هەموارکردنی دەستووری تورکیا؛ ناوەڕۆک و ئەنجام

بەرایی

وا بڕیارە لە ١٦/٤/٢٠١٧ ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنی دەستووری تورکیا ئەنجام بدرێ. ئەم هەنگاوە پاش ئەوە هات، کە پەرلەمانی تورکیا لە ٢٠/١/٢٠١٧، بە ٣٣٩ دەنگ لە کۆی گشتیی ٥٥٠ دەنگی پەرلەمان، توانیی ئەم بابەتە لە پەرلەمان تێ پەڕینێ و بیخاتە گۆڕەپانی خەڵک، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمی لەسەر بکرێت. ئەم هەموارکردنە، بە یەکێک لە ئامانجە دێرێنەکانی حزبی داد و گەشەپێدان لە قەڵەم دەدرێت، کە هەر لە ساڵی ٢٠١١ەوە کاری لەسەر دەکات؛ بەڵام ئەو کات کۆمیتەی دەستووری، کە لە هەموو حزبە سیاسییەکان پێک دەهات، نەیتوانی لەسەری ڕێک بکەوێت. هەر بۆیە هەموارەکە لە بەرنامەی کار، خرایە دەرەوە و سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا.

حزبی داد و گه‌شەپیدان(AKP)  بۆ سەرخستنی پرۆژەی هەموارکردنی دەستوور، لەگەڵ حزبی بزاڤی نەتەوەخواز (MHP) ڕێک کەوتووە؛ چونکە بەبێ دەنگەکانی ئەم حزبە، چ لەناو پەرلەمان و چ لەناو خەڵک، ئەستەمە ئەم هەموارکردنە سەرکەوتن بەدەست بهێنێ. هەر دوو حزبی کۆماریخوازی گەل (CHP) و حزبی دیموکراتی گەلان(HDP)، لە بەرەی نەیارانی هەمواری دەستووریدان.

گرنگترین خاڵی هەمواری دەستووری، گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. ئەمە ئەو خاڵەیە، کە توانا و وزەیەکی زیاتر بە حزبی داد و گەشەپێدان و، سەرۆکەکەی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەبەخشێ، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دروستکردنی تورکیایەکی بەهێز و کەمترکردنی ڕۆڵی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن. بۆیە، ئەو حزبانەیش هەر لە ئێستاوە ترسیان لێ نیشتووە و، ئەم هەنگاوە بە هەڕەشە لەسەر سیستەمی دیموکراسی لە تورکیا دەزانن.

کورتەکەیەکی مێژووی دەستووری تورکیا

لە گەرمەی جەنگی ڕزگارکردنی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٠، ئاتاتورک فەرمانی پێکهێنانی پەرلەمانی مەزنی تورکیای ڕاگەیاند. دوابەدوای ئەمەیش دەستوور نووسرایەوە و، خرایە بەردەم پەرلەمان، کە سەرەنجام لە ٢٠/کانوونی دووەمی/١٩٢١ پەسند کرا و، ٢٤ بەندی لەخۆ دەگرت. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٣، سیستەمی کۆماری لە تورکیا ڕاگەیەندرا. پاشان لە ساڵی ١٩٢٤ دەستووری نوێی تورکیا نووسرایەوە و پەسند کرا. ئەم دەستوورە لە ڕاستیدا تەواوکەر ودرێژەپێدەری دەستووری ساڵی ١٩٢١-ە. دوو جاری دیکە لە ساڵی ١٩٦١ و ساڵی ١٩٨٢ دەستووری تورکیا نووسراوەتەوە. ئەو دەستوورەی کە ئێستا لە تورکیا بەرکارە و هەموار دەکرێ، هەمان دەستووری ساڵی ١٩٨٢-ە. لە ساڵی ٢٠١١ ئەردۆغان مەبەستی بوو دەستوور هەموار بکاتەوە، بەڵام بە هۆی دژایەتیی هەموو حزبە سیاسییەکان، ئەم پرسە لە لایەن کۆمیتەی دەستوورییه‌وه‌ ڕەت کرایەوە. سەرەڕای ئەمەیش، پرۆژەی هەمواری دەستوور، هەموو کات لە بەرنامەی کاری حزبی داد و گەشەپێداندا بووە، بەڵام ئەم هەوڵانە هەمیشە لە لایەن حزبەکانی دیکەوە دژایەتی دەکرا. حزبی داد و گەشەپێدانیش بە تەنیا نەیدەتوانی ڕێژەی پێویست بۆ هەموارکردنی دەستوور پێکەوە بنێ.

سەرەنجام حزبی بزاڤی نەتەوەخواز، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموارکردنی دەستووری دەربڕی و، داوای لە حزبی داد کرد کە بابەتەکە لە پەرلەمان باس بکرێت. تێپەڕاندنی هەمواری دەستووری لە پەرلەمان، پێویستیی بە سێ لەسەر پێنجی دەنگەکانی پەرلەمان (واتە ٣٣٠ دەنگ) هەیە. حزبی داد تەنیا ٣١٦ کورسیی پەرلەمانی هەیە؛ هەر بۆیە پێویستیی بە هاوپەیمانی بوو لەگەڵ حزبتێکی دیکە، هەتا بتوانێ پرۆژەی هەموارەکە لە پەرلەمان تێ پەڕینێ.  

پێناسەی هەموارکردنی دەستوور

هەموارکردنی دەستوور (Amendment) بریتییە لە پێداچوونەوەی دەستوور بە مەبەستی گۆڕین و ئاڵوگۆڕ، یان لادان و زیادکردن. مەبەست لە هەموارکردن، گۆڕینی ئەو دەقانەیە کە یاسای بنچینەییی وڵات و دەوڵەت پێک دەهێنن؛ کە ئەمەیش لەگەڵ پرەنسیپی باڵادەستیی دەستووردا ناتەبا نییە. کەواتە لە حاڵەتی هەموارکردندا، دەستوورێکی نوێ نانووسرێتەوە، بەڵکوو دەستووری بەرکار بە بنەما وەردەگیرێ و، هەندێ لە بەند و بڕگەکانی گۆڕانی بەسەردا دێت. قۆناغەکانی هەمواری دەستووری بریتین لە:

١) قۆناغی پێشنیاری هەموارکردن

٢) قۆناغی بڕیاردان لەسەر پرەنسیپی هەموارکردن

٣) قۆناغی ئامادەکاری بۆ هەموارکردن

٤) قۆناغی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر هەموارکردن

دەستوور لە ڕووی هەموارکردنەوە، بۆ سەر دوو جۆری دەستووری نەرم و دەستووری ڕەق دابەش دەکرێت. دەستووری نەرم، ئەو دەستووره‌یە کە دەتوانرێت بە هەمان ڕێکارەکانی هەموارکردنی یاسا ئاسایییەکان هەموار بکرێتەوە؛ واتە هەموارکردنی دەستوور پێویستیی بە ڕێکاری ئاڵۆز نییە و، لەم بارەیەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان دەستوور و یاسا ئاسایییەکاندا نییە، وەک دەستووری فەڕەنسیی ساڵی ١٨٣٠ و دەستووری سۆڤیەتی ساڵی ١٩١٨.

دەستووری ڕەق، ئەو دەستووره‌یە کە ناتوانرێت هەروەک یاسا ئاسایییەکان هەموار بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە مەرج و ڕێکاری تایبەت بگیرێتە بەر بۆ هەموارکردنی دەستوور. بۆیە دەبێ ئەم هەموارکردنە لە لایەن دەسەڵاتێکەوە دەربچێت، کە بەرزتر بێت لەو دەسەڵاتەی کە یاسا ئاسایییەکان دەردەکات. چونکە دەستوور یاسای باڵایە لە وڵاتدا و هیچ یاسایەک لە سەرووی دەستوورەوە نییە، هەر بۆیە پێویستە ڕێوشوێنەکانی هەموارکردنیشی وەک یاسا ئاسایییەکان نەبێ، بۆ ئەوەی بەئاسانی هەموار نەکرێت و جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی و یاسایی لە وڵاتدا دروست بکات. دەستووری زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیڕەوی لەم پرەنسیپە دەکەن.

بەپێی بەندی ١٧٥ لە دەستووری تورکیا، پێشنیاری هەموارکردن لە لایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ده‌خرێته‌ ڕوو و، پرۆژەی هەموارەکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ و، دەبێ پرۆژەکە لە دەنگدانێکی نهێنی، متمانەی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێ.

سەرۆککۆمار دەتوانێ یاسای هەمواری دەستووری بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی لەسەر بکرێت و، ئەگەر پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، یاسای گەڕاوە لە لایەن سەرۆککۆماری بەبێ هیچ هەموارێک گەڕاندەوە، ئەوا سەرۆککۆمار دەتوانێ یاساکە بخاتە ڕیفراندۆمەوە. ئەگەر یاسای هەمواری دەستووری بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان و کەمتر لە زۆرینەی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامان پەسند کرا و، سەرۆککۆمار جارێکی تر نەیگەڕاندەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی لەسەر بکرێت، ئەوا لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە و دەخرێتە ڕیفراندۆمی گشتییەوە.

سەرۆککۆمار بۆی هەیە هەر یاسایەکی هەموارکردنی دەستوور بخاتە ڕیفراندۆمەوە، ئەگەر ڕاستەوخۆ متمانەی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیای بەدەست هێنا، یان پاش ئەوەی بۆی دەگەڕێتەوە یا خود ئەو بەندانەی کە بەپێویستی بزانێ. هەروا یاسای هەموار، یان ئەو بەندانەی کە پێویستیان بە هەموار هەیە، ئەگەر نەخرێتە بەر ڕیفراندۆم، ئەوا لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە. هەروا پێویستە یاسای هەموارکردنی دەستوور بخرێتە ڕیفراندۆم و، ڕەزامەندیی زیاتر لە نیوەی دەنگە دروستەکان بەدەست بهێنێ.

بەندە هەموارکراوەکانی دەستووری تورکیا

لە ١٠/١٢/٢٠١٦ حزبی داد و گەشەپێدان و حزبی بزاڤی نەتەوەخواز، ٢١ خاڵیان بۆ هەمواری دەستووری تورکیا پێشنیار کرد و دەستیان بە کۆکردنەوەی واژووی پەرلەمانتاران کرد. پاش باس و گفتوگۆ لە کۆمیسیۆنی دەستووری، ٣ خاڵ لا دران و ١٨ خاڵ پەسند کران، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) بەندی ٩: دەسەڵاتی دادوەری، دەبێ لەسەر بنەمای بێلایەنی کار بکات.

٢) بەندی ٧٥: ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا، لە ٥٥٠ کەس بۆ ٦٠٠ کەس زیاد دەکرێن.

٣) بەندی ٧٦: ئاستی تەمەن بۆ خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە ٢٥ ساڵەوە کەم دەکرێتەوە بۆ ١٨ ساڵ؛ هەروا مەرجی تێپەڕاندنی خزمەتی سەربازی هەڵدەگیرێت. کەسانی سەر بە هێزە چەکدارەکان ناتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا خۆ بپاڵێون.

٤) بەندی ٧٧: ماوەی نوێنەرایەتی لە پەرلەمان، لە چوار ساڵەوە زیاد دەکرێ بۆ پێنج ساڵ. هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆمار هەر پێنج ساڵ جارێک و لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دەدرێ. ئەگەر هیچ پاڵێوراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار نەتوانێ زۆرینەی سادە بەدەست بهێنێ، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە خولی دووەم.

٥) بەندی ٨٧: مافی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەکان و حکوومەت، هەروا مافی ئەوان بۆ پێدانی هەندێ دەسەڵاتی تایبەت بە وەزیرەکان، هەڵدەوشێتەوە.

٦) بەندی ٨٩: بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیتۆی سەرۆککۆمار، پێویستە پەرلەمان ئەو پرۆژەیە بە زۆرینەی ڕەهای ٣٠١ دەنگ ڕەت بکاتەوە.

٧) بەندی ٩٨: پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە لە ڕێگه‌ی لێکۆڵینەوە و پشکنینی پەرلەمانی، باس و گفتوگۆی گشتی و پرسیاری نووسراو، لێکۆڵینەوە و پرسیار لە کابینە و جێگری سەرۆککۆمار بکات. لێپرسینەوە هەڵدەوەشێتەوە و لێکۆڵینەوە و پشکنینی پەرلەمانی، جێگه‌ی دەگرێتەوە. جێگری یەکەم مافی هەیە هەتا ١٥ ڕۆژ وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

٨) بەندی ١٠١: ئەو کەسانەی کە دەبنە پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، دەبێ لە لایەن حزبێک، یان چەند چەند حزبێک، کە لانی کەم ٥%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانیان بەدەست هێنابێت و، ١٠٠٠٠٠ دەنگیان هەبێت، پاڵپشتیی بکرێن. سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، ئیتر ناچار نییە واز لە ئەندامێتیی حزبەکەی خۆی بهێنێت.

٩) بەندی ١٠٤: سەرۆککۆمار دەبێتە سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکوومەت و، مافی دانان و دەرکردنی وەزیر و جێگرەکانی خۆی هەیە. سەرۆککۆمار دەتوانێ ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و مەرسووم دەربکات. بەم حاڵەیش، ئەم مەرسوومانە کاتێک شیاوی جێبەجێکردنن کە پێچەوانەی دەستوور، یان یاساکانی پەرلەمان نەبن.

١٠) بەندی ١٠٥: پەرلەمان دەتوانێ بە زۆرینەی ڕەهای ٣٠١ دەنگ هەر لێکۆڵینەوە و پشکنینێک دەست پێ بکات؛ پەرلەمان بە درێژاییی یەک مانگ گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیارە دەکات. لە حاڵەتی کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان، ئەوا پەرلەمان دەتوانێ بە دەنگی نهێنیی سێ لەسەر پێنجی ئەندامان (٣٦٠ دەنگ) ئەم گفتوگۆیانە دەست پێ بکاتەوە. پاش کۆتاییهاتنی هەر لێکۆڵینەوە و پشکنیێک، پەرلەمان دەتوانێ بە دەنگی دوو لەسەر سێ (٤٠٠ دەنگ) تۆمەتی سزایی ئاراستەی سەرۆککۆمار بکات.

١١) بەندی ١٠٦: سەرۆککۆمار یەک یا چەند جێگرێک هەڵدەبژێرێت. لە حاڵەتی چۆڵ بوونی پۆستی سەرۆککۆمار، دەبێ لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ. ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی و سەرۆکایەتیی کۆمار کەمتر لە ساڵێک نێوانیان بێت، ئەوا هەردووکیان لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دەدرێن. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە سنووردارکردنی دوو خولی سەرۆککۆمارەوە نییە. ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و پشکنین دەربارەی جێگرەکانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی نوێنەرانی پەرلەمان جێبەجێ دەکرێت. پەرلەمان دەتوانێ پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە و پشکنین، بە دەنگی دوو لەسەر سێی نوێنەران، تۆمەتی سزاییان ئاراستە بکات. لە کاتی سەلماندنی تۆمەتە سزاییەکان، جێگر، یان وەزیری سەرپێچیکار تەنیا لە حاڵەتێکدا لە پۆستەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە، کە تاوانی ئەنجامدراو بە ڕاددەیەک بێت، کە ڕێگر بێت لە بەردەم خۆپاڵاوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەگەر نوێنەرێکی پەرلەمان ببێتە وەزیر، یان جێگری سەرۆککۆمار، ئەوا ئەندامێتیی لە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و، نوێنەرێکی یەدەک جێگه‌ی دەگرێتەوە.

١٢) بەندی ١١٦: سەرۆککۆمار بە پاڵپشتیی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان، دەتوانێ بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات. ئەو لایەنەی کە بڕیاری هەڵبژاردن دەدات هەتا کاتی هەڵبژاردن، ئەوا خودی ئەو لایەنە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

١٣) بەندی ١١٩: دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی دۆخی لەناکاو بە سەرۆککۆمار دەدرێ، کە پاش ڕەزامەندیی پەرلەمان جێبەجێ دەبێت. دۆخی لەناکاو تا چوار مانگ درێژ دەکرێتەوە، تەنیا لە کاتی جەنگدا ئەم دۆخە بێسنوورە.

١٤) بەندی ١٢٦: ئەرک، پێکهاتە، دەسەڵات و شرۆڤەکردنی ئەرکی هێزەکانی خزمەتگوازیی شارەوانی بە فەرمانی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت، بەڵام پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بە یاسا بیانگۆڕێت.

١٥) بەندی ١٤٢: دادگه‌ سەربازییەکان هەڵدەوەشێنەوە و، تەنیا لە دۆخی جەنگ و بۆ لیکۆڵینەوە لە تاوانی سەربازان، پێک دێن.

١٦) سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دامەزراندنی بەرپرسانی باڵای کارگێڕی و دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەوانی هەیە.   

١٧) کەمکردنەوەی ئەندامانی دادگه‌ی دەستووری، لە ١٧ کەسەوە بۆ ١٥ کەس.

١٨) سەرۆککۆمار بوودجە ڕێک دەخات و پێشکەشی پەرلەمانی دەکات.

لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەموارکردن

سروشتییە هەر هەموارکردنێکی دەستوور، دەتوانێ لایەنی نەرێنی و ئەرێنیی هەبێت؛ هەمواری دەستووری تورکیایش لەم ڕیسا گشتییە بەدەر نییە. نەیارانی هەمواری دەستووری، بەڵگەکانی خۆیان لەم خاڵانەدا چڕ دەکەنەوە:

- گۆڕینی سیستەم لە پەرلەمانییه‌وه‌ بۆ سەرۆکایەتی و، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و زیاترکردنی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار و نەهێشتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، وا دەکات کە توانای چاودێریی پەرلەمان لەسەر سەرۆککۆمار کەمتر ببێتەوە. هەروا توانای مانۆڕی لایەنە سیاسییەکانیش لە بەردەم سەرۆککۆمار و حزبی باڵادەستدا لاواز دەکات. ئەمەیش لە لایەکەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتێکی وەک تورکیا، کە بنەماکانی دیموکراسیی تێیدا زۆر بەهێز نین، وڵات پتر بە ئاراستەی دیکتاتۆرییەتدا ببات. لە لایەکی دیکەیشەوە، توانای گوشار و مانۆڕی هێزە سیاسییەکان، بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لە حزبی دەسەڵاتدار کەم دەکاتەوە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەڵوەرینی دەنگەکانیان و، پێگە و قورساییی جەماوەرییان لاواز دەکات.

- کەسایەتیی خودی ئەردۆغان، کە سیاسەتوانێکی ڕەق و پاوانخوازە، ئەو گومانانە بەهێزتر دەکات کە وڵات پتر بە ئاراستەی دیکتاتۆرییەتدا ببات. ئەگەر کەسێکی دیکە پاڵێوراوی سەرۆکایەتی بوایە، ڕەنگە ئەم ترس و گومانە کەمتر دەبوون.

- سەرۆککۆمار مافی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی هەیە.

- لاواز بوونی سیستەمی چاودێریی پەرلەمان لەسەر سەرۆککۆمار.

- سەرۆککۆمار دەسەڵاتی هەیە لە دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەران و داواکارانی گشتی. ئەمەیش دەرفەت بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەڕەخسێنێ، کە دەستێوەردان لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا بکات.

- بێلایەنیی سیاسیی سەرۆککۆمار هەڵدەوەشێتەوە و، دەتوانێ ببێتە ئەندامی حزبە سیاسییەکان.

لە بەرامبەر نەیاراندا، بەرەی لایەنگرانی هەمواری دەستووری هەیە، کە ئەوانیش بەم هۆیانەی خوارەوە پاڵپشتیی ئەم هەموارکردنە دەکەن:

- بەهێزبوونی حکوومەت و حزبی دەسەڵاتدار، دەبێتە هۆی نەهێشتن و کەمکردنەوەی ئەو بەربەستانەی کە لە بەردەم جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەتدان.

- بە هۆی بوونی جەنگ و گرفت لە وڵاتانی دراوسێی تورکیا و، ناکۆکیی نێوان حزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، دوور نییە ئەم ناکۆکییانە پەرە بسێنێت و جەنگی ناوخۆیی لە تورکیادا ڕوو بدات.

- لە کاتێکدا لایەنە ڕەگەزپەرست و ئایینییەکان لە وڵاتانی ئەورووپی و دراوسێی تورکیا لە گەشەکردندان، ئەوا لە حاڵەتێکی وەهادا تورکیا پێویستیی بە حکوومەتێکی یەکپارچە، بەهێز و خاوەن دەسەڵات هەیە، کە بتوانێ وڵات لە بەرامبەر هێزە دەرەکییە نەیارەکاندا بپارێزێت و، ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵات دەستەبەر بکات.

کۆبەند

پاش خستنەڕووی کورتەیەک لە مێژووی هەموارکردنی دەستووری لە تورکیا و ئەو بەندانەی کە دەکەونە بەر هەموارکردن، بۆمان دەرکەوت کە ئامانج لەو هەموارە، پتر گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. حزبی داد و گەشەپێدان پاش هەوڵ و کۆششێکی درێژخایەن، لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاکوو ئێستا، سەرەنجام توانیی پاڵپشتیی پێویست بۆ هەموارکردنی دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا بەدەست بهێنێ. دوا قۆناغی ئەو هەوڵەیش ڕیفراندۆمی گشتییە کە لە ١٦/نیسان/٢٠١٧ ئەنجام دەدرێت. حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و حزبی بزاڤی نەتەوەخواز، شانی بە شانی یەکتر لە کەمپینێکی قورس و بەرفراواندان بۆ چەسپاندنی خواستەکانی خۆیان لە دوا قۆناغی پرۆسەی هەموارکردنی دەستووریدا. لە ئەنجامی سەرکەوتنی ئەم هەموارکردنە، هەرچەند لەوانەیە دەسەڵاتێکی بەهێزتر و یەکپارچەتر لە تورکیا بێتە ئاراوە، بەڵام لە بەرامبەردا، هەناسەدانی دیموکراسی تەنگتر و کورتتر دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples