بژاردەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ سوودوەرگرتن لە نەوتی کەرکووک

ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا چاوەڕوانی حکوومەتی بەغدا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی لە پرسی کەرکووک و سوودوەرگرتن لە نەوتی کەرکووک، دەتوانین بڵێین ئەو کارە بە  خۆکوژیی سیاسی و ئابووری دادەنرێت بۆ حکوومەت و خەڵکی کوردستان. بۆیە وا باشترە حکوومەتی هەرێم بژاردە دەستووری و ئابووری و سیاسییەکانی خۆی بخاتە کار بۆ گوشارخستنە سەر حکوومەتی بەغدا بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە سەختەی، هەرێمی کوردستانی تێ کەوتووە.

خستنەڕووی پرس

زۆر لە شیکەرەوەکان و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە، لە دوای ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزگه‌ی کەرکووکیان بەتەواوەتی لەدەست دەرچووە، بە خاک و خەڵک و نەوتەکەیەوە. بۆ سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لەو وزە زۆرەیش کە تیایدایە، دەبێت پارێزگه‌ی کەرکووک بە خاک و خەڵک و وزەکەیەوە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەگەرنا ڕێگەچارەی تر بۆ سوودوەرگرتن لە نەوتی کەرکووک بوونی نییە.

دەتوانین بڵێین ئەو تێگەیشتنەی سەرەوە زۆر ناتەندروستە، چونکە حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بەیەکگرتوویی کار لەسەر بابەتی نەوت و خاک و گەلی کەرکووک بکەن، ئێستایش چەندین کارتی سیاسی و ئابوورییان بەدەستەوەیە تا بتوانن ململانێکانیان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بە شێوەیەکی تەندروست بەردەوامی پێ بدەن. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: کاتێک حکوومەتی ناوەندی، ئامادەباشیی دەرنەبڕیوە بۆ دانوستاندن و گفتوگۆی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارتە بەهێزەکانی حکوومەتی هەرێم چین؟ بەتایبەتی دوای ڕێکكەوتنی نێوان حکوومەتی ئێران و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران؟

ناوەڕۆک

هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە پاش ڕێکكەوتنەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران، کۆمەڵێک باسوخواسی هێنایە ئاراوە کە ئایە چیتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە وزەی کەرکووک وەربگرێت، دوای ئەوەی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگه‌ی کەرکووک کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەغدا؟ سەرەتا ئەم ڕێکكەوتننامەیەی نێوان حکوومەتی عێراق و ئێران، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩؛ واتا کۆتاییی دەورەی یەکەمی حکومڕانیی نووری مالکی. لەو کاتەدا هەر دوو حکوومەت یاداشتێکی لێكتێگەیشتنیان واژوو کرد. ئه‌م یاداشته‌، تایبەت بوو بە بواری وزە؛ کە لە سەرەتاوە کاری کرد بۆ هەناردەکردنی ٢٠-٤٠ ملیۆن مه‌تر سێجا/ گازی ئێرانی لە ڕۆژێکدا بۆ شارەکانی باشووری عێراق، بەتایبەتی بەغدا و بەسرە.

پاشان ئەو لێکتێگەیشتنە، بوو بە ڕێککەوتن. دواتر لە ساڵی ٢٠١٢دا، لێکتێگەیشتنێکی تریان لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراقی و ئێرانیدا واژوو کرد، بۆ مەبەستی چۆنێتیی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەو کێڵگە هاوبەشانەی کە دەکەونە نێوان عێراق و ئێرانەوە، کە دیارترینیان "مەجنون"، "ئەبوغرێب"، "بزرکان"، "فەکە" و "نەفتخانە"ن. بەڵام ئەو پرۆژەیە بەتەواوەتی کاری لەسەر نەکرا، تا لە مانگی ٧ی ٢٠١٧دا یاداشتنامەیەکی لێكتێگەیشتنی نوێ لە نێوان وەزیری وزەی ئێرانی، "بیژەن زەنگەنە" و، وەزیری نەوتی عێراقی، "جەبار لعێبی" واژوو کرا؛ کە بەشێک لەو یاداشتنامەیە، پەیوەندیدارە بە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆڕیی بەسرە لە چەند مانگی داهاتوودا. بەشەکەی تری، پەیوەندیدارە بە وەرهێنان و پەرەپێدانی هاوبەش لە کێڵگە نەوتییەکانی نەفتخانە لە پارێزگه‌ی دیالە و، سندیباد لە پارێزگه‌ی بەسرە، تا چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨.

بەشی سێیەمی ئەم یاداشتنامەیە لە ٩/١٢/٢٠١٧ بە شێوەی ڕێکكەوتن دووبارە واژوو کرایەوە، کە تایبەتە بە هەناردەکردنی ٣٠-٦٠ هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی کەرکووک لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ ئێران، تا ئەو کاتەی ڕێکكەوتنێکی نوێ چۆنێتیی ڕاکێشانی بۆڕی لە عێراقەوە بۆ ئێران ڕوون دەکاتەوە، بەتایبەتی چۆنێتیی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی "جەمبور"، "خەباز"، "بابەگوڕگوڕ" لە کەرکووک؛ ئەمەیش بە ئامانجی ئەوەی لە پاڵاوگەکانی کرماشان یان بپاڵێورێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق، یان لە ڕێگەی "بەندەر عەباس"ەوە  نەوت لە ئێران وەربگیرێت و بە مەبەستی فرۆشتن هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

ئەم ڕێکكەوتننامە و لێکتێگەیشتنانە بەشی هەرە زۆریان ئەوەندەی بۆ کەمکردنەوەی هێز و پێگەی جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی لە ڕووی نەوت و گازەوە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی دارایی و بووژانەوەی ژێرخانی نەوتی کەرکووک و عێراق ئەنجام نەدراون. بە واتایەکی دیكه‌، ئەم ڕێکكەوتننامانە کە سەرجەمیان بەبێ ڕەزامەندیی حکوومه‌تی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک ئەنجام دەدرێن، دەرەنجامەکەی لە ڕووی دارایی و سیاسییەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پارێزگه‌ی کەرکووک ناکەوێتەوە. چونکە ئەگەر لە ڕووی پشەسازیی نەوت و گازەوە لێکدانەوە بۆ چۆنێتیی ئەو ڕێکكەوتننامەیە و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بکەین بۆ پاڵاوگەکانی کرماشان لە ئێران و، تێچووی گواستنەوە و پاڵاوتن لە داهاتی ئەو نەوتە دەربهێنین کە هەناردە دەکرێت، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە حکوومەتی عێراقی سوودێکی داراییی زۆر کەم لەو نەوتە وەردەگرێت. لە لایەکی تریش، چەندین ساڵە پارێزگه‌ی کەرکووک داوای دامەزراندنی پاڵاوگەیه‌کی تایبەت دەکەن بۆ پارێزگه‌ی کەرکووک؛ تا ئێستا ئەو دواکارییە فه‌رامۆش و پشتگوێ خراوە. هەروەها گواستنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ "بەندەری جیهان"ی تورکی بە ڕێکكەوتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، قازانجەکەی زۆر زێترە وەک لەو ڕێکكەوتنەی ئێستا حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی ئێرانی واژووی کردووە. بۆیە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەوەنده‌ی ئەو ڕێکكەوتننامەیە مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە، ئەوەندە پاڵنەری دارایی و ئابووریی لە پشتەوە نییە.

بژاردەکانی حکوومەتی هەرێم

سەبارەت بە بژاردەکانی حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چۆنێتیی سوودوەرگرتن لە نەوت و گازی پارێزگه‌ی کەرکووک، دەتوانین بڵێین حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین بژاردەی هەیە کە پێویستە بەبێ چاوەڕوانیکردن و بێ دوودڵی کاریان لەسەر بکات کە گرنگترینیان بریتین لە:

  • بژاردەی پەنابردنه‌ به‌ر دەستوور و دادگه‌: حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە لە حکوومەت و دەسەڵاتدارەکانی بەغدا ڕەشبین بوونە، گەیشتوونەتە ئەو خاڵەی کە بڕوایان بە پەنابردن بۆ ماددەکانی دەستوور و دادگه‌ی فیدڕاڵی نەماوە؛ کە ئەم تێگەیشتنە ئەگەر تا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاستییەکی تێدا بووبێت، ئێستا و پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، دەبێت ئەو تێگەیشتنە بگۆڕێت و، هەوڵ بدات بەجددی کار لەسەر جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی تایبەت بە نەوت و گاز و دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەندی و پارێزگه‌کان و پاشان دەسەڵاتە هاوبەشەکان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، پێویستە بچێتە بەردەم دادگه‌ی فیدڕاڵی لە عێراق و قسەی جددی لەسەر ماددەکانی (١١١، ١١٢، ١١٤، ١١٥، ١٢١، ١٤٠) بکات. چونکە ناکرێت حکوومه‌تی بەغدا هەر یاری بە کات بکات و، حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی حکوومه‌تەکەی حەیدەر عەبادی بێت، بەڵکوو دەبێت هەر بەو چەکەی ئەوان دژی کوردستان بەكاریان هێنا، کە بڕیاری دادگه‌ بوو، حکوومەتی هەرێمیش کێشەی تایبەت بە نەوت و گاز و ڕێکكەتننامەکەی نێوان ئێران و عێراق بباتە بەردەم دادگه‌ی فیدراڵی لە بەغدا لە پاڵ سەرجەم کێشەکانی تردا.
  • بژاردەی سیاسی و ئابووری: حکوومەتی هەرێم تا ئێستا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەرامبەر بە حکوومەتی بەغدا زۆر خۆی به‌ لاواز نیشان داوە؛ ئەمەیش کارێکی هەڵەیە. ڕاستە سەرجەم حزبە سیاسییە کوردیبەکان بەرامبەر بە بەغدا یەکگرتوو نین، بەڵام بەو شێوەیەیش حکوومەتی هەرێم لاواز نییە، کە بەرامبەر بەغدا هیچی پێ ئەنجام نەدرێت. بۆ نموونە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، دەتوانێت لەسەر ئاستی ناوخۆی پێکهاتەکانی ناو کەرکووک کار بکات و، لەسەر ئاستی دەرەوەیش لە ڕێگەی دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکا و فەڕەنساوە، کە تا ئێستا هیچ سوودێک لەو ڕێکكەوتننامەیەی نێوان ئێران و عێراق وەرناگرن، جگە لە بریتانیا، كه‌ لە ڕێگەی کۆمپانیای Bpیەوە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بووژانەوەی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگه‌ی کەرکووک بکات. بە واتایەکی تر، لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ئەوەیان بۆ ڕوون بکاتەوە کە چۆن هەرێم دەتوانێت سوود بە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە بگەیەنێت، ئەگەر بێت و بەشێک لەو نەوتە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمدا بێت.
  • بژاردەی بەکارهێنانی جوگرافیای سیاسی: ڕاستە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر گرنگیی جوگرافیای سیاسیی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، واتا جوگرافیای سیاسیی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەشبوونی پارتە سیاسییەکانی کوردستان گرنگییەکەی جارانی نەماوە، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە سیاسەتی نایەكگرتوویی خۆیاندا بچنەوە لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و، هەوڵ بدەن مامەڵەکردنێکی یەکگرتووانە بکەن لەگەڵ نەیارەکانیان لە دەرەوەی سنووری جوگرافیای هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەوکاتە دەتوانن دووبارە سوود لە پێگەی جوگرافیای سیاسی و ڕیژەی دانیشتووانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی شاری کەرکووک و خانەقین و دیالە وەربگرنەوە. بەو پێیەی زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە کوردن، کە دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و بجووڵێنرێن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران؛ کە دەتوانین بڵێین ئەمەیش ئاسایشی گواستنەوەی ئەو نەوتەی هاناردەی ئێران دەکرێت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

کۆبەند

ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا چاوەڕوانی حکوومەتی بەغدا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی لە پرسی کەرکووک و سوودوەرگرتن لە نەوتی ئەو پارێزگه‌یە، دەتوانین بڵێین ئەو کارە بە خۆکوژیی سیاسی و ئابووری دادەنرێت بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە وا باشترە حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی هیچ لایەک و حکوومەتێک نەکات تا لەم بارودۆخەی تێی کەوتووە ڕزگاری بکات، بەڵکوو خودی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی، لە ڕێگەی بەکارهێنانی مافە دەستوورییه‌کانی لە  دادگه‌ی فیدراڵی عێراق لە لایەک و، بەکارهێنانی بژاردە سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکانی لە لایەکی تر، ڕووداو دروست بکات. لەو ڕێگەیەیشەوە دەتوانین بڵێین حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سنوورێک بۆ بڕیار و ڕێکكەوتننامەکانی حکوومەتی بەغدا دابنێت و، دواجاریش هەموو ئەم بژاردانە کار دەکاتە سەر ئەوەی، چۆن ئەگەر لە داهاتوویشدا ڕووداوی گرنگ و گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی نەدا، کە وا بکات پێگەی هەرێمی کوردستان دووبارە بەهێز بکاتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی ئەو بژاردانە و چەندین بژاردەی تریشەوە، دەتوانێت وا لە حکوومەتی بەغدا بکات کە بە هەماهەنگی و لە بەرژەوەندیی هەر دوو لا نەوت و گازی پارێزگه‌ی کەرکووک بەڕێوە ببرێت و بفرۆشرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples