پێشێلکردنی مافی ئافرەتان لە جیهانی زێڕی ڕەشدا

خستنە ڕووی پرس

ڕۆژی ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە. ئەگەرچی ئەو ڕۆژە پشاندەری ئازایەتی و توانا و لێهاتووییی ئافرەتانه‌، بەڵام ڕۆژێکیشه‌ بۆ بیرخستنەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر ئافرەتاندا هاتوون و تا ئێستایش هەر بەردەوامن. ئەوەی جێگه‌ی ئاماژەپێدانە، وەرگرتنی مافی ئافرەتان لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەوە، بە درێژاییی مێژوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری جیهان بە چەندین قۆناغی جیاجیادا تێ پەڕیوە، کە ئەمیش وای کردووە لە ئێستادا لە بەشێک لە وڵاتاندا جۆرە یەکسانییەک لە نێوان مافی ئافرەتان و پیاواندا بێتە ئاراوە. بەڵام لەو وڵاتانەی کە نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی تاکەکەس و بووژانەوەی ئابووری و داراییی وڵاتە، مافی ئافرەتان بە شێوەیەک لە شێوەکان بە خراپە بەسەر کۆی ژیانی ئافرەتاندا شکاوەتەوە. بە واتایەکی تر، بۆ بەشێکی زۆری وڵاتانی تازە پێگەیشتووی پڕ لە نەوت، ئافرەت سەرەڕای بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ماف لە ڕووی پەروەردە و فێرکردن و دارایییەوە، بەڵام زۆریی داهاتی نەوت وا دەکات، مافی ئافرەتان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دارایییەوە زیاتر پێشێل بکرێت. لێرەدا دەکرێت بپرسین چۆن لە سایەی داهاتی زێڕی ڕەشدا مافی ئافره‌تانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە جیهانی وڵاتانی پڕ لە زێڕی ڕەشدا (نەوت) پێشێل کراوە؟  

ناوەڕۆک

بەدەستهێنانی مافی ئافرەتان بەگوێرەی فەلسەفە و ئایین و کۆمەڵگە و که‌لتوورە جیاوازەکان زۆر جیاوازە. بەڵام لە جیهانی مۆدێرن و داوای دروستبوونی دەوڵەت نەتەوە، هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی ئافرەتان، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم. ئەگەرچی سەرەتای داواکردنی مافی ئافرەتان، دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی؛ بەتایبەتی لە ساڵی١٧٩١ ئەم داواکارییە دەست پێ دەکات و تا ساڵی ١٩٠٠ دەخایەنێت، تا ئافرەتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئافرەتانی فەڕەنسا و بریتانیا بەشێک لە مافە دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان وەردەگرن. بەڵام ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، کە بە ٨ی ئازار دەستنیشان کراوە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و قوربانییەکانی ئافرەتانی ئەمریکا، کە ئەویش بە خۆپیشاندانەکانی کرێکارە ئافرەتەکانی شاری نیویۆرک لە ساڵی ١٨٥٦ دەست پێ دەکات؛ بەڵام لەو کاتەدا پۆلیسی شاری نیویۆرک بە زەبری هێز ئەو خۆپیشاندانە سەرکوت دەکەن. بەڵام ئەو هەوڵ و داواکارییانە بەردەوام دەبێت تا لە ٨ی ئازاری ساڵی ١٩٠٨دا بە هەزاران کرێکاری ئافرەتی یەکێک لە کارگەکانی قوماشی شاری نیویۆرک بۆ داواکردنی مافە دارایییەکانیان دەڕژێنە سەر شه‌قام.

ئەوەی شایەنی باسە بەشێک لەو کرێکارە ئافرەتانە "نانی وشک" و بەشەکەی تریش"گوڵ"یان بەرز کردبووه‌وه‌، وەک نیشانەیەک بۆ داواکردنی مافە دارایییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە. ئەو داواکارییانە تەنیا بە مافە دارایییەکانیش نەوەستا بەڵکوو ئەو خۆپیشاندانە ڕێگەی بۆ داواکردنی مافە سیاسییەکانیان، بەتایبەتی بەشداریکردن لە مافی دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا خۆش کرد. ئەوە بوو دوای ئەوەی لە ٨ی ئازاری ساڵی ١٩٠٩ ئەو خۆپیشاندانە بۆ جەختکردنەوە لەسەر چەسپاندنی مافی ئافرەتان دووبارە بووه‌وه‌، هەر لەو ساڵەدا لە ئەمریکا بڕیار درا ٨ی مارس ببێت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان. پاش نزیکەی ٦٨ ساڵ بە کۆی  وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا ڕۆژی ٨ی مارس بکەن بە ڕۆژی ئازایەتی و بەرخۆدان بۆ سەرجەم ئافرەتانی جیهان. لێرەوە مافی ئافرەتان کۆی ئەو مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایییانەی گرتەوە کە لەگەڵ پیاواندا یەکسانە، بەبێ جیاوازی.

ڕۆڵی نەوت لە پێشێلکردنی مافی ئافرەتاندا

زۆریی نەوت بۆ بەشێک لە وڵاتان، هاوکار بووە بۆ باشتربوونی ئابوورییان، کە ئەمیش وای کردووە ئافرەتیش وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە سوود لە بەرەوپێشچوونی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و تەنانەت ئەو خۆشگوزەرانییەیش وەربگرێت کە لە ڕێگەی وزە و داهاتی نەوتەوە هاتبووە ئاراوە. بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی کە دواکەوتوون، یان لە دوای سەدەی بیست و بیست و یەکەوە نەوتیان کردبوو بە سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکەیان، مافی ئافرەتان لە زۆر ڕووەوە بە چەندین شێواز پێشێل دەکرێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و، وڵاتانی جیهانی عەرەبی؛ ئەم وڵاتانەیش دەکەونە چوارچێوەی وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە. هۆکاری ئەو پێشێلکردنەیش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار:

یەکەم: بەهێزبوونی ڕەوتی پیاوسالاری. داهاتی نەوت تا ئێستا بەشی زۆری دەکەوێتە دەست پیاوان، چونکە بەشی زۆری پیشەسازیی نەوت، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا لە لایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبردرێن؛ هەر لە سەرۆکی کۆمپانیاکانی نەوتەوە بگرە، تا دەگاتە ئەندازیار و کرێکارەکانی بواری نەوت و گازیش. ئەگەر سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی ئافرەتیش هەبێت، ئەوا ژمارەیان زۆر کەمە.

دووەم: باشتربوونی ئاستی خوێندەواریی ئافرەتان بەرامبەر وەرگرتنی کاری دیاریکراو: لە زوربەی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، ئەگەرچی داهاتی نەوت بووە هۆکاری باشتربوونی ئابووریی وڵات، کە ئەمیش کاریگەریی کردە سەر پێشکەوتنی سیستەمی پەروەردە، کە وای کرد ئافرەتانیش وەک پیاوان سوودمەند بن لە مافی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، بەڵام لەو وڵاتاندا تا ئێستا ڕێگە نادرێت کە ئافرەتان هەموو کارێک بکەن بەڵکوو لەناو کۆمەڵگەکاندا، بەتایبەتی کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکان، تەنیا چەند کارێک بە ئافرەت بەڕەوا و شەرعی دەزانن؛ لە نموونەی کاری مامۆستایی و پەروەردەکردنی منداڵان، یان ئەو کارانەی زیاتر پەیوەندیدارە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتاندا.

سێیەم: زۆربوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی: لەو وڵاتانەی کە تەنیا داهاتی نەوت بووە هۆکاری پێشکەوتنی ئابووریی وڵاتەکان، سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی وڵات بەرەوپێش نەچوون، بەڵکوو تەنیا بووە هۆکاری لاساییکردنەوەی پێشکەوتنی وڵاتانی ڕۆژاوایی، بەتایبەتی لە ڕووی تەکنەلۆژییه‌وە؛ کە ئەمەیش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی لە نموونەی دیاردەی تەڵاق و توندوتیژی بەرامبه‌ر ئافرەتان بێتە ئاراوە. بە واتایەکی تر، کاتێک ئافرەت نەتوانێت لە سەرجەم کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پێشەسازی و کارگەکان کار بکات و ڕۆڵ بگێڕێت، کەواتە تەنیا لە مۆڵ و کارە دیاریکراوەکانی ناو فەرمانگە حکوومی و تایبەتەکان دەمێنێتەوە کە کاری تیادا بکات و، لە زۆربەی وڵاوتانی نەوتیدا،  لەبەر ئەوەی ئافرەتان زیاتر مووچەخۆرێکی بێکارن، بۆیە ئەوەندەی بەو ئامێرە تەکنەلۆژییانەوە سەرقاڵن کە بە پارەی نەوت هاتۆتە ناو وڵاتەکەیان، ئەوەندە بە پێشخستنی ژێرخانی وڵاتەکانیان سەرقاڵ نین. بۆیە لێرەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناو خێزان زیاتر ڕوو لە زیادبوون دەکات.

چوارەم: نەبوونی سیستەمی فەرمانڕەواییی دیموکرات و دادپەروەر: بەشی زۆری ئەو وڵاتانه‌ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئەفریقا و، بەتایبه‌تی وڵاتانی عەرەبی، کە بە نەوت دەوڵەمەندن، وڵاتانی نادیموکرات و نادادپەروەرن. چونکە بەشێک، یان گرووپێک، یان حزبێکی سیاسی دەستی بەسەر سەرجەم داهاتی نەوتدا گرتووە. لێرەیشەوە ئەو لایەن و گرووپانە زۆربەی لایەنی ئابووری و سیاسیی وڵاتەکەیان قۆرخ دەکەن. دیسانه‌وه‌ لێرەوە بابەتی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و حکومڕانیی باش دەکەوێتە ژێر مەترسییەوه‌ و، هەر وڵاتێکیش سیستەمێکی دیمکراتیی باشی تیادا نەبێت مافی ئافره‌تانیش بەئاسانی پێشێل دەکرێت.

هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوەیش بەو مانایە نایەت کە هۆکاری ئایینی، که‌لتووری، مەزهەبی، پەروەردە، نائارامیی سیاسی و جەنگ، کاریگەریی لەسەر زەوتکردن و پێشێلکردنی ڕۆڵ و مافی ئافرەتان نییە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە دواکەوتوون و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکانیان تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەوا مافی ئافرەت زیاتر پێشێل دەکرێت.

دەرەنجام و مافی ئافرەتانی عێراق و کوردستان بە هۆی خراپ بەکارهێنانی نەوتەوە

بوونی زێڕی ڕەش (نەوت) لەناو هەر وڵاتێکدا، چەندە دەبێتە هۆکاری بەدەستهێنانی داهاتێکی باش بۆ ئەو وڵاتەی کە تیایدا دەژین، بەڵام ئەگەر ئەو داهات و سامانە سروشتییە، بە شێوەیەکی تەندروست و دادپەروەرانە بەکار نەهێنرێت ئەوا دوو ئەوەندە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ئافرەتان. بە درێژاییی مێژووی عێراقیش، ئافرەتی عێراقی سەرەڕای ئەوەی تا ڕاددەیەک لە بواری پەروەردە و خوێندن و کارکردنێکی سنوورداردا سوودمەند بوونە، بەڵام ململانێ و ئەو جه‌نگانەی حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەره‌وەی عێراق کردوویانە، وای کردووە بەشی ئافرەتی عێراقی، بەتایبەتی ئافرەتانی کوردستان، تەنیا ماڵوێرانی و دەربەدەری و برسێتی بێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری باوک و برا و کوڕ و مێردی ئافرەتانی کوردستان بە هۆی ئەو ململانێ و جه‌نگانەی کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەنجامیان داوە، شەهید بوون. بۆیە وا باشترە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو نەوتەدا بکات کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە ئەوەی سەرەتا بە هۆی خراپ بەکارهێنانی نەوت و داهاتی نەوتەوە مافی پێشێل دەکرێت، ئەوە ئافرەتانی کوردستان دەبن لە داهاتوودا؛ پاشان سەرجەم توێژەکانی تری کۆمەڵگەی باشووری کوردستان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples