یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و چەند سەرنجێک

پەرلەمانی عێراق لە ڕێکەوتی ٢٦/١١/٢٠١٦، یاسای "دەستەی حەشدی شەعبی"ی پەسند کرد. دوا بە دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و مەترسیی کەوتنی بەغدا و داڕمانی سوپای عێراق، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەسەر فەتوای جیهادی کیفایی (الجهاد الکفائي)ی ئایەتوڵڵا سیستانی، ئەم هێزە دروست بوو. هەرچەندە پێشتر، چەندین گرووپی میلیشیای شیعە لە عێراقدا بوونی هەبوو، بەڵام ئەو هیزانە هیج چەترێکی یاسایی و شەرعییەتێکی ئایینیی دانپێدانراویان نەبوو. بۆیە، ئەوان فەتواکەی ئایەتوڵڵا سیستانییان قۆستەوە، بۆ ئەوەی ڕەوایییەکی ئایینی بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نەبوو، بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە بتوانن بێ کێشە لەسەر کار و چالاکیی خۆیان بەردەوام بن، بەتایبەت کە دەیانبینی جه‌نگی داعش لە کۆتایییەکانی خۆی نزیک بووەتەوە، ئەمەیش بە واتای تەواوبوونی ئەرکی ئەوان بوو. هەربۆیە، لایەنی شیعە و بەرپرسانی حەشدی شەعبی، کەوتنە خۆیان و، بە دەرکردنی یاسایەکی لەو جۆرە، چەترێکی یاسایییان بۆ ئەو هێزانە دروست کرد، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا، دژی ئەو کەسانە بوەستنەوە، کە دەیانەوێت ئەو هێزانە هەڵبوەشێتەوە.

زۆر جار گوێمان لەوە بووە کە ئەم هێزانە، کۆپییەکی سوپای پاسدارانی ئێرانن، کە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران دامەزرا و، ڕۆڵی سەرەکیی لە چەسپاندن و جێگیرکردنی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. بێ گومان ئەزموونی حەشدی شەعبی لە عێراق، سوودی لە ئەزموونی سوپای پاسداران وەرگرتووە، بەڵام ڕاستییەک هەیە کە دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم هێزانە لە عێراقدا مێژوویەکی کۆنیان هەیە. حەشدی شەعبی، یەکەم هێزی تائیفی، یان حزبیی لەو جۆرە نییە کە لەم وڵاتەدا دامەزرابێ. عێراقییەکان بۆ خۆیان لەم بارەیەوە مێژوو و ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان هەیە. هەرچەند ئەمە ڕوونە، کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە پلانی هەرێمیی بەرەی شیعە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی خۆی لە ناوچەکەدا.

بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراق، ئەم هێزانە پاش کۆده‌تای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ دروست بوون. ئەوکات هێزەکانی "المقاومة الشعبیة" لە لایەن حزبی شیوعیی عێراقییەوە هاتە دامەزراندن، کە لە عەبدولکەریم قاسمەوە نزیک بوون. ئەم هێزانە لە ئازار و ئەزێتدانی خەڵک و پاشاگەردانی و بەرەنگاربوونەوەی لایەنە نیشتمانییەکانی ئەو سەردەمە، ڕۆڵی نەرێنییان هەبوو؛ لەوانەیش بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد.

پاش کۆده‌تای شوباتی ١٩٦٣ی بەعسییەکان، هێزەکانی میلیشیای "الحرس القومي" لە لایەن حزبی بەعسەوە دامەزران، کە پاشان بە یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ١٩٦٣ لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانانی ئەوکات، کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (مجلس قیادة االثورة) بوو، بەیاسایی کرا. ڕۆڵی نەرێنیی ئەم هێزانە، لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا ئەوەندە دزێو و ناپەسند بوو، کە ئێستایش خەڵک هەر بەنەفرەتەوە باسیان لێوە دەکەن. هێزەکانی حەرەس قەومی لە کوشتن، گرتن، دزین و ڕاووڕووتی سامانی هاووڵاتیاندا بە هیچ شێوەیەک درێخییان نەدەکرد و مێژوویەکی ڕەشیان لە خۆیان بەجێ هێشت. تەنانەت خاوەنی زیندان و دادگه‌ی نایاساییی تایبەت بە خۆیان بوون. ئەم هێزانە خۆیان لە سەرووی هێزەکانی سوپای عێراقەوە دادەنا و، لە ئازاردانی ئەفسەران و سەربازانی سوپایش خۆیان نەدەبوارد.

چیرۆکی ئەم هێزە سەرکەش و خۆسەرانە، هەر بەوەندە کۆتایی نەهات. پاش کۆده‌تای دووەمی بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨، هێزەکانی "الجیش الشعبي" لە ساڵی ١٩٧٠ لەژێر فەرماندەییی سەددام حوسێن دامەزرا و، پاش ئەوەی سەددام بووە سەرۆککۆمار، ئەم هێزانە کەوتنە ژێر فەرماندەییی تاها یاسین ڕەمەزان. تا کۆتاییی هەشتاکان ژمارەی ئەم هێزانە، کە هێزێکی ئایدیۆلۆژی و حزبیی سەر بە حزبی بەعس بوون، گەیشتە ٦٥٠٠٠٠ کەس. ڕۆڵی ئەم هێزانە لە لێدان و کوشتن و بڕینی هاووڵاتیان و هێزە نیشتمانییەکان، لای کەس شاراوە نییە. ئەم هێزانە هەتا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، لەسەر کار و کردەوە دزێوەکانی خۆیان بەردەوام بوون.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، جارێکی تر کۆمەڵە هێزێکی میلیشیای لەو جۆرە لە عێراق سەریان هەڵدا، بەو جیاوازییەوه‌ کە ئەم جارە ئەم هێزانە سەر بە حزب و لایەنە شیعییەکان بوون، وەک "فیلق بدر"، "جیش المهدي"، "سرایا السلام" و "عصائب اهل الحق" و ...هتد. بە سەرنجدان بە پێکهاتە، ناوەڕۆک و ڕەفتارەکانی ئەم هێزانە، بەتایبەت حەشدی شەعبی، کە نوێترینیانە، دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە ئەم هێزانە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەیە کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:

١) ئەم هێزانە، بە زۆری، هێزی ئایدیۆلۆژی و حزبین و لە لایەن حزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە دروست دەکرێن و پاڵپشتی و پڕچەک دەکرێن. هەروا بەرپرس و سەرانی ئەم هێزانە، بە زۆری کەسانی حزبی، یان ئایینین کە دوورن لە هەر جۆرە پرەنسیپێکی سەربازی و ڕۆحی نیشتمانپەروەری.

٢) ئەم هێزانە لەسەر بنەمای بێمتمانەیی بە توانا و دڵسۆزیی سوپای نیشتیمانی، یان کەمکردنەوە لە پلە و پایەی ئەو ‌هێزانە دامەزراون و، بە زۆری، پاش  کۆده‌تا یان گۆڕانی ڕژێمی دەسەڵاتدار، دروست دەبن.

٣) فەلسەفەی بوون و دامەزراندنی ئەم هێزانە، کۆمەڵێک دروشمی بریقەداری ئایینی، یان نیشتمانین، وەک پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق و بنەما ئایینییەکان و... بەڵام بەکردار، دژ بە هەموو بنەمایەکی نیشتیمانی و مرۆیی و تەنانەت ئایینیش دەجووڵێنەوە. هەروەک چۆن لە هۆکارەکانی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبیشدا هاتووە، کە ئەم هێزە بۆ بەرگری لە عێراق و  پاراستنی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە. هەموو ئەم هێزانە لە یەک شتدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە کە خاوەن پێشینەیەکی ڕەشن لە پێشێلکاریی بنەماکانی مافی مرۆڤ و دەستدرێژی بۆ سەر ماف و موڵکی هاووڵاتیان.

٤) ئەم هێزانە، بە زۆری بۆ دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوەی هێز و لایەنەکانی دژ بە حکوومەت، یان ئۆپۆزیسیۆن، بەکار دێن.

٥) ئەم هێزانە، بە زۆری ئینتیمایان بۆ کەسایەتییەکی ئایینی یان حزبی هەیە و، بە پروپاگەندەی ئایینی یان حزبی، مێشکیان دەشۆردرێتەوە و، بۆ جه‌نگان لەگەڵ نەیارانی حزب، یان ئایین و تائیفەیەکی دیاریکراو هان دەدرێن.

٦) ئاڵای نیشتمانیی وڵات، یان دروشمە نیشتمانییەکان لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی ئەم هێزانەدا، یان نابینرێن، یان زۆر بە کەمی دەبینرێن و پتر ئاڵا  و دروشمە حزبی و ئایینی و تایفییەکان بەدی دەکرێن.

٧) لایەنە دەسەڵاتدارەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگه‌ی بەیاساییکردنی ئەم هێزانەوه‌، چەترێکی یاساییی ڕواڵەتی بۆ ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان دروست بکەن، هەتا بەم شێوەیە نەیارانیان بێدەنگ بکەن و، نەتوانن تانەی نایاساییبوونیان لێ بدەن.

٨) زۆربەی ئەم هێزانە، بەدەر لە تایبەتمەندییە پیشەیییەکان، وەک بڕوانامە و تەمەن، پلە و پایەی سەربازی و ئیمتیازات بە ئەندامانیان دەبەخشن و دەکرێنە هاوشانی ئەفسەرانی سوپا و تەنانەت سەرووتر لەوانیش، کە بەگوێرەی تەمەن و بەپێی بڕوانامە و بینینی خولی سەربازیی جۆراوجۆر، پێ گەیشتوون؛ ئەمەیش خۆی لە خۆیدا بێبەهاکردنی پلە و پایە سەربازییەکانە. هەروەک چۆن لە بەندی ١/دووەم/ بڕگەی ٣ لە یاسای دەستەی حەشدی شەعبیدا باس کراوە.

٩) بەپێی بەندی ١/ دووەم/ بڕگەی ١ لە یاسای حەشدی شەعبی، ئەم هێزە ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەبەسترێتەوە، کە دەکاتە سەرۆکوەزیران و، بەپێچەوانەی سوپای عێراق، لەژێر فەرمانی وەزیری بەرگریدا نین. بەپێی ئەو بنەمایەی کە تاکوو ئێستا لە عێراقدا ڕۆیشتووە، سەرۆکوەزیران لە تائیفەی شیعە دەبێ، چونکە ئەوان زیاترین کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەهێنن. هەربۆیە، ئەگەر وەزیری بەرگری، سوننە یان کوردیش بێت، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە، ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەم هێزە، بە ئامانجێکی تائیفی دامەزراوە، نەک نیشتمانی. هەروا بەپێی هەمان بەندی ئاماژەپێکراو، حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆیە و بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق. ئەم ڕستەیە لە ناوەڕۆکدا  ناکۆک و دژبەیەکە. چۆن دەکرێ هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ بێت  و، لە هەمان کاتدا بەشێک بێت لە هێزە چەکدارەکانی عێراق؟ ئەگەر هێزێکی سەربازیی سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت، ئەی بۆ دەبێ وەزارەتی بەرگری، دەسەڵاتی بەسەردا نەبێت و، ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان؟ کەواتە ئەم هێزە لە سەرووی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراقدایە و، لە دەرەوەی بازنەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدایە و بۆ ئامانجی تایبەت دامەزراوە.

١٠) بەندی ٩/ بڕگە (ب) لە دەستووری عێراق، بەڕوونی باس لە قەدەغەبوونی دروستکردنی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان، دەکات. بۆیە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە لە بنەڕەتدا هێزی میلیشیان و لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا دروست نەکراون، بەڵکوو هەروەک یاساکەیش دەڵێ هێزێکی سەربەخۆن، ئەوا بەیاساییکردنیان، جگە لەوەی پێچەوانەی دەستوورە، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە پێشینەیەکی ترسناکی یاسایی، کە لەمەودوا خەڵکی دیکەیش بە پشتبەستن بەو پێشینەیە، داوای دروستکردنی هێزی لەو جۆرە بکەن.

بە سەرنجدان لەوەی کە لە کاتی پەسندکردنی یاسای حەشدی شەعبی، نوێنەرانی سوننە و بەشێک لە نوێنەرانی کورد بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کرد و کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە، وا پێشبینی دەکرێ، دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوامی بە ناکۆکیی زیاتر لە نێوان لایەنە عێراقییەکاندا بدات و، لە هەمان کاتدا پرەنسیپی هاوبەشی، ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و سازانی نێوان پێکهاتەکان بباتە ژێر پرسیارەوە و، بێمتمانەییی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قووڵتر بکاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples