سه‌ره‌تا:
پاش ئه‌وه‌ی ڕاپه‌رینی خه‌ڵكی سووریا ده‌ستی پێ كرد و ڕژێمی ئه‌سه‌د به ئاگر و ئاسن ڕووبه‌ڕووی گه‌لی سووری بووه‌وه، جه‌نگێكی چه‌ند ساڵه‌ی خوێناوی له سووریا ده‌ستی پێ كرد و ئێستایش به‌رده‌وامه. هه‌روه‌ها پاش ده‌ركه‌وتنی هێزێكی تیرۆریستی وه‌ك داعش و كۆنترۆڵكردنی به‌شێكی زۆر له خاكی سووریا له لایه‌ن داعشه‌وه، كوردانی ڕۆژاوا توانییان جۆرێك له سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له چوارچێوه‌ی چه‌ند كانتۆنێكدا بۆ خۆیان دابین بكه‌ن و پارێزگاری له مانه‌وه و كیانی خۆیان بكه‌ن. له‌م ڕوانگه‌یه‌یشه‌وه توركیا هه‌بوونی ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كورده‌كان و سیسته‌می فیدراڵی له سووریا، ڕاسته‌وخۆ به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی ده‌زانێت.
ئه‌م ڕووداوانه‌ی ناوخۆی سووریا، جگه له‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی ناوخۆییی سووریایه، به‌ڵام له لایه‌ن هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ستێوه‌ردان هه‌یه و، ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌و ڕووداوانه‌دا هه‌یه، وه‌ك: ئه‌مریكا – ڕووسیا – ئێران – توركیا. له‌م وتاره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و كارلێكانه‌ی كه له پرۆسه‌ی سه‌ربازیی توركیا بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل دروست ده‌بن. بێ گومان ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه توركیا له 20ی كانوونی دووه‌می 2018 ده‌ستی پێ كرد، له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی ڕووسیا له‌گه‌ڵ توركیا بووه. ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه بۆ ئامانجێكی هاوبه‌ش بووبێت كه مه‌به‌ست لێی، ڕێگریكردن بووه له پرۆژه‌یه‌كی ئه‌مریكی بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كورده‌كان له باكووری سووریا. هه‌روه‌ها توركیا پێویستی به‌وه هه‌بووه كه له لایه‌ن ڕووسیاوه گڵۆپی سه‌وزی بۆ پێ بكرێت؛ هه‌روه‌ك بینیشمان، ڕووسیا هێزه‌كانی پله به پله له عه‌فرین و ئه‌و ناچانه كشانده‌وه.
به‌شی یه‌كه‌م: پرۆسه‌ی سه‌ربازیی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین
له‌م به‌شه‌دا له سێ ته‌وه‌ر تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك، له‌وانه: واقعی توركیا و عه‌فرین، بارودۆخه سیاسییه‌كانی پێش پرۆسه‌كه، ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: توركیا و واقعی عه‌فرین:
پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، ڕای گه‌یاند كه پرۆسه‌ی سه‌ربازی و جه‌نگ دژی "پارتی كرێكارانی كوردستان" به‌رده‌وامه و، به‌و پێیه‌ی كه حزبی یه‌كێتیی دیموكراتی، به‌شێكه له پارتی كرێكاران، بۆیه ڕاسته‌وخۆ پرۆسه‌ی "چله زه‌یتوون"ی له كاتژمێر 4ی ئێواره‌ی ڕۆژی 20ی كانوونی دووه‌می 2018 ڕاگه‌یاند. له ڕوانگه‌ی توركیاوه ئه‌م پرۆسه‌یه پرۆسه‌یه‌كی یاسایییه و ته‌واو شه‌رعییه؛ توركیا ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئاسایش و ئه‌منییه‌تی خۆی بپارێزێت.
هه‌بوونی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له عه‌فرین، كه له شاره‌كانی "كلیس" و "هاتاى" توركییه‌وه نزیكه، به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌زانێت. توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت ده‌روازه‌یه‌كی كوردی و ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی له نێوان توركیا و سووریا دروست بێت. بۆ نموونه شارێكی وه‌كوو عه‌فرین، ڕووبه‌ره‌كه‌ی 3900 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و ناوچه‌یه‌كی شاخاویی سه‌خته. له پاش كۆبانێ و جه‌زیره، ده‌بێته سێیه‌م ناوچه‌ی گه‌وره كه كورد تیایدا باڵاده‌ست بێت و، توركیا پێی وایه عه‌فرین له ڕووی هێزی مرۆیییه‌وه ناوچه‌یه‌كی گونجاوه؛ هه‌روه‌ها ده‌توانێت ببێته وێستگه‌یه‌ك بۆ ڕاهێنان و ئاماده‌كردنی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بچنه نێو خاكی توركیا.
له ساڵی 2014 به پشتگیری و هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌ركردایه‌تیی واشنتۆن، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات پاش ئه‌وه‌ی هێزێكی تۆكمه‌یان بۆ خۆیان دروست كرد، "حوكمی زاتی"یان بۆ خۆیان ڕاگه‌یاند. ئامانج له‌م هێزه‌یش پاراستنی خه‌ڵك و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش بوو. ئه‌م هێزه تێكه‌ڵ بوو له جه‌نگاوه‌ری كورد و عه‌ره‌ب، كه هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه جه‌نگاوه‌ره عه‌ره‌به‌كان ته‌نیا ڕێژه‌ی 3%ی هێزه‌كه‌یان پێك هێنابوو، به‌ڵام هێزی سه‌ره‌كی، بریتی بوو له هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل، كه زۆربه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌م هێزه له لایه‌ن "باهۆز ئه‌ردال"ه‌وه ده‌رده‌چوو، كه سه‌ر به په‌كه‌كه بوو. ئه‌م هێزه نوێیه توانیی، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خۆی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی مۆسكۆ و واشنتۆن بگونجێنێت و، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی كه په‌یوه‌ندیی نێوان توركیا و ڕووسیا له ساڵی 2015 له ئاستێكی خراپ‌دا بوو، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات توانییان پێشڕه‌وی بكه‌ن و چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كۆنترۆڵ بكه‌ن وه‌ك: ته‌ل ڕه‌فعه‌ت و فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌نخ و، به پشتگیریی هێزه‌كانی ڕووسیا توانییان شارۆچكه‌ی ( باب)يش كۆنترۆڵ بكه‌ن. سه‌ره‌تا هیچ هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی له عه‌فرین نه‌بوو، به‌ڵام دواتر سوپای ڕووسیا چوونه نێو عه‌فرین و له ناوچه‌ی "كفرجنه" و "جه‌نده‌ریس" جێگیر بوون.
ته‌وه‌ری دووه‌م: بارودۆخه سیاسییه‌كان پێش پرۆسه‌ی سه‌ربازی له عه‌فرین:
له‌و كاته‌وه‌ی كه تێگه‌یشتن و ڕێكکەوتننامەی سووچی لە 22/11/2017 لە روسیا له نێوان ڕووسیا و توركیا و ئێران سه‌باره‌ت به پێشڕه‌ویی سوپای توركیا بۆ ئێد‌لب دروست بوو، مه‌به‌ست لێی كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه‌كانی توركیا بوو له‌و بارودۆخه سیاسییه‌ی كه له ناوچه‌كه هه‌یه. په‌یوه‌ندیی نێوان توركیا و ئه‌مریكا له ئاستێكی زۆر خراپ‌دا بوو، له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌و په‌یمانه‌ی كه سه‌باره‌ت به دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له مه‌نبه‌ج و ئه‌و ناوچانه به توركیای دابوو شكاندی؛ له به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا به بیانووی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و له‌ناوبردنی، یارمه‌تیی پێشكه‌ش به‌و هێزه ده‌كرد. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا توركیا ئاماده‌ییی خۆی پیشان دا بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ر سیناریۆیه‌ك كه بۆ ڕێگریكردن له‌و پلانه ئه‌مریكییه به گونجاوی بزانێت. نیگه‌رانییه‌كانی توركیا سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه زیاتر بوو، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، "تیله‌رسۆن"، له وتارێكیدا له زانكۆی "ستانفۆرد"، باسی له‌وه كرد كه ستراتیژیی ئه‌مریكا له سووریا بریتییه له یارمه‌تیدان و پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی دژ به داعش به‌گشتی و، هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌تایبه‌تی. نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت، كه هه‌ر دوو وڵات له‌م ستراتیژییه‌ی ئه‌مریكا نیگه‌ران بوون و، هه‌ر دوو لا پێیان وا بوو كه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سووریا دابه‌ش بكات. بۆیه زۆر به‌ڕوونی و ئاشكرایی دیاره، كه ئه‌گه‌ر توركیا گڵۆپی سه‌وزی له لایه‌ن ڕووسیاوه بۆ پێ نه‌كرایه، ئه‌وا نه‌یده‌توانی وا به‌ئاسانی پرۆسه‌ی سه‌ربازی دژ به عه‌فرین ده‌ست پێ بكات.
نیشاندانی ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیا بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازیی توركیا بۆ عه‌فرین، بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه:
- یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل پێشنیاری ڕووسیایان ڕه‌ت كرده‌وه، كه ڕای گه‌یاندبوو پێویسته عه‌فرین ته‌سلیم به هێزه‌كانی ڕژێمی ئه‌سه‌د بكرێته‌وه.
- ڕووسیا پێی وا بوو كه هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل، ئه‌جێندای ئه‌مریكی له ناوچه‌كه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
- هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنێك له نێوان حكوومه‌تی سووریا و توركیا دروست بوو، به‌وه‌ی به چوونه‌ناوه‌وه‌ی توركیا بۆ عه‌فرین، ڕژێمی ئه‌سه‌د ده‌توانێت به‌ئاسانی هه‌ندێك ناوچه له ئێد‌لب كۆنترۆڵ بكات و، توركیا لێی بكشێته‌وه.
- ئه‌م هه‌نگاوه بۆ ڕووسیا گرنگ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت دووباره په‌یوه‌ندییه سیاسی و عه‌سكه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا دابڕێژێته‌وه؛ خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌یه‌كی نوێیش بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا بكات.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی:
پرۆسه‌كه سه‌ره‌تا به بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سه‌ر هه‌ندێك ناوچه كه هێزه‌كانی پاراستنی گه‌لی تێدا بوو ده‌ستی پێ كرد، كه 108 ئامانجی سه‌ربازیی پێكا بوو و، پاشان هێزه‌كانی توركیا له چه‌ندین میحوه‌ری جیاوازه‌وه هێرشیان كرده سه‌ر عه‌فرین.
سه‌ره‌تا "ئه‌ردۆغان" ڕای گه‌یاند كه ئه‌م پرۆسه‌یه به چوار قۆناغ ده‌ست پێ ده‌كات؛ ئامانج لێی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی دابڕێنراو (په‌راوێز)ه به قووڵاییی 25-30 كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكی سووریا. ژماره‌ی ئه‌و هێزانه‌یش كه به‌شداریی پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن 20-25 هه‌زار كه‌س ده‌بێت. له به‌رامبه‌ریشدا به‌پێی سه‌رچاوه ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی توركیا، هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ژماره‌یان بۆ 8-10 هه‌زار كه‌س ده‌بێت كه به‌زۆری له ناوچه‌كانی "ڕۆژاوای ئه‌عزاز"، "جه‌نده‌ریس"، "بلبل"، "شیخ حه‌دید" و "ته‌ل ڕه‌فعه‌ت" بڵاوه‌یان پێ كراوه. له ڕۆژی پێنجه‌می پرۆسه‌كه، سوپای توركیا پرۆسه‌كه‌ی فراوانتر كرد و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تره‌وه هێزێكی زۆرتری جووڵاند وه‌ك: میحوه‌ری ڕۆژهه‌ڵات لای ئه‌عزازه‌وه و، میحوه‌ری باكوور له شاری كلیس و، میحوه‌ری ڕۆژاوا له شاری هاتای و، میحوه‌ری باشوور، ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی كه‌میش بوو؛ هه‌روه‌ها میحوه‌ری ئێد‌لب، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه چوونه ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا بۆ ئێد‌لب، بۆ كونترۆڵكردنی عه‌فرین بوو.
له ڕووی سه‌ربازییه‌وه له‌به‌ر گه‌وره‌ییی هێز و نابه‌رامبه‌ریی هێز له ڕووی توانای مرۆیی و جۆر و چه‌ندێتیی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانه‌وه، توركیا ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیی عه‌فرین، كه ناوچه‌یه‌كی شاخاویی سه‌ختته و، سووربوونی "شه‌ڕڤانان" له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپای توركیا تا مردن، ئه‌مانه ده‌توانێت ئاسته‌نگی گه‌وره بن له به‌رده‌م سوپای توركیا؛ به جۆرێك سوپای توركیا له سه‌ره‌تاكانی ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه تووشی شۆك بوون و، قوربانیی چاوه‌ڕواننه‌كراویان هه‌بوو. له به‌رامبه‌ردا جگه له‌مه، توركیا ترسی له‌وه‌یش هه‌بوو، پارتی كرێكارانی كوردستان جه‌نگه‌كه بگوازنه‌وه ناوخۆی توركیا و له شاره‌كانی توركیا كار و چالاكی ئه‌نجام بده‌ن و، نیگه‌رانییه‌كی تری توركیا كه ده‌بێت هه‌میشه حسابی بۆ بكات، ئه‌و هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییانه‌یه كه له ڕووی سیاسییه‌وه دوای پرۆسه‌كه دێته ئاراوه.