خۆی له هه‌رێمی كوردستان. له‌وانه‌یه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه دیوێكی ڕاستی له‌خۆ گرتبێ، به‌ڵام ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه كه تاكه حزبی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش، ڕێز له مافه‌كانی پێكهاته‌كان بگرێت و كار بۆ ده‌ستبه‌ركردنی بكات، ئه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستانه؛ بۆ نموونه سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی كه ده‌رباره‌ی مافی پێكهاته‌كان قبووڵ كراوه، ئه‌وه پارتی ڕۆڵێكی گرنگی تێدا هه‌بووه؛ جگه له‌مه، به‌تایبه‌تی دوای ساڵی 2003، هه‌رێمی كوردستان، كه پارتی حزبێكی باڵاده‌سته تیایدا، ده‌رگه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی مه‌سیحییه‌كان واڵا كرد. ئێستایش پارتی سه‌باره‌ت به بابه‌تی پێكهاته‌كان له‌نێو حزبه سیاسییه‌كاندا، تاكه حزبه كه داكۆكی له مافی پێكهاته‌كان ده‌كات، به‌تایبه‌تی له كاتێكدا سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژمارەى كورسیى كۆتای پێكهاته‌كان ده‌ده‌ن؛ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان، پارتی كار بۆ پاراستن و زیاتركردنی ڕێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردنی پێكهاته‌كان ده‌كات لە پەرلەمانى كوردستان. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی پارتی، یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ به‌هێزتركردنی ئینتیمای پێكهاته‌كان، به‌ڵام هه‌روه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان پێ كرد، كه‌موكوڕیی زۆر هه‌یه له بابه‌تی جیێبه‌جێكردنی ئه‌م مافانه له ئه‌رزی واقعدا و پێویستی به كاری زیاتر هه‌یه. له لایه‌كی دیكه‌وه، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه حزبێكی دیكه‌ی گرنگی ده‌سه‌ڵاته، به‌راورد به پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان لاوازتره و زۆر گرنگیی پێ نه‌داون، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ڕێگرییان له پارتی دیموكراتیش نه‌كردووه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی پێكهاته‌كان. له‌وانه‌یه هه‌ندێك هۆكاری ئه‌مه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێتەوە كه ئه‌و ناوچانه‌ی یه‌كێتی تیایدا باڵاده‌سته، زۆر پێكهاته‌كان له‌خۆ نه‌گرێت؛ بۆ نموونه هه‌ولێر و دهۆك، كه قورساییی پارتی تیایاندا زياترە و له ڕووی ژماره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه گرنگترن و ڕێژه‌یه‌كی زیاتر له پێكهاته‌كان له‌خۆ ده‌گرن. كه‌واته یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌تی ئینتیمای پێكهاته‌كان، به‌ڵام به‌راورد به پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی كه‌متره. به‌گشتی له حزبه ده‌سه‌ڵاتداره كاریگه‌ره‌كان، پارتی به پله‌ی یه‌كه‌م و دوای ئه‌ویش یه‌كێتی به پله‌ی دووه‌م دێت له ڕووی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئینتمای پێكهاته‌كانه‌وه.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه حزبه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم، چ ئه‌وانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتن و چ ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزیسیۆنن، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پرسه‌كه هه‌یه و، ئه‌مانه زیاتر بوونه‌ته هۆی لاوازتركردنی هه‌ستی ئینتیما له لای پێكهاته‌كان؛ چونكه پێش هه‌موو شتێك پێكهاته‌كان شوێنیان له‌نێو ئه‌م حزبانه نابێته‌وه و، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م حزبانه كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن. بۆ نموونه "نه‌وه‌ی نوێ" به‌فه‌رمی پێشنیارێكی ده‌رباره‌ی مافه سیاسییه‌كانی پێكهاته‌كان خسته ڕوو؛ له پێشنیاره‌كه‌یدا له بری ئه‌وه‌ی داوای فراوانتركردنی ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی پێكهاته‌كان بكات، داوا ده‌كات ژماره‌ی كورسیی كۆتای پێكهاته‌كان كه‌متر بكرێت. بێ گومان ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه پێكهاته‌كان زیاتر له به‌كوردستانیبوون دوور ده‌خاته‌وه و ژینگه‌یه‌كی وا ده‌ڕه‌خسێنێت كه پێكهاته‌كان ئینتیمایان بۆ هه‌رێمی كوردستان لاوازتر بێت.
له لایه‌كی دیكه، حزبه ئیسلامییه‌كانیش كێشه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان به‌گشتی و پێكهاته‌ی مه‌سیحی به‌تایبه‌ت، چونكه له‌وانه‌یه هه‌ندێك له داخوازییه‌كانی ئه‌م پێكهاته و پێكهاته‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ویست و ئامانجی حزبه سیاسییه ئیسلامییه‌كان گونجاو نه‌بێت؛ یاخود له‌وانه‌یه تێڕوانینی حزبه ئیسلامییه‌كان بۆ هه‌ندێك بابه‌ت جیاواز و دژی پێداویستی و داواكاریی پێكهاته‌كان بێت. جگه له پێكهاته ئایینییه‌كان، پێكهاته نه‌ته‌وه‌یییه‌كانییش هه‌ندێ گرفت و كێشه‌یان له‌گه‌ڵ حزبه ئیسلامییه‌كان هه‌یه؛ بۆ نموونه "یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان" له ده‌سپێكه‌وه و پێش دامه‌زراندنی له 6ی شوباتی ساڵی 1994، كه‌سایه‌تییه‌كی توركمانی ئیسلامیی به‌ناوبانگ، كاندیدێكی به‌هێز بوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یه‌كه‌م ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو، به‌ڵام خودی "سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین" و كه‌سانی نزیك لێی، ڕێگه‌یان نه‌دا ئه‌م كه‌سایه‌تییه ببێته ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی به‌رپرسه باڵاكانی یه‌كگرتوو بكه‌ین، ئه‌وه كه‌سێكی وا نابینین له پۆسته سیادییه‌كانی ناو یه‌كگرتوو، كه سه‌ر به پێكهاته‌كان بێت. ئه‌م خاڵه بۆ حزبه سیاسییه ئیسلامییه‌كانی دیكه‌یش ڕاسته؛ نه له‌سه‌ر ئاستی پۆستی حزبی و نه له‌سه‌ر ئاستی پۆستی حكوومیدا، هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی پێكهاته‌كان ڕێگه‌یان پێ نه‌دراو پۆست وه‌ربگرن. ئه‌م هه‌ڵویست و تێڕوانینه‌ی حزبه ئیسلامییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنییانه كاریگه‌رییان كردۆته سه‌ر ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان و بۆته هانده‌رێك بۆ لاوازبوونی هه‌ستی ئینتیمایان له‌نێو تاكه‌كانی پێكهاته‌كاندا؛ چونكه بنه‌مایه‌كی گرنگی پته‌وكردنی ئینتیمای هه‌ر تاكێك، بریتییه له به‌شداریپێكردنی له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاره‌كاندا، جا ئه‌م پرۆسه‌یه چ له‌سه‌ر ئاستی حزبی، یان حكوومی یاخود سیاسیی وڵات بێت.
چۆن هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانی لەناو پێکهاتەکان بەرز ده‌بێته‌وه؟
به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانی له‌ناو پێكهاته‌كان له ڕێگه‌ی سێ ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌كییه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یش كارێكی جددی و پلانێكی تۆكمه‌ی پێویسته، چونكه تا ئێستا به‌ته‌واوه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سێ ڕه‌هه‌نده وه‌كوو پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه. سه‌ره‌تا پێش هه‌موو شتێك، ده‌بێ ناسنامه‌ی پێكهاته‌كان به شێوازێكی سه‌ربه‌خۆ له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بپارێزرێت. ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی پاراستن و به‌هێزتركردنی ئینتیمای نیشتمانی لای پێكهاته‌كان، بریتییه له‌وه‌ی كه پێویسته له سه‌رجه‌م بواره‌كانی وڵات به‌شدارییان پێ بكرێت. ڕه‌هه‌ندی سێیه‌میش ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ته بۆ هه‌ماهه‌نگیكردنی پێكهاته‌كان له پرۆسه‌ی بنیادنانی نیشتمانی و پاراستن و پارێزگاریكردن لێی.
لێره پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێ كه، ئایا چۆن ئینتیمای نیشتمانی لای پێكهاته‌كان دروست ده‌بێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌سته‌كانی جێبه‌جێكردن و یاسادانان، پێویسته ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه بگر‌نه به‌ر:
یه‌كه‌م/ له سه‌ره‌تادا، ده‌بێت حكوومه‌ت ئه‌و یاسا و ڕێنمایییه تایبه‌تانه وه‌كوو خۆی جێبه‌جێ بكات كه ده‌رباره‌ی پاراستنی مافی پێكهاته‌كان ده‌رچوێندراوه، چونكه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ئینتیمای پێكهاته‌كان بریتییه له جێبه‌جێنه‌كردنی بڕگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه بۆ پێكهاته‌كان ده‌رچووه و كارنه‌كردنه به ده‌قه‌كانی. له لایه‌كی دیكه، پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان به‌جددی به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات ده‌رباره‌ی هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌قه یاسایییه‌كانی تایبه‌ت به مافی پێكهاته‌كان.
دووه‌م/ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه و ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی مافی پێكهاته‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌سكه‌وته‌كانیان بكات. ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پاراستنی مافی پێكهاته‌كان زۆر گرنگن، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی پێكهاته‌كان به‌ده‌ست بهێنرێت، چونكه به‌راستی و له ئه‌رزی واقعدا عێراق به‌گشتی و، تا ڕادده‌یه‌كیش له هه‌رێمی كوردستان هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه بۆ مسۆگه‌ركردنی ڕێزگرتن له پێكهاته‌كان و پاراستنی مافه ڕه‌واكانیان. بۆ نموونه مه‌سیحییه‌كان به‌گشتی دوای ساڵی 2003 له سه‌ر‌تاسه‌ری عێراقدا ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی بوونه‌وه و ناچار كران زێدی باب و باپیرانیان جێ بهێڵن؛ دواتر له ساڵی 2014 مه‌سیحییه‌كان هاوشێوه‌ی دانیشتووانی شاری مووسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆی له‌ناوبردنیان لێ كرا و دووباره دووچاری كۆچكردن كران. ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌یه كه له عێراقدا هه‌یه به‌هۆی ناسه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه كه گه‌لانی عێراق به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن. بۆیه گه‌ره‌نتیكردنی مافی پێكهاته‌كان له چوارچێوه‌ی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌وه متمانه ده‌به‌خشێته پێكهاته‌كان و هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانی‌یان لا به‌رزتر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت له كاتی نانه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی له‌م جۆره، ده‌بێت له چوارچێوه‌ی پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بێت؛ نابێت هیچ هه‌نگاوێك له‌سه‌ر حیسابی سه‌روه‌ری و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت. بۆیه باشتره ئه‌م هه‌نگاوه، دوور له موزایه‌داتی سیاسی له ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی نێوان حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه ئه‌نجام بدرێت و به‌ڕێوه بچێت.
سێیه‌م/ فه‌رامۆشكردنی مێژوو و ڕابردووی پێكهاته‌كان و ئاماژه‌پێنه‌دایان، هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانی‌یان لاواز ده‌كات. بايەخنەدان و تەنانەت سووكايەتیكردن بە پيرۆزى و مێژوو و ڕابردووى پێكهاتەكان، قەيرانى گەورە لە نێوان تاكه‌كانی پێكهاتەكان و خودی نەتەوە ياخود ئايينه سەرەكییه‌كه‌ی وڵات ده‌نێته‌وه و، دەبێتە هۆى تێكچوونى شيرازەى كۆمەڵگه. بۆيە زۆر گرنگە حكوومەت بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ پەرلەمان، گرنگى بە مێژوو و ڕابردووى پێكهاتەكان بده‌ن و تاكەكانى كۆمەڵگه بە مێژوو و ڕابردووى پێكهاتەكان ئاشنا بكه‌ن و هەوڵى ئەوە بده‌ن كه‌لتوورى یه‌كترقبووڵكردن و شانازیكردن بە بوونى پێكهاتەكان لەنێو خەڵگ بڵاو بكەنه‌وه؛ چونكه به‌ڕاستی بوونی ڕه‌نگی جیاواز له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا، جوانییه‌كی تایبه‌ت و هێزێكی باش ده‌به‌خشێته وڵات. بۆیه سەرەتا دەكرێ بە شێوەيەكى زانستى و ڕاستەوخۆ مێژوو و ڕابردووى پێكهاتەكان بخرێتە موفرەداتى خوێندن بۆ ئەوەى سەرجەم نەوەكانى گەل، ئاشناى پێكهاتەكان بن و ڕۆحى يەكترقبووڵكردنیان تێدا بەرپا بێت. بەم شێوەيە ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ كاريگەریى باشى دەبێت لەسەر بابەتى ئينتيماى نيشتمانیى پێكهاتەكان و، لە ڕێگەى ناساندنى مێژوويان و گرنگیپێدانیان هەستێكى باشیان لا دروست دەبێت؛ چونكە ئەوەمان لەياد نەچێت كۆمەڵگەى ئێمە بە جياوازيیەكانيیەوە جوان و بەهێزه.
چوارەم/ بە حوكمى ئەوەى پێشمەرگە يەكەى بەرگریى هەرێمى كوردستانە، دەبێ ئەم دامەزراوە سەربازييە ببێتە چەترێك و تيايدا سەرجەم كوردستانيان شوێنيان ببێت. بەداخەوە كێشە و قەيرانى دووئيدارەيى تا ئێستا بەرۆكى ئەم دامەزراوە سەربازييە گرنگەى بەرنەداوە، بەڵام ويستێك و ئارەزووێكى نێودەوڵەتى هەيە بۆ يەكخستنه‌وه‌ى هێزەكانى پێشمەرگە لە سەرتاسەرى هەرێمى كوردستاندا. لەم نێوەندەدا پێكهاتەكانيش پێويستە لەژێر هێزەكانى پێشمەرگە كۆ بكرێنه‌وه بۆ ئەوەى ئەوانيش بەرگرى لە هەرێمى كوردستان بكەن. لەم حاڵەتەدا ڕۆحى بەرگریكردن لە خاك و نيشتمان هاندەرێكى سەرەكى و بنەڕەتیيە بۆ بەرزكردنى هەستى ئينتيماى نيشتمانى لە لاى پێكهاتەكان؛ بەپێچەوانه‌وه دوورخستنەوەى پێكهاتەكان لە هێزەكانى پێشمەرگە، ڕۆحى ئينتيما لاى ئه‌وان لاواز ده‌كات. بەداخەوە ئێستا پێكهاتەكان لە هێزەكانى پێشمەرگە دوور خراون و ڕێگەيان پێى نادرێت بەشداریى تێدا بكەن. مەبەستمان بەشداریپێكردنى پێكهاتەكان لە هێزەكانى پێشمەرگە ئەوە نييە، يەكەى پێشمەرگەى توركمان ياخود پێشمەرگەى مەسيحى پێك بهێندرێت، بەڵكوو مەبەست لێى ڕێگەدانە بە پێكهاتەكان بۆ ئەوەى لەژێر ناوى بەكوردستانیبووندا بەشدارى لە هێزەكانى پێشمەرگە بكەن. زۆر زەروورە پێشمەرگە بكرێتە دامەزراوەيەكى سەربازى-نيشتمانى. لێرەدا ڕۆڵى حكوومەت و پەرلەمان بريتيیە لە ئامادەكردنى ياسا و ڕێسا تايبەتەكان بە بەشداریپێكردنى پێكهاتەكان لە دامەزراوەى سەربازیى پێشمەرگەدا.
پێنجەم/ پێكهاتەكان هەندێك پەيوەندیى مێژوويى و ئايينيیان هەيە لەگەڵ هەندێك وڵاتانى دراوسێ و جيهانى. ئەم خاڵە نابێت ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەى پێكهاتەكان بە خائين و ناپاك ناوزەند بكرێن، بەڵكوو دەبێ ئەم خاڵە لە بەرژەوەندیى باڵاى هەرێمى كوردستان بەكار بهێنرێت؛ بە شێوەيەك پێكهاتەكان ببنە پردێك بۆ بەيەكگەياندنى هەرێمى كوردستان و ئەو وڵاتانە و پته‌وتركردنى پەيوەندييە دووقۆڵیيەكان، بەڵام بە مەرجێك ئەم جۆرە پەيوەندييانە پێويستە لە چوارچێوەى سەروەریى هەرێمى كوردستان بێت و نابێت سەروەريیەكەى ببه‌زێنرێت. بۆ نموونە پێكهاتەى مەسيحى، دەكرێ ببێته پردێك بۆ باشتركردنى پەيوەندييەكانى هەرێمى كوردستان و ڤاتيكان و وڵاتانى ديكەى ئەوروپى. هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی دا ئه‌مه له‌گه‌ڵ ڤاتیكان تاقی بكاته‌وه و تا ڕادده‌یه‌كیش تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌نجامی ئه‌و هه‌نگاوه‌مان له سه‌ردانه‌كه‌ی پاپادا بینی بۆ هه‌رێمی كوردستان. هەروەها پێكهاتەى توركمانيش، دەكرێ ببێتە پردێك بۆ باشتركردنى پەيوەندييە سياسى و ئابوورى و كۆمەڵايەتيیەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و توركيا. ئەمەيش خۆى لە خۆي‌دا هاندەرێكى باشە بۆ بەهێزكردنى هەستى ئينتيماى نيشتمانى لاى پێكهاتەكان.
شه‌شه‌م/ پێكهاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و به‌هێزیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت هه‌بێت، ده‌بێ نوێنه‌ریان له ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردن هه‌بێت. ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه، پێویسته نوێنه‌رایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه بێت و له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت بێت. زۆر گرنگه ئه‌م نوێنه‌رانه به‌رده‌وام كێشه و گرفته‌كانی پێكهاته‌كان بگه‌یه‌ننه به‌رزترین ئاسته‌كانی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردن. نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی له‌م جۆره، ئاستی ئینتیمای نیشتمانی له لای پێكهاته‌كان به‌رزتر ده‌كات.
كۆبه‌ند
پێكهاته‌كان كه‌سانی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر و خه‌مخۆریان زۆر تێدایه، به‌ڵام به مه‌رجێك مامه‌ڵه‌ی باشیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و هه‌وڵ بدرێت سوود له‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئه‌وان وه‌ربگیرێت له‌سه‌ر ئاسته‌كانی حكوومی، په‌رله‌مانی و حزبی؛ هه‌روه‌ها له پرۆسه‌ی ده‌ركردنی بڕیار به‌شدارییان پێ بكرێت و له پرۆسه‌ی هه‌ماهه‌نگیكردن له قۆناغه‌كانی بنیادنانی نیشتمانیدا ڕێگه‌یان بۆ خۆش بكرێت. ئه‌م هه‌نگاوانه هانده‌ری سه‌ره‌كین بۆ پته‌وكردنی ڕۆحی ئینتیمای نیشتمانی لای ئه‌وان. به‌ڵام نابێ ئه‌وه له‌یاد بكه‌ین كه له سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی پته‌وكردنی ڕۆح و هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كاندا چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ریی هه‌رێم ببه‌زێنێت، به‌ڵكوو ده‌بێت به مه‌به‌ستی پته‌وتركردنی سه‌روه‌ره‌ییه‌كه‌ی بێت. له لایه‌كی دیكه به شێوه‌یه‌كی گشتی بابه‌تی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌نده هه‌ستیاره، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌وه ئه‌نجامی ترسناك و وێرانكه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه ئه‌نجامه‌كانی كاركردن له‌سه‌ر بابه‌تی ئینتیمای نیشتمانیی پێكهاته‌كان، ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت.