خستنەڕووی پرس
لە ئێستادا ناوەندە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی حکوومەتی هەرێم، سەرقاڵی وەرگرتنی ڕاوبۆچوونە لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و دارایییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراقدا. دیارترین کێشەیش کە ئێستا پێویستە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بریتین لە: بابەتی نەوت و گاز، چۆنێتیی بەڕێوەبردنی خاڵە سنووری و گومرگییەکان، فڕۆکەخانەکان، بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان، پێشمەرگە، بوودجە و مووچە. سەرجەم ئەو کێشانە گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە کارێکی ئاسان و سادە نییە، چونکە بەشی هەرە زۆری تا ئێستا تەنیا ماددەی دەستووری، چۆنێتیی چارەسەرکردنەکەی بە شێوەیەکی کورت دیاری کردووە؛ واتا دەتوانین بڵێین یاسای تایبەتیی بۆ دەرنەچووە، بەتایبەتی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز.
بۆیە لێرەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوور لە ململانێی سیاسی و کەسی، پێویستە تیمی لێهاتوو و پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی دەستنیشان بکات بۆ چۆنێتیی بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانەی کە بەنیازە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئەنجامی بدات. لێرەدا بەپێویستی دەزانین ئەوە ڕوون بکەینەوە، کە بۆچی گفتوگۆ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە و، بە چ شێوازێك باشترە حکوومەتی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ شاندنی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بکات، بەتایبەتی لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گازدا؟
ناوەڕۆک
گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕوون و دوور لە مەترسی لە بەرژەوەندیی باشووری کوردستاندا نین، بەتایبەتی پاش ئەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان نەیانتوانی یەکڕیزیی خۆیان لە ڕووی سەربازی و هەڵوێستی سیاسییەوە بپارێزن؛ کە ئەوەیش بووە هۆی لەدەستدانی پارێزگهی کەرکووک و بەشێکی زۆری ناوچە جێناکۆکەکان ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت؛ وەک ئەوەی ناوەندەکانی بڕیاری دەسەڵاتی سیاسی باسی لێوە دەکەن. کەواتە ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هاتە ئاراوە، دەبێت هانی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بدات کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا گفتوگۆیەکی جددی بکەن. ئەمەیش بە مانای وازهێنان نییە لە ئامانجی باڵای باشووری کوردستان کە "دەوڵەتی سەربەخۆ"یە، بەڵکوو بەپێی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان ئامانجی نوێ و بژاردەی لۆژیکیی تر هەڵبژێرن کە خزمەت بە پاراستن و پێشخستنی هەرێمی کوردستان بكات. دەرەنجامی ڕیفراندۆم، نابێت هەرێمی کوردستان لە چۆنێتیی سیاسەتکردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی خاو بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت قۆناغێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێ لەناو هزر و پلانە سیاسی و ئابوورییەکانی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا دروست بکات، چونکە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سێ سوودی بۆ باشووری کوردستان هەبوو:
یەکەم: تاقیکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی سەبارەت بە دیموکراتییەت و مافی گەلان لە سەربەخۆبوون، کە بەدیار کەوت ئەو بابەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەنیا دروشمە و، بەرژەوەندی، خاڵی یەکلاییکەرەوەی سەرجەم پرسەکانە.
دووەم: بۆ یەکەم جارە کوردستانیان بەکردەوە سیاسەت بەرامبەر ڕکابەرەکانیان بکەن و ئیرادەی تەواوی خۆیان نیشان بدەن. بە واتایەکی تر، لە ڕووی سیاسییەوە بۆ یەکەم جارە کورد لە سیاسەتکردندا بکەر بێت (واتا دەستپێشخەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییە باڵاکانی). هەر ئەمەیش وای کرد کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەوڵ بۆ فرۆشتنی نەوت و گاز بدات، پاش ئەوەی بەرامبەر بە مامەڵەکردنەکانی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا لە ڕووی چۆنێتیی بەڕێوەبەردنی نەوت و گازەوە لە عێراقدا زۆر ڕەشبین بوو.
سێیەم: ڕیفراندۆم، کوردستانیان و دەسەڵاتدارانی سیاسیی خستە قۆناغێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی بەغدا؛ لە لایەک بەوەی کە بابەتی جیابوونەوەی، هەمیشە یەکێکە لە بژاردەکان ئەگەر مامەڵەیەکی تەندروست بەپێی دەستووری نوێی عێراقی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکەن؛ لە لایەکی تریش ڕیفراندۆم ڕووی ڕاستەقینەی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان دەرخست و، نامەیەکی ڕاستەقینەیشی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە کورد ناکرێت تەنیا وەک جەنگاوهرێکی ئازا (داربەدەستێکی ڕۆژاوایییەکان) مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکوو کورد بە ڕیفراندۆم سەلماندی، کە ئەگەر لە کۆتاییی هەر جەنگێکدا پشگیر و قازانج لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەدەست نەهێنێت، ئامادە نییە بەردەوام لەسەری بێت.
هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەبێت وا لە حکوومەت و حزبە سیاسییە کوردستانییەکان بکات بە شێوازێکی نوێ بیر لە گفتوگۆ بکەنەوە و، بۆ ئەو مەبەستەیش دەبێت ئامانج و چۆنێتیی ئەنجامدانی گفتوگۆ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
نەوت و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
سەرجەم کێشەکان پێویستییان بە کەسانی شارەزا هەیە لەو بوارەی کێشەکەی لەسەر دروست بووە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، بەڵام بابەتی نەوت و گاز چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بابەتی بوودجه و مووچەوە، بۆیە دەبێت شاندی گفتوگۆکەر، یان دانوستاندنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، شاندێکی لێهاتوو میانڕەو بێت. لەم قۆناغەیشدا، بەرژەوەندییە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە پێش سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ترەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت خاڵی دەستپێکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چۆنێتیی بەناناوەندیکردنی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دووبارە دەست پێ بکاتەوە. دەبێت ئەوە بە حکوومەتی بەغدا بڵێت کە سەرەتای جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی تایبەت بە نەوت و گاز کە بریتین لە ١١١، ١١٢، دەبوو لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازەوە بخرایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام خۆتان بە زۆرینە ئەو یاسایەتان دەرنەکرد. هەروەها دەبێت شاندی حکوومەتی هەرێم باس لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە شێوازێک نووسرابوو کە زیاتر بەڕێوەبردنی نەوت و گازی بەرەو ئاراستەی بەناوەندیکردن (مەرکەزییەت)ی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەبرد، نەک بەناناوەندیکردن؛ کە ئەمەیش پێچەوانەی ماددەی ١١٢ی دەستوورە.
چۆنێتیی جێبەجێکردنی بەناناوەندیکردنی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، کاریگەریی زۆری لەسەر چۆنێتیی گواستنەوەی ئەو دەسەڵاتە لە بەغداوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. واتا دەبێت شاندی دانوستاندن داوای دەسەڵاتێکی کاریگەر بکات و، هەروەها لە لایەن پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی بەغداوە چاودێریی تەواو هەبێت بۆ چۆنێتیی ئەو بەڕێوەبردنە لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە. واتا حکوومەتی هەرێم چۆن داوای دەسەڵاتی ڕاستەقینە دەکات، دەبێت ئامادەباشییش بۆ چاودێریکردنی داهات و چۆنێتیی ئەنجامدانی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان دەرببڕێت. ئەگەر کەمتەرخەمی لە هەر لایەکیانەوە بکرێت، دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ململانێکان.
دەرەنجام
گفتوگۆکردن شێواز و تەیبەتمەندیی خۆی هەیە و، شاندنی دانوستان و گفتوگۆکەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، دەبێت شاندێکی زۆر لێهاتوو و شارەزا بێت و، گفتوگۆکانی دوور لە دەمارگیریی حزبی و سیاسی ئەنجام بدات. بۆ ئەو مەبەستەیش خاڵی سەرەتا و کۆتاییی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، دەبێت ئامانجی باڵای بەدەستهێنانی مافە دارایی و کارگێڕییهکان بێت و، دەستووری عێراقیش دەبێت ببێت بە چوارچێوەی کارکردنی هەر دوو لیژنەی دانوستاندن. سەبارەت بە چۆنێتیی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت و گاز، پێویستە حکوومەت هەرێمی کوردستان زۆر جەخت لە چۆنێتیی بەناناوەندیکردنی نەوت و گاز بکاتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز لەسەر بنەمای ماددە دەستوورییەکان. بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی هەرێم، دەبێت داوای دەسەڵاتێکی گاریگەر و بەهێز بکات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو نەوت و گازەی دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتی کارگێڕیی خۆیەوە؛ بەرامبەر بەوەیش، بە هەماهەنگیی پەرلەمانی کوردستان، مافی چاودێری بە حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی ببەخشێت.