خوێندنەوەیەک بۆ یاسای کۆمپانیای نەوتی نیشتمانيی عێراقی (بەشی دووەم و کۆتایی)

(سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکان)

 

شا‌ڵاو عەبدولخالق محەمەد مامۆستای زانکۆ و پسپۆری سیاسەت و وزە

خستنەڕووی پرس

پاش ئەوەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ، بڕیاریان دا دووبارە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی لە ڕێگەی یاسایەکی نوێوە کە نزیکەی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکەن، دابمەزرێننەوە، کاتێک لە یاساکە ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت بنیادنانەوەی ئەو کۆمپانیایە بەو جۆرەی لەناو ماددەکانی ئەو یاسایەدا هاتووە، ئەوەندەی ململانێکان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و پارێزگه‌کان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بەتایبەتی لە ڕووی بەڕێوەبردنی نەوت و گازەوە قووڵ دەکاتەوە، ئەوەندە نابێتە هۆکارێک بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە لایەک و، بەغدا و پارێزگه بەرهەمهێنه‌ره‌كانی نەوت لە لایەکی تر. هۆکاری سەرەکیی قووڵبوونەوەی ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ماددەکانی ناو یاسای کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی ساڵی ٢٠١٨، پێچەوانەی دەستوور و سیستەمی نوێی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ن، لە هەمان کاتیشدا حکوومەتی ناوەندی و گرووپ و لایەنی دەسەڵاتداری ناو حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، دەیانەوێت لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایەوە دووبارە کۆنتڕۆڵی سەرجەم نەوت و بازرگانی و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بکەن لە هەموو عێراقدا. کە ئەگەر ئەمەیش ڕوو بدات، ئەوا پاش چەند ساڵێک عێراق لە ڕووی سیستەمی سیاسییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی مەرکەزی و دیکتاتۆر.

ناوەڕۆک

لە ڕۆژی ٥ی ئازاری ٢٠١٨دا، پەرلەمانی عێراقی بە زۆرینەی دەنگ یەکەم خوێندنەوەی بۆ یاسای دامەزراندنی "کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی" کرد و، بەڕێز "د. فوئاد مەعسوم"، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە ٢٥/٣/٢٠١٨ ئەو یاسایەی پەسەند کرد. ئەم یاسایە لە ٢٢ ماددە پێک هاتووە، کە پەیوەندیدارە بە چۆنێتیی دووبارە بنیادنانەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی، پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٧دا کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە خرایە سەر وەزارەتی نەوتی عێراقی و، کار و دەسەڵاتەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانییش لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە بە شێوەیەکی گشتی، دابەش کرا لەسەر کۆمپانیاکانی نەوتی باشوور لە بەسرە و، کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک لە پاڵ چەند کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی تردا.

ئەوەی شایەنی باسە، کاتێک تەماشای پڕۆژەیاساکە دەکەین کۆمەڵێک تێبینیی دەستووری و یاسایی و داراییمان بۆ دەردەکەوێت؛ وەک بڵێیت ئەو یاسایە بۆ عێراقی نوێی فیدراڵی دیموکرات نەنووسراوە، بەڵکوو ئەو یاسایە کۆمپانیایەک بۆ عێراق دادەمەزرێنێت کە تەواو هەوڵ بۆ بەناوەندیکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێراقدا دەدات، کە ئەمەیش پشگیرییەکە بۆ زوو هێنانەدیی ئەو خەیاڵەی کە دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەسەڵاتە دارایی و سیاسییەکان لە عێراقدا ده‌یكه‌ن. بۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەو سەرنج و تێبینییانە بخەینە ڕوو کە لەم یاسایەدا هەیە و، ئەگەر ماددەکانی ناو ئەم یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو کۆمپانیا نیشتمانییە دابمەزرێنێت، بەو جۆرەی لە ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە، ئەوا مەترسییەکی گەوره‌ لە ئاییندەدا نەک تەنیا لەسەر پیشەسازیی وزەی عێراق دروست دەبێت، بەڵکوو مەترسی لەسەر تەواوی سیستەمی سیاسی و داراییی عێراق دروست دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم یاسایە هەموار نەکرێتەوە، یان یاسایەکی پەیوەندیدار بە هەرێم و پارێزگه وەبەرهێنەکانی نەوت دەرنەکرێت، کە تیایدا چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز ڕوون بکاتەوە.

سەرنج و تێبینییەکان لەسەر یاسای کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق، ساڵی ٢٠١٨

یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، لە (٢٢) ماددە و کورتەیەک لە هۆکاری دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە پێک هاتووە. بە شێوەیەکی گشتی ئەم یاسایە و دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایە بەو شێوەیەی لەناو ماددەکانی ئەو یاسایەد هاتووە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە و، لە بەرژەوەندیی ئەو پارێزگه‌یانەیشدا نییە کە بڕوایان بە ناناوەندیکردنی دەسەڵاتە سیاسی و ئابوورییەکان هەیە لە عێراقدا. بە شێوەیەکی گشتیش ئەگەر بەکورتی خوێندنەوەیەکی سیاسی و ئابووری بۆ ماددەکانی ناو یاساکە بکەین، چەندین تێبینی و سەرنجمان بۆ دروست دەبێت کە لێرەدا بەشێکیان دەخەینە ڕوو:

یەکەم: لە پێشەکیی یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیدا هاتووە، کە سەرۆکایەتیی کۆمار لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەنجومەی نوێنەران پەسەندی کردووە و، پشتبەستن بە بڕگەی یەکەم لە ماددەی (٦١) و، بڕگەی سێیەم لە ماددەی (٧٣)ی دەستووری عێراقی، سەرۆکی کۆمار بڕیاری دەرکردنی یاسای کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی لە ٢٥ی ئازاری ٢٠١٨ دا، پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٥ی ئازاری ٢٠١٨ بە زۆرینەی دەنگ ئەو یاسایەی پەسەند کرد.

دیارە لە پێشەکیی دەرکردنی هەر یاسایەکی فیدراڵیدا، بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر سەرۆککۆمار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران هاوڕا بن، ئەوا ئەو پێشەکییە یاسایییە وەک ڕۆتین دەنووسرێت، بەڵام دەبێت پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار بزانن، ناکرێت یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، وەک هەر یاسایەکی تری فیدراڵی تەنیا بە ڕەچاوکردنی بڕگەی یەکەم لە ماددەی (٦١)ی[i] دەستوور و لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەربکرێت و، پاشان بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی (٧٣)ی[ii] دەستوور بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە سەرۆککۆمار دراوە پەسەند بکرێت، بەڵکوو دەبوایە لە نووسینی ئەم یاسایە ڕەچاوی هەر دوو ماددەی (١١١، ١١٢)ی دەستووری عێراقی بکرایە؛ چونکە ئەو دوو ماددەیە ڕاستەوخۆ، پەیوەندییان بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گازەوە لە عێراقدا هه‌یه‌. چونکە ئەوەی لە ماددەکانی دامەزراندنی یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیدا هاتووە، بەشێکی زۆری پەیوەندیدارە بە بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم نەوت و گازی عێراقی؛ کەواتە ئەگەر کۆمپانیایەک بیەوێت بەو فراوانییە کار بکات، دەبوایە لە کاتی دانانی ئەو یاسایەی کۆمپانیاکەی پێ دادەمەزرێت، ڕەچاوی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستووی عێراقی بکرایە.

دووەم: ئەو یاسایە سەرەڕای ئەوەی ناوەڕۆکەکەی هەڵەی  تێدایە و لە کاتێکی هەڵەشدا دەرچوو، بەڵام تۆ بڵێیت ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی ناو پەرلەمانی عێراقی و، بەڕێزان ڕاوێژکارانی سەرۆککۆمار، چۆن ڕێگه‌یان دا وا بەئاسانی و بەبێدەنگی یاسایەکی وا دەربکرێت. چونکە ئەو یاسایە بەتەواوەتی هەوڵ بۆ بەناوەندیکردنی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەدات لە ماوەیەکی درێژدا و، ئەگەر حکوومەتی ناوەندی دەسەڵاتی زیاتر بێت، ئەوا زووتر دەگەنە ئەو ئامانجە؛ کە دەتوانین بڵێین دژی ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە عێراقییەکان دوای ساڵی ٢٠٠٥ لەسەری ڕێک کەوتن.

سێیەم: ئەو یاسایە لە ڕووی بەڕێوەبردن و پیشەسازی و بازرگانیی نەوتەوە، هێزی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی زیاتر دەبێت، کە لە هیچ وڵاتێکی فیدڕاڵی، ناکرێت دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی کۆمپانیایەک، لە وەزارەتێکی پەیوەندیدار، کە وەزارەتی وزەیە بەرزتر بێت. هەروەک لە ماددەی (٢)ی بڕگەی یەکدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایە کەسایەتییەکی مەعنەوی و سەربەخۆیییەکی دارایی و کارگێڕیی خۆی هەیە و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت و لقی لە سەرجەم پارێزگه‌کانی عێراقدا دەبێت. ئەوەی شایەنی باسە، ئەم یاسایە لەم بڕگەیەدا باسی کردنەوه‌ی لق لە سەرجەم پارێزگه‌کان دەکات، بەڵام ناوی هەرێم ناهێنێت. ئەمەیش پێچەوانەی برگەی ١ و ٢ی ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراقییە، کە ئەگەر لقیش بکەیتەوە، دەبێت لە ڕووی ئیدارییەوە بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی ماددەی (١١٧)ی دەستوور، هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدڕاڵییە؛ بۆیە ناکرێت وەک پارێزگه لەناو یاساکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

چوارەم: بڕگەی (٢)ی ماددەی (٢)ی یاساکە، باس لە چوارچێوەی کارکردنی کۆمپانیاکە دەکات، کە لە هەموو خاکی عێراقدا کار دەکات و چالاکییەکانی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەی عێراق پەرە پێ دەدات. واتا ئەم یاسایە دەسەڵات بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی دەدات، کە لە سەرجەم ناوچە نەوتی و گازییەکانی خاکی عێراق و، هەروەها هەرێمە ئاوییەکانی سنووری عێراقیش کار بکات؛ جگە لەوەی مافی دەبێت کارەکانی لە دەرەوەی عێراقیش ئەنجام بدات. ئەمەیش هەڵەیەکی گەورەیە؛ چۆن دەکرێت تا ئێستا یاسای نەوت و گاز بەپێی دەستووری نوێی عێراق دەرنەچووبێت؟ تا بزانین مافی هەرێم و پارێزگه و کۆمپانیا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان چۆن دەبێت؛ حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی دێت کۆمپانیایەک دادەمەزرێنێت، کە لە ڕووی جوگرافییەوە کۆنتڕۆڵی سەرجەم نەوت و گازی عێراقی بکات.

پێنجەم: لە ماددەی (٣)ی یاساکەدا دووبارە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە، ئامانجی ئەم کۆمپانیایە بۆ دەوڵەتێکی سادە باشە، نەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، چونکە ئەگەر بەپێی ئامانجەکەی بێت کە لەم ماددەیەدا هاتووە، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، لە ڕووی تەکنیکی و ئابووری و پیشەسازی و بەبازاڕکردنیشەوە کۆنتڕۆڵی هەموو کارێکی پیشەسازیی نەوت و گاز لە عێراقدا دەکات.

شەشەم: لە ماددەی (٤)ی یاساکە دیسان باس لەوە دەکات کە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، مافی خۆیه‌تی کە سەرجەم کێڵگە بەرهەمهێنەر و دۆزراوەكان و ئەوانەی بەرەو پێش نەبردراون، بەڕێوەبردن و کارپێکردن و بەرەوپێشبردنیان بگرێتە ئەستۆ. لە هەمان کاتدا ئەنجامدانی هەموو جۆرە گرێبەستێک بە مەبەستی دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن ئەنجام بدات. لەوەیش زیاتر، لە بڕگەی (٣)ی ئەم ماددەیەدا هاتووە، هەموو چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە پیشەسازیی وزەی نەوت و گاز بەڕێوە دەبات.

هەروەها لە بڕگەی (٤)دا هاتووە، ئەم کۆمپانیایە بەڕێوەبردنی سەرجەم گرێبەستە خزمەتگوزارییەکان دەگرێتە ئەستۆ، کە ئەم جۆرە گرێبەستانەیش زیاتر وەزارەتی نەوتی عێراقی ئەنجامی داوە. کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، بابەتی گرێبەستە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ خراوە؛ کە ئەمەیش دروستکردنی جیاوازی و قووڵکردنەوەی ململانێکانە لە نێوان هەرێم و بەغدا. چونکە ئه‌گه‌ر حکوومەتی عێراقی کۆمپانیایەکی نیشتمانی دادەمەزرێنێت، بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی لە نێوان سەرجەم پارچەکانی خاکی عێراق لە سەرجەم پارێزگه و هەرێمەکان کار بکات، ئەوا دەبێت ئەو کۆمپانیایە لە ڕووی قازانج و دانەوەی قەرزەکانەوە، بەرپرسیارێتیی گرێبەستە هاوبەشەکانی حکوومەتی هەرێمیش هەڵبگرێت، لە پاڵ ئەو گرێبەستە خزمەتگوزارییانەی کە حکوومەتی ناوەندی بەغدا ئەنجامی داوە.

لە بڕگەی (٦)ی هەمان ماددەدا هاتووە کە، عێراق دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی هەموو هێڵەکانی گواستنەوەی سەرەکی و خاڵی کۆتاییی هەناردەکردنی نەوت دەگرێتە ئەستۆ. بۆ نموونە، بۆڕیی نەوتی کوردستان و شوێنێکی وەکوو "فیشخابوور"یش کە خاڵێکی کۆتاییی سنووری هەناردەکردنە، دەبێت لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقییه‌وه‌ بەڕێوە ببردرێت.

حەوتەم: بە شێوەیەکی گشتی بڕگەکانی ناو ئەم ماددەیە پێمان دەڵێت، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی بەتەواوەتی سەربەخۆ نییە، چونکە بەشی زۆری داهاتەکانی بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پڕۆژەکان دیاری دەکرێت و بەڕێوە دەبردرێت. کە لێرەیشدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم کۆمپانیایە زیاتر لەژێر دەسەڵانی ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت، کە بە شێوەیەکی گشتی لە پێکهاتەی شیعە دەبن؛ کە ئەمەیش لە ڕووی سیاسییەوە کارێکی مەترسیدارە، چونکە پێکهاتەیەک، سیاسەتی گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی کۆنتڕۆڵ دەکات.

هەشتەم: لە ماددەی (٦)ی یاساکە، کە تایبەتە بە پێکهاتەی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، سەرەڕای کۆمەڵێک تێبینی، بەڵام دیارترین تێبینی ئەوەیە، لە پێکهاتەی ئەنجومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکەدا، ئەوەی تێبینی دەکرێت ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و نەوتی هەرێمی کوردستان هەروەک پارێزگه‌یەکی بەرهەمهێن مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەڵکوو کەمتریش، چونکە تەنیا یەک ئەندامی هەیە، کە ئەویش وەکیل وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانە، کە وەک ئەندامێک مافی پێ دراوە لەوێ کار بکات.

نۆیەم: لە بڕگە (٢)ی ماددەی (٨)ی یاساکەدا باس لە کۆمەڵێک کۆمپانیا كراوه‌ کە کۆمپانیای عێراقین و لە بواری نەوت و گاز کار دەکەن، کە سەرجەمیان بەم کۆمپانیایەوە دەلکێنرێن و، هەروەها کارەکانیان دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەو کۆمپانیانەی ناویان لەم ماددەیەدا هاتووە، سەرجەمیان کارەکانیان پەیوەندیدارە بە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە.کەواتە ئەمە دوو شتمان پێ دەڵێت: یەکەم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دروستکردنی کۆمپانیای خۆماڵیی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان زۆر کەمتەرخەم بووە. دووەم، ئەو لیژنەیەی کە یاسای کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیی داڕشتووە، بە شێوەیەکی گشتی لە لایەک هیچ متمانه‌یه‌کیان بە کارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووە، لە لایەکی تریشه‌وه‌ ئەو لیژنەیە، پێدەچێت بە مەبەست ڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان کەم کردبێتەوە، ئەگەر نا دەیانتوانی جێگه‌یەک بۆ کۆمپانیایەکی ناو هەرێمی کوردستان  بهێڵنەوە تا لە ئاییندەدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایه‌ی نیشتمانیی نەوتی عێراقی کار بکات، لە پاڵ ئەو کۆمپانیایانەی تر کە لەم ماددەیەدا ناویان چەسپێنراوە.

هەروەها لە ماددەی ٨ی بڕگەی  (٥ )دا دووبارە گرێبەستەکانی بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستانی پشتگوێ خستووە، چونکە لەم بڕگەیەدا هاتووە کە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی، سەرجەم ماف و بەرپرسیارێتییەکانی گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی عێراقی لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی لە هەڵگرتنی ماف و بەرپرسیارێتییەکانی گرێبەستە هاوبەشەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.

دەیەم: لە ماف و پابەندبوونەکاندا، بەتایبەتی لە ماددەکانی ١١-١٢، ١٣، بەتایبەتی ماددەی ١٢ بڕگەی (١) بۆمان دەرەکەوێت کە، "کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی، وەکوو کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تێچووی خەرجییەکەی وەردەگرێتەوە (وێڕای پێدانی سەرمایەکەی) لەگەڵ ڕێژەیەک لە قازانج، وەک لە بڕگەی یەکەم، ماددەی ١٢مدا هاتووە: کۆمپانیا لەو قازانجەی کە دەیکات بڕێک پارە دەبڕێت. کە ئەمەش کۆی تێچووی وەبەرهێنان و وەگەڕخستن دادەپۆشێت؛ بە شێوەیەک لە ڕێژەی ناوەندیی تێچووی هەموو کێڵگە وەبەرهێنراوەکان کەمتر نەبێت) و، لە هەر بەرمیلێک لە نەوت و گازی بەرهەمهاتوو لەگەڵ ڕێژەی دیاریکراو لە قازانج (کە ئەمەیش بە ڕێکكەوتنی کۆمپانیاکە و وەزارەتی دارایی و نەوت و پلاندانان دەبێت و بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران)..."

کەواتە ئەم کۆمپانیایە لە داهاتوودا وەک "کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی" و چەندین کۆمپانیای تر داهاتی دەبێت. کێشەکە ئەوەیە چۆن هەرێمی کوردستان جارێکی تر لەو داهاتە بێبەش ناکەنەوە؟ چونکە لە ماددەی (١٣)دا، بڕگەی (٣) دووەم/ج هاتووە، ئەو پارێزگه و ناوچانەی نەوتیان هەیە و نایانەوێت نەوت و گازی ناوچەکانیان لە ڕووی وەبەرهێنان و پێشخستن و بازرگانییەوە بخەنە ژێر دەسەڵاتی ئەم کۆمپانیایە، ئەوا لە داهاتی ئەم کۆمپانیایە بێبەش دەکرێن. کەواتە ئەم بڕیارانە دووبارە ململانێکان لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا قووڵ دەکاتەوە.

لەو تێبینییانەی سەرەوە و لە چەندین تێبینیی تری ناو یاساکە بۆمان دەرەکەوێت، کە ئەم یاسایە لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی دەرنەچووە و، هەروەها ڕەچاوی سیستەمی سیاسی نوێی عێراق نەکراوە، کە بەپێی دەستوور سیستەمێکی فیدڕاڵیە.

دەرەنجام و پێشنیارەکان

یاسای کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگه وەبەرهێنەکانی نەوتدا نییە، چونکە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم نەوت و گازی سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەدات. ئەگەریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، لە ئاییندەدا ڕۆڵی زیاتری لەناو ئەو کۆمپانیایەدا هەبێت، ئەوا سەرەتا دەبێت:

  • یەکەم: هەوڵ بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراقدا بدات و، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی حکوومەتی ناوەندی بکات کە ناکرێت پێش دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، هەوڵ بدرێت کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی دابمەزرێنرێت بەبێ ڕەچاوکردنی ماددەکانی ١١١، ١١٢، تایبەت بە نەوت و گاز و، مادددەکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتەکانی هەر دوو حکوومەتی ناوەندی و هەرێم، هەروەک لە ماددەکانی ١١٣، ١١٤،١١٥دا هاتووە. واتا پێش ئەوەی ئەو یاسایە دەربکرایە، دەبوایە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەربکرایە، پاشان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە، ئه‌وجا ماددەکانی (٦١، ٧٣)، پەرلەمان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیان دەربکردایە.
  • دووەم: حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت، بە شێوەیەکی یاسایی لە بەردەم دادگەی فیدراڵی لە به‌غدا، تانە لەو یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقی بدەن.
  • سێهەم: داوا لە سەرۆککۆمار و ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە بەغدا بکرێت، کە بە شێواز و ڕێگەی یاسایی هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە بدەن.
  • چوارەم: لە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عیراقی، لایەنی کوردی پێویستە داوای هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بکات؛ هەروەها داواکارییەکی جددیی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە عیراق هەبێت.

 

 

[i]  لە ماددەی ٦١دا باس لە کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاقی فیدڕاڵ دەکات، کە لەو بڕگەیەدا ڕوون کراوەتەوە یەکێک لە کارەکانی ئەنجومەنه‌كه‌ دانانی یاسا فیدراڵییەکانە.

[ii]  لە ماددەی (٧٣)ی دەستووری عێڕاقیدا باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار دەکات. لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (٧٣)دا ئەو دەسەڵاتەی بە سەرۆککۆمار داوە، کە پاش پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەوا سەرۆککۆمار دەسەڵاتی پەسەندکردنی هەیە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples