پەیمانى کۆمەڵایەتى Social contract بریتییە لە گرنگترین ئەو تیۆرییە فەلسەفییانەى کە لێکدانەوەى بۆ گەشەسەندنى کۆمەڵگه و بنیاتنانى دەوڵەت و ژیانى مرۆڤایەتى کردووە؛ بەو مانایەى کە دەوڵەت و کۆمەڵگه بەرەنجامى پەیمانى کۆمەڵایەتین. ئەمەیش زەروورەتێکى گرنگ بووە بۆ بەردەوامیى ژیان و گەشەسەندنى کۆمەڵگه و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و پاراستنى بەرژەوەندیى گشتیى کۆمەڵگه. بنچینەى بیرۆکەى پەیمانى کۆمەڵایەتى، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانى کۆن و هزرەکانى هەر یەک لە فەیلەسووف "ئەفلاتۆن" و "ئەرستۆ"؛ بۆیە ئەم بابەتە زۆر تاووتوێ کراوە و لێکۆڵینەوەى لەسەر کراوە تا ئەو کاتەى لە چوارچێوەى تیۆرییەکى تەواو و ڕێک دەرکەوتووە. ناتوانین باس لە پەیمانى کۆمەڵایەتى بکەین، بەبێ ئەوەى باس لە فەیلەسووفەکانى پەیمانى کۆمەڵایەتى بکەین، کە بریتین لە: "تۆماس هۆبز"، "جان جاک ڕۆسۆ" و "جۆن لۆک". لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە بە شێوەیەکى پوخت تیشک بخەینە سەر بیر و بۆچوونى هەر یەکێکیان دەربارەى پەیمانى کۆمەڵایەتى:
1- پەیمانى کۆمەڵایەتى لە ڕوانگەى "توماس هۆبز": هۆبز پێى وایە کە مرۆڤ لە حاڵەتى سروشتى، لە حاڵەتێکى نائەخلاقییەوە نزیکەوە، بەرژەوەندیى تایبەتی تیایدا زاڵە و ڕێسا و یاساکان هیچ بههایهکیان نییە؛ بۆیە لێرەدایە کە شەڕى هەمووان دژى هەمووان سەر هەڵدەدات و، مانەوە بۆ "بەهێز" دەبێت. پاش ئەمە، مرۆڤەکان بیریان لەوە کردەوە کە دەبێت لەم قۆناغە دەربازیان بێت بۆ حاڵەتێکى باشتر. بۆیە، بیریان لەوە کردەوە کە پەیمانێکى گشتى ببەستن کە هەمووان تیایدا بەشدار بن و، دەسەڵاتێک بەرهەم بهێنرێت کە دەسەڵاتێکى باڵا بێت، بەرژەوەندیى گشتى بپارێزیت و تواناى داڕشتنى یاسا و سزادانى تاوانباران و ڕێکخستنى ژیانى گشتیى خەڵکى هەبێت.
2- پەیمانى کۆمەڵایەتى لە ڕوانگەى "جان جاک ڕوسۆ": ڕۆسۆ پێى وایە حاڵەتى ڕەسەن و سروشتى لە مرۆڤدا، بریتییە لە حاڵەتى ئاشتى و میانەڕەوى کە پشت بە بەها ئەخلاقییەکان دەبهستێت. ههروهها وای بۆ دهچێ كه گەشەسەندنى بوارەکانى میکانیکى و ئابوورى، بووە هۆى ئەوەى کە كۆمەڵگه هەوڵی دەربازبوون لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکى تر بدات. گەشەسەندنى میکانیکى و ئابووریى کۆمەڵگه، بووە هۆى دروستبوونى جیاوازى لە کۆمەڵگه و پەیدابوونى خاوەندارێتیى تایبەتى و، دواجار ئەمەیش بووە هۆکارێک بۆ پەیدابوونى چەند سیفاتێکى نێگەتیڤ لە ناخى مرۆڤدا، ئەم خاوەندارێتییهیش بووە هۆى دابەشکردنى کۆمەڵگه بۆ دوو چین چینى خاوەندارەکان و چینى کرێکاران. ئەمەیش بووە هۆى هەنگاوێک بۆ بنیاتنانى دەوڵەت و دەسەڵات، کە لە ڕوانگەى کرێکارانەوە ئامانج لێی بریتییە لە بەرجەستەکردنى عەداڵەت و یەکسانى و، لە ڕوانگەى خانەدانەکانیش ئامانج لێى بریتییە لە پاراستنى بەرژەوەندى و موڵک و ماڵ و سامانیان. ئەمەیش، دەبوایە لە چوارچێوەى پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا ڕێک بخرێت، کە بەرژەوەندیى گشتى بپارێزێت.
3- پەیمانى کۆمەڵایەتى لە ڕوانگەى "جۆن لۆک": ڕای "جون لۆک" دەربارەى حاڵەتى سروشتى و ئاساییى مرۆڤ، جیاوازە له ڕای تۆماس هۆبز. لە ڕوانگەى لۆک، حاڵەتى سروشتى، یاسا بەڕێوەى دەبات نەک بەو شێوەیە بێت کە هۆبز واى دەبینێت. لۆک پێى وایە کە مرۆڤەکان لە حاڵەتى سروشتى، پەیوەندییەکى یەکسان لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام لە ڕوانگەى جون لۆکهوه، مرۆڤ هەمیشە بە دواى ئازادیى ڕەها دەگەڕێت. ئەم ئازادییە ڕەهایهیش وا دەکات کە مرۆڤەکان نەتوانن بهگوێرهی پێویست پێکەوە بژین. بۆیە هەوڵی بەستنى پەیمانى کۆمەڵایەتییان دا، بۆ ئەوەى ئازادیى تاکەکان لە کۆمەڵگهدا ڕێک بخات. بهم پێیه، ئەمە ئەوەى بهسەر دەسەڵاتداردا سهپاند کە ئازادییەکان ڕێک بخات و بەرژەوەندیى گشتى بپارێزێت. لە حاڵەتى هەبوونى کەموکوڕیى دەسەڵات لە جێبەجێکردنى ئەرکەکانى سەرشانى، خەڵک بۆیان هەیە شۆڕش بکەنە سەر چینى فەرمانڕەوا و، گۆڕانکارى لە دەسەڵات بکەن.
کەواتە، ئێستا پێویستە ئەوە بزانین کە لە قۆناغى پۆستمۆدێرنیته و بەجیهانیبوون و گەشەسەندنى کۆمەڵگهدا، پەیمانى کۆمەڵایەتى، چ زهروورهتێكی بۆ هەرێمى کوردستان هەیە؟ ئایا دەتوانین بڵێین هەرێمى کوردستان لە قۆناغى مەدەنییەوە نزیکە، یان لە قۆناغى سروشتى؟ ئایا هەرێمى کوردستان، لە کوێى خۆیندنەوەکانى هەر سێ بیرمەندى "پەیمانى کۆمەڵایەتی"دایه؟
بێ گومان هەرێمى کوردستان بە حاڵەتێکى ناسک و هەستیاردا تێ دەپەرێت. لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە، دووچارى کۆمەڵێک قەیرانى نەخوازراو و گەورە بۆتەوە. هەروەها لەقۆناغی بەجیهانیبوون و گەشەسەندنى تەکنەلۆژی و دیموکراسیدا، ئەگەر کۆمەڵگه لە حاڵەتى دیموکراسیدا نەبێت کەواتە بە شێوازێک لە شێوازەکان لە قۆناغى سروشتى نزیکتر دەبێت وەک لە قۆناغى دەوڵەتى یاسا و مەدەنى، چونکە یاسا تەنیا بۆ بەرژەوەندیى چینى فەرمانڕەوایە و بەرجەستەى بەرژەوەندیى گشتى ناکات. کەواتە، دەکرێت ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ نزیکیى کوردستان لە حاڵەتى سروشتى؛ بەو پێیەى گرنگترین دامەزراوەى یاسادانان لە هەرێمى کوردستان، کە پەرلەمانە، لەکار کەوتووە، دادپەروەریى کۆمەڵایەتى بەرجەستە نەکراوە، تاکەکانى کۆمەڵگه لە زۆر شت لێکجیاوازن و، هیچ بەها و خاڵێکى هاوبەش نییە کۆیان بکاتەوە. لە هەرێمى کوردستان، خەریکە دوو چینى زۆر باڵا و جیاواز دەربکەون: دەوڵەمەند و هەژار، بازرگان و بێکار. ئەمەیش پێویستە بە شێوەیەک ڕێک بخرێتەوە کە بەژەوەندیى گشتى بپارێزرێت و جیاوازیى چینایەتى کەم بکرێتەوە.
هەروەها متمانەى خەڵک بە دەسەڵات لە ئاستێکى زۆر لاوازدایە. بە هۆى ئەو ململانێیەى کە بە شێوەیەکى ناڕێکخراو لە نێوان حزبەکاندا هەیە، کوردستان هەمیشە نزیکە لە حاڵەتى ململانێ Conflict و شەڕى هەمووان دژى هەمووان. سێکتەرەکانى تر، وەکوو پەروەردە و تەندروستى و پیشەسازى و ئابوورى، لە بارودۆخێکى زۆر ناڵەباردان؛ بە شێوەیەک کە پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن لە بەشێکى گرنگى هەرێمى کوردستان پەکى کەوتووە. کەواتە، کوردستان له قۆناغێکدایه کە لە زانستى سیاسیدا پێى دەگوترێت Situation of fragility (حاڵەتى شکستێتى). ئەمەیش حاڵەتێکە لە کۆمەڵگهیەکدا ڕوو دەدات کە بەردهوام ئامادەیە بۆ جەنگ و ململانێ و توندوتیژى و دواکەوتوویى و قەیرانى ئابوورى و سیاسی. گرنگترین قەیران ئەوەیە کە ئێمە لە قۆناغى پێش دەوڵەتین و کیانێکى سەربەخۆمان نییە؛ ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر پرسى ئاسایشی نەتەوەیى هەبووە.
لە هەرێمى کوردستانیش، هەمووان لە گەیشتن بەم قۆناغە بەرپرسیارین. هیچ حزب و لایەنیک ئەلتەرناتیڤى ئەوەى تر نییە. هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک فریادڕەس و ڕزگارکەر نییە، چونکە نابێت لەبیرمان بچێت، ئەوەى دەگوزەرێت پەیوەندیى بە بونیادى کهلتوورى و پەروەردەییى کۆمەڵگهوە هەیە. گۆڕانکاریش لەم دۆخەدا، پەیوەستە بە ڕاددەى هۆشیارى و گەشەسەندن و مەعریفەى تاک بە تاکى کۆمەڵگه، نەک بنیاتنانى حزب و کۆمەڵە و گرووپ و ڕێکخراوى تر، بە هەمان ئهقڵییەتى باوى کۆمەڵگه، یان هەر پرۆسەیەکى ترى لەو شێوەیە. بەم پێیه هەرێمى کوردستان، بەپێى خۆێندنەوەکانى هەر سێ بیرمەندى کۆمەڵایەتى، چەند حاڵەتێکى تێدایە کە هاوبەشە لەو حاڵەتە سروشتییەی کە هەر سێ بیرمەندەکە ئاماژەیان بۆ کردووە. بۆ نموونە بەرژەوەندیى گشتیى کۆمەڵگه، خەریکە بکرێتە قوربانیى بەرژەوەندیى تاکى و حزبى. جیاوازیى چینایەتى، خەریکە سەر هەڵدەدات و، هەروەها بەهاى ئازادى، نیشانەى پرسیارى لەسەرە کە مایەى دلخۆشی نییە. دەرەنجام لێرەدایە، بۆ گەیشتن و جێبەجێکردنى چەند ئامانجێک، لەوانە دروستکردنى دەوڵەت و بنیاتنانى دەستوور، سەروەریى یاسا، دادپەروەریى کۆمەڵایەتى، ڕێکخستنى ئازادى و بەرژەوەندییەکان، بنیاتنانى هاووڵاتى باش، چاکترکردنى سێکتەرەکانى پەروەردە و ئابوورى و تەندروستى و پیشەسازى و...، زەرورەتى پەیمانى کۆمەڵایەتى لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا سەر هەڵدەدات.
چی بکرێت؟
1- ئەگەر چەمکى پەیمانى کۆمەڵایەتى بۆ واقعى هەرێمى کوردستان گونجاو بێت، ئەوا دەبێت پەیمانێکى کۆمەڵایەتى، یاخود بڵێین بەڵێننامەیەکى نیشتیمانى لە نێوان حزبه سیاسییەکان ببەسترێت بۆ دەربازبوونى کوردستان لەم واقعەى کە تێى کەوتووە. ههروهها پرۆژەى بنیاتنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆى کوردى دابمەزرێنن، کە هەمووان لەسەرى کۆک بن "چونکە خودى نەبوونى دەوڵەت، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقاگیریى نەتەوەیى". ئەمەیش، دەبێت کاریزماكانی نێو حزبە سیاسییەکان ئهنجامی بدهن، بەبێ ڕەچاوکردنى بەرژەوەندیى حزبى و کەسی.
2- ڕێککەوتنى حزبە سیاسییەکان لەسەر بنیاتنانى حکوومەتێکى بەهێزى نیشتیمانى بەرمەبنایى بەرژەوەندیى گشتى، کە کار لەسەر چاککردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، سەروەریى یاسا و جێبەجێکردنى بنەماکانى دیموکراسی بکات. ئەمەیش، مەرج نییە هەموو حزبەکان تیایدا بەشدار بن؛ دەکرێت ئۆپۆزیسیۆنێکى کاراى ئەم حکوومەتەیش هەبێت.
3- گەڕاندنەوەى متمانەى خەڵک و شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانى کۆمەڵگه و دەوڵەت.
4- خەڵک، پەیمانى کۆمەڵایەتى لەگەڵ خودى حزبەى خۆى ببەستێت، کە تیایدا تواناى ئەوەى هەبێت لە کاتى جێبەجێنەکردنى داواکاریى خەڵکدا، بە شێوازیکى مەدەنى سزاى ئەو حزبە سیاسییە بدات کە وەلائی بۆى هەیە، نەک پشتگیرییهكی كوێرانهی حزبەکەى بکات، جا چ حزبەکەى لە دەسەڵات بێت، یان ئۆپۆزیسیۆن. ئەمەیش، دەبێت لە ڕێگەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و ڕۆشنبیرانەوە و، بە هۆشیارکردنەوەى تاکەکان، بکرێت.
5- داڕشتنى کۆمەڵێک بەهاى گرنگى نەتەوەیى و نیشتیمانى و مەدەنى، کە کارى حکوومەت و حزبەکان، دەبێت بەپێى ئەو بەهایانە بن؛ بۆ نموونە کارکردن بۆ بنیاتنانى ژیرخانى دەوڵەت، سەروەریى یاسا، پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى و کۆمەڵێک بەهاى گرنگى تر، کە لادان لێیان، بۆ هەموو حزب و لایەنێک هێڵی سوور بێت.
6- ڕێکخستنەوەى سوپا و هێزى پێشمەرگە بە شێوەیەکى باشتر و، دروستکردنى هێزێکى نیشتیمانى.