ڕۆڵى قوتابخانە لە پێگەیاندنى سیاسیدا

چەمکى پێگەیاندنى سیاسی، بە شێوەیەکى بەربڵاو لە دواى جەنگى جیهانیى دووەم و دەرکەوتنى ئاماژەکانى جەنگى ساردەوە گرنگیى پەیدا کرد. کاتێک کە کۆڵۆنیالیزم نەما و زۆربەى دەوڵەتەکان سەربەخۆیییان وەرگرت و، کاتێک دوو بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا دروست بوو، دەوڵەتەکان هەوڵیان دا کە ئەو بەها و بنەمایانەى کە سیستەمى سیاسییان لەسەر دورست کردبوو لەنێو کۆمەڵگه‌دا بڵاو بکەنەوە. ئەمەیش بۆ پاراستنى شەرعییەت و پشتگیریى سیستەمى سیاسی و یەکگرتوییى کۆمەڵگه‌، یان بۆ گواستنەوى کۆمەڵگه‌ بۆ حاڵەتێکى باشتر لەوەى کە هەبوو. لە سەرەتای پەنجاکانى سەدەى بیستەم، ئەم چەمکە زیاتر گرنگیى پەیدا کرد، کاتێک ئەم چەمکە پەیوەست کرا بە چەمکەکانى بەشداریى سیاسی و ئاسایش و گەشەسەندن و هەڵبژاردن و دیموکراسی.

کەواتە پرۆسەی پێگەیاندنى سیاسی، پرۆسەیەکى فرەڕەهەندە و، هەموو قۆناغەکانى ژیانى مرۆڤ دەگرێتەوە، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا دەگاتە دوا قۆناغەکانى ژیانى مرۆڤ. حاڵەتى پێگەییشتوویى و گرنگترین قۆناغەکانیش، بریتییە لە قۆناغى منداڵێتى، چونکە ئەو بەهایانەى کە لە قۆناغى منداڵێتیدا وەردەگیرێت کاریگەریى زیاتریان لەسەر ژیانى مرۆڤ دەبێت، وەک لەو بەهایانەى کە لە قۆناغى پێگەییشتووییدا وەردەگیرێت. بۆ ئەم پرۆسەیەیش، هەموو دامەزراوەکانى کۆمەڵگه‌، تیایدا بەشدارن کە پێک دێن لە: خێزان، دامەزراوەکانى فێرکردن، قوتابخانە، پەیمانگه‌کان، کۆمەڵەى هاوڕێیان، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى، حزبە سیاسییەکان، دەسەڵات و سیستەمى سیاسى. شارەزایانى بوارى سیستەمى سیاسی، پێیان وایە گرنگترین کەناڵى پێگەیاندنى سیاسی بریتییە لە "قوتابخانە"، کە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ گرنگترین قۆناغى پێگەیاندنى سیاسیدا دەکات، کە قۆناغى منداڵى و هەرزەکارییە. بەڵام پێش ئەوەى باس لە ڕۆڵى قوتابخانە لەسەر پێگەیاندنى سیاسى بکەین، پێویستە بزانین پێگەیاندنى سیاسى چییە و ئامانجى چییە. لەبەر ئەوەى پێگەیاندنى سیاسی پرۆسەیەکى فرەڕەهەندە، پێناسێکى یەکگرتووى نییە و، پێناسەى جۆراوجۆرى بۆ کراوە، کە هەندێکیان دەخەینە بەرباس:

پرۆسەى پێگەیاندنى سیاسی و کۆمەڵایەتى، وا پێناسە کراوە: "بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە مییانەیدا، تاک تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانى کۆمەڵگه‌کەى وەردەگرێت. کەواتە، مەبەست لەم پرۆسەیە ئه‌وه‌یه‌ تاک ئاگادارى بەها کۆمەڵایەتییەکان و داب و نەریتەکانى بێت و، بەپێى ئەو بەها و داب ونەریتانە ڕەفتار بکات.

ھ هایمان (H. Hyman) لە کتێبەکەیدا بە ناوى "پێگەیاندنى سیاسی"، پێناسەى پێگەیاندنى سیاسی دەکات: "پێگەیاندنی سیاسی، ئەو پرۆسەیەیە کە لە مییانەیەوە تاکەکان لەو دامەزراوانەى کە لە کۆمەڵگه‌دا هەن، فێرى پێوەرەکانى کۆمەڵایەتى دەبن؛ بە شێوەیەک ئەو پێوەرانە یارمەتى دەدەن بۆ ئەوەى ڕەفتارەکانى لەگەڵ کۆمەڵگه‌دا بگونجێنێت." ئەم پێناسەیە جەخت لەسەر پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، کە پێویستە تاکەکان شارەزاى ئەو پێوەرانە ببن بۆ ئەوەى بتوانن بە شێوەیەک لەناو کۆمەڵگه‌دا بژین کە دژیەکییەکان کەم بکاتەوە. فێرکردنى تاکیش بەو پێوەرانە، بە ئەرکى دامەزراوە جیاوازەکانى کۆمەڵگه‌ دەزانێت. هەروەها، ئەلمۆند و پاوڵ (G. Almond & A. Powell) پێیان وایە کە: "پێگەیاندنى سیاسی، وەرگرتنى ئاڕاستە و بەهای سیاسییە لە لایەن هاووڵاتیانەوە، کە لەگەڵ خۆیان هەڵی دەگرن تا دەگاتە هەموو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان." ئەم پێناسەیەیش بەپێى ئەو  پێگەیاندنە سیاسییەى تاک، کە فێرى بەها و ئاراستەکان دەکرێن، لەو ڕۆڵەدا کەوا تاک لە کۆمەڵگه‌دا دەیگرێت، ڕەنگ دەداتەوە. کەواتە، ئەم بەها و ئاراستانە دەستنیشانى سلوک (خۆڕه‌وشت)ى تاک دەکەن.

لێکۆڵەرى سیاسی، کینپ لانگتون (Langton) پێناسەى پێگەیاندنى سیاسی دەکات و، پێى وایە کە: "پێگەیاندنی سیاسی، ئەو ڕێگەیەیە کەوا  لە مییانەیدا کۆمەڵگه،‌ که‌لتوورى سیاسیی خۆى لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى تر دەگوازێتەوە و، ئەو پرۆسەیەیە کەوا تاک فێرى هەڵوێست و ئاڕاستەکان و شێوازەکانى ڕەفتارى پەیوەست بە ژیانى سیاسییەوە دەکات." کەواتە بەپێى ئەم پێناسەیە بێت، هەر کۆمەڵگه‌یەک بیەوێت پارێزگارى لە که‌لتوورى سیاسیی خۆى بکات، پێویستە تاکەکانى لە ڕووى سیاسییەوە بە شێوەیەک پێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەى بەها و قییەمە سیاسییەکان نەوە لە دواى نەوە بۆ یەکتر بگوازنەوە. ئەمەیش جۆرێک لەو ململانێیە کەم دەکاتەوە کە زۆر جار لە نێوان گەنجان و بەساڵاچوواندا هەیە، چونکە پێگەیاندنى سیاسی، جۆرێک لە هاوسەنگى لە نێوان بەها نەگۆڕەکانى کۆمەڵگە و بەها تازەکاندا دروست دەکات. هەروەها، نۆرمان ئەدلێر و چارلز هارینگتۆن (N. Adler & C. Herrington) بەم شێوەیە پێناسەى پێگەیاندنى سیاسی دەکەن: "پێگەیاندنى سیاسى، واتە فێرکردنى بەها و ئاراستە سیاسییەکان کە خاوەن مەغزایەکى سیاسین." کەواتە لەو پێناسانەوە دەردەکەوێت کە پێگەیاندنى سیاسى چەندین ئامانجى هەیە، لەوانە:

- گەشەسەندنى مەعریفى و سیاسی: ئامانج لە پێگەیاندنى سیاسی، دروستکردنى تاکێکى سیاسییە، کە بەگۆیرەى پێویست مەعریفەى سیاسیی هەبێت، لەو شتانە تێ بگات کە لە دەوروپشتى، لە مەسەلە سیاسییەکان ڕوو دەدەن، وەک سیستەمی فەرمانڕەوایی و هەڵسوکەوتی سەرکردەکان.

- بەشداریى سیاسی، تاک فێری بەشدارى لە هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌كان دەکات؛ پێویستە تاک لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگه بەشدار بێت.

- خۆگونجاندن لەگەڵ ئەوانی تر.

- سەربەخۆبوونی خودی و پشتبەستن بە خود.

- سەرکەوتن و پێشکەوتن: ئەمەیش ئامانجێکی تری پێگەیاندنی سیاسییە بۆ ئەوەی ژیان شێوەیەکی ستاتیکیی نەبێت لە خاڵێک ڕابوەستێت، بەڵکوو ژیان شێوەیەکی داینامیکیی هەبێت و، لە هەموو بوارەکانەوە گەشە بکات.

- دوورخستنەوەی دەمارگیری و جیاکاری، بە هەموو شێوەکانییەوە.

- وەرگرتنی مەعریفە و چەمک و بەهای که‌لتووری سیاسی.

- فێرکردنی کاری بەگروپ و ڕێزگرتنى یاسا و بنەماکان.

- چاندن و گەشەپێدانى هەستى دڵسۆزى و خۆشویستنى وڵات و یارمەتیدانى تاک،  بیرکردنەویەکى پۆزەتیڤییانە.

کەواتە، پێویستە بزانین ڕۆڵى قوتابخانە لە پێگەیاندنى سیاسیدا چییە؟ ئایا قوتابخانە خزمەت بە ئامانجە گشتییەکانى پرۆسەى پێگەیاندنى سیاسی دەکات؟

مەبەست لە قوتابخانە، ئەو دامەزراوەیەیه‌ کە دەوڵەت بۆ مەبەستى پەروەردە و فێرکردن دای دەنێت و، بینا و مامۆستا و قوتابی و پرۆگرامەکانى خۆێندن دەگرێتەوە. قوتابخانە مامەڵە لەگەڵ گرنگترین و هەستیارترین قۆناغ دەکات ئەویش قۆناغی ناوەند و کۆتاییی منداڵێتى و قۆناغی هەرزەکارییە. قوتابخانە، هەستى ئینتیما بۆ کۆمەڵگە زیاد دەکات و، لایەنى کەسایەتیى تاک بەهێز دەکات. هەروەها پرۆفیسۆر "چارلز مێریام" (Merriam) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات كه‌ سیستەمى پەروەردەییى فەرمی، گوزارشت لە پرۆسەى ڕاهێنانى مەدەنى (Civil Tranning) دەکات و، قوتابییەکانیش سەرەتاى وەرگرتنى پرۆسەى پێگەیاندنى سیاسیی فەرمییان، لە سیستەمى پەروەردەییی قوتابخانەوە دەبێت.  بەپێى بۆچوونەکانى "کۆنفۆشیوس"یش، یەکەم دامەزراوەى دورستکردن و بنیاتنانى هاووڵاتیى باش لە کۆمەڵگە، بریتییە لە "قوتابخانە".

ئەو هۆیانەى کە وا دەکات ڕۆڵی قوتابخانە لە پێگەیاندنى سیاسیدا بە شێوەیەکى گرنگ دەربکەوێت،  بریتییە لە:

- قوتابخانە دەستەیەکى جێگیرە، کە منداڵ پەیوەندیى پێوە دەکات و، بۆ یەکەم جاریش دەبێت کە بە شێوەیەکى ڕێژەیى لە چاودێریى دایک و باوک دوور دەکەوێتەوە. ئەم کاتەیش لە تەمەن، گرنگترین ساڵەکانى پێکهێنانى ئاراستەکان و باوەڕە سیاسییەکانە.

- منداڵ، زیاتر لەگەڵ سیستەمى کۆمەڵایەتیدا پەیوەندى و کارلێک دەکات، کە ڕۆڵەکان زۆر جیاوازن لەو ڕۆڵانەى ناو خێزان، دەسەڵاتى مامۆستا، زیاتر لە دەسەڵاتى دایک و باوک لەناو خێزان، لە دەسەڵاتى سیاسی نزیکترە.

- لە قوتابخانەدا، پەیوەستبوونێکى توند لە نێوان پێکهێنەرەکانى بونیادى کۆمەڵایەتى و که‌لتووریى پێویستدا هەیە، بەتایبەت پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى و سیاسی.

- قوتابخانە، دەبێتە هۆى دورستبوونى هۆشیاریى سیاسی. هەروەها قوتابخانە، دەبێتە هۆى چاندنى چەمکە سیاسییەکان و بڵاوکردنەوەى که‌لتوورى سیاسی لە ناخی قوتابییاندا.

هەروەها "د. کمال المنوفی"، پێى وایە قوتابخانە لە دوو ڕوانگەوە ڕۆڵی لە پێگەیاندنى سیاسیدا هەیە، ئەویش بەڕۆشنبیریکردنى سیاسی لە لایەک و، سروشتى سیستەمى قوتابخانە لە لایەکى ترەوە. بەڕۆشنبیریکردنى سیاسی، یان هۆشیاریى سیاسی، لە مییانەى پرۆگرامەکانى خۆێندن وەکوو مێژوو و  پەروەردەى نیشتیمانی و پەروەردەى مەدەنیدا دەستەبەر دەبێت، لە مییانەى پرۆگرامى مێژووەوه‌ فێرى ڕابردووى خۆیان و سەرکەوتنەکان و نەهامەتییەکان دەکرێن، کە بەسەر نەتەوە و کۆمەڵگاکەیاندا هاتووە. هەروەها، لە ڕێگەى پرۆگرامەکانى پەروەردەى نیشتیمانى و پەروەردەى مەدەنییه‌وه‌، قوتابى بە شێوازى فەرمانڕەوایى و حکوومەتەکەى خۆی ئاشنا دەکەن و، هەستى نیشتیمانپەروەرى و خۆشەویستیى وڵات و ئینتیما بۆ گەل و نەتەوە، لە ناخی قوتابیدا دەچێنن. هەروەها ئەوەى پەیوەندیى بە سروشتی قوتابخانەوە هەیە، سێ شت لەخۆ دەگرێت:

- جۆرى مامۆستا: چەند مامۆستا، لە بابەتە زانستییەکەیدا لێهاتوو و زیرەک بێت و، لە دڵى قوتابییان نزیک بێت، هەروەها چەند باوەڕى بە بەهاکانى سیستەمى سیاسی هەبێت، ئەوەندە کاریگەریى لەسەر دەروونى قوتابییەکان دەبێت و، پێچەوانەکەیشى ڕاستە.

- پەیوەندیى نێوان مامۆستا و قوتابی: هەتا مامۆستا بە شێوەیه‌کى دیموکراتییانە مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانى بکات و بوار بڕەخسێنێ بۆ ئەوەى قوتابییەکان لە چوارچێوەیەکى زانستیدا گفتوگۆ بکەن و بەشدارى بکەن، ئەوا دیسانەوە کاریگەرییەکە زیاتر دەبێت.

- ڕێکخراوەکانى قوتابییان: لە هەموو قوتابخانەیەک، پێویستە ڕێکخراوە جیاوازەکانى قوتابییان هەبن بۆ ئەوەى قوتابییان هەست بە بەشدارى بکەن، مەیلى کارى بەکۆمەڵیان هەبێت و پشت بە خۆیان ببەستن. ئێستا دەتوانین بڵێین ئەرکەکانى بەرپرسیارێتیى قوتابخانە بۆ پرۆسەى پێگەیاندن، چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت:

- پێشکەشکردنى چاودێریی دەروونیى منداڵ و یارمەتیدانى چارەسەرکردنى کێشەکانیان.

- فێرکردنى چۆنیەتیى دەستەبەرکردنى ئامانجەکانى و، گونجانى لەگەڵ پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان.

- ڕەچاوکردنى تواناکانى منداڵ لە هەموو ئەو شتانەى کە پەیوەندیى بە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردنەوە هەیە. گرنگیدان بە ئاراستەکانى پیشەیى و پەروەردەییى قوتابی.

- گرنگیدان بە پرۆسەى پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى و سیاس،ی لە مییانەى هاریکاریکردن لەگەڵ دامەزراوەکانى تر، بەتایبەت خێزان.

- ڕەچاوى هەموو ئەو شتانە بکرێت کە گرنگى بە گەشەى  کۆمەڵایەتى، سیاسی و دەروونیى منداڵ دەدات. بە بۆچوونى پرۆفیسۆر پالۆنسکى (Palonsky)، قوتابخانە مەیدانێکى گرنگى گەشەکردنى ڕۆڵە سیاسییە ئایدلۆژییەکانە. قوتابخانە دەتوانێت فێرکردنى سیاسی و هزرى سیاسی لاى منداڵ جێگیر بکات، یان گۆڕانکاریى تێدا بکات. هەروەها دەڵێت لێکۆڵینەوە ئەمریکییەکان دەریان خستووە کە قوتابخانە بەهێزترین فاکتەری ژینگەیییە کە کاریگەریى بەهێزى هەیە لەسەر ڕەفتارى تاک لە سەرەتاکانى تەمەندا، بۆ نموونە لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر (800) منداڵ لە تەمەنى (7- 12) کراوە، ستیڤنز (Stievns) بۆى دەرکەوتووە کە کلیلى هزرى سیاسى لە قوتابخانەوە دەبێت، وەکوو فێرکردنى چەمکە گرنگەکانى دەسەڵات و یەکسانى و خوشەویستى و ئینتیما بۆ وڵات و، کۆمەڵێ چەمکى دیکەى پەیوەست بە سیستەمى سیاسی.

لە مییانەى ئەو لێکۆڵینەوانەى کە لەسەر ڕۆڵى قوتابخانە کراون، دەرکەتووە ڕۆڵ و کاریگەریى قوتابخانە لەسەر پێگەیاندنى سیاسی، پەیوەستە بەم چەند خاڵەى خواره‌وە:

- تا چ ڕاددەیەک بەهاکانى قوتابخانە گونجاو و یەکانگیرن؟

- تا چ ڕاددەیەک بەهاکانى قوتابخانە و ئایدلۆژییه‌کان ڕووبەرووى یەکتر دەبنەوە، یان یەکتر تەواو دەکەن؟

- ئەو جۆرە بەخشینانەى کەوا قوتابخانە، دەبێت پێشکەشی قوتابی بکات؛ ماوەکەى چەندە، کورتە یان بەردەوام؟

- جۆرى ئەو سزایانە چییە کە قوتابخانە بەکاریان دەهێنێت بەرامبەر ئەو سەرپێچى و پابەندنەبوونانەى بەرامبەر ئامانجەکانى قوتابخانە؟

- جۆرى ئەو حاڵەتەى کە منداڵ لە قوتابخانە تیایدا دەژیت.

کەواتە، قوتابخانە دامەزراوەیەکى گرنگى پێگەیاندنى سیاسی و دروستکردن و بنیاتنانى هاووڵاتیى باشە، هەروەها سەرەتاى دروستکردنى که‌لتوورێکى سیاسیی هاوبەشە لە نێوان تاکەکان. پێویستە لە هەرێمى کوردستانیش بەجددى چاکسازیى گەورە لە سێکتەرى پەروەردە و کارى قوتابخانەکان بکرێت، چ بە گۆڕینى پرۆگرامەکانی خۆیندن بێت، یان بە زیادکردنى هۆشیارى و گەشەسەندنى تواناى مەعریفى و زانستیى مامۆستایان بێت. دەبێت لایەنى بەرپرس و مامۆستایان و هەموو ئەوانەى لە سێکتەرى پەروەردە و فێرکردن کار دەکەن، زانیاریى پێویستیان هەبێت دەربارەى ئەو ڕۆڵە گرنگەى قوتابخانە لە کۆمەڵگه‌ و پرۆسەى پێگەیاندنى سیاسى دەیگێڕێت. لە کۆتاییدا، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەوەى کە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکارى لە دەرەوەى پرۆسەى پەروەردەیى لە هەرێمى کوردستان بدرێت، هەوڵێکى نەزۆکانە دەبێت و، شەڕى هەمووان دژى هەمووان زیاتر دەکات و لێکترازانى گەورە دورست دەکات.

فەیلەسوفی گەورە "کۆنفۆشیوس" پێى وایە بۆ بنەبڕکردنى گەندەڵیى سیاسی، دەبێت چاکسازى لە قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەیییەکانەوە دەست پێ بکات، چونکە کێشەکە لەوەدایە کە نەتوانراوە لە ڕێگەى ئەو دامەزراوانەوە هاووڵاتیى باش بەرهەم بهێنرێت؛ هاووڵاتییەک کە لە پێناو پاراستن و سەقامگیرى و ناسنامەى نیشتیمانیدا تواناى ناسینى بەها بەنرخە نەتەوەیییەکانى هەبێت. بەبێ دوودڵی، دەتوانین بڵێین قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەیییەکان لە پرۆسەى پێگەیاندنى سیاسی، لە ئاستێکى زۆر لاوازدان و پرسیارى گەورەیان لەسەرە. بۆیە بە زووترین کات، دەبێت هەموو ئەو لایەنانەى کە لە هەوڵی چاکسازیی کۆمەڵایەتى و سیاسی و ئابووریدان  لە هەرێمى کوردستان، ئەولەوییەتى کارەکانیان، بریتى بێت لە چاکسازى لە کەرتى پەروەردە و فێرکردن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples