لێکەوتەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان لەسەر سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر ئێران

د. چناربابەکرمحەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی – کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین

دەسپێك

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لەگەڵ هاتنی حزبی داد و گەشەپێدان بۆ سەر دەسەڵات لە تورکیا لە سەرەتای هەزارەی سێیەم، ڕەهەندی نوێی بەخۆیەوە بینی. لە ڕێگەی بیردۆزەکانی قووڵاییی ستراتیژی و سفرکردنی کێشەکان و هێزی نەرم، کە حکوومەتی تورکیا بەرهەمی هێنا، ئاستی هاوکاریی نێوان هەردوو دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری. شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، بەدیاریکراوی لە سووریا، بە شێوەی گشتی وەرچەرخانێکی بنەڕەتیی لە ناوچەکە دروست کرد، کە هاوکار بوو لە زیادبوونی ئاستی دەستێوەردان و هەژموونی تورکیا و ئێران لە ژمارەیەك لە وڵاتان و کێشەکانیان.

لەوەیش گرنگتر، شۆڕشی سووریا بەدیاریکراوی، ئەزموونێکی قورس بوو بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەردوو لا. کار گەیشتە ئەوەی، هەردوو لا قسەی زبر و هەڕەشەئامێزیان بەکار دەهێنا و دواتر گەیشتە قۆناغی جەنگی بەوەکالەت و هەناردەکردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەو فاکتەرە خۆجێیانەی، کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر دروستبوونی قەیران لە سووریا. ئەم حاڵەتە لە دژبەری و ڕکابەریی نێوان هەردوو هێزی هەرێمی لە سووریا، سایەی گەیاندە سەر کێشە هەرێمییەکانی تر و، ئەنقەرەی پاڵنا لە چەندان دۆسیەدا دژ بە تاران ڕەفتار بکات، لەوانەیش دۆسیەی عێراق و یەمەن و کەنداو.

دواتر هەردوو لا زۆر خێرا پەیوەندییەکانیان لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەوە گۆڕی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، ئەوەیش بە هۆکاری ئەو بەخۆداچوونەوەیە بوو کە تورکیا لە سەرەتای ٢٠١٥ لە سیاسەتی دەرەوەی گرتییە بەر، کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گرنگانەی، کە لەسەر ئاستی هەرێمی ڕوویان دا، وەکوو: دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە کاروباری سووریا لە پاییزی ٢٠١٥، کە ئاراستەکەی بەتەواوی گۆڕی؛ هەروەها هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی هاوینی ٢٠١٦ بۆ ئەنجامدانی کودەتا دژ بە ئەردۆغان و، ساردبوونەوەی پەیوەندیی نێوان سعوودیا و تورکیا پاش هاتنی میر سەلام بۆ سەر دەسەڵات لە ٢٠١٥ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان لە ئەیلوولی ٢٠١٧.

بۆیە دەکرێ بوترێ، کە لە سەرەتای ٢٠١٦وە ئاراستەی هاوکاری یان لایەنی کەم لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لا گیراوەتە بەر. ئەمەیش بەڕاشکاوی لە دانوستانەکانی ئەستانەی ٢٠١٧ و ئەو چوارچێوە سێلایەنە دەردەکەوێ، کە بە مەبەستی ڕاگرتنی جەنگ لە تەواوی سووریا دامەزرێنرا و دواتر بە شێوەی ئەرێنی ڕەنگی دایەوە لە پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی و سیاسیی ڕاستەوخۆی نێوانیان. ئەم وەرچەرخانە گرنگەی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان دوو دەوڵەتی هەرێمی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ژمارەیەك لە دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکە:

١- کێشەی سووریا: لێرەدا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆن تا ڕاددەیەكی زۆر پاشەکشەی پێ کرا لە بەرژەوەندیی دانوستان لەژێر دروشمی ئەستانا (دواتر گۆڕا بۆ نوور سوڵتان) و بەتەواوی کۆتایی نەهات.

٢- عێراق: هەردوو لا هاوکاری یەکتر بوون و لەگەڵ حکوومەتی بەغدا پێکەوە کاریان کرد بۆ گۆڕینی فۆرم و ناوەڕۆکی پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان و گوشاریان خستە سەر هەرێمی كوردستان بۆ سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم.

