لە ڕۆژی شەممە (٥/١١/٢٠١٦)، "پەنێل"ێک لە خانەی هزریی کوردستان بە ناوی "مووسڵ؛ هەڕەشە و دەرفەتەکان" بۆ بهڕێزان د. حیسامەددین عەلى گلى، سەرۆکى بەشى زانستە سیاسییەکان، زانکۆى سەلاحەددین، ئاسۆ کەریم، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر، زانکۆی سەلاحەددین، پهرویز ڕهحیم، مامۆستای زانسته سیاسییهكان له زانكۆی سهلاحهددین و، عەبدولڕەحمان كەريم دەروێش، مامۆستای زانستە سیاسییەكان، زانكۆی سەلاحەددین ڕێک خرا.
ئەمە بەشێکە لەو گوتارەی کە "ئاسۆ کەریم" لە "پەنێل"هکەدا و لەژێر ناوی "سیناریۆکانى دواى گرتنەوەى مووسڵ" پیشکەشی کرد.
ئاسۆ کەریم:
"مووسڵ، درەنگ یان زوو دەگیرێتەوە. چەندین ئەکتەر و هێزى ناوخۆ و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى لەسەر ئەرزى واقیع لەکاردان، یان ڕۆڵێکیان لە دواى گرتنەوەکە دەبێ. هەر یەک لەو ئەکتەرە ناوخۆیییانە، رایەڵکەى ئێتنى، نەتەوەیى، ئایینى و تایەفیى لە ناوچەکە هەیە، کە بوار بۆ دهستێوهردان دەکاتەوە. بەرژەوەندیى ئەو ئەکتەرانە لە هەندێ جێگەدا تێک دەکەنەوە و لە هەندێ خاڵیشدا بەریەک دەکەون، لەوما دەبێ هەموو ئەگەرەکان بخەینە بەرچاو و نادیدەیان نەگرین. وەک پیتهر كوك، وتهبێژی وهزارهتی بهرگریی ئهمریكا (پنتاگۆن) دەڵێ: حكوومهتی ههرێمی كوردستان، دهبێت خۆی وهسفی ئامانجی ستراتیژيی خۆى بكا. بەکورتى، ململانێیهکە لەسەر چۆنچۆنى دابەشکردنى خاک، دەسەڵات، داهات و سامان، بەتایبەتى داهاتى نەوتى پارێزگاکە دەبێ.
- پارێزگاى نەینەوا، بەپێى قانوونى هەموارکراوى 2008ى ئەو پارێزگایانەى لە هەرێمیکدا رێکنەخراون بەڕێوە ببردرێ. واتە، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و پارێزگارى نوێ، بگەڕێنەوە سەر کار و فەرمانەکانى خۆیان. لە ڕووى ئەمنییەوە، پۆلیسى پارێزگاکە پێک بهێنرێتەوە و لەگەڵ پۆلیسى ئیتیحادى، پێکەوە یەکە ئیدارییەکان بپارێزن و یەکەکانى سوپاى عێراق-یش لە دەرهوەى سەنتەرى شارەکان و لە نزیک سنوورەکاندا، بنکە و هۆردو بکەنەوە. شیعەکان لە ڕێگەى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق، خەریکى گەڵاڵەکردنى پرۆژەیەکن لەم بارەوە (الحیاة، 1ى تشرینى دووەمى 2016). ئەو دیدە، نزیکە لە دیدى حکوومەتەکەى عەبادى و ئێران. ئایا سوننەکان، بەتایبەتى عەشایەر و نوجێفییەکان، پێى ڕازى دەبن؟ دیدى ئەمریکییەکان ڕوون نییە و، زێتر هەست ڕادەگرن. حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئەو ناوچانەى لە ڕووى جوگرافى و مێژوویییەوە بە بەشێکى دانەبڕاوى کوردستانیان دەزانێ و ئێستە کەوتوونەتەوە بندەستى پێشمەرگەى کوردستان و لە ئازادکردنەوەیاندا قوربانییەکى زۆریان تێدا دراوە، چۆن مامەڵەى لەگەڵدا دەکا؟ پێم وا نییە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەم ئەگەرە ڕازى بێ و، زۆر جاران جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە و دەکرێتەوە كه ناگەڕێینەوە بۆ پێش 10ى حوزەیرانى 2014.
- نەینەوا بکرێتە هەرێمێکى فیدراڵ: مووسڵ بە سنوورى ئیداریى پێش 10ى 6ى 2014، بکرێتە هەرێمێک و، قەزاکانیش، یان چەند قەزایەکیان لێ بکرێنە پارێزگا، یان هەر ڕێکخستنێکى دیکەى ئیدارى بەگوێرەى دەستوورى عێراق. ئەودەم مووسڵ، بەپێى دەستوور کۆمەڵێ دەسەڵاتى دیکەى دەبێ، بە هێزى تایبەتى خۆپاراستن و ئیدارەدانى سەروەت و سامانە نەوتى و کانزاکانیشەوە. ئەم دیدە، زێتر نوجێفییەکان و تورکمانە سوننەکان و هەندێ خەڵکى دیکە پشتیوانیى لێ دەکەن. وەک مەزەندە دەکرێ، تورکیا و سعوودیا و وڵاتانێکى دیکەیش، وەک سەرەتایەک پێیان باش بێ بۆ دامەزرانى هەرێمێکى سوننە لەناو عێراقدا کە سەلاحەددین و ئەنبار و ... بگرێتەوە. بێ شک، حکوومەتى بەغدا و ئێران دژى ئەمە دەوەستنەوە، بەتایبەتى لە هەلومەرجى ئەمڕۆى ناوچەکەدا کە هێشتا جهنگى سووریا ساغ نەبووەتەوە، چونکە ئەم پرۆژەیە لە هەندێ بواردا دەست و نفووزى ئێران کەم دەکاتەوە، بەتایبەتى کردنەوەى کۆریدۆرێک بۆ ناو سووریا لە ڕێگەى تەلەعفەرەوە بۆ سەر سنوورى سووریا بە بیانووى پاراستنى شیعەکانى تەلەعفەر، یان پاراستنى سنوورەکان. پێم وایە هەرێمى کوردستان هیچ گرفتێکى لەگەڵ ئەوەدا نییە کە پێکهاتەى سوننە لە عێراقدا هەرێمێکى سەربەخۆى خۆیان هەبێ، بەڵام چەند ناوچە و دەڤەرێکى کوردستان، دەکەونە ناو سنوورى ئیداریى پارێزگاى نەینەواوە و، جێگەى ناکۆکى بوون لەگەڵ بەغدا و، دەبوایە لەمێژە بەپێى ماددە 140 یەکلا کرابانەوە، لە کاتێکدا ئێستە، ئەو ناوچانە کەوتوونەتەوە دەست هێزەکانى پێشمەرگە و ڕزگار کراون، بەتایبەتى کە لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا، پێکهاتەکانى وەک (ئێزدى و شەبەک و کاکەیى و کریستیانەکان) لەلایەن داعشەوە، بە چاوساغى، یان بەدەستى هەندێ خەڵکى خۆجێ و بەدیاریکراوى عەرەبى سوننەى ناوچەکە، تاوانى نێودەوڵەتییان دەرهەق کراوە؛ لەوما پێم وا نییە ئەو پێکهاتانە جارێکى دیکە ڕازى ببن وەک کەمینە لە ساى هەرێمێکدا بژین کە هێزێكى ئەوتۆى سوننەى دیموکراتى تێدا نەبێ، کە گەرەنتیى پێکەوەژیانى ئاشتییانەیان پێ بدا؟ بێ لەوە، ئەو پرۆژەیە ناکۆکى لە نێوان ئەو هەرێمە و هەرێمى کوردستاندا لەسەر سنوورى ئیداریى نێوانیان، دێنێتە کایەوە.
- مووسڵ، بێ لە ناوچە کێشەلەسەرەکان: مووسڵ دواى گرتنەوەى، بەم شێوەى لێ بێ: مەخموور کە لە بنەڕەتدا سەر بە پارێزگاى هەولێر بووە، بهفهرمى بخرێتەوە سەر هەرێمى کوردستان. شنگال، بە زوممار و ڕەبیعە و شوێنەکانى دیکەیشەوە، بکرێ بە پارێزگایەکى سەربەخۆ کە ڕەوشێکى تایبەتى هەبێ و، بە هەرێمى کوردستان ببەسترێتەوە. ئەو ناوچەیەى کە دەشتى مووسڵى پێ دەگوترێ و پێکهاتەکانى وەک (کوردى ئێزدى و کوردى شەبەک و کاکەیى، کریستیان و کەمینەیەکى عەرەبى لێ دەژى)، بکرێتە پارێزگایەک یان ئیدارەیەکى سەربەخۆى دیسان تایبەت و، بە هەرێمى کوردستانەوە گرێ بدرێ. باقیى ناوچەکانى دیکەى پارێزگاى مووسڵ، لە لایەن خەڵکى خۆجێوە ئیدارە بدرێ. هەڵبەت، ئەوە ڕەنگە بە ڕۆژێک و دووان نەهێتە دى، بەڵام ئەوە گەرەنتییەکە تا ئەو خەڵکانە (ئێزدى، شەبەک و کاکەیى و کریستیانەکان)، بگەڕێنەوە سەر زێد و جێگە و ڕێگەى خۆیان و دەست بە ژیان بکەنەوە. ئەوەیش پێویستە بە لێکتێگەییشتن بێ، لەناو پێکهاتەکان خۆیاندا و، هەقە حکوومەتى ئیتیحادیش بە زەینێکى کراوەوه لێى بڕوانێ. ئەو ئەگەرە تا ڕادەیەکى زۆر بە قازانجى هەرێمى کوردستانە و، هزریش دەکەم هەندێ لایهنی ناو شیعەى عێراقیش، لە ڕقى سوننەى عەرەب، پێى خرا نەبێ!
- ناوچەى کەمینەکان و پاراستن (حیمایه)ی نێودەوڵەتى بۆ ماوەیەکى دیاریکراو: هەم دەشتى نەینەوا (هەرچەندە لەسەر ئەو زاراوە جوگرافییە مشتومڕ هەیە، کە کوێ و کوێ دەگرێتەوە) و هەم شنگال و دەوروبەرى بکەونە ژێر جۆرێ لە پاراستنى نێودەوڵەتییەوە (تۆ بڵێ ئەمریکى) و، هێزەکانى پێشمەرگە وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنى پێکهاتەکان لەوێ بمێننەوە بە هاوکاریى پێکهاتەکان خۆیان و، هەر ئەو پێکهاتانە خۆیشیان لە سایەى ئەو پاراستنەدا خۆیان بەڕێوە ببەن. ئێمە زۆر جاران گوێمان لەو پێکهاتانە دەبێ کە داواى گەرەنتیى نێودەوڵەتى دەکەن (واتە نە متمانەیان بە حکوومەتى ئیتیحادى هەیە و نە حکوومەتى هەرێمى کوردستان) بۆ گەڕانەوەیان. باقیى ناوچەکانى دیکەى پارێزگاى مووسڵ، ئیدارەى خۆیان بکەن. ئەو ئەگەرە ڕەنگە ڕێگەى تێ بچێ و، پێم وا نییە لە مەوداى نزیکدا، بۆ کوردستانیش خراب بێ. بەڵام ڕەنگە لە لایەن تورکیا و ئێران و بەغدایشەوە دژایەتیى بکرێ، ئەوە بێ لە سوننەکانى مووسڵ کە دژى دەوەستنەوە.
- نەینەوا بێتە ناو هەرێمى کوردستانەوە: تەواوى پارێزگاکە بێتە پاڵ هەرێمى کوردستانەوە، بە مەرجێ بارێکى تایبەتى لەناو هەرێمى کوردستاندا بۆ دەستەبەر بکرێ، وەک پارێزگایەکى زۆرینە عەرەب. ڕەنگە لێرە و لەوێ مەیلى وا هەبێ و وا مەزەندەیش دەکەم تورکیایش پێى ناخۆش نەبێ، ئەگەر هیچ دەراوێکى دیکە بۆ سوننەکان نەمێنێتەوە. ئەگەر ئەوە بێتە دى، هیچ گرفتێک لەسەر سنوور لە نێوان هەرێمى کوردستان و پارێزگاى مووسڵدا نامێنێ، وەک لە ئەگەرەکانى دیکەدا چاوەڕوان دەکرێ بێتە کایەوە. بەڵام پێم وا نییە بەشى زۆرى عەرەبى ئەو پارێزگایە و تورکمانە شیعەکانى تەلەعفەر و ڕاشیدیە و بەشێک لە شەبەکەکان و حکوومەتى بەغدایش، بەو ئەگەرە ڕازى ببن.
- ویلایەتى مووسڵ بە هەمان پێکهاتەى ئیداریى پێش جهنگی جیهانیی یهكهم، بۆ ماوەیەک بە هەڵواسراوى بمێنێتەوە، بەگوێرەى بڕیارێکى نێودەوڵەتى. بەو پێیەى بڕیارى لکاندنى ئەو ویلایەتە لە 16ى کانوونى یەکەمى 1925دا لە لایەن کۆمەڵەى گەلانەوە بە دەوڵەتى عێراق، بڕیارێکى ناقانوونى بووە و ئاوات و داخوازییەکانى زۆرینەى دانیشتووانەکەى تێدا ڕەچاو نەکراوە و، هەر ئەوەیش مایە و سۆنگەى ناڕەحەتى و شەڕ و شۆڕى ناو عێراق بووە. پاشان، ساغکردنەوەى پرسەکە بهێڵنەوە بۆ ڕاپرسى گشتى لەسەر ئاییندەى ویلایەتەکە: ئایا دەیەوێ وەک خۆى لەناو عێراقدا بمێنێتەوە، یان بچێتە پاڵ تورکیا، یان ببێتە دەوڵەتێکى سەربەخۆ، یان پاشان کۆنفیدراڵییەتێک بکا، چ لەگەڵ تورکیا، چ لەگەڵ عێراق، چ لەگەڵ باکوورى سووریادا.
- هیچ لەم ئەگەرانە نههێنە دى و، شەپۆڵێکى دیکەى توندوتیژى لە نێوان پێکهاتەکاندا بێتە کایەوە کە ئەو سەرى دیار نەبێ و وڵاتانى هەرێمایەتیش دەخالەتى تێدا بکەن و ڕەوشێکى نزیک لەوەى حەلەب بێتە دى و، ستاتۆ و بارى دیفاکتۆى هێزەکان، پرسەکە یەکلایى بکاتەوە.
هەرێمى کوردستان، بەو ڕەوشە نالەبارە ئابوورى و سیاسییەى خۆى، چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکە یەکەى ئەو ئەگەرانەدا دەکات، پێشبینیکردنیان زەحمەتە؟ هەرچەند سەرۆک بارزانى بە پێڕەویکردن لە سیاسەتى پارسەنگڕاگرتن لە نێوان هێز و پێکهاتە جیاجیاکانى عێراقدا، بەتایبەتى لە نێوان شیعە و سوننە، لە نێوان تورکیا و ئێران و وڵاتانى دیکەدا، بە جێگرتن لە ڕیزى پێشەوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا دژ بە تیرۆر، تا ئێستە توانیویەتی کورد ژمارهیهكی حیساببۆکراو بێ لە هاوکێشەکاندا، بەڵام ئایا لە دواى گرتنەوەیشدا هەروا دەمێنێتەوە؟ بە حیسابى قازانج و زیان، چۆن دەکەوێتەوە؟"