د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەکی
لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نیۆان ئەمریکا و ئێران ئەنجام درا، بە مەبەستی ڕاگرتنی پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتومیی ئێران و لە بەرامبەردا ئەمریکا پابەند بێت بە کەمکردنهوهی سزاکان لەسەر ئێران. ئەم ڕێککەوتنە لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیدارەی باراك ئۆباما پێی وابوو لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوه، دەکرێ ڕێگری بکرێ لە فراوانخوازی و دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ناوچەکە. ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆی ئەوەی، ئەو بڕە پارەیەی ئێران، کە کاتی خۆی بەهۆی سەپاندنی سزاکانهوه سڕ کرابوو و نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، دیسان پێی بدرێتەوە. ئیدارەی سەرۆک ترامپ، لە ساڵی ٢٠١٨ لەم ڕێکكەوتنە پاشەکەشەی کرد و پێی وابوو ئەم ڕێکكەوتنە دەرفەتی بۆ ئێران ڕەخساندووە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و ئەنجامدانی جهنگی بەوەکالەت لە ناوچەکە، چالاکی بنوێنێت و ببێت بە مەترسی و هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، مەبەستی بوو دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام شانده بەشداربووەکانی دانوستانەکانی ڤیەننا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپایییەکانی لەلایەك و ئێران لە لایەکی تر، لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ هەڵپەساردنێکی کاتیی دانوستانەکانی ڕاگەیاند. لای خۆیەوە تاران سوورە لەسەر لابردنی تەواوی سزا ئابوورییەکان و قبووڵکردنی پەرەسەندنە تەکنیکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە لەو کاتەوەی واشنتۆن لە دانوستانەکان کشاوەتەوە بەدەست هێنراوە، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە خاڵەکانی ڕێکكەوتنی ساڵی ٢٠١٥.
سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران پاش ڕێکكەوتنی ئەتۆمی
پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران بە زۆر قۆناغی مێژووییدا تێ پەڕیوە. لە ڕابردوو گەیشتۆتە ئاستی هاوپەیمانێتی، بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی "ڕێکكەوتننامەی دۆستایەتی" لە سەردەمی ئایزنهاوەر و محهمهد ڕەزا شا، کە ٢٣ ماددەی لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەل و وڵاتدا لەسەر بنەمای ئاشتی و دۆستی و پەیوەندییەکان لە پێناو خزمەتکردنی لایەنی ئابووری و بازرگانی و مافە کونسوڵگەرییەکان، بێجگە لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە یاسایییەکانی تایبەت بە کۆمپانیا و ڕەوەندی هەردوو لا.
لە سەردەمی ململانێی نێوان هەردوو دەوڵەت لێکتێگەیشتنەکان جارێکی تر کارا بوونەوە، بەتایبەتی لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣. تەنانەت ئەمریکا ئێرانی پێش هاوپەیمانەکانی تری خۆی، سەبارەت بە هێرشکردنی بۆ سەر عێراق ئاگادار کردەوە. بەهۆیەوە ڕژێمی سەددام، کە بە دوژمنی سەرسەختی ڕژێمی ئێران وەسف دەکرا، لەسەر دەسەڵات لا برا. هەندێ لە توێژەران پێیان وایە، ئەگەر هەژموونی ئێران لە ئەفغانستان نەبوایە و ئەگەر هاوکاریی ئەمریکای نەکردبا، بە پێدانی نەخشەی جوگرافیی ورد لەسەر ناوچە چیایییەکانی ئەفغانستان، ئەمریکا پێی نەدەکرا بەئاسانی ئەفغانستان لە ٢٠٠١ داگیر بکات.
ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەمریکا و ئێران لە ڤیەننا بگەن بە ڕێکكەوتن، ڕێی تێ دەچێت لێتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوو لا لە چوارچێوەی "بەرژەوەندیی هاوبەش" دروست بێت؛ ئەمەیش لە پێناو ئاشتیی جیهانی نابێت، وەکوو لە میدیاکان باس و ڕیکلامی بۆ دەکرێت. هەروەها ئەمریکا دەتوانێ جارێکی تر ئێران، کە خاوەنی سوپایەکی بەهێزە، وەکوو پۆلیسی ناوچەکە بەکار بهێنێتەوە. بەو شێوەیە جەنگی وشە لە نێوانیان بەردەوامیی دەبێت، بێ ئەوەی پەنا بۆ جەنگی سەربازی ببردرێت.
لەگەڵ ئەوەیشدا ئاسۆی لێکتێگەیشنی نێوان جۆ بایدن و ئیبراهیم ڕەئیسی، دوورەدەستە. هەردوو لەناو دوو ژینگەی کەسایەتیی جیاواز دەژین و خاوەنی ئایدیۆلۆژیای جیاوازن، بۆیە ئەگەر هەیە، بایدن بتوانێت لە ڕێگەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێستا لە ڤیەننا توندڕەویی ڕەئیسی هێور بکاتەوە؛ تا ئەو کاتەی دەگەنە خاڵێکی زەمەنیی هاوشێوەی خاڵی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی سەردەمی ڕێکكەوتنی ئێران "کۆنترا"، کاتێ سەرۆك ڕۆناڵد ڕێگان هاوکاریی ئیدارەی "عەلی خامەنەئی"ی کرد لە ڕێگەی پێدانی چەك و تەقەمەنی بۆ بەهێزکردنی لە بەرەی جەنگدا دژ بە عێراق لە ساڵی ١٩٨٠-١٩٨٨ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠١ لێکتێگەیشتنی ئاستباڵا لە نێوان "جۆرج بۆش"ی کوڕ و محمەد خاتەمی دروست بوو، پێش هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و لە کاتی هێرشکردن بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.
سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر عێراق و هەرێمی كوردستان
لەگەڵ ئەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەشێك بووە لە هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی "داعش"، کە پاش ئەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٤ شاری مووسڵی داگیر کرد، دامەزرێنرا، ئێمە پێمان وایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاش ڕێکكەوتنی ئەتۆمی وەکوو هاوبەشێکی گرنگی عێراق و هەرێمی كوردستانە دەمێنێتەوە و، هاوکار دەبێت لە جێبەجێکردنی هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێت سەرجەم کێشە هەستیار و ئاڵۆزەکانی عێراق چارەسەر بکات، لە کاتێکدا ئابووری کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەندێ لە قەیرانەکان لە عێراق و هەرێم.
ڕاستە ڕێکخراوی داعش بەبەردەوامی لەناو سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە، بەڵام بۆچوونێکی باو هەیە كه دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا توانیویەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لەم وڵاتە هاوسەنگی بەدەست بهێنێ و، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دەستەبەرکردنی هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی هەرێمی. ئامانجێکی تری هەبوونی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بریتییە لە بونیادنانی تواناکان لە بوارەکانی سەروەریی یاسا و دڵنیابوون لەوەی هیچ بۆشایییەك لە بواری دەسەڵات، کە لەوانەیە بە سوودی داعش تەواو بێت، دروست نهبێت.
ئاشکرایە، کەوا لە دوا دانیشتنەکانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا بڵاوکراوەی هاوبەش سەبارەت بە ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا دەرچوو و، تیایدا جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژیی درێژخان کرایهوه؛ سەرەڕای بەردەوامبوونی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێگەرد، کە لە پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانیان پشكی ههبێت. بێجگە لەوەیش لە کاتی گفتوگۆکان باس لە پاڵپشتیکردنی ئەمریکا کرا بۆ بەهێزکردنی چاکسازیی ئابووری و تەکامولی هەرێمی و پابەندبوونی عێراق و هەرێم بە تۆڕەکانی وزەی هەرێمی لەگەڵ ئوردن و دەوڵەتەکانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو. بەو شێوەیە، دەکرێت بڵێین ڕێکكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق، هەوڵێك بووە بۆ پاراستنی بەهێزی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان هەردوو لا لە سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیی دووقۆڵی، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشمانیی هەردوو لا بکات، بێجگە لە بەرژەوەندیی هاوبەش، کە بریتییە لە سەقامگیریی هەرێمی.
ئەمریکا تەنانەت پاش ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەپێویستی دەزانێت، لەسەر ئەرکی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، تا بتوانێت مۆڵگەی چالاکیی تیرۆر لە ناوچەکە لەناو ببات و دڵنیا بێت لەوەی، ڕێکخراوی داعش دووبارە سەر هەڵناداتەوە. بێجگە لەوەیش ئەمریکا مەبەستیەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهانیدا ڕۆڵ بگێڕن، چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە، یەکێكن لە گەورە بەرهەمهێن و هەناردەکاری نەوت لە جیهان و، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەم کاڵایە بۆ بازاڕی وزە، دەتوانێت قەیرانێکی گەورە بۆ ئابووریی جیهان بخوڵقێنێ.
سیاسەتی ئێران لە هەمبەر عێراق و هەرێمی كوردستان
ناکرێت ئەمڕۆ ڕۆڵ و پێگەی ئێران لەسەر ئاستی هەرێمی نادیدە بگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو وڵاتە بگات بە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ (پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش + ئەڵمانیا) و خەونی دەستەبەرکردنی چەکی ئەتۆمی بێتە دی، کە دەبێتە مایەی بەهێزیی هەژموونی سیاسی و ئایینیی ئێران لە عێراق و چەندان دەوڵەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئێرانهوه، کە خاوەنی زۆرینەیەکی شیعەیە، هەروەها کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتانی تر لە ناوچەکە پاڵپشتی خواستەکانی ئێران دەبێت لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئێران و بڵاکردنەوەی شیعەگەرایی لە جیهان.
ئێران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی شیعە و پەراوێزخستنی سوننە و دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی كوردستان؛ لە بەرامبەردا هەوڵەکانی عەرهبستانی سعوودی و تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوننە بە هۆکاری هەژموونی زۆری ئێران لە عێراق، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ؛ بێجگە لەوەیش ئێران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی "پهكهكه" بۆ دروستکردنی ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کردەوەی چەکداریی دژ بە هێزەکانی تورکیا. واتە ئێران پاش ئەو ڕێکكەوتننامەیە چالاکییەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، کە دواجار دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکا.
کاریگەریی ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا
ئەگەر لە ئێستادا، کە عێراق بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕووی سیاسییهوه گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و ئەو لایەنانەی، کە لە ڕابردوو بەرژەوەندیی ئێرانیان لە عێراق دەپاراست و بەهۆی ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانهوه، لە پێکهێنانی حکوومەت دوور کەوتوونهتهوه، ڕێکكەوتن لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران ئەنجام بدرێت، ئەوا بەدڵنیایییەوە گوشاری زیاتر دەخرێتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکان لە دوورخستنەوەی ئەو هێزانەی، کە نزیکن لە ئێران و کارنەکردن بۆ دوورخستنەوەیان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو لە عێراق؛ گوایە ئەو هەوڵانە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران. ئێران پاش ڕێکكەوتننامەکە، بەهێزتر دەبێت لە بەکارهێنانی هەژموونی و، کاری جددیتر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە ڕێکكەوتن لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بابەتی نەوت و گاز.
کاریگەریی ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی بەغدا و پێکهێنانی حکوومەت
هەرچەنده ئێمە پێمان وا نییە موقتەدا سەدر خۆی بە نەیاری ئێران بزانێت، کە لە دوا هەڵبژاردنەکان لە عێراق وەکوو براوەی یەکەم، زیاتر لە ٧٠ کورسیی پەرلەمانیی بەدەست هێنا، چونکە ئەو لە پەیوەندییهكی باشدایە لەگەڵ بڕیاربەدەستان لە تاران، بەڵام سەدر مەبەستیەتی پەیامێ بۆ ئێران بنێرێت، کەوا کاتی ئەوە هاتووە، ئێران سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە عێراق بگۆڕێ و دەستبەرداری ئەو کەسایەتی و لایەنانە بێت، کە لە ڕابردوو پشتی پێ بەستبوون لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق. ئێران مەبەستی نییە عێراق سوود لە پێگەی جیۆسیاسیی خۆی وەربگرێت و بتوانێت وەک ڕابردوو لە دروستکردنی هاوسەنگیی هەرێمیدا ڕۆڵ بگێڕێ و، توانای ئەوەی هەبێت ڕووبەڕووی هێزێکی هەرێمیی وەکوو ئێران ببێتهوه.
لە بەرامبەردا ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا تەنانەت بگاتە لووتکەی کرانەوە و لێبووردەیی بەرامبەر بە ئێران، بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە و پایتەختی نەتەوەی شیعە لە ناوچەکە، ئەوا تەنیا ڕێگەی پێ دەدات ببێت بە شێوەیەك لە دەوڵەت، هاوشێوەی هێزە هەرێمییەکانی تر، تا هاوسەنگی لە ناوچەکە بپارێزێ، بە شێوەیەك کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات؛ وەک چۆن پێش شۆڕشی ئیسلامی ئەو کارەی ئەنجام دەدا؛ واتە بگەڕێتەوە بۆ سنووری خۆی وەکوو دەوڵەتێكی دوور لە بەرنامەی شۆڕشگێری و نێونەتەوەیی.
ئێران پێی وایە بابەتی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەدر و گرووپە شیعەکانی تری سەر بە ئێران بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئەم گرووپانەیە، بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا ببن بە بەشێك لە بڕیاری سیاسی؛ هەڵوێستوەرگرتن و سڕبوونی پرۆسەی سیاسی، مەترسیی ئەوە بۆ ئێران دروست دەکات، کەوا ئەنجامەکان پێچەوانە بن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە لە نێوان پێکهاتەی شیعە دروست بێت. ئێران نایەوێت ئەمە ڕوو بدات، کە لەوانەیە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی لێ بکەوێتەوە، کە هەبوونی شیعە بەتەواوی لاواز بکات.
ئەگەر ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و ئێران سەر بگرێت یان هەڵوەشێتەوە، ئەوا بەدڵنیایییەوە ئێران پێی خۆشە حکوومەتی ئاییندە لە عێراق ١٠٠٪ هاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشووتر بەتەواوی بەدەست شیعە بێت. لە بەرامبەردا ئەو خواستەی سەدر ڕەت دەکاتەوە کەوا مەبەستی دامەزراندنی حکوومەتێکە لەسەرووی پێکهاتە و پۆستە وهزارییەکان بێت. بۆیە ئێران بە هەموو شێوەیەك کار دەکات بۆ ئەوەی "بەرەی بەرگریی ئیسلامی"، هاوبەش بێت لە دەسەڵات و لە توانایدا بێت شێوازی پەیوەندیی حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دیاری بکات. ئێران، عێراق و هەرێمی كوردستان بە دەروازەیەك دەبینێ بۆ سەپاندنی هەژموونی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بۆیە نایشارێتەوە، کەوا ئاسایشی عێراق پەیوەستە بە ئاسایشی ئێرانەوە.
ئێران لە ئێستادا خاوەنی مووشەکی بالیستییە و هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت؛ بۆیە ئێران دەتوانێ بە لادانی سزاکان لەسەری، سوود لە وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارانە وەربگرێت کە بەهۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا لە بانکەکان سڕ کرابوون. ئێران تا پێش ساڵی ٢٠١٨ بەتەواوی سوودی لە ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمی وەرگرتبوو؛ بەوەی ئەو وڵاتە دەرگهی واڵا بوو بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیا بیانییەکان و بە قەوارەی ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی ڕێکكەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کردبوو.
بۆیە ئەگەر ڕێکكەوتنی ئەتۆمی سەر بگرێت، ئەوا بەدڵنیایییەوە ئێران دەتوانێ دەیان ملیار دۆلاری ئەمریکی لە چالاکییەکانی بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان خەرج بکات، کە بەهۆیانەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەکەونە ژێر مەترسییەوە و دۆخی سیاسیی عێراقیش بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، قۆناغی دوای ڕێکكەوتننامە ئەتۆمییەکە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دیمەنی دیپلۆماسیی جیهانی دروست دەکات. هەرچەنده گۆڕانکارییەکان بە شەو و ڕۆژێك ڕوو نادەن، بەڵام ئەگەر بڕیار لەسەر ڕێکكەوتن درا، ئەوا بابەتی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێویستی بە بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە، کە لە ئێستادا بووە بە چەندین بەرە؛ بێجگە لەوەیش گەڕانەوەی ئێران بۆ ناو بازاڕی جیهانی و بانکە دارایییەکان کاتی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کارڕایی و، پرۆسە دارایییەکانی پەیوەست بەو بابەتە. لەم ماوەیە ناکرێت پێشبینیی ئەوە بکەین کەوا هیج ڕووداوێکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دروست نەبێ، کە ببێتە هۆکاری گۆڕینی نەخشەی زلهێزەکان و، دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران بگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەم. بۆیە پێویستە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێریی پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان بکەن و سوود لە دۆخی هەنووکەیی وەربگرن بۆ پێداچوونەوە بە کەناڵە دیپلۆماسییەکانیان لە پێناو زامنکردن و دەستهبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان.
سەرچاوەکان:
David Albright and Sarah Burkhard, Iran's Perilous Pursuit of Nuclear Weapons. Institute for Science and International Security, Mai 2021.
Mr. Michael C. Enwerem, The Iran Nuclear Deal: What You Do Not Know About The Deal. CreateSpace Independent Publishing Platform; 1st edition (September 29, 2015).
Robinson, Kali, “What is the Iran Nuclear Deal” August 18, 2021, availiable at: https://www.cfr.org/backgrounder/what-iran-nuclear-deal.
Masterson, Julai, “Iran Nuclear Deal Hangs in the Balance” March 2022, available at, https://www.armscontrol.org/act/2022-03/news/iran-nuclear-deal-hangs-balance
“THE IRAN NUCLEAR DEAL:What's Wrong With It And What Can We Do Now?” available at ; https://www.unitedagainstnucleariran.com/iran-nuclear-deal?gclid=Cj0KCQjwxtSSBhDYARIsAEn0thSdy-HXQHM2vxO-tzX8MDNZA--hMrG7rAWilAmznohksUpYVRWAI5EaAl7XEALw_wcB