(سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکان)
شاڵاو عەبدولخالق محەمەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری سیاسەت و وزە
خستنەڕووی پرس
بنیاتنانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، یەکێکە لە ڕێگەکانی باش بەڕێوەبردن و پێشخستنی کەرتی نەوت و گاز لە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و گازدا. بۆیە دەبێت ئامانجی سەرەکیی حکوومەتەکان لە دامەزراندنی کۆمپانیا نیشتمانییەکاندا، خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ململانێی گرووپ و لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە بێت. بەڵام کاتێک خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی بۆ پرۆژەیاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی دەکەین، کە ئێستا حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ بەنیازن دووبارە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیی پێ دابمەزرێننەوە، بۆمان دەردەکەوێت بنیاتنانەوەی ئەو کۆمپانیایە، بەو جۆرەی لەناو ماددەکانی ئەو یاسایەدا هاتووە، ئەوەندەی ململانێکان لە نێوان حکوومەتى ناوەندی لەگەڵ هەرێم و پارێزگەکان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە قووڵ دەکاتەوە، ئەوەندە نابێتە هۆکارێک بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە لایەک و بەغدا و پارێزگە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە لایەکی تر. لەوەیش زیاتر، بەشێک لە ماددەکانی ناو یاساکە، پێچەوانەی دەستوور و سیستەمی نوێی عێراقە، کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە عێراقییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە لەسەری ڕێک کەوتبوون.
ناوەڕۆک
لە ڕۆژی ٥ى ئازاری ٢٠١٨، پەرلەمانی عێراقی بە زۆرینەی دەنگ، یەکەم خوێندنەوەی بۆ یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی کرد. ئەم یاسایە لە ٢٢ ماددە پێک هاتووە، کە پەیوەندیدارە بە چۆنێتیی دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی، پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٧دا کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە خرایە سەر وەزارەتی نەوتی عێراقی[i] و، کار و دەسەڵاتەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانییش لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە بە شێوەیەکی گشتی، دابەش کرا لەسەر کۆمپانیاکانی نەوتی باشوور لە بەسرە و، کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک لە پاڵ چەند کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی تردا. ئەوەی شایەنی باسە، لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا چەند یاسایەک دەرکراون کە پەیوەندیدارە بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە کێڵگە جیاوازەکانی سەرانسەری عێراقدا لەوانە:
یەکەم: یاسای ژمارە (٨٠)ی ساڵی ١٩٦١، یاسای دیاریکردنی ناوچەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی نەوت
ئەو یاسایە بە یەکەم و گرنگترین یاسا لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، کە بۆ یەکەم جار لە لایەک بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێراقدا دیاری دەکرد و، لە لایەکی تریش سروشتی پەیوەندیی ئابووریی دەوڵەتی عێراقی و کۆمپانیاکانی بواری نەوتی دیاری کردبوو. بەپێی ئەو یاسایەیش کۆمەڵێک کۆمپانیای دامەزراند لەوانە: کۆمپانیای نەوتی باشوور و میسان و باکوور و مووسڵ. کاتێک دێنە ناو ناوەڕۆکی یاساکەوە، بۆمان دەردەکەوێت یاسای ژمارە (٨٠)ی ئەو ناوچە و کێڵگانەی لە شارەکانی عێراقدا دیاری کراوە، کە پێویستە وەبەرهێنان لە ڕووی نەوت و گازەوە فراوانتر بکرێت، لەوانە: ئەو کێڵگانەی دەکەونە ناوچەی پارێزگەی کەرکووک و مووسڵ و بەسرەوە. هەروەها، ئامانجی ئەو یاسایەیش دووبارە ڕێکخستنەوەی کارەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی وەبەرهێنەرە بیانییەکان. گرنگترین ئەو کۆمپانیانەیش بریتی بوون لە:
ئەم یاسایەیش بۆ ئەو کاتەی عێراق سوودی خۆی هەبوو، بەتایبەتی لە ڕووی گێڕانەوەی بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان و داهاتی نەوت بۆ حکوومەتی عێراقی ئەو کاتە.
دووەم: یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ١٩٦٤؛ یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی
بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی یاساوە لە ساڵی ١٩٦٤دا، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی دامەزرا، بۆ ئەوەی لە پاڵ کۆمپانیا بیانییهکاندا ڕۆڵی حکوومەتی عێراقی لەناو کەرتی نەوت و گازی عێراقیدا لە ڕووی بەڕێوەبردن و بە بازاڕکردنەوە فراوان بکات. بەپێی یاساکەیش ئەم کۆمپانیایە مافی هەبوو کە کار لە سەرجەم خاکی عێراقدا بکات، جگە لەو ناوچانەی لە ماددەی ٨٠ی ساڵی ١٩٦١دا بۆ کۆمپانیاکانی پێشووتر دیاری کرابوو؛ ئەمە جگە لەوەی ئەو مافەی هەبوو لە دەرەوەی عێراقیش لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێراقیدا وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا بکات. ئەوەی شایەنی باسە ئەم یاسایە هەر لە ساڵی ١٩٦٤ هەموار کرایەوە و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تێدا کرا.
سێیەم: یاسای (١٢٣)ی ساڵی ١٩٦٧؛ یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی
ئەم یاسایەی بە دوا یاسا دادەنرێت، تایبەت بە دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، کە تا ئێستایش تا ڕاددەیەک زۆر کاری پێ دەکرێت. ئەم یاسایە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوتی عێراق ڕوون دەکاتەوە و سەرجەم ماف و دەسەڵاتەکانیش دەخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایەی کە بەپێی ئەم یاسایە دادەمەزرێت. لە هەمان کاتیشدا ئەم یاسایە، به جێگرەوەی یاسای ژمارە ١١ی ١٩٦٤ دادەنرێت.
چوارەم: یاسای ژمارە (٦٩)ی ساڵی ١٩٧٢؛ یاسای خۆماڵیکردنی نەوتی عێراقی
ئەم یاسایە، تایبەت بوو بە خۆماڵیکردنی نەوتی عێراقی؛ ئەمەیش پاش ململانێیەکی توند لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی عێراقی هات. ئەوەی شایەنی باسە گفتوگۆ و ململانێکان لە نێوان هەر دوو لادا بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ١٩٦٣وه تا ١٩٦٨ خایاند. چونکە ئەوەی حکوومەتی عێراقی بۆ زێدهکردنی پشک و مافەکانی دەوڵەتی عێراقی داوای دەکرد، وا بەئاسانی بە کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت جێبەجێ نەدەکران. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٨دا شۆڕشی ١٧ی تەمووز سەری هەڵدا و، بەو هۆیەوە حزبی بەعس هاتە سەر دەسەڵات؛ تا ڕاد\ەیەک داواکاریی حکوومەتی عێراقی نوێ کە لە لایەن حزبی بەعسەوە سەرپەرشتی دەکرا، بەرزتر و توندتر بووهوە. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٦٩دا حکوومەتی عێراقی، بە بەرنامە دژایەتیی خۆی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەست پێ کرد. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٦٩ حکوومەتی عێراقی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکووری لە کەرکووک دهستبهسهر كرد، کە ئەو کاتە بەڕێوەبەری گشتی، ئەندازیارێکی بە ئەسڵ فەڵەستینی بوو بە ناوی "د.حلمی سمارە". ئەمەیش لە پێناوی ئەوەدا بوو کە نامەیەک بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەو دەوڵەتانەی کە لەو کۆمپانیانەدا پشکدارن بنێرێت، کە حکوومەتی عێراقی ڕازی نییە بەو جۆرە کار و چالاکییەکانیان لە عێراقدا درێژە پێ بدهن.
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ گفتوگۆ و چەند ڕێکكەوتننامەیەک لە نێوان حکوومەتی عێراقی و کۆمپانیا نەوتییەکان كران، بەڵام دووبارە لە ساڵی ١٩٧١ دوای ئەوەی "سەددام حوسێن"، بوو بە جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێکكەوتننامەکانی بواری نەوت. لەو کاتەوەڕا هەڵوێستی حکوومەتی عێراقی زۆر توندتر بووە؛ هەروەها داواکارییەکانی حکوومەتی عێراقی لە کۆمپانیاکان زۆر زیاتر بوو. سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان هەوڵیان دەدا تا بتوانن حکوومەتی عێراقی ڕازی بکەن، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بە زۆرینەی دەنگ دوا بڕیاریان بە حکوومەتی عێراقی دا، کە سەرجەم نەوتی عێراق خۆماڵی بکەن و، ئەوە بوو حکوومەتی لە ڕێگەی یاسای ژمارە (٦٩)وە دوا بڕیاری خۆی دا. ئەو بڕیارەیش لەسەر تەلەڤزیۆن لە مانگی ٧ی ١٩٧٢ لە لایەن "ئەحمهد حهسهن بەکر"، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی عێراقهوه خوێندرایەوە. بەپێی ئەو بڕیارەیش سەرجەم داهات و مافی کارکردنی بواری نەوت و گاز لە سەرجەم عێراقدا، گوازرایەوە بۆ کۆمپانیا نیشتمانییە عێراقییەکان و حکوومەتی عێراقی.
ئەو یاسایانەی سەرەوە گرنگترین ئەو یاسایانەن کە لە بوارە جۆربەجۆرەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوتی عێراقی دەرکراون؛ هەر لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و بەخۆماڵیکردنی نەوت. ڕاستە چەند بڕیارێکی تریش گرنگ بوون کە لە سەردەمی حکومڕانیی حزبی بەعس دەرکران، بەتایبەتی هەر دوو بڕیاری ژمارە (٢٦٧)ی ساڵی ١٩٨٧ و بڕیاری (٧٩)ی ساڵی ١٩٩٥، بەڵام ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠١٨، کۆتایی و گۆڕانکاری لە بەشێکی زۆری ئەو یاسا و بڕیارانە دەکات کە لە ساڵانی پێشوودا دەربارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی نەوت لە عێڕاقدا دەرکرابوون. ئەوەی ئێستا گرنگە و پێش ئەوەی باس لەو یاسایە بکەین کە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەیەوێت کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی دابمەزرێنێت، ئەو ئامانج و ڕێگه و پرهنسیپانەیە کە لە سەرجەم وڵاتاندا پێش دامەزراندنی هەر کۆمپانیایەکی نیشتمانی، ڕەچاو دەکرێت.
ئامانجەکانی دامەزراندنی کۆمپانیا نیشتمانییەکانی بواری وزە
ئامانجی بنیاتنانی هەر کۆمپانیایەکی نیشتمانیی بواری وزە، لەبەر ئەوەی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتیی سەرجەم هاووڵاتیانەوە هەیە، بە شێوەیەکی گشتی، دەبێت سێ مەرج لەخۆ بگرێت بەپێی ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوورییەی کە وڵاتەکەی پێ بەڕێوە دەبردرێت: گرنگترین ئەو ئامانجانەیش بریتین لە:
مەرج و پرهنسیپەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی بواری وزە
ڕێگەی دامەزراندنی هەر کۆمپانیایەکی نیشتمانی لە ڕووی ئاسایشی وزەوە لە پێناوی بەدیهێنانی ئارامیی سیاسی، سەرەتا دوو هەنگاو گرنگە:
یەکەم: ئەنجامدانی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان کەسە ئەکادیمی و پڕۆفیشناڵەکانی سەرجەم لایەن و پێکهاتە و ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان. ئەمەیش لە پێناوی ئاشناکردنی هاووڵاتیان بە چۆنێتیی جێکردنەوەی مافە دارایییەکانیان لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیا نیشتمانییەوە.
دووەم: دامەزراندنی بۆردێکی توافقی لە نێوان حکوومەتی مەرکەزی و سەرجەم حکوومەتە هەرێمی و خۆجێیەکاندا (consensus board): هەمیشە حکوومەتی ناوەندی، ئەگەر بیەوێت کۆمپانیایەکی نیشتمانی دابمەزرێنێت، هەوڵ دەدات بۆردێک، یان دەستەیەکی توافقی دابمەزرێت کە نوێنەری سەرجەم لایەنه پەیوەندیدارهكان لە حکوومەتە خۆجێ، یان هەرێمییەکانی تێدا ئەندام بن، بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیا نیشتمانییەی کە دادەمەزرێت ڕای سەرجەم حکوومەتە خۆجێیی یان ئەو هەرێمانەی تێدا بێت کە خاوەندی نەوت و گازن.
بەڵام سەبارەت بە پرهنسیپەکانی دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانی کە پەیوەندیی بە حکومڕانیی باشەوە هەیە (Good Governance) ئەمانەن:
بەرپرسیارێتی لە دیاریکردنی ئامانج و دابەشکردنی ڕۆڵی فەرمانبەر، یان بەڕێوەبەرانی ناو کۆمپانیای نیشتمانی، بۆ چۆنێتیی بەڕێوەچوونی کاری کۆمپانیاکە زۆر گرنگە. لەوەیش گرنگتر، بەرپرسیارێتییە لە چۆنێتیی دروستکردنی پەیوەندیی دارایی و پیشەسازی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەڵەتییەکاندا.
پێدانی دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ دروستکردنی دامەزراوەی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی پیشەسازیی پتڕۆلێۆم و، پێگەیاندنی کەسانی پسپۆر لەناو ئەو کەرتەدا، یەکێکە لە پرهنسیپە گرنگەکانی هەر کۆمپانیایەکی نیشتمانیی بواری وزە؛ چونکە بەبێ بوونی توانا و دەسەڵاتی بڕیاردان، سەرەڕای ئەوەی توانای ئەنجامدان و پێشخستنی کەرتی وزەی کەم دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا توانای پێشبڕکێ و ململانێی، بەرامبەر کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کەم دەبێتەوە، بەتایبەتی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا.
هەموو کۆمپانیایەکی نیشتمانیی بواری وزە، لەبەر ئەوەی کار و چالاکییەکانی پەیوەندیدارە بە بوودجە و داراییی دەوڵەتەوە، بۆیە دەبێت بەردەوام دەزگهیەکی چاودێریی تەکنیکی و تەشریعی، چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ڕێکكەوتننامەکانیان و بوار و جێگەی کارکردنیان بکات و، هەمیشە بەرژەوەندیی گشتیی دەوڵەت لە پێش چاو بگرێت؛ بۆ ئەوەی هەر کاتێک دوچاری هەر ململانێیەک، یان کێشەیەکی یاسایی دەبێت، دەوڵەتیش بتوانێت لە بەردەم دادگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پشگیریی ماددی و مەعنەویی لێ بکات.
بوونی شەفافییەت لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیای نیشتمانی لە لایەک و, پەرلەمان و حکوومەت و کۆمپانیاکە لە لایەکی تر، یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی کۆمپانیای نيشتمانيی بواری نەوت و گاز، چونکە پێدانی زانیاری لەسەر چۆنێتيی ئەنجامدانی ڕێکكەوتننامەکان و ئاستی بەرهەم و هەناردەکردن و فرۆشتن، گرنگیيەکی زۆری هەیە، کە کۆمپانیای نیشتمانی گرنگیيەکی تەواوی پێ بدات. هەروەها لەوەيش گرنگتر، بوونی شەفافییەتە لە نێوان حکوومەت و ئەو کۆمپانیا پشکدارانەی کە بەشدارن لە هاوکاریکردن و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ژێردەسەڵاتی کۆمپانیای نیشتمانيی بواری وزە.
بەڕێوەبردنێکی بەردەوامی سەرچاوە سروشتیيەکانی نەوت و گاز، پەیوەندیدارە بەو ستراتیژيیەتەی کە دەستەی بەڕێوەبەرانی ناو کۆمپانیا نیشتمانییەکەی تایبەت بە نەوت و گاز دایدەڕێژن، کە ئەوەیش لە لایەکهوه پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئاست و توانای بەڕێوەبەرانی ناو کۆمپانیاکەوه و، له لایهكی دیكهیشهوه پشگیری و فێرکردنی بەردەوام بۆ کارمەندانی ناو کۆمپانیاکەوه هەیە. هەروەها لە ڕووی ئابوورییشەوە، بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیایە، پەیوەندیدارە بەوەی تا چ ڕاددەیەک ئەم کۆمپانیا نیشتمانییە دەتوانێت پشگیریی کەرتەکانی تری ئابووری بکات، کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کاری تێدا دەکەن.
[i] وەزارەتی نەوتی عێراقی له ساڵی ١٩٥٩ دامەزرا؛ واتا پاش یەک ساڵ لە گۆڕانی سیستەمی سیاسی لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری.