د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین
دەسپێك
بەدڵنیایییەوە بۆ ئەمریکا کارێكی ئاسان نییە، ڕازی بێت بە نزیکبوونەوە یان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان دەوڵەتەکانی کەنداو و ئێران، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نزیکبوونەوە و ئاساییکردنەوەیە لە نێوان سعوودیا و ئێران بێت و کۆماری چینی میللی نێوەندگیر بێت و نێوەندگیرییەکەیش هاتنی "پەکین"ی لێ بکەوێتە بۆ ناو جەرگەی ناوچەکە؛ ئەمەیش پێشووتر بە هیچ شێوەیەك لە تێڕوانین و لێکدانەوەی واشنتۆن جێگەی نەدەبووهوە.
ئەمریکا لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمهوه جومگەکانی ناوچەی کەنداوی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی و نەوتی و لەشکری و دارایی و وەبەرهێنانەوە بەدەستەوە بوو. تەنیا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی شۆڕشەکەی لە ساڵی ١٩٧٩ توانی لە چنگی ئەمریکا دەرباز بێت و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆ واشنتۆن و سنوورێك بۆ هەژموونی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەسەریدا دابنێت و تا ئەمڕۆ بە هەموو هێزی خۆی لە ناوچەکە بەرەنگاری ببێتەوە. ئەمریکا هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، کاری کرد بۆ ڕاکێشانی وڵاتانی دراوسێ دژ بە ئێران و گەمارۆدانی ئێران و سەپاندنی سزا بەسەریدا و هەوڵی دا بۆ ڕێگریکردن لەوەی، لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو هاوکاری و هەماهەنگی هەبێت.
ئەمریکا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕاستییەکی جیاواز دەبێتەوە، ئەویش پەیوەندییەکی برایانەی نوێیە لە نێوان سعوودیا و ئێران، کە ویستی هۆشیاریی سعوودیا سەپاندوویەتی و لە ناوچەکە دەنگی داوەتەوە و، ئەمریکای تووشی شۆك كردووه و بێ گومان ئەنجامە گرنگەکانی ئەو ڕێکكەوتنە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێت بەسەر ڕێڕەوی پەرەسەندنەکان لە ناوچەکە.
١- ڕوانگەی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندنییەکانی ئێران و سعوودیا چییە؟
لە ڕوانگەی ئەمریکا، دەكرێ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئێران بە نێوەندگیریی چین ببێتە مایەی دانانی سنوورێك بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیا؛ ئەمەیش ئامانجێكە ئەمریکا پێشووتر لە بەڕێوەچوونی گەڕی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان سعوودیا و ئێران لە عێراق و دواتر لە سەڵتەنەتی عومان پاڵپشتیی لێ کردووە، چونکە ئەگەر ڕێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت، ئەوا ڕێککەوتن هاوکار دەبێت لە کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن و کەمکردنەوەی گرژییهكان لە عێراق، کە ببوونە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە. هەروەها بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پارێزراوتر دەبن ئەگەر وڵاتانی دەوروبەر چالاکانە کار بۆ هێورکردنەوەی گرژییە دوولایەنەکان بکەن. بۆیە لەو ڕووەوە ئەمریکا پێشوازیی لە دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو لا کرد.
لە دیدێکی ترەوە ئەمریکا دەزانێت، کە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نێوان سعوودیا و ئێران لە ئێستادا نابنە مایەی نەمانی گومان لە نێوانیاندا، یان ئەوەی بە چاوێکی هۆشیارانەوە تەماشای یەکتر نەکەن، چونکە هەردوو لا زیاتر بە هۆکاری جیۆسیاسی ناتەبان لەگەڵ یەکتر، نەوەك بە هۆکاری ئایینی. بۆیە ئەمریکا ئەم ڕێککەوتنە بە کۆتاییهاتن بە سەردەمێك و دەسپێکی سەردەمێکی نوێ نابینێ. ئێران لە ڕابردوویشدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، کاری کردووە بۆ زیادکردنی گرژییەکان و هێورکردنەوەی دۆخ، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات کەوا گۆڕانکاری لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕژێمەکەی دەکات، کە بریتییە لە هەژموونی هەرێمی بە پاڵپشتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە بەردەوامە لە فراوانکردنی و بە هاوکاریی بریکارەکانی لە عێراق و لوبنان و یەمەن و سووریا.
٢- ئایا ئەمریکا نیگەران نییە لە ڕۆڵ و ناوبژیكاریی چین لەم ئاساییکردنەوەدا؟
ئەوەی بۆ ئەمریکا زیاتر مایەی گرنگیپێدان بوو لەم پەرەسەندنە، ئەو ڕۆڵە بوو، کە چین گێڕای لە هاوکاریکردن بۆ نێوەندگیری لە پێناو ئەنجامدانی ڕێکكەوتنەکە. چین توانی هەردوو لا لە کاتێکدا کۆ بکاتەوە، کە هاوکات بێت لەگەڵ دەسپێكی ویلایەتی سێیەمی سەرۆکی چین، شی جی بینگ. ساڵانێکە پەکین ئەوە جاڕ دەدات، کەوا تەنیا مەبەستی بونیادنانی پەیوەندییەکانی ئابوورییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵی نەداوە بۆ کارتێکردنی سیاسی، بەڵام چین لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو، کاری کرد بۆ زیادکردنی هەژموونی سیاسیی هەرێمیی خۆی لە ناوچەکە؛ دیارترین نموونەیش دوا سەردانەکەی سەرۆکی چین بوو بۆ ڕیاز لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ و دواتریش پێشوازیکردنی بوو لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكکۆماری ئێران، لە پەکین لە شوباتی ٢٠٢٣.
ئەگەرچی کۆماری چینی میللی بەڕووکەش بەڵێنی داوە، گوایە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە تەنیا ئابوورییە و، مەبەستی نییە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی سیاسی بگێڕێت و، بەڵێنیش دەدات تەنیا هەژموونی دیپلۆماسیی هەبێت و هیچ بوونێکی لەشکریی هەرێمیی نابێت و بەدڵنیایییەوە ئەمریکاش باوەڕ بەو نیازپاکییەی چین ناکات، چونکە زۆر جار پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ پشکداریی سیاسی، کە دواجار دەچێتە ناو خشتەی هاوکاریی هەواڵگری و ئاسایشی. دەرکەوتنی چین لە ناوچەکە دەتوانێ زەنگێکی مەترسیدار بێت بۆ بڕیاربەدەستانی سیاسی لە ئەمریکا، کە ماوەیەكە خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور دەگرن و دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان بوون لەگەڵ هاوپەیمانە نائومێدەکانی. دیارە ئەمەیش بۆشایییەکی بەجێ هێشتووە، کە چین پڕی دەکاتەوە. ئەمەیش دواجار ئاسایشی بازرگانی و وزە و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لاواز دەکات.
٣- ئەم ڕێککەوتنە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەگەری ئاشتبوونەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئیسرائیل دەبێت؟
بەپێچەوانەی دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە، بۆ نموونە بەحرێن و ئیمارات، سعوودیا ڕێککەوتنە مێژوویییەکەی ئەبراهام (ئیبراهیم)ی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ نەکردووە، کە دەبوو پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان بخاتە ناو چوارچێوەیەکی نوێوه؛ هەروەها دەبوو ئەو ڕێکكەوتنە هاوکار بێت لە دابڕاندنی ئێران، چونکە ئەو دەوڵەتانەی واژۆیان لەسەر ڕێککەوتنەکە کرد، ئێرانیان بە مایەی هەڕەشە و مەترسی دەزانی بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشیان و، پێویست بوو ئێران لە ڕووی سیاسی و سەربازییهوه دەستەمۆ بکرێت.
لەگەڵ ئەوەی عەرەبستانی سعوودی هۆکاری خۆی هەیە بۆ واژۆنەکردنی ئەو ڕێکكەوتننامەیە و لەوانەیە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ببێتە مایەی هاندانی نەیارانی ئیسرائیل لە دەوڵەتانی عەرەبی وەکوو سووریا و جەزائیر و تونس، بەرامبەر بە سعوودیا توندی بنوێنن، دەکرێ بوترێ، کەوا ئەم هۆکارانە ڕێگر نەبوون لەوەی، سعوودیا لە پشت پەردەوە بە شێوەیەك لە شێوەکان لە پەیوەندییهكی باشدا بێت لەگەڵ ئیسرائیل، کە گونجاو بێت لەگەڵ ناوەڕۆكی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم. ئەمەیش لە ڕێگەی پەیوەندیی نافەرمی لەسەر ئاستی باڵا یان لە ڕێگەی زامنکردنی مافی فڕینی فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی سعوودیا بەرجەستە کراوە.
ئامانجی ڕێککەوتنی ئیبراهیم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، کەمکردنەوەی هەڕەشە بوو بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی میلیشیا چەکدارەکانی، کە لەلایەن ئێران پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام ئەگەر کاروبارەکان لەگەڵ ئێران بەبێ گرفت بەڕێوە بچن، ئەوا ئهو دەوڵەتانهی کە واژۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، لەوانەیە جارێکی تر بە بڕیارەکانیان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بچنەوە، ئەگەر ئیسرائیل لە مامەڵەکردنی لەگەڵ مەلەفی فەڵەستینییەکاندا نەرمی نەنوێنی.
٤- ئەم ئاساییبوونەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە؟
ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە جەنگێکی ساردی ڕاستەقینەی نێوان دوو ڕکابەر هێنا، کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیان بە ڕکابەری کرد و دواتر لە ساڵی ٢٠١٥، بەهۆی فراوانخوازیی ئێران لە سووریا و عێراق و یەمەن و هەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموون و دەستێوەردانی بەردەوام لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیادی کرد. عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانهكانی، بەرامبەر ئێران وهستانهوه، بەتایبەتی لە ئاداری ٢٠١٥ لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لە یەمەن دژ بە یاخیبووە حووسییەکان ڕاوەستان، بەڵام دواجار سعوودیا لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بەهۆی هێرشی درۆنیی ئێران و مووشەکی کروز، کە وێستگە نەوتییەکانی "ئارامکۆ"یان لە خورەیس و ئەبقیق کردە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەرهەمی نەوتی سعوودیا بۆ نیوە کەم بووهوە، دەرکەوت کە دەکرێ لە شادەماری سعوودیا بدرێت و بریندار بکرێت. هەر لەو کاتەوە سعوودیا ئامادەییی خۆی بۆ نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن نیشان دا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕیاز هەوڵی فرەچەشنکردنی بژاردە ستراتیژییەکانی دەدات لە سایەی ژینگەی نێودەوڵەتی، کە وەکوو دەردەکەوێت بەرەو فرەجەمسەرییەك دەڕوات، کە لەوانەیە چارەنووسی لە دە ساڵی داهاتوو یەکلا نەبێتەوە، بەتایبەتی پاش هەڵگیرسانی قەیرانی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و قووڵتربوونهوهی هاوبەشیی نێوان چین و ڕووسیا؛ لە کاتێکدا ئەم دوو دەوڵەتە ئەوەیان نەشاردۆتەوە، کە خوازیاری گۆڕینی ڕێساکانی ئەم سیستەمە نێودەوڵەتییەی ئێستان.
نزیکبوونەوەی سعوودیا و ئێران لەگەڵ وەرچەرخانەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعوودیا و گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا تەبایە، لە کاتێکدا بۆ سعوودیا ئاشکرا بوو، کەوا یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندیی تەنیا لایەك کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. یەکێ لە سەرەکیترین قەیرانەکان کێشەی یەمەنە، کە سعوودیا بۆی دەرکەوت بەردەوامبوونی لە تێوەگلانی، دەبێتە مایە لاوازبوونی توانای دارایی و بنەماکانی ئابووری و هەوڵی سەربازی. بۆیە هەوڵی دا بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانەکە هەنگاو بنێت، پێش ئەوەی لەگەڵ ئێراندا بکەوێتە دانوستان. ئێران وەکوو لایەکی تری ڕووداوەکان لەناو دابڕانێکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵێ ئاڵنگاری و هەڕەشەدا دەژیت؛ هەروەها لە ناوخۆی ئەو وڵاتە جۆرێ لە پاشاگەردانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، کە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢وە بەردەوامە.
دەکرێ بڵێین هێشتا ناوچەکە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە یان بۆ دروستبوونی هاوسەنگی لە نێوان ئەکتەرەکانی ناوچەکە پێویستی بە لایەنی دەرەکی هەیە. بەڵام جاڕدانی ئاساییکردنەوەی ئەم پەیوەندییە، دەوڵەتی چینی خستە ناو ڕۆڵێکەوە، کە پێشووتر تەنیا بۆ ئەمریکا دانرابوو؛ هەرچەنده هێشتا زووە باس لە ئەنجامەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئێران بکرێت، یان باس لە توانای چین بکرێت وەکوو نێوەندگیرێك بۆ سەرخستن و بەردەوامبوونی ئەم ئاساییکردنەوەیە. بەو هۆکارەوە کاریگەریی لەسەر هاوکێشەی هەرێمی، گرێدراوە بە کۆمەڵێك ڕەهەند و فاکتەری ترهوه:
١- پەیوەست بە ئێران و سعوودیا، دەکرێت بڵێین ناکۆکییەکانی نێوانیان سەرجەم ڕەهەندە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکان تێ دەپەڕێنن، تەنانەت نزیکبوونەوە سیاسییەکانیش ناتوانن ڕێژەی ئەو ناکۆکییانە کەم بکەنەوە. ناکۆکی هەیە لە نێوان دوو پرۆژە، کە پاشخانی ئایدیۆلۆژیی جیاوازیان هەیە؛ بەپێی ئەو پاشخانە هەر یەك لەو دوو لایەنە هاوکێشەیەکی هەرێمیی مەبەستە، کە بەتەواوی جیاوازە لە یەکتر. پرۆژەی ئێران فراوانخوازییە و، پشت بە بڵاوکردنەوەی ئامراز و باڵەکانی دەدات لە سەرتاسەری ناوچە و هەرێمەکەدا؛ ئەوەیش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی ئاشکرا لە گرووپە چەکدارەکانی دابەشبوو بەسەر ژمارەیەك لە دەوڵەتەکان. بە شێوەیەکی بنەڕەتی، سعوودیای مەبەست نییە، بەڵکوو وەکوو بەشێکە لە ستراتیژیی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆی لە ترسی ئەگەری هێرشێكی هاوشێوەی هێرشکردنی بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣؛ دواتر ئەمە بوو بە بەشێک لە ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لەژێر ناوی "بەرەی بەرگری"، کە مەبەستی دامەزراندنی پشتێنەیەکی چەکدارییە بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل لەسەر سنووری کەرتی غەزە و لوبنان و قونەیتەرەوە و لە پشتەوەیش پشتێنەیەکی تر هەبێت لە یەمەن و عێراق تا دەگاتەوە ئێران، بۆ سنووردارکردنی ئاستبەرزیی لەشکری ئیسرائیل لە ڕووی تەکنەلۆژی و هێزی ئاسمانییهوه.
٢- ئەکتەری تر هەیە، کە کاریگەرییان هەیە لەسەر دیمەنی هەرێمی، بەتایبەتی تورکیا و ئیسرائیل. هەر یەك لەو دوو وڵاتە بەرژەوەندی و داڕشتنی هەرێمیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەگەرچی ئاستی کاریگەریی دووبارە ئاساییبوونهوهی پەیوەندیی نێوان سعوودیا و ئێران کەمترە لەسەر تورکیا، بەڵام ئەو هاوکێشە هەرێمییە دەبڕێ، کە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات؛ مەبەستمان فراوانکردنی ڕێکكەوتنی ئاشتی و تێکەڵبوونی ئیسرائیلە لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی دژ بە ئێران.
٣- هێشتا دیدگهی ئەمریکا سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان سعوودیا و ئێران ڕوون نییە. لە لایەك ئەمریکا سوودمەندە، چونکە لەگەڵ ئارەزووی واشنتۆن سەبارەت بە هێورکردنەوەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیپلۆماسی دەگونجێ. ئیدارەی بایدن هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، پشتی بە چوارچێوەی دیپلۆماسی بەست و داوای لە دەوڵەتانی ناوچەکە کرد، ئەو ڕێوشوێن و هەنگاوانە بگرنە بەر، کە گرژییەکان کەم دەکەنەوە.
٤- ئایا ئەم ئاساییکردنەوەیە لە قازانجی ئەمریکایە یان لە زیانی؟ پاش ئەوە سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر سعوودیا چۆن دەبێت؟ ئایا ئەمریکا پێشوازی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ ئێراندا دەکات؟
ئەگەر گەشەسەندنی هاوپەیمانێتیی چینی و ڕووسیا و ئەو ڕۆڵەی، کە ئێران لە پاڵپشتیکردنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکراینا و ئەو بێلایەنییەی ڕیاز سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراینا دەیگێڕن لەبەرچاو بگیرێ، ئەوا ڕێکكەوتنی سعوودیا و ئێران بەرەی دژ به ئەمریکا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات. کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسنوورداری دەمێنێتەوە، چونکە ئەم ڕێککەوتنە ڕۆڵی چین لە دەرەوەی چوارچێوەی دیپلۆماسی بەهێزتر ناکات و ڕۆڵی گەورەی ئەمریکا لەسەر هەردوو ئاستی ئاسایشی و ئابووری هەڵناوەشێنێتەوە؛ بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا، کۆشکی سپی پاش ڕاگەیاندنی دووبارە ئاساییبوونهوهی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئێران ئاشکرای کرد، کەوا کۆمپانیای بۆیینگ دوو گرێبەستی لەگەڵ سعوودیا ئەنجام داوە بۆ دروستکردنی ١٢١ فڕۆکە لە جۆری ٧٨٧ دریم لاینەر بە بەهای ٣٧ ملیار دۆلار. ناکرێ توانای ئەمریکا لە کارتێکردن لەسەر ڕێڕەوی پەیوەندییەکانی سعوودیا لەگەڵ ئێران بە نێوەندیگیریی چین لە ڕێگەی ئامانجە هاوتەریبەکانی یان یەکتربڕەکانی لەگەڵ ئەمریکا نادیدە بگیرێت، کە دەتوانین لێرە پوختی بکەینەوە:
- لە چوارچێوەی ئاراستەی ستراتیژیی ئەمریکا بەرامبەر بە ئاسیا و زهریای هێمن (ئارام)، ئەوا ئەمریکا لەو ژینگە هەرێمییە ئارامە چالاکە و، دەرفەتی بە چین داوە ڕۆڵێکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێ، بۆ ئەوەی چین بگلێتە ناو ناکۆکییە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و زیانی پێ بگات. ڕاستە دیپلۆماتکارانی چینی دەسکەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا، بەڵام ئەوان هێشتا لە بەردەم ژمارەیەك ئاڵنگارین. لە سایەی ئەو جیاوازییانەوە، کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و باوەڕەوە لە نێوان سعوودیا و ئێران هەیە دووبارەبوونەوەی ناکۆکییەکان ئەگەری زۆرە؛ ئەمەیش وا دەکات چین بکەوێتە ناو قووڵاییی ململانێیەکان و ڕۆڵی خۆی قووڵتر بکاتەوە لەناو بازنەیەکی ئاڵۆز و گرێدراو بە حاڵەتێك لە ناسەقامگیری لە ناوچەکە.
- ئیدارەی ئەمریکا چەندان جار خواستی خۆی بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل پشتڕاست کردۆتەوە و سعوودیای وەک کاندیدی داهاتووی ئەو ڕێکكەوتنە دەبینێ، لە هەمان کاتدا حکوومەتی ئیسرائیلیش ئەو ئارەزووەی هەیە؛ ئەگەرچی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە سعوودیا پاش ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران ئاستی چاوەڕوانییەکانی بەرزتر دەبێت بەرامبەر بە دەسکەوت و دەرەنجامەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەتی کاتێ فاکتەری هەڕەشەی هاوبەشیان کە ئێرانە و هۆکاری نزیکبوونەوەی سعوودیا و ئیسرائیل بوو، لە ئێستادا نەماوە.
٥- ئەم ئاساییکردنەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟
لەگەڵ ئەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئێران یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە بەگشتی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی، عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگیی خۆیان هەیە بۆ ناوچەکە. بۆیە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو توانا مرۆیی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەی کە هەیانە، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆی ئێران و سعوودیا لەناو پەیوەندیی ئابووری، توانای عێراق و هەرێم بەهێزتر دەکات بۆ دەستەبەرکردنی دەسکەوتی هاوشێوە لەسەر ئاستی هەرێمی. ئەمەیش لە ڕاستیدا خواستی عێراق و هەرێم بووە، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن قەیرانی ئابووری و خراپیی خزمەتگوزارییەکان و قەیرانی وزە و کارەبا چارەسەر بکەن. ئەو بابەتانە پێویستیان بە هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرکردن و گەڕانەوەی متمانەی شەقامی عێراق و هەرێم بە سیستەمی سیاسییان.
هەرێم و عێراق پێکەوە دەتوانن لە ئاییندەدا ببن بە ژمارەیەكی دیار لەناو هاوکێشەکانی هاوسەنگی لە ناوچەکە. لە ڕابردوودا جەنگی ساردی نێوان ئێران و سعوودیا کاریگەریی لەسەر ناوچەکە هەبووە، بۆیە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئێران ئاستی چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو زیاتر دەکات، بەتایبەتی کە لە عێراقدا چەندان لایەنی سیاسی هەیە، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ڕەفتار دهكهن و جاروبار گوشار دەخەنە سەر حکوومەت بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر بەم دەوڵەتە یان ئەو دەوڵەتە. بۆیە ئەم وەرچەرخانە نوێیە دەبێتە مایەی ڕاگرتنی دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق و بەکارهێنانی کارتی مەزهەبی وەکوو بیانوویەك بۆ فراوانخوازی و سەپاندنی هەژموون.
سەرچاوەکان:
Farouk, Yasmine, “Reyadh’s Motivation behind the Suadi- Iran Deal” March 30, 2023.available at: https://carnegieendowment.org/2023/03/30/riyadh-s-motivations-behind-saudi-iran-deal-pub-89421
United state Institute of peace, “U.S. on Iran-Saudi Rapprochement & China", March 15, 2023,https://iranprimer.usip.org/blog/2023/mar/15/us-iran-saudi-rapprochement-china
Fantappie, Maria and Vali Nasr “ A New Order in Middle East?” available at: https://www.foreignaffairs.com/china/iran-saudi-arabia-middle-east-relations
Brown, Anna, “What Does the Saudi-Iran Deal Mean for the Middle East?” Mar 29, 2023, available at: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/what-does-saudi-iran-deal-mean-middle-east
ICG, “The Impact of the Saudi-Iranian Rapprochement on Middle East Conflicts”, April 19, 2023, available at: https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iran-saudi-arabia/impact-saudi-iranian
Rascoe, Ayesha and Deborah Amos “How an agreement between Saudi Arabia and Iran could affect U.S. influence”, available at: https://www.npr.org/2023/03/12/1162917323/how-an-agreement-between-saudi-arabia-and-iran-could-affect-u-s-influence
Divsallar, Abdolrasool and Hesham Alghannam, , “The Strategic Calculus behind the Saudi-Iranian Agreement”, April 9, 2023, available at: https://www.thecairoreview.com/essays/the-strategic-calculus-behind-the-saudi-iranian-agreement/.