ئاسۆ كه‌ريم، نووسەر، وەرگێڕ و پەرلەمانتارى خولى سێى پەرلەمانى کوردستان (٢٠٠٩-٢٠١٣)
١- توركيا وه‌كوو ده‌وڵه‌تێكى ساده‌ى يه‌كگرتوو له‌سه‌ر دوو ئاستدا به‌ڕێوه ده‌بردرێ: ئاستى ناوه‌ند كه له دواى گۆڕينى ده‌ستوور و سيسته‌مى سياسى له په‌رله‌مانييه‌وه بۆ سه‌رۆكايه‌تى و، پاشان بردنه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى و، هاوپه‌يمانيى ئاكه‌په و مه‌هه‌په له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانيى له 24ى حوزه‌يرانى 2018 و، چڕبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له ده‌ستى تاكه‌كه‌سێكدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاسته‌كانى ناوخۆى توركيا و پێوه‌ندييه هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى توركيا هه‌بووه؛ ئاستى دووه‌مى به‌ڕێوه‌بردن، ئاستى خۆجێيه كه ناو به ناو له ئاستى شارهوانييهكاندا هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌كرێ.
٢- ئه‌ردۆغان، له ڕێگه‌ى به‌رده‌واميدان به هاوپهيمانێتیى ئاكه‌په-مه‌هه‌په‌وه، واته ئيسلاميزمى كۆنزهرڤاتيڤ و ناسيۆناليزمى توندڕه‌و، له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووه هێژموونى ئه‌و مۆدێله دهسهڵاتدارييهى خۆى به‌ته‌واوى بچه‌سپێنێ و كامڵ بكا، به لايه‌نى كه‌مه‌وه تا 2023 و، نووزه و ههناسهيهك بۆ كورد و ئۆپۆزيسيۆن نه‌هێڵێته‌وه.
٣- له‌وما هه‌م ئه‌ردۆغان له ماوه‌ى دوو مانگى ڕابردوودا و هه‌م لايه‌نه‌كانى ئۆپۆزيسیۆن (جه‌هه‌په و حزبى باش) و هه‌م كورد (هه‌ده‌پ و چه‌ند حزبێكى ديكه‌ى كورد)، ڕه‌هه‌ندێكى سياسى و سهرانسهریيان به‌و هه‌ڵبژاردنه خۆجێيه دا، كه له 31ى ئاداردا به‌ڕێوه چوو. له كاتێكدا ده‌بوايه لايه‌نى خزمه‌تگوزارى و خۆجێى به هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌وه ديار بێ، كه‌چى وه‌كوو ديتمان زێتر ته‌كه‌ز له‌سه‌ر لايه‌نه سياسييه‌كان ده‌كرا.
٤- به هه‌ر پێوه‌رێ لێكى بده‌ينه‌وه، ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى تووشى جۆرێ له شكست بوون، به‌تايبه‌تى له ناوه‌ندى شاره‌كانى وه‌ك ئانكارا، ئيستانبۆڵ، ئيزمير، ئه‌نتاڵيا و بۆرسه و دياربه‌كر، ئه‌مه له لايه‌ك و، له لايه‌كى ديكه‌وه، له ئاكامى هاوپه‌يمانێتى له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌دا له ناوه‌ندى چه‌ند شارێكيشدا پاڵێوراوه‌كانى مه‌هه‌په به پشتيوانيى ده‌نگده‌رانى ئاكه‌په برديانهوه و سه‌ر كه‌وتن، له‌م سۆنگه‌يه‌وه باسكى مه‌هه‌په له هاوپه‌يمانێتيى نێوان ئاكه‌په-مه‌هه‌په‌دا به‌هێزتر ده‌بێ و، ئه‌ردۆغان ناچار ده‌بێ درێژه به‌و هاوپه‌يمانێتييه بدا و زێتريان بۆ دابنه‌وێنێ. دۆڕان له به‌رانبه‌ر جهههپهیشدا، به‌تايبه‌تى له ئانكارا (پايته‌ختى سياسى) و ئيستانبۆڵ (پايته‌ختى ئابوورى و ميترۆپۆڵى هه‌ره گه‌وره‌ى دانيشتووان و ههمهجۆر له ڕووى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينييه‌وه) به پاشه‌كشه‌يه‌كى ئاكه‌په داده‌ندرێ و كاريگه‌ريى بۆ سه‌ر بنكه‌ى ده‌نگده‌رانى ئه‌و حزبه له هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئایينده‌دا ده‌بێ.
٥- جه‌هه‌په، له‌م هه‌ڵبژاردنه خۆجێيهدا ته‌كانێكى به‌ره‌و پێشه‌وه دا و سوودمه‌ندى يه‌كه‌م بووه له‌و "هاوپه‌يمانێتييه ڕانهگهيهنراوه"دا كه له نێوان هه‌ده‌په و جه‌هه‌په‌دا له ميترۆپۆلهكاندا هه‌بووه. ده‌نگى كورد نهبووايه، ديسان پاڵێوراوى ئاكه‌په له ئيستانبۆڵ دهيبردهوه كه ده‌وروبه‌رى 25 ساڵه به‌ده‌ست ئيسلاميسته كۆنزهرڤاتيڤهكانهوهيه. ئه‌م هه‌قيقه‌ته، كه كورد له هه‌ڵبژاردنه خۆجێيه‌كاندا، به‌تايبه‌تى له ميترۆپۆڵهكاندا، به‌تايبه‌تى له ئيستانبۆڵ و ئانكارا، بداته پاڵ هه‌ر لايه‌نێك، ئه‌و لايه‌نه ده‌باته‌وه و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ.
٦- هزر ناكرێ ئه‌م ههقيقهتهى سه‌ره‌وه كه ده‌نگده‌رانى كورد ده‌كارن ڕۆڵيكى گرنگ به قازانجى ئه‌م لايه‌ن يان ئه‌و لايه‌نى تورك بگێڕن، ببێته مايه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌كردن و به‌خۆداچوونه‌وه له ئاست كێشه‌ى كورد له توركيا. واته هه‌م ئاكه‌په هه‌ستێك له خۆى ڕابگرێ و بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر پرۆسه‌ى كرانه‌وه و دانوستاندن و بهئاشتييانه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد و، هه‌م جه‌هه‌په كه پلاتفۆرمێكى واقعى بۆ بهيهكهههڵكردنى بهئاشتييانهى كورد و تورك بهێنێته گۆڕێ و باكى به‌وه نه‌بێ كه به دهستتێكهڵاوكردن له‌گه‌ڵ "تيرۆريستان "دا، تاوانبار بكرێ.
٧- كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئه‌گه‌ر له هه‌ندێ ويلايه‌ت و شاريشدا پاشه‌كشه‌ى جددیى كردبێ، هێشتا به براوه داده‌نرێ؛ يه‌كه‌ميان به لانى كه‌مه‌وه چه‌ند حزبێكى كوردى بۆ يه‌كه‌مين جار بوونه هاوپه‌يمانى هه‌ده‌په و ئه‌و ئه‌گه‌ره دێته گۆڕێ كه له ئایيندهیشدا ئه‌و هاوههڵوێستييه به‌رده‌وام ببێ و، دووه‌ميان هێشتا هێزێكه ده‌توانێ وه‌كوو له سه‌ره‌وه گوتم، حيساباتهكان له‌م و له‌و تێك بدا. سێيه‌ميان كورد سه‌ڕه‌ڕاى گوشار و گرتن و ده‌يان ڕێوشوێنى تهنگپێههڵچنين، هێشتا باوه‌ڕيان به حزبه‌كانى خۆيان، به‌تايبه‌تى به هه‌ده‌په هه‌يه.
٨- ئايا ئه‌ردۆغان، سه‌ر بۆ ئه‌م شكسته شۆڕ ده‌كا، يان وه‌كوو پێش 31ى ئادار ڕای گه‌ياندبوو كه به‌ڵگه‌كانى تاوانباركردنى پاڵێوراوان، به‌تايبه‌تى پاڵێوراوه‌كانى هه‌ده‌په ئاماده‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ريش بچن و ببه‌نه‌وه، ئه‌وا (قهيوم)يان له جێگه داده‌نێن! له‌وما پێم وايه ململانێكان توندتر ده‌بن و توركيا تا 2023 ناسه‌قامگيرى، جه‌مسه‌ربه‌ندى، هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى زۆر له هه‌ر سێ ئاستى ناوخۆ و هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تيدا به‌خۆوه ده‌بينى.