ده‌رباره‌ى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى

عه‌دنان مه‌جيد محه‌مه‌د: ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان، پسپۆر له‌ سیسته‌می سیاسی و په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی

سه‌ره‌تا

له‌ قۆناغی ئێستادا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هۆى هه‌بوونى كۆمه‌ڵێك قه‌يرانى جياوازه‌وه‌ قسه‌وباسى زۆر  له‌سه‌ر تێكچوونى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى و مه‌ترسييه‌كانى له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت. بۆيه‌ هه‌وڵ ده‌درێت لێره‌دا باس له‌ چه‌مكى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى و گرنگیى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى و ڕه‌هه‌نده‌كان و ڕه‌گه‌زه‌كانى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى بكرێت.  

پێناسه‌ى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى:

ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ ڕووى زمانه‌وانييه‌وه‌ بريتيیه‌ له‌ سووربوون له‌ ڕه‌خساندنى هه‌موو ڕێگه‌كان و هه‌موو ئامرازه‌كان كه‌ ‌ بۆ زامنكردنى ئاسايشى تاك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا پێويستن، به‌ ئامانجى پاراستنى ژيانى تاك و ده‌سكه‌وته‌ ماددى و مه‌عنه‌وييه‌كانى. له‌ ‌ساده‌ترين پێناسه‌يدا ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى، بريتيیه‌ له‌ حاڵه‌تيكى دڵنيايى كه‌ تاك له‌ هه‌موو ڕووه‌كانى ژيانيدا هه‌ستى پێ ده‌كات كه‌ مافی ژيان و خزمه‌تگوزارى و كه‌رامه‌تى  له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا پارێزراوه‌؛ بريتيیه‌ له‌ حاڵه‌تێك كه‌ تاك تيايدا هه‌ست به‌ هيچ ‌ترس و دڵه‌ڕاوكێيه‌ك نه‌كات؛ نه‌ بۆ قۆناغی ئێستاى، نه‌ بۆ قۆناغى داهاتووى.

نووسه‌ر "مسته‌فا عوجی" له‌ كتێبى "ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تی"دا ده‌ڵێت: "ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى چه‌مكيكى گشتگيره‌ و هه‌موو لايه‌نه‌ جياوازه‌كانى ژيانى تاك ده‌گرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ پێويسته‌ پاراستنى بژێوى ژيان و ئابوورى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزاریيه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كان و‌ خزمه‌تگوزارييه‌ په‌روه‌رده‌ييیه‌كان و چاودێریى ته‌ندروستى و بيمه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ كاتى بێكاريدا بۆ تاك دابين بكرێت؛ هه‌روه‌ها ده‌بێت لانى كه‌م ڕه‌فاهيیه‌ت (خۆشگوزه‌رانی)ى ژيانى تاك دابين بكرێت و،‌ تاك له‌ لادان و تاوانكارى بپارێزرێت.

هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر دكتۆر "ئیحسان محه‌مه‌د حه‌سه‌ن" پێی وایه،‌ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی بريتيیه‌ له‌ پاراستنی كۆی گشتیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی جیاوازیی ئایین و ڕه‌گه‌ز  و ڕه‌نگ و نه‌ته‌وه‌، له‌ كۆی گشتیی هه‌ڕه‌شه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان؛ چ ماددی بن یان مه‌عنه‌وی.

ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی به ‌فاكته‌رێكی سه‌ره‌كیی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی داده‌نرێت و، ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی دامه‌زراوه‌كان و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه. ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی شه‌رعییه‌ت ده‌به‌خشێته‌ دامه‌زراوه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیسته‌می سیاسی. تێكچوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ هۆی لاوازیی دامه‌زراوه‌كان و،‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیسته‌می سیاسی له‌ ناخ و بیر و هزر و هاونیشتیمانیاندا شه‌رعییه‌تیان نامێنێت.

ڕه‌گه‌زه‌كانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی:

ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی سێ ڕه‌گه‌زی گرنگی هه‌یه‌ و، به‌هێزبوونی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ به‌هێزبوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌. لاوازبوونی ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌یش ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی  به‌ تێكچوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناسه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه. ڕه‌گه‌زه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: یەکەم: دادپه‌روه‌ری، دووەم: يەكسانى و، سێیەم: ڕەخساندنى هه‌لی كار.

ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی:

ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی گرنگی هه‌یه، له‌وانه‌:

١- ڕه‌هه‌ندی سیاسی: وه‌كوو پاراستنی كیانی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕێزگرتن له‌ ڕه‌مز و نیشانه‌ باڵا نه‌ته‌وه‌یی و نشتیمانییه‌كان.

٢- ڕه‌هه‌ندی یاسایی: ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ بريتيیه‌ له‌ ڕێزگرتنی یاسا كارپێكراوه‌كان و جێبه‌جێكردنیان له‌سه‌ر كۆی گشتیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌بێ جیاوازی.

٣- ڕه‌هه‌ندی ئابووری: ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ كار له‌سه‌ر ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و خۆشگوزه‌رانی و ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ و پاراستنی سامانی گشتی و خێروبێری كۆمه‌ڵگه و دابه‌شكردنی به ‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر هاونیشتیمانیاندا ده‌كات.

٤- ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی: لێره‌دا كار له‌سه‌ر دابینكردنی ئاسایشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت بۆ تاكه‌كان؛ ئه‌مه‌یش دڵسۆزی و ئینتیما بۆ ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه زیاد ده‌كات.

٥- ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی: ئه‌مه‌یش بریتییه‌ له‌ ڕێزگرتن له‌ ڕاوبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و پیرۆزی و بیروباوه‌ڕی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه.

٦- ڕه‌هه‌ندی ژینگه‌یی: ئامانج له‌ ڕه‌هه‌ندی ژینگه‌یی، بريتيیه‌ له‌ پاراستنی ژینگه ‌و پاكوخاوێنیی كۆمه‌ڵگه و ڕێگریكردن له‌ پیسبوونی ژینگه‌ و زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی.

ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان:

هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا به‌ كۆمه‌ڵێك قه‌يرانى سياسى و ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تى و په‌روه‌رده‌یيدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. دامه‌زراوه‌كان لاوازن و هێزى حزبی جێگه‌ى هێزى نیشتمانیى گرتۆته‌وه‌. قه‌يرانى ياسايى و جێبه‌جێكردنى ياسا به ‌شێوه‌يه‌كى نايه‌كسان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ شێوه‌يه‌كى ڕوون دياره‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌پێى ڕه‌هه‌نده‌كانى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى خۆێندنه‌وه‌ بۆ واقعی كوردستان بكه‌ين، ده‌بینين له‌ ڕووى ڕه‌هه‌ندى سياسیيه‌وه‌ ئاماژه‌كان مايه‌ى دڵخۆشی نين. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستوورمان نييه‌، كه‌ ده‌ستوور به‌ دايكى ياساكان داده‌نرێت و زه‌مانه‌تى پاراستنى كيان و چوارچێوه‌ى ياسايى و سياسیى هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌مه‌ ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌ریى نێگه‌تيڤى  له‌سه‌ر پاراستنى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌بێ.

له‌ لايه‌كى تره‌وه،‌ خه‌ريكه‌ هيچ ڕێزێك بۆ به‌ها نیشتمانی و ڕه‌مزه‌ نیشتمانييه‌كان نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌؛ ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێك هه‌ن ڕێز له‌ داموده‌زگه‌ شه‌رعى و فه‌رمييه‌كانى كۆمه‌ڵگه ناگرن. ئه‌مه‌یش نيشانه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئينتیما و دڵسۆزييه‌ بۆ نیشتمان. هه‌روه‌ها له‌ ڕووه‌ ياساييیه‌كه‌يه‌وه‌، ياسا به‌ شێوه‌يه‌كى يه‌كسان به‌سه‌ر هاووڵاتياندا جێبه‌جێ ناكرێت و دادگه‌كان سه‌ربه‌خۆ نين و پرسيارى گه‌وره‌يان له‌سه‌ره‌. هێژموونى حزب به‌سه‌ر كۆى گشتیى جومگه‌كاندا زاڵه‌ و،  حكوومه‌ت لاوازتره‌ به‌رامبه‌ر حزب. ده‌زگه‌يه‌كى گرنگى وه‌كوو په‌رله‌مان، تا ئێستا نه‌يتوانيوه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ته‌واو ئه‌ركه‌كانى خۆى به‌جێ بگه‌یه‌نێت و ببێته‌ جێگه‌ى ئومێدى خه‌ڵك، چونكه‌ حزبه‌كان باوه‌ڕيان به به‌هێزكردنى په‌رله‌مان نييه‌.

له‌ ڕووى ڕه‌هه‌ندى ئابووريیشه‌وه‌ دۆخى كوردستان له‌ حاڵه‌تێكى باش نييه‌. قه‌يرانى دارايى و بێكارى و جياوازیى چينايه‌تى، بۆته‌ دياريده‌يه‌كى باو. له‌ ڕووى ڕه‌هه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تيیشه‌وه‌ ده‌توانين ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵێكى خراپ بكه‌ين: بۆ نموونه‌ ناتوانین بڵێين ئاسايشى ده‌روونى بۆ تاكه‌كان دابين كراوه‌؛ خه‌ڵك به‌بێ مۆڵه‌ت ده‌توانن خاوه‌ن چه‌ك بن. زۆر جار حزبه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى پرۆسه‌يه‌كى ديموكراسى و مه‌ده‌نیى وه‌ك هه‌ڵبژاردن، چه‌ك  به‌سه‌ر لايه‌نگرانى خۆياندا ده‌به‌خشنه‌وه‌. به‌ڕاستى ئه‌مه‌ جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه‌! بۆيه‌یش ده‌بينين حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیى گه‌وره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن. سه‌باره‌ت به ‌ڕه‌هه‌ندى ژينگه‌يیش، ده‌توانين بڵێین له‌م ڕووه‌وه‌ هيچ هه‌وڵێك بۆ پاراستنى ژينگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ پيسبوون نه‌دراوه‌. بۆ نموونه‌ چه‌ندان كارگه‌  له‌نێو شاره‌كان هه‌ن و كێشه‌ بۆ ژينگه‌ دروست ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌ هۆى خراپیى كه‌رتى كاره‌باوه‌ كۆمه‌ڵێك "مۆليده‌"ى ئه‌هلی له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌ن كه‌ ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندين كاتژمێر دووكه‌ڵ و پيسى به‌سه‌ر ماڵ و گه‌ڕه‌كه‌كاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌. بێ گومان ئه‌مه‌یش كاريگه‌رى له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى دروست ده‌كات و، كێشه‌ى ئاسايشى ده‌روونى و ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى زياتر ده‌كه‌ن.

له ‌لايه‌كى تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێى ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تيیش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين، شتێكى حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ ديسانه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئاماژه‌ى دڵخۆشكه‌رمان پێ ناده‌ن؛ به‌و پێيه‌ی دادپه‌روه‌رى و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ ئاستێكى خراپدایه‌، سامانى نیشتمانى به‌يه‌كسانى دابه‌ش ناكرێت، يه‌كسانى له‌ كاركردن و هه‌لى كاركردندا نييه‌، بيكارى و ڕێژه‌ى هه‌ژارى له ‌به‌رزبوونه‌وه‌دايه و هتد.

به ‌هه‌ر حاڵ ئه‌مه‌ واقعی هه‌رێمى كوردستانه‌ و، ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ‌ده‌چن كه‌ ئاسايشى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ حاڵه‌تێكی‌ باشدا نييه‌.  ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بسه‌لمێنين كه‌ دڵسۆزين، پێويسته‌ دان به‌و واقعه‌دا بنێین و داوا له‌ به‌رپرسانى خۆمان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين كه‌ به ‌زووترين كات و به‌ شێوه‌يه‌كى به‌په‌له‌ و جددى، هه‌وڵ بدرێت ئه‌م ئاسته‌نگ و كێشانه كه‌م بكرێنه‌وه‌‌.‌ ئه‌ركى نووسه‌ريش ئه‌وه‌يه‌ ڕاسته‌وخۆ واقعه‌كه‌ وه‌كوو خۆى بخاته‌ ڕوو و، هه‌ست به‌ به‌رپرسيارێتی بكات و ببێته‌ هۆى هۆشياركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و، چاوساغێك بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتى سياسى، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌مه‌یش فاكته‌رێكه‌ بۆ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه و گه‌شه‌سه‌ندنى.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples