موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشەكى
سەقامگيرى و دۆخى سياسیى عێراق دواى ڕاگەياندنى سەربەخۆيى، پاش ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى تا ڕۆژگارى ئێستا، بۆ توركيا گرنگيیەكى تايبەتى هەبووە، چونكە لە لايەك پێشتر ئەم خاكە لەژێر كۆنترۆڵى خۆي‌دا بوو و لە لايەكى ديكەوه هەر ڕووداوێكى نەخوازراو كاريگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر توركيا هەبووە. بۆيە سياسه‌تمەدارانى تورك بە درێژايیى مێژوو هەوڵى ئەوە دەدەن عێراقێكى سەقامگير و دۆستى ئەنقەرە دروست بێت. ئەگەر تەماشايەكى مێژووى سياسیى عێراق بكەين، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بەردەوام ئەم وڵاتە بۆتە گۆڕەپانى شەڕ و پێكدادان و ناسەقاگيرى. ئەم دۆخەیش خۆى لە خۆي‌دا كاريگەریى خراپى كردۆته سەر توركيا.
دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى بەعس و داگيركردنى عێراق لەلايەن ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا لە ساڵى ٢٠٠٣، هاوكێشەيەكى سياسیى نوێ دروست بوو و بەگشتى عێراق لە ڕووى ئەمنى و تەنانەت سياسى و ئابووریيەوە دووچارى ناسەقامگيریيەكى بێوێنە بۆتەوە. لە ساڵى ٢٠٠٣وە تا ئێستا توركيا لەگەڵ سەرجەم حكوومەتەكانى عێراق هەوڵى داوە بە شێوەيەك پەيوەندييەكانى خۆى لەگەڵياندا بونياد بنێت، كە بتوانێت بەرژەوەندييەكانى خۆى و يەكپارچەيیى خاكى عێراق بپارێزێت.
دواى ساڵى٢٠٠٣، عێراق چەندان قۆناغى جياوازى بڕيوە كە تێیدا هەندێك لايەنى سياسى بەدەر كەوتووە و قورسايیى خۆى هەبووە لە ژيانى سياسیى ئەم وڵاتەدا؛ بەگشتى لايەنە ئيسلامیيە شيعەكان جلەوى بارودۆخەكەيان گرتۆتە دەست كە تێیدا عێراق بە شێوەيەكى زۆر خراپ بەڕێوە بردراوە. ئەم خراپ بەڕێوەبردنەيش بێ گومان كاريگەریى نەرێنیى لەسەر توركيا هەبووە، چونكە توركيايش لە ساڵى ٢٠٠٢وە لەلايەن حزبێكى وەكوو "داد و گەشەپێدان"ەوە بەڕێوە دەبردرێت كە بۆچوونى دامەزرێنەرەكانيان، دەگەڕێتەوە بۆ ئيسلامى سياسیى سوننى. بۆيە جۆرێك لە ناكۆكى لە نێوان ئەم دوو لايەنە سەرى هەڵداوە.
يەكێك لە لايەنە كاريگەرەكان لە ژيانى سياسیى عێراقدا، "ڕەوتى سەدر"ە. هەڵوێستەكانى ڕەوتى سەدەر كاريگەرییه‌كی بەرچاوى لەسەر ژيانى سياسیى عێراق هەيە؛ بۆيە زۆر گرنگە بۆ وڵاتانى دراوسێ، پەيوەندييەكى باش و تەندروست لەگەڵ ئەم ڕەوتە دابنێن. بێ گومان لە هاوكێشەى سياسیى عێراق، نابێت لايەن و كاريگەریى ئێران پشتگوێ بخرێن و بەكورتى، گۆڕەپانى سياسیى عێراق هاوكێشەكەى ئاڵۆز و بەكێشمەكێشە. لە ئەنجامدا خوێندنەوە و ڕاڤەكردنى ڕەوتى سەدر و سەرۆكەكەى بۆ تێگەيشتن لە هاوكێشەى سياسیى عێراق زۆر گرنگە و، پێويستە وڵاتێكى دراوسێى عێراق، وەكوو توركيا، ڕەفتارەكانى موقتەدا سەدر باش هەڵسەنگێنێ.
تورکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ بابەتى كشانەوەى سەدر لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەكات؟
هەر پێشهاتێكى سياسى و ئەمنى و ئابوورى لە عێراق، ڕاستەوخۆ كاريگەریى لەسەر توركيا هەيە؛ بەتايبەتى قەيرانى پێكنەهێنانى حكوومەت و ڕێكنەكەوتنى لايەنە سياسييەكان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزيران دواى هەڵبژاردنى ئۆكتۆبەرى ٢٠٢١، جۆرە ناسەقامگيریيەكى سياسیى بەرچاوى لێ كەوتەوە. ئەم پێشهاتانە بەگشتى، نيگەرانیی هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتیيەكانى لێ كەوتەوە.
هەڵوێستى ئەنقەرە بەرامبەر عێراق لەسەر بنەماى پاراستنى يەكپارچەيیى خاكى عێراق و بەرژەوەندييە سياسی و ئابوورى و ئەمنییه‌كانى خۆی دادەڕێژێ. ئەنقەرە لە قۆناغە جياجياكاندا سەرجەم حكوومەتەكانى عێراقى تاقی كردۆتەوە و خراپترين پەيوەنديیشى لەگەڵ كابينەى دووەمى حكوومەتەكەى "نوورى ماليكى" بووە. ئەگەر بەگشتى پەيوەندييەكانى نێوان ئەنقەرە و بەغداد هەڵسەنگێنين، بۆمان دەردەكەوێ كە ئەنقەرە زياتر مامەڵەى لەگەڵ سەركردەكانى "حزبى دەعوه" كردووە، وەكوو: نوورى ماليكى و حەيدەر عەبادى. تاكە لايەن كە ڕاستەوخۆ و بەفەرمى مامەڵەى لەگەڵدا نەكردبێت، "موقتەدا سەدر"ە. وەزارەتى دەرەوەى توركيا و لايەنە پەيوەنديدارەكان زۆر لەمێژە كار لەسەر موقتەدا سەدر دەكەن و هەوڵ دەدەن لەنزيكەوە بيناسن و پێشبينیى هەنگاوەكانى بكەن[1]. بە شێوەيەكى گشتى دەتوانين خاڵە لێكچوو و جياوازەكانی توركيا و ڕەوتى سەدر بەم شێوەى خوارەوە بخەينە ڕوو:
خاڵه لێكچووه‌كان:
بەرامبه‌ر ئه‌م خاڵانەى سەرەوە، ئەم دوو خاڵه‌ی خواره‌وه‌یش گرنگترین خاڵه جیاوازه‌كانە لە نێوانيان:
له ئه‌نجامدا بە لەبەرچاوگرتنى ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وە، ئه‌گه‌ر سه‌در له حكوومه‌تی عێراقدا بوایه له چوارچێوی هاوپه‌یمانیی سێقۆڵيدا، ئه‌وه بێ گومان له ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا له‌وانه‌یه به‌راورد به چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌نقه‌ره باشتر بوایه، به‌ڵام كشانه‌وه‌ی سه‌در له ئەنجومەنى وەزيران له جیاتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆیییه‌كانی عێراق، قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری؛ كه ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر توركیا و، پێشبینییش ده‌كرێت دوای ئه‌م قۆناغه توركیا هانی سوننه‌كان بدات خۆیان له پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات به‌دوور نه‌گرن و به‌چڕی به‌شداری له حكوومه‌تی داهاتوودا بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕوانیش نه‌كرێت ئه‌م حكوومه‌ته ته‌مه‌نی درێژ بێت به‌بێ سه‌در؛ بێ گومان ئه‌مە له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پێك هێنرا، چونكه توركیا نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك سوننه هه‌ڵه‌ی ڕابردوو دووباره بكه‌نه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی بمێننه‌وه. شاره سوننه‌نشینه‌كان هه‌م له ڕووی ستراتیژی و هه‌میش له ڕووی ئابوورییه‌وه گرنگییه‌كى زۆری هه‌یه بۆ ئه‌نقه‌ره. له لایه‌كی دیكه، بوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له حكوومه‌تی داهاتووی عێراقی فیدراڵ، یه‌كێكه له هه‌نگاوه‌كان كه توركیا كاری له‌سه‌ر ده‌كات، چونكه ئه‌نقه‌ره-هه‌ولێر ئه‌زموونێكی باشیان هه‌یه له دانانى پەيوەندیيەكى دووقۆڵى كە به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا لەبەرچاو دەگرێت.
پەيوەندیى توركيا و چوارچێوەى هەماهەنگى وكاريگەریى ئەم پەيوەندييە لەسەر پێكهێنانى حكوومەت بەبێ سەدر
توركيا له قۆناغه‌كانی ڕابردوودا ئه‌زموونێكی باشی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی نه‌بوو و؛ له سه‌رده‌می حه‌یدر عه‌بادییش هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی پێویست نه‌بوو، به‌ڵام به‌راورد به سه‌رده‌می مالیكی باشتر بوو. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ماهه‌نگییه‌كی بێوێنه له نێوان ئه‌نقه‌ره-به‌غدا- تاران ئه‌نجام درا له دژی ڕیفراندۆم و، ئه‌م سێ لایه‌نه چه‌ندان كاری هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا؛ له گرنگترینیان ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بوو كه ئه‌گه‌ر توركیا ڕ‌ازى نه‌بوایه، ئه‌وه زۆر سه‌خت بوو كه‌ركووك له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه داگیر بكرێت. لێره ڕابردووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره-به‌غدا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیران و پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییشه‌وه بێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێكى وه‌كوو عه‌بادی بێت ياخود كەسايەتيیەكى ميانڕەوى ديكه‌ی وەكوو موستەفا كازمى بێت، ئه‌وه ئه‌نقه‌ره ده‌توانێت به‌ئاسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیی توركیا و عێراق به‌ره‌و خراپی بڕوات، ئه‌گه‌ر بێت و مالیكی یاخود كه‌سێكی نزیكی ئه‌و ببێته سه‌رۆكوه‌زیران. هه‌رچه‌نده دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی "تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ی مالیكی" و دژایه‌تیكردنی سه‌در بۆ كاندیدكردنی ئه‌و بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران، زۆر زه‌حمه‌ته مالیكی بۆ ئه‌م پۆسته كاندید بكرێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌یان خراپترین سیناریۆیه كه له‌وانه‌یه توركیا ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه؛ چونكە ئێستايشى لەگەڵدا بێت ماليكى توركيا بە وڵاتێكى داگيركەر دەبينێ، هەروەها لەسەر بنەماى تەسكى مەزهەب دەڕوانێتە توركيا.
به‌پێی ڕاگه‌یاندن و لێدوانی به‌رپرسانی توركیا، هه‌ر لایه‌نێك حكوومه‌ت پێك بهێنێت، ئه‌وه ئه‌وان ڕێزی لێ ده‌گرن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام شیاوترین كه‌سایه‌تی كه ببێته سه‌رۆكوه‌زیران و له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا بێت، ئه‌وه بێ گومان كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆیه؛ وەكوو سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا، موسته‌فا كازمى، كە تا ئێستا په‌یوه‌ندییه هه‌رێمی و نیوده‌وڵه‌تییه‌كانی عێراقی به‌باشی به‌ڕێوه بردووه؛ جا كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌كوو كازمی له‌وانه‌یه بۆ ئه‌نقه‌ره باشترین بژارده بێت.
ئه‌نقه‌ره هه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه‌وا به‌یه‌كسانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بابه‌ته‌كه زیاتر قووڵ بینه‌وه، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ئه‌نقه‌ره، به‌تایبه‌ت له گرووپه سیاسی و میلیشیاكانی نزیك تاران نیگه‌رانە؛ كه ئه‌مانه‌یش زۆرینه‌یان له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدان. نیگه‌رانیی ئه‌نقه‌ره‌یش له‌م گرووپانه بۆ ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه:
له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه له ڕوانگه‌ی توركیاوه هه‌نگاوێكی باش نییه؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه و ئەگەرێكى زۆرى هەيە ئه‌نقه‌ره گوشار بخاته سه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكەى وه‌كوو سوننه و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له حكوومه‌تی داهاتووی عێراق و، له لایه‌كی دیكه‌یش كار بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانێك بكات كه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بێت.
پێشهاتە سياسييەكانى ئێستاى عێراق، چ كاريگەريەكييان دەبێت لەسەر ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى توركيا لە خاكى عێراق؟
توركیا نزیكه‌ی سی ساڵ زیاتره به‌هۆى بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) له‌سه‌ر خاكی عێراق، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات. بوونی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی عێراق و ته‌نانه‌ت له توركیایش، به تێڕوانینی حكوومه‌تی توركیا مه‌ترسییه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیا. بۆیه له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی كار و چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه دژی سوپای توركیا، به‌بێ جیاوازی، سه‌رجه‌م حكوومه‌ته‌كانی توركیا پەكەكەيان وەكوو ڕێكخراوێكى تيرۆریستى ناساندووە وەكوو گرووپێكى تيرۆریستى مامەڵەیان لەگه‌ڵدا كردووە. جگه له‌مه‌یش، توركیا ئه‌وپه‌ڕی هێز و قورساییی دیپلۆماسی و سیاسی و سه‌ربازیی خۆی بۆ ناساندنی په‌كه‌كه وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی له ئه‌وروپا و جیهاندا، به‌كار هێناوه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه یه‌كێك له ستراتیژییه‌ته نه‌گۆڕه‌كانی حكوومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی توركیا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌یه له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بێت؛ جا ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه چ له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه یاخود به شێوه‌ی گوشاری دیپلۆماسی و سیاسییه‌وه بێت.
لەم چوارچێوەيەدا توركیا زیاتر كار بۆ دیاریكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی میانڕه‌و بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق دەكات و، نايەوێت ناسەقامگيرى لە عێراق دروست بێت، چونكە ناسەقامگيریى سياسی، ئەمنى و ئابوورى لە عێراق، دەرفەت بۆ چالاكتربوونى پەكەكە دەڕه‌خسێنێت و هۆكارێكى سەرەكیى زيادبوونى چالاكيیەكانى پەكەكە بۆ ئەو بۆشايییە ئەمنيیانە دەگەڕێتەوە كە لە عێراق، بەتايبەت دواى ساڵى ٢٠٠٣ و لە سووريا دواى ٢٠١١ دروست بووە. لەبەر ئەم هۆكاره‌يە توركيا هەوڵ دەدات بۆشايیى ئەمنى، بەتايبەت لە وڵاتانى دراوسێیدا دروست نەبێت.
لە لايەكى ديكە بە شێوەيەكى گشتى، بوونى حەشدى شەعبى لە عێراق و دژايەتیكردنى توركيا لە لايەك و پاڵپشتیكردنى پەكەكە لەلايەن حەشدى شەعبيیەوە لە لايەكى ديكە، ئەنقەرەى لە ڕووى ئەمنییه‌وه بەجددى نيگەران كردووە؛ چونكە توركيا چەندان ساڵە خەريكى كۆتايیپێهێنانى پەكەكەيە لە قەنديل، كەچى ئێستا و بە پاڵپشتیى ڕاستەوخۆى حەشدى شەعبى، پەكەكە لە شنگال جێ‌گير كراوە و شوێنێكى ستراتيژیى وەكوو چياى شنگال كه‌وتۆتە ژێركۆنترڵيان و خەريكە "قەنديلى دووەم"ی تێدا دروست بێت. هەر لەبەر ئەم هۆكاره‌يە پێشبينى دەكرێت كە توركيا درێژە بە ئۆپەراسيۆنە سەربازيیەكانى دەدات و بە هيچ شێوەيەك كۆتايى بە ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى ناهێنێت؛ چونكە ئەنقەرە تا ئەو ساتەى پەكەكە لەسەر خاكى عێراق و سووريا مابێت، درێژە بە ئۆپەراسيۆنە سەربازیيەكانى دەدات و ئەم مەترسيیە بە مەترسيیەكى ڕاستەوخۆ دەزانێت بۆ سەروەرى و ئاسايشى نەتەوەيیى توركيا.
لە ئەنجامدا ئەگەر سەدر لە حكوومەتى داهاتوو و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەشداريش نەبێت، ئەوە هچ كاريگەرییه‌كی نابێت بۆ سه‌ر ئۆپەراسيۆنەكانى توركيا دژى پەكەكە، چونكە بەپێى تێڕوانينى حكوومەتى توركيا، پەكەكە ڕێكخراوێكى تيرۆریستییە، كە دەبێت بە سەرجەم تواناكانيیەوە لە هەر كوێيەك بێت بەرەنگارى بێته‌وه. تەنانەت دواى هێرشەكانى سەر گوندى پەرەخ لە دهۆك، ئەنجومەنى ئاسايشى نيشتمانیى توركى لە ڕێكەوتى ٢١ ى تەمووزى ٢٠٢٢ كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەختى لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى لە ناوەوه و دەره‌وەى وڵات كرد[3].
بارودۆخى سياسیی ئێستاى عێراق چ كاريگەریيەكى لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و کورد لە لایەک و تورکیا و ئێران لە لایەکەی ترەوە دەبێت؟
پێشهات و ڕووداوەكانى عێراق كاريگەريیان لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى هەيە؛ هەر ناسەقامگيریيەك ياخود گۆڕانكاريیەك لە هاوكێشەى سياسیى عێراق، بە ئەرێنى بێت ياخود نەرێنى، كاريگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر ناوچەكە دەبێت. دواى كشانەوەى ڕەوتى سەدر لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دەكرێ كاريگەریى ئەم كشانەوەيە لە ڕووى پەيوەندييەكانى توركيا و كورد لە لايەك و توركيا و ئێران لە لايەكى ديكە بخەينە ڕوو.
سەرەتا پێ ناچێت كشانەوەى سەدر كاريگەريیەكى ئەوتۆى لەسەر پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و كورد هەبێت؛ لێرە مەبەستمان لە كورد، لايەنە سياسييە كوردييەكانە لە هەرێمى كوردستان. بەداخەوە ئەگەر تەماشايەكى نێوماڵى كورد بكەين، ئەوە پەرتەوازه‌یييەكى نەخوازراو دەبينين كە بە پلە يەك، زيانى بۆ خودى كورد هەيە لە هەرێمى كوردستان. سەرەتا ئەنقەرە-پارتى ديموكراتى كوردستان، كە گەورەترين هێزى كوردیيە، توانيویانە پەيوەندييەكى باش لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى هاوبەشى هەردوو لا دابمەزرێنن. بەرامبەر ئەمە، پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان زۆر خراپە و، يەكێتى زياتر لەژێر كاريگەریى تاراندايە. كەواتە پەيوەندیى توركيا و كورد، دوو ڕەهەندى گرنگ لەخۆ دەگرێت و، پێشبينیى ئەوەیش ناكرێت كشانەوەى سەدر زۆر كاريگەریى لەسەر ئەم پەيوەندييە هەبێت. بەڵام بەگشتى ناسەقامگيرى لە عێراق، كاريگەریى نەرێنیى دەبێت لەسەر سەرجەم هاوكێشە سياسى و ئابوورى و بازرگانى و ئەمنییه‌كانەوە.
سەدر بە حوكمى ئەوەى هێزێكى كاريگەرە لە عێراق- جا چ لە دەرەوەى ئەنجومەنى نوێنەران و حكوومەت بێت و چ بەشدار بێت تياياندا-، ئەوە قورساييیەكەى هەست پێ دەكرێت. واته سەدر ڕێگه‌ى ديكە بۆ گوشارخستنە سەر لايەنە سياسييەكانى ديكە بەكار دەهێنێت؛ بۆ نموونە ڕاستە سەدر لە ئەنجومەنى نوێنەران كشاوەتەوە، بەڵام لە ڕێگەى ئەنجامدانى نوێژى هەينى لە شارى بەغدا بە ئامادەبوونى هەزاران نوێژخوێن، كە لايەنگرى سەدرن، خۆى لە خۆي‌دا پەيامێكى سياسیى ڕوون ئاراسته كرا، كەوا ئەگەر سەدر لە دەرەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانيش بێت بەڵام لە ڕێگەى بەكارهێنانى ئامرازەكانى شەقام و نوێژى هەينى و ئامرازەكانى ديكە، ئەوە بەردەوام دەبێت لە دروستكردنى گوشارى سياسى بۆ سەر حكوومەتى عێراق. ته‌نانه‌ت هەندێك پێيان وايە سەدر بە كشانەوەى لە ئەنجومەنى وەزيران، لە سياسەت دوور كەوتەوە، بەڵام لە ڕێگەى نوێژى هەينییه‌وه دووبارە گەڕايەوە نێو سياسەت لە عێراق.
لەژێر ڕۆشنايیى ئەم پێشهاتانە پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و ئێران تەنیا پەيوەست نييە بە ڕووداوەكانى عێراق و كشانەوى سەدر لە ئەنجومەنى نوێنەران، بەڵكوو پێشهاتە هەرێمى و نێودەوڵه‌تییه‌كانيش كاريگەریيان لەسەر ئەم پەيوەندييە هەيە. سووريا و قەيرانى ئۆكرانيا و پەيوەندييەكانى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا و ئێران، ديارترين ئەو پێشهات و ڕووداوانەن كە كاريگەريیان لەسەر پەيوەنديی نێوان توركيا و ئێران هەيە. بەڵام لەگەڵ ئەوه‌یشدا كشانەوەكەى سەدر، بەتايبەت لە ڕووى زاڵتربوونى ئێران لە عێراق، گرنگیى خۆى هەيە چونكە لەوانەيە ئەگەرى زياتر دژايەتیكردنى توركياى لەلايەن گرووپە نزيكەكانى ئێرانییه‌وه لێ بەكەوێتەوە. بۆيە پێشبينى دەكرێت ئێران لە ڕێگەى ميليشيا و گرووپە سياسييەكانى نزيكى خۆى، گوشارەكانى لەسەر خاكى عێراق زياتر بكات بۆ ئەوەى لە لايەك ڕێگرى لە توركيا بكات نفووزى خۆى لە عێراق فراوان بكات و لە لايەكى ديكەيشه‌وه كار بۆ گورزوه‌شاندن بكات لە پەيوەندييەكانى توركيا و هەرێمى كوردستان لە بوارى نەوت و غازدا. بۆ نموونە بڕيارى دادگه‌ى فيدراڵیى عێراقى دژى هەناردەكردنى نەوتى هەرێم و، هەروەها خێراتركردنى پرۆسەى سكاڵا تۆماركراوەكەى عێراق دژى توركيا لە پاريس، كە ديسان لە بوارى نەوتەوەيە، دوو بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن كە لە ڕێگەيانەوە تاران دەيەوێت هەم هەرێمى پێ لاواز بكات و هەميش توركيا لە هاوكێشەى وزەى هەرێم و عێراق بخاتە دەرەوە. بەم شێوەيە ئێران دەيەوێ ڕۆڵى توركيا لە كەرتى وزە لە عێراق و هەرێمى كوردستان بەتەواوەتى كۆتايى پێ بێنێت ياخود لانى كەم بيگەیه‌نێتە نزمترين ئاست.
دواى كشانەوەى سەدر، پێشبينى دەكرێت گوشارەكان لەسەر توركيا لەلايەن ئێرانەوە زياتر بكرێت بە مەبەستى كەمكردنەوەى نفووزى توركيا لە عێراق و گوشارخستنە سەر توركيا بۆ كشاندنەوەى سەربازانى سوپاكه‌ی لە عێراق كە ژمارەيان نزيكەى چوار هەزار سەربازە و چەندان بنكەى سەربازى لە هەرێمى كوردستان و عێراق هه‌ن[4]. ئەم هەوڵانەیش دواى هێرشەكانى سەر گوندى پەرەخ بە شێوەيەكى كردەيى دەستى پێ كردووە.
كۆبەند
توركيا دواى كشانەوەى سەدر لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، خۆى بۆ گشت سيناريۆكان ئامادە كردووە كە ئەگەرى ڕوودانى هەيە لە عێراق؛ ديارترينيان ئاڵۆزتربوونى بارودۆخى عێراقە بەتەواوەتى، لە لايەكى ديكەيش هانى لايەنە سوننەكانى نزيك خۆى دەدات بۆ ئەوەى بەچڕى بەشدارى لە پرۆسەى سياسیى عێراقدا بكەن. جگە لەمە هيچ ئاماژەيەكيش نييە بۆ وەستاندنى ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى سوپاى توركيا بۆ سەر پەكەكە لە ناوەوە و دەرەوەى توركيا. ئەم پێشهاتانەیش وا پێ دەچێت ناوچەكە بەرەو قۆناغێكى پر لە كێشە و ئاڵۆز ببات كە تێیدا كارەكتەرە سەرەكيیەكان هەوڵ دەدەن زۆرترين سوود لە هاوكێشە نوێیە دروستبووەكە وەربگرن؛ هەروەها بەهۆى پێگە جوگرافيیە ستراتيژيیەكەيەوە توركيا لە ڕێگەى گوشارى سەربازى و ئەمنيیەوە بەردەوام پەيامى "منيش لە هاوكێشە نوێیەكەدا هەم"، بۆ كارەكتەرە كاريگەرەكانى ديكە دەنێرێت.
[1] موقتەدا سەرد لە ساڵى ٢٠٠٩ بانگهێشتى توركيا كرا و چاوى بە سەرۆكوەزيرانى ئەو كاتە، ڕەجەب تەیيب ئه‌ردۆغان و سەرۆككۆمارى ئەو كاتە، "عەبدوڵڵا گویڵ" كەوت. بۆ زانياریى زياتر لەسەر ئەم سەردانە، دەتوانن سەردانى ئەم ماڵپەڕە بكەن: https://www.odatv4.com/siyaset/mukteda-el-sadr-sessizce-geldi-gitti-0705091200-5198، رێكەوتى سەردان: (٢١/٠٧/٢٠٢٢).
[2] لێدوانێكى سەرۆك وەزيرانى ئەو كاتەى توركيا (رەجەب تەيب ئەردۆغان) لە ساڵى ٢٠١٢كە تيايدا رەخنە لە ماليكى دەگرێت وتۆمەتبارى دەكات بەگوشار خستنەسەڕ لايەتە سياسييەكانى ديكەى عێراق، بۆ بينينى لێدوانەكە سەرداتى ئەم لينكە بكە: https://www.youtube.com/watch?v=JqCOLkMpDbo ، رێكەوتى سەردان (٢٠/٠٧/٢٠٢٢).
[3] بۆ بينينى دەقى راگەيه‌نراوەكەى ئەنجومەنى ئاسايشى نيشتمانیى توركى، دەتوانن سەردانى ماڵپەرى فەڕمیى ئەنجومەنەكە بكەن لەم لينكەوە: https://www.mgk.gov.tr/index.php/milli-guvenlik-kurulu/mgk-toplantisi-basin-aciklamalari/son-toplantinin-basin-aciklamasi ، رێكەوتى سەردان : ٢٢/٠٧/٢٠٢٢
[4] ئەم ژمارانە بەپێي راپۆرتى وەزارەتى بەرگریى عێراقە كە لە دانيشتنى نائاسايیى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق پێشكەش كراوە لە ڕۆژى ٢٣ى تەمووزى ٢٠٢٢. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2307202213، رێكەوتى سەردان: (٢٣/٠٧/٢٠٢٢).