ڕۆڵی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند لە بواری جەنگ و وزەدا

خستنەڕووی پرس

بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، بە شێوازێک ئاڵۆز بووە کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی گشتی (بینراو، بیستراو، چاپکراو و ئەلکترۆنی)، بەو شێوازە کلاسیکییەی کە لە سەدەی ڕابردوودا بەکار دەهێنرا، نەتوانێت تێگەییشتنێکی تەواو بۆ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە دروست بکات. بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ململانێ ئابووری و سیاسییەکان، کە لە توندترین ئاستدا پێکدادانی سەربازیی لێ دەکەوێتەوە، جگە لە ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، ڕاگەیاندنی گشتی ناتوانێت بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە ڕووماڵی بکات. کەواتە، با بزانین ڕاگەیاندنی تایبەتمەند (Specialist Media) چییە؟ چۆن بەشێکی زۆر لە کەناڵە ڕاگەیاندنە جیاجیاکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، بە هۆی لاوازی و کەمئەزموونی لە ڕووماڵکردنی پرۆگرامە جیاجیاکانیان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گشتییەوە، دوچاری چەندین هەڵەی پیشەیی دەبنەوە؟

لەم نووسینەدا، باسی دوو بواری گرنگی وەک جەنگ و وزە دەکەین، کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز و هەمەلایەن پەیوەندیدارە بە لایەنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، هەر بۆیەیش ئەگەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی تایبەتمەندەوە ڕووماڵ و لێکدانەوەی تەواو بۆ ڕووداوەکانی ناو ئەو دوو بوارە نەکرێت، ئەوا ناتێگەییشتنێکی گەورە لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، چ لەسەر ئاستی فەرمی بێت یان نافەرمی، دروست دەبێت. بەتایبەتی لە لای ئەو چین و توێژ و گەلانەی کە لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەونە چوارچێوەی سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی هەناردەکاری وزەوە.

لایەنی زانستیی ئەم باسە

ڕاگەیاندنی تایبەتمەند (Specialist Media)، جۆرە ڕاگەیاندنێکە کە بە پشتبەستن بە بەدواچوونی پیشەییی بێلایەنانە و ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی زانستی و بڕواپێکراو، لە ڕێگەی ئامرازەکانی میدیایی (بیسراو، بینراو، چاپکراو، ئەلکترۆنی )یەوە، هەوڵ دەدات زانیاری و شیکردنەوەی دروست، تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو، یان ڕووداوێکی دیاریکراو ئاراستەی جەماوەرێکی دیاریکراو یان گشتی بکات.  

خەسڵەتەکانی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند

بە پشتبەستن بە بنەمای زانستی، ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، دەبێت ئەم خەسڵەتانەی خوارەوەی تێدا بێت:

١-زانیاریی پشت پەیامێکە، دەبێت پشت بە بنەمای زانستی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی ببەستێت.

٢-سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەکانی دیار و ڕوون بێت.

٣-سەرجەم ئامرازەکانی کلاسیکی  و مۆدێرنی میدیایی، تیادا بەکار بهێنرێت.

٤-کارکردنی، بابەتییانە و دوور لە لایەنگیری بێت.

٥-پرۆگرامەکانی، دەبێت تایبەت بن بە بوارێکی دیاریکراو (ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، هونەری، وەزشی و...هتد).

٦- پێشکەشکار و ئامادەکارەکان، دەبێت پرۆفێشناڵ بن بەو بوار و بابەتانەی ئاراستەی جەماوه‌رێکی دیاریکراو، یان گشتی دەکەن.

بەڵام بۆ تێگەییشتی زیاتر لە ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، دەبێت لە جیاوازیی نێوان ڕاگەیاندنی تایبەتمەند و گشتی تێ بگەین، کە لە سێ خاڵی سەرەکیدا ڕوون دەبێتەوە:

یەکەم: ڕاگەیاندنی گشتی، زۆر گرنگی بە جەماوەری دیاریکراو نادات. بۆ نموونە، ئاراستەکردنی زانیارییەکانی بواری ئابووری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی گشتییەوە، وەک ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، توێژەکانی ناو کۆمەڵگە ڕازی و پڕزانیاری ناکات، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە بواری ئابووریدا پرۆفێشناڵن، یان بەردەوام چاودێریی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دەکەن. بۆیە  بۆ گەییشتن بەو ئامانجەیش، پێویستیمان بە ڕاگەیاندنی تایبەتمەند دەبێت.  

دووەم: ڕاگەیاندنی گشتی، وەک ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، لە دۆزینەوە و بەدواچوونی زانیاری و شیکردنەوەی وێنە جیاوازاەکاندا لێهاتوو نییە، چونکە پشت بە لێکۆڵینەوەی زانستی و کەسانی ئەکادیمی نابەستێت. بۆ نموونە، لە ڕاگەیاندنی گشتیدا ئەو میوانانەی کە باس لە کێشە و بوارە جیاجیاکان دەکەن، زۆربەی پرۆفێشناڵ و خاوەن زانیارییەکی باش نین. بەڵکوو کۆمەڵێک میوان دووبارە دەبنەوە، کە قسە و گفتوگۆ لەسەر بەشێکی زۆری بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەکەن، بەپێی بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەی کە پشگیریی دارایی و مەعنەویی ئەو کەناڵە گشتییە دەکەن.

سێیەم: ڕاگەیاندنی گشتی، کەمتر بێلایەنی دەپارێزێت و، زیاتر وابەستەی لایەن و بیر و ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراوە. واته‌، کەمتر دەتوانێت بابەتییانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان بکات، چونکە لایەنی پاڵپشتی ڕاگەیاندنی گشتی، بەردەوام لایەنێکی ڕکابەری بەرژەوەندیخوازی ململانێکەری هەیە. بۆیە، بەرژەوەندییە جیاوازە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان، زۆر جار دەبنە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ لایەنگیریکردن و لادان بەرەو ئاراستەی نابابەتیبوون، بە ئامانجی گوڕانکاری لە ئەقڵ و بیری گشتیدا.

 

گرنگیی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند

بێ گومان، گرنگیی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند زۆرن، بەڵام گرنگترینی بریتییە لە:

١-دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی پەیوەندیدار بە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵگە (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پیشەسازی و...هتد)، لەگەڵ ژێرخان و لایەنە مەعریفی و زانستییەکانی ئەو بوارانەدا. کە ئەمەیش وا دەکات، چارەسەری گونجاو لەسەر ئاستی نافەرمی (کۆمەڵگە) و فەرمی (حکوومەت)، بە شێوەیەکی خێراتر و گونجاوتر دروست ببێت.

٢-پێگەیاندنی ڕاگەیاندکاری لێهاتوو، کە بتوانێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پیشەیی، پرسیاری دروست هەڵبژێرێت و، وەڵامی باوەڕپێکراویش بۆ بینەر و بیسەر و گوێگر و خوێنەرەکانی بدۆزێتەوە.

٣-گواستنەوەی ئەقڵییەتی گوێگر و بیسەر و خوێنەری تەقلیدی بۆ قۆناغێکی باڵاتر، کە بتوانێت جیاوازی لە نێوان زانیاریی دروست و نادروست، بێژەری لێهاتوو و خاوەن ئەزموون و زانیاری لەگەڵ بێژەری کەمتوانا، هەروەها کەناڵی ڕاگەیاندنی پرۆفێشناڵ و بابەتیدا بکات. 

٤- گرێدانی دامەزراوە ئەکادیمی و مەعریفی و، پیشەیییەکان، بە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە لە لایەک و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە لایەکی تر. کە ئەمەیش وا دەکات، زانکۆ و دامەزراوە مەعریفی و پیشەیییەکان، لە لایەک خۆیان ببنە پردێک بۆ پێشکەوتنی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، لە لایەکی تریشەوە دەرچووانی ئەو ناوەندە مەعریفی و پیشەیییانە، هەلی کاریان لەناو بازاڕە جیاوازەکاندا دەست بکەوێت.

پەیوەندیی نێوان ڕاگەیاندنی تایبەتمەند بە ڕووداو و بابەتەکانی بواری جەنگ و وزە

هەروەک لە بەشی زانستیی ئەم باسەدا ئاماژەمان پێ کرد، ڕاگەیاندنی تایبەتمەند، پەیوەندیدارە بە سەرجەم بوارەکانی ژیانەوە. بەڵام پەیوەندیی نێوان ڕاگەیاندنی تایبەتمەند و بواری جەنگ و وزە، پەیوەندییەکی زۆر تۆکمە و تەواوکەرە. واتا ئەو دەزگه‌ ڕاگەیاندنانەی (جا بینراو، بیسراو، چاپکراو، یان ئەلکترۆنی بێت)  کە لە ڕێگەی پرۆگرامە جیاجیاکانی (سیاسی، ئابووری و ...هتد)، مەبەستێتی ڕووماڵ و شیکردنەوە، و تێگەییشتن بۆ ئەو دوو بوارە دروست بکات، دەبێت زۆر لێهاتوو و پیشەیییانە مامەڵە بکات. ئەم پرۆسەیەیش لەسەر سێ ئاست بەڕێوە دەچێت:

یەکەم: ئاستی دەزگه‌، یان دامەزراوە میدیایییەکە

ئەم ئاستە، پەیوەندیدارە بە سیاسەتی گشتیی دامەزراوە میدیایییەکەوە. دەتوانین بڵێین بە بەرژەوەندی و باكگراوندی ئایدیۆلۆژی و هزری لە لایەک و، سەربەخۆیی و لایەنگیریی دامەزراوە میدیایییەکە لە لایەکی تره‌وه، گرێدراوە‌. بەشێکی زۆری ئەو دامەزراوە میدیایییانەی کە سەر بە پارتە سیاسییەکانن، یان هەڵگری پەیامێکی ئایدیۆلۆژین، لە هەمان کاتیشدا دەکەونە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی گشتییەوە. کەواتە ناتوانن بە شێوەیەکی فراوان، لە ڕووماڵکردنی بابەت و پرۆگرامەکانی تایبەت بە وزە و جەنگ، بێلایەنیی خۆیان بپارێزن. ئەمە بەو مانایە نایەت، لە بابەتەکانی تردا بێلایەنی دەپارێزن. بەڵام جەنگ و وزە، هەمیشە بەرژەوەندییەکی باڵای توندیان لە پشتەوەیە. بۆیە، لێرەدا ڕۆڵی ئەو دامەزراوە میدیایییانەی کە گرنگی بە ڕاگەیاندنی تایبەتمەند دەده‌ن، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات، چ لەسەر ئاستی شانۆی نێودەوڵەتی، فراوان و پێویست دەبێت. بۆ بەدواداچوونی هەواڵ و زانیاری، دامەزراوە میدیایییەکە، دەبێت ئاگاداری یاسا و ڕێنمایییەکانی ئەو وڵاتە بێت کە ڕووماڵەکەی تێدا دەکات. بۆ نموونە؛ لە کاتی ڕووماڵکردنی جەنگدا، جگە لەوەی دامەزراوە میدیایییەکە، دەبێت ڕێنمایی و جلوبەرگی تایبەت و پێداویستیی تەواو بۆ پەیامنێر و ستافی ڕووماڵکردنی جەنگ ئامادە بکات. لە هەمان کاتیشدا، دەبێت ئاگاداری تەواوی یاسا و ڕێنمایییەکانی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بێت؛ نەوەک لە ڕووی پلانی سەربازییەوە، بەهەڵە زانیاری بە نەیارەکانی ئەو وڵاتە ببەخشێت.

دووەم: ئاستی میدیاکار

ئەگەر لە ڕاگەیاندنی گشتیدا، لە ڕێگەی چەند کارمەندێکی ناو دەزگه‌ میدیایییەکەوە زانیارییەکانی تایبەت بە جەنگ و وزە ئامادە بکرێت و، بدرێت بە پێشکەشکار، ئەوا وا باشترە لە ڕاگەیاندنی تایبەتمەنددا، پێشکەشکار، خۆی پسپۆریی لەو بواردا هەبێت و، بە شێوەیەکی ئەکادیمی بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان بکات؛ تا بتوانێت بە شێوەیەکی زانستی، ئەو بابەتانە پێشکەش بکات و پرسیاری واقعی و گونجاو لە میوان بکات و ...هتد. هەروەها، ئاستی خۆئامادەکردن و پێگەیاندنی پێشکەشکار و پەیامنێری بواری جەنگ و وزە، جیاوازە، چونکە کار لەسەر بەرژەوەندیی دوو لایەنی ڕکابەری سیاسی و ئابووری دەکات؛ کە دەبێت بە شێوەیەک پێ بگەیەنرێن کە هەم سەلامەتیی خۆیان و دەزگاکانیان، هەم ئاسایشی جەماوەر بپارێزن. نابێت پێشکەشکار ئاراستەی بەرنامەکە بە لایەکدا بەرێت کە کۆمەڵێک وشە لەو بەرنامەیەدا بەکار بهێنرێت کە هەست و سۆزی توێژێکی کۆمەڵگه‌ بریندار بکات، یان بەبێ بەڵگە کۆمەڵێک کەس و لایەن تۆمەتبار بکات.

سێیەم: ئاستی جەماوەر، یان پەیامی ئاراستەکراو

ڕێژەی ئەو جەماوەرەی کە بەدواداچوون بۆ هۆکار و دەرەنجامەکانی جەنگ و کاریگەریی ڕۆڵی وزە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەکات، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە حکوومەتەکەیان دوچاری شەڕ و قەیرانێکی داراییی تووند بوونەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و گازدا، بینەر، بیسەر و خوێنەری بوارەکانی جەنگ و وزە، زۆر زیاترە و، هەمیشەیش ئەو جەماوەرە دەیەوێت زانیاری لە بوارەکانی جەنگ و وزە، بە شێوەیەکی تەندروست دەستی بکەوێت. بۆیە پرۆگرامەکانی ئابووری، یان سیاسی لە ڕاگەیاندنی گشتی، ناتوانێت بە شێوەیەکی پیشەیییانە و بێلایەنانە شیکردنەوە و زانارییەکان ئاراستەی جەماوەر بکات. بۆیە لێرەوە ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاری تایبەتمەند زۆر کاریگەر و بەرچاوە؛ تا بتوانێت هاوسەنگییەک و ڕووماڵێکی بابەتی بکات، کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگە و وڵات نەخاتە مەترسییەوە.

دەرەنجام

کەناڵ و دامەزراوە جیاجیاکانی میدیای کوردی و وڵاتانی تازە پێگەییشتوو، ڕۆژانە لە ڕووی کاری میدیایییەوە، دوچاری چەندین هەڵەی دیار و بەرچاو دەبنەوە، بەتایبەتی لە کاتی ڕووماڵکردنی بابەتە هەستیارەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی کۆمەڵگه‌وە. هەروەها، دەزگه‌ ڕاگەیاندنە جیاجیاکان زیاتر سەرلێشوانێک لەناو چێن و توێژە جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگە دروست دەکەن، بەتایبەتی ئەو پرۆگرامانەی کە لە لایەن پێشکەشکار و پرۆگرامەکانی ڕاگەیاندنی گشتییەوە ئاراستەی جەماوەر دەکرێت. ئەوەی جێگه‌ی باسە، ئەو بابەت و بوارە سیاسییانەی کە ململانێ لە نێوان لایەنە دژبەرژەوەندییەکاندا گەییشتۆتە لووتکە و، لە دەرەنجامدا جەنگ و پێکدادانی سەربازیی لێ کەوتۆتەوە، یان ئەو بابەتانەی کە بەرژەوەندییەکی ئابووریی گشتی و تایبەتیی هەمەلایەنەی پێوە گرێ دراوە (لە نموونەی ئەو داهاتەی بە هۆی بازرگانیی نەوت و گازەوە دەست دەکەوێت)، ڕووماڵکردنی زانیارییەکان زۆر ئاڵۆزە. هەر بۆیەیش، ڕاگەیاندنی گشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و نێودەوڵەتی، ناتوانێت تێگەییشتن و شیکردنەوەی بابەتی ئاراستەی جەماوەر بکات. لە دەرەنجامدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە لەو وڵاتانەی دووچاری جەنگ (ناوخۆیی یان دەرەکی)، یان پێکدادانی بەرژەوەندیی ئابووریی قووڵ، بوونەتەوە، پێویستییەکی زۆریان بە ڕاگەیاندنی تایبەتمەند هەیە، تا زانیاریی بابەتی و دروست ئاراستەی جەماوەرێکی دیاریکراو، یان گشتی بکەن.

 

ئەو سەرچاوانەی لەم شیکردنەوەیه‌دا سوودیان لێ وەرگیراوە بریتین لە:.

١-د. حنان يوسف.الاعلام والسياسة ،مقاربة ارتباطية. دار أطلس للنشر والإنتاج الإعلامى, ٢٠٠٦.

٢-ابو زيد فاروقز الصحافى المتخصصة. عالم الكتب للطباعة والنشر و التوزيع, قاهرة.١٩٩٨.

٣- د. عبدالله بدران. ظهور الإعلام المتخصص ونشأته. مدونة الإعلام البترولي مدونة خاصة بالاعلام والثقافة. ٢٠١٦.

٤- د. بركة الحوشان. الاعلام الامني والامن الاعلامي. جامعة نايف العربية للعلوم الأمنية في مجال الإعلام الأمني.٢٠١٢.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples