موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ئۆپۆزیسیۆن له توركیا دوای ساڵی 2002 گورزێكی گه‌وره‌ی به‌ر كه‌وت و ڕووبه‌ڕووی گرفتێكی گه‌روه بووه‌وه و تا ئه‌مڕۆیش نه‌یتوانیوه بێته‌وه سه‌رخۆ و وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروست كاره‌كانی خۆی به‌ڕیوه ببات. بێ گومان تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه له توركیا بۆ ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و بیرۆكه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ موعاره‌زه كه بریتییه له نه‌ریتێكی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه تیایدا دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵات حه‌رامه و ڕێگه‌پێدراو نییه، ئه‌م خاڵه ڕۆڵێكی دیاری هه‌بووه له‌م شكسته؛ له پاڵ ئه‌مه‌یش كێشه ناوخۆیییه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆنی قورس‌تر كردووه، چونكه چه‌ندان ئایدیۆلۆژیای جیاواز و بیرۆكه‌ی چه‌پ و ڕاست له ئۆپۆزیسیۆنی توركیادا هه‌یه و، مه‌حاڵه له هه‌ندێك بواردا بگه‌نه یه‌ك. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئێستا حزبی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتی) وه‌ك حزبی ده‌سه‌ڵات، له ڕێگه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی كۆمار (Cumhur İttifakı) له ساڵی 2018وه توانیویه‌تی له ده‌سه‌ڵات بمینێته‌وه و، به هۆكاری ئابووری و سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ له‌به‌ر هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و زیادبوونی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی په‌نابه‌ره سووری و ئه‌فغانییه‌كان له توركیا، ڕووبه‌ڕووی گرفتی زۆر جددی ببێته‌وه و ڕۆژ له دوای ڕۆژیش ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی توركیا به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌ڕوات[1]. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه ئێستا له توركیا ئاسۆی گه‌ڕێكی دیكه‌ی ململانێیه‌كی نوێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات له توركیا به‌ده‌ركه‌وتووه و، پێشبینییش ده‌كرێت ئه‌م جاره‌یان ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌هێز و تازه و گه‌رموگوڕتر ده‌ربكه‌وێت به‌راورد به هه‌ڵبژرادنه‌كانی ساڵی 2018.
تایبەتمەندی و سیماکانی گەڕی نوێی ڕکابەرایەتی و ململانێی نوێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە تورکیا چین؟
هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی ساڵی 2019 له توركیا به خاڵێكی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له ڕووی دووباره ده‌ستپێكردنی كاریگه‌رییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له توركیا دوای نزیكه‌ی 17 ساڵ له ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی ئاك پارتی؛ چونكه له‌م هه‌ڵبژرادنانه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی گه‌وره‌شاره‌كانی وه‌كوو ئه‌نقه‌ره و ئیستا‌نبۆڵ كه به دوو گه‌وره‌ترین شاره‌وانی هه‌ژمار ده‌كرێن له‌سه‌ر ئاستی توركیادا، كه‌وتنه ده‌ست لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن. هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆزیسیۆن له‌م هه‌ڵبژاردنه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاڵپشتیكردنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاندیدیدێكی هاوبه‌ش. ئێستایش لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر به‌وردی هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌مان سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی ساڵی 2019 دووباره بكه‌نه‌وه به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان به شێوازێكی نوێ، چونكه تا ساڵی 2022 چه‌ند حزبێكی سیاسیی دیكه دامه‌زراون كه له‌وانه‌یه ئه‌م حزبانه كاریگه‌رییان هه‌بێت بۆ زیاتر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی حزبی ده‌سه‌ڵات و هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، كه حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستییه (MHP).
ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌یان به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌ماشای لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ین، ئه‌وه جیاوازییه‌كی به‌رچاو ده‌بینین، به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه له‌لایه‌ن شه‌ش حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا ده‌ستی پێ كردووه، له‌وانه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنیی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزیسیۆن لێ بكه‌وێته‌وه. ئه‌م شه‌ش لایه‌نه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بریتین له "حزبی كۆماری گه‌ل –CHP" به سه‌رۆكایه‌تیی كه‌مال كلیچدار ئۆغلو، "حزبی باش – İYİ parti" به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌رال ئاگشنار، "حزبی سه‌عاده‌ت – Saadet Partisi" به سه‌رۆكایه‌تیی ته‌مه‌ل كارا موله ئۆغلو، "حزبی داهاتوو- Gelecek Parti" به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو، "حزبی ده‌وا – DEVA partisi" به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌لی باباجان و "حزبی دیموكرات-Demokrat Parti" به سه‌رۆكایه‌تیی جولته‌كین ئویسال. ئه‌م شه‌ش حزبه سیاسییه تا ئێستا به شێوه‌یه‌كی فراوان پێنج جار له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكی حزبه‌كان كۆ بوونه‌ته‌وه؛ جاوه‌ڕێش ده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌ی دیكه له‌سه‌ر ئاستی به‌رز ئه‌نجام بده‌ن. به‌گشتی ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆبوونه‌وانه هه‌وڵێكی جددییه بۆ كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی ئاك پارتی به شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه، چونكه له ساڵی 2016 هه‌وڵی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییش درا بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بهێنرێت به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌م هه‌وڵه‌یش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌وه سه‌رۆك، له لێدوانێكیدا به‌ئاشكرا گوتی كه پێویسته ئه‌ردۆغان به هه‌ڵبژاردن بگۆڕدرێت نه‌ك به كوده‌تا[2]. وا پێ ده‌چێت بایدن له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی سوور بێت و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بدات، به‌تایبه‌تی له ڕووی دزه‌پێكردنی هه‌ندێك زانیاریی ورد له‌سه‌ر خودی ئه‌ردۆغان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و هه‌ندێك زانیاریی دیكه ده‌رباره‌ی چالاكییه نهێنییه‌كانی ئاك پارتی.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، وه‌كوو وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی گوایه ئه‌م حزبانه جیاوازن له ڕووی ئایدیۆلۆژیا و، تێڕوانینی جیایان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی وڵات، له پێنجه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، له‌سه‌ر ده بنه‌ما ڕێك كه‌وتن كه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌ن تێڕوانین و بۆچوونه‌كانیان له چوارچێوه‌ی ئه‌م ده بنه‌مایه سه‌ره‌كییه ڕێك بخه‌ن؛ به‌پێی ڕاگه‌یاندنی فه‌رمیی شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن كه كلیچدار ئۆغلو له ئه‌كاو‌نتی خۆی له تویته‌ر بڵاوی كردەوە[3]، ده بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بریتین له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌پێی ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌یه‌ی شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، كه ئه‌م ده بنه‌مایه‌ی له‌خۆ گرتووه، وا پێ ده‌چێت سنووری ململانێی نێوان ئاك پارتی و هاوپه‌یمانانی له‌گه‌ڵ شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن دیاری بكات. بێ گومان ئه‌م بنه‌مایانه هه‌وڵێكی جددین بۆ لاوازكردنی ئاك پارتی، هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی ئاك پارتی له ده‌سه‌ڵات له‌ناو ده‌بات؛ بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئاك پارتی به شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ هه‌وڵ بدات ڕووبه‌ڕووی ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ی شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ببێته‌وه. هه‌ر بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاك پارتی و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی (پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی MHP)، به‌یه‌كه‌وه ڕه‌شنووسی یاسایه‌كیان به ناوی "یاسای سۆشیال میدیا" پێشكه‌شی په‌رله‌مانی توركیا كردووه؛ له ڕێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌كارهێنانی سۆشیال میدیا، كه وه‌كوو چه‌كێكی كاریگه‌ر له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه له دژی پارتی ده‌سه‌ڵات به‌كار ده‌هێنرێت، سنووردار بكرێت و ئۆپۆزیسیۆن نه‌توانێ ئازادانه سۆشیال میدیا به‌كار بهێنێت.
میکانیزم یان خاڵی لاواز و بەهێزی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن چین؟
ئاك پارتی دوای نزیكه‌ی 20 ساڵ له حوكمڕانی له توركیا، تووشی چه‌ندان گرفتی جددی بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش وای كردووه خه‌ڵك بێزار بێت و به‌گشتی ده‌توانین گرنگترین و دیارترین ئه‌و ئاڵنگارییانه كه ڕووبه‌ڕووی ئاك پارتی ده‌بێته‌وه له قۆناغی ئێستا و داهاتوو، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: تێكچوونی بارودۆخی ئابووریی وڵات و دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی، گرنگترین قه‌یرانه كه ڕووبه‌ڕووی ئاك پارتی بووه‌ته‌وه؛ چونكه په‌تای كۆرۆنا و قه‌یرانی ئۆكراینا و پێشهاته نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان و به‌رزبوونی نرخی نه‌وت به شێویه‌كی به‌رچاو، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی كردۆته سه‌ر ئابووری و داراییی توركیا. ئه‌مه‌یش وای كردووه ئابووریی توركیا به‌رگه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییه هه‌نووكه‌یی و درێژخایه‌نانه نه‌گرێته‌وه و لایه‌نی ئابووریی وڵات پێ بنێته قۆناغێكی مه‌ترسیدار. تێكچوونی باری ئابووریی هاووڵاتی و دابه‌زینی توانای كڕینی تاك له توركیا، كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ده‌نگده‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان؛ به شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ ده‌نگدان له دژی حزب و هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵات. بۆیه ئه‌م بابه‌ته به گرنگترین مه‌ترسی داده‌نرێت له دژی ئاك پارتی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا و، له هه‌مان كاتدا به خاڵێكی گوشار داده‌نرێت له به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزیسیۆن.
دووه‌م: بابه‌تی په‌نابه‌ران به‌گشتی و به‌تایبه‌تی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا، كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه كه به‌رۆكی ئاك پارتیی گرتووه، چونكه له ساڵی 2011وه توركیا ده‌رگه‌كانی خۆی بۆ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان واڵا كردووه و ئه‌مه‌یش ئه‌ركێكی دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی قورسی خستۆته سه‌ر توركیا؛ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌دان به كاركردنی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا به نرخێكی زۆر كه‌متر له هاووڵاتیانی توركی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رفراوانی لێ كه‌وتۆته‌وه؛ ئه‌مه جگه له چه‌ندان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه به‌هۆی زۆریی ژماره‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له شاره جیاجیاكانی توركیا سه‌ری هه‌ڵداوه. بۆیه ئه‌م گرفته گه‌یشتۆته ئاستی قه‌یران؛ جگه له‌مه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی فراوان له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه سه‌ری هه‌ڵداوه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئه‌م خاڵه وه‌كوو خاڵێكی هێز و گوشار بۆ ئۆپۆزیسیۆن له دژی ئاك پارتی هه‌ژمار ده‌كرێت.
سێیه‌م: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له سه‌رده‌می ئاك پارتی بابه‌تێكی دیكه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی هه‌بووه. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاكانییه‌وه ئاك پارتی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابوو كه‌وا "سیاسه‌تی سفر كێشه" له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه په‌یڕه‌و بكات، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌وا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕووی دا و گرفت و كێشه‌ی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی گه‌یشته لووتكه و ته‌نانه‌ت توركیا له هه‌ندێك قۆناغدا به‌ته‌نیا مایه‌وه. بۆیه ئه‌مه‌یش به یه‌كێك له كێشه و گرفته هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان داده‌نرێت كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه و ده‌توانێ ئاراسته‌ی ده‌نگده‌ر بگۆڕێت. به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له سه‌رده‌می ئاك پارتی و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی، بابه‌تێكه كه له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بۆته جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی توند و، ئۆپۆزیسیۆن هه‌وڵی داوه ئه‌م بابه‌ته وه‌كوو كارتێكی گوشار به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاك پارتی به شكستخواردوو له‌سه‌ر ئاستی وڵات‌دا بناسێنێت؛ كه ئه‌مه‌یش ده‌كرێ وه‌ك لایه‌نێكی به‌هێزی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ژمار بكرێت.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه ئاك پارتی چه‌ندان ئامرازی دیكه‌ی له‌به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری گوشاره‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ببێته‌وه، كه گرنگترینیان كۆنترۆڵكردنی جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ته. به درێژاییی بیست ساڵه ئاك پارتی هه‌وڵی داوه سوود له تواناكانی ده‌وڵه‌ت ببینێ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی خۆی به‌كاری بهێنێت؛ جگه له‌مه به‌ته‌واوی توانیویه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگه ڕاگه‌یاندنانه‌ی كه هه‌بوو و ئۆپۆزیسیۆن بوون، كۆنترۆڵیان بكات و ڕاگه‌یاندنی به ڕێژه‌یه‌كی باش خستۆته ژێر ڕكێفی خۆی. ئێستا نزیكه‌ی یه‌ك، دوو كه‌ناڵی ئۆپۆزیسیۆن ماون كه ده‌توانن به‌بێ ترس ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئاك پارتی بگرن وه‌كوو كه‌ناڵی "خه‌ڵك –Halk" كه سه‌ر به گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنه و، كه‌ناڵی "فۆكس- FOX"ی ئه‌مریكی كه به زمانی توركی و ڤێرژنی توركی په‌خش ده‌كرێت له توركیا. بێ گومان ئه‌مه لاوازترین خاڵی ئۆپۆزیسیۆنه، چونكه ئاك پارتی سه‌رجه‌م ئه‌م توانایانه‌ی له دژی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌كار ده‌هێنێت و ده‌توانین له‌م بواره بڵێین ئاك پارتی و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی، به هه‌نگاوێك پێشتر ده‌ست به هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كات.
له لایه‌كی دیكه ئاك پارتی هه‌وڵی داوه له ساڵی 2018وه هاوپه‌یمانییه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رست (MHP) پێك بهێنێت به مه‌به‌ستی ڕازیكردنی ده‌نگی هاووڵاتیانی توركی نه‌ته‌وه‌په‌رست بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و ده‌نگانه بكاته‌وه كه به‌هۆی كۆتاییهێنان به پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ده‌ستی داوه. بۆیه یه‌كێك له لایه‌نه به‌هێزه‌كانی ئاك پارتی به‌ده‌ستهێنانی ڕێژه‌یه‌كی باشی ده‌نگی نه‌ته‌وه‌په‌ر‌سته‌كانه؛ هه‌رچه‌نده حزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌په‌رست به ناوی "حزبی باش – İYİ Parti" دامه‌زراوه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێشبینی ده‌كرێت له ڕێگه‌ی حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رست (MHP) ڕێژه‌یه‌كی ده‌نگی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی مسۆگه‌ر بكات.
ئاك پارتی له ڕێگه‌ی سیسته‌می كۆمارییه‌وه توانیویه‌تی تا ڕادده‌یه‌كی باش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆی و، كه‌سه نزیكه‌كانی حزبه‌كه توانیویانه شاده‌ماری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بخه‌نه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان. بێ گومان كونترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌لایه‌ن ئاك پارتییه‌وه سوودی زۆری ده‌بێت بۆ ئه‌م حزبه، به‌تایبه‌تی له بواری به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دژی نه‌یاره‌كانی. چونكه له توركیا به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به مه‌به‌ستی ته‌سفیه‌كردنی نه‌یاره‌كان به‌كار هێنراوه و، جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ئاك پارتی‌یش كه له قۆناغه‌كانی ڕابردوودا بۆته قوربانیی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و له دژی به‌كار هێنراوه، كه‌چی ئێستا هه‌مان ڕێگه و ئامراز له دژی نه‌یاره‌كانی به‌كار ده‌هێنێت.
خاڵێكی دیكه كه له هاوكێشه‌ی سیاسیی توركیادا زۆر گرنگه، ڕۆڵی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازییه. ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م دامه‌زراوه‌یه هه‌ڵسه‌نگێنین، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌ی جارانی نه‌ماوه؛ به‌تایبه‌تی دوای ساڵی 2016 ئه‌م دامه‌زراوه‌یه زۆر لاواز بووه و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆماره‌وه كۆنترۆڵ كراوه. جگه له‌مه هێزیكی پۆلیسی چه‌كدار به چه‌كی قورس له‌ژێر ناوی "پۆلیسی جووڵه‌ی تایبه‌ت - Özel Hareket Polisi" پێك هێنراوه و سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆیه. ئه‌م یه‌كه‌یه مه‌شقی تایبه‌تیان پێ ده‌كرێت و ئه‌ركی سه‌ره‌كییان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و گرووپه تیرۆریسته‌كانه و، گومان ده‌كرێت كه ئه‌م یه‌كه‌یه ڕاسته‌وخۆ به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردنی ئاك پارتی دامه‌زرابێت[4].
ڕوانگەی هەر یەک لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەمبەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان چییه؟
هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له بابه‌ته گرنگه‌كان كه هه‌ردوو لا زۆر جار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن. لایه‌نی ده‌سه‌ڵات كه بریتییه له ئاك پارتی، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له ڕووی بازرگانی و وزه و سیاسی. حكوومه‌ته‌كانی ئاك پارتی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندۆته به‌رزترین ئاست به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه له چوارچێوه‌ی پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقدا سنووردار كراوه؛ چونكه به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی سه‌ر به ئاك پارتی، به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان كێشه‌یان نییه له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌م په‌ره‌پێدانه پێویسته له چوارچێوه‌ی پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقدا بێت[5]. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك جار توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا زۆر فراوانتر كردووه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هه‌نگاویشی ناوه كه حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی له عێراق به‌دڵی نه‌بووه، به‌ڵام حكوومه‌ته‌كانی ئاك پارتی ئه‌م مه‌ترسییه‌یان له‌به‌رچاو گرتووه. بۆ نموونه له بابه‌تی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی مه‌ركه‌زیی عێراق چه‌ندان جار داوای له توركیا كردووه كه ڕێگه به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم نه‌دات، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره ئه‌م داواكارییانه‌ی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زیی عێراقی پشتگوێ خستووه.
به‌گشتی مانه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئاك پارتی له ده‌سه‌ڵات، له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌روه‌ها زۆر كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم. به‌ڵام تاكه كێشه كه له‌وانه‌یه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێم ببێته‌وه، زیادبوونی ڕۆڵ و پێگه‌ی حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رسته كه هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كیی ئاك پارتییه؛ چونكه ئه‌م حزبه سیاسییه زۆر به‌نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڕوانێته هه‌رێمی كوردستان و، ته‌نانه‌ت كێشه‌یشیان هه‌یه له به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "كوردستان". ئه‌گه‌ر ڕۆڵ و پێگه‌ی حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رست به‌رزتر بێت و قورسایییه‌كه‌ی له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاك پارتی زیاتر هه‌ست پێ بكرێت، ئه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌م خاڵه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر هه‌بێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی كۆمار (Cumhur İttifakı) له ده‌سه‌ڵات له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمه و، پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، هه‌رچه‌نده خراپیش بێت، به‌ڵام نه‌گاته ئاستی لێكدابڕان.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، به‌گشتی ده‌كرێت هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم دابه‌ش بكه‌ینه سه‌ر دوو ئاراسته‌ی جیاواز: یه‌كه‌میان ئاراسته‌ی گه‌وره‌حزبی ئۆپۆزیسیۆنه كه بریتییه له حزبی كۆماری گه‌ل، كه ئه‌م حزبه به‌پارێزه‌وه خۆی له هه‌رێمی كوردستان نزیك ده‌كاته‌وه. بۆیه له ئه‌گه‌ری گه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات، چاوه‌ڕوان ناكرێت په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به هه‌مان ئاست و شێواز درێژه‌ی پێ بده‌ن. هه‌رچه‌نده شاندێكی باڵای حزبی كۆماری گه‌ل به سه‌رۆكایه‌تیی ئۆغگوزكان سالیجی، سه‌ردانی هه‌ولێر و كه‌ركووكی كرد و له سه‌روبه‌ندی سه‌ردانه‌كه‌ی، جه‌ختی له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه له چوارچێوه‌ی پاراستنی ئاشتیی ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام پێ ناچێت گه‌وره‌حزبی ئۆپۆزیسیۆن له توركیا، جددی بێت له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ردانه به‌دی كرا، جه‌ختكردنی شانده‌كه بوو له‌سه‌ر لایه‌نی ئاسایش و پاراستنی ئاشتیی ناوچه‌كه؛ جگه له‌مه ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبی كۆماری گه‌ل له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه به هیچ شێوه‌یه‌ك وشه‌ی "كوردستان"ی به‌كار نه‌هێناوه[6]. جگه له‌مه گه‌وره‌حزبی ئۆپۆزیسیۆن به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر داڕشتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌كیی توركیا له چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت حزبی كۆماری گه‌ل زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زییه‌وه به‌ڕێوه ببات كه ئه‌مه‌یش بێ گومان له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نابێت.
له لایه‌كی دیكه، حزبی باش (İYİ Parti) كه به‌شێكی گرنگی ئۆپۆزیسیۆنه و حزبێكی نه‌ته‌وه‌په‌رسته و تێڕوانینی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باش نییه و نه‌رێنییه، كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا ده‌بێت. جگه له‌مه هه‌ر یه‌ك له حزبی داهاتوو (Gelecek Parti) كه ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و حزبی ده‌وا (DEVA Partisi) به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌لی باباجان، تێڕوانین و بۆچوونیان بۆ دۆزی كورد به‌گشتی و بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت، ئه‌رێنییه. واتا جیاواز له تێڕوانینی هه‌ر یه‌ك له حزبی كۆماری گه‌ل و حزبی باش (İYİ Parti)، ئه‌م دوو حزبه سیاسییه‌ی ئۆپۆزیسیۆن، دید و تێڕوانینان هه‌ندێك له دید و بۆچوونی ئاكی پارتی ده‌چێت به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر.
كۆبه‌ند
بوونی ئۆپۆزیسیۆن له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی و حوكمڕانیدا زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی ته‌ندروست بنرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له توركیا ده‌گوزه‌رێت بریتییه له نایه‌كسانی و نادادپه‌روه‌ریی ده‌رفه‌ته‌كان كه بۆ هه‌ر یه‌ك له ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن ڕه‌خساوه؛ چونكه حزبی ده‌سه‌ڵات میدیا و دادگه و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی خستۆته ژێر كۆنترۆڵی خۆی و سوود له تواناكانی حكوومه‌ت ده‌بینێ؛ به‌رامبه‌ر ئه‌مه ئۆپۆزیسیۆن ئامرازه‌كانیان زۆر سنوورداره و گوشاری زۆریان له‌سه‌ره و ناتوانن به‌پێی پێویست هه‌نگاو بنێن. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی سه‌ر‌نجڕاكێش، ده‌بینین كه ئۆپۆزیسیۆن پاڵپشتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه و ڕاسته‌وخۆیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوە پشتگیریی لێ ده‌كرێت و، گومانی زۆریش له‌وه هه‌یه كه‌وا واشنتۆن و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌و‌روپی زانیاریی وردیان پێشكه‌شی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن كردووه ده‌رباره‌ی گواستنه‌وه‌ی پاره به ناوی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا. ئامانجی گه‌یاندنی ئه‌م جۆره زانیارییه نهێنییانه به لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، لاوازكردنی ئاك پارتییه. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ململانێیه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان، كه بڕیاره له ساڵی 2023دا ئه‌نجام بدرێت، هه‌بێت. هه‌رچه‌نده لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌هێزتر و به شێوه‌یه‌كی ڕێكتر و پلان و پرۆگرامێكی چڕتر كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام پێ ناچێت ئه‌ردۆغان به‌هۆی ئه‌و توانا و ئامرازانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستیدایه، ئاوا به‌ساده‌یی لا ببرێت؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوویش نه‌بێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
[1] به‌پێی راپرسیی كۆمپانیای ئاكسوی، ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاك پارتی گه‌یشتۆته خوار (30%). بۆ بینیی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/aksoy-arastirma-son-secim-anketini-yayimladi-cumhur-iki-haftada-eridi-1948587 ، كاتی سه‌ردانیكردنی ماڵپه‌ڕه‌كه 19ی حوزیرانی 2022.
[2] بۆ گه‌یشتن به لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.youtube.com/watch?v=77MLSqvzG_Y، رێكه‌وتی سه‌ردان (18/06/2022).
[3] بۆ بینینی به‌ڵگه هاوبه‌شه‌كه‌ی هه‌ر شه‌ش حزبه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن كه كلیچدار ئۆغلو بڵاوی كردبووه‌وه، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://twitter.com/kilicdarogluk/status/1531060464603602949?s=20&t=ij_yExFtWKmUs0o3ccJntQ، رێكه‌وتی سه‌ردان (30/05/2022).
[4] بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م هێزه ده‌توانن سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه فه‌ڕمییه‌كه‌ی بكه‌ن: https://www.egm.gov.tr/ozel-harekat-polisi، رێكه‌وتی سه‌ردان (18/06/2022).
[5] سه‌رۆككۆماری توركیا له لێداونێكی فه‌ڕمی ده‌ڵێ: "پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق، بنه‌مای سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر عێراق پێك ده‌هه‌ێنێت." بۆ بینینی ئه‌م لێدوانه سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.youtube.com/watch?v=yapLixhIw80، رێكه‌وتی سه‌ردان (18/06/2022).
[6] سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی "جه‌هه‌په" كه له مانگی ئه‌یلوولی ساڵی 2021 ئه‌نجام درا، ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك وشه‌ی "كوردستان" و "هه‌رێمی كوردستان"ی به‌كار نه‌هێناوه، وه‌ك چۆن له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه. بۆ بینینی هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی "جه‌هه‌په" سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شانده‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر و كه‌ركووك، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://chp.org.tr/haberler/chp-heyeti-erbilde، رێكه‌وتی سه‌ردان (19/06/2022).