موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وام بۆتە لانه‌ی كێشه و قه‌یرانه سه‌خته‌كان؛ ئه‌م ناوچه‌یه به حوكمی پێگه جیوسیاسییهكهیهوه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی جیهان. هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و ئابووری و بازرگانی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسایش و ئابووری و بازرگانیی جیهان. كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتێكی هه‌رێمیی كاریگه‌ره له ناوچه‌كه‌دا، ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هه‌ر له دامه‌زراندنییه‌وه له ساڵی 1979 و تا ئێستا، ئێران به‌شێك و ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی بووه له ڕووداوه گرنگه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه. بۆیه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك یاخود دروستبوونی هه‌ر جۆره ناسه‌قامگیرییه‌كی سیاسی له‌م وڵاته‌دا، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ڕووداوه‌كانی مانگی ئه‌یلوولی ئه‌م ساڵه له ئێران، كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م جاره، زۆر جیاوازتر بوو له خۆپیشاندانه‌كانی پێشووتر؛ چونكه ئه‌م جاره‌یان خودی سیسته‌می سیاسیی وڵات خرایه ژێر پرسیار و، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له به‌ستنی له‌چكه‌وه ده‌ستی پێ كرد و ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی له‌خۆ گرت. له‌م نێوه‌نده‌دا وڵاتانی جیهان هه‌ر یه‌كێكیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كانی مانگی ئه‌یلوولی ئێران ده‌ربڕی، به‌ڵام توركیا وه‌كوو وڵاتێكی هه‌رێمیی كاریگه‌ر له ناوچه‌كه‌دا پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان، به‌ئاشكرا تا ئێستا هه‌ڵوێستی فه‌رمیی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه.
هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌كان و ڕای گشتیی توركیا له هه‌مبه‌ر گۆڕانكاییهكانی ئێران چییه؟
توركیا به‌گشتی هه‌ڵوێسته فه‌رمییه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و ڕووداوه گرنگانه‌ی كه له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی ڕوو ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛ جاروباریش به‌پێی گرنگیی بابه‌ته‌كه بۆ توركیا، جگه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماریشه‌وه جه‌خت له هه‌ڵوێستی فه‌رمیی توركیا ده‌كرێت. به‌ڵام دوای ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له شاره جیاجیاكانی ئێران، تا ئێستا توركیا نه له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و نه له ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماره‌وه هه‌ڵوێستی فه‌رمیی خۆی به‌رامبه‌ر به ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێران ڕانه‌گه‌یاندووه و، له هه‌مبه‌ر ئه‌م ڕووداوه گرنگه‌ی ناوچه‌كه‌دا بێده‌نگه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، سه‌رۆكی حزبی نه‌ژادپه‌رستی توركی (MHP)، ده‌وڵه‌ت به‌خچه‌لی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێرانی به‌م شێوه‌یه هه‌ڵسه‌نگاند: "ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئێران كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و مافه‌كانی ئافره‌ت بنیات نراوه، به‌هۆی پاڵپشتیكردنی له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه ڕه‌هه‌ندێكی جیاوازی له‌خۆ گرتووه. ئاواتی ئێمه ئه‌وه‌یه كه‌وا ئارامی و سه‌قامگیری و ئاسووده‌یی به زووترین كات له ئێران به‌رپا بێت."[1] ئه‌م لێدوانه‌ی به‌خچه‌لی به واتای پاڵپشتیكردن دێت له ڕژێمی ئێستای ئێران و به‌ئاشكرا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆی ڕاگه‌یاند. له لایه‌كی دیكه كه‌مال كلیچدارئوغلوی سه‌رۆكی حزبی كۆماری گه‌ل (CHP) كه گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنه له توركیا، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و به زمانێكی دیپلۆماسی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێرانی له‌م ڕسته‌یه‌دا به‌م شێوه‌یه كورتی كرده‌وه: "نابێت ئافره‌ت له هیچ وڵاتێكی جیهاندا باج بدات. ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه كه پێویسته بیكه‌ن، ڕێزگرتنه له ئافره‌ت."[2] به‌م شێوه‌یه سه‌رۆكی گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركیاش، دیاره له‌م بابه‌ته بۆچوون و تێڕوانینی له هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حكوومه‌تی توركیا نزیكه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، حزبی دیموكراسیی گه‌لان (HDP) له ڕێگه‌ی لێدوانی وته‌بێژی فه‌رمیی حزبه‌كه "ئیبرۆ گونای"، به‌م شێوه‌یه هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند: "ناڕه‌زایه‌تیی ئێوه، ناڕه‌زایه‌تیی ئێمه‌یه. به دروشمه‌كانی ژن – ژیان – ئازادی به‌شداریی سه‌رهه‌ڵدانی ئێوه ده‌كه‌ین." [3] به‌م شێوه‌یه تاكه حزبی سیاسی كه به‌بێ یه‌ك و دوو هه‌ڵوێستی به‌م شێوازه ڕاگه‌یاند، حزبی دیموكراسیی گه‌لانه. جگه له‌مه حزبی دیموكراسیی گه‌لان له شاره جیاجیاكانی توركیا هه‌وڵی ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تیی داوه له ڕێگه‌ی ڕێكخستنه‌كانی ئافره‌تانی حزبه‌كه‌ی، كه دیارترینیان ئه‌وه‌ی شاری ئه‌نقه‌ره بوو كه گرووپێك له ئافره‌تانی سه‌ر به ڕێكخستنه‌كانی ئافره‌تانی حزبه‌كه ویستیان به‌رامبه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئێران له ئه‌نقه‌ره گردبوونه‌وه‌یه‌ك ڕێك بخه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ڕێگرییان لێ كرا.
هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حكوومه‌تی توركیا و حزبی ده‌سه‌ڵات هه‌رچه‌نده ڕایشنهگهیهندراوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ وا پێ ده‌چێت توركیا به‌فه‌رمی پشتگیری له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی ئێران ناكات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه له دژی هه‌ر جووڵه و خۆپیشاندانێكی پشتگیركردن له خۆپیشانده‌رانی ئێران گیراوه‌ته به‌ر، چه‌ندان هه‌ڵوێستی پشتگیری له ناوه‌وه‌ی توركیا سه‌ری هه‌ڵداوه و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پشتگیریی خۆیان بۆ خۆپیشانده‌ران و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رامبه‌ر كوژرانی "ژینا ئه‌مینی" نواندووه. سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك له ژنه سینه‌ماكارانی توركیا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی په‌یامی پشتگیریی خۆیان بۆ "ژینا ئه‌مینی" و خۆپیشانده‌ران ڕاگه‌یاندووه. له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا به‌كورتی ئه‌م په‌یامه‌یان بڵاو كردۆته‌وه: "ئێمە وەک ژنە سینەماکارانی تورکیا هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ ژنانی ئێران و گەلانی ئێران ڕادەگەیەنین و، بە دەنگی بەرز هاوار دەکەین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و یەکسانی."[4] له لایه‌كی دیكه هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی ناوداری توركیا وه‌ك "هۆلیا ئافشار" له ئه‌كاونتی ئینستگرامی فه‌رمیی خۆیدا په‌یامێكی پشتگیریی له خۆپشاندانه‌كانی ئێران و له دژی كوژرانی "ژینا ئه‌مینی" به زمانه‌كانی فارسی، ئینگلیزی و توركی بڵاو كرده‌وه.[5] هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی ناوداری توركیا "ئیبراهیم تاتلیساس"یش به هه‌مان شێوه پشتگیریی خۆی بۆ "ژینا ئه‌مینی" و ژنانی ئێران ڕاگه‌یاند و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه‌وا خودا له‌گه‌ڵ هه‌موو ژناندایه.[6] "سهزان ئاكسۆی"یش كه هونه‌رمه‌ندێكی ئافره‌تی ناوداری توركیایه، په‌یامێكی پشتگیریی له خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بڵاو كردووه‌وه و ڕای گه‌یاند "ئازارتان ئازارمانه و خهباتیشتان خه‌باتمانه."[7] به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌م له‌سه‌ر ئاستی چینی هونه‌رمه‌ندان و هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی خه‌ڵك، جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌ك هه‌یه و ڕای گشتی له توركیا پشتگیری له خۆپیشانده‌ران ده‌كات و له دژی به‌كارهێنانی توندوتیژییه به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران[8].
ده‌سه‌ڵاتداران له توركیا چۆن ده‌ڕواننه گۆڕانگارییه‌كانی ئێران؟
لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار به‌تایبه‌ت حزبی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا، جیاواز له هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهان و ئه‌وروپی، ته‌نانه‌ت به‌راورد به هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر به ڕووداوه‌كانی سووریا زۆر به‌حه‌زه‌ره‌وه ده‌ڕوانێته ڕووداوه‌كانی ئێران. ئه‌گه‌ر به‌گشتی چاوێك به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به‌تایبه‌ت دوای ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، بخشێنین، ده‌بینین ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه به كه‌مترین تێچوو و زه‌ره‌ر سوود له پێشهات و ڕووداو و قه‌یرانه‌كان وه‌ربگرێت. بۆ نموونه له كاتی جه‌نگی جیهانیی دووەم، توركیا هه‌رچه‌نده له 23ی شوباتی ساڵی 1945 جه‌نگی له دژی ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن ڕاگه‌یاند، به‌ڵام له ئه‌رزی واقعدا به‌شداریی جه‌نگی نه‌كرد. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مترین تێچوو و زیاترین داهات داڕ‌ێژرابوو، چونكه له‌سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه توانی خۆی له جه‌نگ بپارێزێ و تێكه‌ڵی نه‌بێت؛ به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا توانی له دوا ساته‌كاندا شوێنی خۆی له ڕیزی وڵاتانی سه‌ركه‌وتووی جه‌نگ بكاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌فیعلی به‌شداریی جه‌نگ بكات. هه‌رچه‌نده به‌راوردكردنی ڕووداوه‌كانی ئێران به‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیا له جه‌نگی جیهانیی دووه‌م زۆر ڕاستیش نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێك خاڵی لێكچوویان هه‌یه كه گرنگترینیان سیاسه‌ته كلاسیكییه‌كه‌ی توركیایه كه ده‌یه‌وێت به كه‌مترین زیان، زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندی به‌ده‌ست بهێنێت. وا دیاره ئه‌نقه‌ره وانه‌ی جددیی له ڕووداوه‌كانی سووریا وه‌رگرتبێت و ئه‌م جاره‌یان په‌له له‌سه‌ر بڕیاردان له داهاتووی وڵاتێكی دراوسێی وه‌كوو ئێران نادات. ئه‌مه‌یان یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه تا ئێستا وای له توركیا كردووه به‌فه‌رمی هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كانی ئێران ڕانهگهیهنێ.
توركیا و ئێران هه‌رچه‌نده له چه‌ندان بابه‌تی گرنگ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی وه‌كوو قه‌یرانی سووریا و پێكدادانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له عێراق ناكۆكیش بن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا، ڕووخانی ڕژێم له ئێران و سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی تیایدا وه‌كوو مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیان ده‌بینن؛ چونكه ئێستا ئه‌نقه‌ره و تاران له چه‌ندان بواری جیاوازدا هاریكاریی یه‌كتر ده‌كه‌ن و هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه. توركیا له ڕاستیدا نایه‌وێت بارودۆخی ناوخۆی ئێران تێك بچێت، چونكه تێكچوونی بارودۆخی ناوخۆی ئێران ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر توركیا و، به‌گشتی ده‌توانین بڵێین له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ڕژێمی ئێستای ئێرانه:
یه‌كه‌م: ئێران له دوای ساڵی 2003وه ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه له ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له عێراق، سووریا، لوبنان، یه‌مه‌ن و به‌حرێن. ڕووخانی ڕژێمی ئێستای ئێران ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه بارودۆخی سیاسی، ئه‌منی و ئابووریی ناوچه‌كه له ڕووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیاوه ئاڵۆزتر بكات، چونكه توركیا له‌م وڵاتانه توانیویه‌تی پێگه‌ی خۆی كه‌م یان زۆر بچه‌سپێنێت. له ئه‌گه‌ری نه‌مانی نفووزی ئێران له‌م وڵاتانه له‌وانه‌یه هه‌ندێك بارودۆخی نه‌خوازراو بۆ توركیا دروست ببێت و، ببێته هۆی كه‌مكردنی نفووزی ئه‌نقه‌ره له ناوچه‌كه‌دا. بۆیه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌و ڕژێمه‌ی ئێستای تاران كه توركیا توانیویه‌تی تا ئاستێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵی ڕێك بكه‌وێت، له‌وانه‌یه دوای گۆڕانكارییه‌كان ڕووداو و پێشهاته‌كان له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ئاراسته بكرێت. بۆ نموونه له ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له تاران، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر دوو وڵاتی دراوسێی توركیا وه‌كوو عێراق و سووریا كه له‌وانه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا نه‌بێت. جگه له‌مه ئابووریی ئێستای توركیاش به‌رگه‌ی ئه‌م جۆره ناسه‌قامگیرییه ئابوورییه ناگرێت كه له‌وانه‌یه دوای ڕووخانی ڕژێم له ئێران سه‌ر هه‌ڵبدات.
دووه‌م: ئه‌نقه‌ره و تاران به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه له چوارچێوه‌ی ڕێزگرتن له‌سه‌روه‌ریی یه‌كتر و له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تیی باش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان جاروبار هه‌وراز و نشێوی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا توركیا له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كی وه‌كوو ئێران توانیویه‌تی به كه‌مترین كێشه و گرفت په‌یوه‌ندیییه‌كانی خۆی بنیات بنێت، بۆیه نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م په‌یوه‌ندییه كۆتایی بێت و ناسه‌قاگیری دروست بێ و داهاتوویه‌كی ناڕوون باڵ بكێشێته سه‌ر وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌كه و، عه‌ره‌ب وته‌نی "عصفور في اليد خير من عشرة على الشجرة"؛ واته باڵنده‌یه‌ك له‌ناو ده‌ستتدا بێت، باشتره له ده باڵنده‌ی سه‌ر داره‌كه. بۆیه توركیا تا ئێستا توانیویه‌تی له به‌رزترین ئاست سوود له تاران وه‌ربگرێت و له چوارچێوه‌ی ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه‌ی كه هه‌یانه، كاری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا بكات. واته ئێستا ئه‌نقه‌ره باڵنده‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئاماده نییه ئه‌م باڵنده‌یه به ده باڵنده‌ی تری سه‌ر دار بگۆڕێته‌وه.
سێیه‌م: له ئه‌گه‌ری تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منی و سه‌قامگیریی ئێران، بێ گومان له ڕووی كۆچی خه‌ڵك بۆ توركیا گرفتی زۆر و كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌نقه‌ره دروست ده‌بێت؛ جا ئه‌م كۆچه چ له‌لایه‌ن دانیشتووانی ئێران بێت و چ له‌لایه‌ن ئهفغانهكانهوه بێت، چونكه هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری به شێوه‌یه‌كی گشتی له ئێران ڕوو بدات، ئه‌وه یه‌كێك له مه‌ترسییه گه‌وره‌كان بۆ سه‌ر توركیا لێشاوی په‌نابه‌ره ئێرانی و په‌نابه‌ره ئه‌فغانه‌كان ده‌بێت بۆ ناو خاكی توركیا؛ چونكه به‌رده‌وام توركیا گرفتی هه‌بووه له خاڵی سنووری له‌گه‌ڵ ئێران و، ساڵانه به‌قاچاخ چه‌ندان هه‌زار كه‌سی ئه‌فغان له‌م خاڵه سنوورییه‌وه ڕوو له توركیا ده‌كه‌ن[9]. له ئه‌گه‌ری تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی و ڕووخانی ڕژێم له ئێران، پێشبینی ده‌كرێت جگه له په‌نابه‌ره ئه‌فغانه‌كان، هاووڵاتیانی ئێرانیش ڕوو له توركیا بكه‌ن. توركیا له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌وه هیچ توانایه‌كی نه‌ماوه بۆ پێشوازیكردن له هیچ جۆره په‌نابه‌رێك؛ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیاسییش گوشارێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر حزبی داد و گه‌شه‌پێدان له بابه‌تی بوونی په‌نابه‌ره سووری و ئه‌فغانه‌كان له توركیا، كه بوونه‌ته بارگرانییه‌كی یه‌كجار زۆر بۆ توركیا و چه‌ندان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری به‌هۆی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌وه له توركیا سه‌ری هه‌ڵداوه. بۆیه هۆكارێكی سه‌ره‌كیی دیكه كه توركیا نایه‌وێ ڕژێمی ئێران بڕووخێت، بابه‌تی ئه‌و پهنابهرانهنهیه كه له‌وانه‌یه ڕوو بكه‌نه توركیا.
چواره‌م: توركیا هه‌وڵی جددی و زۆری داوه بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی كڕینی وزه، چونكه كه‌رتی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه له توركیا به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش پشت به گازی سروشتی و نه‌وت ده‌به‌ستێت؛ به‌تایبه‌ت گازی سروشتی پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه له كه‌رتی پیشه‌سازی و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له توركیا. ئێرانیش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه توركیا هاورده‌ی گازی سروشتیی لێ ده‌كات. هه‌رچه‌نده كڕینی ئه‌م بڕه گازه سروشتییه‌ی توركیا له ئێران، كۆمه‌ڵێك گرفت و به‌ربه‌ست له‌خۆ ده‌گرێت و زۆر به‌ڕێكی پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ناچێت به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا توركیا نزیكه‌ی (10%)ی پێداویستییه‌كانی گازی سروشتیی خۆی له ئێران دابین ده‌كات و هه‌وڵیش ده‌دات ئه‌م ڕێژه‌یه به‌رزتر بكاته‌وه، چونكه به پله یه‌ك توركیا نزیكه‌ی (43%)ی[10] پێداویستییه‌كانی خۆی له گازی سروشتی له ڕووسیا دابین ده‌كات و به‌هۆی جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكراینا، مه‌ترسی هه‌یه له‌سه‌ر گه‌یشتنی ئه‌م بڕه گازه سروشتییه‌ی ڕووسیا بۆ توركیا. بۆیه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پشتگیرینهكردنی توركیا بۆ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، ده‌توانین بۆ ئه‌م خاڵه بگه‌ڕێنینه‌وه.
پێنجه‌م: توركیا له ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه به‌ڕووی بازاڕی كیشوه‌ری ئاسیاوه كراوه‌ته‌وه. به‌شێكی به‌رچاوی بازرگانیی توركیا بۆ وڵاتانی ئاسیا له‌سه‌ر خاكی ئێرانه‌وه له ڕێگه‌ی بارهه‌ڵگره توركییه‌كانه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێته هه‌ندێك له وڵاتانی ئاسیا. تێچكوونی بارودۆخی ئێران له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و نه‌رێنیی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئه‌م جووڵه بازرگانییه‌ی توركیا. له لایه‌كی دیكه به شێوه‌یه‌كی گشتی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوان توركیا و ئێران پێگه‌یه‌كی گرنگی بۆ ئابووریى توركيا هەيە و لەبەر ئەوەى ئابووریى توركيا گەيشتۆتە ئاستێك كە بەرگەى هيچ كێشە و گرفت و قەيرانى ديكەى نەماوە، بۆيە نايەوێ بەرەى ئێرانيش لەدەست بدات؛ چونكە هەر گۆڕانكاريیەك لە ڕ‌ژێمى ئێران كاريگەریى نەرێنیى دەبێت بۆ سەر ئەم هاوكێشە بازرگانى و ئابووريیەى كه له نێوان تاران و ئەنقەرە هەيە. كەواتە دەكرێت ئەم خاڵەيش بە هۆكارێكى سەرەكیی ديكە دابنرێت لە ڕووى دياریكردنى هەڵوێستى توركيا بەرامبەر بە خۆپیشاندانەكانى ئێران. لە ١٩ى تەمووزی ساڵی 2022 سەرۆككۆمارى توركيا "ڕەجەب تەیيب ئەردوغان" لەسەر بانگهێشتنامەى فەرمیى سەرۆككۆمارى ئێران، "ئيبراهيم ڕەئيسى"، سەردانى تارانى كرد. لە نێوه‌ندى سەردانەكەى بۆ ئێران هەردوو لا لەسەر چەند خاڵێكى گرنگ ڕێك كەوتن، چونكە ئەردۆغان شاندێكى گرنگى لەگەڵدا بوو كە پێك هاتبوو لە هەر يەك له وەزيرانى دەرەوە، ناوەخۆ، بەرگرى، دارايى، سامانە سروشتیيەكان. ئەمەيش خۆى لە خۆي‌دا ئاماژەيەكە كە لەسەردانەكە باسى ئەم تەوەرانە كراوە كه وه‌زیره‌كه‌ی خراوه‌ته شانده‌كه. بەڵام گرنگترين بابەت كە هەردوو لا لەسەرى ڕێك كەوتن، بريتی بوو لە كاركردن بۆ زيادكردنى قەبارەى بازرگانیى نێوان هەردوو لا بۆ ٣٠ مليار دۆلارى ئەمريكى، كە ئێستا ئەم ڕێژەيە ٧,٥ مليار دۆلارى ئەمريكیيە[11]. لە لايەكى ديكە ئەنقەرە و تاران لەسەر درێژكردنەوەى ماوەى گرێبەستى كڕينى گازى سروشتى لە ئێران كە ماوەكەى ٢٥ ساڵ بوو ڕێك كەوتن؛ جگە لەمە لەسەر بابەتى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر و ڕێكخستنى خاڵى سنووریى نێوان توركيا و ئێرانيش هەردوو لا گەيشتوونەتە ڕێككەوتنى بنەڕەتى و، بڕياريان داوە لەم بابەتەدا هەماهەنگیى يەكتر بكەن. لە قۆناغى ئێستادا دەتوانين بڵێین سەرەڕاى هەندێك ململانێ و ناكۆكى، بەڵام پەيوەندیى هەردوو لا لە ئاستێكى باشدايە و، ئەنقەرە لەبەر ئەم هۆيەیش نايەوێت ڕ‌ژێمى ئێران بڕووخێت.
شەشەم: ڕ‌ژێمى ئێستاى ئێران و توركيا هەردووكيان لايەنە سياسی و چەكداریيە كورديیەكانى وەكوو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و، كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانی ئێران بە تيرۆرست دەبينن و هەردوو لا لەسەر بەرەنگاربوونەوەيان ڕێك كەوتوون و لە سەرجەم چاوپێكەوتنە دووقۆڵییەكانى بەرپرسانى تورك و ئێران به‌رده‌وام جه‌خت لەسه‌ر ئه‌م بابەتە ده‌كه‌ن.
گۆڕانكارییه‌كان له تاران به زیان یاخود به قازانجی توركیایه؟
ڕووخانى ڕ‌ژێمى ئێستاى ئێران بە شێوەيەكى گشتى لەلايەن توركياوە لانى كەم لە هه‌لومه‌رجی ئێستادا قبووڵكراو نييە و لە بەرژەوەندیى خۆى نابينێ؛ ئەمەيش لەبەر چەند هۆكارێك كە لە سەرەوە ئاماژەمان بە هەندێكيان كردووە. بەڵام هۆكارى بنەڕەتى لە پشت نواندنى ئەم هەڵوێستەى ئێستاى توركيا كە خۆى لە بێدەنگيیەكى سەرنجڕاكێش دەبينێتهوه، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە توركيا ترسى لە دروستبوونى ناوچەيەكى سەربەخۆ و كاريگەر هه‌یه لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان، به‌تایبه‌ت دوای ڕووداوه‌كانی به‌ناو "به‌هاری عه‌ره‌بی" كه تیایدا توركیا ڕاسته‌وخۆ پشتگیریی له خۆپیشانده‌ران كرد و ئاماده‌ییی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تییان بدات. بۆ نموونه پێشهاته‌كانی میسر و سووریا وه‌كوو وانه‌یه‌كی قورس وابوو بۆ ئه‌نقه‌ره كه به‌ڕاستی له ئاستی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری، زه‌ره‌ر و زیانی زۆری به‌ر كه‌وت، چونكه هه‌ندێك پێیان وایه كه توركیا له كاتی ڕووداوه‌كانی سووریا و میسر زۆر په‌له‌ی كرد و به‌بێ ئه‌وه‌ی دیراسه‌یه‌كی قووڵ بۆ بارودۆخه‌كه بكا، له‌سه‌ر بنه‌مای سۆز و عاتیفه هه‌ڵوێستی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت ڕاگه‌یه‌نرا. بۆیه به‌تایبه‌تی سووریا به حوكمی ئه‌وه‌ی وڵاتێكی دراوسێی توركیایه و ناوچه‌ی ڕۆژاوای كوردستانی لێیه، به‌پێی بۆچوونی به‌رپرسانی توركیا ئه‌م ناوچه‌یه قه‌یرانێكی قووڵی ئه‌منیی بۆ ئه‌نقه‌ره دروست كردووه.
توركیا دروستبوونی سێیه‌م ناوچه‌ی كوردی له ئێران- جگه له‌وه‌ی له سووریا و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه-، به مه‌ترسییه‌كه‌ی گه‌وره بۆ سه‌روه‌ریی خاكی خۆی ده‌بینێت، چونكه ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی ڕژێم له ئێران ڕوو بدات، ئه‌وه كوردانی ڕۆژهه‌ڵات بێ گومان له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر باڵا و پێویستیش نه‌بێ، ئه‌وه جۆره ئازادی و سهربهخۆیییهك به‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌مه‌یش تابلۆیه‌كی ترسناك بۆ توركیا دروست ده‌كات، چونكه له‌و كاته، تاكه ناوچه‌ی كوردستان له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تێك ده‌مێنێته‌وه ئه‌ویش توركیایه. ئه‌مه‌یش بێ گومان كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ ناوچه كوردییه‌كانی توركیا. بۆیه ئه‌نقه‌ره به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێم نییه له ئێران.
ئه‌نقه‌ره ئه‌م ڕاستییه له‌سه‌ر ئاستی وڵات‌دا ناشارێته‌وه و ته‌نانه‌ت ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمیی وڵات و سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی نزیك له ده‌سه‌ڵات، ئاماژه به كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ده‌ده‌ن له‌لایه‌ن "گرووپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه"؛ بۆ نموونه ئاژانسی ئانادۆڵی فه‌رمی له 27ی ئه‌یلوولی ساڵی 2022 شیكردنه‌وه‌یه‌كی به ناونیشانی "İran’daki Protestolarda Terör Örgütlerinin Etkisi ve Potansiyeli" واتا "توانا و كاریگه‌ریی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له خۆپیشاندانه‌كانی ئێران" كه له‌لایه‌ن "چاخاتای بالجی"یه‌وه نووسراوه، بڵاو كرده‌وه. ئه‌م وتاره شیكارییه، به‌گشتی و كورتی جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی لایه‌نه چه‌كداره كوردییه‌كان ده‌كات كه چۆن توانیویانه كۆنترۆڵی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بكه‌ن له شاره كوردنشینه‌كانی ئه‌م وڵاته‌دا[12]. له لایه‌كی دیكه بابه‌تێكی تر ده‌رباره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئێران (ئێرانناسی) (İran Araştırmalar Merkezi-İRAM) به ناونیشانی "Emini’nin Ölümü Üzerinden Yürütülen Etnik Siyaset"[13] واتا "په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای كوژرانی ئه‌مینییه‌وه" بڵاو كرایه‌وه. له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه به هه‌وڵه‌كانی حزبه كوردییه‌كانی وه‌كوو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حزبی كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕووداوه‌كانی ئێران ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت له ناوچه كوردییه‌كاندا؛ هه‌روه‌ها ئاماژه به دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یش كراوه و جه‌خت له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ئه‌م دروشمه بۆ سه‌ر زمانی فارسی كراوه‌ته‌وه. جگه له‌مه‌یش ئەم دروشمەیش بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) دەگەڕێننەوە و به‌ڕوونی له بابه‌ته‌كه‌دا خراوه‌ته ڕوو. بۆیه دوای ئه‌م بابه‌ته بڵاوكراوانه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه حكوومه‌تی توركیا هه‌وڵ ده‌دات ڕای گشتی له توركیا ئاراسته‌ی ئه‌وه بكات كه‌وا خۆپیشاندانه‌كان زیاتر مۆركێكی گرووپه چه‌كداره تیرۆریستییه‌كانیان پێوه دیاره و، ئه‌وان جڵهوهكهیان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. له ئه‌نجامدا ده‌توانین بگه‌ینه ئه‌م ڕاستییه كه‌وا حكوومه‌تی ئێستای توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ جۆره گۆڕانكارییه‌ك له ئێران له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی نابێنێت و، پێیشناچێت ئاوا به‌ئاسانی پشتگیری له خۆپیشانده‌ران بكات، چونكه به‌رپرسانی توركیا پێیان وایه ڕووخانی ڕژێمی ئێران له به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منیی توركیادا نییه.
كاریگه‌ریی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر سیاسه‌تی توركیا له هه‌مبه‌ر عێراق و سووریا
گۆڕانكارییه ناوخۆیییه‌كانی ئێستای ئێران، به شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه و له‌ناویشیاندا توركیا. ئه‌نقه‌ره به له‌به‌رچاوگرتنی پێشهاته‌كانی ئێران له‌وانه‌یه له سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به عێراق و سووریا، هه‌ندێك گۆڕانكاری بكات. بۆ نموونه له عێراق ئه‌نقه‌ره دوای شكستهێنانی هه‌وڵه‌كانی موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نیشتمانی، وا پێ ده‌چێت گوشاری كردبێته سه‌ر لایه‌نه سوننه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی حكوومه‌ت پێك بهێنن و بارودۆخی عێراق له‌مه زیاتر ئاڵوزتر نه‌كه‌ن. چونكه هه‌رچه‌نده بارودۆخه‌كه له عێراق نه‌گه‌یشتۆته ڕێڕه‌وی ڕاستی خۆی، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره نایه‌وێ بارودۆخه‌كه زیاتریش تێك بچێت و بگاته بنبه‌ست. هه‌روه‌ها تێكچوونی ڕه‌وشی عێراق له‌وانه‌یه بارودۆخی ڕژێمی ئێران خراپتر بكات و كێشه‌ی بۆ دروست بكات، بۆیه توركیا نایه‌وێ عێراق گوشاری زیاتر بخاته سه‌ر ڕژێمی ئێران.
هه‌رێمی كوردستانیش كه پێگه‌یه‌كی گرنگی له هاوكێشه هه‌رێمییه‌كاندا هه‌یه، بۆته ئامانجێكی كراوه و گرنگی لایه‌نه هه‌رێمییه‌كان، به‌تایبه‌ت تاران. ئێران به‌رده‌وام بابه‌تی گوشارخستنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی كردۆته ئامرازێكی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بگه‌یه‌نێته ئه‌مریكا؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ده‌بینین تاران به‌رده‌وام، چ به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و چ له ڕێگه‌ی میلیشیا چه‌كداره‌كانی نزیكی خۆی له عێراق، هێرشی مووشه‌كی ده‌كاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؛ ته‌نانه‌ت له دوای خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، هه‌وڵ درا وێنه‌یه‌كی ئاوا دروست بكرێت كه خۆپیشادانهكان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌وه و له‌لایه‌ن هێزه كوردییه‌كانه‌وه پاڵپشتیی لێی ده‌كرێت. هه‌ر بۆیه‌یش ئێران هێرشێكی دڕندانه‌ی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا كه بووه هۆی شه‌هیدبوونی چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سیڤیل. به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌ستدرێژییانه‌ی ئێران، توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك ئیدانه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ی ئێرانی نه‌كرد؛ هه‌رچه‌نده چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی لێ ناكرێت هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه بنێت، به‌ڵام به‌بێده‌نگی مانه‌وه‌یشی به‌رامبه‌ر به هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، به واتای قبووڵكردن و پشتگیرییه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دێت بۆ ئه‌م جۆره هێرشانه، چونكه سوپای توركیاش به هه‌مان بیانوو هێرش ده‌كاته سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان. له‌وانه‌یه له ئه‌گه‌ری گۆڕانكاریی زیاتر له بارودۆخی ناوخۆی ئێران و ڕووخانی ڕژێم، ئه‌مانه ببنه هۆكارێك بۆ وه‌ستاندنی ئه‌م جۆره هێرشانه بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌یش له‌م بابه‌ته‌دا توركیا له عێراق به‌ته‌نیا ده‌هێڵێته‌وه؛ واته هه‌ر هێرشێكی توركیا له‌وانه‌یه كاردانه‌وه‌ی سه‌ختر و زیاتر به‌خۆوه ببینیێ و لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت لایه‌نه عێراقییه‌كانیش زیاتر له‌سه‌ری بوه‌ستنه‌وه. چونكه ئه‌وه‌مان نابێت له‌یاد بچێت، بنه‌مای سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌سه‌ر ڕێگه‌نه‌دان به پێكهێنانی كیانێكی كوردیی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر خاكی وڵاتانی دراوسێی بنیات نراوه. نموونه‌ی، ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌یه. هه‌رچه‌نده دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی توركیا له كه‌ركووك كه‌وته مه‌ترسی و میلیشیا چه‌كداره‌كانی ئێران نفووزیان له‌م شاره‌دا زیاتر بوو، به‌ڵام بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه بریتییه له ڕێگه‌نه‌دان به پێكهێنانی كیانێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی له وڵاتانی دراوسێیدا، وای لێ كرد كه ئه‌م بارودۆخه‌ی له كه‌ركووك دروست بووه قبووڵ بكات.
سیاسه‌تی توركیا له سووریاش ڕه‌نگه له ئه‌نجامی ئه‌م گۆڕانكارییانه گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری له‌خۆ بگرێت، چونكه ئێستا یه‌كێك له ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سووریا، میلیشیا چه‌كداره‌كانی نزیك ئێرانن. له حاڵه‌تی لاوازبوونی ڕۆڵی ئێران له سووریا، ڕاسته‌وخۆ ئه‌م میلیشیا چه‌كدارانه ڕۆڵی پێشتریان نامێنێت. ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر توركیا به‌باشی كاری له‌سه‌ر بكات، ده‌كرێت ئه‌م بۆشایییه پڕ بكاته‌وه كه له ئه‌نجامی لاوازبوونی ئێران له سووریا دروست ببێت. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌یش له‌به‌رچاو بگیرێت كه هێزه‌كانی دیكه‌یش له سووریا هه‌ن، له‌وانه‌یه سوود له‌م بۆشایییه وه‌ربگرن كه له‌وانه‌یه له ئه‌نجامی لاوازبوونی ئێران دروست ببێت له سووریا. بۆ نموونه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌یئه‌ی ته‌حریرشام (به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو) جموجۆڵێكی فراوان و كاریگه‌ریان ده‌ست پێ كردووه، به‌تایبه‌ت دژی هێزه‌كانی فه‌یله‌قی سێیه‌می سه‌ر به توركیا و، چه‌ند ناوچهیهكیشیان كۆنترۆڵ كردووه. ئه‌مه‌یش ده‌توانین وه‌كوو لێكه‌وته‌یه‌كی سه‌ره‌تاییی ڕووداوه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر سووریا ببینین.
كۆبه‌ند
توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر به‌وریایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵات له‌به‌رچاو ده‌گرێت. هه‌رچه‌نده سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر به ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌ت سووریا ڕه‌خنه‌ی زۆری ئاراسته كرا، به‌ڵام ئێستا وا پێ ده‌چێت ئه‌نقه‌ره نه‌یه‌وێت هه‌ڵه‌كانی پێشووی دووباره بكاته‌وه و زیاتر سیاسه‌تی Bekle-Gör واتا "چاوه‌ڕێ بكه – ببینه" له هه‌مبه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران په‌یڕه‌و ده‌كات. بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین توركیا له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان زیاتر توانی سوود له جه‌نگی "ڕووسیا-ئۆكراینا" ببینێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها لایه‌نگریی لایه‌كی دیاریكراو بكات؛ واته هه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له گه‌ڵ ئۆكراینا و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پشتگیریی ده‌كه‌ن پاراست، هه‌میش له‌گه‌ڵ ڕووسیا و هاوپه‌یمانانیشی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی گه‌یاندۆته به‌رزترین ئاست. دیارترین به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی نێوان توركیا- ڕووسیایه به مه‌به‌ستی كردنی توركیا به سه‌نته‌رێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گواستنه‌وه‌ی گازی ڕووسی له خاكی توركیاوه بۆ وڵاتانی جیهان كه چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڕاگه‌یه‌نرا. بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت توركیا تا دوا ساته‌كان، پشتگیریی ڕژێمی ئێران بكات و نه‌هێڵێت بڕووخێت، چونكه له سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ر و سیناریۆكانی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئێران، ئه‌نقه‌ره ناتوانێ به‌دیلی ڕژێمی ئێران بدۆزێته‌وه؛ ئه‌گه‌ر بشیدۆزێتهوه ئه‌وه كاتی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بگه‌یه‌نێته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئێستا تیایدایه له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئێران.
[1] . بۆ بینینی لێدوانه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌خچه‌لی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه: https://ilerihaber.org/index.php/icerik/bahceli-iranda-gosteriler-dis-etkenler-kanaliyla-farkli-bir-boyut-kazanmistir-145771 . رێكه‌وتی سه‌ردان: (05/10/2022).
[2]. بۆ گه‌یشتن به لێدوانه‌كه‌ی كه‌مال كلیچدارئوغلو سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://ankahaber.net/haber/detay/kilicdaroglu_iranda_mahsa_amininin_oldurulmesine_karsi_protestolari_degerlendirdi_kadinlar_dunyanin_hicbir_ulkesinde_bedel_odememeli_yapmamiz_gereken_kadinlara_saygi_duymak_105293. رێكه‌وتی سه‌ردان: (12/10/2022).
[3] . بۆ بینینی لێداونه فه‌رمییه‌كه‌ی "ئیبرۆ گونای" سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.gazeteduvar.com.tr/hdp-iranli-kadinlari-jin-jiyan-azadi-diyerek-selamliyoruz-haber-1582091. رێكه‌وتی سه‌ردان: (08/10/2022).
[4] . بۆ بینینی ڕاگه‌یه‌نراوه فه‌رمییه‌كه‌ی ژنه سینه‌ماكارانی توركیا سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: shorturl.at/rwBJX . رێكه‌وتی سه‌ردان: (06/10/2022).
[5] . بۆ گه‌یشتن به ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند "هۆلیا ئافشار" ده‌توانن له‌م لینكه‌وه سه‌ردانی ئه‌كاونتی فه‌رمیی ناوبراو بكه‌ن: https://www.instagram.com/p/CjIKf9to9cv/?utm_source=ig_embed&ig_rid=528d14e3-1b1f-47ca-a6dd-c3ff25d0ec08 ڕێكه‌وتی سه‌ردان: (06/10/2022).
[6]. بۆ بینینی لێدوانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی ناودار "ئیبراهیم تاتلیساس" سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.yenicaggazetesi.com.tr/iranda-polis-tarafindan-basortusu-takma-kurallarina-uymadigi-gerekcesiyle--oldurulen-mahsa-amini-icin-bir-paylasimda-unlu-turkucuden-geldi-583488h.htm. رێكه‌وتی سه‌ردان: (12/10/2022).
[7] . بۆ بینینی لێدوانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی ناوداری توركیا "سه‌زه‌ن ئاكسۆی" سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.ntv.com.tr/n-life/magazin/sezen-aksudan-irandaki-mahsa-amini-eylemlerine-destek,45dxd3OWi0SLkTyC2W9qHg . رێكه‌وتی سه‌ردان: (13/10/2022).
[8] . به‌ڵگه بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵك له توركیا ئه‌و هه‌وڵانه بوون كه‌وا له شاره جیاجیاكانی توركیا ده‌درێن به مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی خۆپیشانده‌ران، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ژنان، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌م هه‌وڵانه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ڕێگریی لێ كراوه. بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.evrensel.net/haber/471320/turkiyeli-kadinlardan-iranli-kadinlara-destek-hayatlari-ve-haklari-icin-direnen-kadinlara-selam-olsun
[9] . بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.aa.com.tr/tr/dunya/-afgan-multecilerin-turkiyeye-gocunde-iranin-rolu-/1114057 رێكه‌وتی سه‌ردان: (05/10/2022).
[10] . راپۆرتی دامه‌زراوه‌ی رێكخستنی بازاڕی وزه‌ی توركی. بۆ بینینی راپۆرته‌كه كه تایبه‌ته به مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2022، سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.epdk.gov.tr/Detay/DownloadDocument?id=5hf+ajn5T8o= ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (05/10/2022).
[11] . بۆ گه‌یشتن به كۆنفرانسی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی سه‌رۆككۆماری توركیا و ئێران سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.youtube.com/watch?v=UmiAJUZpIK8 ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (08/10/2022).
[12]. بۆ گه‌یشتن به وتاره‌كه به زمانی توركی، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.aa.com.tr/tr/analiz/irandaki-protestolarda-teror-orgutlerinin-etkisi-ve-potansiyeli/2695644 ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (10/10/2022).
[13]. بۆ گه‌یشتن به وتاره‌كه به زمانی توركی، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن: https://www.iramcenter.org/emininin-olumu-uzerinden-yurutulen-etnik-siyaset/ ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (14/10/2022).