موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
توركیا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) زۆر نیگه‌ران بووه بەهۆی جموجۆڵی "په‌كه‌كه"، به‌تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له عێراق و سووریا و، چه‌ندان ساڵه بوودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی بۆ "ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر" ته‌رخان كردووه، كە تا ئێستایش دابینكردنی ئه‌م بوودجه‌یه به‌رده‌وامه و بابه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "په‌كه‌كه" به‌فه‌رمی بۆته بابه‌تێكی گرنگی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا. بۆیه ده‌بینین له‌گه‌ڵ فراوانبوونی چالاكی و جموجۆڵه‌كانی "په‌كه‌كه" و ئه‌و لایانانه‌ی كه سه‌ر به "په‌كه‌كه"ن، چ له عێراق و چ له سووریا، پاڵی به ئه‌نقه‌ره‌وه ناوه، په‌نا به‌رێته به‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به مه‌به‌ستی له‌ناوبردن یاخود لانی كه‌م لاوازكردنی "په‌كه‌كه". ته‌نانه‌ت توركیا به‌هۆی "په‌كه‌كه" و "عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان"ه‌وه له‌گه‌ڵ سووریا له ساڵی 1998 تووشی قه‌یرانێكی سیاسیی قووڵ بووه‌وه و، ئه‌گه‌ر دیمه‌شق له‌و كاته داواكارییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردبا، ئه‌وه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی زۆر بوو.
بۆیه هه‌ر له دوای ساڵی 2011وه له‌گه‌ڵ تێكچوونی باری ئه‌منیی سووریا، "په‌كه‌كه" به‌چڕی كاری بۆ ئه‌وه كرد خۆی له‌م وڵاته‌دا ڕێك بخات و بگاته ئاستێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا و، توانی له ڕێگه‌ی هێزه چه‌كدارییه‌كانی به‌ناو "يەكينەكانى پاراستنى گەل" (YPG)وه ڕووبه‌رێكی باش به پاڵپشتیی هێزی هاوپه‌یمانان كۆنترۆڵ بكات. ئێستا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی له سووریا نزیك سنووری توركیا-سووریا له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌م هێزانه‌یه و ئه‌مه‌یش نیگه‌رانیى ئه‌نقه‌رەى لێ كەوتۆتەوە و بۆتە هۆى ئەنجامدانى نزیكه‌ی سێ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازى له‌سه‌ر خاكی سووریا. مشتومڕه‌كانی ده‌ستپێكردنی هێرشه سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كان، دیسان له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كانی سه‌رۆككۆماری توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان" بۆته بابه‌تی ڕۆژ. بۆيە هەوڵ دەدەين لەم بابەتە تيشك بخەينە سەر ئامانجى ئەم جۆرە ئۆپەراسيۆنانەى توركيا و كاريگەریيان لەسەر هەرێمى كوردستان.
ستراتیژی و ئامانجی ئەم جارەی تورکیا لەم هێرشانە چییە؟
توركیا به شێوه‌یه‌كی گشتی تا ئێستا سیاسه‌تێكی كاریگه‌ری له سووریا په‌یڕه‌و نه‌كردووه؛ به‌پێچه‌وانه‌وه سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌نقه‌ره به‌رامبه‌ر دیمه‌شق، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2011وه، پڕیه‌تی له شكست و زیان. لێكه‌وته‌كانی تێكچوونی باری ئه‌منیی سووریا ڕاسته‌وخۆ له چه‌ندان ڕه‌هه‌نده‌وه كاریگه‌ریی زۆر خراپی كردۆته سه‌ر توركیا؛ بۆ نموونه بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ری سووری له شاره جیاجیاكانی توركیا گه‌یشتۆته قۆناغێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منیی مه‌ترسیدار؛ هه‌روه‌ها كۆنترۆڵكردنی ناوچه سنووری و ستراتیژییه‌كان له سووریا له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی كه نزیكن له "په‌كه‌كه" به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ڕووی ئه‌منییه‌وه ئه‌نقه‌ره‌ی زۆر نیگه‌ران كردووه. به‌ڵام گرنگترین ستراتیژی و ئامانجی ئه‌م جاره‌ی توركیا ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه كۆ بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان و "ئاك پارتی" له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه به‌هۆی خراپیی بارودۆخی ئابووریی وڵات؛ به‌م هۆیه‌وه دابه‌زێنێكی به‌رچاو له ده‌نگ و پێگه‌ی ئاك پارتی و خودی ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئاستی توركیا به‌دی كراوه. به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی، ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاك پارتی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه و ته‌نانه‌ت به‌پێی هه‌ندێك كۆمپانیای ڕاپرسی، ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی بۆ خوارووی (30%) دابه‌زیوه[1]. بۆیه ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له سووریا له‌وانه‌یه هه‌وڵێكی ئه‌ردۆغان بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگی حزبه‌كه‌ی و خۆی له ڕێگه‌ی بانگه‌شه‌ی په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كیی كاریگه‌ر و باش، به‌رامبه‌ر به سووریا، كه بۆته سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانێكی نه‌بڕاوه و به‌رده‌وام بۆ توركیا.
دووه‌م: جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا كاریگه‌ریی زۆرى هه‌بووه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه هه‌رێمی و جیهانییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه و، ده‌توانین بڵێین توركیا یه‌كێك بووه له‌و وڵاتانه‌ی كه توانیویه‌تی سوود له‌م جه‌نگه وه‌ربگرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌باشی به‌كاری بهێنێت؛ به شێوه‌یه‌ك خۆی وه‌ك وڵاتێكی بێلایه‌ن نیشان داوه و هاوسه‌نگیی له نێوان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ڕووسیا و ئۆكراینا پاراستووه. هه‌روه‌ك دیاره ڕووسیا له سووریا یاریكه‌رێكی به‌رچاوه و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نه‌ڕووخانی ڕژێمی سووریا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاڵپشتیی ڕووسیا بۆ ڕژێمی ئه‌سه‌د. سه‌رقاڵبوونی مۆسكۆ به جه‌نگی ئۆكراینا ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی بۆ توركیا ڕه‌خساندووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌ی هێزه‌كان له سووریا بگۆڕێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌نقه‌ره بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازى له سووریا، مۆسكۆی نیگه‌ران كردووه و له‌وانه‌یه ڕووسیا ئاماده نه‌بێت به‌ره‌یه‌كی تر له سووریاش بكاته‌وه. ئه‌ردۆغانیش ده‌یه‌وێ ئه‌م بارودۆخه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار بهێنێت له ڕێگه‌ی گوشارخستنه سه‌ر ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی پشتێنێكی ئه‌منی له قووڵاییی ناو خاكی سووریا دابمه‌زرێنێت، به شێوه‌یه‌ك گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك "په‌كه‌كه" به درێژاییی سنووری توركیا-سووریا، دوور بخرێنه‌وه. كه‌واته یه‌كێك له ستراتیژییه‌كانی توركیا بۆ قۆناغی ئێستا، گوشاردروستكردنه بۆ سه‌ر ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی پلانی ئه‌منیی توركیا له‌ناو خاكی سووریا جێبه‌جێ بكرێت.
سێیه‌م: ڕووداوه‌كانی ئێرانیش یه‌كێكه له‌و خاڵانه كه توركیای هان داوه بۆ ئه‌وه‌ی گوشاره‌كانی خۆی له سووریا زیاتر بكات؛ چونكه ئێرانیش یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و هێزانه‌ی كه ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه له سووریا و، پاڵپشتی له ڕژێمی ئه‌سه‌د ده‌كات. ئه‌نقه‌ره به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو به‌رامبه‌ر به ڕووداوه‌كانی ئێران، به‌ڵكوو هه‌ڵوێسته فه‌رمییه‌كان زیاتر وه‌ك پشتگیریكردن له ڕژێمی ئێران ده‌خوێندرێته‌وه، چونكه له قۆناغی ئێستادا ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت بارودۆخی ئێران تێك بچێت. به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نقه‌ره، ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات گوشار بخاته سه‌ر تاران بۆ ئه‌وه‌ی پلانه ئه‌منییه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر خاكی سووریا له نزیك ناوچه سنوورییه‌كان جێبه‌جێ بكات. سه‌رقاڵبوونی ئێران به كێشه ناوخۆیییه‌كانی خۆی، ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ ئه‌نقه‌ره ڕه‌خساندووه بۆ ئه‌وه‌ی گوشاره‌كانی له سووریا زیاتر بكات، چونكه ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك په‌كه‌كه گۆشه‌گیر بكات و ئه‌و نفووزه فراوانه‌ی هه‌یانه كۆتاییی پێ بهێنێت، یانیش لانی كه‌م بۆ نزمترین ئاست دای به‌زێنێت.
چواره‌م: دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام له له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به قووڵاییی 30 كیلۆمه‌تر به درێژاییی هێڵی سنووری توركیا و سووریا، یه‌كێكه له ئامانجه ستراتیژییه‌كانی توركیا له سووریا؛ چونكه ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه له‌م ناوچه‌یه‌ی سووریاوه هێرشی تیرۆریستی ده‌كرێته سه‌ر خاكه‌كه‌ی. به بڕوای كاربه‌ده‌ستانی توركیا ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی ئارام له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دروست بێت، ئه‌وه مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان و هێرشه تیرۆریستییه‌كان بۆ سه‌ر خاكی توركیا نامینێ یاخود لانی كه‌م كه‌م ده‌بێته‌وه. به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی توركیا له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا و ڕووسیا و ئێران، قبووڵ نه‌كراوه و به‌گه‌رمی سه‌یری پێكهێنانی ناوچه‌ی ئارام ناكه‌ن؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ پێكهێنانی ناوچه‌ی ئارامیش بن، ئه‌وه به‌و شێوازه ڕازی نابن كه توركیا ده‌یه‌وێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌ی ئارام به‌و شێوازه‌ی كه توركیا ده‌یه‌وێ، یه‌كێكه له ستراتیژ و ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی توركیا له سووریا و، له ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و هێرشكردنه سه‌ر سووریا هه‌وڵ ده‌دات زه‌مینه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه‌ی، خۆش بكات.
پێنجه‌م: بابه‌تی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا گه‌یشتۆته ئاستێك كه له‌مه‌وبه‌دوا پێ ناچێت ئاك پارتی و ئه‌ردۆغان بتوانن كۆنترۆڵی بكه‌ن؛ به‌تایبه‌ت لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌باره‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له توركیا، گوشارێكی زۆر ده‌كه‌ن، چونكه به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، ژماره‌ی په‌نابه‌ره سوورییه تۆماركراوه‌كان نزیكه‌ی سێ ملیۆن و نیو په‌نابه‌ره[2]. بۆیه ئاك پارتی له دوا قۆناغدا گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی، كه‌وا پێویسته گوێ له‌م داواكارییانه بگرێت كه جه‌خت له‌سه‌ر گه‌ڕاندنەوەی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ خاك و زێدی خۆیان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئاك پارتی پڕۆژه‌یه‌كی ڕاگه‌یاند و ناوی نا به "گه‌ڕاندنەوەی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ری سووری بۆ وڵاتی خۆیان"[3]. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه، توركیا زۆر پێویستیی به ناوچه‌یه‌كی ئارام هه‌یه له خاكی سووریا بۆ ئه‌وه‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له‌وێ نیشته‌جێ بكات. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نقه‌ره له باكووری شاری ئیدلیب له باكووری ڕۆژاوای سووریا، چه‌ندان یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی بۆ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان دروست كردووه و، ئه‌ردۆغان له یه‌كێك له لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ی به گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیكه‌ی 500 هه‌زار په‌نابه‌ر كرد بۆ ئه‌و ناوچه ئارامه‌ی كه توركیا له خاكی سووریا دابینی كردووه له دوای ساڵی 2016[4]. كه‌واته یه‌كێكی دیكه له ئامانج و ستراتیژییه‌ته‌كانی توركیا له گوشاردروستكردن و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز، بۆ ئه‌وه‌یه كه‌وا بتوانێت ناوچه‌یه‌كی ئارام پێك بهێنێت؛ به شێوه‌یه‌ك تیایدا بتوانرێ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان نیشته‌جێ بكرێن.
ئایا ئەمریکا بەم هێرشانە ڕازی دەبێت و دەتوانێت چی بکات بۆ ڕاوەستانی؟
ئه‌مریكا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژایه‌تیی خۆی بۆ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی ڕاگه‌یاند له سووریا له‌لایه‌ن توركیاوه. جگه له‌مه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی قه‌یرانی سووریا، به‌تایبه‌ت له ساڵی 2014وه، واشنتۆن یارمه‌تیی پێشكه‌شی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه كردووه كه له‌لایه‌ن توركیاوه به تیرۆریست ناوزه‌د ده‌كرێن. یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (YPG) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان (YPJ)، كه دوو هێزی كوردیی سه‌ره‌كین و نزیكن له په‌كه‌كه، به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و داعش، ڕاسته‌وخۆ یارمه‌تی له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن. بۆیه هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه په‌سه‌ند نییه و، زۆر زه‌حمه‌ته ئاوا به‌ئاسانی قبووڵ بكرێت. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا "نیكۆلاس گراینه‌ر"، نێرده‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، به‌فه‌رمی دژایه‌تیی واشنتۆنی ڕاگه‌یاند به‌رامبه‌ر هه‌ر هێرشێكی سه‌ربازیی توركیا بۆ سه‌ر باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و، جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه‌وا ئه‌مریكا به هیچ شێوه‌یه‌ك گڵۆپی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵنه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات[5].
به‌ڵام دوای په‌یامه تونده‌كانی توركیا ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر خاكی سووریا، واشنتۆن ده‌ستی به جموجۆڵه دیپلۆماسییه‌كانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره له بژارده‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی پازشگه‌ز بكاته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌وڵێكی زۆر جددی هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌مریكا بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی توركیا له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا؛ هه‌رچه‌نده وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا "پاتریك ڕایده‌ر" دژایه‌تیی ئه‌مریكای به‌رامبه‌ر به ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی ڕاگه‌یاند به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ی به نیگه‌رانییه‌كانی توركیاش كرد[6]. له لایه‌كی دیكه هه‌ر دوای هێرشه ئاسمانییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سووریا له 30ی تشرینی دووه‌می 2022، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا "لۆید ئۆستن" و وه‌زیری به‌رگریی توركیا "خلووسی ئاكار" به ته‌له‌فۆن قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ك كرد؛ له‌م په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا خلووسی ئاكار جه‌ختی له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستان كرده‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه‌وا توركیا ڕێز له هێز و كارمه‌ندانی هاوپه‌یمانان ده‌گرێت و پاراستنی خه‌ڵكی سڤیڵ له ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌نقه‌ره‌یه له كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر هێرشێكی ئاسمانی یاخود زه‌مینی له سووریا. جگه له‌مه‌یش خلووسی ئاكار ڕای گه‌یاندووه كه‌وا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا له سووریا له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 51 له ڕێككه‌وتننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت؛ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه‌وا توركیا ته‌نیا به‌رگریی ڕه‌وای له خۆ كردووه[7].
سه‌رجه‌م ئه‌م پێشهاتانه ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات، كه‌وا ئه‌مریكا له پێناو پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، گوشار بخاته سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بۆ ئه‌وه‌ی به قووڵاییی 30 كیلۆمه‌تر بكشێنه‌وه به مه‌به‌ستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌نقه‌ره؛ چونكه ئه‌ردۆغان زۆر به‌جددی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی ده‌كات و له 2016وه سێ جار ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی ئه‌نجام داوه و، ئێستایش ئاماده‌كاریی كردووه بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی زه‌مینی له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی "ته‌ل ڕه‌فعه‌ت" و "مونبیج"، چونكه زۆرترین هێرش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك توركیا، له‌م ناوچانه‌وه ئه‌نجام دراوه. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی توركیا له ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی پاشگه‌ز بكرێته‌وه، پێویسته واشنتۆن گوشار بخاته سه‌ر هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، كه نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌تر بكشێنه‌وه و به شێوه‌یه‌كی كاتییش بێت ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێته هۆی ئه‌نجامنه‌دانی ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی بۆ سه‌ر خاكی سووریا.
لێکەوتە و مەترسییەکانی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان چین؟
هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی پێگه ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه، هه‌ر ڕووداوێك یاخود هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له سووریا ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌بێت. بێ گومان زۆربه‌ی جاریش ئه‌م كاریگه‌رییانه نه‌رێنین، بۆ نموونه تێكچوونی باری ئه‌منیی دانیشتووانی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه له زێد و حاڵی خۆیان دەبنەوە و یه‌كێك له‌و ناوچانه كه ڕووی تێ ده‌ده‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستانه. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی لێكه‌وته و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م هێرشانه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه كورت بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: كۆنترۆڵكردنی ناوچه كوردییه‌كان له سووریا له‌لایه‌ن سوپای توركیا، ده‌بێته هانده‌رێكی باش بۆ سوپای توركیا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان هه‌نگاویش له هه‌رێمی كوردستان بنێت. ته‌نانه‌ت زۆر جار له كاتی ئه‌نجامدانی هێرشه ئاسمانییه‌كان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه بۆ سه‌ر سووریا، هاوكات هێرشی ئاسمانیی هاوشێوه له هه‌رێمی كورستانیش دژی په‌كه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت. كه‌واته ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی تابلۆ فراوانه‌كه بكه‌ین ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا ستراتیژییه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و سووریا له یه‌كتر دانه‌بڕاون و له ڕووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیاوه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. جگه له‌مه ئێستا توركیا چه‌ندان بنكه‌ی سه‌ربازیی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و زۆر جاریش ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له قووڵاییی خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات.
دووه‌م: یاریكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان له سووریا بریتین له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی، ڕووسیا، ئێران و توركیا. سه‌رجه‌م ئه‌م لایه‌نانه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كاریگه‌ری و ڕۆڵی سه‌ره‌كییان له هاوكێشه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئابووریی ناوچه‌كه‌دا هه‌یه؛ بۆیه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، جا ئه‌رێنی بێت یاخود نه‌رێنی، ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌ستی پێ ده‌كرێت. هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك هێزێكی به‌رچاو و ستراتیژیی ناوچه‌كه، به‌شی خۆی له‌و گۆڕانكارییانه وه‌رده‌گرێت كه له سووریا ڕوو ده‌دات. له ئه‌نجامدا سووریا به حوكمی ئه‌وه‌ی سنووریشی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، له ڕووی سیاسی و ئه‌منی و ئابوورییه‌وه گرنگییه‌كی ستراتیژیی هه‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
سێیه‌م: داعش كه دڕه‌نده‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستییه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، له‌سه‌ر خاكی سووریا سه‌ری هه‌ڵدا؛ به‌تایبه‌ت له ساڵی 2014وه ئه‌م ڕێكخراوه تیرۆریستییه كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی هه‌بووه له‌سه‌ر ناوچه‌كه و عێراق و، هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تر. واتا مه‌ترسیی گواستنه‌وه‌ی تیرۆریستان له سووریاوه بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رێكه كه به‌كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه. ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره هێرش و ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له سووریا، له‌وانه‌یه ببێته هۆی تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منیی وڵاته‌كه و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چالاكبوونی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و، ده‌رفه‌تی گونجاوی بۆ ده‌ڕه‌خسێت بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كانی له سووریا و عێراق و هه‌رێمی كوردستان؛ چونكه ئه‌م جۆره ڕێكخراوه تیرۆریستییانه وه‌كوو بۆمبێكی ته‌وقیتكراون؛ هه‌ر كات و ساتێك له‌بارن بۆ ته‌قینه‌وه. جگه له‌مه نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی زه‌مینی بۆ سه‌ر باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌م جۆره هه‌نگاوانه یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ به‌هێزبوونی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا. بێ گومان ئه‌م مه‌ترسی و نیگه‌رانییه له‌وانه‌یه له‌جێ بێت، چونكه ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕه‌وشی ئه‌منی و سیاسی و ئابووریی وڵات تێك بچێ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بێنه سه‌ر هێڵ و سوود له‌م جۆره ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرن. له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی كه توركیا به‌نیازه ئه‌نجامی بدات، له‌وانه‌یه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ به‌هێزبوونی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و، ئه‌م ڕێكخراوانه‌یش ئه‌گه‌ر به‌هێز بن ئه‌وه ته‌نیا له سووریا ناوه‌ستن به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ری بكه‌نه سه‌ر وڵاتانی دراوسێی سووریا، كه گونجاوترین و له‌بارترین شوێنیش بۆیان بێ گومان هه‌رێمی كوردستانه. ئه‌مه‌مان له ساڵی 2014 زۆر به‌ڕوونی بینی كه له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێره‌شه‌كانی خۆی به ئاراسته‌ی به‌غدا درێژه پێ بدابایه، ئه‌وكات له‌وانه‌یه كاریگه‌رییه‌كه‌ی زیاتر با؛ به‌ڵام ئه‌وان ئاراسته‌ی هێرشه‌كه‌یان به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت گۆڕی. كه‌واته ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه پێك ده‌هێنن بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی له هه‌رێمی كوردستان.
چواره‌م: هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌نده ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان قه‌یرانی ئابووری و دارایی و سیاسی بۆته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا میوانداریی هه‌زاران په‌نابه‌ری سووریی كردووه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی. هه‌رێمی كوردستان بۆته شوێنیكی گونجاو و سه‌ره‌نجڕاكێش بۆ پێشوازیكردن له په‌نابه‌ره بیانی و ناوخۆیییه‌كان. ئه‌مه‌یش له ڕووی عه‌مه‌لی سه‌لمێنراوه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌غدا مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێمی بڕی، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بوو له پێشوازیكردن له په‌نابه‌ره سوورییه‌كان. بۆیه له ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر سووریا، ئه‌وه بێ گومان هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی لێشاوێكی دیكه‌ی په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا كاریگه‌ریی خراپی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
پێنجه‌م: له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه، سووریا خاڵێكی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له بواری هه‌مه‌چه‌شنكردنی ده‌روازه‌كانی هه‌نارده و هاورده‌كردن و خۆنه‌به‌ستنه‌وه به ته‌نیا ده‌روازه‌یه‌كی سنووری. تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منیی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر جموجۆڵه بازرگانییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا. جگه له‌مه له ڕووی كرانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت له ڕووی گه‌یاندنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، هه‌رچه‌نده به‌پێی ئه‌م هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازییه‌ی كه ئێستا له سووریا دروست بووه، ئه‌سته‌مه هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی وه‌كو مووسڵ-حه‌یفا دروست بێت به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له ئایینده‌یه‌كی دوور ئه‌مه ئه‌سته‌م نییه جێبه‌جێ بكرێت؛ واتا له ڕووی جوگرافییه‌وه، ده‌كرێت هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له عێراقه‌وه له‌سه‌ر خاكی سووریا بۆ ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست دروست بكرێت. كه‌واته تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منی له سووریا و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی تیایدا، كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی نێوان عێراق (هه‌رێمی كوردستان) و سووریا.
هه‌رێمی كوردستان لەم بارەیەوە چۆن دەتوانێ لەگەڵ تورکیا مامەڵە بکات؟ ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی هەبێت؟
ڕۆژاوا هه‌ر له ساڵی 2011وه بۆته گۆڕه‌پانێكی له‌بار بۆ دروستبوونی چه‌ندان گرووپی چه‌كداری كوردی كه هه‌وڵی سه‌ره‌كییان داوه بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه و زیادكردنی هه‌ژموونی خۆیان تیایدا. به‌ڵام له‌نێو ئه‌و گرووپانه، گرووپێكی چه‌كداری كاریگه‌ر هه‌یه كه توانیویه‌تی خۆی به‌باشی ڕێك بخات و كۆنترۆڵی به‌شێكی فراوانی ڕۆژاوا بكات، ئه‌ویش بریتییه له هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل كه له په‌كه‌كه‌وه نزیكه و له هه‌مان كاتیش‌دا له قۆناغی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش توانیویه‌تی متمانه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا به‌ده‌ست بهێنێت. جگه له‌مه‌یش ئه‌و گرووپه چه‌كداره، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێت. یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (YPG) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان (YPJ) له‌سه‌ر داواكاری و گوشاری ئه‌مریكا خۆیان له‌ژێر چه‌تری هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ڕێك خستووه. به‌رامبه‌ر ئه‌م گرووپه چه‌كداره كوردییه، گرووپێكی چه‌كداری دیكه هه‌یه كه ڕاسته‌وخۆ توركیا پاڵپشتییان ده‌كات له‌ژێر ناوی "سوپای نیشتمانیی سووریا"؛ ئه‌م گرووپه چه‌كداره له‌و ناوچانه جێگیر كراون كه له‌ژێر كۆنترۆڵی توركیادایه و، سوپای توركیا له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی له خاكی سووریا هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ده‌كات.
بۆیه له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌رێمی كوردستان بژارده‌ی زۆری له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك گرووپ و حزبی سیاسبی كوردی هه‌ن كه نزیكن له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردی (ENKS) له سووریا كه له هه‌ولێر له ساڵی 2011 دامه‌زراوه و له چه‌ندان حزبی سیاسیی كوردی پێك هاتووه و، ده‌كرێ له ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی ئه‌م گرووپه به هه‌ماهه‌نگیی توركیا تا ڕادده‌یه‌ك بارودۆخی ڕۆژاوا به‌سه‌قامگیری بهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌یش ئاسان نییه و ئاسته‌نگی زۆری له‌به‌رده‌مدا‌یه؛ گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستیش "یه‌په‌گه"یه. هه‌روه‌ها له 2011وه تا ئێستا ENKS ڕۆڵێكی ئاوای له ناوچه‌كه‌دا نه‌بینیوه كه جێگه‌ی باسكردن بێت و، له گۆڕه‌پان زۆر لاوازه و زیاتر به كاری سیاسییه‌وه خه‌ریكه. هه‌رچه‌نده هێزێكی سه‌ربازییان هه‌یه به ناوی "له‌شكری ڕۆژ" به‌ڵام تا ئیستا ئه‌م هێزه نه‌یتوانیوه بچێته نێو گۆڕه‌پان و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا خۆی بسه‌پێنێت. بۆیه ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بدات باڵی چه‌كداریی ENKS لانی كه‌م له‌و ناوچانه جێگیر بكات كه له‌ژێر كۆنترۆڵی توركیا و گرووپه چه‌كداره نزیكه‌كانییه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له گۆڕه‌پان خاوه‌ن هێز و چه‌ك نه‌بی له باكووری سووریا و له سووریا به‌گشتی، ناتوانی كاریگه‌ر بی. ئێستا ته‌نیا به بوونی باڵی سیاسی ناتوانرێ هیچ لایه‌نێكی سیاسی قورساییی خۆی بخاته ڕوو، چونكه باڵی چه‌كداریی ENKS تا ئێستا نه‌یتوانیوه بچێته نێو خاكی سووریا.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنی لاوازیش بێت، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ له ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا هه‌یه‌تی له لایه‌ك و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، هه‌وڵه‌كانی نێوه‌ندگیری ده‌ست پێ بكات به ئومێدی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان بگه‌نه ڕێككه‌وتن و په‌نا نه‌به‌نه به‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه له سووریا ئه‌وه‌نده ئاڵۆزه و، ته‌نانه‌ت وڵاتانی زلهێزی وه‌كوو ئه‌مریكا و ڕووسیا تا ئێستا نه‌یانتوانیوه كۆتایی به قه‌یرانه‌كه بهێنن، چاوه‌ڕوان ناكرێت هه‌رێمی كوردستان له بابه‌تی به‌یه‌كگه‌یاندنی لایه‌نه ناكۆكه‌كان له سووریا شتێكی ئه‌وتۆی پێ بكرێت.
چۆن هه‌رێمی كوردستان کەڵک لە بەغدا وەربگرێت بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان؟
خاكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان ساڵه بۆته ئامانجی ڕاسته‌وخۆی هێرشه‌كانی ئێران و توركیا به‌هۆی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌نێو سنووره‌كه‌یدا. جگه له‌مه سووریا به‌رده‌وام وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كراوه‌یه له به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستاندا و، له هه‌ر كات و ساتێك‌دا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی خراپترین سیناریۆكان بین. به‌ڵام ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان گوشار بخاته سه‌ر به‌غدا، پێش ئه‌وه‌ی بارودۆخی سووریا به‌ره‌و تێكچوون بچێت، بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری بكات هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت كه گرنگترینیان ئه‌م سێ خاڵه‌ی خواره‌وه‌یه:
به‌رامبه‌ر ئه‌مه ده‌توانین بڵێین توركیا و ئێران له قۆناغی ئێستادا، هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هێرشه سه‌ربازییه‌كانیان بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان به بیانووی بوونی په‌كه‌كه و حزبه كوردییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سووریا، ئه‌وه هه‌ردوو لا هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی قه‌یرانی سووریا له دوو به‌ره‌ی جیاوازدا بوون. چه‌ندان جاریش گوشاری به‌رچاویان خستۆته سه‌ر یه‌كتر. ئێستا ئه‌نقه‌ره گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر لایه‌نه كاریگه‌ره‌كان له سووریا زیاد كردووه، چونكه بۆ نموونه ڕووسیا سه‌رقاڵی جه‌نگی ئۆكراینایه و ئێران له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆدا تووشی قه‌یرانێكی جددی بۆته‌وه، ئه‌مریكاش نایه‌وێ بارودۆخ و سه‌قامگیریی سووریا له‌مه زیاتر تێك بچێت. له لایه‌كی دیكه داواكاریی هه‌ر یه‌ك له سوید و فنلاند بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ندام له ناتۆ (كه ئه‌مه‌یش پێویستیی به ڕه‌زامه‌ندیی توركیا هه‌یه)، وای له ئه‌نقه‌ره كردووه سه‌رجه‌م ئه‌م ڕووداوانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار بهێنێت و كار بۆ ئه‌وه بكات بتوانێت له سووریا هاوكێشه‌كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێت.
له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌كرێت نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، له ڕێگه‌ی ئه‌و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه فراوانه‌ی كه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده جیهانی و هه‌رێمییه‌كان هه‌یه‌تی، كار بۆ ئه‌وه بكات ڕووداوه‌كانی سووریا كاریگه‌ریی خراپی نه‌بێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنگه‌ر هه‌یه كه نێچیرڤان بارزانی خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی میانڕه‌و و دیپلۆماسی و گوێگرێكی باشه و، له هه‌مووی گرنگتر متمانه‌به‌خش و كراوه‌یه و توندڕه‌و و عیناد نییه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا له‌سه‌ر دوو ئاست كار بكات: یه‌كه‌میان له‌سه‌ر ئاستی عێراق، كه پێویسته سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی كرد كه له ڕێگه‌ی به‌غداوه ئه‌نجام بدرێن كار بكات؛ له لایه‌كی دیكه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌یه كه زۆر گرنگه نێوه‌ندگیری له نێوان توركیا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بكات؛ چونكه ئێستا هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا و ڕووسیا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن داواكاری و نیگه‌رانیی توركیا بڕه‌وێننه‌وه و له‌وانه‌یه به بیرۆكه‌ی كشاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بۆ قووڵاییی 30 كیلۆمه‌تر بۆ ناو خاكی سووریا، ڕازی بن و گوشاریش بخه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی سووریای دیموكرات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ی كشانه‌وه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن. لێره موداخه‌له‌كردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌كوو نێوه‌ندگیر و ناوبژێوانێك به مه‌به‌ستی نزیككردنی بۆچوونه‌كان گرنگه و له‌وانه‌یه ئه‌نجامی ئه‌رێنیی لێ بكه‌وێته‌وه.
كۆبه‌ند
توركیا له‌گه‌ڵ نزیكبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌وڵ ده‌دات سوود له پێشهاته هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ربگرێت و ئه‌مانه وه‌كوو ده‌سكه‌وت و كه‌ره‌سته‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار بهێنێت. به‌تایبه‌تی سووریا بۆ ئه‌نقه‌ره و ئه‌ردۆغان و ئاك پارتی زۆر گرنگه، چونكه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له توركیا به‌توندی ڕه‌خنه له سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌گرن له‌مه‌ڕ سووریا و په‌نابه‌ره سوورییه‌كان، كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بوونه‌ته بارگرانییه‌كی ئابووری و چه‌ندان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تیی لێ كه‌وتۆته‌وه. ئه‌ردۆغان بۆ ڕەواندنه‌وه‌ی ئه‌م نیگه‌رانییانه هه‌وڵ و كۆششێكی جددیی داوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سكه‌وت له سووریا به‌ده‌ست بهێنێت و وا نیشان بدات كه‌وا له سووریا سه‌ركه‌وتوو بووه. بۆیه ده‌بینین جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی زه‌مینی ده‌كاته‌وه له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام به قووڵاییی 30 كیلۆمه‌تر دروست بكات به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنەوەی ملیۆنێك په‌نابه‌ری سووری له توركیا بۆ ئه‌م ناوچه ئارامه. به‌ڵام چاوه‌ڕوان ناكرێت لایه‌نه كاریگه‌ره‌كانی وه‌كوو ئه‌مریكا و ڕووسیا و ئێران ئاوا به‌ئاسانی ڕێگه بده‌نه توركیا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی زه‌مینی ئه‌نجام بدات؛ پێ ده‌چێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیش بدرێن سنووردار بێت، به شێوه‌یه‌ك نیگه‌رانیی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی لێ نه‌كه‌وێته‌وه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی توركیا له سووریا به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له لایه‌نی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری و بازرگانی. بۆیه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم زۆر به‌وردی و هه‌ستیاری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاتانه‌دا بكه‌ن.
[1] . بۆ بینینی ئه‌نجامه پێشبینیكراوه‌كانی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.sozcu.com.tr/2022/gundem/akpnin-oyu-bir-yilda-her-ay-eridi-yuzde-30un-altina-dustu-7022234/ ، ڕێكه‌وتی سه‌ردان: (15/12/2022).
[2] . بۆ گه‌یشتن به ڕاپۆرته‌كه به زمانی توركی، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://multeciler.org.tr/turkiyedeki-suriyeli-sayisi/ ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (14/12/2022).
[3]. ئه‌ردۆغان له كاتی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی به‌فه‌رمی ڕاگه‌یاند. بۆ گه‌یشتن به تۆماری ڤیدیۆی ئه‌ردۆغان كه پرۆژه‌كه‌ی تیایدا ڕاگه‌یاند، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://rb.gy/6gznis ، ڕێكه‌وتی سه‌ردان: (13/12/2022).
[4] . بۆ گه‌یشتن به لیدوانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.cumhuriyet.com.tr/turkiye/erdoganin-siginmacilar-konusundaki-buyuk-degisimi-1932218 ، ڕێكه‌وتی سه‌ردان: (08/12/2022).
[5] . بۆ بینینی لێدوانی نیكۆلاس گراینه‌ر سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://kurdistantv.net/ku/news/182545 ، ڕكه‌وتی سه‌ردان: (12/12/2022).
[6] بۆ بینینی لێدوانه‌كانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://tr.euronews.com/2022/11/29/pentagondan-ankaraya-suriyeye-kara-harekatindan-vazgec-cagrisi ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (14/12/2022).
[7]. بۆ بینینی هه‌واڵی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی نێوان وه‌زیرانی به‌رگریی ئه‌مریكا و سووریا، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.trthaber.com/haber/gundem/bakan-akar-abd-savunma-bakani-austin-ile-telefonda-gorustu-727336.html ، ڕێكه‌وتی سه‌ردان: (13/12/2022).