بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە متمانە و سیسته‌مى سیاسى، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
سيسته‌مى سياسى، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ژينگه کۆمەڵایەتییە‌كه‌يه‌تى؛ بۆیە دابه‌زينى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، ڕاسته‌وخۆ کەمبوونەوەى به‌هاى متمانه‌ى سياسیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه لۆژيك نيیه كه‌سێك متمانه‌ى به هيچ نۆڕم و به‌هايه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى نه‌بێت و متمانه به سيسته‌مى سياسى بكات. لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە هەموو کۆمەڵگەکانى تر متمانەى سیاسى، کاریگەریى لەسەر متمانەى سیاسى دروست کردووە؛ ئه‌مه‌یش بەهۆى بەهێزیى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پێشینەدان بە ئینتیماى هۆزایەتى، خێڵایەتى، عەشیرەتگەرى، ئایین و مەزهەب و کەسایەتیى ئایینى، وەرزشى، هونەرى و...، لە جیاتى مخاتەبەکردن و هەڵسەنگاندنى دامەزراوە فەرمییەکان لەسەر بنەماى ئەداى دامەزراوەکە. بۆ ئەم مەبەستە بەگرنگى دەزانین سەرەتا متمانەى کۆمەڵایەتى بناسێنین و، دواتر پەیوەندیى بە متمانەى سیاسى و کاریگەریى لەسەر ئەم متمانەیە لە هەرێمى کوردستان بخەینە ڕوو.
یەکەم: متمانەى کۆمەڵایەتى چییە؟
متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى بەها و نۆڕمێكى كۆمه‌ڵايه‌تییە كه تاك له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى ڕه‌وشتى، متمانه به كه‌سانى تر ده‌كات. بەگوێرەى تێڕوانینى تیۆرى که‌لتوورى، ئەم متمانەیە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پڕۆسەى بەکۆمەڵایەتیبوون گەشە دەکات و تاک لە ئەنجامى کارلێکى کۆمەڵایەتى و ژینگەى خێزان، هاوڕێ، قوتابخانە و ناوەندەکانى تر‌ى دەوروبەرى، فێرى ئاراستەکردنى متمانە دەبێت. بەو مانایەى کە ئەم ناوەندە کۆمەڵایەتییانە فێرگەى ئەم تاکەن بۆ گەڵاڵەکردنى متمانە؛ ئەمەیش بەپێچەوانەى تیۆرى دامەزراوەیى بۆ متمانەکردنە. ئەم تیۆرە پێى وا نییە کە متمانە لە پڕێک بخرێتە ڕوو، بەڵکوو پێویستیى بە کات هەیە. به لاى "کینز نيۆتن"ه‌وه، متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى زۆر جار به كه‌سه سه‌ركه‌وتووه‌كان له كۆمه‌ڵگه ده‌درێت؛ وه‌كوو ئه‌وانه‌ى داهاتى زۆريان هه‌يه، پێگه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاستى خوێندن، خاوه‌نكار، يان ئه‌وانه‌ى شانازیى نيشتمانيیان هه‌يه ياخود هه‌ر پێگه و پله‌يه‌كى تر. به‌پێچه‌وانه‌وه شكستخواردوو و دۆڕاوه‌كانى كۆمه‌ڵگه متمانه‌يان پێ ناكرێت.
کەسانى متمانەپێکراو لە کۆمەڵگه‌یەکەوە بۆ یەکێکى تر دەگۆڕێن. لە هەرێمى کوردستان مەلا و شێخ، سەرۆک هۆز و عەشیرەت و بنەماڵە، هونەرمەند و گۆرانبیێژ و چەندین کەسایەتیى تر هەن کە متمانەى کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە و ئەمانە دواتر پەیوەست کراون بە متمانەى سیاسى؛ بۆیە پێویستە لەبارەى پەیوەندیى بەهێزى ئەم دوو متمانەیه بدوێین.
دووەم: پەیوەندیى متمانەى کۆمەڵایەتى و متمانەى سیاسى
توێژه‌ره‌كانى بوارى متمانه، وه‌كوو ساموێل هانتينگتۆن، ڕۆناڵد ئينگلهارد و فرانسیس فۆكۆياما و...، به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌يشتوون كه خودى متمانه‌ى سياسى به‌شێكه له متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌سه‌ر ئاستى گشتى. كینز نيۆتن پێى وایە کە هه‌رچه‌نده دوو متمانه‌ى له‌يه‌كتر جياوازن، به‌ڵام تێكهه‌ڵكێشيیه‌ك هه‌يه له نێوان متمانه‌ى سياسى و متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیدا؛ به شێوه‌يه‌ك متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، ئاستى ئاسۆییى متمانه پێك دێنێت و به به‌رزبوونه‌وه‌ى به شێوه‌يه‌كى ستوونى، ده‌بێته متمانه‌ى سياسى.
له لايه‌كى تريشه‌وه، توێژينه‌وه‌كان ئه‌وه‌يان سه‌لماندووه كه له بيست و دوو وڵاتى ئه‌وڕوپى و ولايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا په‌يوه‌ندیيه‌كى تۆكمه له نێوان متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و متمانه‌ى سياسیدا هه‌يه. هه‌روه‌ها له توێژينه‌وه‌يه‌كى به‌راوردكارى له نێوان هه‌ڤده وڵاتى پێشكه‌وتوو ئەنجام دراوە ده‌ركه‌وتووه، كه متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیى خه‌ڵك كاريگه‌ریى ڕاسته‌وخۆى هه‌يه له‌سه‌ر متمانه‌ى سياسى به دامه‌زراوه سياسییەکانى وه‌كوو پۆليس، سيسته‌مى ياسايى، په‌رله‌مان و خزمه‌تى مه‌ده‌نى. داتاكان ئه‌وه نيشان ده‌ده‌ن كه به‌رزترين متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له وڵاته خۆشگوزه‌رانه‌كانى وه‌كوو نۆروێژ، فنله‌ندا، دانيماڕك، سويد و ئايس لانده و، نزمترين متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له به‌ڕازيل، توركيا، ڕۆمانيا و سلۆڤينيايه. له هه‌مان كات، وڵاتانى گرووپى يه‌كه‌م كه متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیى تێدا به‌رزه، به هه‌مان ئاست متمانه‌ى سياسيشى تێدا به‌رزه. كه‌واته، ئه‌وه ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستيیه‌يه كه ناكرێت نكۆڵى له كاريگه‌ریى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌سه‌ر متمانه‌ى سياسى بكرێت. به‌گوێره‌ى توێژينه‌وه‌ى كينز نيۆتن، له كۆى چل و دوو وڵاتى نموونه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ى، له سى وڵات‌دا په‌يوه‌ندیى نێوان متمانه‌ى سياسى و متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى ئه‌رێنیيه و زيادبوونى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌بێته هۆى زيادبوونى متمانه‌ى سياسى. تيۆریسته مۆدێرنه‌كانى وه‌كوو ڤێربه، ئه‌لمۆند و فاينيفتر پشتگيریى ئه‌و بۆچوونه ده‌كه‌ن كه به‌رزبوونه‌وه‌ى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌بێته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌شداریى سياسى، به‌تايبه‌ت ده‌نگدان، كه ئه‌مه‌یش كاريگه‌ریى له‌سه‌ر شه‌رعيیه‌تى سياسى و ديموكراسى هه‌يه.
جیاواز لەم بۆچوونەى سەرەوە، توێژينه‌وه‌يه‌كى زانستى له‌سه‌ر متمانه‌ى سياسى له وڵاتى چين ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه كه متمانه‌ى سياسى، كاريگه‌ریى زیاترى هه‌يه له‌سه‌ر متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، به‌تايبه‌ت له نێوان خه‌ڵكه لادێيه‌كان. ئه‌م توێژه‌رانه ده‌ڵێن به‌پێچه‌وانه‌ى توێژينه‌وه‌كانى تر كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه بونيادى متمانه به دامه‌زاروه‌كان له متمانه کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست ده‌بێت، پێيان وايه جووڵه‌ى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێتیی چينه‌وه‌يه. ده‌ڵێن به‌رزترين پله‌ى متمانه‌ى سياسى، هاوكار ده‌بێت بۆ به‌هێزبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له چين، به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى كه به‌رزیى ئه‌داى ئابوورى، پێشكه‌وتن و باشبوونى گوزه‌رانى خه‌ڵك كه متمانه‌ى سياسى به‌رز ده‌كاته‌وه، دواتر ناڕاسته‌وخۆ متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌رز ده‌بێته‌وه.
