ڕاى گشتى، يان ڕاى حزب؟

عەدنان مەجيد محەمەد/ ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سياسييه‌كان

سه‌ره‌تا

له‌ هه‌موو کۆمەڵگەيه‌ك و ده‌وڵه‌تێكى مۆدێرن ڕای گشتى و هۆشياریى سياسى، كاريگه‌رييه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وى ژيانى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ کۆمەڵگەدا. له‌ کۆمەڵگە ديموكراسييه‌كاندا هه‌ميشه‌ ڕای گشتى، فاكته‌رێكى كاريگه‌ر بووه‌ له‌سه‌ر دروستكردنى يڕيار. بۆيه‌ ڕای گشتی له‌ کۆمەڵگە هاوچه‌رخه‌كاندا، هه‌ميشه‌ بۆته‌ هۆى گۆڕانكارى و گه‌شه‌سه‌ندنى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى.

پێناسه‌ى ڕاى گشتى

له‌ پێناسه‌يه‌كى گشتگيردا ڕاى گشتى به‌ كۆمه‌ڵێك له‌ بير و بۆچوونى شه‌عبى و گشتى ناوزه‌د كراوه‌، كه‌  له ‌لايه‌ن ئه‌و تاكانه‌ى كه‌ له‌ کۆمەڵگەيه‌كى هاوبه‌شدا ده‌ژین، ده‌رده‌چێت. هه‌روه‌ها ڕاى گشتى به‌ كۆمه‌ڵێك بيروباوه‌ڕى گشتى له‌ ژينگه‌يه‌كى دياريكراودا پێناسه ‌كراوه‌ و،‌ ئه‌م بيروباوه‌ڕه‌ له‌ لايه‌ن زۆربه‌ى هاووڵاتييان يان به‌شێكى زۆر له‌ خه‌ڵك په‌سه‌ند كراوه‌ و قبووڵ كراوه‌. هه‌روه‌ك باس كرا، ڕاى گشتى ڕه‌گه‌زێكى كاريگه‌ره‌ له‌سه‌ر كۆى گشتیى ژيانى تاك له‌ کۆمەڵگەدا، چونكه‌ ده‌ربڕينێكى ڕوون و ئاشكرايه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێكى دياريكراو، چ بۆ پشتگيريكردنى بابه‌تێك يان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بێت به‌ شێوه‌ى ڕایه‌كى گشتى و به‌كۆمه‌ڵ.

ڕه‌گه‌زه‌كانى ڕاى گشتى

به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى، ڕاى گشتى چه‌ند ڕه‌گه‌زێكى گرنگى هه‌يه‌ له‌وانه‌:

١- تاكه‌كان: ئه‌مه‌ گرنگترين ڕه‌گه‌زه‌ كه‌ ڕاى گشتیى له‌سه‌ر بنيات ده‌نرێت. ڕاى گشتى ئه‌گه‌ر هه‌ر شێوازێكى هه‌بێت، ڕاسته‌وخۆ په‌يوه‌سته‌ به‌تاك و ژيانى گشتیى تاكه‌وه‌.

٢- ڕایه‌كى هاوبه‌ش: بريتييه‌ له‌ ڕێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌موو تاكه‌كان له‌سه‌ر ڕایه‌كى گشتى و هاوبه‌ش، كه‌ به‌رگریی لێ ده‌كه‌ن و بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه‌.

٣- بيروباوه‌ڕ و ئاراسته‌كان: گرنگترين فاكته‌ره،‌ كه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ ڕاى گشتييه‌وه‌ و ستوونێكى گرنگه‌ له‌ پێكهێنانى ڕاى گشتى. به‌بێ بيروباوه‌ڕ و ئاراسته‌يه‌كى هاوبه‌ش، ڕاى گشتى دروست نابێت.

٤- جێبه‌جێكردنى پراكتيكى: ئه‌و بيروباوه‌ڕ و ڕایه‌ هاوبه‌شه‌ى تاكه‌كان كاتێك كاريگه‌رى و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت، كه‌ له ‌واقعدا جێبه‌جێ بكرێت. كه‌واته‌ ڕای گشتى ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى واقعى بێت، نه‌ك شتێكى خه‌ياڵى و تواناى جێبه‌جێكردنى له ‌واقعدا نه‌بێت.

جۆره‌كانى ڕاى گشتى

يه‌كه‌م: ڕاى گشتیى هه‌ڕه‌مه‌كى: ئه‌م ڕایه‌ گشتييه‌ له‌ نێوان هاووڵاتيان دروست ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ پلان و به‌رنامه‌يه‌كى بۆداڕێژراوى له‌ پێشووتردا هه‌بێت؛ ته‌نیا جۆرێك له‌ گونجانه‌ له‌ نێوان تاكه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى سروشتى. به‌ هۆى هه‌بوونى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌و تاكانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕایه‌ گشتييه‌ هه‌ڕه‌مه‌كييه‌وه‌، كاريگه‌ریى ئه‌م جۆره‌ ڕایه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى دياريكراو به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى تاكه‌كان هه‌ست به‌ كاريگه‌رييه‌كه‌ى بكه‌ن.

دووه‌م: ڕاى گشتیى كاريگه‌ر: ئه‌م ڕایه‌ گشتييه‌ زۆر كاريگه‌ره‌، كه‌ په‌يوه‌سته‌ به ‌به‌شێكى زۆر له‌ هاووڵاتيانه‌وه‌ و،‌ هه‌روه‌ها به‌ربڵاوترين جۆرى ڕاى گشتييه‌ له‌نێو کۆمەڵگەكاندا. هه‌ميشه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕای گشتييه،‌ بووه‌ته‌ هۆى به‌ده‌ستهێنانى زۆرترين ئامانج و داخوازیى هاووڵاتييان له‌ کۆمەڵگەدا.

سێێه‌م: ڕاى گشتیى كاتى: ئه‌م ڕایه‌ له‌ نێوان هاووڵاتياندا دروست ده‌بێت، كه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ ڕووداوێك يان شتێكى دياريكراو و به‌ كۆتايیهاتنى ڕووداوه‌كه، ‌كۆتايی دێت‌.

ڕاى گشتى يان ڕاى حزب؟

لەسەر بنەمای ئه‌و پێشه‌كييه‌ى سه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاى گشتى، له‌م ته‌وه‌ره‌دا پێم باشه‌ باسی واقعی هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، كه‌ ئايا له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕاى گشتيمان هه‌يه‌ كه‌ دوور بێت له‌ ڕاى حزب و به‌رژوه‌ندیى حزبى؟ هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌زانين كه‌ حزب فاكته‌رێكى گرنگه‌ له‌ جووڵاندنى ڕاى گشتى له‌ کۆمەڵگەدا له‌ پاڵ ميديا و دامه‌زراوه‌كانى تر، به‌ڵام پرسياره‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئايا ڕاى گشتيمان هه‌يه‌ له‌ كوردستان كه‌ كاريگه‌رى بكاته‌ سه‌ر ڕووداوه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى کۆمەڵگە و بگره‌ خودى حزب و ميديایش؟ بێ گومان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره‌ جۆرێك له‌ ئاڵۆزیی تێدايه‌ كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى ئاسان و ساده‌ نييه‌. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره‌، ده‌بێت پرسيارێكى جه‌وهه‌ريتر بكه‌ين؛ بۆ نموونه‌ له‌ ئێستادا به‌هاى هاوبه‌ش و ناسنامه‌ى نیشتمانیى هاوبه‌ش هه‌يه‌ له‌ نێوان تاكه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ له‌ به‌هاى حزبی و هه‌رێمى و ناوچه‌يی فراوانتر بێت؟ هه‌موومان واقعه‌كه‌ ده‌بينين كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ كوردستان ئه‌و ناسنامه‌ هاوبه‌شه‌ نييه‌ و،‌ ئه‌و به‌ها هاوبه‌شه‌ نييه‌ كه‌ تاكه‌كان له‌سه‌رى ڕێك كه‌وتبن. كه‌واته‌ زۆر به‌ساده‌يی ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕاى گشتى نييه‌، كه‌ هه‌ڵقووڵاوى بير و هزر و هۆشياریى سياسیى تاكه‌كان بێت؛ ته‌نیا ڕاى حزبی،  بوونى هه‌يه‌.

بۆ نموونه‌ له‌ كوردستان زۆر ڕووداوى گه‌وره‌ ڕووى داوه‌ كه‌ په‌يوه‌ست بووه‌ به‌ چاره‌نووسی هه‌موو هاونیشتمانييه‌كه‌وه‌، به‌ڵام نه‌مانبينى ڕایه‌كى گشتى به‌ شێوه‌يه‌كى خۆڕسك، كه‌ به‌ره‌نجامى هۆشيارى و بيركردنه‌وه‌ بێت، بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن يان گۆڕينى ئه‌و واقعه‌ى كه‌ هه‌بووه، دروست بێت‌. ڕوونتر بڵێم، كاتێك بڕيارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ده‌درێت، كه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ گوزه‌ران و ژيانى هه‌موو تاكێكه‌وه،‌ نابينى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕایه‌كى گشتى و گشتگير دروست بێت كه‌ ڕایه‌كى كاريگه‌ر بێت و گۆڕانكارى دروست بكات و بڕياره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه. يان له‌ سه‌فقه‌يه‌كى گوماناوى له‌ "شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر"دا كه‌ركووك به‌ساده‌یی ڕاده‌ست ده‌كرێت، نه‌مانبينى ڕایه‌كى گشتى دروست بێت و ئيدانه‌ى ئه‌و كاره‌ بكات؛ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ندامانى چه‌ند حزبێك دژى حزبێك جۆرێك نيگه‌رانيیان ده‌ڕبرى، به‌ڵام به‌بێ كاريگه‌رى. يان پێشتر په‌رله‌مان له‌كار خرا، ڕایه‌كى گشتیى هاوبه‌شمان نه‌بينى، به‌ حزب بڵێ بۆ ده‌بێت په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ شه‌رعييه‌كان له‌ژێر هێژموونى حزبدا بن. ئێستایش له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك لێره‌ و له‌وێ، كێشه‌ بۆ دروستكردنى كابينه‌ى نوێ دروست ده‌كرێت و، هه‌ڕه‌شه‌ی دووئيداره‌یی ده‌كرێت، هيچ ڕایه‌كى گشتى و هۆشيارييه‌كى گشتى نييه‌ به‌ره‌نگارى ئه‌مه‌ ببێته‌وه‌ و بڵێت ئه‌وه‌ هێڵى سووره‌ و په‌يوه‌ندیى به‌ ژيانى تاك به ‌تاكى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌يه‌وه‌ هه‌يه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستم له‌ ڕایه‌كى گشتى ئه‌وه‌يه‌ كه،‌ هه‌موو تاكه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بن كه ناسنامه‌ى نیشتمانى و به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانى هێڵى سوورن و، نابێت ڕێگه‌ به‌ هيچ لايه‌نێك بدرێت بيبه‌زێنێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌يه‌ ڕاى حزب هه‌يه‌ له‌ كوردستان و ڕاى گشتى نييه‌، چونكه‌ کۆمەڵگە له‌ حاڵه‌تێكى لێكترازاودایه‌‌ و حزب هێژموونى به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌يه‌ و دامه‌زراوه‌ و ده‌وڵه‌ت زۆر لاوازن؛ هه‌روه‌ها هۆشياریى سياسى و كه‌لتووری سياسى له‌ نێوان تاكه‌كان، نه‌گه‌يشتووه‌ به‌وه‌ى كه‌ بتوانن ڕایه‌كی گشتى و هاوبه‌ش و نیشتمانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ڕا و ڕوئيای حزب دروست بكه‌ن. له‌ ڕاستيدا ئه‌مه‌یش كاره‌ساتێكى گه‌وره‌يه‌، هه‌روه‌ك "فۆكۆياما" له‌ زانكۆى كوردستان له‌ شارى هه‌ولێر باسى له‌وه ‌كرد كه‌ گه‌وره‌ترين مه‌ترسى له‌ پێش پرۆسه‌ى ده‌وڵه‌تسازى و نیشتمانسازى، نه‌بوونى ناسنامه‌يه‌كى هاوبه‌ش و نیشتمانييه‌ له‌ نێوان تاكه‌كاندا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples