نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەردەم دوو هەڵبژاردەدایە: هەڵبژاردەی یەکەم: گەڕانەوە بۆ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە؛ کە ئەمە چارەسەرێکی کاتی و تاکتیکییە. هەڵبژاردنی دووەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خودی خۆی بە هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە، لە ڕێگه‌ی شەفافکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی لە بەڕێوەبردنی سەرجەم کەرتەکاندا، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و گازدا، قەیرانە دارایییەکانی ئەم هەرێمە چارەسەر بکات. کە دەتوانین بڵێین ئەم هەڵبژاردەیە، هەڵبژاردنێکی دروست و ستراتیژییە. ئەمەیش دەبێت لە ڕێگەی پرۆژەیەکی نیشتیمانییەوە بێت، نەک حزبی.

خستنەڕووی پرس

٩/ دێسەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە لە سەرانسەری جیهاندا. گەورەترین ڕێژە و ئاستی گەندەڵیش، لە وڵاتانی دواکەوتووی دەوڵەمەند بە نەوت و گازدا، بە درێژاییی ٥٠ ساڵی ڕابردوو، سەری هەڵداوە. هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێڕاقێکی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز، سەبارەت بە بوونی گەندەڵی لە سەرجەم دامەزراوەکانیدا، ڕووبەڕووی پرسیاری گەورە بۆتەوە، بەتایبەتی ئەو دامەزراوە و کەرتانەی کە داهات بەدەست دەهێنن، بەتایبەتی کەرتی نەوت و گازەکەی.

لەوەیش زیاتر، لە کاتی ئێستادا هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەو قەیرانانەی لە ڕووی دارایی و سیاسی و ئاسایشەوە ڕووبەڕووی بۆتەوە، وای کردووە نەتوانێت لە ڕووی دارایییەوە کەرتە خزمەتگوزارییەکانی بەڕێوە بەرێت، بەتایبەتی لە ڕووی پێدانی مووچەوە. لە بەرامبەردا وەک کاردانەوەیەک، بەشی زۆری حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە بەردەم دوو هەڵبژاردە: یان گەڕانەوە بۆ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، یاخود حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگه‌ی شەفافکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی لە بەڕێوەبردنی سەرجەم کەرتەکاندا، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و گاز، قەیرانە دارایییەکانی ئەم هەرێمە چارەسەر دەکات. بەڵام کێشەی حزبە سیاسییە کوردییەکان ئەوەیە، کە خودی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵاتی حوکمڕانیی ئەم وڵاتە و، بەشێکن لەو حکوومەتەی کە گوشاری دەخەنە سەر.

کەواتە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە شەفافییەت و چاکسازی، پێویستیی بە پرۆژەیەکی نیشتیمانییه‌، نەک حزبی. کە ئەمەیش بەو مانایە نایەت، حزبە سیاسییە کوردستانییەکان پرۆژەیان نەبێت، بەڵکوو دەبێت ئەو پرۆژەیەی ئامادە دەکرێت، ڕەنگدانەوەی بیر و خواستی سەرجەم حزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئەم نیشتمانە بێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا تێگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان بۆ چەمکی شەفافییەت و چاکسازی، کە کۆڵەکەی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەندەڵییە، چییە و چۆنە؟ ئایا دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی ناو ئەم هەرێمە، چۆن بەرەو پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازدا، هەنگاو بنێن؟

ناوەڕۆک

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکكەوتننامەی ٥٨/٤ی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بنیات نا و، لە ساڵی ٢٠٠٥ خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەو ڕێکكەوتننامەیە، نەتەوەیە کگرتووەکان ٩/ دێسەمبەری هەموو ساڵێکی، کرد بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سەرانسەری جیهاندا. گەندەڵی(corruption)، بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیاردەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئاڵۆزە، کە تاک، یان لایەنێک داهاتی گشتی لە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بەکار دە‌هێنێت. ئاستی تێوەگلان لە دیاردەی گەندەڵی، بەپێی ئاستی پێشکەوتووییی کۆمەڵگه‌ و، بوونی دامەزراوەی بەهێزی جێبەجێکردن (حکوومەت) و یاسادانان (پەرلەمان) و دادوەری، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.

ئاستی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتانی دواکەتوو و دەوڵەمەند بە نەوت و گاز، لە بەرزترین ئاستدایە. بۆیە ئەوەی دەبێتە جێگەی گفتوگۆکردنی ئەم لێکۆڵینەوەیەمان، ئەوەیە کە ئەگەر یەکەم هەنگاوی کاریگەری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بوونی شەفافییەت و چاکسازی بێت، ئەی شەفافییەت و چاکسازی چییە و، چۆن دەبێت دەست بە پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازدا بکەین؟ جا ئەو کەرتی بەڕێوەبردنی وزە، لەژێر هەر ناوێک و وه‌زارەتێکدا کۆ بێتەوە؛ لە نموونەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یان وەزارەتی وزە، یان وەزارەتی نەوت و گاز.

چەمکی چاکسازی و شەفافییەت

 ئەگەر سەرەتا لە ڕووی زانستی سیاسییەوە بە شێوەیەکی گشتی، خوێندنەوەیەکی کورت بۆ چەمکی چاکسازی بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بەکار‌هێنانی وشەی ڕیفۆرم لەناو ژیانی سیاسیدا، کە سەرەتا لە لایەن کریستۆفەر ویڤیڵ، لە سەدەی ١٨دا، بە مانای ئامانجی سەرەکی بەکار هات. بەڵام لە سەردەمی ئێستای دەوڵەتی مۆدێرندا، چاکسازی، یان ڕیفۆرم، یان "إصلاح"، بە واتای ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بچووک و مامناوەند دێت، جا لە سیستەمی ئابووری، سیاسی، یان کۆمەڵایەتیدا بێت، کە لە ماوەیەکی درێژخایەندا، لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدرێت. واتا چاکسازی، یان ڕێفۆرم، واتای باشترکردنی سیستەم و سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت دەگەیەنێت، لە ڕێگەی پلان و گۆڕانکاریی بچووک و مامناوەنده‌وه‌، کە یان لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە ئیداری و سیاسی و ئابوورییەکانە، یان لە پێناوی باشترکردن و بەهێزکردن و نوێکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانە.

بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکان لە سیستەمەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیدا ڕیشەیی و گەورە بوون، یان هەموویان لە ماوەیەکی کورتدا ڕووی دا، ئەو کاتە ئەو پرۆسە گشتگیرە، دەکەوێتە چوارچێوەی فەلسەفەی شۆڕشەوە Revolution. کەواتە، کاتێک چەند کەسایەتی و حزبێکی سیاسی، تەنیا چەمکی گۆڕان و چاکسازی، بەبێ دیاریکردنی ئاست و ماوەی گۆڕانکاری، دەکەنە دروشمی کارکردنیان لەناو ژیانی سیاسیدا، ئەوا خۆیان دەخەنە ناو هەڵەیەکی تیرمینۆلۆژییەوە. کە لەو حاڵەتەیشدا، بەکار‌هێنانی چەمکی چاکسازی، یان گۆڕان، جگە لە یاریکردن بە وشە و فەنتازیایەک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەران، هیچی تر ناگەیەنێت.

سەبارەت بە چەمکی شەفافییەت Transparency، بە شێوەیەکی گشتگیر، بە واتای کەمترین شاردنەوە دێت لە ئامانج و پلان و داهاتی هەر لایەن و دەوڵەت و کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی فەرمی و نافەرمی، لە ڕێگه‌ی فەراهەمکردنی زۆرترین زانیاریی پێویست، بۆ هێنانەئارای دڵنیابوون و متمانەی گشتی، بە ئامانجی دووبارە دەرکردنی بڕیار و سیاسەتی باوەڕپێکراو لە بەرژەوەندیی کۆی ئەو لایەن و تاک و گرووپانەی کە ئەو پلان و بڕیارانەیان بەلاوە گرنگە.

شەفافییەت و چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازدا

سەبارەت ئەنجامدانی شەفافییەت و چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازدا، لە ڕووی پراکتیکییەوە بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئابووری و سیاسی و تەکنیکیی درێژخایەن، لە سەرجەم وڵاتانی دواکەوتوو یان تازە پێگەیشتوودا دادەنرێت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا و بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی. لە نموونەی ئەو وڵاتانەیش، عێڕاق، سووریا، لیبیا، نێجیریا، چاد، یەمەن، ڤه‌نزویلا و چەندین وڵاتی تر، کە بەشێکی زۆریان دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتینەوە. ئەنجامدانی شەفافییەت و پرۆسەی چاکسازیش لە کەرتی نەوت و گازدا، پێویستیی بە چوار هەنگاوی گرنگ هەیە کە بریتین لە:

یەکەم: بوونی شەفافییەتی سیاسی

یەکێک لە هەرە مەرجە سەرەکی و گرنگەکانی هەنگاونان بۆ شەفافییەت و چاکسازی لە کەرتی وزەی هەر وڵاتێکدا، بوونی شەفافییەتی سیاسییە. شەفافییەتی سیاسی، بەواتای نەبوونی ترسی لایەنە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات لە یەکتر و، بوونی متمانەی سیاسی لە نێوان دەسەڵاتدارانی سیاسی. زۆر جار شەفافییەتی سیاسی، لە ڕێگه‌ی دەستوور و دیاریکردنی سیستەمی سیاسیی وڵات فەراهەم دەکرێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە دیموکراتییەت لە ئاستێکی باڵادایە وەکوو ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی. بەڵام لە وڵاتانی نادیموکرات و تازە پێگەیشتوودا، شەفافییەتی سیاسی، لە لایەک لە ڕێگه‌ی بێلایەنکردنی هێزی سەربازی و ئەمنیی وڵات دەکرێت و، لە لایەکی تر لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵنەکردنی داهاتی گشتیی وڵات لە لایەن یەک هێز و لایەنی سیاسییه‌وه‌ دێتە ئاراوە؛ بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی.

دووەم: بوونی دامەزراوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی

بوونی دامەزراوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی، یەکێکی ترە لەو خاڵە گرنگانەی کە ڕۆڵی گەورەی لە پرۆسەی چاکسازی و شەفافبوونی کەرتی وزەی وڵاتاندا هەیە. چونکە هەبوونی دامەزراوەی پێویست، بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز، هێمایە بۆ بەکۆمەڵ کارکردن و بوونی سیاسەت و پلانێک بۆ کارکردن و بەدواداچوون.

لە کاتی بوونی دامەزراوەدا (مؤسسات) خاڵێکی گرنگ دێتە ئاراوە، ئەویش دیاریکردنی پەرپرسیارێتییە. واتا کاتێک حکوومەتەکان چەندین دامەزراوە بۆ دۆزینەوە، پەرەپێدان، هەناردەکردن و بەڕێوەبردنی داهاتی کەرتی نەوت و گازەکەیان دادەمەزرێنن، لە هەمان کاتدا پێویستە بەرپرسیارێتییەکانیش دابەش بکرێت و کەسانی بەرپرسیش بزانرێت کێن و، لە لایەن کۆمەڵێک دامودەزگه‌وە ناسرابن، لە نموونەی پەرلەمان و دەزگه‌ی چاودێری و میدیا و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەگشتی. مەبەستی سەرەکیش لەم هەنگاوه‌، دیاریکردنی لایەنە لاواز و بەهێزەکانی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانە لە لایەک و، هەروەها جیاکردنەوەی کارمەند و بەرپرسی لێهاتوو، بەتوانا و دەستپاک، لە کارمەندی گەندەڵ، بێتوانا و نابەرپرس لە لایەکی تر.

سێهەم: بوونی زانیاریی پێویست و ئاسانیی بەدەستهێنانی زانیاری

فەراهەمکردنی زانیاری لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز و داهاتەکەی، بە ڕۆحی شەفافبوون و هەنگاونانی ڕاستەقینە بەرەو پرۆسەی چاکسازی دادەنرێت. بێ گومان لێرەدا ئێمە مەبەستمان بەخشینی زانیاری و گەیشتن بەو زانیارییانەیە، کە پەیوەندیدارە بە دامەزراوەکان و ئەو کەسانەی بەڕێوەی دەبەن لەگەڵ جۆر و ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستانەی کە واژوو کراون. هەروەها سەبارەت بەداهاتی سەرجەم ئەو نەوت و گازەی کە لەژێر خاکەوە دەردەهێنرێت، دەبێت بزانرێت چۆن و بە چەند دەفرۆشرێت و تا چ ڕاددەیەک لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی بەکار دەهێنرێت. کە دەتوانین بڵێین ئەوەش ئەرکی حکوومەتە، ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و داهاتەکەیەوە هەیە، بێ گیروگرفت و دروستکردنی بەربەست، بۆ هەموو لایەکی فەراهەم بکات، تا لە ڕووی شەفافییەتەوە تێبینیی گەورەیان لەسەر نەبێت ،هەروەها لە ڕووی چاکسازییەوە، بەرەو قۆناغێکی باڵاتر بڕۆن.

چوارەم: هاوکاریی پسپۆر و کۆمپانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان

سوودوەرگرتن لە توانای کەسانی پسپۆر و ئەو ڕێکخراو و کۆمپانیایانەی پاڵپشتیی شەفافییەت و چاکسازی دەکەن، کارێکی پێویستە، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم. دیارترین ڕێکخراوی جیهانی کە لە بواری شەفافییەت و چاکسازی کار دەکات، بریتییە لە: "ڕێکخراوی دەستپێشخەری شەفافییەت بۆ پیشەسازییە دەرهاتووەکان) EITI- Extractive Industries Transparency Initiative، هه‌روه‌ها کۆمپانیا گەورەکانی وردبینیکردن لە نموونەی (Deloitte، (Ernst & Young . ئەو ڕێکخراو و کۆمپانیایانە، ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر کەرتی نەوت و گازی هەر وڵاتێک بکەن، ئەوا لە ماوەیەکی درێژخایەندا ئەنجامی باشی دەبێت.

پرۆسەی شەفافییەت و چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا

 هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لەو عێڕاقەی کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠١٥، لە ڕووی گەندەڵییەوە پلەی هەشتەمی لەسەر ئاستی جیهان هەیە[i]. بە هەمان شێوە، سەبارەت بە نەبوونی شەفافییەت و چونێتیی ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازەکەیدا، ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری گرنگ بۆتەوە.

بێ گومان بۆ هەرێمی کوردستان، کە هەرێمێکە لەناو دەوڵەتێکی بەناو فیدراڵیی وەک عێڕاق، لەبەر ئەوەی پێشخستنی کەرتی وزەکەی لە بارودۆخێکی ئاساییی سیاسی و یاسایی و تەنانەت داراییشدا نەبووە، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان هەرێمێکی فیدڕاڵی بێکێشە؛ بۆیە بابەتی بوونی شەفافییەت لە کەرتی وزەی کوردستاندا، کەوتە ژێر پرسیارەوە. لە کاتی ئێستایشدا، پرۆسەی چاکسازی، کارێکی ئاڵۆزە؛ بۆیە دەبێت ئەو پرۆسەیە بە هاوکاریی دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییه‌كان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە، بەوریایییەوە ئەنجام بدرێت. کە بێ گومان دانەمەزراندنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵ و فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بە مەبەست نەبوو، بەڵکوو یەکەمیان بۆ نەبوونی توانای ماددی و مرۆییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا، دەگەڕایەوە؛ دووەمیان، بە هۆی توندیی بەرهەڵستیی سیاسیی بەغدا و وڵاتانی چواردەوری هەرێمی کوردستانەوە بوو، بۆ کەرتی وزەی کوردستان. چونکە بەغدا و حکوومەتەکانی دراوسێی باشووری کوردستان، وا بیریان دەکردەوە ئەگەر کوردەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بتوانن مامەڵە بە نەوت و گازی خۆیانەوە بکەن، ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا بەرەوە قەوارەیەکی سەربەخۆی ئابووری و سیاسی هەنگاو دەنێن.

بێ گومان ئەگەر باسی هۆکارەکانی دروستبوونی ناشەفافییەت لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا بکەین، ئەوا سەرەتا دەبێت بیگەڕێنینەوە بۆ بوونی ململانێی سیاسی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشبوونی سیاسی و کارگێڕییەی هەرێمی کوردستان بە هۆی جه‌نگی ناوخۆوە لە لایەک و، نەبوونی دامەزراوە و توانای ماددی و مرۆیی لە لایەکی تر، کە وای کرد کەرتی وزەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی و تەندروست بەرەو پێش نەچێت، بەڵکوو کۆمەڵێک کەموکوڕی و ناشەفافییەتی تیادا دەربکەوێت. ئەمە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە زۆرەی لە ئاستی بەرهەم و هەناردەکردن و دامەزراندنی پاڵاوگەوە بەخۆیەوە بینیبوو؛ کە شایەنی دەستخۆشی و گرنگیپێدانە. چونکە لە ماوەی ١٠ ساڵی کارکردنی (٢٠٠٦-٢٠١٦) فەرمی و ڕیاڵیستییانەی حکوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە پێشخستنی ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان، ئاست و هێزی بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە شێوەیەک بەرز بۆوە. بەڵام نەبوونی شەفافییەت و دامەزراوەی پێویست بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو چاکسازی لە لایەک و، بوونی ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستدا لە لایەکی تر، کار و پڕۆسەی چاکسازیی لەناو ئەم وەزەارەتی سامانە سروشتییەکان قورس کردووە. 

هەنگاوە پراکتیکییەکان

لە کاتی ئێستادا هەنگاوی سەرەتایی بۆ بەشەفافکردن و دەسپێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا، دەبێت سەرەتا لە بەديهێنانی شەفافییەت لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. چونکە بوونی شەفافییەتی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا، مەرجێکی سەرەکییە بۆ هەنگاونان بەرەو بەشەفافکردن و دەسپێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا. شەفافبوونی سیاسیش دوو ئاراستە دەگرێتەخۆ:

 ١- ئاراستەی کرانەوەی لایەنه‌ سیاسییەکان بە ڕووی یەکتریدا: واتا ئایا لایەنە سیاسییەکان لە ڕووی سیاسییەوە، بەرەو چ ئاراستەیەک هەنگاو دەنێن و بەنیازی چین، واتا نابێ پلانی شاراوە و پیلانی دژبەیەکیان هەبێت.

٢- ئاراستەی کارکردن: واتا حزبە سیاسییەکان چۆن دەیانەوێت لە ڕێگەی دامەزراوە حکوومییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆیییەکانەوە، کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرن و، داهاتەکەیشی دادپەروەرانە بەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکەن؟ کە لێرەدا هەنگاوی گرنگ ئەوەیە دامەزراوەی ئابووری و سیاسەتی فەرمیی نیشتمانیی وا دابمەزرێنن، کە هەموو لایەنەکان دڵنیا ببنەوە لەوەی، کە داهاتی نەوت و گاز، هیچ لایەکیان لە ڕووی هیزی دارایی و سەربازییەوە، بەسەر ئەوی تریاندا زاڵ ناکات.

پاشان دیاریکردنی بەرپرسیارێتی لەناو کەرتی نەوت و گازدا، یەکێکی تر لەو هەنگاوانەی کە دەبێت لە پێناوی بەرجەستەکردنی شەفافییەت و پرۆسەی چاکسازی بهاوێژرێت، پەیوەندیدارە بە دامەزراندنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە ڕووی بەدواگەڕان و بەرهەمهێنان و، ئه‌وجا کۆنتڕۆڵی کارگێڕی و دارایی، هەروەک لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی ساڵی ٢٠٠٧دا هاتووە. واتا بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر کەموکوڕی و گەندەڵییەک، لایەنە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان و...، ڕوو نەکەنە سەرۆکی حکوومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکان، دەبێت کەسانی بەرپرسی جۆراوجۆر و دیار هەبن، کە بە ڕوون و ئاشکرا، بەرپرس بن لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا.

 لە کۆتاییشدا، ڕۆڵی دەزگه‌ و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون دێتە ئاراوە، لە نموونەی EITI)-ڕێکخراوی دەستپێشخەری شەفافییەت بۆ پیشەسازییە دەرهاتووەکان) و کۆمپانیا گەورەکانی وردبینیکردن لە نموونەی (Deloitte، (Ernst & Young، کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە واژوو کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام وەک لایەنێکی بێلایەن، چاودێریی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکات، کە ئەمەیش هەنگاوێکی پراکتیکیی باشە.

کۆبەند

لە یادی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێویستە لە ڕێگەی شەفافکردنی دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستان و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازییه‌وه‌، حکوومەت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بکەن بە چەقی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە دارایی و سیاسییەکان. لە ڕێی هەنگاوە پراکتیکییەکانیشەوە، شەفافییەتی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بنیاد بنرێت و پرۆسەی چاکسازی لە ناو دامەزراوەکانی ئەم هەرێمەدا دەست پێ بکات، بەتایبەتی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، کە سەرچاوەی بەشی زۆری داهاتی داراییی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە. هه‌ڵبه‌ت هەموو ئەم کارانەیش، دەبێت بە هاوکاریی کەسانی پسپۆر و ناوەندەکانی بیرکردنەوە و ڕێکخراوە جیهانییەکان بێت.

 

سەرچاوە:

  • Kerr, Alistair. Energy Security: The Risks and Realities. RUSI Journal; Dec 2004.
  • Ribot, J. C. (2003), Democratic decentralization of natural resources: The Institutional Context of African Development. Palgrave Macmillan US/ New York. 2003.
  • Ross, Michael L. Oil Curse: How Petroleum Wealth Shapes the Development of Nations.      Princeton, NJ, USA: Princeton University Press. 2012.
  • The Extractive Industries Transparency Initiative (EITI), The EITI Standard, 2016. Drived from https://eiti.org/document/standard.
  • Ball, Carolyn. "What is transparency? “ Public Integrity 11.4 (2009.
  •  Transparency International organization. Corruption report, 2015.
  • International-Anti-Corruption Day. UN Secretary-General. 2016.

http://www.un.org/en/events/anticorruptionday/background.shtml.

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples