دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسته‌نگه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان
عەدنان مەجید محەمەد/ ماستەر لە زانستە سیاسییەکان، پسپۆر لە سیستەمى سیاسی و په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی
سه‌ره‌تا
هه‌میشه دادپه‌روه‌ری و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی جێگه‌ی قسه و باس و مشتومڕێكی زۆر بووه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا و، به فاكته‌رێكی گرنگی و پێشكه‌وتوویی و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له كۆمه‌ڵگه‌دا دانراوه. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه: ئایا ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستاندا چین؟
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: چه‌مكی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی:
له ڕووی مێژوویی، فه‌لسه‌فی، ئایینی، ئابووری و سیاسییه‌وه پێناسه‌ی جیاواز بۆ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی كراوه، به‌ڵام ئێمه ئاماژه بۆ چه‌ند پێناسه‌یه‌ك بۆ چه‌مكی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ین به شێوه‌یه‌كی گشتی. دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه ده‌كرێت به‌وه‌ی كه بریتییه له سیسته‌مێك كه یه‌كسانی له نێوان تاكه‌كان دروست ده‌كات، بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌لی كاركردن، دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامان، مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، هه‌لی فێربوون و چاودێریی ته‌ندروستی؛ هه‌روه‌ها هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ڕه‌گه‌ز، ئایین، نه‌ته‌وه، ڕه‌گوڕیشه، ئاستی ئابووری و حزب و بنه‌ماڵه به‌یه‌كسانی چێژ له ژیانێكی پڕ‌شكۆ و شه‌ڕه‌فمه‌ندانه وه‌رده‌گرن.
له لایه‌كی تره‌وه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێناسه كراوه به‌وه‌ی بریتییه له جێبه‌جێكردنی چه‌ندین ڕێكار كه یارمه‌تیی خه‌ڵك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به مافه‌كانی خۆیان بگه‌ن و، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی یارمه‌تیی تاك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی مافی خۆی له كۆی گشتیی به‌رهه‌می وڵات وه‌ربگرێت و توانای ده‌ڕبڕینی ڕای خۆی به شیوه‌یه‌كی ئازادانه هه‌بێت و، هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست بتوانێت له چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شدار بێت و، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی له نێوان چینەکان.
هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووف "جۆن ڕاوڵز" له شاكاره مه‌زنه‌كه‌ی به ناوی Theory of Justice پێناسه‌ی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات و، پێی وایه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی یریتییه له‌وه‌ی كه هه‌موو تاكه‌كان بتوانن به شێوه‌یه‌كی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و یه‌كسان چێژ له ژیانێكی شه‌ڕه‌فمه‌ندانه وه‌ربگرن. ئه‌مه‌یش یارمه‌تیی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه ده‌دات له كۆمه‌ڵگه‌دا و، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌های "ئازادی" یه‌كێكه له گرنگترین پێكهێنه‌ره‌كانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ چونكه ئازادی مافێكی سه‌ره‌كییه له مافه‌كانی مرۆڤ و، له حاڵه‌تی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤدا داداپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رجه‌سته نابێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوانگه‌كانی "جۆن ڕاوڵز" به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌رباره‌ی دادپه‌روه‌ری، پشتی به هزری فه‌یله‌سووفه‌كانی پێش خۆی وه‌ك: "جۆن ستیوارت میل" و "جێرمی بێنتام" به‌ستووه. بۆیه ڕاوڵز ده‌ڵێت دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر دوو ستوونی سه‌ره‌كی ڕاده‌وه‌ستێت:
یه‌كه‌م: به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كسانی له نێوان خه‌ڵك.
دووه‌م: ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ.
ته‌وه‌ری دووه‌م: ڕه‌گه‌زه‌كانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی:
هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پشت به چه‌ند ڕه‌گه‌ز و پێكهێنه‌رێك ده‌به‌ستێت كه كۆی گشتیی پرۆسه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن؛ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییش چه‌ندین ڕه‌گه‌زی هه‌یه كه له خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین:
1_ یه‌كسانی و نه‌بوونی جیاكاری: پره‌نسپی یه‌كسانی و نه‌بوونی جیاكاری، گرنگترین به‌شی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی پێك ده‌هێنن. زۆر جار باس له دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت وه‌ك چه‌مكێكی هاوواتای یه‌كسانی، به‌ڵام دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی به مانای یه‌كسانیی ڕه‌ها له نێوان تاكه‌كان نایه‌ت، به‌ڵكوو ڕه‌چاوی جیاوازییه تاكه‌كه‌سییه‌كان ده‌كرێت؛ بۆ نموونه ڕه‌خساندنی هه‌لی كارێكی باش بۆ هه‌موو هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان. ئه‌مه پره‌نسیپێكه كه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێشكه‌شی كارێكی دیاریكراو ده‌كه‌ن وه‌ربگیرێن، چونكه لێره‌دا زیره‌كی و لێهاتوویی و كارامه‌ییی كه‌سه‌كان ده‌بێته پێوه‌ر، نه‌ك به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان هه‌موو ئه‌و كه‌سانه وه‌ربگیرێن كه فۆرمیان بۆ ئه‌و كاره پێشكه‌ش كردووه؛ به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌ز، ئایین، ڕه‌گوڕیشه، بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ت جیاكاری بكرێت.
2_ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه: دادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی به‌رهه‌م و خێروبێری وڵات، فاكته‌رێكی گرنگی سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه، كه وا ده‌كات تاكه‌كان ئینتمایان بۆ وڵات و نیشتمانی خۆیان هه‌بێت؛ به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر داهاتی وڵات قۆرخ بكرێت بۆ گرووپێك، یان چه‌ند گرووپێك و لایه‌نێك و حزبێكی دیاریكراو، ئه‌وا ناسه‌قامگیریی سیاسی ڕوو ده‌دات و ئینتما و خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان و وڵات نامێنێ. بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه، پێویستی به چاكسازییه له سێكته‌ری ئابووری و ڕێكخستنی باج و سه‌رانه و كرێ و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی گشتی بۆ هاووڵاتیان.
3_ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (Social Security): ئه‌م خاڵه‌یش خاڵێكی گرنگه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه. بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، داهاتی خانه‌نشینی و چاودێریی ته‌ندروستی و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دڵنیاییی ئاسایشی ئابووری بۆ تاكه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و به‌بێ جیاوازی، كه گرنگترین ئامانجه‌كانیشی بریتین له:
_ چاره‌سه‌ركردنی دڵه‌ڕاوكێ و نادڵنیاییی تاكه‌كان ده‌رباره‌ی داهاتووی داهات و بژێوی ژیانی خۆیان له كۆمه‌ڵگه‌دا.
_ كه‌مكردنه‌وه‌ی نایه‌كسانی و جیاكاری.
_ یارمه‌تیدانی ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگه كه پێویستیان پێیه و، به‌پێی یاسا مافی ئه‌و یارمه‌تیدانه‌یان بۆ دیاری كراوه.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان:
ڕه‌نگه قسه‌كردن له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كورستان به‌م هه‌موو قه‌یرانه‌وه شتێكی سه‌یر بێت و، له‌م فه‌زایه بۆشایییه‌ك بۆ دادپه‌روه‌ری و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌مابێت. له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له حاڵه‌تێكی باش نین و گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆری سیاسی و ئایووری هه‌یه. نایه‌كسانی و جیاكارییه‌كی زۆر باڵی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا كێشاوه. جیاكاری له نێوان خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای "حزبحزبێنه" و "خزمخزمێنه" و "مه‌حسوبییه‌ت" هه‌یه؛ فرسه‌تی هه‌لی كاركردن بۆ هه‌موو تاكه‌كان به شێوه‌ی یه‌كسان نییه؛ ئه‌گه‌ر سه‌ر به حزبێكی دیاریكراو بی، یان واسیته‌یه‌كت هه‌بێت، ئه‌وا به‌بێ ڕه‌چاوكردنی توانا و كارامه‌ییی تاك، له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت داده‌مه‌زرێیت. ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نیا بۆ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ڕاست نییه، بۆ نموونه هه‌ندێك حزب كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته، ڕه‌فزی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌كات كه له ده‌سه‌ڵاتدان و، هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی ئه‌وان نه‌بێت ئه‌وا به شێوه‌یه‌كی ته‌واو ڕه‌فزی ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌یش جۆرێكه له جیاكاری و قبووڵنه‌كردنی ڕای جیاواز و ڕای به‌رامبه‌ر.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان مافه‌كانی مرۆڤ پرسیاری گه‌وره له‌سه‌ره؛ ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ دژ به جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌روه‌ها سیسته‌مێكی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاودێریی ته‌ندروستی له هه‌رێمی كوردستان بوونی نییه. هه‌روه‌ها له بواری په‌روه‌رده و فێركردنیشدا نایه‌كسانی و جیاكاریی زۆر هه‌یه. بۆ نموونه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توانای داراییی باشیان هه‌یه، مناڵه‌كانی خۆیان ده‌به‌نه باشترین قوتابخانه‌ی تایبه‌ت و باشترین مامۆستای تایبه‌تیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه لایه‌نی دارایی‌یان باش نییه، ناچارن مناڵه‌كانیان له قوتابخانه حكوومییه‌كان بهێڵنه‌وه و، له قوتابخانه‌یه‌ك وانه بخوێنن كه نزیكه‌ی چل قوتابی، یان زیاتر له پۆلێكدا ده‌خوێنن. ئه‌مه‌یش جیاكارییه‌كی گه‌وره‌یه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردندا. كه‌واته هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان له ڕێژه‌یه‌كی زۆر خراپدایه. بێ گومان نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تییش فاكته‌ریكی سه‌ره‌كیی ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه له هه‌رێمی كوردستان.
كه‌واته چه‌ندین ئاسته‌نگ و گرفتی گه‌وره له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، كه ده‌توانین ئاماژه به هه‌ندێكیان بكه‌ین:
1_ گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئابووری.
2_ جیاكاری له نێوان تاكه‌كان.
3_ جیانه‌كردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و حزب.
4_ زیادبوونی ڕێژه‌ی بیكاری و هه‌ژاری.
5_ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی گشتی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان.
6_ نه‌بوونی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاودێریی ته‌ندروستی.
ئێستا پاش ئه‌وه‌ی واقعی هه‌رێمی كوردستان‌مان ده‌رباره‌ی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی باس كرد و، باس له گرنگترین ئاسته‌نگه‌كان كرا، پێویسته بزانین گرنگترین ئه‌و هه‌نگاوانه چین كه‌وا ده‌كات دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌دا جێبه‌جێ بكرێت و به‌هێز بكرێت:
1_ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
2_ چاكسازی له بونیادی سیسته‌می ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
3- دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامان و به‌رهه‌می وڵات به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له نێوان هاووڵاتیان.
4_ یه‌كسانی له په‌روه‌رده و فێركردن.
5_ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار له نێوان تاكه‌كان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ڕه‌گه‌ز و ئایین و نه‌ته‌وه و حزب و ڕه‌گوڕیشه.
6_ خستنه‌پێشه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و حزبی.
7_ ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ.
8- ڕه‌خساندنی ژیانێكی شه‌ڕه‌فمه‌ندانه و پڕ‌شكۆ بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه.
9- زیادكردنی خزمه‌تگوزاریی گشتی.
10- فراوانتركردنی ئازادییه گشتییه‌كان.