پێشەکی
ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر- بەغدا، بە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوەی سیاسی و یاسایی دادەنرێ. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق، هەلومەرجێکی جیاواز لە جاران باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدادا کێشاوە. بەکارهێنانی وشەی هەولێر لە پاڵ بەغدا، وەک ناوەندێکی یاساییی بڕیاری سیاسی لەم وڵاتە، مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە. بۆ یەکەم جار، لە ساڵی ١٩٧٤ بەفەرمی و بە شێوازێکی یاسایی، هەولێر بووەتە ناوەندی فەرمیی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان. ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (مجلس قیادة الثورة) کە ئەو کات لە عێراق دەسەڵاتی یاسادانانی هەبووە، لە دانیشتنی ڕۆژی ١١/٣/١٩٧٤ یاسای ژمارە ٣٣ ساڵی ١٩٧٤ی دەرکرد، لەژێر ناوی یاسای ئۆتۆنۆمیی ناوچەی کوردستان-عێراق. لە بەندی ١/بڕگە (ها) ئەم یاسایەدا هاتووە: "شاری هەولێر، دەبێتە ناوهندی بەڕێوەبردنی ئۆتۆنۆمی."
حکوومەتی عێراق بە شێوازێکی یەکلایەنە و بەبێ ڕەزامەندیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان و بە دوور لە ڕۆحی ڕێککەوتننامەی ١١/٣/١٩٧٠، یاسای ئۆتۆنۆمیی ڕاگەیاند؛ هەر بۆیە، یاساکە لە لایەن ئەو بزاڤەوە ڕەت کرایەوە. دەتوانین بڵێین، هەولێر بەفەرمی لە ساڵی ١٩٧٤ەوە بووەتە ناوەندێکی فەرمیی کارگێڕی و بڕیاری سیاسی لە کوردستان و عێراق. بەڵام بە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا و، قۆناغێکی دوورودرێژی شەڕ و ململانێ لە نێوان کورد و حکوومەتی عێراق، ئەم پەیوەندییانە نەیتوانی شێوازێکی سروشتی و ئاسایی وەربگرێت و، بە هەوراز و نشێوێکی زۆردا تێ پەڕیوە.
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و، پەسندکردنی دەستووری عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٥، ئەو دەرفەتە بۆ کورد ڕەخسا، کە لە دەسەڵاتدا بەشدار بێت. هەر بۆیە، بە ڕەزامەندیی خۆی ڕۆیشتەوە بەغدا و، بوو بە هاوبەش لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵدا. داننانی فەرمیی دەستوور بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وای کرد کە هەولێر وەک پایتەختی ئەم هەرێمە دانی پێدا بنرێ و، ببێتە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاری یاسایی و سیاسیی کوردستان. مانگی هەنگوینی پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا زۆری نەخایاند و بەرە بەرە گرژی و ململانێی توند لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دەستی پێ کردەوە و، لە خولی دووەمی حکوومەتی "نووری مالکی"، گەیشتە لووتکەی خۆی و هەتا ئێستایش بەردەوامە. بۆیە، ئێستا ئاییندەی ئەم پەیوەندییانە لێڵ و ناڕوونن و، چەندین سناریۆ و ئەگەری جیاواز لە ئارادان. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ باسی لێوە بکەین، سیناریۆکانی ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر- بەغدایە و ئەو ئەگەرانەیە کە لەوانەیە ڕوو بدەن.
سیناریۆکانی ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر- بەغدا
١- بەردەوامیی هەلومەرجی دیفاکتۆ: پاش هێرشی داعش بۆ سەر عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەشی هەرە زۆری ناوچە کوردستانییە جێناكۆكهکان، لە لایەن پێشمەرگەوە پارێزران و لە ڕووی سەربازییەوە کەوتنە بن دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە، ئێستا جگە لە سنووری فەرمی و دانپێدانراوی هەرێم، بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان لە بن دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. دەکرێ پاش تەواوبوونی جهنگی داعش، ئەم هەلومەرجە بە شێوەی دیفاکتۆ بەردەوام بێت، چونکە حکوومەتی هەرێم باس لەوە دەکات کە ئامادە نییە ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵێ و، لە لایەکی ترەوە حکوومەتی عێراقیش لەم هەلومەرجەدا، ناتوانێ جەنگێکی نوێ دژ بە هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات و، دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە. لە دۆخێکی وەهادا، لەوانەیە حکوومەتی عێراق لە ڕووی یاسایییەوە دان بەو واقیعەدا نەنێت، بەڵام چونکە ناتوانێ بیگۆڕێت، ئەوا بەناچاری هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات هەتا دۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە و، تەرازووی هێز بە قازانجێکی یەک لە لایەنەکان دەگۆڕێت.
٢- داننان بە هەلومەرجی نوێ لە ڕووی یاسایییەوە: ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە، کە حکوومەتی عێراق هەلومەرجی نوێ وەک جێبەجێکردنی بەشێک لە بەندی ١٤٠ی دەستووری عێراق بزانێ و، بە شێوەیەکی یاسایی دانی پێدا بنێت و قبووڵی بکات. هەرچەند ئەم ئەگەرە، بە سەرنجدان لە سیاسەت و ئەقڵییەتی زاڵ بەسەر بەغدا، دوور دەنوێنێ، بەڵام لە حاڵەتی جددیبوونی سەربەخۆییی کوردستان، لەوانەیە دەسەڵاتدارانی بەغدا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەربەخۆییی کوردستان، ئەم واقعە تاڵە قبووڵ بکەن.
٣- کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم: یەکێک لەو ئەگەرانەی کە لەوانەیە ڕووبەڕووی ببینەوە، کشانەوەی هێزەکانی پیشمەرگەیە بۆ سنوورەکانی پیش جەنگی داعش و بۆ سنووری فەرمیی هەرێمی کوردستان. بەڵام بە سەرنجدان لە سیاسەتی ڕاگەیەندراوی هەرێم لەم بارەیەوە، کە چەندین جار دووبارە کراوەتەوە، ئەم ئەگەره لە ڕوانگەی حکوومەتی هەرێمەوە زۆر دوور دەنوێنێ، بەڵام لەوانەیە لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی و حکوومەتی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان، بژاردەیەکی لەم جۆرەیش ڕوو بدات. ئەم بژاردەیە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کارەساتبارە، چونکە پاش ئەو هەموو قوربانییەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی مرۆیی و ماددییەوە داویەتی، بژاردەیەکی لەو جۆرە، گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و، بە شکستێکی گەورەی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێ و، بێمتمانەییی خەڵک بە دەسەڵاتدارانی هەرێم زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە.
٤- دابەشبوونی عێراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستان: ئەگەر بێت و کێشە و گرفتە نەتەوەیی و تائیفییەکانی عێراق بەردەوام بێت، ئەوا بۆی هەیە جۆرێک لە قەناعەت لای خودی عێراقییەکان و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیش دروست ببێ، کە باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەم وڵاتە، دابەشکردنیەتی. كهواته، لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، عێراق بەسەر دوو یان سێ دەوڵەتی نوێ دابەش دەبێت؛ کە بێ گومان یەک لەو دەوڵەتە نوێیانە، کوردستانە. لەم حاڵەتەدا، ئیتر کوردستان و عێراق، وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتردا دەکەن. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەمە یەکێکە لە بژاردە باشەکان و، دەتوانێ بەشێک لە ئاوات و ئامانجە دێرینەکانی خەڵکی کوردستان بەدی بهێنێ.
٥- ڕاگەیاندنی کۆنفیدراڵی: ئەگەر بێت و دابەشبوونی عێراق ببێتە واقع و، دوو یان سێ دەوڵەتی نوێ لەدایک ببن، ئەوا دەکرێ ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیانە، بە حوکمی ئەوەی کە دەیان ساڵە لەژێر چەتری دەوڵەتێک بە ناوی عێراقدا ژیاون و، کۆمەڵێک بەرژەوندی و خاڵی هاوبەشی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی بەیەکیان دەبەستێتەوە، ئەوا دەتوانن پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، لەژێر چەتری یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی کۆنفیدراڵیدا یەک بگرن. کۆنفیدراڵی، یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی نێوان چەندین دەوڵەتی سەربەخۆیە و، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵیدا یەک دەگرن، بەڵام سەربەخۆیی، سەروەری و ڕەگەزنامەی هەر وڵاتێک تێیدا پارێزراوە. ئەمەیش بژاردەیەکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان و، یەکگرتنی کۆنفیدراڵی دەتوانێ بۆ دەوڵەتی کوردستانیش سوودبەخش بێت و، بەشێکی گەورە لە تەنگانە جیۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان پڕ بکاتەوە.
٦- پێکەوە دابەشکردنی عێراق و سووریا: بە سەرنجدان لە درێژبوونەوەی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەیییەکان لە هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریا و، بەردەوامیی جەنگ و خوێنڕشتن لە هەر دوو وڵات و، گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ئەم دوو وڵاتە، لەوانەیە بە هاوکاریی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی و هێز و لایەنە سیاسی و سەربازییەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و سووریا، هەر دوو وڵات پێکەوە دابەش بکرێن. بۆ نموونە ناوچە کوردییەکان، ناوچە سوننەنشینەکان و ناوچە شیعەنشینەکان، بکرێن بە سێ دەوڵەت و، ناوچەی شیعەی عەلەویش کە لە ڕووی خاکەوە لە ناوچە شیعەنشینەکانی عێراق دابڕاوە، ئەویش بکرێتە دەوڵەتێكی عەلەویی سەربەخۆ. بەم جۆرە، لە کۆتاییدا ٤ دەوڵەتی نوێ لە عێراق و سووریا لەدایک دەبن.
پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ دەوڵەته نوێیەکان، لەو حاڵەتەدا وەک پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی سەربەخۆی لێ دێت، کە ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، حوکمیان دەکەن. دەتوانین بڵێین سەبارەت بە گەلی کورد، ئەمە بژاردەی زێڕینە، چونکە لە یەک کاتدا کێشەی دوو پارچەی کوردستان چارەسەر دەبن و، یەکگرتنی کوردستانی باشوور و ڕۆژاوا، هێز و توانایەکی زیاتر بە کوردستان دەدات. لە لایەکی ترەوە، ئەم بژاردەیە ئەگەر کوردستان بە دەریا نەگەیەنێ، ئەوا لانی کەم، زۆر نزیکی دەکاتەوە. خاڵی لاوازی ئەم بژاردەیە، ڕەنگە ئەو پرژوبڵاوییە بێت کە ئێستا لەناو ماڵی کورددا هەیە و، بۆی هەیە لە داهاتووی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا ڕەنگ بداتەوە.
٧-جەنگی ناوخۆ: لە خراپترین حاڵەتدا، لەوانەیە هێز و لایەنە عێراقییەکان، بە هێزە کوردییەکانیشەوە، نەتوانن بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک یاخود یەکتر قبووڵ بکەن. لەم حاڵەتەدا، بۆی هەیە وەک دۆخی ئێستای سووریا، جەنگێکی ناوخۆی خوێناوی ڕوو بدات. لە هەلومەرجێکی وەهادا، ئیتر هێز و توانای سەربازیی لایەنە شەڕکەرەکان و، پاڵپشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا ڕۆڵ دەبینن. ئەم سیناریۆیە، خراپترین بژاردەیە لەناو هەموو سیناریۆکاندا و، بۆی هەیە هەولێر و بەغدا لەم جهنگەدا تێوە بگلێن و، ببنە دوو لایەنی سەرەکیی جەنگەکە و پەیوندییەکانی هەر دوو لا دەگاتە خراپترین ئاستی خۆی و، لە ئەنجامدا لێکدابڕان و پچڕانی پەیوەندییەکانی لێ دەکەوێتەوە.
دەرەنجام
پاش خستنەڕووی سیناریۆ و ئەگەرەکانی بەردەم ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر-بەغدا، دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە ئەم پەیوەندییانە لە دەیان ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای گوڕانکاریی جۆراوجۆر لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانانی وڵات، هەوراز و نشێوێکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. خاڵی نەگۆڕی ئەم پەیوەندییانە ئەوەیە، کە هەمیشە هەولێر لە حاڵەتی بەهێزبوونی بەغدا، کەوتۆتە بەر هێژموونیی فراوانخوازی و قبووڵنەکردنی "ئەوی تر" لە لایەن بەغداوە. بەغدا هەر کاتێک بەهێز بووبێت، ڕێککەوتننامە و دەستوور و یاساکانی وڵاتی پیشێل کردووە و، جۆرێک لە ناهاوسەنگیی لە پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا دروست کردووە؛ هەر کاتێکیش بێهێز بووبێت، ئەوا دەستوور و یاسای کردووەتە سەنگەری خۆپاراستن و، ویستوویەتی لەم ڕێگهیەوە بەرەنگاری پەرەسەندنی هێژموونیی هەولێر ببێتەوە. جگە لە ڕۆڵی فاکتەرە ناوخۆیییەکان لە ئاییندەی پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا، نابێ ڕۆڵی هێز و لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیش لەیاد بکرێن، کە دەتوانن ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوە بگێڕن.
سەبارەت بەو سیناریۆیانەی کە باس کران، دەتوانین بڵێین بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕیزبەندی، باشترین سیناریۆکان بریتین لە بژاردەکانی ٤ و ٥ و ٦ و، خراپترین سیناریۆیش بژاردەی سێێەم و حەوتەمە. هەروا سەبارەت بە حکوومەتی عێراقیش، باشترین سیناریۆ بژاردەی ٣ و، خراپترین سیناریۆکانیش بریتین لە بژاردەکانی ٤ و ٥ و ٦ و٧.