موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
دۆزی كورد، یه‌كێكه له گرفته هه‌ره گه‌وره‌كانی توركیا كه چه‌ندان ساڵه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت. سه‌رهه‌ڵدانی لایه‌نێكی چه‌كدار له گۆڕه‌پانه‌كه بارودۆخه‌كه‌ی هه‌م له ڕووی سیاسی و هه‌میش له ڕووی ئه‌منییه‌وه ئاڵۆزتر كردووه. شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتی كاردانه‌وه‌ی زۆر خراپی له‌سه‌ر خودی كورد كردووه له توركیا. هه‌ر بۆیه ده‌ست كراوه به ئاراسته‌كردنی پرسیاری ئه‌وه: ئایا له توركیا كێ نوێنه‌رایه‌تیی كورد ده‌كات؟ یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دروستبوونی پرسیارێكی له‌م جۆره، بۆ گه‌وره‌ییی ئه‌و زیانانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پێش سوپای توركیا به‌ر خه‌ڵكی سڤیڵی كورد ده‌كه‌وێت له توركیا له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا. شه‌ڕ و پێكدادنه‌كان و ناسه‌قامگیریی باری ئه‌منی له شاره كوردییه‌كانی توركیا، كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆی كردۆته سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورد له توركیا.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توركیا، به‌تایبه‌تی دوای گۆڕانی سیسته‌می سیاسیی وڵاته‌كه و دروستبوونی هاوپه‌یمانیی نێوان ئاك پارتی و پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركی (مه‌هه‌په)، كۆمه‌ڵێ گۆڕانكاریی گرنگی به‌خۆیه‌وه بینیوه له ڕووی ستراتیژییه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆزی كورد له توركیا. یه‌كێك له‌م گۆڕانكارییانه بریتی بوو له چڕكردنی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌ت له ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه بۆ له‌ناوبردنی یاخود لانی كه‌م لاوازكردنی جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سوپای توركیا، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان و به هه‌ماهه‌نگیی وه‌زیری به‌رگری، خلووسی ئاكار، پلانێكی تۆكمه بۆ هێرشكردنه سه‌ر په‌كه‌كه داڕێژراوه. به‌شێكی گرنگی پلانه‌كه به‌ئامانجگرتنی پێگه و شوێنه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه. هه‌ر بۆیه له كۆتایییهكانی ساڵی 2015وه توركیا ستراتیژییه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فراوانی داڕشتووه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌ناو خاكی توركیا نه‌هێڵێت یاخود بگه‌یه‌نێته نزمترین ئاست. زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" له ڕێكه‌وتی 27ی مایسی ساڵی 2019 به ناوی چڕونووك-1 ده‌ستی پێ كرد. چاوه‌ڕوانیش ناكرێت ئاوا به‌ئاسانی كۆتاییی پێ بهێنرێت. ئه‌م پۆپهراسیۆنانه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه و به شێوه‌یه‌كی ڕاستهخۆیش كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. لێرەوە هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین به‌گشتی ئامانج و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان شی بكه‌ینه‌وه.
زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" چ جیاوازییه‌كیان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی تری تورکیادا هه‌یه؟
ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن" (Pençe – Kilit) كه له (17/5/2022)دا ده‌ستی پێ كرد، به‌رده‌وامیی زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك"ه كه له مانگی مایسی 2019وه ده‌ستی پێ كردووه. خاڵه جیاوازییه‌كانی ئه‌م زنجیره ئۆپه‌راسیۆنانه به‌گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن" به‌تایبه‌ت بریتییه له ده‌رهاوێشته‌كانی ستراتیژییه‌ته نوێیه‌كه‌ی توركیا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، كه له ساڵی (2016)وه ده‌ستی پێ كردووه.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پێشووتری ئه‌م زنجیره ئۆپه‌راسیۆنانه بكه‌ین، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری هه‌یه له‌نێوانیان، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی، ئیتر سوپای توركیا ته‌نیا به هێرشكردن و كشانه‌وه ناوه‌ستێت. واتا پێشتر هێرشی ده‌كرده سه‌ر ئامانجه دیاریكراوه‌كان و دواتر ده‌كشایه‌وه، به‌ڵام ستراتیژییه‌تی ئه‌م جاره‌ی توركیا درێژه‌دانه به ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و جێگیربوونه له‌و ناوچانه‌دا كه هێرشی ده‌كاته سه‌ر. واتا ئه‌و بۆشایییه ئه‌منییانه‌ی كه له هه‌ندێك ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه دروست بووه، له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه له ڕێگه‌ی جێگیركردنی بنكه سه‌ربازی و ئه‌منی و هه‌واڵگه‌ری (ئیستخباراتی)یه‌كانه‌وه ده‌پارێزرێن به مه‌به‌ستی دووباره نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ ئه‌م شوێنانه.
جگه له‌م خاڵه سه‌ره‌كییه‌ی سه‌ره‌وه، چه‌ند جیاوازییه‌كی دیكه هه‌یه له‌نێوان زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پێشووتر كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: نه‌هێشتنی سه‌رچاوه دارایییه‌كانی په‌كه‌كه، كه له ڕێگه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا پێیان وایه ئه‌گه‌ر بتوانن ڕێگری بكه‌ن له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و داهاتانه كه له ڕێگه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌ست په‌كه‌كه ده‌كه‌وێت، ئه‌وه گورزێكی كه‌مه‌رشكێن به‌ر په‌كه‌كه ده‌كه‌وێت. به‌شێك له‌م شوێن و ناوچانه‌ی كه كراونه‌ته‌وه ئامانج له‌م زنجیره ئۆپه‌راسیۆنانه، په‌كه‌كه به مه‌به‌ستی گواستنه‌وه و چاندنی مادده هۆشبه‌ره‌كان به‌كاری ده‌هێنێت.
دووه‌م: ڕێگریكردن له به‌ده‌ستهێنانی داهات له ئه‌نجامی فرۆشتنی نه‌وت. به‌تایبه‌تی دوای تێكچوونی بارودۆخی سووریا، په‌كه‌كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌وڵی داوه له ڕێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه داهاتی ده‌ست كه‌وێ. ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئه‌م داهاته‌یش وشك بكرێت و نه‌هێڵدرێت، ئه‌و كاته له ڕووی دارایییه‌وه له‌وانه‌یه په‌كه‌كه تووشی گرفتی داریی بێت و ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێت له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی له ناوچه‌كه و توركیادا. بۆیه یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك"، پچراندنی هێڵی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان په‌كه‌كه و سووریا له ڕێگاهی شنگاڵ، كه ئه‌مه‌یش به نه‌هێشتنی یاخود به لاوازكردنی په‌كه‌كه دێت له قه‌ندیل و ناوچه سنوورییه‌كانی تر.
سێیه‌م: كۆتاییهێنان به جموجۆڵه‌كانی قاچاخچێتی كه له ڕێگه‌ی سنووره‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌مه‌یش سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی داراییی بۆ په‌كه‌كه دابین كردووه، بۆیه توركیا ئامانجیه‌تی ئه‌م سهرچاوهیهیش له په‌كه‌كه ببڕێت.
چواره‌م: ڕێگریكردن له په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گاته سه‌رچاوه‌ی مرۆیی. ئه‌م خاڵه به‌راورد به خاڵه‌كانی سه‌ره‌وه زۆر جیاوازتر و كاریگه‌رتره، چونكه له دوو ساڵی كۆتاییدا په‌كه‌كه نه‌یتوانیوه به‌پێی پێویست كه‌سانی نوێ بخاته ڕیزه‌كانی خۆی له‌نێو خاكی توركیاوه. بۆیه ده‌بینین كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ په‌نای بردۆته‌وه ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه‌ی كوردستان كه نفووزی تێدا هه‌یه، وه‌كوو ناوچه‌كانی نزیكی قه‌ندیل و شنگاڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ڕۆژاوایش به سه‌رچاوه‌یه‌كی مرۆییی باش بۆ په‌كه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌چڕی و به‌وردی كار بۆ ئه‌م خاڵه ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه. یه‌كێك له‌م بابه‌تانه كه به‌رپرسانی توركیا "شانازیی پێوه ده‌كه‌ن"، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن توانیویانه تا ڕادده‌یه‌ك و ئاستێكی باش ڕێگری له به‌ئه‌ندامبوونی كه‌سانی نوێ بۆ ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه بكه‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێی لێدوانه‌كانی وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خلووسی ئه‌كار، تا ئێستا كۆتا هه‌نگاو له زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك"، به‌شی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك – كلۆن"ه كه له ڕێكه‌وتی 17ی نیسان 2022 ئه‌نجام دراوه. ئه‌مه‌یش به مانای ئه‌وه دێت له ڕۆژانی داهاتوودا ته‌واوكه‌ر و درێژه‌پێده‌ری ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به‌رده‌وام ده‌بێت به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ستراتیژییه‌تی نوێی توركیا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه.
ئامانجەکانی تورکیا له زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" چین؟
توركیا له ڕێگه‌ی گۆڕینی ستراتیژییه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه، چه‌ند ئامانجێكی سه‌ره‌كیی هه‌یه كه به‌م شێوه‌یه ده‌توانین بیانخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: ئامانجی ئه‌منی و سه‌ربازی له سه‌رووی ئامانجه‌كانی توركیا دێت له‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه، چونكه ئه‌نقه‌ره ده‌یه‌وێت به قووڵاییی (40) كم له‌ناو خاكی عێراق ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیر دروست بكات. ئه‌م ناوچه ئارامه ئه‌گه‌ر دروست كرا، ئه‌وه توركیا به پله‌ی یه‌كه‌م له ڕووی ئاسایشه‌وه سه‌قامگیرتر ده‌بێت، چونكه ئه‌نقه‌ره چه‌ندان ساڵه به‌ده‌ست ناسه‌قامگیریی ئه‌منیی ئه‌م ناوچه سنوورییانه‌وه ده‌ناڵێنێت و جاربه‌جاریش ئه‌م ناسه‌قامگیرییه ده‌گاته ئاستێك، ڕاسته‌وخۆ سه‌قامگیریی سیاسیی توركیا به‌گشتی ده‌خاته ژێر مه‌ترسی.
دووه‌م: ئامانجێكی دیكه‌ی ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه ڕه‌هه‌ندێكی سیاسییش له‌خۆ ده‌گرێت. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی قه‌یرانی ئۆكراینا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له قۆناغی ئێستادا، زیاتر پێویستیان به پاڵپشتیی توركیا هه‌یه؛ هه‌روه‌ها واشینگتۆن و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌نیازن سوید و فینله‌ندا بكه‌نه ئه‌ندام له هاوپه‌یمانیی ناتۆدا. لێره‌یش پێویستیان به ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ناتۆیه كه توركیایشی تێدایه و، توركیا وه‌كوو ئه‌ندامێكی ناتۆ مافی ڤیتۆی له دژی ده‌ستپێكردنی ڕێكاره‌كانی به‌ئه‌ندامبوونی ئه‌م دوو دوڵاته له ناتۆ به‌كار هێنا. بۆیه ده‌بینین توركیا ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار هێناوه و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هێرشه‌كانی بۆ پێگه و په‌ناگه‌كانی په‌كه‌كه ڕێكتر و چڕتر كردووه؛ چونكه لانی كه‌م له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، پێ ناچێت هیچ لایه‌نێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته گوشار بخاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره.
له لایه‌كی دیكه، هێرشه‌كانی سوپای توركیا و زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" به‌گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن" به‌تایبه‌ت، له ڕووی سیاسییه‌وه دیوێكی دیكه‌یشی هه‌یه كه ئه‌ویش بریتییه له ئاسته سیاسییه ناوخۆیییهكه؛ چونكه به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م جۆره ئۆپهراسیۆانانه كه به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجام ده‌درێن، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیش پاڵپشتیی لێ ده‌كرێت. تاكه بابه‌ت كه ئاك پارتی و پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په) له‌سه‌ری كۆكن، ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه‌یه. جا بۆیه ناوه‌به‌ناوه ئه‌ردۆغان ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی باردۆخه گرژه ناوخۆیییهكانیش به‌كار ده‌هێنێت.
سێیه‌م: ئه‌و ناوچانه‌ی كه په‌كه‌كه‌ی لێیه و بۆته هۆی ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و سه‌ربازی له هه‌رێمی كوردستان، له ڕووی ئابوورییه‌وه گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه بۆ توركیا؛ به‌تایبه‌تی دوای قه‌یرانی ئۆكراینا كه گرفتی دابینكردن و گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی لێ كه‌وته‌وه. توركیا وه‌كوو ڕێره‌وێكی گواستنه‌وه‌ی وزه و، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو لایه‌نێكی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت و غاز، گرنگییان ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بێت. ئه‌نقه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕووهوهیشهوه سوودێكی ئابووری به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌رێمی كورستان كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێیه، بكاته ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیر بۆ ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م "ئاسایشی خۆی دابین بكات" و ئه‌م مه‌ترسییه‌ی كه له‌سه‌رییه‌تی نه‌یهێڵێت؛ هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا سه‌قامگیربوونی ئه‌م ناوچانه، جووڵه بازرگانی و ئابوورییه‌كان ئاسانتر و متمانهپێكراوهتر ده‌كات.
هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و میدیاكان به‌رامبه‌ر زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك"
زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" به‌گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن" به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی له ڕووی سیاسی و ئه‌كادیمی و ته‌نانه‌ت تا ڕادده‌یه‌كیش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌نێو توركه‌كان پاڵپشتیی لێ ده‌كرێت، چونكه بۆچوونێكی فراوان و باو له‌نێو ئه‌م لایه‌نانه دروست بووه كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه زیانی زۆریان به توركیا گه‌یاندووه و ئه‌م بارودۆخه‌ی كه لێی دروست بووه، بۆته هۆی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابوورییش له وڵات‌دا.
بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن"، سه‌رۆكی گه‌وره پارتی ئۆپۆزیسیۆنی پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په)، كه‌مال كیلیچدار ئۆغلو، له ڕێگه‌ی تویتێكه‌وه پاڵپشتیی خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ڕاگه‌یاند [1] و تیایدا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ سوپای توركیا خواست. جگه له‌مه كلیچدار ئۆغلو ده‌رباره‌ی بابه‌تی په‌كه‌كه پێشتریش چه‌ند هه‌ڵوێستێكی به‌رچاوی هه‌بووه؛ بۆ نموونه له یه‌كێك له لێدوانه‌كانیدا به‌م شێوه‌یه هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به قه‌ندیل خستۆته ڕوو: "به‌ڵێن ده‌ده‌م كه گه‌یشتینه ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر پێگه‌ی قه‌ندیلمان ته‌خت نه‌كرد، ئه‌وكات پێم نه‌ڵێن كلیچدار ئۆغلو."[2] ئه‌مه‌یش به‌گشتی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه گه‌وره پارتی ئۆپۆزیسیۆن ڕاسته‌وخۆ و به‌بێ هیچ نیگهرانییهكهوه پاڵپشتیی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی دژی په‌كه‌كه ده‌كات له هه‌رێمی كوردستان. سه‌باره‌ت به لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وانیش به‌گشتی، جگه له پارتی دیموكراتی گه‌لان (Halkların Demokrat Parisi-HDP)، پاڵپشتییان له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه كرد.
پارتی دیموكراتی گه‌لان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی دژی په‌كه‌كه، ناڕه‌زاییی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و داوا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه بوه‌ستێنرێت. دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی "چڕنووك-كلۆن"، ناوه‌ندی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی پارتی دیموكراتی گه‌لان له به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌ڕمیدا به‌توندی ئیدانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی كرد و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه‌وا ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵات به‌ره‌و خراپتر ده‌بات[3]. به‌گشتی هه‌ڵوێستی حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن جگه له پارتی دیموكراتی گه‌لان، به‌رامبه‌ر به‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه، ده‌كرێت به ئه‌رێنی وه‌سف بكرێت.
له لایه‌كی دیكه ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن له توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه به ورده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان داوه و زیاتر جه‌ختیان له گرنگیی ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه كردۆته‌وه بۆ توركیا. ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن له ڕێگه‌ی به‌رنامه جۆراوجۆره‌كانه‌وه هه‌وڵیان داوه ڕای گشتی بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه دروست بكه‌ن و، ده‌توانین بڵێین "تا ڕادده‌یه‌كی باشیش له‌م ئه‌ركه‌یاندا سه‌ركه‌وتوو بووینه." ته‌نانه‌ت كه‌ناڵ و پێگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه جیاوازه‌كان، جگه له‌وانه‌ی نزیكن له ده‌سه‌ڵات، ئه‌وانیش به هه‌مان شێواز هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه "وێنه‌یه‌كی باش و جوان" بۆ ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه بكێشن. به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵمه‌ته میدیایییه‌ی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه جۆراوجۆره‌كان، په‌كه‌كه و پارتی دیموكراتی گه‌لان له ڕێگه‌ی ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندنی خۆیان و ئه‌وانه‌ی لێیان نزیكن، كاریان بۆ ئه‌وه كردووه ڕای گشتی له دژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دروست بكه‌ن. بێ گومان په‌كه‌كه و پارتی دیموكراتی گه‌لان له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیای خۆیانه‌وه تا ڕادده‌یه‌ك توانیویانه له‌م هه‌وڵانه‌یاندا سه‌ركه‌وتوو بن، به‌تایبه‌تی له شاره كوردییه‌كان له توركیا. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته میدیایی و سۆشیاڵ میدیایه‌ی په‌كه‌كه له هه‌مان كاتدا له هه‌رێمی كوردستانیشدا ده‌مێكه ده‌ستی پێ كردووه و، هه‌وڵ دراوه كه‌وا سه‌رنجی خه‌ڵك له هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌ترسییه‌كانی توركیا له هه‌رێمی كوردستان ڕاكێشن. به‌تایبه‌تی هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی سوپای توركی وه‌كوو هه‌وڵێكی فراوانی توركیا بۆ داگیركردنی خاكی هه‌رێمی كوردستان وێنا ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت له‌م دوایییانه‌دا كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و پێگه‌كانی سۆشیاڵ میدیای نزیك له په‌كه‌كه، ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه به مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌چوێنن.
به‌رامبه‌ر زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك"ی سوپای توركیا، په‌كه‌كه بۆچی داوا له خه‌ڵكی باشوور ده‌كات ڕاپه‌ڕن؟
دوای هه‌ر گوشارێكی سوپای توركیا بۆ سه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه، په‌كه‌كه ڕاسته‌وخۆ ده‌ست ده‌كات به تۆمه‌تباركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ ته‌نانه‌ت ئه‌م كاردانه‌وانه‌ی په‌كه‌كه هه‌ندێك جار گه‌یشتۆته ئاستی به‌كارهێنانی هێز دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌وڵی داوه داموده‌زگه خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكاته ئامانج. بۆ نموونه ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی (16/5/2022) ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ده‌ركه‌وت كه په‌كه‌كه هه‌وڵی ئاراسته‌كردنی مووشه‌كی هه‌بووه بۆ چه‌ند شوێنێكی حزبی و حكوومی[4]. جگه له‌مه، موراد قه‌ره‌یلان له دوایین چاوپێكه‌وتنیدا داوا له خه‌ڵكی باشوور ده‌كات ڕاپه‌ڕن[5]، له كاتێكدا شوێنی جوگرافیی چالاكیی خۆی، پێویسته له توركیا بێت و داواكارییه‌كانی خۆی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی ئه‌وێ بكات؛ ئه‌مه ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه به‌ڕاستی لایه‌نێكی سیاسی و چه‌كداریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بێت. به‌ڵام هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌یه. ئێتر به‌داخه‌وه، په‌كه‌كه له بری ئه‌وه‌ی ببێته نوینه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك، بۆته چه‌كێكی به‌كرێگیراوی لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها په‌كه‌كه به‌مه‌یش ناوه‌ستێت و چاوی به پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌كه‌كه له هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵنایه‌ت، چونكه په‌كه‌كه هیچ كاتێك ئه‌مه قبووڵ ناكات لایه‌نێكی سیاسیی تر، جا چ له‌سه‌ر ئاستی توركیا بێت و چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی بێت، پێش بكه‌وێت و سه‌ر كه‌وێت. ئه‌وه‌مان زۆر باش بینی كه چۆن په‌كه‌كه كاتێك سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له توركیا زۆر چالاك و به‌رچاو بوو و ته‌نانه‌ت گه‌یشتبووه ئاستێك ڕكابه‌ریی لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ده‌كرد، كه‌چی په‌كه‌كه بۆ كۆتاییهێنان به‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ی ده‌میرتاش، یه‌كسه‌ر ده‌ستی به كرده‌وه چه‌كدارییه‌كانی كرد و بیانووی دایه توركیا بگاته ئاستێك ده‌میرتاش ده‌ستگیر بكات.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، له ده‌ره‌وه‌ی توركیایش په‌كه‌كه ئه‌وه قبووڵ ناكات نه هێزێكی سیاسیی كوردی سه‌ركه‌وتوو بێت و نه سه‌ركردایه‌تییه‌كی كوردیی چالاك و به‌رچاو ده‌ركه‌وێت. به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانی به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ نییه چونكه خاوه‌ن هێزێكی به‌رچاو و كاریگه‌ره له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و هه‌میش كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات كه به ڕێژه‌یه‌كی زۆر وه‌كوو مه‌رجه‌عێكی گرنگی كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی قبووڵ كراوه، ئه‌ویش "مه‌سعوود بارزانی"یه؛ كه ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی پڕەنسیپه‌كانی په‌كه‌كه‌یه و هه‌ردوو خاڵه گرنگه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به مه‌ترسی ده‌زانێت بۆ سه‌ر پێگه و ڕۆڵی خۆی له ناوچه‌كه‌دا. بۆیه په‌كه‌كه ده‌یه‌وێت پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بكات و پێگه‌ی مه‌سعوود بارزانی بله‌قێنێت.
هۆكارێكی دیكه‌ی ئه‌و داواكارییه‌ی موراد قه‌ره‌یلان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌رێمی كوردستان چه‌ند سه‌قامگیر و به‌هێز بوو، ئه‌وه شوێنی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه و گوشاری له‌سه‌ر زیاتر دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌جێ بهێڵێت؛ چونكه په‌كه‌كه زۆر سوودی له‌و بۆشایییه ئه‌منییه وه‌رگرتووه كه له ئه‌نجامی ڕاپه‌ڕێنی كوردستان دوای ساڵی 1991 دروست بوو و، دواتر له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له 2003 ئه‌م بۆشایییه ئه‌منییه‌ی سه‌ر سنووره‌كان فراوانتر بوو. بۆیه كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ناوچانه، جا چ له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه بێت و چ له‌لایه‌ن هێزێكی دیكه بێت، گورزێكی گه‌وره‌یه به‌ر په‌كه‌كه ده‌كه‌وێ. له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌یه په‌كه‌كه به مه‌به‌ستی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و زاڵبوونی فه‌وزا و گێره‌شێوێنی له شاره‌كاندا له پێناو به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی و پارێزگاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه ته‌سكه‌كانی، داوا له خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ڕاپه‌ڕن.
كۆبه‌ند
په‌كه‌كه هیچ كات نه‌یویستووه و به‌مه ڕازی نه‌بووه و پێیش ناچێت ڕازی ببێت، هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیر دروست بێت، چونكه له لایه‌ك پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌شله‌ژێت، له لایه‌كی دیكه‌یش ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی په‌كه‌كه‌یه هێزێكی كوردیی تر سه‌ر كه‌وێت و بگاته ده‌سه‌ڵات و لووتكه. به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی په‌كه‌كه، توركیا به‌تایبه‌تی له ساڵی 2016وه گۆڕانكاریی ڕیشه‌ییی كردووه له ستراتیژییه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له ڕێگه‌ی جێگیركردنی هێز و دانانی بنكه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگه‌ری (ئیستیخباراتی) له‌و شوێنانه‌ی كه هێرشی دهكاه سه‌ر. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوودا ئه‌نقه‌ره درێژه به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی خۆی بدات به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه گومانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێیه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئامانجێكی دیكه‌ی توركیا له‌م ئۆپه‌راسیۆنانه، كۆتاییهێنانه به چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگاڵ، بۆیه دوور نییه له قۆناغه‌كانی داهاتوودا زنجیره ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "چڕنووك" تا شنگاڵ فراوان بكرێن.
[1] بۆ بینینی تویته‌كه‌ی كه‌مال كلیچدار ئۆغلو به زمانی توركی سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://twitter.com/kilicdarogluk/status/1516101318712168455 ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان (15/5/2022).
[2] بۆ گه‌یشتن به لێدوانه‌كه‌ی كلیچدار ئۆغلو به زمانی توركی سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.youtube.com/watch?v=yOVURJG8yXo ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان (15/5/2022).
[3] بۆ ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی "هه‌ده‌په" كه به زمانی توركی بلاو كرابووههوه سه‌ردانی ئه‌م لێنكه بكه: https://www.independentturkish.com/node/499301/haber/hdpden-pen%C3%A7e-kilit-operasyonuna-tepki-a%C3%A7l%C4%B1%C4%9F%C4%B1-yoksullu%C4%9Fu-ve-geleceksizli%C4%9Fi ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان (15/5/2022).
[4] بۆ بینینی ڤیدیۆی دانپێدانانه‌كه سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://t.ly/dbKz ، رۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (17/5/2022).
[5] بۆ بینینی لێدوانه‌كه‌ی قه‌ره‌یلان سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://anfsorani.com/%D8%AC%DA%A4%D8%A7%D9%83/qrylan-ga-b-shy-kwrd-b-kwrd-ndn-31568 ، رۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (15/5/2022).