پێشەکی
سەربەخۆیی، بە ئامانجی درێژخایەن و ستراتیژیی گەلی کوردستان دادەنرێ. هەر لە دێرزەمانەوە ئەم هزرە، لەناو زەین و زمانی خەڵک و شاعیران و ڕۆشنبیرانی کوردستاندا ڕەگی داکوتاوە و، هەتا ئێستایش نەوە لە دوای نەوە لەسەر ئەم هزرە پەروەردە دەکرێن. ئەحمەدی خانی، شاعیری ناوداری کورد لە سەدەی حەڤدەیەم دەڵێ:
گەر دێ هەبوویا مە ئتفاقەک ڤێکرا بکرا مە ئنقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی هەمیان ژ مەڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت
لە کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم و لە ساڵی ١٩٩٢، کورد توانیی بە سوودوەرگرتن لەو هەلومەرجەی، کە پاش هێرشی عێراق بۆ سەر کوێت هاتبووە ئاراوە، حکوومەتێک لەژێر ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات. لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا ئەم حکوومەتە، بە تەمەندرێژترین دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی دادەنرێ.
هەرچەندە بڕیاری گەلی کوردستان، هەتا ئێستایش، بەفەرمی هەر فیدراڵییەتە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و، بەتایبەت پاش هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و کوردستان، دەنگوباسی سەربەخۆیی، پتر لە جاران بووەتە باسی زۆر کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و ناوەندەکانی توێژینەوە. ئەمڕۆ بگۆڕی کوردی، بووەتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ دابەشبوونی عێراق؛ ئەمەیش لە ئەنجامی لاوازبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق و، بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە.
ئەو پرسیارە سەرەکییە، کە لێرەدا خۆی دەنوێنێ، ئەوەیە کە ئایا کوردستانی عێراق بە سەرنجدان بەو زەمینە و پێکهاتەیەی ئێستای، دەتوانێ بگاتە سەربەخۆیی، یاخود هێشتا گرفت و بەربەستی زۆر لە بەردەم ئەم پرسەدا ماون؟ ئەگەر ویست و ئیرادەی جددی و شێلگیرانە بۆ سەربەخۆیی هەیە، ئەوا هەنگاوی یەکەم بەوە دەست پێ دەکات، کە هەوڵی نەهێشتن و لەناوبردنی گرفتەکان بدرێت. لەم وتارەدا دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر گرفتەکانی بەردەم پرسی سەربەخۆییی کوردستان. ئەم گرفتانە بەسەر چەندین تەوەری یاسایی، سیاسی، ئابووری، جیۆپۆلیتیکی، سەربازی- ئاسایشی و ڕۆشنبیری- کۆمەڵایەتیدا دابەش دەکرێن، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.
١- گرفتە یاسایییەکان:
ئا- جەختکردنەوەی دەستوور لەسەر یەکپارچەییی خاکی عێراق
دەستووری عێراقی کە لە ٥/٩/٢٠٠٥ لە لایەن ٧٨% خەڵکی عێراق و لەوانەیش خەڵکی کوردستان پەسند کراوە، لە بەندی یەکەمی خۆیدا، عێراق بە وڵاتێکی فیدراڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی تەواو پێناسە دەکات. هەروا لە بەندی ١٠٩ی دەستووردا دەڵێ: "دەسەڵاتی فیدراڵی، یەکێتیی عێراق و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و سەروەری و سیستەمی دیموکراتیی فیدراڵی دەپارێزیت." هەروا لە بەندی ١١٧/یەکەمی دەستووردا هاتووە: "ئەم دەستوورە، لە کاتی بەرکاربوونیدا، دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی."
پێداگریی دەستووری عێراقی لەسەر پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق، خۆی لە خۆیدا پابەندییەکی یاسایی بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق و، لەوانەیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات؛ کە پابەند بن بە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق. لە هەمان کاتدا کارتێکی بەهێزە بە دەست دەوڵەتی عێراق و نەیارانی سەربەخۆیی، کە هەموو کات دەتوانن لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیدا بەکاری بهێنن و جەختی لەسەر بکەنەوە. هەر بۆیە، دەستووری عێراقی وەک دەستووری زۆربەی وڵاتانی فیدراڵی، پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراقی وەک ئەولەوییەت و بنەمایەکی سەرەکی وەرگرتووە؛ ئەمەیش گرفتی بەردەم سەربەخۆیی قورستر دەکات.
ب- جێبەجێنەبوونی بەندی ١٤٠ و دیارینەکردنی سنووری کوردستان
جێبەجێبوونی بەندی ١٤٠ی دەستوور، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان (جێناكۆكهكان) بۆ ناو سنووری هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبی دیاری دەکات. لە ئەنجامی جێبەجێنەبوونی ئەم بەندە، جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی دەکەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کردەوەیش بابەتی سنووری هەرێمی کوردستان بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە. لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بێ گومان ئەم پرسە مشتومڕی جددی لە نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراق (بە شیعە و سوننەوە) دەهێنێتە ئاراوە. جێبەجێبوونی بەندی ١٤٠ و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ناو خاکی حکوومەتی کوردستان، وزە و توانا و پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئەمڕۆ و لە ڕابردوویشدا، نەیانهێشتووە ئەو ناوچە گرنگانە بکەونە بن دەسەڵاتی کورد و، سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنی بەکۆمەڵیان تێدا پەیڕەو کردووە. چارەسەرنەکردنی ئەم بابەتە، تەنانەت لە حاڵەتی ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆییی کوردستان، وەک کێشەی ناکۆکیی سنووری لە نێوان کوردستان و عێراقدا هەر دەمێنێتەوە و، دەتوانێ لە داهاتوودا سەرچاوەی کێشە و ململانێ و تەنانەت جەنگیش بێت.
٢- گرفتە سیاسییەکان:
ئەم گرفتانە لەسەر هەر دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، بە گرنگترین گرفتەکانی بەردەم پرسی سەربەخۆیی دادەنرێن. دەتوانین ئەم گرفتانە لە چەند خاڵێکدا بەم جۆرەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
ئا- نەبوونی کۆدەنگیی نیشتمانی
لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا، هەرچەندە هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردستانی بەئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەئاشکرا دیارە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسی سەربەخۆییی کردووەتە بەشێک لە ئەجێندای کاری خۆی. لایەنەکانی دیکە، لەوانەیش یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بەگومانەوە سەیری هەوڵەکانی پارتی دەکەن بۆ سەربەخۆیی و، بە کارتێکی گوشار و بانگەشە و چاوڕاوی لە قەڵەم دەدەن، کە لە لایەن پارتییەوە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات یان بێدەنگکردنی نەیاران بەکار دێت.
ڕاستییهكهی، ئەگەر پارتیش دەیەوێت هەوڵ بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدات و، ئەم ئامانجە لە دروشمەوە بکاتە کردار، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانێت کە پرسی سەربەخۆیی، پێویستیی بە کۆدەنگیی نیشتمانییە و، نابێ ئەم بابەتە بخرێتە ناو چوارچێوەی موزایەداتی حزبی و، لایەنێکی دیاریکراو خۆی بە خاوەنی بابەتەکە بزانێت و ئەوانی تر بخاتە دەرەوەی بازنەکەوە. لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن کە پارتی، پرسی سەربەخۆیی بکاتە دەستکەوتی حزبی بۆ خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە بۆ خۆیان، هیچ پرۆژەیەکی ڕوونیان لەم بارەیەوە نییە، بەڵام ئامادە نین دوای ئەجێنداکەی پارتیش بکەون. ئەمەیش وا دەکات کە کۆدەنگیی نیشتمانی دروست نەبێت و، هەوڵەکانی سەربەخۆیی هەر لە قۆناغی دروشمدا بمێننەوە و، هەنگاوی کرداریی بۆ نەنرێت. هەر بۆیە، سەرخستنی پرسی سەربەخۆیی، وا دەخوازێ هەموو لایەنە سیاسییەکان (بە کەمە نەتەوەیی و کەمە ئایینییەکانیشەوە) وەک پرسێکی ستراتیژی و نیشتمانی سەیری بکەن و، نەیخەنە ناو بازنەی ململانێی تەسکی حزبییەوە.
ب- چەقبەستووییی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
پاش ئەو مشتومڕ و ململانێ سیاسییەی کە لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم هاتە ئاراوە، لە ئەنجامدا ئەو پرسە بەهەڵواسراوی مایەوە و، پاشان سەری کێشا بۆ پەکخستنی پەرلەمان و، وەدەرنانی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆران لە حکوومەت. ئەمەیش، بووە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە گرژی و ململانێی بێسوودی سیاسی و، خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش و بێبەرهەمدا. ئەنجامی ئەم ململانێ ناتەندروستە، بووە هۆی ئیفلیجبوون و چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا؛ کە ئەمەیش وای کردووە لایەنە سیاسییەکان لە بری ئەوەی لە دەوری ئامانجە هاوبەش و ستراتیژییە نیشتمانییەکاندا کۆ ببنەوە، پتر لە یەکتر دوور بکەونەوە.
ئەمڕۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان، بووەتە قوربانیی ململانێ و چەقبەستووییی پرۆسەی سیاسی. پرسی سەربەخۆیی، لە جیاتی ئەوەی ببێتە خاڵی یەکخستن و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان، بەپێچەوانەوە، بووەتە خاڵی ناکۆکی و لێکدوورکەوتنەوەیان. بۆ تێپەڕاندنی ئەم گرفتە، وا پێویستە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە متبوون و چەقبەستوویی ڕزگار بکرێت و، دامودەزگه فەرمی و یاسایییەکان بە ڕێکارێکی یاساییی دروست، کارا بکرێنەوە.
ج- لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم
پاش ٢٦ ساڵ لە بەڕێوەبردنی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان و، لاوازیی ئەم حکوومەتە لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان (بەپێی ستانداردێکی گونجاو و جێی ڕەزامەندیی هاووڵاتیان وەک ئاو، کارەبا، خوێندن، تەندروستی و ڕیگهوبان و...)، تەشەنەکردنی گەندەڵی بۆ ناو هەموو دامودەزگهکانی حکوومەت و حزبەکان، لاوازیی حکوومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ...، وایان کردووە کە لە کاتی ئێستادا، متمانەی هاووڵاتیان بە حکوومەتی هەرێم بگاتە نزمترین ئاستی خۆی. ئەمەیش، بووەتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیان بابەتی سەربەخۆیی بە یەک لەو دروشمانە بزانن، کە دەسەڵاتداران بۆ خۆڵکردنەچاوی خەڵک بەکاری دەهێنن. هەر بۆیە، ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیان، هەروەک لە ڕاپرسییەکاندا دەرکەوتووە، وەک ئامانج و خولیا، ئارەزووی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن، لە هەمان کاتدا لاوازبوونی متمانەیان بە حکوومەت، وای کردووە ئەم پرسەیش هەر وەک دروشم سەیر بکەن، نەک پلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو و تۆکمە. پابەندنەبوونی حکوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بە بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان، وای کردووە کە هاووڵاتیان چیدیکە باوەڕیان بە دروشمەکانی حکوومەت و دەسەڵاتداران نەمێنێ و متمانەیان بەوان لاواز ببێت.
د- دابەشبوونی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەسەر هێزە هەرێمییە دژبەیەکەکان:
هەر لە کۆنەوە کوردستان کەوتۆتە نێوان بەرداشی سیاسەتی دەوڵەتانی هەرێمیی وەک ئێران و عوسمانی. لە ڕابردوویشدا میرنشینە کوردییەکان، بەتایبەت بابان و ئەردەڵان، هەر یەکە بە لای یەکێک لەو هێزە هەرێمییانەدا شکاندوویانەتەوە. ئەم دۆخە ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە و، پەنجە لەسەر هەر یەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دابنێی، لە ئێران یان لە تورکیاوە نزیکن. بەردەوامیی ئەم دۆخە و نەبوونی سەربەخۆییی تەواو لە بڕیاری سیاسی، وای کردووە هەندێ جار ئەم هێزانە بکەونە ناو ئەو داوانەی، کە دەوڵەتانی هەرێمی بۆیان دەنێنەوە.
ئەوەی کە ڕوونە، ستراتیژیی ئاشکرا و نهێنیی ئەم دوو دەوڵەتە لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندا تێک ناکاتەوە و، ئێران بەئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕاگەیاندووە. تورکیایش ئەگەرچی بەزەقی دژایەتیی خۆی ڕاناگەیەنێت، بەڵام جێی متمانە نییە و، بۆی هەیە لەژێر ڕۆشناییی هەر گۆڕانکارییەکی نوێ، سیاسەتێکی چاوەڕواننەکراو بگرێتە بەر؛ هەروەک چۆن لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستاندا بینینمان. هەر بۆیە، دابەشبوونی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەسەر دوو بەرەی ئێرانی- تورکی، چاوەڕوانی هیج ئومێدێکی خێری لێ ناکرێ سەبارەت بە پرسی سەربەخۆییی کوردستان و، بگرە کاریگەریی زۆر نەرێنی و خراپیشی دەبێت.
ها- نەبوونی پاڵپشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی
سەرەڕای باسوخواسێکی زۆر دەربارەی سەربەخۆییی کوردستان، بەڵام هێشتا کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی ڕوونی لەم بارەیەوە نییە. سەبارەت بە دەوڵەتانی دراوسێی وەک ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق، ئەوا لە ڕووی ستراتیژییەوە دژ بە سەربەخۆییی کوردستانن و ئەم ڕاستییەیش ناشارنەوە.
سەبارەت بە دەوڵەتانی ڕۆژاواییش بەتایبەت ئەمەریکا، ئەوا هەڵوێستی ڕوون و فەرمییان، کە هەموو کات جەختی لەسەر دەکەنەوە، پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراقە و، لە دیدارەکانیان لەگەڵ ڕێبەرانی کورد و عێراقیدا بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە. بۆیە، پێ ناچێ پرسی سەربەخۆییی کوردستان، لە کاتی ئێستادا، لە ئەولەوییاتی بەرنامەکانی ئەواندا بێت؛ ئەمەیش بەکردەیی هەڵوێستی نەیارانی سەربەخۆییی کوردستان بەهێزتر دەکات و، بەربەست لە بەردەم پرسی سەربەخۆییدا دروست دەکات. جگە لە ئیسڕاییل، هەتا ئێستا هیچ دەوڵەتێک بەڕوونی و ڕاشکاوی، ڕەزامەندیی خۆی بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕانەگەیاندووە.
ڕاستییهكهی، هیچ کام لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەست ناکەن سەربەخۆییی کوردستان یان دابەشبوونی عێراق، بەرژەوەندییەکی ستراتیژی، یان درێژخایەنیان بۆ دابین دەکات، هەتا بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاوانە پاڵپشتیی ئەم پرسە بکەن.
٣- گرفتە ئابوورییەکان
سروشتییە کە ئابووری بە بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دادەنرێ. تەنانەت ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیانەیش، کە ئابوورییەکی باش و بەهێزیان نییە، ئەوا ناتوانن ژیانێکی باش و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بکەن. کوردستان لە ڕووی سامانە سروشتییەکانی وەک نەوت، گاز، ئاو، ئاسن، کرۆم و...، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و توانایەکی بەهێزی ئابووریی هەیە؛ بۆ نموونە یەدەکی نەوتی کوردستان بە ٤٥ ملیار بەرمیل خەمڵێنراوە. دەتوانین گرفتە ئابوورییەکانی بەردەم سەربەخۆییی کوردستان، لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە:
ئا- لاوازیی ژێرخانی ئابووریی کوردستان
ژێرخانی ئابووریی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم حکوومەتە، زۆر لاوازە. هەتا ئێستا، سەرباری ئەوەی کە کوردستان هەر لە کۆنەوە وڵاتێکی کشتوکاڵی بووە، بەڵام بەشی هەرە زۆری پێداویستییە خۆراکییەکانی خۆی لە دەرەوەی وڵات دابین دەکات. هەروا بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و کەرەستەی پیشەسازی و ... لە دەرەوەی وڵات و بە زۆری لە تورکیا و ئێران هاوردە دەکرێن، یان لانی کەم لە ڕێگهی سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتەوە دەگەنە کوردستان. ئەمەیش وا دەکات، کە کوردستان هەمیشە دیلی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە بێت، کە گرفتی بنچینەیی و ستراتیژییان لەگەڵ کوردستاندا هەیە. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا نەیتوانیوە لانی کەمی ئاسایشی خۆراک بۆ خۆی دابین بکات، کە بە یەکێک لە بناغەکانی ئاسایشی نیشتمانی دادەنرێت. ئەمەیش لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستان، دەکرێ وەک خاڵی لاواز کەڵکی لێ وەربگیرێت.
ب- "تاکسەرچاوەبوون"ی داهاتی کوردستان
بە سەرنجدان بەوەی کە کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە سەرچاوەی فرەڕەنگ و هەمەجۆر بۆ داهات دروست بکات، بۆیە تاکە سەرچاوەی گرنگی داهاتی ئەم وڵاتە، هەناردە کردنی نەوت و گازە. بەو پێیەی کوردستان ڕێگهی نییە بە دەریا ئازادەکان، هەر بۆیە ئەم تاکە سەرچاوەیەیش دەکەوێتە بن ڕەحمەتی سیاسەتی دەوڵەتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق. سەبارەت بە سێ دەوڵەتی یەکەم، ئەوا کوردستان هیچ کارتێکی گوشاری بەرامبەر بەوان بەدەستەوە نییە و، ئەو سێ دەوڵەتە دەتوانن بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن. کوردستان تەنیا بەرامبەر بە عێراق، کارتی ئاوی ڕووبارەکانی بەدەستەوەیە و، دەتوانێ وەک کارتی گوشار بەکاری بهێنێت. لهبهر ئهوه، دەتوانین بڵێین کە عێراق لەو حاڵەتەدا دەتوانێ هاوپەیمانێکی ستراتیژی بێت بۆ کوردستان، چونکە کوردستان بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و مامەڵەپێکردنی بەرامبەر بە عێراق، کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە.
کوردستان دەبێ هەوڵ بدات، خۆی لە دۆخی تاکسەرچاوەییی داهات ڕزگار بکات و، سەرچاوەی دیکەی داهات بۆ خۆی دروست بکات، دەنا لە حاڵەتی سەرخۆبوونیش هەموو کات لەژێر گوشار و ڕەحمەتی دەوڵەتانی دراوسێدا دەبێت و، سەقامگیریی ئابووریی تێدا دروست نابێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی، هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی سەقامگیریی ئابووری، ساڵانە پێویستیی بە (١.٤) ملیار دۆلار هەیە، کە لە حاڵەتی سەربەخۆیی و فراوانتربوونی سنوورەکانی کوردستان و ژمارەی دانیشتووان، ئەم ڕێژەیە بەرزتر دەبێتەوە. دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەیش بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات، واتە هەناردەکردنی نەوت، زۆر ئاسان نییە، چونکە بازاڕی نەوت هەموو کات لە بەردەم ئەگەری دابەزینی نرخدایە و، جگە لەمەیش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەبێ ڕەزامەندی و هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ مومکین نییە.
٤- گرفتی جیۆپۆلیتیکی
بەو پێیەی کوردستان هیج ڕێگهیەکی نییە بۆ گەیشتن بە دەریا، بۆیە ئەم تەنگژە جیۆپۆلیتیکییە، وا دەکات کە کوردستان هەموو کات پێویستیی بە دەوڵەتانی دراوسێ بێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی ترانزیتی بۆ بڕەخسێنن، ئەمەیش، دەکرێ لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە وەک کارتی گوشار بەکار بێت. ئەم خاڵە بە یەکێک لە گرنگترین گرفتەکانی بەردەم سەربەخۆییی کوردستان دادەنرێ. هەروا هەندێ جار ئەم گرفتە، وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی باسی لێوە دەکرێ. ڕێگهی دەربازبوون لەم تەنگژەیەیش کەڵکوەرگرتنە لە مافی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، لە مافی گەیشتن بە دەریا؛ کە ئەمەیش لە ڕێگهی دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دێتە دی.
٥- گرفتە سەربازی و ئاسایشییەکان
هەرێمی کوردستان لە دوو دەیەی ڕابردوو، ئەزموونێکی باشی لە بواری سەربازی و ئاسایشییەوە هەبووە و، توانیویەتی لەم بارەیەوە گەشە بکات. جگە لەمەیش لە ڕووی ژمارەی هێزی سەربازی و ئاسایشەوە، هێز و توانایەکی مرۆییی باشی هەیە. سەرەڕای ئەوەیش، گرفتی سەرەکیی ئەم هێزانە ئەوەیە کە هەتا ئێستا وەک پێویست یەکگرتوو نین و، پتر بە دوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بەستراونەتەوە. ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی کوردستان، بووەتە هۆی شانازییەکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و، ناساندنی هێزی پیشمەرگە بە هەموو خەڵکی جیهان. هەروا توانای هێزەکانی ئاسایش لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان، بە دەستکەوتێکی باش و گرنگ دادەنرێت.
سەرباری ئەوەیش، یەکنەخستنی ئەم هێزانە (پێشمەرگە و ئاسایش) لەژێر چەترێکی نیشتمانی و یەکگرتوو، کەموکوڕییان لە ڕووی ڕاهێنان و پێداویستییە قورس و پێشکەوتووەکانی سەربازی و هەستیاریی بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ لە پڕچەککردنی ئەم هێزانە، بە گرنگترین گرفتەکانی بەردەم گەشەکردنی ئەم هێزانە دادەنرێن. ئەگەر هات و هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار، کە ئەم هێزانە ئاراستە دەکەن، لە دوو ستراتیژ و گۆشەنیگای جیاوازەوە بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان بڕوانن، ئەوا یەکنەخستنی ئەم هێزانە، دەتوانێ گرفتی گەورە لە بەردەم پرسی سەربەخۆییدا دروست بکات.
لە لایەکی ترەوە، ئەم هێزانە خاوەن چەکی قورس و پێشکەوتووی سەربازی نین، کە لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا بتوانێ سنوورەکانی وڵات لە دەستدرێژیی وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت، یان لانی کەم ئەم توانا سەربازییانە، ترس و سڵەمینەوە لای وڵاتانی دراوسێ دروست بکات؛ بە جۆرێک کە نەتوانن بیر لە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی کوردستان بکەنەوە. نابێ ئەو پرسیارە جددییە لەیاد بکەین: لە کاتی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی (تەنانەت ئەگەر ئەو یارمەتییە سنووردارەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایش بەردەوام بێت)، ئایا کوردستان بەم ژێرخانە سەربازییەی ئێستایەوە، دەتوانێ بەرەنگاری هەڕەشە و هێرشە سەربازییەکانی وڵاتانی دراوسێ ببێتەوە؟
٦- گرفتە ڕۆشنبیری- کۆمەڵایەتییەکان
کوردستان تاکوو ئێستا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگهیەکی خێڵەکییە، کە بەها و نەریتە خێڵەکییەکان بەسەر بەها و نەریتە نەتەوەیییەکاندا زاڵن. بۆ دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی، هەنگاوی یەکەم دروستکردنی نەتەوەیە. هەرچەندە بزاڤی نەتەوەییی کورد و ڕۆشنبیرانی کورد، بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، هەوڵێکی زۆریان بۆ دروستکردنی یەکپارچەییی نەتەوەیی داوە و، جۆرێک لە وشیاریی نەتەوەیییان دروست کردووە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی لە ساڵی ١٩٩١، ئەم هەوڵانە لە جیاتی بەرەوپێشچوون، بەرەو دواوە گەڕانەوە. گرنگیدانی دەسەڵاتی کوردی بە بەها خێڵهکییەکان لەژێر ناوی داب و نەریتی کوردەواری و کۆمەڵایەتی، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئامانجی سیاسی و ڕاکیشانی دەنگی جەماوەر، بووە هۆی پاشەکشێکردنی بەها نەتەوەیییهكان و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مەدەنی. لەسەر ئاستی شارەکانی کوردستانیش، لە بری گەشەکردنی بەها و ڕەفتاری مەدەنی، بزاڤی بەهێزی شارچێتی سەری هەڵدا، کە مەترسییەکەی لە بزاڤی خێڵگەرایی کەمتر نییە و بگرە زیاتریشە. ئەم بەها نەرێنییانە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری حزبە سیاسییەکانیش هەبووە و، هەر یەکەیان بەپێی بەهێزبوونی بنکەی جەماوەریی خۆیان لە شار و ناوچەیەکی دیاریکراو، بوونەتە پارێزەری بزاڤی ناوچەگەریی باڵادەست لەو دەڤەرە.
بەگشتی باڵادەستبوونی خێڵگەرایی و ناوچەگەرایی بەسەر نەتەوەگەرایی، جگە لەوەی کە بە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی سیاسی دادەنرێ، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێ لە بەردەم پرسی سەربەخۆییی کوردستاندا گرفتێکی جددی بێت؛ چونکە دروستکردنی نەتەوە، بە بەردی بناغەی دروستکردنی دەوڵەت- نەتەوە دادەنرێت. بەبێ دروستکردنی نەتەوە، بنیاتنانی دەوڵەت ئەگەر مەحاڵ نەبێ، ئەوا زۆر ئەستەمە.
دەرەنجام
بە سەرنجدان بە مافی گەلی کورد بۆ دروستکردنی دەوڵەت و، مافی چارەی خۆنووسین و لێکهەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراق بەکردەیی، وا تێبینی دەکرێ کە زەمینەیەکی لەبار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە. بەڵام دروستکردنی ئەم دەوڵەتە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوە و شەڕوشۆڕی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر وا ئاسان و بێ گرفت نییە. هەر بۆیە، لەم وتارەدا هەوڵمان دا، گرفت و بەربەستەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بخەینە ڕوو، کە خۆی لە شەش گرفتی سەرەکیی یاسایی، سیاسی، ئابووری، جیۆپۆلیتیکی، سەربازی- ئاسایشی و ڕۆشنبیری-کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە. هەرچەند دەکرێ بە هەبوونی هەندێ لەو گرفتانەیش، دەوڵەت دروست بکرێت، بەڵام بێ گومان ئەو جۆرە دەوڵەتە لەسەر زەمینەی واقع، دەوڵەتێکی لاواز و وابەستە و ژێردەستە دەبێت. ئەوەی لێرەدا باسی لێوە کراوە، دروستکردنی دەوڵەتە لەسەر زەمینە و بنەمایەکی بەهێز و تۆکمە. هەر بۆیە، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی لەم جۆرە، سەرەتا پێویستە گرفت و بەربەستەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە هەڵبگیرێن و، لادانی ئەم گرفتانەیش بۆ خۆی بە بەشێک لە هەنگاوەکانی سەربەخۆیی دادەنرێن.