سێیەم: چۆنێتیی کاریگەرینواندنى متمانەى کۆمەڵایەتى لەسەر متمانەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان
بەهۆى نامۆییى ئەم چەمکە نوێیانە بە توێژەرى کورد و لێکۆڵینەوەى کەم لە جۆرەکانى متمانە لە هەرێمى کوردستان، سەرچاوەى زانستى یان داتاى مەیدانى لەسەر متمانەى کۆمەڵایەتى و سیاسى، بەردەست نین. لە دوایین ڕاپرسیى ئێمە بۆ متمانەى کۆمەڵایەتى لە هەشت قەزاى هەرێمى کوردستان دەرکەوتووە، کە ڕێک بەقەد متمانەى سیاسى، متمانەى کۆمەڵایەتییش دابەزیوە، چونکە تەنیا (31%)ى خەڵک متمانەى كۆمه‌ڵايه‌تیى هەیە. ئەمە بەڕاستى جێگەى هەڵوەستەلەسەرکردنە، بۆیە ڕێگه‌مان ده‌دات كه به‌دڵنيايیيه‌وه بڵێين لاوازیى متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى له كۆمه‌ڵگه‌ى هەرێمى كوردستان، يه‌كێكه له فاكته‌ره سه‌ره‌كيیه‌كانى دابه‌زين يان لاوازیى متمانه‌ى سیاسی. لە نێوه‌ندی چاوپێکەوتن و وەرگرتنى ڕاى خەڵک دەردەکەوێت، کە تاکەکان پێشتر متمانەیان لە نێوان خۆیاندا بەهێز بووە، بەڵام بەهۆى فراوانبوونى شارەکان و تێکەڵبوونى خەڵکى بیانى و شارە جیاجیاکانى تر لەگەڵ یەکتر، وای کردووە کە بەرە بەرە متمانەى کۆمەڵایەتى کەمتر بێت. لە چەند ڕوویەکەوە متمانەى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان بەستراوەتەوە بە متمانەى سیاسى:
١- سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تیى هەرێمى کوردستان
زیاتر لە هەر کۆمەڵگەیەکى تر، سیسته‌مى سیاسى و که‌لتوورى سیاسیى هەرێمى کوردستان لەژێر کاریگەریى یەکانگیریى کۆمەڵایەتى و کارى پێکەوەییى گرووپەکانى کۆمەڵایەتییە، کە ئەمە وەکوو لەم هێڵکارییەى خوارەوە نیشان دراوە، دواجار دەبنە هێزێک و هەژموونێکى کۆمەڵایەتى بەسەر سیسته‌مى سیاسى، بۆیە توێژەرەکان بە سەرمایەى کۆمەڵایەتى ناوى دەبه‌ن.
لێرەدا متمانه‌ى كه‌سى به‌كار دێت بۆ پشتگيریى گشتیى سيسته‌مى سياسى له‌و چوارچێوه‌ى كه "ڕۆبێرت بوتنام" به سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى (Social Capital) ناوى ده‌بات. بوتنام ئه‌م زاراوه‌ى بۆ ناساندنى كۆمه‌ڵێك به‌هره، توانا و پێگه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، كه خه‌ڵك بۆ گۆڕينه‌وه‌ى هاوكاریى يه‌كتر و كارى پێكه‌وه‌يى به‌شداریى تێدا ده‌كات، به‌كار هێنا. ئه‌و تايبه‌تمه‌نديیانه له سيسته‌مى سياسیى ديموكراسى له چوارچێوه‌ى به‌شداریى مه‌ده‌نى، ڕۆشنبيرى و بواره‌كانى تردا به‌شدار ده‌بنه‌وه. ده‌سته‌بژێر‌ى سياسى دێت بۆ شه‌رعيیه‌تدان به خۆى و ده‌سه‌ڵاتداريێتییه‌كه‌ى، سوود له‌م سه‌رمايه كۆمه‌ڵايه‌تیيه وه‌رده‌گرێت. زیاتریش لەمە، كينز نيۆتن به تيۆرى سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌ناسێنێ و پێى وايه متمانه پێكهاته‌يه‌كى سه‌ره‌كى يان پارچه‌يه‌كه له سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و، سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تيش هه‌روه‌ك چۆن گرنگه بۆ تێكه‌ڵاویى كۆمه‌ڵايه‌تى، ئاوایش كاريگه‌ریى له‌سه‌ر دڵنيايى و پێشكه‌وتنى ئابوورى و سه‌قامگيریى ديموكراسى هه‌يه. نيۆتن له توێژينه‌وه‌يه‌كى له‌گه‌ڵ "پیپە نوريس" ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رمايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى يارمه‌تیده‌ر بێت بۆ دامه‌زراوه حكوومییەکان، ئه‌وا ئه‌داى دامه‌زراوه‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه و هاووڵاتيانيش متمانه‌يان زياتر ده‌بێت؛ به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ڕاسته.
لە هەرێمى کوردستان حزبە سیاسییەکان بەبێ ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە، نە دەتوانن شەرعییەتى سیاسى لە ناوچەکانى ئەم گرووپانە وەرگرن و نەدەتوانن شەرعییەتى هەڵبژاردن بەدەست بێنن. لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکان بە دەیان ملیۆن دۆلار و دیارى دەبەخشنەوە بۆ دووبارە وەرگرتنەوەى متمانەى سیاسى لە ڕێگەى سوودوەرگرتن لەو هەژموون و متمانە کۆمەڵایەتییەى کە بازنەکانى سەرمایەى کۆمەڵایەتى هەیانە. وەکوو لە بازنەکانى هێڵکارییەکە دیارە، کە هەر یەک لەم بازنانەى متمانەى کۆمەڵایەتى خاوەن سنوور، تایبەتمەندیى کۆمەڵایەتى، ڕ‌ۆشنبیرى، عەشایەرى و هەژموونى تایبەتى خۆیەتى. بە شۆڕبوونەوەى حزبە سیاسییەکان بۆ نێو یەکێتییەکانى ئافرەتان، قوتابیان، لاوان، پیشەوەران، ڕێکخراو، سەندیکا و یەکێتییە هەرەوەزییەکان، لەمانەیش گرنگتر هۆز و عەشیرەتەکان و گرووپەکانى تر، دەتوانن مانەوە لە دەسەڵات و بەدەستهێنانى متمانەى دەنگدەر مسۆگەر بکەن.
هەرچەندە پێشکەوتنى تەکنه‌لۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەردەمى گڵۆبالیزەیشن کاریگەرییان نواندووە لەسەر بەستانەوەى ڕاستەوخۆى تاک بە هەڵسەنگاندنى ئەداى دامەزراوەکان لەجیاتى پێدانى متمانە لەسەر بنەماى کۆمەڵایەتى، بەڵام هێشتا هەر حزبە سیاسییەکانى ناوخۆى کوردستان بەتەنیا نا، بەڵکوو فەڕەنساى پێشەنگى عەلمانییەتیش هەست بە گرنگیى ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە دەکەن لە هەرێمى کوردستان؛ بۆیە دواى هەوڵى زۆر کونسڵى گشتیى فەڕەنسا بەپەرۆشەوە دەچێتە دیوەخانى سەرۆکعەشیرەتەکان لە هەرێم.
٢- سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان
له هه‌رێمى كوردستان ئه‌م متمانه كۆمه‌ڵايه‌تیيه سوودى لێ وه‌رگيراوه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى متمانه‌ى سياسى و به‌تايبه‌ت له كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان کە له‌لايه‌ن حزبه سیاسییە‌كانه‌وه هه‌وڵى جووڵاندنى متمانه کۆمەڵایەتییەکان ده‌درێت، ئينجا بۆ ده‌نگ كۆكردنه‌وه يان ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م كه‌سايه‌تيیانه بۆ په‌رله‌مان و پێگه سیاسییە‌كانى تر. ئەم دیاردەیە هەر لە سەرەتاى بونیادنانى دامەزراوەکانەوە لە ساڵى ١٩٩٢ هەتاوەکوو کاتى نووسینى ئەم پەڕاوە، بەردەوامە. بە شێوەیه‌ک حزبه سیاسییە‌كان یان خودى سەرۆکعەشیرەتەکە و کەسایەتیى بنەماڵەکانیان دەستنیشان دەکرد بۆ پەرلەمان و دامەزراوە فەرمییەکانى میرى، یان دەبوو سەرۆکى هۆز و عەشیرەت کەسێک ڕاسپێرێت یان حزبە سیاسییەکە بە مۆڵەتوەرگرتن لێیان ئەم کارەیان ئەنجام دەدا. ئەمە بە هەمان شێوە لە سەردەمى ئێستاى خولەکانى پەرلەمان و ئەنجومەنى هەڵبژێردراوى پارێزگاکان، ماوە. واتە لەجیاتى دیاریکردنى ئەو کەسانەى کە خاوەن ئاستێکى بەرزى زانیارى و زانست یان خاوەن پرۆژە و ستراتیژێکن بۆ داهاتوو، بەناچارى حزبه سیاسییە‌كان پەنا دەبەنە بەر ئەم کەسایەتییە کۆمەڵایەتییانە، لەبەر بەدەستهێنانى متمانە، کە بە بڕواى زۆرێک لە شارەزایان ئەم دیاردەیە زیانى بە پڕۆسەى گەشەسەندنى سیاسى لە هەرێمى کوردستان گەیاندووە.
پارتى و یەکێتى لەبەردەم دووڕیانێکى سەخت بوون. لە لایەک دەیانویست بە دەردى میرنشینەکانى سەدەى نۆزدەیەم و حکوومەتەکەى شێخ مەحموود لە سەدەى بیستەم نەچن و هەوڵى سەرداربوون بەسەر هۆز و عەشیرەتە گەورەکان بدەن تاوەکوو لە پەناى سەپاندنى هێزى دامەزاروەکانى حکوومەت و جێبەجێکردنى بنەماکانى سەروەرى، بەسەریاندا زاڵ بن، لە هەمان کات سوود لەو شەپۆلە بەهێزەى بەجیهانیبوون وەرگرن و تاکى کوردستانى لە هەستى ئینتیمابوونى عەشیرەتگەرى داچۆڕێنن و بە ئایدیۆلۆژیاى حزبى خۆیان بارگاویى بکەن. لە لایەکى ترەوە، لەبەر ئەو هەژموونە بەهێزەى کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر جوگرافیاى هەڵبژاردنەکان، چارەیان نەبوو و نەیانتوانى دەستبەردارى ئەو هێزە بن لە کۆمەڵگە. بۆیە هاتن لە هەردوو ڕێگه‌کەوە گوزەریان کرد؛ هەم پێگەى خۆیان لە کۆمەڵگە بەهێز کرد و هەم شەڕى بەدەستهێنانى متمانەى ئەم پێگە کۆمەڵایەتییانەیان دا. بۆ نموونە سەرکوتى ئەو سەرۆکهۆز و عەشیرەتانەیان کرد کە نەکەوتنە ژێر هێزى قەڵەمڕەوى ئەوان و لە هەمان کات مووچەى تایبەتى و بوودجەى دیوەخانانە و پاڵپشتیى حکوومى و حزبییان پێ دان و ئه‌وه‌یش تەنیا بۆ مانەوە و سەقامگیریى خۆیان و بەدەستهێنانى دەنگى دەنگدەرانى ناوچەى هەژموونى ئەم عەشیرەت و بنەماڵانە.
٣- بونیادنانى بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
لە هەرێمى کوردستان سەنتەر و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، یەکێتییەکانى ئافرەتان، لاوان، قوتابیان و خوێندکاران، یانە وەرزشییەکان، سەندیکا پیشەوەری و پسپۆڕییەکان، دەستە و گرووپە هەرەوەزییەکان، لە هەوێنکردنى متمانەى کۆمەڵایەتى و دواتر وەبەرهێنانى متمانەى سیاسی‌دا ڕۆڵى گرنگ دەگێڕن. لێرەدا حزبه سیاسییە‌كان بە ڕیتمێکى مۆدێرن هەوڵى ڕەگداکوتان و شۆڕبوونەوە بۆ نێو قووڵاییى متمانەى کۆمەڵایەتى دەدەن. بەپێچەوانەى وڵاتە پێشکەوتووەکان کە تەنیا لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکان و لە کاتى تەرخانکراو بۆ کەمپینەکان تەنیا چەند پڕوپاگەندەیەکى میدیایى و کۆڕ و کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، لە هەرێمى کوردستان پرۆسەکە بەم شێوەیە نییە و بۆ وەرگرتنى متمانەى سیاسى، پێویست دەکات حزبەکە مێژوویەکى ڕەگداكوتانی لەنێو گرووپەکەدا هەبێت، چونکە بەدەستھێنانى متمانە بە پڕۆسێسێکى سەخت و ئاڵۆزى درێژمەودا تێ دەپەرێ؛ هەرچەندە لەدەستدانى متمانە چرکەساتێکە. بۆ بەدەستهێنانى متمانەى سیاسى، حزبه سیاسییە‌كان لەناو ئەم دەزگه کۆمەڵایەتییانەدا کار لەسەر دروستکردن و پەروەردەکردنى تاکەکان دەکەن. بە هەمان شێوەى بوودجە بۆ عەشیرەت و دیوەخانەکان، لێرەدا پارەیەکى زیاتر خەرج دەکەن بۆ ئەوەى بتوانن لە بارى هەر یەک لەم دەزگه بچووکانە، متمانەى سیاسیى زیاتر بەردەست بێنن. کەواتە بە پێوەرى بەهێزبوونى حزبەکە لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانرێت پێشبینیى هەژموونى سیاسى و بارستاییى دەنگەکانى لە هەڵبژاردنەکان بکرێت.
لە هەرێمى کوردستان، کارلێکى نێوان ئەم دوو متمانەیە کاریگەریى ڕاستەوخۆ ده‌كاته سەر هاوکێشەى پشتگیریى تایبەت و پشتگیریى گشتى لە سیسته‌مى سیاسى. بۆ نموونە ئەگەر حزبە سیاسییەکە توانیى بەباشى شۆڕ بێتەوە ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و تاکەکان لەسەر متمانەى سیاسى بە حزبێکى دیاریکراو بەباشى ڕاهێنران، ئەوا ئەگەرچى حزبەکە ئەداى حوکمڕانێتیشى باش نەبوو یان هەڵەى هەبوو، دەبێـتە هۆى ئەوەى کە پشتگیریى تاک و گرووپەکە لەدەست نەدات (ئەمە لە زانستى سیاسیی‌دا "پشتگیریى گشتی"ى پێ دەگوترێت). واتە گرنگ ئەدا نییە؛ لێرەدا ئەم کەسە بە هەموو شێوەیەک باوەڕى بە سیاسەتى بەڕێوەبردنى حزبەکە لەناو دامەزراوەکانى فەرمى هەیە. جیاواز لەمە، هەندێک لە تاک و گرووپەکان بە بەرژەوەندییەکى تایبەتى دامەزراوە فەرمییەکە، یان حزبە سیاسییەکە بەستراونەتەوە؛ هەر کات بەرژەوەندییەکەى بچڕا، یەکسەر متمانەى نامێنێ. بۆیە شارەزایانى بوارى متمانەى سیاسى پێیان باشە کە بۆ مانەوە و بەردەوامیى سیسته‌مى سیاسى، کار لەسەر متمانە و پشتگیریى گشتى بکرێت. لە هەمان کات، هەندێک جار حزبى سیاسى و بەرپرسە فەرمییەکانى لە حکوومەت بەرژەوەندییەکى تایبەتى خێزانێکیان مسۆگەر کردووە لەپێناو دەستبەرکردنى متمانەى کۆمەڵایەتى و دواتر متمانە سیاسییەکەى، بەڵام متمانەى گشتیى خەڵکیان لە دەوروبەرى خێزانەکە لەدەست داوە. بۆ نموونە کاتێک لەناو گەڕەکێک بۆ یەک ماڵ کارەباى نیشتمانى لە هێڵى بیرى ئاوەوە بەنایاسایى بۆ ماڵێک دابین دەکرێت و کارەباى گەڕەک دەبڕێت و تەنیا ئەم ماڵە کارەبایان دەبێت (کە دڵنیایى نییە تەنانەت ئەم خێزانەیش لە کاتى هەڵبژاردنەکان متمانە بداتەوە حزبەکە) و ماڵەکانى تر بەتاریکى دانیشتوون، ئەمە وا دەکات حکوومەت متمانە گشتى و پشتگیریی تاکەکانى تر لەدەست بدات. بۆیە پڕەنسیپەکانى دادپەروەرى و یەکسانى لەناو خەڵک، ڕۆڵى هەیە لەسەر پشتگیریى گشتیى خەڵک و ئاراستەى متمانە بە شێوەیەکى ئەرێنییانە.
کۆبەند
به شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌كرێت بگوترێت كه متمانه‌ى سياسى، گۆڕاوێكى سه‌ربه‌خۆ نيیه بەخۆڕسکى بێته كايه‌وه، به‌ڵكوو ده‌رهاوێشته‌ى كاريگه‌ریى چه‌ندين ڕه‌هه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تیيه و ئه‌م بۆچوونه‌یش له چه‌ندين توێژينه‌وه‌ى مه‌يدانیى شاره‌زايانى بوارى متمانه‌ى سياسى پشتڕاست كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه له‌مه‌ڕ هه‌رێمى كوردستانيش ڕاسته، چونكه متمانه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى، فاكته‌رى كاريگه‌رى سه‌ر نواندنى هه‌ڵوێستى تاكه‌كانه له به‌رامبه‌ر متمانه‌كردن يان نه‌كردن به دامه‌زراوه‌كان يان سيسته‌مى سياسى به‌گشتى.