د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین
دەسپێك
لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدان، کە تیایدا سەرۆكی ئەمریکا لە ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٢ لەگەڵ سەرکردەکانی دەوڵەتەکانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، شانشنی عەرەبیی سعوودیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی) و، سەرکردەکانی هەر یەكە لە میسر و عێراق و ئوردن (GCC+3)کۆ بووهوە، دەرفەتێك بوو بۆ سەرۆكی ئەمریکا، سەرلەنوێ جەخت بكاتهوه لەسەر ئەو گرنگییەی واشنتۆن بە هاوبەشە ستراتیژییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندان دهیە؛ هەروەها پابەندیی بەردەوامی خۆی دووپات کردەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە خاکی هاوبەشەکانی و دانپێدانانی بەوەی، کەوا ئەو ناوچەیە لە ڕووی گرنگییەوە ڕۆڵی زیاتر دەگێڕێ.
بۆیە ئێمە پێمان وایە سیاسەتی ئەمریکا زیاتر کار لەسەر تێوەگلان دەکات لە ناوچەکە، نەوەك پاشەکشەکردن لەم ناوچەیە. بۆیە ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی واشنتۆن سەبارەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندان پرسیار دەورووژێنێت: بۆچی ئیدارەی بایدن لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە نیازی کشانەوەی هەبوو لە ناوچەکە و، بۆچی لە ئێستادا دووبارە ئامادەبوونی ئەمریکا لەم ناوچەیە بەرجەستەتر دەبێت؟ سەرۆك بایدن لە یەکەم وتاری لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ وەکوو سەرۆك، سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە زمانێکی جیاواز لە سەرۆكی ڕابردوو (دۆناڵد ترامپ)ی بەکار هێنا. ئەو ئاماژەی بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕۆڵی سەرکردایهتیی واشنتۆن کرد و بەڵێنی دا، کە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی نوێ دابمەزرێنێ.
بایدن لە وتارەکەی بە تێروتەسەلی باسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرد و لە درێژەی وتارەکەیدا کێشە ئاڵۆزەکانی، وەکوو جەنگی یەمەن و ئالنگارییەکانی پەیوەست بە ڕووسیا و چین و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی پەنابەران، پەراوێز خست، بۆیە هەموو ئەمانە بوون بە هۆکاری ئەوەی، توێژەرانی سیاسی پێیان وا بێت، ئەمریکا نیازی کشانەوەی هەیە لە ناوچەکە، یان هەر هیچ نەبێت مەبەستیەتی تێوەگلانی خۆی کەمتر بکاتەوە و ڕوو لە ناوچەی تر بکات، کە زیاتر مایەی گرنگیپێدانن بۆ واشنتۆن، بەتایبەتی ناوچەی بازنەی ئۆقیانووسی هیندی و ئۆقیانووسی ئارام.
هۆکاری دروستبوونی ئەم بۆچوونە، دەگەڕێتەوە بۆ جووڵەی ئیدارەی ئەمریکا بە مەبەستی دەستبەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کشانەوەی هەندێ لە هێزە سەربازییەکانی لە سعوودیا و گواستنەوەی مووشەکی بەرگریی پاتریۆت و فڕۆکەهەڵگرەکانی لەو وڵاتە بۆ شوێنی تر و تیشکخستنە سەر کارپێکردنی سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکی بالستیی THAADو کۆتاییهێنان بە ئەرکی خۆی لەناو هاوپەیمانێتی بۆ پاڵپشتیکردنی "شەرعییەت" بە سەرکردایەتیی سعوودیا لە یەمەن. لە پاڵ ئەمەیشەوە، کاری کرد بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق و، بەردەوام بوو لە سیاسەتی هێورکردنە و خۆگونجاندن، کە سەرۆك باراك ئۆباما بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دای ڕشتبوو، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە.
بۆیە ئیدارەی بایدن لە ساڵی یەکەمی حوکمڕانی، سیاسهتی پهراوێزخستنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرته بهر؛ ئەمەیش لە دەرەنجامی ناڕوونیی ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست بوو، بەتایبەتی لەگەڵ کەمبوونەوەی ئامانجە باوەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئیسرائیل و پاراستنی هەناردەی نەوت. چونکە ئیسرائیل بەهۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە، لەو ژینگەیە دەرچوو کە بۆ پاراستنی، پێویستیی بە بوونی ئەمریکا بێت لە ناوچەکە. هەروەها خواست لەسەر وزەی ناوچەکە کەم بووهوە، لە تەنیشت ئهمهیش بڕێکی زۆر لە سەرچاوە و هەوڵەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە بەفیڕۆ چوو؛ بە شێوەیەك کە ئەستەم بوو جارێکی تر شەقامی دابەشبووی ئەمریکا قایل بکرێ، بۆ ئەوەی سەرچاوە و هەوڵی زیاتر لە پێناو ئەم ناوچەیە خەرج بکرێت. بۆیە وا دەرکەوت، ئیدارەی بایدن دۆسیە بە دۆسیە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، نەوەك بەپێی بنەمای تێڕوانینێکی گشتگیر.
لە لایەکی ترەوە کاریگەریی میراتی سەرۆك ترامپ لەسەر سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشبەست بەو زەمینەسازییە، کە لە سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە ناوچەکە ئەنجام درابوو، بەڕوونی دیار بوو؛ بە شێوەیەك کە دەرچوون لەو بابەتانە، یان سڕینەوەیان ئەستەم بوو. بۆ نموونە ئەگەر بڕوانینە دۆسیەی ئێران، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی کشانەوەی ترامپ لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمی ئاسان نییە. بە واتایەکی تر، بڕیار نییە ئیدارەی بایدن بە هەمان لۆژیکی ئیدارەی باراک ئۆباما دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەڕێوە ببات و، ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوویان داوە پشتگوێ بخرێن. بۆ نموونە گواستنەی باڵیوزخانەی ئەمریکا بۆ ئۆرشەلیم و ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی، کە بەردەوام پاڵپشتییان هەیە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا ئیدارەی بایدن جەخت لەسەر فۆرمی دوو دەوڵەت دەکات و هاوکاری پێشکەش بە فەڵەستینییەکان دەکات.
ئاڵۆزیی دۆخی ناوچەکە فاکتەرێکی کاریگەر بووە لەسەر سیاسەتی ئیدارەی بایدن؛ ئەو سیاسەتە بەپێی دیدی داڕێژراو بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو کۆتوبەندی بۆ دروست دەبێت. ئەمەیش لە هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر بە قەیرانی یەمەن بە دوو شێوە ڕەنگی دایەوە: یەکەم، ئەوەی یەمەن وەکوو دەوڵەتێکی شکستخواردووی ژێردەسەڵاتی حووسییەکان بمێنێتەوە؛ دووەم، دوودڵبوونی لە پشتگیریکردنی هەڵوێستی سعوودیا. ئەمە جارێکی تر لە مامەڵەکردنی لەگەڵ تورکیا دەرکەوت، کە لە لایەکەوە لەگەڵ ئەمریکا ناتەبایە، بەڵام لە لایەکی ترەوە وەک چەکوچێک بۆ ڕۆژاوا دەبینرێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی لە ناوچەکە. سەرەڕای ئەوەیش، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی تێوەگلانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پشکدار بووە لە دروستکردنی بۆشایییەک کە بۆ پڕکردنەوەی، دەسەڵاتەکانی تر، بەتایبەتی ڕووسیا و ئێران لە ڕێگەی ڕێڕەوە سیاسی و سەربازییەکان و دروستکردنی لێکتێگەیشتن و بەکارهێنانی بریکارەکان، هەوڵیان بۆ داوە. لە لایەکی دیکەوە چین لە ڕێگەی دەروازەی ئابوورییەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ناوچەکە، کاری کردووە.
دووبارە تێوەگلان
لە ساڵی ڕابردوو چەندان ئاماژە بەدی دەکران بۆ دووبارە پێداچوونەی ئەمریکا بە سیاسەتی تایبەت بە خۆدوورخستنەوە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، کە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ ڕووی دا، هاندەرێکی ناچاری بوو بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرلەنوێ تێکەڵ بە ناوچەکە بێتهوه. ئەم جارەیان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، گرنگییهكی زیاتریان به ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. ئەم گرنگبوونەی، لە ژمارەیەك سەردان ڕەنگی دایەوە، کە سەرانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە ئەنجامیان دا.
سەرەڕای ئەوەیش سەرکردایەتیی هێزەکانی هاوبەش، لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٢ دامەزراندنی "هێزی ئەرکی هاوبەشی (١٥٣)یان جاڕ دا، کە ئەرکی مانۆڕکردن بێت لە دەریای سوور بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی "چالاکییەکانی تیرۆریستان و قاچاغچێتی". دیارترین ئاماژە بۆ سەرلەنوێ گرنگیدانی ئەمریکا بە ناوچەکە، سەردانەکەی سەرۆك بایدن بوو، بۆ ئیسرائیل و کەرتی ڕۆژاوای فەڵەستین و سعوودیا. لە سەردانەکەیدا جەختی لەسەر ئەو گرنگیپێدانە کردهوه، کە واشنتۆن بەو هاوبەشە ستراتیژییانەی دەدا، کە چەندان دەیەیە لە ناوچەکە هاوبەشن. هەروەها ئاماژەی بەوەیش کرد، واشنتۆن بەردەوام پابەندیی خۆی بۆ ئاسایشی هاوبەشەکانی دووپات دەکاتەوە و سوور بوو لەسەر ئەوەی، ئەم ناوچەیە گرنگیی زیاتری بۆ واشنتۆن و جیهان دەبێت.
بایدن لە سەردانەیدا پێنج پڕهنسیپی سەرەکیی بۆ ئاراستەکردنی هاوبەشیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دهیەکانی داهاتوودا، دیاری کرد: یەکەمیان، هاوبەشیکردنی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لەناو سیستەمی نێودەوڵەتیدا هاوبەشن لە ڕێساکان. دووەمیان، پەیوەندیی بە پرسی ڕێگریکردن هەیە لە هەر چالاکییەك لەلایەن هێزێکی هەرێمی و بیانییەوە بۆ ڕێگرتن لە ئازادیی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا یان کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت و ناوچەکانی تر. سێیەمیان، لەسەر بنەمای دیپلۆماسییە بۆ کەمکردنەوەی گرژی و توندکردن و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان. چوارەمیان، لەسەر بنەمای یەکخستنە بە دروستکردنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە نێوان هاوبەشەکانی واشنتۆن، تا ئەو ڕاددەیەی کە دەکرێت. پێنجەمیان، بابەتی بەهاکانە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە مافی مرۆڤ و ئەو بەهایانەی، کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەق کراوە.
بێجگە لەو پێنج خاڵە، سەرۆك بایدن بڕیاری دا بە تەرخانکردنی یەك ملیار دۆلار وەکوو هاوکاری بۆ ئاسایشی خۆراك لە ناوچەکە و، بەڵێنی دا كه ئەمریکا بە بەهای ١٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی تۆڕی نەخۆشخانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بکات. هەروەها سەرۆک بایدن پێشوازیی لە ئەنجامدانی گرێبەستێك کرد لە نێوان عێراق و سعوودیا و کوێت و ئوردن، بۆ هاوردەکردنی وزە بە نرخی گونجاو بۆ عێراق.
دواجار دووپاتی کردەوە، کەوا واشنتۆن پابەند دەبێت لە خێراکردنی کارەکان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی. ئەم کارەیش لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخان و تۆڕەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی پێشکەوتووتر و ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی سیستەمی ئاسمانی و مووشەکییەکانی دەستی لایەنە کارا نادەوڵەتییەکان، کە مایەی هەڕەشەن بۆ ناوچەکە. هەموو ئەو ڕوانگە و دۆسیانەی لەلایەن ئەمریکاوه لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی جەددە خراونەتە ڕوو، ڕەنگدانەوەی نزیکبوونەوەیەکی گشتگیرتر و کاراتری ئەمریکایە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ناوچەکە. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت، کەوا سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە هەموو ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەی پێکاوە، یان نیشانەیەکی سەرەکییە بۆ دووبارە بەشداریکردنەوەیەکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی، بەڵکوو هەنگاوی یەکەم و سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەو ئاراستەیە بەرەو پێشەوە بڕوات.
بەڵام لێرەدا پێویستە لەو پاڵنەرانە بکۆڵینەوە، کە بۆتە مایەی ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ناوچەکە. لەپێشینەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، تێکەڵەیەکە لە ئاسایشی باو و ئاسایشی نوێ؛ ئەمەیش دەتوانرێ بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو وەرچەرخانانەی، کە لە کۆتاییی جەنگی ساردەوە لەسەر چەمکی "ئاسایش" ڕووی دا، کە کاری بۆ تێپەڕاندنی هەڕەشە سەربازییەکان کرد و هەوڵی دا بۆ تێگەیشن لە هەڕەشە ناسەربازییەکان و نوێیەکان، کە بریتی بوون له گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبوون و نەبوونی خۆراك و قەیرانەکانی وزە و نەخۆشییە گواستراوەکان و کارەساتە سروشتییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان و کۆچی بەکۆمەڵ. بتەوکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان واشنتۆن و ناچەکە پێویستی بە هاوكێشەیەکی زیرەكە، کە گۆڕاوەکانی ئاسایشی باو و نوێ لەخۆ بگرێت؛ دیارە واشنتۆن هەستی بە گرنگیی ئەم بابەتە کردووە.
سەرەڕای ئەوەیش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا گرنگیی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زیندوو کردەوە، بۆ ئەوەی بەرزی و نزمی لە نرخی وزە ڕوو نەدات و ئەو کەمبوونەی کە بەهۆی ئەو جەنگەوە ڕوو دەدات، پڕ بکرێتەوە؛ بێجگە لە هەوڵدانی چڕ بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی قەیرانی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان.
تۆکمەترکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان واشنتۆن و دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بە شێوەیەك لە شێوەکان دەرفەت لە بەردەم نەیارانی واشنتۆن کەم دەکاتەوه كه هەژموونی خۆیان بەهێز بکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوچەکە توندوتۆڵتر بکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین سیاسەتی ئەمریکا شێوەیەك لە پێداچوونەوە بەخۆیەوە دەبینێ، کە هانی دەدات، زیاتر و کاراتر لەگەڵ ناوچەکە تێکەڵ بێت. ئەم وەرچەرخانە لە سەرەتایدا پێویستی بە کات و زنجیرەیەك جووڵە هەیە، تا بە شێوەی پێویست دابمەزرێ و گەڵاڵە بێت. لە بەرامبەردا قەیرانەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، پەیامێکی نوێی سەبارەت بە گرنگیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نارد؛ بە شێوەیەك نەك تەنیا بووە مایەی گرنگیپێدانی ئەمریکا، بەڵکوو هەڵگری گرنگیپێدانی هاوشێوەیە لەلایەن هێزەکانی ترەوە.
سەبارەت بە لووتکەی سێقۆڵیی تاران
هۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە لووتکەی تاران دۆخی سووریایە؛ بەڵام وەکوو دەردەکەوێ ڕووسیا و ئێران جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هەندێ بابەتی ئابووری و ئاسایشی کردۆتهوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی هاوبەشییەکی ستراتیژی لە نێوان هەردوو وڵات. دیارە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا چهند هەنگاوێك نراوە بە مەبەستی گەیشتن بە قۆناغێکی نوێ لە پەیوندیی دوولایەنە. پرسیار ئەوەیە: پەیوەندیی نێوان ئێران ڕووسیا دەگاتە کوێ و کاریگەرییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە لەسەر پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات چییە؟
لە ساڵی (٢٠١٢)هوە هەست بە باشبوونی پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئێران دەکرا؛ چهند کۆبوونەوەیهك لە نێوان گەورە بەرپرسانی هەردوو لا ئەنجام درا؛ هەردوو لا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان لە سووریا ئەنجام دا و؛ نەخشەی ڕاستەقینەیان داڕشتبوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری. ئەم هەنگاوانە لە بواری بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوانیان و پێویستییان بەیەکتر، نەیانتوانی ببن بە مایەی دامەزراندنی هاوپەیمانێتی لە نێوانیاندا؛ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دژبەریی ژمارەیەك لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراوی لە سووریا.
بەڵام پاش هاتنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو جێگرەوەی سەرۆك حەسەن ڕۆحانی، تاران ستراتیژییهکی نوێی لە سیاسەتی دەرەوە بەکار هێنا، کە پێویستیی بە گەڕان بوو بە دوای جێگرەوەیەك بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا؛ تەنانەت ئەگەر سزاکانیشی لەسەر هەڵگیرایە و سەرکەوتنیشی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە دۆسیە ئەتۆمییەکەی بەدەست بهێنایە، ئەو کارەی هەر دەکرد. لەگهڵ ئەوەیشدا ئێران بەپێویستی زانی چهند ڕێککەوتن و هاوبەشییهك لەگەڵ دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات (ڕووسیا و چین و هیند) ئەنجام بدات، پێش ئەوەی ئاراستەی سیاسی و پەیوەندییەکانی بەرەو ڕۆژاوا بگۆڕێ. ڕاستە سەردانەکەی پووتین بۆ ئێران بە یەکەم سەردانی دەرەوە پاش هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا ئەژمار دەکرێت، بەڵام بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران، بڕیارێکی ستراتیژییە و پەیوەندیی بە پاڵنەری ترەوە هەیە لە سەرووی بیرۆکەی خۆدەربازکردن لە ئەگەری پەراوێزخستنی مۆسکۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لهسهر ئامانجی ئەمریکا لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی ئاسایشی هەرێمیی ئاراستەکراو دژ بە ئێران و چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گفتوگۆیانەی، کە لە نێوان ئیمارات و ئێران و لە نێوان سعوودیا و ئێران ئەنجام دراون، لێکدانەوەکان سەبارەت بەوەی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان ئیسرائیل و عەرەب هەیە دژ بە ئێران، پووچەڵ دەکاتەوە. بۆیە ئێمە پێمان وایە جووڵە نێودەوڵەتییەکان، کە هاوکات بوون لەگەڵ ئەو ڕووداوەی نێوان ئێران و ڕووسیا، دەتوانن هاندەر بووبن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا؛ بەڵام ناکرێت بە وەرچەرخان وەسف بکرێت.
بابەتی ئاسایش لە پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئێران بەبەهێزی دەمێنێتەوە؛ هەموو ئەمانەیش لە ژێر ناونیشانی ئاسایشی هەرێمی دەخوێندرێتەوە. ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە لووتکەی تاران، لەسەر ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا ڕێک كەوتن، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەو هێرشانە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتی سووریا؛ ئەمەیش دەبێت بە پاساو بۆ ئەوەی ئێران و ڕووسیا بە چاوی ڕەخنەوە بڕواننە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەلایەن سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانی کورد لە سووریا. ناوچەکانی قەفقاز و ئۆقیانووسی هیندی، کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا. ئەمەیش بووە بە هاندەرێك، بۆ ئەوەی ئێران پێش سەردانەکەی پووتین بۆ تاران بڵاوەپێکردنی هێزی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئۆقیانووسی هیندی جاڕ بدات، بە مەبەستی کۆکرنەوەی زانیاریی هەواڵگری و زامنکردنی ناوچەی ئۆقیانووسی هیندی دژ بە ئۆپەراسیۆنی چەتەگەریی دەریایی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییهكانی کاڵا و نەوت.
ئەو خاڵانەی کە نەرێنین بۆ هەردوو لا
دیارە سنوورێك هەیە بۆ ئەو مەودایەی، کە ئێران و ڕووسیا مەبەستیانە پێی بگەن لە پەیوەندیی ستراتیژیی داڕێژراوی نێوانیان، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بكەین:
ئێمە پێمان وایە سەردانەکەی پووتین بۆ تاران، جاڕدانێکی سیاسیی گرنگ بووە لە چوارچێوەی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات و لە چوارچێوەی پەرەسەندنە جیهانییەکان؛ بەهۆیەوە ڕووسیا کەمپینێکی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی دیدگهی ئەمریکا ساز دەکات. ڕووسیا ئەم ساتەوەختەی بۆ بەشداریکردنی لە لووتکەی تاران هەڵبژارد، بۆ نوێکردنەوەی کارکردنی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی داڕشتنی ئەستانە؛ هەروەها مەبەستی بوو پەیامێك بۆ ڕۆژاوا بنێرێ، کەوا ڕووسیا ئامادە نییە دەستبەرداری هەژموونی دەستەبەرکراوی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەو گۆڕانکارییانەی، کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن
هەموو شیکردنەوە سیاسییەکان و داتا نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری گۆڕانکارییەکی نوێی داڕشتنی نەخشەی سیاسیدایە. ئەمە لە ڕووداو و هەڵوێستی ڕۆژانەی ئەو وڵاتانە دەردەکەون، کە هەر یەکەیان بە دوای پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانن، بەتایبەتی لە بواری وزە و ئاسایشی خۆراك، کە لە ئێستادا لەپێشینەن. هەرێمی كوردستان، دەتوانێ وەکوو سەرچاوەیەك بۆ وزە و خۆراك، کار لەسەر بەهێزکردنی کەرتی وزە و کەرتی کشتوکاڵی بکات و ئەو دوو سەرچاوەیە وەکوو کارتێك بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنێ.
جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا سایەی خۆی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیان لە جیهان سەپاندووە. ئەم جەنگە لێکەوتەی زۆری هەبووە و دەوڵەتەکانی پاڵناوە، بە پەیوەندی و سیاسەتە ئابوورییەکانیاندا بچنەوە و بابەتی وزە و خۆراك بەهەند وەربگرن. هاوپەیمانانی ڕووسیا و ئەو لایەنانەی خۆیان بە نزیك لە ڕووسیا دەبینن، هەست بە سەرکەوتنیان و گەڕانەوەی جیهان بۆ دۆخی سەردەمی جەنگی سارد و سیاسەتی دووجەمسەری دەکەن، کە بە داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لە سەرەتای دوا دەیەی سەدەی ڕابردوو کۆتایی هات.
ئەمە پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی سەرلەنوێ کارتەکانیان ڕێك بخەنەوە؛ بەتایبەتی ئێران، کە خاوەنی چەندان کارتە و کار لە پێناو هەناردەکردنی شۆڕشەکەی دەکات بۆ دەرەوەی سنووری دەوڵەتەکەی و، خۆڕاگرە لە دانوستانەکانی بۆ دۆسیە ئەتۆمییەکەی. هەروەها چین چەندان گرێبەستی ئابووری و بازرگانیی لەگەڵ دەوڵەتەکانی تر ئەنجام داوە و کار بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی دیكه و کردنەوەی ڕێگەی ئاورێشم دەکات بۆ ئەوروپا. هەموو ئەم هەنگاوانە ئەمریکا و ئەوروپای ناچار کردووە، بیر لە دامەزراندنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی هاوشێوەی "ناتۆ" بکەنەوە. ئەم هاوپەیمانێتییە، دەوڵەتانی کەنداو و عێراق و میسر و ئوردن لەخۆ دەگرێ و یەکێ لە ئەرکە گرنگەکانی، دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێت و بەرامبەر بە هەژموون و فراوانخوازیی ڕووسیا و ئێران لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئاسایشییهوه لە ناوچەکە، ڕادەوەستێ.
چوونە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، لەوانەیە ئاسان بێت و ڕێخۆشكهر بێت بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد؛ بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراق، ئەوا پێویستە هەرێمی كوردستان هاوکار و هاندەری عێراق بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ لە قەیرانی سەروەری و خزمەتگوزاری و بنبەستی سیاسی و دەستێوەردانی دەرەکی و میلیشیا و چەکی دەرەوەی یاسا دەرباز بێت و، ڕێگر بێت لەوەی دەوڵەتێکی هەرێمی هەژموون و کاریگەریی بەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراقدا هەبێت.
ئەگەر عێراق نەتوانێ بچێتە ناو ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییە، هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەو جۆرە هاوپەیمانێتییە زۆر زەحمەت دەبێت، بەتایبەتی کاتێ دەبینین هێشتا یەكڕیزیی نیشتمانی و پەرتەوازەیی لە ناوخۆی هەرێم بەرجەستەیە و، جیاوازیی هەیە لە دید و ستراتیژی هەردوو حزبی سەرەکی و حزبەکانی تر؛ بێجگە لە کێشەی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەرێم سەبارەت بە بوودجە و یاسای نەوت و گاز و دۆسیەی پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هێرشی مووشەکیی نیمچەڕۆژانە بۆ سەر هەولێری پایتەخت و کێڵگە نەوتی و گازییەکان لەلایەن میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا، بە بیانووی هەبوونی ئیسرائیل و ئیفلیجکردنی ئابووریی هەرێم.
ئایا پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییە چی دەبێت و ئایا دەوڵەتەکانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، یان لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە؟ ئایا بوونی عێراق بە ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە، دەتوانێ ببێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا؟ ئایا ئەگەر هەرێم بەشێك بێت لەو هاوپەیمانێتییە، لە ڕووسیا دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئێستادا کارتی گوشاریان بەرامبەر بە هەرێم بەدەستەوەیە؟ ئەی هەڵوێستی تورکیا لە بوونی هەرێم لەناو ئەو هاوپەیمانێتییە چۆن دەبێت؟ ئایا شێوەی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە چۆن دەبێت؟ ئایا حزبە کوردستانییەکان بەرامبەر بەو هاوپەیمانێتییە، هاوهەڵوێست دەبن؟ ئایا شەقام و ڕای گشتی لە هەرێم بەرامبەر بەم هاوپەیمانێتییە چۆن و چی دەبێت؟ ئایا تا ئەو کاتە هێزەکانی پێشمەرگە یەك خراون و لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەبن و، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هاوکاری و یارمەتییەکانیان بەردهوام دەبن؟
ئێمە پێمان وایە هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە وەڵامی خێرا و ژیرانە هەیە، کە پێویستە دامەزراوە فەرمییەکانی تایبەتمەند لە هەرێم کاریان لەسەر بکهن و لەلایەن ناوەندەکانی توێژینە و ژووره هزرییەکانهوه دیراسەتی پێویستیان بۆ بکرێت. ڕاستە دەوڵەتەکانی کەنداو بۆ دامەزراندنی هەرێمەکان لە عێراق پاڵپشتیی هیچ هەنگاوێك ناکەن و، هەردەم لەگەڵ عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز دەبن، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستیی بە هاوپەیمانێکی بەهێزە لە ناوچەکە، کە پاڵپشتی بکات بۆ بەردەوامبوونی لە سەقامگیری و جێگیریی سیاسەتی هەرێمی كوردستان و نزیکبوونەوەی لە بیرۆکە و هەنگاونانی بەرەو کۆنفیدڕاڵییهت.
سەرچاوەکان:
Kaplan, Morgal L, “SIGNALING AMERICA’S NEW MIDDLE EAST FOREIGN POLICY”Feb 7, 2022, avalable at: Signaling America’s New Middle East Foreign Policy - War on the Rocks
The White House, “FACT SHEET: The United States Strengthens Cooperation with Middle East Partners to Address 21st Century Challenges” July 16, 2022, Available at: FACT SHEET: The United States Strengthens Cooperation with Middle East Partners to Address 21st Century Challenges - The White House
Baron Robert, “Five Takeaways from Biden’s Visit to the Middle East: Forget retrenchment: Strategic competition and boosting security cooperation, particularly to counter Iran, will keep Washington focused on the region.”July 21, 2022, avaliable at: Five Takeaways from Biden’s Visit to the Middle East | United States Institute of Peace (usip.org)
Hermman Tamar et al, “Biden in the Middle East: Opportunities and Challenges” available at: Biden in the Middle East: Opportunities and Challenges | The Washington Institute
“The unlikely trio met in Tehran” July 20, 2022, available at: The unlikely trio met in Tehran | commonspace.eu
Connor, Tom O, “With U.S. Absent on Syria, Turkey Finds Common Ground with Russia and Iran” July 19, 2022, available at: With U.S. Absent on Syria, Turkey Finds Common Ground with Russia and Iran (newsweek.com)