وەکوو پێشووتریش ڕووی داوە، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئێران لە ئاییندەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە ئێستا و لە داهاتوودا لەسەر ژمارەیەك لە دۆسیە و بابەتی هەرێمی دەبێت؛ جا ئایا ئەو دۆسیانە پەیوەست بن بە لێکتێگەیشتن و هاوکاری، وەکوو کارکردن لەسەر دۆسیەی کورد، یان پەیوەست بن بە ڕکابەری لە عێراق، یان دۆسیەی ناکۆکی بێت وەکوو ئەوەی لە سووریا هەیە. بەتایبەتی پەیوەندیی دوولایەنە، بۆ درێژمەودا بە سەقامگیری نامێنێتەوە و دەکەوێتە بەر کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکان، لەوانە: گوشاری ئەمریکا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئەگەری ڕوودانی گرژیی تر لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە ناوچەی کەنداو.

١- ئایا هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر ئێراندا دەبێت؟

لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ماوەی دەیەی ڕابردوو بۆ جموجۆڵی لە هەر یەك لە سووریا و لیبیا و عێراق، زیاتر پشتی بە فاکتەری سەربازی بەستبوو و لە هەندی دەوڵەت لە ئەفریقا ڕاوێژکاری سەربازیی پێشکەش دەکرد، بێجگە لە پاڵپشتیکردنی ئازەربایجان لە جەنگی دژ بە ئەرمینیا بە مەبەستی ڕزگارکردنی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ، هەموو ئەمانە بووە هۆکاری دروستبوونی ناکۆکی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی وەکوو سعوودیا و ئیمارات و میسر و ئیسرائیل؛ بەڵام دواجار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، کە ٢٨-٥- ٢٠٢٣ دووبارە وەکوو (٢٢)یەمین سەرۆكکۆمار هەڵبژێردرایەوە، لە دوو ساڵی ڕابردوو دەستی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ ڕیاز و ئەبو زەبی و تەلئەبیب و، دیالۆگی لەگەڵ قاهیرە و دیمەشق دەست پێ کردەوە و بەستەڵەکی شکاند. ئەمەیش پاش هەڵبژاردنەکان دەبێتە خوێندنەوەیەکی نوێی تورکیا بۆ ناوچەکە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تورکیا توانیی پێگەی خۆی بە هۆکاری جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا بەهێزتر بکات؛ چ لەلایەن ڕووسیاوە بێت و چ لە لەلایەن ئەو دەوڵەتە ڕۆژاوایییانەی، کە پشتگیری لە ئۆکراینا دەکەن. ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێران، ئەوا دەکرێت بڵێین کەوا ئێران و تورکیا ستراتیژیی هاوبەشیان هەیە لە بواری جیاجیادا. لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕێککەوتنی بازرگانی هەیە بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕ بۆ زیاتر لە ٣٠  ملیار دۆلار و، کار بۆ دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش کراوە بۆ بەهێزکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو لا. هەردوو لا ڕێک كەوتوون لەسەر زیادکردنی هەناردەی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا و پەرەپێدانی پرۆژەکانی وزەی هاوبەش. لە ڕووی بەرگری بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکان، هەردوو لا کار بۆ تۆکمەترکردنی ڕێکكەوتنی نێوانیان دەکەن و تیشك دەخەنە سەر هاوبەشیی هەواڵگری و شەڕی هاوبەش دژی تیرۆریزم.

لە بەرامبەردا ئەردۆغان پشتبەست بە ئایدیۆلۆژیای پان تورکیزم، کار بۆ یەکگرتووییی وڵاتانی توركزمان دەکات و مەبەستیەتی لە ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی وەکوو ئازەربایجان، قەزاقستان، قرقیزستان، ئوزبەکستان و تورکمەنستان ئەنجومەنی هاوکاریی نێوانیان بەهێزتر بکات. ئەمەیش دواجار دەبێتە مایەی فراوانبوونی هەژموونی تورکیا و، نیگەرانیی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی ئێران. ئەم هەوڵەی تورکیا لەوانەیە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆیشدا بێت، کە لەوانەیە ڕێڕەوێک بەدی بهێنێت بۆ بەستنەوەی ئاسیای ناوەڕاست بە ئەوروپاوە. بۆ ئێران ئەمە بەو مانایە دێت کە لە ڕێڕەوەکانی وزە جیا بکرێتەوە و پەیوەندییە وشکانییەکەی لەگەڵ ڕووسیا و ئەرمینیا لەدەست بدات؛ کە دەرگەیەکە تاران لە ڕێگەیەوە دەتوانێت بچێتە ناو بازاڕەکانی یەکێتیی ئابووریی ئەوروپاوە.

٢- ئایا سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر ئێران وەکوو ڕابردوو بەردەوام دەبێت یان دەگۆڕدرێت؟ خاڵ و پرسە هاوبەش و ناکۆکەکانی نێوان تورکیا و ئێران کامانەن؟

لەگەڵ ئەوەی کێشە هەرێمی و جیۆسیاسییەکان هەردوو دەوڵەت کۆ دەکاتەوە، وەکوو دژایەتیکردنیان لەگەڵ ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان، کە لە دیدی ئەوانەوە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر یەکگرتووییی خاکیان، هەردوو دەوڵەت لە ڕکابەرین لەگەڵ هەر یەك لە سعوودیا و ئیسرائیل لەسەر بابەتی هەژموون لە ناوچەکە. پێم وایە ئەردۆغان لە پاش دووبارە هەڵبژاردنەوەی، زیاتر هەوڵ دەدات بۆ ساردکردنەوەی دۆسیە گەرمەکانی ناوچەکە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، ئەوەیە کەوا تورکیا ئەندام و هاوپەیمانی ناتۆیە و وەکوو هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکا دەمێنێتەوە، کە دوژمنی سەرەکیی ئێرانە؛ ئەگەرچی ئەردۆغان لە ڕابردوودا چەندان جار هەڵوێستێکی سەرکێشانەی بەرامبەر بە ئەمریکا نواند، وەکوو: کڕینی سیستەمی بەرگریی S400 لە ڕووسیا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مەیدانی لە سووریا، سەرەڕای ڕێگرییەکانی ئەمریکا. 

لەگەڵ ئەوەی دەستپێشخەرییەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر و ئیمارات و ئیسرائیل مایەی گومانن بۆ ئێران، سەبارەت بە سیاسەتی هەرێمیی تورکیا و ڕاددەی سەقامگیریی هەڵوێستی بەرامبەر بەو وڵاتانە، دەبینین ئەوەی نیگەرانیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە بۆ ئێران، هەوڵەکانی تورکیایە لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز، چونکە ئێرانیش ئەو ناوچانە بە بەشێك لە هەژموونی گرنگی خۆی دەبینێ. لە لایەکی ترەوە ئێران پێویستی بە ڕۆڵی کارای تورکیا هەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەتوانێ وەکوو فاکتەری هاوسەنگی لە نێوان تاران و مۆسکۆ و پەکین و خاڵی پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕۆڵ بگێڕێ. هەروەها ڕەهەندی ئابووری، کە ئەم چەند وڵاتە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، فاکتەرێکی کاریگەری هاوسەنگییەکانە، کە دەتوانێ سەقامگیریی جیۆستراتیژیی قووڵ لەگەڵ خۆی بهێنێ.

ئێران لە سووریا پێویستی بە تورکیا هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا ڕێگرە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری سیاسی لە سووریا؛ چونکە بەهۆی تورکیاوە دەتوانێ خۆی لە چەکی سزاکانی ڕۆژاوا و ئەمریکا، کە لە دژی بەکار دەهێنن، بدزێتەوە. ئەوەی کە ئێران زوو پیرۆزباییی لە ئەردۆغان کرد، بەهۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا، پەیامێکە و پێمان دەڵێ، کە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان چەند گرنگە بۆ ئێران. ئەردۆغان لە ماوەی ڕابردوودا سەلماندی، کەوا ئەو دەتوانێ هەموو بەرژەوەندییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی دەستەبەر بکات و زیرەکانە کار لەسەر دژبەرەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بکات بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی.

٣- سیاسەتی ئێران و تورکیا لە ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراق لە بەرامبەر یەکتریدا چی دەبێت؟

ئەگەر چی دیدگەی ئەردۆغان، کە ناسراوە بە "سەدەی تورکیا"، ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی بە پاراستنی دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی تورکیا و بەردەوامبوونی لەسەر پرۆژە زەبەلاحەکانی لە بواری بەرگری و وزە و گواستنە و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە، تورکیا پێی وایە لە ڕابردوودا زۆر بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ئێران كردووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئەتۆمی و پرسی هەرێمی. تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بەرامبەر بە گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەیەی ڕابردوو، تورکیا بەرژەوەندییەکانی ئێرانی لەبەرچاو گرتووە. تورکیا وای دەبینێ، تاران هەڵوێستێکی پەڕگیرانەی توندی لە عێراق و سووریا و لە کاتی جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناگۆرنۆ قەرەباخ و لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی كوردستان (پەكەكە)دا نواندووە. ئەم ڕەفتارانەی تاران، کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەییی تورکیا هەبووە. 

هەروەها ئەنقەرە لەو باوەڕەدایە، تاران لەژێر ڕۆشناییی پەرەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە داهاتوودا کار بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە عێراق و سووریا دەکات و ئەو هەڵوێستەی، کە لە ماوەی سیاسەتەکانی "زۆرترین گوشار"دا بۆ بەرژەوەندیی ئێران پەیڕەوی کردووە، ئێرانی بەهێزتر کردووە. بۆیە ئەگەری هەیە تورکیا لەژێر بارودۆخی نوێدا لە ناوچەکانی هەژموونی ئێراندا هێزی سەربازی بەکار بهێنێت بۆ سنووردارکردنی ئەو هەژموونەی ئێران. ئەردۆغان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتی، ناسنامەیەکی جیۆسیاسیی نوێی بۆ تورکیا دامەزراند، کە فۆکۆسی خستە سەر گۆڕینی ئەو وڵاتە بۆ بوونی بە هێزێکی سەربەخۆ و هەوڵدانی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕۆژاوا لە بوارە سەرەکییەکانی وەکوو ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و تا ڕاددەیەکی کەمتریش لە بواری ئابووری.

دۆکترینی هاوسەنگی، کە ئەردۆغان لە دەیەی ڕابردوو لە داڕشتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ڕۆژاوا پەیڕەوی دەکرد، دیارترین هێمای سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان بوو. ڕاستە ئەردۆغان لە بەکارهێنانی ئەو سیاسەتە سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە سایەی ئەو گرژی و ڕکابەرییە جیۆسیاسییە نوێیەی کە لە نێوان زلهێزەکاندا هەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتی، وا دەکات سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ساڵانی داهاتوو ڕووبەڕووی گوشاری زیاتر ببێتەوە، بەتایبەتی گوشاری ڕۆژاوا، کە مەبەستیەتی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کاڵتر بکاتەوە. دەستنیشانکردنی کەسێکی وەکوو "هاکان فیدان" بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، کە شارەزای تەواوی دۆسیەی ئاسایشییە، ئاماژەیە بۆ نیازی بەکارهێنانی سیاسەتێکی هێمنانە لە بواری کاروباری دەرەوە بە مەبەستی بەردەوامبوونی تورکیا لەسەر دۆکترینی هاوسەنگی. ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لە لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بۆڕیی گازی سروشتی، ئەوا ئێران ئەم بەردەوامبوونەی تورکیا لە بواری وزە بە هەڕەشە دەبینێ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق. تورکیا یەکێکە لە دیارترین کڕیارەکانی گازی سروشتیی ئێران؛ ئەمەیش سەرچاوەی داهاتێکی گرنگە بۆ ئێران، کە لە ئێستادا لەژێر سزا نێودەوڵەتییەکانە. فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە لەلایەن تورکیا، توانای تاران لە بەکارهێنانی ناردنی وزە وەکوو ئامرازی گوشار کەم دەكاتەوە.

ژمارەیەك دۆسیەی ئاڵۆز، عێراق بە تورکیاوە گرێ دەدات، لەوانە: دۆسیەی ئاو و بڕینی پشکی عێراق لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها دۆسیەی ئاسایشی، کە بە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دادەنرێ؛ چونکە تورکیا چەندان بنکەی سەربازیی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای مووسڵ دامەزراندووە، بێجگە لە هێرشە ئاسمانییەکانی، کە بە مەبەستی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەنجامی دەدات. تورکیا لە ڕابردوو هەوڵی داوە بچێتە ناو شنگال، چونکە پێی وایە ئەو شارە، بووە بە لانەیەك بۆ چەکدارەکانی پارتی کرێکاران. لە دۆسیەی سیاسییشدا تورکیا پاڵپشتی لە هەندێ هێزی سیاسیی عەرەبی سوننە دەکات، لەوانە: بەرەی سەر بە خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبووسی. کێشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی جیهان، کێشەیەکی تری ئاڵۆزە لە نێوان عێراق و تورکیا؛ ئەگەرچی حکوومەتی نوێی ئەردۆغان مەبەستیەتی کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا کەم بکاتەوە و لەگەڵ هەرێم لە پەیوەندییەکی ئەرێنی و باشدا بێت.

ئێران کە لە هەڵبژاردنەکاندا گرەوی لەسەر بردەنەوەی ئەردۆغان دەکرد، خواستی ئەوەیە، ئەردۆغان بەردەوام بێت لەسەر خۆدوورخستنەوەی لە ڕۆژاوا و نزیکبوونەوەی لە پرۆژەی ئۆراسیا، کە مەبەستی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی بەرژەوەندیی ئابووری و ستراتیژییە، تا دەگاتە چین و ڕووسیا. ئێران پێی وایە، حزبی داد و گەشەپێدان لە ڕابردوودا توانیویەتی تورکیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی پەیمانی ناتۆ و هەژموونی ئەمریکا دوور بخاتەوە و سیاسەتێکی سەربەخۆ پەیڕەو بکات، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تورکیا و دیدی ستراتیژیی ئەو وڵاتە دامەزرابێت، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی هاوسەنگی لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی ڕکابەریی نێوان هەردوو لا، بەڵام دەستێوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی عێراق و ورووژاندنی دۆسیەکانی وەکوو ڕێککەوتن سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێم و ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و دژبەریی نێوان سوننە و شیعە لەسەر شێوازی دەسەڵات لە بەغدا، هەموو ئەمانە بەردەوام دەبن لە هاندانی ڕکابەریی نێوان ئێران و تورکیا.

سەرچاوەکان:

GalipDalay, “How will geopolitics shape Turkey’s international future?”June 5, 2023, available at: https://www.chathamhouse.org/2023/06/how-will-geopolitics-shape-turkeys-international-future

HürcanAslı Aksoy, Salim Çevik, “One man rule: What Erdoğan’s re-election means for Turkey’s political system and foreign policy”June 2, 2023, in: https://www.swp-berlin.org/en/publication/one-man-rule-what-erdogans-re-election-means-for-turkeys-political-system-and-foreign-policy-1

Kali Robinson, “Turkey’s Growing Foreign Policy Ambitions,”June 1, 2023, available at :https://www.cfr.org/backgrounder/turkeys-growing-foreign-policy-ambitions

Sinem Adar, “Erdoğan’s Syria Policy: Continuation of the Status Quo?”June 5, 2023, available: https://www.fpri.org/article/2023/06/erdogans-syria-policy-continuation-of-the-status-quo/

Mehmet Emin Cengiz,“The Future of the Iranian-Turkish Relationship: A Contained Geopolitical Rivalry or A Possible Escalation Between Ankara and Tehran?”Sept20,  2022,available: https://research.sharqforum.org/2022/09/20/iranian-turkish-relationship/

Dr Ziya Meral, “Turkey’s Perspective on Iran and the Question of Nuclear Enrichment,”April 7, 2022,available at:

https://www.rusi.org/explore-our-research/publications/commentary/turkeys-perspective-iran-and-question-nuclear-enrichment

Hamidreza Azizi and Salim Çevik, “Turkish and Iranian Involvement in Iraq and Syria,” SWP, October 12,2022,available at: https://www.swp-berlin.org/en/publication/turkish-and-iranian-involvement-in-iraq-and-syria

 

Latest from چنار بابەکر محەمەد

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples