کاریگەریی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر یاسای نێودەوڵەتی

پێشەکی:

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی، ئەوەندە ویژدانهەژێن و ئازاربەخشە، کە هەر لە دێرزەمانەوە کەوتۆتە بەر نەفرەتی کۆمەڵگه‌ی مرۆیی. پەرەسەندنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەم چەکە، وای کردووە کە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بێدەنگ نەبێت و، وێڕای سەرکۆنەکردنی، کار بۆ قەدەغەکردنی بکات. مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ شەش سەدە بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، کە بە شێوازی ژەهراویکردنی ئاوی خواردنەوە و هەڵکردنی ئاگر لە بن دیوارەکانی قەڵای دوژمندا بەکار هاتووە. مێژوونووسی یۆنانی "توسیدید" باس لەوە دەکات، کە لە جەنگی پلۆپۆنز لە نێوان دەوڵەتشارەکانی یۆناندا، ئیسپارتییەکان لە هێرشیاندا بۆ سەر قەڵایەکی دوژمن، کەڵکیان لە سووتاندنی دار، سولفۆر و قیر وەرگرتووە.

لە جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م، ١١٣٠٠٠ تەن ماددەی کیمیایی لە لایەن ئەڵمانیا، بریتانیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، هەنگاریا، ڕووسیا و ئیتاڵیا بەکار هات؛ کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی کە ٩٠٠٠٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست بدەن و، یەک ملیۆن و سێسەد هەزار کەس زیانیان پێ بگات. لە کاتی جەنگی ئێران- عێراق، ٢٥٢ جار ئەم چەکە لە لایەن عێراقەوە بەکار هات. لە ساڵی ١٩٨٧ لە ئەنجامی هێرشی کیمیاییی عێراق بۆ سەر شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٤٠٠٠ شەهید و برینداری لێ کەوتەوە. کارەساتی گەورەتر ئەو کاتە ڕووی دا، کە لە ڕێکەوتی ١٦/٣/١٩٨٨ هێزەکانی عێراق بە چەکی کیمیایی، هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجە. ئەم کارەساتە، بووە هۆی شەهیدبوونی ٥٠٠٠ کەس و برینداربوونی ٥٠٠٠ کەسی تر.  کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، پاش جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م بە ترسناکترین حاڵەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جیهاندا دادەنرێ. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ باسی لێوە بکەین، کاریگەریی کارەساتی هەڵەبجەیە لەسەر هەوڵەکانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بە ئاراستەی قەدەغەکردنی زیاتری چەکە کیمیایییەکان.  

دوا حاڵەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لە ٢١/ ئابی/ ٢٠١٣ بوو، کە دەوڵەتی سووریا گازی کیمیاییی سارینی، دژ بە هاووڵاتیانی سڤیلی خۆی لە دەوروبەری دیمەشق بەکار هێنا؛ کە لە ئەنجامدا ٣٠٠ کوژراوی لێ کەوتەوە.

هەوڵەکانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی

چەکی کیمیایی، بەو ئامرازە جەنگییە دەگوترێت کە بە مەبەستی دانانی کاریگەری لەسەر مرۆڤ، ئاژەڵ و گژوگیا، توخمی کیمیایی بەکار دەهێنێت. هەروەک گوتمان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەوەندە ترسناک و ئازاربەخشە، کە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیی ناچار کردووە لەم بارەیەوە دەستەوەستان نەبێ و، هەوڵ بۆ قەدەغەکردنی بدات.  کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، هەوڵێکی زۆری داوە تا چوارچێوەیەکی یاساییی نێودەوڵەتی دابڕێژێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی جیهان پێوەی پابەند بن و، لەم ڕێگه‌یەوە بتوانێ ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم چەکە کوشندەیە بکات و، ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ کەمتر بکاتەوە.

لە دێرزەمانەوە، لە شارستانییەتە کۆنەکان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغە کراوە (ئەگەر بەکارهێنانی تیری ژەهراوی بە چەکی کیمیایی دابنێین)  و، بە کارێکی ناجوامێرانە لە قەڵەم دراوە. بۆ نموونە، لە یاساکانی مایۆ، کە بە کۆنترین یاساکانی هیندستان دادەنرێن، بەکارهێنانی تیری ژەهراوی لە کاتی جەنگەکاندا قەدەغە کراوە. هەروا ڕۆمانەکان بەکارهێنانی ژەهریان بە نایاسایی زانیوە و، جەنگیان بە مەیدانی ململانێی چەک داناوە، نەک ژەهر. مێژووی ئەم قەدەغەکردنە بۆ ساڵانی کۆتاییی سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. بۆ یەکەم جار، ڕێککەوتنی ستراسبۆرگ لە ساڵی ١٦٧٥ لە نێوان فەڕەنسا و ئیمپراتۆریی ژرمان، بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گوللەی ژەهراوی، گرێ درا، کە دەتوانین ئەمە بە یەکەمین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بزانین. هەروا ڕاگەیەندراوی برۆکسڵ لە ٢٧/٨/١٨٧٤ دەربارەی "یاسا و نەریتی جەنگ و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ژەهر و چەکە ژەهراوی و ئاڵۆزەکان، کە دەبنە هۆی ئازاری ناپێویست"، بە هەوڵێکی دیکەی کۆمەڵگه‌ی نیودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی ئەم جۆرە چەکانە دادەنرێ. لە هەر دوو کۆنفڕانسی لاهای لە ساڵی ١٨٩٩ و ١٩٠٧، جەخت لەسەر قەدەغەبوونی چەکی ژەهراوی و ئەو ئامرازە جەنگییانە کراوە، کە دەبنە هۆی ئازاری لە ڕاددەبەدەر.

 ئەو کارەساتانەی کە لە جەنگی جیهانیی یه‌كه‌مدا ڕوویان دا، بووە هۆی ئەوەی کە لە ڕێککەوتننامەی ئاشتیی پاریس لە ساڵی ١٩١٩ دەوڵەتانی شکستخواردووی جەنگ، لە بەدەستهێنانی ئەم جۆرە چەکە قەدەغە بکرێن. لە ساڵی ١٩٢٥ "پرۆتۆکۆڵی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازە خنکێنەرەکان، ژەهراوییەکان، یان گازەکانی دیکە و شێوازەکانی باکتریاییی جەنگ"، لە جنیڤ پەسند کرا. ئەم پرۆتۆکۆڵە، بەکارهێنانی چەکی کیمیاییی لە کاتی جەنگدا قەدەغە کرد، بەڵام باسی لە قەدەغەبوونی پەرەپێدان و خاوەندارێتیی چەکی ژەهراوی و باکتریاییی نەکردبوو. هەروا ئەم پرۆتۆکۆڵە، هیچ میکانیزمێکی پشکنینی بۆ گەرەنتیی جێبەجێکردن دیاری نەکردبوو. دوا هەوڵەکانی ئەم قۆناغە، بڕیاری کۆنفڕانسی گشتیی چەکداماڵین لە ٢٣/٧/١٩٣٣ و بڕیاری ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لە ١٦ی ئایار و ٣٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٨ بوو، کە تێیدا داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات، ڕێساکانی جەنگ، بەتایبەت قەدەغەبوونی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لەبەرچاو بگرن.

پاش جەنگی جیهانیی دووه‌م، بەکارهێنانی ئەم چەکە بەردەوام بوو. ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنام گازی فرمێسکڕێژ و پەینی کیمیاییی گژوگیای بەکار هێنا. هەروا پۆرتوگال لە ساڵی ١٩٧١ ئەم چەکەی لە جەنگەکانی موزەمبیک، گینەی بیسائۆ و ئه‌نگۆلا بەکار هێنا؛ کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرزەنشت کرا. هەروا لە چەند حاڵەتێکی دیکە، لە لایەن ڕووسیا دژ بە ئەفغانستان و چیچان، سوودان دژ بە نەیارانی خۆی و، دەوڵەتی تورکیا لە کوردستانی باکوور، بەکار هاتوون؛ کە لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە نکۆڵیی لێ کراوە.

بەکارهێنانی ئەم چەکە، بە ڕاددەیەک لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بێزراوە، کە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیاری ژمارە  2603  A(XXIV) لە ١٦/١٢/١٩٦٩ ڕای گەیاند کە بەکارهێنانی ئامرازی کیمیاییی جەنگی، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی ژەهراویی لەسەر گژوگیا هەبێ، قەدەغەیە و پێچەوانەی ڕێسا پەسندکراوەکانی یاسای نێودەوڵەتییە. هۆکاری ئەم قەدەغەکردنەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆنترۆڵ ناکرێت.

بۆ جاری یەکەم، لە ساڵی ١٩٧٢ بە پەسندکردنی "ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی و لەناوبردنیان"، لە بەندەکانی ٩ و ١٢ ئاماژە بە چەکی کیمیایی کراوە. لە ساڵی ١٩٨٤ کۆمیسیۆنی چەکە ئاسایییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەرکردنی بڕیارێک، کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پەسند کراوە، چەکە کیمیایییەکانی لە ڕیزی چەکە کۆمەڵکوژەکان داناوە.

کارەساتی هەڵەبجە، وەک خاڵی وەرچەرخان

پاش بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراق، دژ بە هێزە سەربازییەکانی ئێران و بەتایبەت پاش ڕوودانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ١٦/٣/١٩٨٨، دەوڵەتی ئێران چەندین جار داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە شاندی خۆی بۆ سەردانیکردنی هەڵەبجە و ناوچە جەنگییەکان بنێرێت. سەرەنجام سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥/٣/١٩٨٨، دەستەیەک لە پسپۆڕانی خۆی بۆ ئەو ناوچانە نارد. لە ١٤/٤/١٩٨٨ ئەو دەستەیە ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە سکرتێری گشتی کرد و، ئەویش ئەنجومەنی ئاسایشی لەو ڕاپۆرتە ئاگادار کردەوە؛ کە لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ئاسایش بە دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٦١٢ لە ٩/٥/١٩٨٨، وێڕای مەحکوومکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، داوای لە هەر دوو لایەنی جەنگەکە کرد، کە چەکی کیمیاییی بەکار نەهێنن و پابەندی پرۆتۆکۆڵی ساڵی (١٩٢٥)ی جنیڤ بن. هەروا ئەنجومەنی ئاسایش، داوای چاودێری و سنووردارکردنی توندی بەرهەمە کیمیایییەکانی کرد بۆ دروستکردنی چەکی کیمیایی.

کارەساتی هەڵەبجە، وێڕای ئەوەی کە ناڕەزایی و کاردانەوەی توندی لەناو کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان لێ کەوتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو راستییەیشی بەبیر کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی هێنایەوە، کە پێویستە هەوڵی جددی و کاریگەر بدەن بۆ قەدەغەکردنی یەکجارەکی و بنبڕکردنی چەکی کیمیایی. دوا بە دوای ئەم کارەساتە، چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان، فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەم چەکە گرێ دران. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەم کۆنگرە و کۆنفڕانسانە بکەین: کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی پاریس ١٩٨٩، کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی کۆنترۆڵکردنی چەکە کیمیایییەکان لە ٤-٥/ نیسان/ ١٩٨٩ لە تۆرنتۆ، کۆنگرەی نێودەوڵەتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چەکە کیمیایی و بایۆلۆژییەکان و چارەسەرکردنی قوربانییەکان لە ٢٤/ ئایار/١٩٨٩ لە جنێڤ، سەمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی پاراستن لە بەرامبەر چەکە کیمیایییەکان لە ١١-١٦/ حوزەیرانی/ ١٩٨٩ ستۆکهۆڵم، کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی و پیشەسازیی دژ بە چەکە کیمیایییەکان لە ١٨-٢٢/ ئەیلوولی/ ١٩٨٩ لە کانبێرا. لەم نێوانەدا کۆنفڕانسەکانی پاریس و کانبێرا، گرنگییەکی تایبەتییان هەیە. لە کۆنفڕانسی پاریس، ١٤٩ دەوڵەت بەشدار بوون، کە تێیدا بڕیار درا دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشکنین لە وڵاتانی خاوەن چەکی کیمیایی، فراوانتر بکرێت. هەروا لە کۆنفڕانسی کانبێرا، بڕیار درا بە جیاکردنەوەی توخمە کیمیایییە کوشندەکان و ئەو توخمانەی کە بۆ خوشگوزەرانیی مرۆڤ پێویستن؛ جگە لەمەیش کۆدەنگی لەسەر پەسندکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ داماڵینی چەکە کیمیایییەکان هاتە ئاراوە.

ڕەوتی ڕووداوەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ بە جۆرێک بوو، کە زۆربەی وڵاتانی جیهان لەسەر گرێدانی ڕێککەوتنێک لەم بارەیەوە گەیشتنە ئەنجام. هەروەک بینیمان، زۆربەی ئەم کۆنگرە و کۆنفڕانسانە دوا بە دوای کارەساتی هەڵەبجە بەستران؛ کە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە، ئەم کارەساتە ڕۆڵێکی گرنگی لە ورووژاندن و دروستکردنی کۆدەنگیی نیودەوڵەتی لەم بارەیەوە هەبووە. گفتوگۆی دەوڵەتان و لایەنە پسپۆڕەکان لەم بارەیەوە، ٢٠ ساڵ درێژەی کێشا و، سەرەنجام ئەو ڕەشنووسەی کە لە ساڵی ١٩٨٥ ئامادە کرابوو، پاش هەموارکردنێکی بنچینەیی لە ١٩٢ لاپەڕە، لە یەکەمین کۆنفڕانسی چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەژێر ناوی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان (CWC) لە ١/١٢/١٩٩٢ پەسند کرا و، لە ١٣/١/١٩٩٣ لە پاریس خرایە بەردەستی دەوڵەتان بۆ ئەوەی واژووی لەسەر بکەن و، سەرەنجام لە ٢٧/٤/١٩٩٧ بە ئەندامێتیی ٨٧ دەوڵەت، بەرکار بوو.

ئەم ڕێککەوتننامەیە، بە گرنگترین دەستکەوتی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان دادەنرێ و، توانیویەتی سیستەمێکی یاساییی گشتگیر بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنان، میکانیزمی چاودێریکردن، پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، پاشەکەوتکردن و لەناوبردنی چەکە کیمیایییەکان بخوڵقێنێت. ئەم ڕێککەوتنە لەسەر چوار تەوەری سەرەکی دامەزراوە، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەکەم: پەرەنەدان بە چەکە کیمیایییەکان (بەندی ١)، دووەم؛ لەناوبردنی چەکەکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی و چاودێریکردن و پشکنینی ئەم قۆناغانە (بەندەکانی ٣،٤ و ٥)، سێیەم: یارمەتیدان و پاراستن لە بەرامبەر هێرش، یان هەڕەشەی هێرشکردن بە توخمی کیمیایی (بەندی ١٠) و چوارەم: هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بواری کەڵکوەرگرتنی ئاشتییانە لە زانست و پیشەسازیی کیمیایی (بەندی ١٠).

ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکه‌ کیمیایییەکان (OPCW)

بە مەبەستی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکانی ساڵی ١٩٩٣، ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، لە ساڵی ١٩٩٨  دامەزرا. ئەم ڕێکخراوە لە سێ بەش پێک هاتووە، کە بریتین لە: کۆنگرەی دەوڵەتانی ئەندام، ئەنجومەنی جێبەجێکردن، کە لە ٤١ دەوڵەت پێك دێت و، لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت. سکرتاریەت، کە بریتییە لە سکرتاریەتی تەکنیکی، کە کەسێک بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەی دەبات. بارەگای سەرەکیی ئەم ڕیکخراوە لە شاری لاهایە و خاوەن کەسایەتیی یاساییی نێودەوڵەتییە. فەرمانبەران و نوێنەری دەوڵەتان لەم ڕێکخراوەدا، مافەکان و پارێزراویی ڕێکخراوە حکوومییە نێودەوڵەتییەکان دەیانگرێتەوە. ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆیە و، لە ڕیزی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە، بەڵام هاوکاری لە نێوانیاندا هەیە. ئەم ڕێکخراوە، ١٩٢ ئەندامی هەیە. "میانمار"یش واژووی لەسەر کردووە، بەڵام پەسندی نەکردووە.

 

کۆبەند

لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا، زۆر جار جەنگ و ڕووداوەکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەریت، یان ڕێسایەکی نوێ لە یاسای نێودەوڵەتی، یان خێراترکردنی هەوڵەکانی ئەم کۆمەڵگه‌یە بە ئاراستەی ڕێککەوتنێکی نوێ. بێ گومان بەر لە کارەساتی هەڵەبجە، کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، پەی بە مەترسییەکانی چەکی کیمیایی بردبوو و، لەم بارەیەوە هەندێ هەوڵی دابوو، بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە، کە دوا بە دوای ئەم کارەساتە ویژدانهەژێنە، کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، هەوڵە بەئەنجامنەگەیشتووەکانی خۆی چڕتر کردەوە. کارەساتی هەڵەبجە، وێڕای ئەوەی کە دەنگدانەوەیەکی میدیاییی زۆری لێ کەوتەوە، لە هەمان کاتدا، بووە هەوێنی چەندین کۆنفڕانس و کۆنگرەی نێودەوڵەتیی گرنگ بە مەبەستی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان و، ئەو هەوڵانەی خێراتر و بەگوڕتر کرد. دەرەنجامی ئەم هەوڵانە، بووە هۆی گرێدانی ڕێککەوتنی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان لە ساڵی ١٩٩٣. دەتوانین گرێدانی ئەم ڕێککەوتنە، بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەم دابنێین. هەرچەند ئەم کارەساتە، لەسەر خەڵکی کوردستانی باشوور و بەتایبەت هەڵەبجەیییەکان زۆر گران وەستا، بەڵام بووە هەوێنی دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کۆمەڵگه‌ی مرۆیی؛ کە ڕەنگە بتوانێ ڕێگه‌ لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە بگرێت، کە ویژدانی کۆمەڵگه‌ی مرۆیی بریندار دەکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples