(حکوومەتی کوردی و ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتدار وەک نموونە)
خستنە ڕووی پرس
لە زۆربەی وڵاتانی پێگەیشتوو و دیموکراتدا، حکوومەت وەک دامەزراوەیەکی بەرپرس و خاوەن دەسەڵات، لەناو جەماوەردا گەورەترین دەسەڵاتی پراکتیکی و ماددیی هەیە؛ لە بەرامبەردا حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ڕێگەی میدیا و گرووپەکانی گوشارەوە، لە لایەک دەسەڵاتێکی مەعنەوییان هەیە وەک چاودێر بەسەر حکوومەتەوە، لە ڕێگەی ئەو ڕەخنانەی کە بە شێوەی گوتار لە میدیاکان، یان بە شێوەی خۆپیشاندانی جەماوەری بە شێوەیەکی ئاشتییانە ئەنجامی دەدات، لە لایەکی ترهوه لە ڕێگەی پەرلەمانەوە پرۆژەی بنیاتنەر ئاراستەی حکوومەت دەکەن. هەر دوو لا، چ حکوومەت چ ئۆپۆزیسیۆن، لە پێناوی پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیدا کار و چالاکییەکانیان دیار و سنووردار دەکەن، چونکە حزبە سیاسییەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراتدا باش دەزانن، کە ئەگەر شێوازی ئەنجامدانی چالاکییە سیاسییەکانیان دیار و سنووردار نەبێت، ئەوە تەنیا حزبە سیاسییەکان نین کە شکست دەهێنن، بەڵکوو ئەگەر ململانێ سیاسییەکان سنووردار نەکرێت ئەوە نیشتمان (دەوڵەت) بەگشتی تێک دەشکێت و پارچەپارچە دەبێت.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، بە هۆی دامەزراندنی حکوومەتی بنکەفراوانەوە، نە توانرا چوار ساڵی ئارامی دروست بێت، نە لە بەرامبەریشدا حکوومەتێکی بەهێزی تۆکمەی خاوەن دەسەڵات دروست بوو، کە بتوانێت یەکپارچەیی و یەکگوتاری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی ئەم هەرێمە بهێنێتە دی. پرسیاری جددیی پێش هەڵبژاردن ئەوە نییە بۆچی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی جاران، لە ئێستادا بڕیاریان دا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بكشێنهوه، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چۆن حزبە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەناو جەماوەردا بە شێوەیەکی مەعنەوی بێدەسەڵات بوون و، لە بەرامبەردا چۆن حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی جاران سروشتی گەمەی سیاسییان گۆڕی و، لەناو جەماوەری هەرێمی کوردستاندا خۆیان وەک دەسەڵاتدارێکی میللی و نیشتمانی دەردەخەن؟ ئایە ئەو گەمە سیاسییە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، یان بەغدا؟
شیکردنەوە و گفتوگۆی پرس
لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٥وە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی سیاسی بووەوە؛ لە لایەک بە هۆی دابەزینی لەناکاوی نرخی نەوتەوە بۆ نزیکەی ٢٨ دۆلار، لە لایەکی تریش، بە هۆی ئەو جهنگە مەترسیدارەی کە گرووپی تیرۆریستیی داعش ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستانی کردبووهوە. هەروەها هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو لەناو کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و دارایی و کارگێڕیی شاراوەدا ژیابوون، کە بڕینی بوودجە و دابەزینی نرخی نەوت و جهنگی داعش، ئەوە قەیرانانەی زووتر بەدیار خست. لە نموونەی ئەو قەیرانانەیش:
هەموو ئەو قەیرانانەی سەرەوە کە پێشتریش گفتوگۆمان لەسەر کردوون، بۆ حزبە سیاسییەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی جاران زۆر ڕوون و ئاشکرا بوون. کەواتە ئەو حزبانەی کە حکوومەتی بنکەفراوانیان پێک هێنا، باش دەیانزانی کە ئەو کێشە و قەیرانانەی لەناو هەرێمی کوردستاندا هەن، هۆکاری دروستبوونەکەی تەنیا بۆ کەسێک و یەک لایەن ناگەڕێتەوە، بەڵکوو هۆکارەکان فرەڕەهەندن.
کەواتە بۆچی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەشداری لە حکوومەتێکدا دەکەن کە باش دەزانن بەو پرۆژە چاکسازییەی کە ئەوان هەڵیان گرتووە، وا بەئاسانی کێشە و قەیرانەکان چارەسەر ناکرێت؛ نەک بە چوار ساڵ بەڵکوو بە چەندین چوار ساڵی یەک لە دوای یەکیش؟! لە بەرامبەریشدا بۆچی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ڕازی بوون کۆمەڵێک حزبی سیاسیی ناو حکوومەت لە لایەک وەک دەسەڵاتدار لەناو حکوومەتدا کار بکەن و، لە لایەکی تریش وەک ئۆپۆزیسیۆن لەناو جەماوەردا بانگەشە بۆ خۆیان بکەن؟
ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە، دوو پرسیاری جددین کە دەبێت هەر دوو لا (حزبە دەسەڵاتدارەکان و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان) پێش هەڵبژاردنەکان وەڵامی جددی بدەنەوە، چونکە ئاراستەی کاری هەر دوو لا وای کرد، کە هەرێمی کوردستان بە هۆی حکوومەتی بنکەفراوان و حزبی ئۆپۆزیسیۆنی خاوەن دەسەڵاتەوە، بەرەو تێکشکاندن بڕوات، بەتایبەتی لە دوای ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە. ئەگەریش ئاراستەی کاری هەر دوو لا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوازێکی تەندروست نەکرێت و، دوور نەبێت لە ململانێی نانیشتمانی و شارچێتی، ئەوا هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە باتی پرسە نیشتمانییەکان و هەرێمی کوردستان بەرەوە ئاییندەیەکی باش بەرن، ئەوا بەرەو تێکشکاندن و پارچەپارچەبوونی دەبەن.
ڕۆڵی بەغدا لە تێکشکاندن و پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستاندا
بەداخەوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ڕۆڵی بەغدا لە هاوکێشە سیاسییەکانی پێش هەڵبژاردنەکان، لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە؛ سەرەتا بە پێدانی کۆمەڵێک وەعد و بەرژەوەندی بە بەشێک لە گرووپ و حزبی سیاسی لەناو هەرێمی کوردستان، پاشتر بانگەشەکردن بۆ ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەرجەم دەسەڵاتە دارایی و سیاسییەکان بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەەندی لە بەغدا؛ کە دەتوانین بڵێین پاش ئەو قەیرانە دارایی و سیاسییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێی کەوت، بەتایبەتی بە درێژاییی سێ ساڵی ڕابردوو، وای کرد حکوومەتی هەرێم نەتوانێت مووچەی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەسەر مووچەخۆراندا دابەش بکات. ئەمە بووە بیانوویەک بۆ حکوومەتی بەغدا کە بڵێت حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان لاوازە و حکوومەتی هەرێم ناتوانێت خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات. ئەوەیش بەو شێوەیە نییە، چونکە ئەو گەندەڵی و ناشەفافییەتەی لەناو دامودەزگه و وەزارەتەکانی حکوومەتی ناوەندیدا هەن، زۆر زیاترە لەوەی لەناو حکوومەتی هەرێمدا هەن.
بەڵام ئەوەی هاوکاریی حکوومەتی بەغدای کردووە کە لە دوای ئەو هەموو شکست و جهنگە ناوخۆیییانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە، بتوانێت دووبارە تا ڕاددەیەک خۆی ڕابگرێت بریتییە لە:
هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، وایان کرد بە شێوەیەکی کاتی حکوومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو قەیرانانەی ساڵ لە دوای ساڵ، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٦هوە ڕووی تێ دەکرد، خۆی ڕابگرێت. بەڵام دەبێ بیریشمان نەچێت، سەرەڕای پێدانی مووچە، بەشێکی زۆری شارەکانی عێراق دوچاری ماڵوێرانی و کاوڵکاری بوونەتەوە، هەروەها جهنگی تائیفی و مەزهەبی هەر بەردەوامە؛ نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاسایش تا ئێستا گەورەترین کێشەیە. لە بەرامبەریشدا، لە ڕووی یەکڕیزیی سیاسی و نیشتمانییەوە، حزبە سیاسییە عەرەبییەکان (بە سوننە و شیعەوە) لەسەر بەرژەوەندی و وەرگرتنی دەسەڵات لەناو حکوومەتی عێراقیدا ململانێیەکی زۆر توند له نێوانیاندا هەیە؛ کە ئەوە پێمان دەڵێت عێراق ئەگەر بەرەو ئارامیی سیاسی و داراییش بڕوات، تەنیا بە شێوەیەکی کاتییە.
لە بەرامبەردا ئهو هۆكارانهی وایان کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاواز دەربکەوێت و نەتوانێت وەڵامی داواکاری و بەرژەوەندییە ناوخۆی و دەرەکییەکان بداتەوە:
ئەمانە و چەندین هۆکاری تریش وایان کرد، هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تری عێراق زۆر باشترە، بەڵام لە کاتی ئێستادا، وا دەکات لاوازتر دەربکەوێت. بەشێکی نیشاندانی ئەو لاوازییەیش، کە ڕاستە کەموکوڕیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی ناتەندروستی حزبە ئۆپۆزیسیۆنە دەسەڵاتدارەکان، چونکە بەئاشکرا دژایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و، لە بەرامبەریشدا بەئاشکرا پاڵپشتی و پشتگیریی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا دەکەن؛ ئەمەیش لە پێناوی زیادکردنی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
دەتوانین بڵێین کەمبوونەوەی مووچە و پێنەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، گەورەترین چەکە بەدەست هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و حکوومەتی بەغداوە، تا دەنگەکانیانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پێ زیاد بکەن، بەڵام ئەمە نابێت بگاتە ئەو ڕاددەیەی کە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، حکوومەتی بەغدا لە بەردەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بە باشتر نیشان بدەن. لە بەرامبەریشدا، یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکان لە لایەن حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو هەرێمی کوردستانهوه، دەبێت بە ئاراستەیەک بێت کە کەرتی گشتییش وەک کەرتی تایبەت بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، سوودمەند بێت. ئەگەر ئاراستەی کارکردنی هەر دوو لا نەگۆڕێت، بەتایبەتی لە کاتی ئانجامدانی هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا هیزە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان خۆیان لە جیاتی بەغدا ئەم هەرێمە تێک دەشکێنن و بەرەو پارچەپارچەبوونی دەبەن.
دەرەنجام
مامەڵەی حزبە سیاسییهکان لە هەموو وڵاتێکی پێگەیشتوو و دیموکراتدا، کۆمەڵێک سنووری هەیە، کە وا دەکات بابەتە هەستیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بە یەک ئاراستە و یەک گوتار کاری لەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا هێزە سیاسییەکان، بەتایبەتی حزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بە شێوازێک مامەڵە دەکەن کە بەرژەوەندیی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەخەنە پێش ئاییندەی هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەتی لە ڕووی ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا. ههروهها دەتوانین بڵێین چ حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناو حکوومەت، چ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەر کێشە ناوخۆیییەکانیان ناتوانن پلانێکی تۆکمە بەرامبەر بە بەغدا دابڕێژن، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەغدا بەهێزتر دەردەکەوێت و، ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان چاو بە ستراتیژی و ئامانجیان نەخشێننەوە، ئەوا بە دەستی خۆیان نیشتمان پارچەپارچە دەکەن.
[i][i] شەڕی براکوژی یان شەڕی ناوخۆ، شەڕێکی چەکداریی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بوو، کە بەشی زۆری پارتە سیاسییەکانی گرتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێن شەڕی ناوخۆ کە لە ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕووی دا، بووە ھۆی دروستکردنی دوو ناوچەی ئیداری جیاواز. ئەو شەڕەیش بەھۆی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن کە لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت لە نێوان مام جەلال تاڵەبانی و کاک مەسعود بارزانی ئیمزا کرا، کۆتایی پێ ھات.