موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
عێراق دوای ساڵی 2003 ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه‌ی ئه‌منی، ئابووری و ستراتیژی بووه‌ته‌وه؛ چونكه له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، ژێرخانی سه‌ربازی و ئه‌منیی وڵات به‌ته‌واوی تێك چووه و دامه‌زراوه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان سه‌رله‌نوێ بونیاد نران. بێ گومان بونیادنانی ئه‌م جۆره دامه‌زراوانه ئاوا كارێكی ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت له وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بی وه‌كوو عێراق. هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا یارمه‌تیی پێشكه‌شی عێراق بكات له بواری دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی داموده‌زگه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی، به‌ڵام تا ئێستایش نه‌توانراوه ئه‌م دامه‌زراوانه به شێوه‌یه‌كی پێویست و پیشه‌یی بونیاد بنرێن و، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی دروستبوونی بۆشایییه‌كی ئه‌منیی مه‌ترسیدار له عێراق و، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ئه‌و كێشانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه له‌ده‌ستدانی كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی.
توركیایش وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكی دراوسێی عێراق، تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بووه‌ته‌وه له هێڵی سنووریی نێوان عێراق-توركیا. چه‌ندان ساڵه ئه‌م گرفته به‌رۆكی عێراق و توركیای گرتووه و جاربه‌جارێش بابه‌تی كۆنترۆڵنه‌كردنی سنووره‌كانی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته، ده‌بێته‌وه بابه‌تی ڕۆژه‌ڤ و، مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت. عێراق دوای ساڵی 2003 هیچ كاتێك نه‌یتوانیوه سنووره‌كانی كۆنترۆڵ بكات و بیانوو نه‌داته دراوسێیه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌م هۆیه‌وه سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی نه‌به‌زێنن. به‌زاندنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێی، وه‌كوو نه‌ریتێكی قبووڵكراوی لێ هاتووه، چونكه عێراق زۆر جار بێده‌نگه له‌مه‌ڕ ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی دراوسێیه‌كانی.
لێره هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی پرسیارێكی سه‌ره‌كی بده‌ینه‌وه كه زۆر جار ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه: ئایا عێراق بۆچی ناتوانێت ڕووبه‌ڕووی توركیا ببێته‌وه و وه‌ڵامی ئه‌م هه‌موو پێشێلكارییانه بداته‌وه كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه؟
په‌رشوبڵاویی لایه‌نه سیاسییه‌كان و قه‌یرانی نه‌بوونی یه‌كهه‌ڵویستیی نیشتمانی به‌رامبه‌ر به توركیا
یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی عێراقی دوای ساڵی 2003، نه‌بوونی سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كیی گشتگیره كه به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بپارێزێت؛ هه‌روه‌ها نه‌توانراوه له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ و له‌ژێر ڕۆشناییی ده‌ستووری عێراقدا كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان بكرێت. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان ڕاسته‌وخۆ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی بیانی وبه‌تایبه‌تیش وڵاتانی دراوسێ، په‌یوه‌ندی دابنێن.
هێزه سیاسییه سوننه‌كان له ڕووی دانانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێز و وڵاتانی بیانی، به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بنه دوو به‌ش: به‌شێكیان له ئه‌نقه‌ره‌وه نزیكن و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌یان له وڵاتانی كه‌نداو. ئه‌م هێزه ده‌ره‌كییانه ڕاسته‌وخۆ ئاراسته‌ی هێزه سوننه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌مه‌یش تابلۆیه‌كی نه‌خوازراوی له عێراق دروست كردووه و یارمه‌تیده‌ره بۆ به‌رده‌وامیی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی له وڵات‌دا. شێوازی ئه‌م یارمه‌تییانه بۆ هێزه سوننه‌كان بریتین له یارمه‌تیی دارایی و زۆر جاریش یارمه‌تیی سیاسی و پاڵپشتیكردن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جاریش جۆری یارمه‌تییه‌كان ده‌گاته ئاستی سه‌ربازی و پێدانی چه‌ك و پاڵپشتیكردن له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ كڕینی ده‌نگه‌كان. ئه‌مه‌یش وای كردووه وه‌لائی ئه‌م لایه‌نه سیاسییانه زیاتر بۆ ئه‌و لایه‌ن و سه‌رچاوانه بێت كه یارمه‌تییان لێ وه‌رده‌گرن و، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق دوا شته كه بیری لێ بكه‌نه‌وه. جگه له‌م دوو به‌شه ده‌توانین به‌شێكی لاوه‌كیی دیكه‌ی هێزه سوننه‌كان بخه‌ینه ڕوو كه به نزیكیان له ئێران و لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك ئێران ده‌ناسرێن. بێ گومان تاران به‌رامبه‌ر دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سوننه ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووه به‌ڵكوو كاری جددیی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو هێزه‌كانی سوننه‌یش لایه‌نێك و هێزێكی نزیك خۆی دروست بكات و پێیان ڕابگه‌یه‌نێت.
به‌گشتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوویییه‌كی به‌رچاو له‌نێو هێزه‌كانی سوننه‌دا نییه و دابه‌شی سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی دژبه‌یه‌كن، سوننه‌كان نه‌یانتوانیوه ببنه هێزێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا. ڕاسته سوننه به‌شێكی گرنگی هاوكێشه‌كان له عێراق پێك ده‌هێنن به‌ڵام په‌رشوبڵاوبوونیان زیانی زۆری به خۆیان و به عێراق گه‌یاندووه؛ كه ئه‌مه‌یش وای كردووه نه‌توانن هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو به‌رامبه‌ر به توركیا بنوێنن.
هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، به‌شێكی گرنگی سوننه‌كان، نزیكن له ئه‌نقه‌ره و ئه‌مانه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن و نایانه‌وێت له دژی توركیا بوه‌ستن؛ به‌شه‌كه‌ی دیكه‌یش كه نزیكن له وڵاتانی كه‌نداو، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین هه‌ر كارێك بكه‌ن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران‌دا بێت. بۆیه سه‌ره‌تا ئه‌وان هه‌وڵی كه‌مكردنی نفووزی ئێران ده‌ده‌ن له عێراق، یاخود لانی كه‌م له قۆناغی ئێستادا نایانه‌وێت به‌ره‌یه‌كی ململانێی دیكه بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه. واتا ئامانجی سه‌ره‌كییان ئێرانه نه‌ك توركیا. جگه له‌مه‌یش دوای هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو، ئه‌م هه‌نگاوه كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر هێزه سوننه‌كانی عێراق كه وای كردووه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٠ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠٢١، جۆره نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان دوو به‌ره‌ی هێزه‌كانی سوننه‌ی نزیك له توركیا و وڵاتانی كه‌نداو، بێته ئاراوه. هه‌ر بۆیه‌یش ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی هێزه سوننه‌كان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌ك زۆر نزیكیش نه‌بن به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت جۆره هاریكارییه‌ك له نێوانیان هه‌یه.
دوای ڕزگاركردنی شاره سوننه‌نشینه‌كان له ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، شاره‌كان پێویستیان به دووباره بونیادنانه‌وه هه‌یه. گونجاوترین وڵاتیش كه بتوانێت له‌م بواره یارمه‌تییان بدات، توركیایه؛ واتا هه‌م له ڕووی كوالێتیی كاره‌كان و هه‌میش له ڕووی گونجانی نرخه‌كان ئه‌نقه‌ره باشترین بژارده‌یه بۆ پرۆژه‌كانی دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی شاره سوننه‌نشینه‌كان كه دوای پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی، به‌ته‌واوه‌تی ڕووخاون و توانای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییان نه‌ماوه. بۆ نموونه سه‌ره‌تا له ساڵی 2021 پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی مووسڵ درایه كۆمپانیای Fransız Aeroports de Paris Ingenierie (ADPI)ی فه‌ڕه‌نسی به‌ڵام له هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیای ناوبراو هیچ هه‌نگاوێكی نه‌نا بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كه، به‌رپرسانی عێراق به‌ناچاری بڕیاریان دا ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه بده‌نه كۆمپانیاكانی توركی، كه ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كه به‌هاوبه‌شی درایه هه‌ردوو كۆمپانیای تاڤ (TAV) و كۆمپانیای (77)ی بیناسازی به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه[1] كه گوژمه‌كه‌ی بریتییه له (180) ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی. له‌به‌ر ئه‌مه‌یش ده‌توانین بڵێین كه ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان كه هێزه سوننه‌كان نایانه‌وێت گوشار بخرێته سه‌ر توركیا.
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هێزه كوردییه‌كانیش له‌گه‌ڵ توركیا، خۆی له چه‌ند بوار و ڕه‌هه‌ندا ده‌بینێت؛ گرنگترینیان په‌یوه‌ندییه‌كانی كه‌رتی وزه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نقه‌ره. ئێستا هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ نه‌وت له ڕێگه‌ی توركیاوه ده‌نێرێته بازاڕه‌كانی جیهان؛ ئه‌م ڕێگه‌یه‌یش تاكه ڕێگه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان سوودی لێ ده‌بینێت. بێ گومان ده‌رهێنان و هه‌نارده و به‌بازاڕكردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی توركیا، سوودی بۆ هه‌ردوو لا هه‌یه. به‌ڵام پاراستنی ئه‌م هاوسه‌نگییه له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نقه‌ره و هه‌ولێر، زیاتر بۆ قورسایی و هه‌ڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌وره‌ترین هێزی كوردییه و قورساییی خۆی هه‌یه له‌نێو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؛ کە ئەمەیان ڕەنگدانەوەی قورسایی و هێزی پارتییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر له ئێرانه‌وه نزیكه و به‌ئاشكرا ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه ده‌بینرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه هه‌ڵوێسته‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر له به‌ره‌ی هێزه‌كانی ئێران نزیكتره. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستانیش له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران‌دا سنووردار كراوه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، نیگه‌رانیی به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ی لێ كه‌وتۆته‌وه.
ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل له نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، بنه‌مایه‌كی باشی په‌یوه‌ندیی بازرگانیی له نێوان هه‌ردوو لا دروست كردووه. له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه ته‌نیا كه‌لوپه‌له‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان ناگوازرێته‌وه به‌ڵكوو بۆ ته‌واوی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌گوازرێته‌وه و، ئه‌م سنووره ده‌روازه‌ی كرانه‌وه‌ی هه‌رێم و عێراقه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان و ئه‌وروپا. قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان عێراق-به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه- و توركیا گه‌یشتۆته نزیكه‌ی (17)[2] ملیار دۆلار كه نزیكه‌ی (75%)ی ئه‌م چالاكییه بازرگانییانه له ڕێگه‌ی هه‌رێمه‌وه بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقه. كه‌واته به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیكه‌ی گرنگ و ستراتیژیی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد و توركیا، په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانه و به‌رده‌وامیش كار بۆ زیادكردنی ئه‌م ڕێژه‌یه ده‌كرێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق، كه به‌شێكیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، نزیكن له تاران، وه‌كوو لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه تێڕوانینیان زیاتر له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران كورت ده‌بێته‌وه. هه‌ڵوێستی شیعه‌كان زیاتر به‌نده به باشی و خراپیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئێران؛ تاران گه‌ر بیه‌وێ گوشار بخاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره، هێزه شیعه‌كانی نزیك خۆی به‌كار ده‌هێنێت. له لایه‌كی دیكه موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌دریش وه‌كوو لایه‌نێكی شیعه‌ی كاریگه‌ر، به‌گشتی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر وڵاتانی دراوسێ، جیاوازتره به‌راورد به لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، چونكه سه‌در كراوه‌تر دیاره بۆ ئاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵیان له چوارچێوه‌ی ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی خاكی عێراقدا. به‌گشتی ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌یش ته‌نیا له سنووری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران ده‌توانن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بخه‌ن.
کارتەکانی عێراق چین كه بتوانێت لە دژی تورکیا بەکاریان بێنێت؟
عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا و گوشارخستنه‌سه‌ری، چه‌ندان ئامرازی له‌به‌رده‌سته به‌ڵام كێشه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی، ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تییشه و، وای لێ كردووه نه‌توانێت هه‌نگاوی جددی له‌م بواره بنێت. ده‌توانین دیارترین ئامرازه‌كانی گوشار و وه‌ڵامی عێراق بۆ توركیا به‌م شێوه‌یه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: له ڕووی سیاسییه‌وه، ده‌كرێ عێراق به هه‌ماهه‌نگیی میسر له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ره‌یه‌كی كاریگه‌ر پێك بهێنێت به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی عێراق؛ چونكه زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌م جۆره پێشێلكارییانه قبووڵ ناكه‌ن و له‌وانه‌یه ئه‌م وڵاتانه گوشارێكی زۆر بخه‌نه سه‌ر توركیا. هه‌روه‌ها "كۆمكاری عه‌ره‌بی"یش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانرێ بهێنرێته سه‌ر هێڵ، چونكه زۆر جار كۆمكاری عه‌ره‌بی هه‌ڵوێستی خۆی له به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق ڕاگه‌یاندووه. جگه له‌مه عێراق ده‌توانێ بۆ پارێزگاریكردن له سه‌روه‌ریی خاكه‌كه‌ی، وڵاتانی زلهێزی وه‌كوو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و بریتانیایش بهێنێته سه‌ر هێڵ و داوای یارمه‌تییان لێ بكات. هه‌روه‌ها به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی كێشه‌كه له ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌كانی وه‌كوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپا له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی گوشار بۆ سه‌ر توركیا، له‌وانه‌یه بۆ گۆشه‌گیركردنی توركیا كاریگه‌ریی هه‌بێت.
بێ گومان له‌وانه‌یه ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی عێراق ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجامی نه‌بێت به‌ڵام بۆ مه‌ودایه‌كی مامناوه‌ند و دوور، ئه‌گه‌رێكی زۆره سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه عێراق دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر گوندی پەرەخ، كه‌یسه‌كه‌ی برده ئه‌نجومه‌نی ئاسایش. هه‌رچه‌نده ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عێراق ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو به‌ڵام له حاڵه‌تی سووربوون و دووباره و سێباره و چه‌ندباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه، ئه‌گه‌رێكی زۆره ئه‌نجامێكی ئه‌رێنیی بۆ عێراق هه‌بێت.
دووه‌م: توركیا، به‌تایبه‌تی دوای په‌تای كۆرۆنا و جه‌نگی ئۆكراینا و پێشهاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، باری دارایی و ئابووریی به‌ره‌و خراپی ڕۆیشتووه و، توانای كڕینی تاك له توركیا گه‌یشتۆته ئاستێكی نزم. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا عێراق ده‌توانێ په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابووری و پیشه‌سازییه‌كان و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی دیكه، بگه‌یه‌نێته نزمترین ئاست. له‌وانه‌یه ئه‌م هه‌نگاوه بۆ واده‌یه‌كی نزیك سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، به‌ڵام ده‌كرێ بۆ مه‌ودایه‌كی مامناوه‌ند كاری له‌سه‌ر بكرێت؛ بۆ نموونه به مه‌به‌ستی زیاتر پشتنه‌به‌ستن به توركیا، عێراق پێویسته له لایه‌ك تاكه ده‌روازی ئاویی عێراق له به‌سره فراوانتر بكات و په‌ره‌ی پێ بدات و قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا بگه‌یه‌نێته به‌رزترین ئاست. له لایه‌كی دیكه‌وه سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئورد‌ن فراوانتر بكات و په‌ره‌ی پێ بدات و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعوودییش سنووری خۆی بكاته‌وه و په‌ره‌ی پێ بدات. سیاسه‌تی پشتنه‌به‌ستن به یه‌ك سه‌رچاوه بۆ دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كه‌كانی وڵات، ده‌بێت بكرێته ستراتیژییه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیی سیاسه‌تی ئابووریی وڵات.
له كه‌رتی وزه‌یش عێراق ده‌توانێت گوشار بخاته سه‌ر توركیا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له عێراق بۆ ئورد‌ن. ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك له ساڵی 2013 له نێوان عێراق و ئورد‌ن واژۆ كراوه به‌ڵام تا ئێستا نه‌كه‌وتۆته بواری جێبه‌جێكردن؛ چونكه ئه‌و كاته تێچووه‌كه‌ی نزیكه‌ی (18) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بوو، به‌ڵام له لووتكه‌ی نێوان عێراق و میسر و ئورد‌ن، كه له به‌غدا له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2021 ساز كرا [3]، تیایدا لایه‌نی عێراقی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه ئه‌م پرۆژه‌یه سوودی زۆری بۆ عێراق ده‌بێت، به مه‌رجێك ئه‌گه‌ر تێچووه‌كه‌ی بۆ كه‌متر له (9) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی كه‌م بكرێته‌وه [4]. هه‌رچه‌نده جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌یه‌كی ئاوا له بارودۆخی ئێستای عێراقدا زۆر سه‌خته، به‌ڵام دیسان ئه‌گه‌رێكه كه چانسی جێبه‌جێكردنی هه‌یه؛ چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌نجام بدرێت، ده‌كرێ دواتر له ڕێگه‌ی میسره‌وه نه‌وتی عێراق بگاته بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌فریقا.
به‌گشتی ئه‌م هه‌نگاوه به مانای ئه‌وه نایه‌ت كه عێراق به‌ته‌واوه‌تی ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری توركیا بێت، به‌ڵام ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه لێی، پێویسته كه‌مكردنی ئاستی بازرگانیكردن بێت له‌گه‌ڵی تا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی خاكی عێراق، كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره چاره‌سه‌ر ده‌كات.
سێیه‌م: عێراق ده‌توانێت به‌رده‌وام په‌كه‌كه وه‌كوو كارتێكی گوشاری كاریگه‌ر به‌كار بهێنێت. ده‌توانین بڵێین ته‌نانه‌ت ئه‌م كاره‌یشی ئه‌نجام داوه له ڕێگه‌ی جێگیركردنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له عێراق، به‌تایبه‌ت له چیای شه‌نگال كه له ڕووی جوگرافیاوه كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر سووریا و توركیا هه‌یه. چه‌كدارانی په‌كه‌كه ڕاسته پێش ساڵی 2003یش له‌سه‌ر خاكی عێراق جێگیر بوون، به‌ڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، له‌سه‌ر خاكی عێراق چالاكتر بوون و تا ڕادده‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه چاوپۆشی‌یان لێ كرا. ئێستا له شه‌نگال به‌شێك له چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه تۆمار كراون و سوود له‌و ئیمتیازاتانه وه‌رده‌گرن كه بۆ حه‌شدی شه‌عبی دا‌بین كراوه.
به‌گشتی عێراق هه‌رچه‌نده له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانێ گوشار بخاته سه‌ر توركیا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی باڵی به‌سه‌ر عێراقدا كێشاوه، پێشبینی ناكرێت ئه‌و ئامرازانه‌ی كه له‌ژێرده‌سته، به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌كاری بهێنێت.
کارتەکانی تورکیا لە دژی عێراق لە کاتی هەر کاردانەوەیەکی توند و له‌ناكاو، کامانەن؟
توركیایش به حوكمی ئه‌وه‌ی پێگه‌یه‌كی ستراتیژیی هه‌یه، چه‌ندان ئامرازی كاریگه‌ر و گرنگی له‌به‌رده‌سته بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر عێراق به‌كاریان بهێنێت و زۆر جاریش هه‌ڕه‌شه له به‌كارهێنانی ئه‌م ئامرازانه ده‌كات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین كارته‌كانی گوشاری توركیا به‌رامبه‌ر عێراق به‌م شێوه‌یه بخه‌ینه ڕوو:
1-كارتی ئاو مه‌ترسیدارترین كارته كه توركیا پێش ساڵانێكه ده‌ستی كردووه به به‌كارهێنانی، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دروستكردنی چه‌ندان به‌نداوی گه‌وره له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاوه‌كانی دیجله و فورات. به‌نداوی ئیلی سو (Ilısu Barajı) كه یه‌كێكه له درێژترین به‌نداوه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له‌سه‌ر ئاوی ڕووباری دیجله دروست كراوه. ئه‌مه تاكه پرۆژه نییه كه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌یه له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئه‌و ئاوه‌ی كه دێته عێراق، به‌ڵكوو چه‌ندان به‌نداوی دیكه‌یش له توركیا دروست كراون و هه‌ندێكیشیان پلانی دروستكردنیان بۆ ئاماده كراوه. ساڵ دوای ساڵ وشكه‌ساڵی به‌رۆكی جیهان و عێراق ده‌گرێت و، له عێراق به‌هۆی نه‌بوونی سیاسه‌تێكی تۆكمه و ته‌ندروست و زانستی بۆ پارێزگاریكردن له سه‌رچاوه‌كانی ئاو له لایه‌ك و، له لایه‌كی دیكه دروستكردنی ئه‌م جۆره به‌نده‌رانه كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ئاو له عێراق، عێراقی دووچاری قه‌یرانێكی سه‌خت كردووه و، عێراق كه به "وڵاته‌كه‌ی نێوان دوو ڕووباره‌كه" ناسراوه، خه‌ریكه ئه‌م ڕووبارانه‌ی وشك ده‌بنه‌وه.
كارتی ئاو دیارترین و كاریگه‌رترین ئامرازی گوشاره كه به‌ده‌ست توركیایه و ده‌توانێ زۆر به‌ئاسانی له دژی عێراق به‌كاری بهێنێت. به‌تایبه‌تی دوای ساڵی 2003 كه بارودۆخێكی نوێ له عێراق دروست بوو، وڵات زۆر به‌خراپی به‌ڕێوه بردرا و، ئه‌م حاڵه‌ته‌یش له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ، وه‌كوو توركیا و ئێران له بابه‌تی ئاو به‌كار هێنران. به‌رامبه‌ر ئه‌مه به‌رپرسانی عێراق تا ئێستا نه‌یانتوانیوه قه‌یرانی كه‌میی ئاو چاره‌سه‌ر بكه‌ن و، ته‌نانه‌ت پلانێكی له‌ناكاویشیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه ترسناكه ئاماده نه‌كردووه. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یشه عێراق ناتوانێت به‌پێی پێویست ڕووبه‌ڕووی توركیا ببێته‌وه.
2- توركیا عێراق به ئه‌وروپا ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌یگه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا. ڕاسته به‌نده‌ری ئوم قه‌سر له به‌سره هه‌یه و ده‌روازه‌یه‌كی ئاوسی عێراقه بۆ جیهان، به‌ڵام له ڕووی نزیكییه‌وه توركیا به‌راورد به به‌سره، نزیكتره بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به جیهان و ئه‌وروپا ببه‌ستێته‌وه. واته پێگه جوگرافییه‌كه‌ی توركیا زۆر گرنگه بۆ عێراق. ئه‌نقه‌ره ئه‌م پێگه ستراتیژییه‌ی كه هه‌یه‌تی، ده‌توانێ وه‌ك ئامرازێكی گوشار له‌سه‌ر عێراق له ڕووی په‌یوه‌ندیی ئابووری و بازرگانی و وزه‌وه به‌كار بهێنێت؛ چونكه ڕێژه‌یه‌كی زۆری كه‌لوپه‌ل و شتومه‌ك و خۆراك له ڕێگه‌ی توركیاوه دێته بازاڕه‌كانی عێراق. ساڵانه قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا بریتییه له چه‌ندان ملیار دۆلاری ئه‌مریكی، بۆ نموونه له ساڵی 2020 ڕێژه‌ی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا گه‌یشته 17.34 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی و، له سێ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2022 ڕێژه‌كه گه‌یشتۆته 3.65 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی[5]. بێ گومان سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر كێشه‌یه‌ك له نێوان عێراق و توركیا كه ببێته هۆی وه‌ستانی یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته، زیانی بۆ هه‌ردوو لا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر توركیا بیه‌وێت ئه‌م هه‌نگاوه بنێت زیانی پێ ده‌گات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌توانێت بیكاته كارتێكی گوشار كه له‌وانه‌یه له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه قازانجی هه‌بێت.
3- درێژه‌دان به چالاكییه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی عێراق، ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ توركیا ڕه‌خساندووه، به بیانووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر؛ هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه‌وه به‌رده‌وام ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له قووڵاییی خاكی عێراق ئه‌نجام ده‌دات. جگه له‌مه سوپای توركیا توانیویه‌تی چه‌ندان بنكه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی عێراق جێگیر بكات. بێ گومان خودی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا و دانانی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر خاكی عێراق، هه‌ڕه‌شه و گوشارێكی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق. به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌یش سوپای عێراق ناتوانێت ئه‌م هێزانه‌ی توركیا له خاكی عێراق ده‌ر بكات. ئه‌مه بۆ چه‌ندان هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌كیترینیان ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسیی عێراقه.
4- توركیا له سایه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕاسته‌وخۆ و باشه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی سوننه و كورد و توركمان هه‌یه‌تی، جاروبار له دژی لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌ستڕۆیشتووی عێراق، پاڵپشتییان ده‌كات. واتا ئه‌نقه‌ره گه‌ر بیه‌وێت، ده‌توانێ وه‌ك گوشارێك- تا ئاستێكی دیاریكراویش بێت- هاوكێشه سیاسییه‌كه‌ی عێراق، ئه‌گه‌ر تێكیشی نه‌دات، ده‌توانێت ئاڵۆزتری بكات؛ چونكه به‌داخه‌وه عێراق دوای ساڵی 2003 بۆته گۆڕه‌پانی ملمڵانێی هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ده‌كرێ ئه‌مه‌یش به ئامرازێكی گوشاری توركیا له دژی عێراق هه‌ژمار بكرێت.
توركیا به‌گشتی كارته‌كانی گوشاری خۆی ئاوا به‌په‌له و به‌ئاسانی له دژی عێراق به‌كار ناهێنێت، به‌تایبه‌تی له قۆناغی ئێستادا، چونكه توركیا نایه‌وێت وڵاتێكی گرنگی وه‌كوو عێراق له‌ده‌ست بدات؛ به‌تایبه‌ت له بواری ئابووری و بازرگانی و وزه، هه‌وڵ ده‌دات زیاتر په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له لایه‌ك و له‌گه‌ڵ هه‌ولێریش له لایه‌كی دیكه‌وه، بدات. ڕاسته توركیا چه‌ندان ئامرازی گوشاری گرنگی له‌به‌رده‌سته به‌ڵام ئه‌مانه زیاتر بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كار ده‌هێنێت نه‌وه‌ك بۆ شه‌ڕ و پێكدادان. دیارترین نموونه‌یش هه‌ڵوێستی توركیایه دوای هێرشه‌كه‌ی گوندی پەرەخ كه زۆر به‌هێمنانه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ لێدوانه ئاگرینه‌كانی به‌رپرسانی عێراقی كرد.
هەرێمی کوردستان لە پاش ئەم ڕووداوە، لەگەڵ تورکیا لە لایەک و عێراق لە لایەکی ترەوە چی بکات؟
هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی چه‌ندان جار ڕای گه‌یاندووه كه پێویسته ململانێی لایه‌نه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگوازنه‌وه خاكی خۆیان. هه‌روه‌ها حكوومه‌تی هه‌رێم و زۆرینه‌ی به‌رپرسانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه‌دان بۆ كێشه‌كانی نێوانیان، چونكه بڕوایان به‌وه هه‌یه جه‌نگ چاره‌سه‌ر نییه بۆ كێشه‌كانی په‌كه‌كه له توركیا. كه‌واته بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌م ڕووداوانه ئه‌وه‌یه كه، پێویسته لایه‌نه‌كان- به په‌كه‌كه و توركیایشه‌وه- ڕێز له سه‌روه‌ریی خاكی هه‌رێم بگرن و كێشه‌ی خۆیان له توركیا چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ده‌توانین بڵێین هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا هێمنانه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه ڕه‌فتاری كردووه و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌هۆی به‌ئامانجگرتنی خه‌ڵكی سڤیل، سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ئه‌م كاره‌یان ئیدانه كردووه. پێویسته هه‌رێمی كوردستان پێش نواندنی هه‌ر هه‌ڵوێستێك، به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێم له‌به‌رچاو بگرێت، چونكه هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌م باره‌یه‌وه له‌وانه‌یه باجه‌كه‌ی زۆر قورس بێت. هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له ڕووی وزه و بازرگانی و ئابوورییه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه؛ له لایه‌كی دیكه له چه‌ندان ڕووه‌وه به عێراق به‌ستراوه‌ته‌وه؛ بۆیه زۆر گرنگه هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو لایه ڕابگرێت؛ به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت خۆی بكاته ته‌ره‌ف و ڕاسته‌وخۆ لایه‌كی تر تۆمه‌تبار بكات. چونكه ڕاستییه‌ك هه‌یه كه نابێت به‌رپرسانی هه‌رێم له‌به‌رچاوی نه‌گرن، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌غدا چه‌نده گرنگ بێت بۆ هه‌رێم، ئه‌وه ئه‌نقه‌ره‌یش به‌قه‌ده‌ر به‌غدا گرنگه بۆ هه‌ولێر. بۆ نموونه له كاتی بڕینی بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، ئه‌نقه‌ره نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلاری ئه‌مریكیی وه‌كوو قه‌رز دایه هه‌رێم، له كاتێكدا كه هیچ لایه‌نێك ئاماده نه‌بوو قه‌رز بداته هه‌رێمی كوردستان. جگه له‌مه سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی فرۆشتن و به‌بازاڕكردنی نه‌وتی هه‌رێم تا ئێستا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاڵپشتیی توركیا بۆ پرۆسه‌كه؛ هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی عێراق به‌مه ڕازی نییه و ته‌نانه‌ت له پاریس سكاڵایشی له‌سه‌ر تۆمار كردووه. هه‌روه‌ها تا ئێستا توركیا كاری به بڕیاری دادگه‌ی ئیتحادی ده‌رباره‌ی نه‌وتی هه‌رێم نه‌كردووه و ڕێگریی له فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم نه‌كردووه. بێ گومان سه‌رجه‌م ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئه‌رێنییه، به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی توركیایشی تێدایه، به‌ڵام له‌وانه‌یه گرنگییه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بێت.
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، پڕه له كێشه و گرفت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نابێت هه‌رێمی كوردستان به‌غدا فه‌رامۆش بكات و ساردی بكه‌وێته نێو په‌یوه‌ندییه‌كانیان؛ چونكه قووڵاییی ستراتیژیی هه‌رێم تا به‌غدا درێژ ده‌بێته‌وه و هه‌لێر و به‌غدا، به‌رده‌وام ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان هه‌بێت، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك بواری ستراتیژی و گرنگ، كاری هاوبه‌ش بكه‌ن، بۆ نموونه: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
له ئه‌نجامدا هه‌رێمی كوردستان نابێت ببێته ته‌ره‌ف له‌م قه‌یرانه، به‌ڵكوو باشتره ببێته به‌شێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌وڵی نێوه‌ندگیری له نێوان هه‌ردوو لا بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ ناوچه‌كه و هه‌رێمی كوردستان دا‌بین بكرێت.
كۆبه‌ند
هه‌تا په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی عێراق مابێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و عێراق ئاسایی نابێته‌وه و به‌رده‌وام گرژیی تێ ده‌كه‌وێت؛ چونكه توركیا له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسیش بۆ هێرشكردنه سه‌ر په‌كه‌كه، ده‌هاته قووڵاییی خاكی عێراقه‌وه؛ دوای ڕووخانی ڕژێمیش ئه‌نقه‌ره هێرشه‌كانی چڕتر كرد و ته‌نانه‌ت هێزی سه‌ربازییشی له خاكی عێراق جێگیر كرد. هه‌روه‌ها ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا له‌م هێرشانه، له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌یه یاخود لانی كه‌م دوورخستنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌یه له سنووری توركیا، كه به ڕێژه‌یه‌كی باشیش، له ڕێگه‌ی جێگیركردنی خاڵی سه‌ربازی له خاكی عێراق، ئامانجی دوورخستنه‌وه‌كه‌ی پێكاوه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری ناوخۆی توركیا له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤریۆنیدا ڕای گه‌یاند كه، پێشبینی ده‌كات تا ساڵی 2023 هیچ تیرۆریستێك (كه مه‌به‌ستی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه) له لادێكان نامێنێت[6]. لێره‌یش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا دوورخستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یه له توركیا و سنووره‌كه‌ی. بۆیه ده‌توانین بڵێین توركیا كار بۆ له‌ناوبردنی هه‌رێمی كوردستان ناكات ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ‌دا بمێنێته‌وه و، ئه‌مه‌یش له‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كه ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه ده‌بینرێت.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین، عێراق له ڕووی بازرگانی و ئابوورییه‌وه ئه‌وه‌نده به توركیا به‌ستراوه‌ته‌وه، ناتوانرێ ئاوا به‌ئاسانی وازی لێ بهنێت. به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌یش، توركیایش عێراق به بازاڕێكی گرنگ و به‌شێكی ستراتیژیی ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له توركییه‌كان ده‌بینێ؛ هه‌روه‌ها به‌جددی كاریش بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق ده‌كات تا سه‌قامگیر بێت و كێشه ئه‌منییه‌كانی زیاتر په‌ڵنه‌كێشنه توركیا. بۆیه جاروبار گرژی و ئاڵۆزی ده‌كه‌وێته نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و توركیا، به‌ڵام پێشبینی ناكرێت ئه‌م گرژی و ئاڵۆزییه بگاته ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت و دژوار.
[1] بۆ گه‌یشتن به هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی مووسڵ له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی، سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ره بكه: shorturl.at/chotZ ، رێكه‌وتی سه‌ردان: 19/8/2022.
[2] بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://arabic.cnn.com/business/article/2021/12/02/oil-pipe-iraq-jordan-ambassador-interview-exclusive ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (18/8/2022).
[3] بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.bbc.com/arabic/middleeast-57630307 ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (18/8/2022).
[4] بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://arabic.cnn.com/business/article/2021/12/02/oil-pipe-iraq-jordan-ambassador-interview-exclusive ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (18/8/2022).
[5] بۆ بینینی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا، سه‌ردانی لینكی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكه: https://www.mfa.gov.tr/irak-ekonomisi.tr.mfa ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌دران: (19/8/2022).
[6] بۆ بینینی لێدوانه‌كه‌ی سوله‌یمان سۆیلو سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.aa.com.tr/tr/gundem/icisleri-bakani-soylu-2023te-iceride-hicbir-terorist-kirsalda-kalmayacak/2664605 ، ڕۆژ و رێكه‌وتی سه‌ردان: (20/8/2022).