کاریگەریی نەوت و گاز لەسەر دروستنەبوونی حوکمڕانیی باش لە عێراق
شاڵاو عەبدولخالق محەمەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری سیاسەت و وزە خستنەڕووی پرس هەروەک لە نووسینی ڕابردوودا باسمان کرد کە حوکمڕانیی باش، شێوازێکی بەڕێوەبردنی حکوومەتە بە هاوبەشیی لایەنە فەرمی و نافەرمییەکان، بۆ ئەوەی سیستەمێکی بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئاشتی دابمەزرێنن، کە تیایدا ئەو سیستەمە مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی بپارێزێت؛ کە ئەویش کۆمەڵێک بنەما و تایبەتمەندیی هەیە لەوانە: بەشداریکردن، بنەما و سروشتی یاسا، شەفافییەت، وەڵامدانەوەی داواکارییەکان، پێکەوەسازانێکی ئاراستەکراو، دادپەروەری، گشتگیریی توانایی و لێهاتوویی و، بەرپرسیارێتی. بەڵام تەنیا قسەکردن و ڕوونکردنەوەی چەمکی حوکمڕانییباش بەس نییە تا دەسەڵات و کۆمەڵگە بتوانن کار بۆ هێنانەئارای حکومڕانییەکی باش بکەن لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵکوو دەبێت میکانیزمی کارکردن دیاری بکرێت و پاشان ببەسترێتەوە بە سەرجەم ژیانی کۆمەڵگە و دەوڵەتەوە، بەتایبەتی بە لایەنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، كه چۆن بابەتی حوکمڕانیی باش بە سامانە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە پەیوەندیدار دەکرێت، چونکە نەوت و گاز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە سەرجەم کەرتەکانەوە. کەواتە لێرەدا دەکرێت بپرسین: ئایە حوکمڕانییباش چۆن پەیوەندیدارە بە سامانە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە؟ چۆن نەوت وگاز و داهاتەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەرییان لەسەر دروستنەبوونی حوکمڕانیی باش لە عێراقدا هەیە؟ ناوەڕۆک باسمان لەوە کرد کە بۆ هێنانەئارای حوکمڕانییەکی باش، دەبێت سەرجەم گرووپ و حزب و هاووڵاتیانی ناو دەوڵەت و کۆمەڵگە لە بابەتی حکومڕانی و حوکمڕانیی باش تێ بگەین. دەبێت ئەوەیش بزانن کە حوکمڕانی، تەنیا پەیوەندیدار نییە بە حکوومەتەوە، بەڵکوو سەرجەم گرووپ و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، دەبێت لە دروستکردنی بڕیار و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییهکاندا بەشدار بن. بەڵام یەکێک لەو بابەتانە کە کێشە بۆ هەنگاوەکانی هێنانەئارای حوکمڕانیی باش دروست دەکات، سەرهەڵدانی ئەو بەرژەوەندییە زۆرەیە کە لە نێوان گرووپ و پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەدا لەسەر داهاتی نەوت و گاز و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دروست دەبێت. بە واتایەکی تر، ئەگەرچی لە هەر وڵاتێکدا یاسا و ڕێنمایی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی تر، بەڵام ڕێکنەخستنی ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی نەوت و گازەوە لە نێوان گرووپ و لایەنەکاندا دروست دەبێت، وا دەکات لە لایەک ڕێگری لە بەردەم جێبەجێکردنی یاساکاندا دروست بێت، لە لایەکی تریشهوه هێنانەئارای حوکمڕانیی باش قورس و ئاڵۆزتر بێت. ئەگەر سەرنج لە کەرتی نەوت و گازی عێراق بدەین، دەبینین بە درێژاییی مێژووی دروستبوونی عێراق، نەوت و گاز یەکێک بووە لە ڕێگرەکانی دروستبوونی حوکمڕانیی باش؛ چونکە لە عێراقدا هەر سەردەمەو گرووپێک، یان پێکهاتەیەکی سیاسی، یان ئایینی، ڕاستەوخۆ دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی عێراق، بەتایبەتی نەوت و گازەکەیدا گرتووە و، دژی لایەن و پێکهاتەکانی تری ناو عێراق بەکاریان هێناوە. کاریگەریی نەوت و گاز لەسەر دروستنەبوونی حوکمڕانیی باش لە عێراقدا نەوت و گاز یەکێکە لەو کاڵا ستراتیژییانەی کە سەرەڕای ئەوەی سوودی خێرات پێ دەبەخشێت، بەڵام ئەگەر بەباشی کۆنتڕۆڵ و بەکار نەهێنرێت زیانی گەورە لە ژێرخانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیش دەدات. گرنگترین ئەو کێشانەی نەوت و گازیش كه هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا بۆ عێراق و هاووڵاتیی عێراقیی دروست کردووە و نەیهێشتووە حوکمڕانیی باش بێتە ئاراوە بریتین لە: ⦁ بەرهەمهێنانی عەقڵییەتی دیکتاتۆری: بەشی زۆر دەسەڵاتدارانی عێراق، بەتایبەتی لە دوای گۆڕینی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری لە عێراقدا لە ساڵی ١٩٥٨دا، هەوڵیان داوە سوود لەو داهاتە زۆرەی نەوت و گازی عێراق وەربگرن کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا دەستیان دەکەوێت و، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵات بەکاری بهێنن. دەتوانین بڵێین داهاتی نەوت و گازیش هاوکارێکی باشی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو، تا بتوانن خۆیان لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و پێکهاتەی تایبەت بە خۆیان بەهێز بکەن، کە تەنیا ئامانجیان مانەوەیان بوو لە دەسەڵات بە هەر شێوەیەک بێت؛ کە ئەمەیش پێچەوانەی پرهنسیپی بەشداریکردن و دیموکراتییە، کە حوکمڕانیی باش گرنگیی زۆری پێ دەدات. ⦁ ئابوورییەکی یەکلایەن و سیستەمی داراییی ڕانتی: بەتەنیا پشتبەستن به داهاتی نەوت و گاز بە شێوەیەکی گشتی لە عێراقدا، وای کردووە تاکی عێراقی لە ڕووی دارایییەوە زۆر کەم پشت بە خۆی ببەستێت. ئەمەیش وای کردووە کە تاکی بەرپرسیار لەناو کۆمەڵگەی عێراقی زۆر کەم بێت و، بەشی زۆری بەرپرسیارێتییهکان لە لایەن حکوومەت و گرووپی دەسەڵاتدارەوە هەڵبگیرێت؛ کە ئەمەیش گەورەترین بەربەستە بۆ دروستنەبوونی حکومڕانییەکی باش لە عێراقدا، چونکە مەرجی سەرەکی لە حوکمڕانیی باشدا دابەشکردنی بەرپرسیارێتییهکانە لە نێوان سەرجەم توێژ و پێکهاتەکاندا. ⦁ دروستنەبوونی هاووڵاتیی عێراقی: هەر پێکهاتەیەک لە عێراقدا هاتبێتە سەر دەسەڵات، هەوڵی داوە سەرەتا لە ڕێگەی ئەو داهاتە زۆرەی لە نەوت و گازەوە دەستی دەکەوێت پشتگیری لە تاکەکانی ناو پێکهاتەکەی خۆی بکات. ئەوەیش وای کردووە لە لایەک هاووڵاتیی عێراقی دروست نەبێت، لە لایەکی تریش، پێکهاتەکانی ناو عێراق بە شێوەیەک بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە نێوانیاندا دروست نەبێت؛ وەکوو ئەوەی کە ئێستا لە عێراقدا دەیبینین: پێکهاتەکانی سوننە و شیعە و کورد، ئەوەندەی خۆیان بە پێکهاتە و نەتەوە، یان ئایینەکەیان دەبەستنەوە، ئەوەندە پێیان خۆش نییە پێیان بگوترێت عێراقی. نەبوونی هاووڵاتیی عێراقیش، واتە نەبوونی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی؛ ئهمەیش ڕێگرییەکی تری بۆ دروستنەبوونی حوکمڕانیی باش لە عێراقدا دروست کردووە. ⦁ نەبوونی متمانە و ئاڵۆزبوونی شەفافییەت: لە عێراقدا هیچ پێکهاتە و گرووپێک، جا گرووپی سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان ئایینی، بڕوا و متمانەیان بە یەکتر نییە. ئەمەیش بووهته هۆی ئهوهی کە متمانە لەناو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانیشدا دروست نەبێت. نەبوونی متمانە لە عێراقدا بەگشتی، وای کردووە کە شەفافییەت لە بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیشدا زۆر کەم بێتەوە یان هەر نەمێنێت. بەشێکی ئەو کەمبوونەوەی شەفافییەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە سەرەتای بەڕێوەبردنی عێراقەوە ئەو پارە زۆرەی بە هۆی فرۆشتنی نەوت و گازەوە دەست گرووپە دەسەڵاتدارەکان کەوتووە، بەشێکی لە بەرژەوەندیی خۆیان بشارنەوە. شاردنەوەی داهات هەنگاوێکی سەرەکی بوو بۆ سەرهەڵدانی ناشەفافییەت و شاردنەوەی داتا و زانیارییە دروستەکان. ئەوەیش هۆکارێک بوو بۆ ڕێگری لە هێنانەئارای حوکمڕانییەکی باش لە عێراقدا، چونکە شاردنەوەی داهات و پارەی نەوت و گاز، ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی گەندەڵی و ناشەفافییەت بە شێوەیەکی دامەزراوەیی خۆش کرد. نەبوونی شەفافییەتیش یەکێکی ترە لە ڕێگرییەکانی بەردەم حوکمڕانیی باش لە عێراقدا. ⦁ دروستنەبوونی تاکی بەتوانا و بەرپرسیار: یەکێک لە مەرجەکانی هێنانەئارای حوکمڕانییەکی باش، بوونی تاک و هاووڵاتیی بەتوانا و لێهاتووە لەناو حکوومەت و کۆمەڵگەدا، چونکە بەبێ بوونی تاکی بەتوانا، ناتوانرێت سوود لە سامەنە سروشتییەکانی ناو کۆمەڵگە و دەوڵەت وەربگیرێت. بەداخەوە نەوت و گاز وای کردووە، کە تاکی بەتوانا لە سەرجەم بوارەکاندا لە عێراقدا کەم بێتەوە. هەروەها لە کەرتی نەوت و گازیشدا، پیشەسازیی نەوت و گاز لە سەرەتاوە پشتی بە وەبەرهێنەری بیانی دەبەست و، تا ئێستایش بەشی زۆری ئەو وەبەرهێنانەی لە کەرتی نەوت و گازدا لە عێراقدا ئەنجام دەدرێت، پشت بە وەبەرهێنەر و دەستی کاری بیانی دەبەستێت. کەواتە داهاتی نەوت و گاز چ لە ڕووە ئابوورییەکەیەوە بێت چ لە ڕووە سیاسییەکەیەوە، کاریگەریی هەبووە لەسەر نەهێشتنی ڕۆڵی تاکی بەتوانا و کەمکردنەوەی ڕۆڵیان لەناو دامەزراوە نافەرمی و فەرمییەکانی ناو دەوڵەتدا. ⦁ بەسەربازگهکردنی کۆمەڵگەی عێراقی: داهاتە زۆرەکەی نەوت و گاز ئهوهی لێ كهوتۆتهوه، کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، تەنیا لە پێناوی مانەوەی خۆیان و دارودەستەکەیان و سەرکوتکردنی نەیار و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو عێراق، چەکێکی زۆر بکڕن و گرنگی به لایەنی سەربازی و دەزگه و دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات بدەن. ئەمەیش وای کرد گرووپە جیاجیاکانی ناو عێراق جگە لە گرووپە تیرۆریستییەکان، بە هەمان شێوە گرنگی بە لایهنی سەربازی و چەکدارکردنی تاکەکانیان بدەن. بەسەربازگهکردنی کۆمەڵگەی عێراقیش، یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کە داهاتی نەوت و گاز ڕۆڵی تیایدا هەیە؛ کە ئەوەیش ڕێگرییەکی ترە لە بەردەم هێنانەئارای حوکمڕانیی باش لە عێراقیدا، چونکە حوکمڕانیی باش پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و شارستانی و دوور لە جهنگ و ململانێی چەکداری هەیە تا گەشە بکات. کۆبەند کاریگەریی نەوت و گاز لەسەر خراپکردنی پرۆسەی حوکمڕانیکردن لە عێراقدا، بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە. دەتوانین بڵێین چۆنێتیی بەکارهێنانی نەوت و گاز و داهاتەکەی وای کردووە، حوکمڕانیی باش لە عێراقدا قورس و ئاڵۆز بێت. چونکە داهاتی نەوت و گاز بووه هۆی ئهوهی، لە لایەک بەردەوامی بە بیرکردنەوە و سیستەمی دیکتاتۆرییەت لە عێراقدا بدرێت، لە لایەکی تریش زۆربوونی بەرژەوەندییەکان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە وای کردووە، ناشەفافییەت و کەمبوونەوەی متمانە لە نێوان پێکاتە و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی ناو عێراق ڕوو لە زیادبوون بکات و، ئەوەیش کاریگەریی زۆری لەسەر دروستبوونی پێکهاتە و تاکی نابەرپرسیار لەناو عێراقدا هەبووە. نەبوونی تاکی بەرپرسیار و بوونی گەندەڵی و حکوومەتی لاواز و بەسەربازگهکردنی کۆمەڵگەی عێراقی، وای کردووە کە هێنانەئارای حوکمڕانیی باش لە عێراقدا ئەستەم بێت. بۆیە وا باشترە لە سەرەتای کارکردن بۆ هێنانەدی و دامەزراندنی پایەکانی حوکمڕانیی باش لە عێراقدا، سەرەتا ڕۆڵی داهاتی نەوت و گاز لە ژیانی ئابووری و سیاسیی تاکی عێراقیدا کەم بکرێتەوە. هەروەها کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بە شێوەیەک بکرێت تا ڕێگری بکرێت لەوەی هەر پێکهاتەیەک و گرووپێکی سیاسی، یان ئایینی، نەوت و گاز و داهاتەکەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن.
|