بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە متمانە و سیسته‌مى سیاسى و مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
متمانە وەکوو ڕەهەندى سەرەکیى سەرکەوتن و پێشکەوتنى کارى پێکەوەییى گرووپەکان و سیسته‌مەکان، بووه‌تە جێگەى بایەخى زۆرى لێکۆڵینەوەکان. بۆ نموونە لە بوارى سیاسى، متمانه‌ی سیاسیی به‌رز به بناغه‌ی دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی دیموكراسی و سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت، چونكه بونیادنانی پڕۆسه‌ى سیاسى له وڵات، به گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌و هێزە سیاسییه‌وه ده‌بێ كه گه‌وره‌ترین متمانه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ست دێنێ. له لایه‌كی تره‌وه، به‌بێ مانه‌وه‌ی ئه‌م متمانه‌یه و پشتیوانیی هاووڵاتیان، ده‌سه‌ڵات ناتوانێت له ئه‌دای حوكمڕانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه به‌ڕێوه‌بردنى وڵات پڕۆسه‌يه‌كى هه‌ماهه‌نگى تەواوكارييه له نێوان سیسته‌مى حوکمڕان و هاووڵاتيان. به‌هۆى بوونى په‌يوه‌ندیى به‌هێز له نێوان متمانه‌ى سياسى و سیسته‌مى سياسى و كاريگه‌ریى هه‌ر يه‌كه‌يان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تر، هەوڵ دەدەین لە خوارەوە بەکورتى باس لە زاراوە، چەمک، جۆرەکان، ڕەهەندەکانى متمانەى سیاسى و ئەو تیۆرانە بکەین کە بە شێوەیەکى قووڵ بایەخیان بە متمانەى سیاسى داوە.
یەکەم: لە ڕووى زاراوە و چەمکەوە
دەتوانین ڕەگى زاراوەکە بگەڕێنینەوە بۆ زمانى عەرەبى و زمانى فارسی کە لەوێوە هاتۆتە سەر زمانى کوردان، چونکە نزیکە لە "مطمئنە"ى عەرەبى و "مطمئنا- موتمەئیننەن"ى فارسى و "فەرهەنگى هەمبانە بۆرینە"یش دەیگەڕێنێتەوە بۆ زاراوە فارسییه‌کە. دواتر وردە وردە لەناو کوردان بۆتە "متمانە". له‌ناو كورددا ئه‌م زاراوه‌يه ئاماژه‌يه بۆ دڵنيابوون، بڕوا و باوه‌ڕبوون به كه‌سێك يان لايه‌نێك.
لە ڕووى چەمکەوە، متمانه‌ى سياسى پێناسه ده‌كرێت به هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێسته ئه‌رێنى و نه‌رێنيیانه‌ى بۆ حكوومه‌ت دەردەبڕدرێت. يان هه‌ڵوێستێكه بونياد ده‌نرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و پێشبينيیانه‌ى به‌رامبه‌ر كرداره‌كانى حكوومه‌ت هه‌يه. بە لاى توێژەران، متمانه‌ى سياسى هه‌ڵسه‌نگاندنێكه له باوه‌ڕى خه‌ڵك بۆ چۆنێتیی ئيشكردنى حكوومه‌ت يان ئه‌و نمره‌يه‌يه كه له چاوه‌ڕوانى خه‌ڵك ده‌رده‌چێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌رهاوێشتانه‌ى حكوومه‌ت و به شێوه‌يه‌كى ماتماتيكيیانه ڕێژه‌ى چاوه‌ڕوانى له ئه‌داى حكوومه‌ت ده‌گرێته‌وه به‌هۆى ئه‌زموونيیه‌وه. به مانايه‌كى تر، متمانه‌ى سياسى، حوكمدانى هاووڵاتيانه به‌رامبه‌ر به سیسته‌مى سياسى، به‌و پێيه‌ى كه سیسته‌م ئامرازێكى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌يه و به‌به‌رده‌وامى كار بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه ڕه‌وا‌كانى هاووڵاتيان ده‌كات. واته متمانه‌ى سياسى، هه‌ستى گشتیى خه‌ڵكه به‌رامبه‌ر به سياسه‌تى وڵات.
به‌گشتى ده‌توانين بڵێين متمانه‌ى سياسى گه‌ڵاڵه‌يه‌كه له ڕێژه‌ى باوه‌ڕى تاكه‌كان بۆ ئه‌دا و پێشينه‌ى كه‌سايه‌تى و دامه‌زراوه‌ى سياسى له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات به پێوه‌رى هێنانه‌دیى به‌ڵێنه‌كان، دادپه‌روه‌رى، پابه‌ندبوون به بنه‌ما ڕه‌وشتی، كه‌لتووری، ئایينی و ياساييیه‌كان.
له لايه‌كى دیكه‌وه، متمانه ته‌نیا تايبه‌ت نیيه به سياسه‌ته‌وه، به‌ڵكوو له‌نێو چه‌ندين پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵگه‌دا بوونى هه‌يه. پڕۆسه‌يه‌كى به‌رده‌وامه له‌نێو ڕێكخراو و گرووپه‌كانى تريشه‌وه. بۆ نموونه، خێزانه‌كان هه‌وڵى بونيادنانى متمانه ده‌ده‌ن له‌لايه‌ن منداڵه‌كانيانه‌وه هه‌روه‌كوو پێشووتر دايك و باوكه‌كه له پرۆسه‌ى خۆشه‌ويستى و دواتر هاوسه‌رگيریدا گرنگيیان به متمانه له نێوان يه‌كتر داوه. به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كان هه‌وڵى ڕاشكاوانه ده‌ده‌ن بۆ دروستكردنى متمانه له‌نێو تيمه‌كانيان بۆ هێنانه‌كايه‌وه‌ى گرووپێكى چالاك. لێكۆڵه‌رانى بوارى به‌بازاڕكردن هه‌وڵى زۆر ده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى كڕياران. لێكۆڵه‌ره ده‌روونیيه‌كان بۆ متمانه‌ى تاكه‌كان. دروستكه‌رانى بڕيارى سياسى، كۆشش ده‌كه‌ن بۆ بونيادنانى متمانه‌ى هاووڵاتيان به دامه‌زراوه‌كانى سیسته‌مى سياسى. توێژه‌رانى ئه‌م بواره متمانه به‌گشتى دابه‌شى دوو به‌ش ده‌كه‌ن: یه‌كه‌م، متمانه به هاووڵاتيان و تاكه‌كان (متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى)؛ دووه‌م، متمانه به دامودەزگه‌ى سياسى (متمانه‌ى سياسى). جياوازیى بنه‌ڕه‌تیى متمانه‌ى سياسى و متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى ئه‌وه‌يه كه، متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى به شێوه‌يه‌كى ئاسۆيیيه و به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكى ئاساييیه؛ وەکوو ئه‌و متمانه‌يه‌ى كه تاك به بنه‌ماڵه و هاوه‌ڵ و دۆستانى ده‌دات، زۆر زياتره له‌وه‌ى بۆ نموونه به سه‌رۆكى وه‌زيرانى ده‌دات، به‌ڵام متمانه‌ى سياسى، ڕووه‌و ستوونييه و به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سياسى و دەزگه‌كانیيه‌تى.
ئه‌مڕۆ متمانه‌ى سياسى، يه‌كێك له هه‌ستيارترين بابه‌ته‌كانى نێو زانستى سياسیيە و توێژه‌ره سياسیيه‌كان هه‌ميشه به‌دواى چاره‌سه‌رى نامۆبوون و بێزاریی خه‌ڵكه‌وه‌ن له سیسته‌مى سياسى؛ بۆيه پێيان وايه بونيادنانى متمانه ده‌توانێت ببێته چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه سیاسییە له وڵات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ندێك له وڵاته‌كان سه‌نته‌رى تايبه‌ت به پێوانه‌ى متمانه‌ى سياسيیان دروست كردووه كه ساڵانه يان چه‌ند ساڵ جارێك متمانه‌ى سياسى له وڵاته‌كانيان ده‌پێون يان زۆر جار له نێوان ساڵه‌كان له‌گه‌ڵ يه‌كتر ياخود وڵاته‌كان له‌گه‌ڵ يه‌كتر به‌راورد ده‌كه‌ن. وه‌كوو ڕووپێوى بارومه‌تریى ئه‌وروپى، ڕووپێوى كۆمه‌ڵايه‌تیى ئه‌وروپى، سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى ڕووپێوى له زانكۆى میشيگان له ئه‌مريكا و ڕووپێوه‌كانى به‌ها جيهانييه‌كان (World Values surveys) و هتد. ئه‌م دەزگه‌يانه هه‌ميشه پرسيار له هاووڵاتيان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ى متمانه‌ى سياسيیان چه‌نده به‌رامبه‌ر به سه‌ركرده سیاسییە‌كان، به‌ر‌پرسانى حكوومى، حزبه سیاسییە‌كان، پۆليس، سه‌رباز، دادگه، په‌روه‌رده، باج و هتد.
دووەم: جۆرەکانى متمانەى سیاسى
لەسەر بنەماى بۆچوونەکانى "دەیڤد ئيستن"، خودى متمانەى سیاسییش دابەشى دوو جۆر دەبێت:
یەکەم: متمانه‌ی تایبه‌ت
متمانه‌ى تايبه‌ت په‌يوه‌سته به‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵاته‌كان چۆن و چى ده‌كه‌ن؟ واته ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته سیاسییە‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌دا‌كه‌يانه، به شێوه‌يه‌ك هه‌ر كات ئەو ئەدایە گۆڕدرا، يه‌كسه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنى هاووڵاتيانيش ده‌گۆڕدرێ. به‌و واتايه‌ى متمانه‌ى تايبه‌ت ڕاسته‌وخۆ په‌يوه‌ندیى به چالاكیى ڕۆژ له دواى ڕۆژى سیسته‌مى سياسى و ده‌سه‌ڵاته‌كانیيه‌وه هه‌يه. تاکەکە بەرژەوەندییەکى کەسیى هەیە لەناو سیسته‌مەکە؛ هەر کات بەرژەوەندییەکەى ڕاگیرا، متمانەکەى نامێنێت.
دووەم: متمانه‌ی گشتى
به‌پێچه‌وانه‌ى متمانه‌ى پێشوو، متمانه‌ى گشتى په‌يوه‌سته به ماناى بكه‌ر و نوێنه‌رانى سيسته‌م، نه‌وه‌كوو كرداره‌كه. ده‌يڤد ئيستن پێى وايه ئه‌م متمانه‌يه ئه‌و كه‌سانه له‌خۆ ده‌گرێت كه په‌سه‌ندى بڕياره‌كان و ده‌رهاوێشته‌كانى سیسته‌م ده‌كه‌ن و گوێڕايه‌ڵن، هه‌رچه‌ند پێچه‌وانه‌ى داواكاریيه‌كانيانيش بێت. ئه‌مه به ماناى ئاره‌زووى گشتى دێت به‌رامبه‌ر به سیسته‌مى سياسى له‌سه‌ر ئاستى ئامانجه‌كان نه‌ك ئه‌دا. متمانه‌ى گشتى ده‌وه‌ستێته سه‌ر هه‌وڵ و كۆششى سیسته‌مى سياسى له په‌روه‌رده‌كردنى هاووڵاتيان له‌سه‌ر بنه‌ما، به‌هاى تايبه‌ت و دڵسۆزى بۆ سیسته‌مه‌كه له ده‌ره‌وه‌ى پشتگيریی ماددى و مه‌عنه‌وی. ئه‌م پشتگيریيه له ده‌ره‌نجامى پێگه‌ياندنى سياسى (التنشئة السياسية) دێته به‌رهه‌م.
ناتوانين ڕيزبه‌ندى ئه‌و پێداويستيیانه بكه‌ين كه به‌هۆيه‌وه متمانه‌ى سياسى زياتر به‌ده‌ست دێت له وڵات، چونكه له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكى تر جياوازه. له هه‌ندێك وڵات له‌وانه‌يه ئينته‌رنێت يان پۆسته ياخود چاودێریى ته‌ندروستى كێشه‌ى گه‌وره بێت، به‌ڵام له هه‌ندێك وڵاتى تر پێداويستیيه سه‌ره‌تایيیه‌كانى وه‌كوو ئاو و ئاوى خاوێن له وڵاتانى ئه‌فريقا يان كاره‌با، ئاو، مووچه، سووته‌مه‌نى، شوێنى نيشته‌جێبوون و...، له هه‌رێمى كوردستان و عێراق له خزمه‌تگوزارييه سه‌ره‌كييه‌كانن كه كاريگه‌ریيان له‌سه‌ر به‌رزى و نزمیى متمانه هه‌يە. لێرەدا پشتگيریى گشتى له سیسته‌مى سياسى كاتێك دروست ده‌بێت، كه هاووڵاتيان هه‌ست بكه‌ن سیسته‌مه‌كه و دەزگه‌كانى، شه‌رعيیه‌تى سياسيیان هه‌يه؛ له‌به‌ر ئه‌وه به لاى ئيستنه‌وه پشتگيریى گشتى له تايبه‌ت گرنگتره.
سێیەم: ڕەهەندەکانى متمانەى سیاسى
کۆمەڵێک فاکتەرى کۆمەڵایەتى ڕۆڵى سەرەکى دەبینن لە هەوێنکردن و ئاراستەکردنى متمانەى سیاسى وەک:
أ- متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى
زۆر له توێژه‌ره‌كانى بوارى متمانه به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌يشتوون كه خودى متمانه‌ى سياسى به‌شێكه له متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌سه‌ر ئاستى گشتى، وه‌كوو ساموێل هانتيگتون، ڕۆناڵد ئينگلهارد و فرانسس فۆكۆياما و هتد. له لايه‌كى تريشه‌وه، توێژينه‌وه‌كان ئه‌وه‌يان سه‌لماندووه كه له بيست و دوو وڵاتى ئه‌وروپى و وڵا‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا په‌يوه‌ندیيه‌كى تۆكمه له نێوان متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و متمانه‌ى سياسیدا هه‌يه. هه‌روه‌ها له توێژينه‌وه‌يه‌كى به‌راوردكارى كه له نێوان هه‌ڤده وڵاتى پێشكه‌وتوو ئەنجام دراوە، ده‌ركه‌وتووه كه متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیى خه‌ڵك كاريگه‌ریى ڕاسته‌وخۆى هه‌يه له‌سه‌ر متمانه‌ى سياسى به دامه‌زراوه سياسییەکانى وه‌كوو پۆليس، سیسته‌مى ياسايى، په‌رله‌مان و خزمه‌تى مه‌ده‌نى. له هه‌رێمى كوردستان ئه‌م متمانه كۆمه‌ڵايه‌تیيه سوودى لێ وه‌رگيراوه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى متمانه‌ى سياسى و، به‌تايبه‌ت له كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان له لايه‌ن حزبه سیاسییە‌كانه‌وه هه‌وڵى جووڵاندنى ئه‌م متمانه كۆمه‌ڵايه‌تيیه ده‌درێت؛ ئينجا بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه، يان ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م كه‌سايه‌تيیانه بۆ په‌رله‌مان و پێگه سیاسییە‌كانى تر.
ب_ سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى
سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، گشتێكه له ته‌واوى تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى، نۆڕمه مه‌ده‌نیيه‌كان و په‌يوه‌نديیه‌كانى متمانه‌يى له‌نێو کۆمەڵێکى دياريكراودا كه له چوارچێوه‌ى پڕۆسه‌ى به‌كۆمه‌ڵايه‌تیبوون و كاره‌كانى ڕێكخراوه‌يیدا، پێكه‌وه ئه‌م متمانه‌يه گه‌شه ده‌كات. به لاى فۆكۆياماوه سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى گرنگيیه‌كى زۆرى هه‌يه، چونكه متمانه‌ى سياسى له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى دروست ده‌بێت؛ هەروەها هه‌ر يه‌ك له گرووپه كۆمه‌ڵايه‌تییەکان به‌شێكن له سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و شێوه‌يه‌كى تايبه‌تى متمانه‌يان هه‌يه له ناوخۆياندا كه كاريگه‌رى له‌سه‌ر كۆى پڕۆسه‌ى متمانه‌ى سياسى به سیسته‌مى سياسى دادەنێت.
ج_ په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى
دەکرێت ڕه‌گى متمانه‌ى سياسى بگه‌ڕێنينه‌وه بۆ په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى. متمانه‌كردن به حكوومه‌ت به‌شێكه له كه‌لتوورى سياسیى په‌يمانى كۆمه‌ڵايه‌تى له نێوان هاووڵاتيان و حوكمداران؛ ئه‌گه‌ر ئه‌داى خراپ هه‌بێت، ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌رى له‌سه‌ر ناسه‌قامگيریى په‌يمانه‌كه دروست ده‌كات.
أ- شه‌رعیيه‌تى سياسى
به‌و پێيه‌ى كه ديموكراسى باش‌ترين فۆڕمى حوكمڕانیيه، پێويسته دامه‌زراوه‌كانى ديموكراسى له وڵات هه‌بێت و خه‌ڵك شه‌رعیيه‌ت به بوونى دامه‌زراوه‌كان وه‌كوو دامه‌زراوه‌ى ديموكراسى بدات. له‌به‌ر ئه‌وه‌يه كه تا ئێستایش، متمانه‌ى سياسى به ئه‌ركى سه‌ره‌كى و سه‌رچاوه‌ى شه‌رعیيه‌تدان به سیسته‌مى سياسى داده‌نرێت. ڕێكخراوى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له ڕاگه‌يه‌نراوى ڤيه‌ننا بۆ "بونيادنانى متمانه به حكوومه‌ت"، شه‌رعیيه‌تى حكوومه‌ت به بنچينه‌ى متمانه‌ى سياسیى هاووڵاتيان به حكوومه‌ته‌كانيان داده‌نێت.
ب_ به‌شداریى سياسى
خراپیى متمانه، ده‌ره‌نجامى نه‌رێنیى له‌سه‌ر به‌شداریى سياسى ده‌بێت. به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى به‌شداریى سياسى، ده‌بێته هۆى نزمبوونه‌وه‌ى نامۆبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ى متمانه‌ى سياسى. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنى ساڵى ١٩٩٢ى هەرێمى کوردستان، کاتێک متمانەى سیاسى بەرز بوو، به‌شداریى سياسى ٨٧% بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠١٨ کاتێک متمانەى سیاسى زۆر دابەزى، بەشداریی سیاسییش کەم بووەوە بۆ ٥٨%.
ج- حوکمڕانیی باش
حوکمڕانیی باش و متمانه‌ى سياسى، دوو فاكته‌رى ته‌واوكه‌رى يه‌كترن؛ به شێوه‌يه‌ك متمانه حوکمڕانیی باش دروست ده‌كات و حوکمڕانیی باش متمانه‌ى به‌رز. بۆيه متمانه‌ى سياسیى به‌رز، به بزوێنه‌رى حكوومه‌تى باش داده‌نرێت.
به‌رژه‌وه‌ندیى ئابوورى، كاريگه‌ریى زۆرى هه‌يه له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندبوونى خه‌ڵك به سیسته‌مى سياسى. ئه‌داى ئابوورى، كاريگه‌ریى له‌سه‌ر ئه‌داى سياسى هه‌يه و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه. هه‌ر كات داهاتى خه‌ڵك باشتر بووبێ و ئه‌داى ئابووریى حكوومه‌ت گۆڕ‌انى ئه‌رێنیى به‌سه‌ردا هاتبێ، ئه‌وا متمانه‌ى سياسى به‌رز بووه‌ته‌وه و، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ڕاسته. خراپبوونى بارودۆخى ئابووریى خه‌ڵك متمانه داده‌به‌زێنێت. بۆ نموونه متمانه‌ى سياسى، په‌يوه‌ندیى به بێكارييه‌وه هه‌يه. كاتێك كه‌سێك بێكار ده‌بێ يان كاره‌كه‌ى له‌ده‌ست ده‌دات، ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌رى له‌سه‌ر ژيان و گوزه‌رانى ده‌كات و، بە‌مه‌یش چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت كه متمانه‌ى به حكوومه‌ت دابه‌زێت.
ميديا ڕۆڵى گه‌وره له بونيادنانى متمانه‌ى سياسى و پشتگيرى، يان به‌پێچه‌وانه‌وه بێزارى له سیسته‌مى سياسى ده‌گێڕێ. به‌تايبه‌تى كاتێك ميدياى ده‌مامكدار كار له‌سه‌ر ئابڕووبردنى لايه‌نى به‌رامبه‌ر ده‌كات يان هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى بايه‌خى لايه‌نه‌كانى تر بدات، ده‌بێته هۆى له‌ده‌ستدانى متمانه به‌و لايه‌نانه. له توێژينه‌وه‌يه‌كى متمانه‌ى سياسى له چين ده‌ركه‌وتووه، كه ميدياى ده‌مامكدار كاريگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر متمانه‌ى سياسیى هاووڵاتيان هه‌بووه. ته‌رخانكردنى كاتێكى زۆر بۆ سه‌يركردنى ته‌له‌ڤزیۆن، تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كان، خوێندنه‌وه‌ى ڕۆژنامه و بواره‌كانى تر‌ى ميديايى، مۆباليزه‌ى متمانه‌ى سياسى ده‌كات و كاريگه‌رى ده‌خاته سه‌ر ڕوانگه‌ى تاك به‌رامبه‌ر به دەزگه‌كان.
چوارەم: تیۆرە سەرەکییەکانى متمانەى سیاسى
بە لای لایەنگرانی تیۆری که‌لتوورییەوە، متمانەی سیاسی درێژکراوەی متمانەی گشتیی تاکەکەسییە، کە زووتر مرۆڤ فێری دەبێ له ژیان. ئەمە درەنگتر بۆ دامەزراوە سیاسییەکان دەگوازرێتەوە. به‌و پێودانگه‌ی كه كه‌لتوور به‌رهه‌می پڕۆسه‌ی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونه و ڕۆڵێكی به‌هێز ده‌گێڕێ له دیاریكردنی ڕه‌فتاری تاك، كه‌واته ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون، تاک فێری ئەوە دەکرێ کە متمانە بکات یان متمانە نەکات بە کەسانی تر، لە ئەنجامی ئەو پڕۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونە لە سێكته‌ره‌كانی خێزان، قوتابخانە، دراوسێکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی تر. ئەم تیۆرە گریمانەی ئەوە دەکات کە، یەکەم متمانەی سیاسی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پشتگیریی گشتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکان. دووەم، متمانەی سیاسی ئاسانکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی بەها و ئایدیا دیموکراسییەکان. سێیەم، گریمانەی ئەوەیش دەکەن کە متمانەی سیاسی، کاریگەریی هەیە لەسەر زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی بەشداریی سیاسی.
٢- تیۆرى دامه‌زراوه‌يى
بەپێچەوانەی ڕوانگەی لایەنگرانی که‌لتووری، تیۆری دامەزراوەیی پێی وایە متمانەی سیاسی بەشێوەیەکی عەقڵانی لەسەر بناغەی کاریگەریی پێشکەوتنەکانی ئەدای دامەزراوەکان لە لای تاکەکان دامەزراوە. توێژەرانی ئەم تیۆرە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە متمانەی سیاسی، دیاردەیەکی فێربوونی تەواوە کە پشت بە مەعریفە دەبەستێت دەربارەی ئەوەی چۆن دامەزراوەکان متمانەیان پێ دەکرێت؛ کە ئەمەیش بە شێوەیەکی قووڵ پەیوەندیی بە ئەزموون و مەعریفەوە هەیە. بە هەمان شێوە هەرچەندە خۆی لەو ڕاستییە لا نادات کە بنەماکانى که‌لتوورى، کۆمەڵایەتی، تەمەن و ڕەگەز کاریگەرییان لەسەر ئایدیای تاک هەیە بۆ بینینی ئەدای حکوومی، بەڵام هەڵسەنگاندنی کاروبارە حكوومییه‌كان دەبەستێتەوە بە ئەدای دامەزراوەکانەوە.
لەسەر ئەو بنەمایانە بەشێک لە لایەنگرانی تیۆری دامەزراوەیی، لە نێوان هەردوو متمانەکە جیاوازی دادەنێن. لەم بارەیەوە، "كينز نيوتن" باوەڕی وایە ڕەسەنایه‌تیی متمانەی کۆمەڵایەتی و متمانەی سیاسی یەک نییە و دوو شتی لەیەکتر جیاوازن و بەرەو دوو ڕێگه‌ی جیاواز ئاراستە دەکرێن. ئەو توێژەرە لەگەڵ ڕای لایەنگرانی که‌لتووریدا نییە و پێى وا نییە کە گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکانى تەمەن، پەروەردە و دابەشبوونی چینەکان پەیوەندیی بە متمانەی سیاسییەوە هەبێت، بەڵکوو ئەم جۆرە متمانەیە ڕاستەوخۆ بەرامبەر سیسته‌می سیاسی بەگشتی دێتە کایەوە. کەواتە، تیۆری که‌لتووری، باوەڕی بە ڕێکخستنێکی سیسته‌ماتیکی هەیە لە دەرەوەی بوارى سیاسی بۆ بڕیاردان لەسەر متمانە، بەڵام تیۆری دامەزراوەيی بەپێچەوانەوە، دروستبوونی متمانە بۆ باوه‌ڕبوونێكی ناوخۆیی لە بۆچوونی تاکەکان بۆ دەزگه‌کان دەگێڕێتەوە؛ بەو مانایەى بە پڕۆسەیەکی یەک بە دوای یەکەوە نەهاتووە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی هەڵسەنگاندنی ئەدایە.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یشدا، به لاى به‌شێك له لايه‌نگرانى تيۆرى دامه‌زراوه‌ييیه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سیسته‌مى سياسى له چه‌ند يه‌كه‌يه‌كى جياواز و بچووك پێك هاتووه، تاكه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌داى يه‌كێك له‌و دەزگه‌يانه، يان كه‌سايه‌تى لێپرسراوه‌كه بڕيار له‌سه‌ر كۆى گشتیى سیسته‌مه‌كه (كۆنتێكست) ده‌ده‌ن. بۆ نموونه له هه‌رێمى كوردستاندا، به‌هۆى نيگه‌رانى له سیسته‌مى مووچه يان خزمه‌تگوزارييه‌كانى وه‌كوو كاره‌با، ئاو، به‌نزين و...، تاكه‌كان بڕيار ده‌ده‌ن كه متمانه به سیسته‌مى سياسى بكه‌ن یان نه‌كه‌ن.
دەکرێت ئه‌م دوو ڕوانگه‌يه تێكهه‌ڵكێش بکرێت بۆ متمانه‌ى سياسى؛ به‌و مانايه‌ى ڕوانگه‌ى عه‌قڵانى له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌عريفى به‌رامبه‌ر به ئه‌داكردن ڕاده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ها بنه‌ماى سۆزدارى (عاطفي) له‌سه‌ر بنه‌ماى نۆڕم و به‌ها كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌دات. واتە متمانەی سیاسی، تێکەڵە بە هەردوو فاکتەری ئەزموونەکانی بەکۆمەڵایەتیبوون لە لای تاکەکان و هەڵسەنگاندنی تاکەکان بۆ ئەداى دامەزراوەکان.
کۆبەند
لە سەردەمى نوێ‌دا بۆ مانەوە، سەقامگیرى و پێشکەوتنى سیسته‌مى سیاسى، بە میکانیزمى جۆراوجۆر بایەخى زۆر بە بەدەستهێنان و بەرزکردنەوەى متمانەى سیاسى دەدرێت، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى متمانەى سیاسى بە سیسته‌مە سیاسییەکان لە وڵاتان لاوازە. تا دێت پێداویستییەکانى تاک و کۆمەڵ زیاد دەبێـت و سیسته‌مە سیاسییەکان تواناى وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیان (Output) کەم دەبێتەوە و، ئەمە جگە لەوەى لە دواى ساڵى ٢٠٠٨ەوە قەیرانى پاشەکشەى دیموکراسى بەردەوامە و دیاردەى گەندەڵى، هەژارى و بێکارى و بایەخدان بە ئاسایشى سەربازى لە جێگەى بوارەکانى تر‌ى ئاسایشى کۆمەڵگە و چەندین کێشەى تر وای کردووە، متمانە بەردەوام لە داکشاندا بێـت. هەر کات متمانەى سیاسى دابەزى، بەشداریی سیاسی دادەبەزێت و ئەمەیش شەرعییەتى حوکمڕانیی ئەم سیسته‌مە سیاسییە دەخاتە ژێر پرسیار.