"نیلسۆن ماندێلا" لە وتەیەکیدا دەڵێت: "پەروەردە، چەکێکی گرنگی پێشکەوتن و گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگهدا ". بەربنەمای ئەم وتەیەی ماندێلا، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵی پەروەردەی مەدەنی لە بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیریى سیاسی لە کۆمەڵگە و، بەردەوامیی پارێزگاریکردن لێى.
سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین، ئاشتی بریتییە لە چی؟
ئاشتی، بریتییە لەو بارەی کە هەموو تاکێک هەست بکات بەرژەوەندی و مافەکانی پارێزراوە بەبێ جیاوازیی ئایین و چین و ڕەگەز و نەتەوە لە کۆمەڵگهدا. هەروەها ئاشتی، لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە "دوورکەوتنەوە لە جهنگ و توندوتیژی و چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە." ئێستا با بزانین بنیاتنانی ئاشتی چییە؟ ئەم چەمکە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، گرنگیی یەکجار زۆری پەیدا کرد، کاتێک کە پرسی ئاسایش و ئاشتی و دووبارەبنیاتنانەوەی ئاشتی، بووە باس و خواسی گرنگ لە سیستەمی نێودەوڵەتی و سیستەمی جیهانی. بۆ ئەوەی جارێکی تر کۆمەڵگهکان تووشی ماڵوێرانی و جەنگ و کاوڵکاری نەبن، چەمکی بنیاتنانی ئاشتی (Peace Building)، بووە ئەولەوییەتی کاری سیستەمە سیاسییەکان لەو کاتەدا. بۆیە، چەمکی بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیریى سیاسی، بەوە پێناسە کراوە کە "بنیاتنانەوەی بونیادی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە قۆناغی پاش ململانێ (Post Confect)بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان"، کەواتە بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دەبێت لەسەر بنەمایەکی ئاشتییانە بنیات بنرێت و، هەموو ئامرازەکانی پێکەوەژیانی تێدا فەراهەم بکرێت. لە پێناسەیەکی تریشدا کە بۆ سەقامگیریى سیاسی و بنییاتنانەوەى ئاشتى کراوە، هاتووە: "بریتییە لە کۆی گشتیی هەموو ئەو پڕۆسانەی کە لە پاش ململانێ و جەنگەوە دروست دەبێت، بە مەبەستی بنیاتنانەوەی ئاشتی و سەقامگیرى و برەودان بە کۆمەڵگەی مەدەنی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و دووبارەبنیاتنانەوەی ژێرخانی کۆمەڵگه، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە توندوتیژی و دروستبوونی حاڵەتی جەنگ. کەواتە، بنیاتنانی ئاشتی، پڕۆسەیەکە پێویستیی بە پلان و ستڕاتیژی هەیە. ئەم پڕۆسەیەیش تەنیا لەوە ڕاناوەستێت کە پاش ململانێ (Post Confect) کۆمەڵگا تووشی کێشە و ململانێ نەبێتەوە، بەڵکوو ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و بەردەوامە، کە وا لە تاکەکان دەکات کێشە و ململانێکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بکەن و، ڕۆحییەتی شەڕانگێزی و زاڵبوون لە ناوەوەی تاکەکان کەم بکرێتەوە و، پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن بکرێتە ئامانجی سەرەکی و ستراتیژیی کاری کۆمەڵگه و لایەنە جیاوازەکان لە کۆمەڵگهدا. کەواتە بنەمای سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، بریتی دەبێت لە بنیاتنانی ئاشتی (Peace Building) و سەقامگیریى سیاسی (Political Stability). بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەیش پێویستیمان بە ئامراز و میكانیزمی سەرەکی هەیە، بۆیە سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، پەیوەستە بە ئامادەکردنی هاووڵاتییەکی كارا و چالاک. بۆیە لێرەدایە کە پرسیاری گرنگ و جەوهەری سەر هەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە ڕۆڵی پەروەردە و پەروەردەی مەدەنی لە بنیاتنانەوەى ئاشتی و سەقامگیریى سیاسیدا چییە؟
لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وتەکەی "ماندیلا"، ئەوە دەردەکەوێت کە پەروەردە، سێکتەرێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگهیە کە کاریگەریى لەسەر هەموو سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگه هەیە و، فاکتەری هەرە سەرەکیی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگهیە. بۆ نموونە گرنگترین ئەرک و وەزیفەی پەروەردە و سیستەمی پەروەردەیی، دروستکردنی هاووڵاتیی چاکە (Good Citizen). هەروەها ئەم وەزیفەیە، وەزیفەی سەرەکیی سیاسەت و سیستەمی سیاسییشە، بۆیە پەروەردە و سیاسەت پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەیە، کە زۆر جار لە سیاسەتی پەروەردەی کۆمەڵگهدا بەئاشکرا دەبینرێت. بۆیە ئەگەر سیاسەتی پەروەردەیی، سیاسەتێکی هەڵە بێت، پەروەردە و سیستەمی پەروەردەیش لە وەزیفەی سەرەکیی خۆیان دوور دەکەونەوە و، بەپێچەوانەیشەوە ڕاستە. بۆیە بە گرنگی دەزانم جیاوازی لە نێوان دوو شتدا بکەین: "پەروەردەی سیاسی" و "سیاسەتی پەروەردەیى". چونکە زۆر جار لە پەروەردەی سیاسیدا دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان ئامانج و ئەجێندای سیاسیی خۆیان فێری هاووڵاتیانی خۆیان دەکەن، کە بێ گومان لێرەدا، پەروەردە نابێتە فاکتەرێک بۆ بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری، بەڵکوو پەروەردە، دەخرێتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی سیستەمی سیاسی. بەڵام لە کۆمەڵگهی دیموکراتیدا، لە پێناو گەییشتن بە ئامانجە باڵاکان و سەقامگیریی سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و بەرجەستەکردنی بەرژەوەندیی گشتی، گرنگی بە سیاسەتی پەروەردەیی دەدرێت. بۆیە، دەبێت لە کۆمەڵگهدا بە شێوەیەکی گشتی گرنگییەکی جەوهەری بە پەروەردە بدرێت و، پەروەردەی مەدەنی بە شێوەیەکی تایبەتی. چونکە پەروەردەی مەدەنی لە پێناسەیەکی گرنگیدا ئاماژەیە بۆ "فێرکردنی تاک بە کۆمەڵێک بەها و بنەمای مەدەنی، کە یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکی کارا و، بەشدار بن لە ژیانی سیاسی و مەدەنیدا و، ماف و ئازادییەکانی خۆیان بزانن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ یەکتردا بژین و هەست بە هاووڵاتیبوون بکەن و لەژێر چەتری کهلتوورێکی مەدەنیی هاوبەشدا بژین؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتیمانیی هاوبەش و کەمکردنەوەی گیانی ململانێ و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگهدا." کەواتە ڕۆڵی پەروەردەی مەدەنی (Civic Education) لە بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیریى سیاسیدا چییە؟
لە تیۆری و پڕاکتیکدا، پاراستنی بنەمای هاووڵاتیبوون و مافە مەدەنییەکان، دوو ڕەهەندی سەرەکیی پێکهێنەری پەروەردەی مەدەنین، کە تیشکی سەرەکی دەخاتە سەریان، بەتایبەت لە کۆمەڵگهیەک کە پڕە لە توندوتیژی و دەمارگیری و ململانێ. کەواتە پەروەردەی مەدەنی لە ڕێگەی دوو ڕەهەندی سەرەکییەوە، دەتوانێت ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابین بکات، ئەوانیش:
یەکەم: پارێزگاری و گەشەدان بە بنەمای هاووڵاتیبوون (Citizenship). هاووڵاتیبوون لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە "مافی نیشتەجێبوون و کارکردن و بەشداریی تاک لە هەموو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی یەکسان و ئینتمابوون بۆ دەوڵەت و بەرژەوەندیی گشتی، بەبێ جیاوازیی نەتەوە، ئایین، ڕەگەز و ڕەنگ. کەواتە "هاووڵاتیبوون هەستکردنی تاکە، بەوەی کە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگهیە بەبێ گوێدانە جیاوازییەکان و، هەروەها "هاووڵاتیبوون" میحوەرێکی گرنگە بۆ گواستنەوە و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگه لە ململانێ و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و، چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و گەشەدان بە هاووڵاتیبوونێکی کارا. کەواتە گرنگیی هاووڵاتیبوون لە بنیاتنانی ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندنى دەوڵەت و ئینتیمای سیاسی، بە شێوەیەک دەبێت کە پاڵنەرى بەهێزی تاکەکان، دەبێتە هۆی بەکارهێنانی گەشەپێدانی دەوڵەت و بەرژەوەندیی گشتی، نەک ئینتیمای تەسک و بەرژەوەندیی تایبەتی. کەواتە بەهای هاووڵاتیبوون، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەک و، دەبێتە هۆی جۆرێک لە دروستکردنی پەیوەندی و پێکەوەژیان و دروستکردنی کهلتوورێکی هاوبەش کە زۆرینە و کەمینەکانی کۆمەڵگه هەست دەکەن کە مافیان تێیدا پارێزراوە. ئەمەیش هەنگاوی سەرەکی و بنەڕەتی دەبێت لە بنیاتنانی ئاشتی و پڕۆسەی نیشتیمانسازی، بەتایبەت لەو دەوڵەتانەی کە فرەڕەنگ و فرەدەنگن. بۆیە پڕۆفیسۆر "سەید علیوی" پێناسەی پەروەردەی مەدەنی دەکات بەوەی "پەروەردەى مەدەنى، ئامانجی پێکهینانى کهلتوورە لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى دیموکراسی و پێکهێنانى هاووڵاتیبوون و، ئامانجی گەشەکردنێکى بەردەوام و بەشدارییەکى ڕۆشنگەرە لە چوارچێوەى فەرمانڕەوایییەکى باش (Good Governance ) بە هەموو مەرجەکانییەوە."
هەروەها "فەرهەنگی نێودەوڵەتیی پەروەردە"یش بەم شێوەیە پێناسەی پەروەردەی مەدەنی دەکات: "گەشەسەندنی هاووڵاتیبوون و توانا و بەهرەى مەدەنییە، کە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵە چەمک و بەهایەک کە لە میانەیەوە ملکەچى و پابەندبوون بۆ دەسەڵات و سیستەمى سیاسى لە ڕێگەى حیکمەتى هاووڵاتیبوونەوە دروست دەکات و، بەدەستهێنانى بەهایە لە ڕێگەى ڕێکخستن و کارامەیییەوە بە شێوەیەکى گونجاو بۆ کۆمەڵگە." کەواتە هاووڵاتیبوون و پێگەیاندنى ديموكراسى، دوو ئامانجی سەرەکیى پەروەردەى مەدەنین.
بێ گومان گرنگترین پێوەر بۆ هاووڵاتیبوونێکی چاک، بەشدارییە لە بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی، نەک تەنیا بەشدارییەکی ڕووکەشانەی هاووڵاتیان، بەڵکوو دەبێت هاووڵاتییان لە کۆی گشتیی چالاکییەکانی کۆمەڵگه بەشدارییەکی کارا بکەن. ئەمەیش دەبێتە هۆی بنیاتنانی هاووڵاتییەکی بەرپرس. بۆیە پەروەردەی مەدەنی، هاووڵاتیان ڕادەهێنێت لەسەر پێدانی بەها و مەعریفە و کارامەییی سەرەکی، کە بەشداری لە فەرمانڕەوایی، دەبێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەکار بهێنرێت، نەک بەرژەوەندیی کەسێک، یان گرووپێکی دیاریکراو. بۆیە ئەم جۆرە فێرکردنە (پەروەردەی مەدەنی) زۆر گرنگ دەبێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە پڕن لە ململانێ و جیاوازی، بۆ ئەوەی کێشە و ناکۆکییەکان بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت.
دووەم: پەروەردەی مەدەنی، هەوڵ دەدات مافە مەدەنی و بەها دیموکراسییەکان لە کۆمەڵگهدا گەشە پێ بدات. مافە مەدەنی و بەها دیموکراسییەکان بابەتگەلێکی گرنگن و، جێی بایەخی پەروەردەی مەدەنین. پەروەردەی مەدەنی، خۆی لە خۆیدا پەروەردەیەکی لیبڕاڵییە، لە هەمان کاتدا گرنگى بە پاراستنى مافەکانى مرۆڤیش دەدات. بۆیە، پەروەردەى مەدەنى بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانى، دەبێت لە سیستەمى پەروەردەیىدا پێگەیەکى یەکجار گرنگى بۆ تەرخان بکرێت، بەتایبەت لەو کۆمەڵگهیانەى کە لە هەوڵی بەدیموکراتیبوونن، چونکە لە چوارچێوەى پەروەردەى مەدەنییەوە، تاک فێرى کۆمەڵێک بەهاى گرنگ و بنەماکانى دیموکراسى دەکرێت وەکوو لێبوردەیى، ئازادى، یەکسانى، ئازادى بیر و ڕا، دادپەروەرى، فرەیى، دادپەروەریى کۆمەڵایەتى، بەشداریى سیاسى و هۆشیاریى سیاسی. هەروەها پەروەردەى مەدەنى، دەبێتە هۆى بەرهەمهێنانى تاکێکى دوور لە توندوتیژى و دەمارگیرى و ڕەگەزپەرست. ئەمەیش بێ گومان کاتێک دەکرێت کە پەروەردەى مەدەنى، بکرێتە بەشێک لە ئامانجە باڵاکانى سیستەمى سیاسی لە پێناو گەشەسەندن و پێگەیاندنى دیموکراتییانەى تاک و، دابینکردنى سەقامگیرى و ئاشتیى کۆمەڵایەتى و سیاسی. بۆیە، دەبێت هەموو کەناڵەکانى پەروەردەى مەدەنى کارا بکرێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەتایبەت لە دامەزراوەکانی فێرکردندا. بهم پێیه، ڕۆڵی پەروەردە و پەروەردەی مەدەنی لە بنیاتنانی ئاشتیدا زۆر گەورەیە، چونکە پەروەردە لە مییانەی قوتابخانە، مامەڵە لەگەڵ نەوەیەک دەکات کە لە داهاتوودا ئەوانە دەبنە ئامانجی کۆمەڵگە و، کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن.
بۆیە هەروەک "دێڤد ئیستۆن" دهڵێ: "ئەگەر لە تەمەنێکی زووی منداڵییەوە، نەتوانرێت کۆمەڵێک بەهای مەدەنی و گرنگ لە ڕێگەی دامەزراوەکانی فێرکردنەوە فێری منداڵان بکرێت، ئەوا زۆر ئەستەمە بتوانرێت لە تەمەنی پێگەییشتوودا بۆیان پڕ بکرێتەوە." هەروەها "جۆن دیوی" پێی وایە: "ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگهیەک بەدیموکراتی بکەین، پێویستە هەنگاوی سەرەکیمان لە بەدیموکراتیکردنی سیستەمی پەروەردەییەوە دەست پێ بکات." بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشای واقعی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بکەین، ئایا دەتوانین بڵێین پەروەردە، ئامانجەکانی خۆی پێکاوە؟ دەتوانین بڵێین پەروەردەی مەدەنی لە ڕێگەی دامەزراوەکانی فێرکردنەوە توانیویەتی بیرۆکەی هاووڵاتیبوون و بەها مەدەنی و دیموکراسییەکان لای تاکی کوردی جێبەجێ بکات؟ ئایا خودی پڕۆگرامی پەروەردەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، پڕۆگرامیکی سەرکەوتووە؟ ئایا توانیومانە لە کوردستان سیستەمی پەروەردەیی بەدیموکراسی بکەین؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیار و ئەرگۆمێنتی جددین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین تاکێک و نەوەیەکی دیموکرات بنیات بنێین، کە بنەماکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا و ئاشتی و پێکەوەژیان، لە پیرۆزییەکانی بن. بۆیە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی جددییان بۆ ئەمە هەبێت.
کەواتە پەروەردە لە هەموو کۆمەڵگهیەکدا لە ڕێزی هەرە پێشەوەی فاکتەرەکانی گرنگیدانە بە پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و گرهنتی و بەردەوامیی سیاسەت و گەشەسەندنی ئابووری لە کۆمەڵگهدا. لەم ڕوانگەیشەوە ئەگەر تەماشاى واقعی هەرێمى کوردستان بکەین، دەتوانرێت بگوترێت تا ئێستایش ئێمە نەگەییشتووینەتە قۆناغى (Post Conflict) بەڵکوو هێشتا لە حاڵەتى ململانێى ناشەرعى و شەڕى هەمووان دژى هەمووانین، کە ڕاستەوخۆ دەسەڵات و حزبە سیاسییەکان لێى بەرپرسن، چونکە تواناى جێبەجێکردن (the capacity of performance) زۆر لاوازە، پاشان تاک، خێزان، قوتابخانە و دامەزراوەکانى تر بەرپرسن لەو واقعەى کە لە هەرێمى کوردستاندا دورست بووە. ئەوەى پەیوەندیى بە واقعى پەروەردە و سیستەمى پەروەردەیى و پەروەردەى مەدەنییەوە هەیە لە هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى گشتى و، لە ناوەندەکانى خۆێندن بە شێوەیەکى تایبەتى، لە حاڵەتێکى زۆر خراپدایە، بە شێوەیەک کە نازانرێت سیستەمى پەروەردەیى لە هەرێمى کوردستان، پشت بە چ فەلسەفەیەک دەبەستێت و، نازانرێت پەروەردە لە هەرێمى کوردستان، دەیەوێت چ هاووڵاتییەک پێ بگەیەنێت.
دەبێت چى بکرێت بۆ ئەوەى پەروەردە و پرۆسەى پەروەردەى مەدەنى وەک فاکتەرێکى گرنگ دەربکەون، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر گشت سێکتەر و بوارهکانى ترى کۆمەڵگه هەبێت:
یەکەم: پێداچوونەوە بە فەلسەفەى پەروەردەیى و بنیاتنانى ژێرخانێکى فکرى و فەلسەفى بۆ سیستەمى پەروەردەیى لە هەرێمى کوردستان.
دووەم: گرنگیپێدانى زیاتر به پرۆگرامى پەروەردەى مەدەنى لە ناوەندەکانى خۆێندن. ئەمەیش، دەبێت بە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکان بێت لە لایەن کەسانى پسپۆر و شارەزاوە و، دابینکردنى مامۆستاى پسپۆر بۆیان و، زیادکردنى بودجەى تایبەت بۆ ئەو پرۆگرامانە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ساڵانە بڕى 32 ملێۆن دۆلار تەنیا بۆ پرۆگرامى پەروەردەیى تهرخان کراوە.
سێیەم: پێویستە ئەو بەهایانەى کە لەنێو پرۆگرامەکان دەخۆێندرێت، ڕەنگدانەوەیان لەسەر کۆى گشتیى دامەزراوەکانى تر هەبێت، بۆ نمونە خێزان. هەروەها حزبە سیاسییەکان و دەسەڵاته شەرعییەکانى کۆمەڵگه، بۆ نموونە حزبە سیاسییەکان، دەبێت لەسەر بنەمای ئەو بەهایانەى کە پەروەردەى مەدەنى تیشکیان دەخاتە سەر، ئەندامەکانى خۆیان پەروەردە بکەن، نەک لەسەر بنەماى "دڵسۆزى" و ئینتماى تەسکى حزبى. ئەو کات لە جیاتى لێکترازان، سەقامگیرى و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دروست دەبێت.
چوارەم: زیادکردنى "جورعەی دیموکراسی" و، برەودان بە پرۆسەى دیموکراتیزەیشنى کۆمەڵگه و، دابینکردنى دادى کۆمەڵایەتى، بە هەمان شێوە کاریگەریى ڕاستەوخۆیان لەسەر بنیاتنانەوەى ئاشتى و سەقامگیرى دەبێت، چونکە لە زۆربەى وڵاتاندا ئێستا دیموکراسی وەک ڕەگەزێگى گرنگى ئاسایشى نەتەوەیى چاوى لێ دەکرێت و، ئەمەیش هۆکار دەبێت بۆ زیادکردنى هاوسەنگى و پێگەى کورد لە ناوچەکە و پشتگیریکردنى لە لایەن دەوڵەتە دیموکراسیخوازەکانەوە.
لە میانەى ئەو باسانەى پێشوو، دەمەوێت ئاماژە بە وتەیەکى فەیلەسووفى گەورە "ئیمانۆیل کانت" بکەم کە دەڵێت: "بۆ گۆڕانکارى لە کۆمەڵگەدا، پێویستە گۆڕانکارى لە ئهقڵییەتى باوى کۆمەڵگە بکرێت؛ ئەمەیش تەنیا یەک ڕێگهی هەیە، ئەویش پەروەردەیە ... ."
|