پەروەردە لە ڕوانگەی هزرەكانی فەیلەسووف "جون لۆک"هوه
عەدنان مەجید محەمەد/ ماستەر لە زانستە سیاسییەکان، پسپۆر لە سیستەمى سیاسی و پهروهردهی مهدهنی
سهرهتا:
"جۆن لۆك" یەكێكە لە فەیلەسووفەكانی تیۆریی پەیمانی كۆمەڵایەتی. لە هەرێمی سۆمرست لە ئینگلترا لە 29/ 08/1632 لەدایك بووە. تا تەمەنی 14 ساڵان هەر لەو ناوچەیە ماوەتەوە. چووەتە قوتابخانە و خۆیندوویەتی و، لە ساڵی 1652 چووەتە زانكۆی ئۆكسفۆرد. لە ساڵی 1683 چووە بۆ هوڵهندا و، ئینگلتەرای جێ هێشتووە. بە كاروباری سیاسییەوە خەریك بووە و زۆربەی بیر و بۆچوونەكانی دەربارەی ئازادی بوون، تا ئەو كاتەی بە فەیلەسووفی ئازادی ناوی دەركرد؛ هەروەها زانستی پزیشكییشی خۆیندووە. بۆ ماوەیەكی زۆر كورتخایەن مومارەسەی كاری پزیشكییشی كردووە و، مەبەست لە خۆیندنی زانستی پزیشكی، ئارەزووی "جۆن لۆك" بوو بۆ جێبەحێكردنی ئامانجێك و ئەو ڕێگەیەی كە زۆربەی فەیلەسووفەكان وەك "نیوتن" و "گالیلۆ" و "بۆیل" لە زانستی سروشتی لەسەر ئەو نەخۆشانەی كە تووشی مرۆڤەكان دەبوون بەكاریان دەهێنا و، زۆر گرنگیی بە ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و سیاسیی نۆی دەدا، كە لەسەر بنەمای ئازادی ڕادەوەستا. ئەمەیش بووە فەزیڵەتێك بۆ جۆن لۆك لەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی 1688 و، لە ساڵی 1704 كۆچی دوایی كردووه.
پەروەردە لە ڕوانگەی هزرەكانی فەیلەسووف "جۆن لۆكـ"هوه:
پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵان هەر لە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەكانی كۆنەوە جێگهی بایەخ بووە و لە لایەن سیستەمە سیاسی و كۆمهڵایهتی و ئایدیۆلۆژییه جیاوازەكانەوە گرنگیی زۆریان پێ دراوە. بۆ نموونە لە سەردەمی شارستانییهتی فیرعەونەكان گرنگی بە پەروەردەكردن دراوە بهڵام لە چوارچێوەی بەهاكانی پیرۆزی دەسەڵات و ئینتما بۆ دەسەڵات و هونەری ملكەچبوون بۆ دەسەڵات. هەروەها لە سەردەمی شارستانییەتی ئەغریقی، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بیروبۆچوونەكانی فەیلەسووفەكانی وهك "ئەفلاتۆن" و "ئەرستۆ"، دەبینین لە شاكارەكانیاندا و لە شارە نموونەیییەكەی ئەفلاتۆن و "سیاسهت"هكهی ئەرستۆ گرنگیی یەكجار زۆریان بە دروستكردنی هاووڵاتیی چاك داوە؛ بۆ ئهمهیش پهروهردهیان وهك گرنگترین ئامراز بۆ دروستكردن و بنیاتنانی هاووڵاتیی چاك دهستنیشان كردووه. بۆیە پەروەردە هەر لە كۆنەوە جێگهی بایەخی كۆمەڵگهكان بووە و ئامرازی هەرەگرنگی پێشكەوتنی كۆمەڵگهیش بووە. گرنگیدان بە پەروەردە لە فكری زۆربەی فەیلەسووف و بیرمەندەكان دەبینرێت؛ بۆ نموونە لەوانە: جان جاك ڕۆسۆ، جۆن لۆك، جۆن ستیوارات میل، داڤید هیۆم، ئەلیكسس دی تۆكڤیل و، بهشێكی زۆری تر له فهیلهسووف و زاناكانی بواری فهلسهفهی سیاسی و كۆمهڵناسی. هەروەها ئەم گرنگیدانە بە پەروەردە، تەنیا لە لای بیرمەندە سیاسییەكان پوخت نەبووەوە، بەڵكوو درێژ بووەوە بۆ لای ئابووریناسەكانیش؛ بۆ نموونە ئابووریناسی بەناوبانگ "والتێر فریدمان" بە پشتبەستن بە تیۆرییە ئابوورییەكانی، باس لە بنییاتنان و پەروەردەكردنی هاووڵاتیی چاك دەكات. كەواتە پەروەردە بە شێوەیەكی گشتی، پەیوەندیی بە هەموو لایەنەكانی تری ژیانی مرۆڤایەتییەوە هەیە: سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و هتد.
بۆیە بیرمەند "جۆن لۆك" لەناو فكرەكانی خۆیدا گرنگییەكی زۆر بە پەروەردەكردنی منداڵ و تاك دەدات؛ هەر لەو كاتەوەی كە پەرتووكە ناسراوەكەی بە ناوی "بیروڕاكان دەربارەی پەروەرده" بڵاو كردەوە؛ كە لەمەیش ئامانجی "لۆك" بەرگریكردن بوو لەسەر بیركردنەوەی ئازادانە و ڕەخنەگرانە و، دەركردنی دەستی دامەزراوە ئایینییەكان و دەوڵەت لە پرۆسەی پەروەردەكردندا و، دەتوانرێت بە شێوەیەكی ورد بیروڕاكانی پوخت بكەینەوە:
- گۆڕینی ڕێگه كلاسیكهكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بۆ كۆمەڵێك لە لێكۆڵینهوه و ڕێگهی نوێی پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و فكری.
- "جۆن لۆك" پێی باش بوو زانستی سروشتی لە بیروبۆچوونەكانی قوتابیاندا زیاتر بكرێت. ئەمەیش لە سەدەی حەڤدەیەمدا، ئاماژە بوو بۆ گەشەسەندنێكی تێبینیكراو لە بواری پەروەردە و فێركردن.
- هەروەها پێی وایە كە نابێت پەروەردە تەنیا لە پەروەردەی عەقڵی كورت بكرێتەوە، بەڵكوو دەبێت گرنگی بە لایەنی جەستەیی و دەروونیی قوتابی بدرێت. هەروەها دەبێت منداڵ لەسەر هەڵگرتنی قورسییەكانی ژیان و بارودۆخە ناخۆشەكان ڕابهێنرێت و، بە شێوەیەكی بەرپرسانە لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی كە دێنە پێشی مامەڵە بكات.
- جەخت لەسەر ئەوەیش دەكاتەوە كە له نێوهندی پەروەردەوە، دەبێت فەزیڵەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی لە پاڵ زانستەكانی خۆیان لای قوتابیان بچێندرێت، بۆ ئەوەی تاكێكی كارای هۆشیار بێت بە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی كۆمەڵگهكەی.
- فەیلەسووف "جۆن لۆك" ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ دەكات لە نێوهندی پرۆسەی پەروەردەكردندا، ئەویش پێی وایە كە دەبێت منداڵ لە ترس و دڵەڕاوكێ لە چوارچێوەی ڕێگهكانی وانەوتنەوە و فێركردن و ڕاهێناندا دوور بكەوێتەوە؛ چونكە پێی وایە هەر جۆرە ترسێك لای منداڵان كاریگەریی خراپی لەسەر كەسایەتیی منداڵ دەبێت. بۆیە پێویستە هەموو شێوازەكانی توندوتیژی لەناو پرۆسەی پەروەردەكردن دوور بخرێتەوە.
- "لۆك" لە فكرەكانی دەربارەی پەروەردە و فێركردن پێی وایە، كە ناكرێت بە هیچ شێوەیەك وەرزش و پەروەردەی جەستەیی پەراوێز بخرێت. پێی وایە كە یارییە وەرزشییەكان گرنگترین فاكتەرن دەبنە هۆی تەواوی كەسایەتیی مرۆڤ. وەرزش جەستە بەهێز دەكات. هەروەها كۆمەڵێك بەهای گرنگ لە پاڵ ئەمەدا هەیە وەكوو ئەوەی كە منداڵ فێری بەهای كۆمەڵایەتی و هاوكاری و لێبووردەیی و بەرپرسیارێتی و ئارامگرتن و خۆشەویستی و كاری بەكۆمەڵ دەبێت.
هەروەكوو ههندێك لە لێكۆڵەران پێیان وایە كە مەعریفە لە لای تاك گەشە دەكات و لە ڕێگەی هەستكردنەوە تەواو دەبێت، بۆیە پەروەردە پێویستە تەركیز لەسەر زانستەكانی سروشتی و كۆمەڵایەتی و سیاسی بكات وەكوو بنەڕەتێكی گرنگ كە ئەم پرۆسەیەی لەسەر ڕادەوەستێت. پەروەردە لە فكری جۆن لۆك، جیا دەكرێتەوە بەوەی كە یارمەتیی تاك دەدات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی كێشەكان ببێتەوە و كەسایەتیی مرۆڤ بنیات بنێت؛ بە شێوەیەكی گشتی لە ڕووی عەقڵی و دەروونی و جەستەیییەوە. هەروەها بەوەیش جیا دەكرێتەوە كە یارمەتیی تاك دەدات بتوانێت بە شێوەیەكی پۆزەتیڤ و كارا لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بژیت و، هۆشیاریی دەربارەی ماف و ئەركەكان هەبێت و هەست بە بەپرسیارێتی بكات؛ ئەمانەیش لە نێوهندی گەشەسەندن بە تواناكانی تاك. كەواتە بیروبۆچوونەكانی جۆن لۆك دەربارەی پەروەردە، گرنگیی خۆیان لە ئامادەكردن و پێگەیاندنی منداڵ ههیه لە هەموو لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی و هتد.
لە كۆتاییدا ئێستا بەرمەبنای هزرەكانی "جۆن لۆك" دەربارەی پەروەردە، با بپرسین ئایا پەروەردەكردنی تاك و پێگەیاندنی لە ڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، عەقڵی، دەروونی و جەستەیی لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟ كە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە وەڵامی جددییان بۆ ڕۆڵی قوتابخانە هەبێت لە كۆمەڵگهی كوردی لە پێناوی دروستكردنی هاووڵاتیی چاك، بنیاتنانی نەتەوە(Nation–building) ، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و گەشەسەندنی كۆمەڵگه.