بنەما فەلسەفییەکانى مافەکانى مرۆڤ و خۆیندنەوەیەک بۆ پرۆگرامەکانى مافەکانى مرۆڤ لە ناوەندەکانى خۆێندن لە هەرێمى کوردستان

سەرەتا:

چەمکى مافەکانى مرۆڤ بە درێژاییى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسی لە ئەوروپا گەشەى کرد کە بەرەنجامى دوو ڕێگه‌ى گەورە بوو:

یەکەم: ئەزموونى ژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتى لە ئەوروپا کە خۆى لە ململانێی نێوان دەوڵەتان و لە ناوخۆى دەوڵەتان لە دژى دەسەڵاتى ڕەها و کەمکردنەوەى حوکمى کەنیسەدا دەبینێتەوە. نموونەیش بۆ ئەمە، بەگژداچوونەوەى دەسەڵاتى کەنیسە لەگەڵ ئازادیخوازان بۆ گەڕاندنەوەى ئازادى بۆ تاک و کۆمەڵەکان، كه‌ لە دواجاردا، بووە هۆى ڕاگەیاندنى پەیماننامەى "مەگناکارتا "Magnacarta لە ساڵی 1215ز و، هەروەها شۆڕشى سەربەخۆى ئەمریکا و شۆڕشی فەڕەنسى و  ڕاگەیاندنى مافەکانى مرۆڤ و هاووڵاتى لە ساڵی 1789ز، گرنگترین ئەو ڕووداوانەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گەشه‌سەندنى چەمکى مافەکانى مرۆڤ هەبووە .

دووەم: ئەزموونى بیر و هزرى هزروانان و فەیلەسووفەکانە. ئەم ئەزموونەیش خاڵێکى سەربەخۆ نییە لە ئەزموونى یەکەم، بەڵکوو ئەم دوو فاکتەرە، کاریگەرییەکى تێکهەلکێشیان لەگەڵ یەکتر هەیە.

سەبارەت بە ئەزموونى "هزرى" کە تیشکى سەرەکیى ئێمە لەسەر ئەم ئەزموونەیە، دەتوانرێت بگوترێت ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بەو گۆڕانکارییە هزرییانەوه‌ هەیە کە لە سەدەى پازده‌یه‌مدا لە ئەوروپا ڕوویان دا. ئەم گۆڕانکارییانەیش، بە گەشەسەندنێکى بەردەوامى مۆدێرنێتەى ئەوروپی ناوزەد دەکرا، کە ئاماژە گرنگەکانى بریتی بوون لە دەرکەوتنى بزووتنەوەى ڕۆشنگەرى و بزووتنەوەى ڕیفۆرمى ئایینى لە ساڵی 1517ز. ئەم گۆڕانکارییانەیش، بوونەتە هۆى زەمینەسازیى باش بۆ گەشەکردنى هزرى و که‌لتوورى لە کۆمەڵگه‌؛ ئەمانەیش کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنى چەمکى مافەکانى مرۆڤ هەبوو. نیشانەیەکى گرنگى ئەم زەمینەسازییەیش، بریتى بوو لە گەشەدان بە چەمکى "خود"، کە مرۆڤى کردە میحوەرى سەرەکى و سەنتەرى هەموو شتەکان. ئەمەیش، بووە هۆى زیادکردنى مەعریفەى تاک دەربارەى خودى خۆى. خاڵێکى گرنگى ئەو گۆڕانکارییەیش دەرکەوتنى هزرەکانى فەیلەسووف "گالیلۆ" بوو دەربارەى سروشت و یاساى سروشتى، كه‌ خۆیندنەوەیەکى بیرکارییانەى بۆ یاساى سروشتى کرد، نەک تەنیا بریتى بێت لە ماهییەتێکى ڕۆحى. مافناسانیش بە شێوەیەکى گشتى، پێیان وایە مافەکانى مرۆڤ لە ڕووى هزرییەوە لە سێ ڕوانگەوە سەرچاوەى گرتووە:

١- هزرى پاراستنى ئازادییەکان  

٢- هزرى گرێبەستى کۆمەڵایەتى

٣- هزرى مافى سروشتى

تیشکى سەرەکیى ئێمە، کارکردنە لەسەر هەنگاوە فکرییەکانى مافەکانى مرۆڤ و، نەک هەنگاوە مێژویییەکان. هەنگاوە فکرییەکانیش ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە فەلسەفەى ڕۆشنگەریى ئەوروپییەوە هەبوو. بۆیە دەبینین لە سەدەى هەژدەیەمدا، لە میانەى ئەو ململانێیەى نێوان بزووتنەوەى ڕۆشنگەرى کە بزووتنه‌وه‌يه‌كى كەلتوورى، سياسى، فه‌لسه‌فى و كۆمه‌لايه‌تى بوو له‌ ئه‌وروپا لە بەرامبەر ڕەهایى و ستەمکاریى دەسەڵاتدا سەری هەڵدا، گەشەسەندنێکى گرنگ بەسەر چەمکى مافەکانى مرۆڤدا دێت.  بۆیە لێرەدایە چەند چەمکێکى گرنگ دەرکەوتن و کارى گەورەیان لەسەر کرا کە دەکرێت وەکوو بنەمایەکى گرنگ و ڕەسەنى مافەکانى مرۆڤ چاویان لێ بکرێت، ئەوانیش بریتین له‌: ئه‌قڵانییەت، تاکگەرایى، ئازادى و سەروەریى یاسا. ئەم بنەما سەرەکییانە، بوونە هۆى دەرکەوتنى چەمکى مافى سروشتى و گرێبەستى کۆمەڵایەتى. بۆیە تیشک دەخەینە سەر دوو خاڵی گرنگ:   

١- مافەکان وەک ئازادى؛ ئازادى، مافی یەکەمە و بنەماى هەموو مافەکانى ترە :

شتێکى ڕێککەوت نییە کە جاڕنامەى مافەکانى مرۆڤ و هاووڵاتى لە 1789 باس لەوە دەکات کە ئازادى، مافی یەکەمى مرۆڤە و بنەڕەتى مافەکانى ترە و، نابێت هیچ کات بەهاى ئازادیى مرۆڤ پێشێل بکرێت و ستوونێکى سەرەکیى جاڕنامەى جیهانیى مافەکانى مرۆڤ، ئازادیى تاکە. هەروەها هەموو مافەکانى تر لە دواى ئازادییەکانەوەیە؛ بۆ نموونە، مافى خاوەندارێتى، "ئازادییە لە خاوەندارێتى" و مافى ژیانێکى شەرەفمەندانە "بریتییە لە ئازادیى ژیان" به‌شيوه‌يه‌ك كه‌ تاك ئازاده‌ له‌وه‌ى كه‌ چۆن ده‌ژيت. مافى دەنگدان و هەڵبژاردن بریتییە لە "ئازادیى ڕادەربڕین"، چونكه‌ هيچ كه‌س بۆى نييه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر هيچ تاكيك بۆ ئه‌وه‌ى گۆرانكارى له‌ ڕاى خۆیدا بكات و ئازادیى ده‌نگدانى لێ زه‌وت بكريت. کەواتە ئەم مافانە هەموویان لە ناوەڕۆکیاندا بریتین لە مافی ئازادى، یان ئازادییەکانى تاک. به‌م شێوه‌يه‌ ‌سه‌ره‌تا ڕێزگرتن لە مرۆڤ، بەهایەکى مۆراڵیى وەرگرت پێش ئەوەى لە چوارچێوەى یاسا نێوخۆیى و نێودەوڵەتییەکاندا ياسا و بنه‌مای ياسايى بۆ دابڕێژرێت، بۆیە ئازادى، دەبێت هەموو بوارەکانى ژیانى مرۆڤ بگرێتەوە. ئەوەى جێگەى سەرەنجە ئەم ئازادییانەیش ڕەها نین، بەڵکوو بە یاسا ناوخۆیییه‌ نێودەوڵەتییەکان و بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌ سنووردار کراون و، هەروەها خودى چەمکى مافەکانى مرۆڤ، ئازادیى ڕەها سنووردادر دەکات. هەروەها، بە پیرۆزکردنى مرۆڤ و كردنى مرۆڤ بە سەنتەرى هەموو شتەکان، خاليكى گرنگ بوو بۆ هه‌نگاونان و گرنگيدان بە تاک و ئازادییەکانى تاک. بە ئەزموونى پراکتیکیش ئەوە سەلمێندراوە کە مرۆڤ خۆشەویستیى بۆ ئازادى هەیە و، لە ناخیدا دژى ستەمکارى و کۆیلایەتییە؛ بۆیە  هەمیشە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا ستەمکاران بە قێزەونترین چینى کۆمەڵگه‌ دادەنرێت. خاڵێکى گرنگ کە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا جێگه‌ى مشتومڕێکى زۆر بووە، ئەوەیە کە ئایا ڕۆحییەتى خودگەرایى لە ناخى مرۆڤدا، لەگەڵ پاراستنى مافەکانى مرۆڤ دەگونجێت؟ لە ڕوانگەى هزرییەوە، دەردەکەوێت کە ئەگەر هەستى خودگەرایى لە مرۆڤدا لە لووتکەدا بێت، دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئازادییەکى تەواو و یەکسان بە مرۆڤ ببەخشێت. بۆیە دەبینرێت فەیلەسووف "هیگل" بەتوندى پشتگیریى ئەم پەیوەستبوونە دەکات و، هەروەها "هابرماس" پێى وایە کە هەستى خودگەرایى لە تاکدا، بریتییە لە ئازادیى تاک،؛ ئەمەیش بە خاڵێکى گرنگى جیاکەرەوەى مۆدێرنێتە و قۆناغەکانى پێش خۆى دادەنرێت. لە ڕوانگەى "هیگل"ەوە هەموو مێژووى مرۆڤایەتى بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنى ئازادى.  

٢- بیرۆکەى گرێبەستى کۆمەڵایەتى، وەک بنەمایەکى هزرى و فەلسەفیی مافەکانى مرۆڤ :

ئەم بیرۆکەیە ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە گواستنەوەى دەسەڵاتى خودا، کە کەنیسە پشتى پێ دەبەست بۆ دەسەڵاتى خەڵک و ئیرادەى تاکەکان شۆێن هەموو ئیرادەکانى ترى گرتەوە. دەتوانرێ بگوترێ هەوڵى فەیلەسووف و هزروانەکانى تیۆریى گرێبەستى کۆمەڵایەتى بۆ دژایەتیکردنى دەسەڵاتى کەنیسە بووە لەسەر زەوى. بۆیە فەیلەسووف "بوفیندۆرف"، Pufendorf کە بە یەکێک لە هزروانه‌ سەرەکییەکانى بیرۆکەى مافە سروشتییەکان دەناسرێت، لە لێکۆڵینەوەى سەبارەت بە "بنچینە و بنەماى سەروەرى"، باس لە جیاکردنەوەى دەسەڵاتى کەنیسە و دەسەڵاتى ده‌وڵه‌ت دەکات. بۆیە پلە بە پلە تیۆریى ده‌سه‌لات و به‌ڕێوه‌بردن لە هەموو پەیوەستبوونێک بە زانستى لاهووتییەوە دوور کەوتەوە. لە دواجاردا دەسەڵات مۆرکێکى مرۆڤایەتیى وەرگرت؛ دەسەڵاتداران ناچا رکران بە ناوى خەڵکەوە قسە بکەن، نەک بەناوى کەنیسە. خەڵک دەسەڵات دادەنێت و دەیگۆڕێت؛ ئەمەیش بەپێى گرێبەستێک دەبێت لە نێوان خەڵک خۆیان و تاکەکاندا. وەک "هیگل" دەڵێت "هەموویان بەرامبەر خودا، یەکسانن" و، هیچ کەس بۆى نییە بە ناوى خوداوە قسە بکات.

"جان جاک ڕۆسۆ" پێى وایە هەموو مافێکى تاک، دەگەڕێتەوە بۆ مافی سەروەریى گەل. "تۆماس هۆبز"یش پێى وایە گەل لە دەستنیشانکردنى فەرمانڕەوادا خاوەن ئیرادەیە. لە ڕوانگەى "جۆن لۆک"یشه‌وه‌ جگە لەوەى خەڵک تواناى دەستنیشانکردنى فەرمانڕەوایان هەیە، تواناى لابردنیشیان هەیە. کەواتە خاوەن شەرعییەت و سەروەریى دەسەڵات، لە گەلەوە دەبێت. سەرەڕاى جیاوازى لە نێوان بیرمەندەکانى گرێبەستى کۆمەڵایەتى، بەڵام دەتوانین چەند خاڵێکى گرنگ و هاوبەش لە نێوانیاندا دەستنیشان بکەین:  

١- ئەم تیۆرییە هەوڵێکى فکری بوو بۆ گواستنەوەى دەسەڵاتى ڕەهاى کەنیسە بۆ دەسەڵاتى   خەڵک .

٢- هەموویان جەختیان لەسەر پرەنسیپى سەروەریى گەل کردۆتەوە.

کەواتە هەموو ئەو هزرانە، بوونە هۆى ئەوەى کە بازنەى مافەکانى مرۆڤ فراوانتر بێت و گەشەیەکى زۆر لە ڕووى تیۆرى و واقعییەوە بە چەمکى مافەکانى مرۆڤ بدرێت. مرۆڤ، بووە سەنتەر و میحوەرى هەموو شتەکان و، ئیرادەى مرۆڤ سەروو هەموو ئیرادەکانى تر کەوت. ئەمانەیش، بوونە بنەڕەتێکى فەلسەفى و هزرى بۆ چەمکى مافەکانى مرۆڤ و دانانى یاسا و ڕێساى تایبەت بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ، چ لە ناوەوەى دەوڵەت، یان لە دەرەوەى. بۆیە، دەردەکەوێت پاش ئەم بنەما هزرییانە چەندین بەڵگەنامە و پەیماننامە لە نێوان دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانى نێودەوڵەتى بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ واژوو کران، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و دروستکردنی کۆمەڵەی نەتەوەکان و، پاشان دروستکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەکان، کە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە 25 و 26ی نیسانی 1945 لە شاری فرانسیسکۆ  گرێ دا و 50 دەوڵەت بەشدارییان کرد. پاشان لە 10 /12/1948، نەتەوە یەکگرووەکان لە 30 بەنددا جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی گشتی تیایدا داواکاری بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کرا لە هەموو ڕوویەکەوە. بۆیە لەو کاتەوە و بەتایبەت لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، پرسی بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگه‌کان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بوو به‌ پرسێکی جیهانی؛ چونکە ناتوانرێت لە نێوان چەمکی مافەکانی مرۆڤ و چەمکی دیموکراسیدا جیاوازی بکرێت .

لە هەرێمى کوردستانیشدا هەر لە ساتەوەختى دروستبوونییە، بانگەشەى دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ کراوە، بەڵام پرسی دیموکراسى و ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان لە ئیستادا، پاش 25 ساڵی حوکمڕانیى کوردى، ڕووبەڕووى پرسیارى گەورە و جددى بۆتەوە. ئەمەیش ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە بونیادى که‌لتوورى و پەروەردەیى و سیاسیی کۆمەڵگه‌ى کوردییەوە هەیە. تەنانەت زۆربەى تاکەکان هۆشیاریى پێویستیان دەربارەى مافەکانى مرۆڤ نییە و، تاک لە ناخى خۆیدا پێشێلکارى بەرامبەر مافەکانى خۆى دەکات و، نازانێت چۆن مافە ڕەواکانى خۆى بەدەست بهێنێت. هەرچەندە دەبینرێت لە هەرێمى کوردستان هەوڵ بۆ پاراستن و زیادکردنى هۆشیاریى تاک بە مافەکانى مرۆڤ هەیە، بۆ نموونە دەستەى مافی مرۆڤ لە هەرێمى کوردستاندا بوونى هەیە و چەند پرۆگرامێک بۆ مافەکانى مرۆڤ لە ناوەندەکانى خۆیندن تەرخان کراوە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە خۆێندنەوەیەک بۆ ئەم پرۆگرامانە ده‌كه‌ین :

خۆێندنەوەیەک بۆ پرۆگرامەکانى مافەکانى مرۆڤ لە هەرێمى کورستان لە ناوەندەکانى خۆێندن :

- چۆنیەتیى وەگەڕخستنى پرۆگرامى مافی مرۆڤ لە ناوەندەکانى خۆێندن :

ئەگەر تەماشاى دووەم کۆنفرانسی پەروەردەیى بکەین کە لە 12-14/ ئه‌یلوولى ساڵی 2000 لە هەولێر بەسترا، ئەم کۆنفرانسە لەژێر دروشمى "بەرزکردنەوەى ئاستى پەروەردە و زانست لە کوردستانێکى خاڵی لە نەخۆێندەوار"، خاڵێکى گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە وەزیرى پەروەردەى ئەو کات باسی چاکسازى کرد لە قوتابخانەکان لە هەرێمى کوردستان و، تیشکى خستە سەر بنەماکانى مافی مرۆڤ و ئازادى و دیموکراسى. هەر لەو کۆنفرانسەدا ئاماژە بەوە کرا کە پێویستە هەر (30) بەندەکەى جاڕنامەى جیهانیى مافی مرۆڤ لە قوتابخانەکاندا بخویندرێت.

ئه‌گه‌ر بە شێوەیەکى واقعى و فەرمى تەماشای پرۆگرامەکان و چۆنیەتیى بەکارخستنیان بکەین وەکوو پرۆگرامێکى سەربەخۆ لە ناوەندەکانى خۆێندن لە هەرێمى کوردستان، پرۆگرامى مافی مرۆڤ، سەرەتای کارکردن بۆ دانانى ئەو پرۆگرامە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2002، کاتێک ڕێکخراوى ئاشتى و پێکەوەبوون (NPA) پێشنیارێکى خستە بەردەم حەوت لە ڕێکخراوە ناوخۆیییەکانى کوردستان، ئەوانیش: ڕێکخراوی گەشەپێدانى ئابووریى کوردستان KIDO، ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنییەتCDO، ناوەندى ڕۆشنبیریى بەدلیسى BCC، ڕێکخراوى پەرەپێدانى دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHR، ڕێکخراوى فریاگوزاریى میللىPAO و، پەیمانگه‌ى کوردى بۆ هەڵبژاردن KIE، لەگەڵ هەر دوو وەزراەتى مافی مرۆڤ و ئاوارە و ئەنفال  (ئیدارەى سلێمانیى پێشوو). پێشنیارەکەیش پێک هاتبوو لە دانانى پرۆگرامى مافى مرۆڤ بۆ قۆناغەکانى خۆێندن. مەبەستى پرۆژەکەیش بریتى بوو لە هەر سێ قۆناغى (پێنجەمى سەرەتایی و یەکەمى ناوەندى و چوارەمى ئامادەیى)، کە ئێستا سەرەتایی و ناوەندى، بووه‌ بە قۆناغی بنەڕەتى. پاش دانانى پرۆگرامەکە لە ساڵانى 2004-2005، سەرەتا 18 قوتابخانە ئامانجى پرۆژەکە بووە بە شێوەیەکى ئەزموونى و، خولى تایبەت بۆ مامۆستایان لەو کات کراوەتەوە. پاشان پسپۆرییەکى سەرپەرشتیارى پەروەردەیى هەر لەو ساڵەدا بۆ دانرا، تا لە نزیکەوە چاودێریى پرۆژەکە بکات. لە هەمان کاتدا، چوار تیمى بەدواداچوون لە ڕێکخراوە هاوبەشەکان بۆ سەردانیکردنى قوتابخانەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا و قوتابیان و دەستنیشانکردنى خاڵە بەهێز و لاوازەکانى پرۆگرامەکە و چارەسەرکردنیان پێک هێنرا.. پاش ئەمە بڕیار درا کە وانەى مافی مرۆڤ ببێتە وانەیەکى سەرەکى و لە قوتابخانەکانى هەرێمى کوردستان بخۆێندرێت .

١- شیکردنەوەى پرۆگرامى مافی مرۆڤى پۆلى پێنجەمى بنەڕەتى :

ئەم پرۆگرامە لە (51) لاپەڕە پێک هاتووە و بە شێوەى بابەت بابەت دابەش کراوە، نەک بە شێوەى بەش و تەوەر. هەروەک ئاماژەى بۆ کراوە کە ئامانج لەم پرۆگرامە بریتییە لە فێرکردنى کارامەیی و هەڵوێست به‌ هەندێک قوتابیان، کە دوور بێت لە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لە بوارى فێربووندا و، هه‌روه‌ها ڕێزگرتنى مامۆستا لە بیر و بۆچوونى قوتابیان و دوورکەوتنەوەى مامۆستا لە توندوتیژى و پێشێلکردنى مافی قوتابیان.

سەرەتا بە جیاوازیى نێوان مرۆڤ و گیانەوەر دەستنیشان دەکات و هەندێک ڕەوشت و هەڵسوکەوتى کۆمەڵایەتى فێری قوتابیان دەکات و، گرنگیى خێزان و پەیوەندیى کۆمەڵایەتى باس کراوە. هەروەها ئەوه‌ى کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە بە ناونیشانێکى گەورە نووسراوە: نەتەوە، ڕەگەز، ئایین، ڕەنگ و جیاوازییە جەستەیییەکان نابنە هۆى جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان. ئەمەیش یارمەتیى قوتابیان دەدات بۆ پێکەوەژیان و قبووڵکردنى ئەوانى تر و دوورکەوتنەوە لە ڕەگەزپەرستى و دەمارگیرى و توندوتیژیى بەرامبەر یەکتر؛ چونکە هەموومان مرۆڤین. لە خاڵیکى تریشدا باس لەوە دەکات کە هەموومان سەرەڕای جیاوازییەکانمان، بەڵام مافی یەکسانمان‌ لە به‌رامبه‌ر ياسادا هەیە. هه‌روه‌ها باس لە بیر و ڕاى جیاواز و ئایینى جیاواز و که‌لتوورى جیاواز دەکات کە هەموومان لە شتێکدا یەکسانین پێى دەگوترێت "مرۆڤایەتى". باس  لەوەیش دەکات كه‌ جگە لەوەى مرۆڤ مافی هەیە، بەڵام ئەرکیشى لەسەر شانە و، دەبێت ئەرکەکانى بە شێوەیەکى باش جێبەجێ بکات. گرنگترین ماف کە باس کرابێت مافی ژیانە و، هەموو تاکێک مافی ژیانێکی شەڕەفمەندانەی هەیە. لەم ڕوانگەیەیشەوە نموونە بە کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و ئەنفال و نەهێشتنی مافی ژیانی تاکی کوردی لە لایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر دەهێنێتەوە و، باس لەوە دەکات کە هەموو تاکێک مافی پاراستنی جەستەیی و دووربوون لە توندوتیژیی هەیە، هەروەها گرنگیی بە هۆشیاریی تاک دەدات لە بەرامبەر مافەکانی؛ لە حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانیدا، پێویستە تاک قسەی هەبێ و سکاڵا تۆمار بکات.

بە شێوەیەکی گشتی، بە ڕەچاوکردنی قۆناغەکە، ئەم پرۆگرامە شتێکی باشە و کۆمەڵێک دەقی وەرگیراوی تێدایە کە خزمەت بە گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی لە مێشکی منداڵاندا دەکات. بەڵام هەڵەى چاپیى تێدایە و، وێنەکانیشى زۆر سەرنجڕاکێش نین بۆ منداڵان.

٢- شیکردنەوەى پرۆگرامى مافی مرۆڤى پۆلى حەوتەمى  بنەڕەتى :

ئەم پرۆگرامە لە (51) لاپەرە پێک هاتووە و ناوەڕۆکەکەیشی بە شێوەى بابەت بابەت دابەش کراوە. ئەوەى لەم پرۆگرامە بەدی دەکرێت، جیاوازە لە پرۆگرامى پێشوو. ئەم پرۆگرامە تەنیا باسی لە هەندێک ماف نەکردووە، بەڵکوو قۆناغەکانی مێژوویی و گەشەسەندنی مافەکانی مرۆڤی تێدا دیاری کراوە. بۆ نموونە "قۆناغی داب و نەریت" کە تەنیا سەرۆکهۆز و گەورەی گوند خاوەنی هەموو مافێک بوو و تەنیا قسەکانی ئەو، دەبووە یاسا بۆ کۆمەڵگە. پاشان باس لە قۆناغی یاسایی دەکات، کە قۆناغی مافی مرۆڤ لە خێزانی گەورەی عەشیرەت و گونده‌وە دەرچوو، یاسا دانرا و بە نووسراو بڵاو کرایەوە. هەروەها لە قۆناغی دەستووری، باس لەوە دەکات پاش تێپەڕبوونی چەندەها شۆڕشی مەزن و ئازادیخوازانە لە پێناوی مافەکانی مرۆڤ، چەندین ماف لە دەستووری هەندێک وڵات چەسپێنرا. پاشان باس لە گه‌شه‌سه‌ندنى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كات تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ هه‌نگاوێكى نۆى پێشكه‌وت، ئه‌ويش قۆناغی بەنێودەوڵەتیبوونه‌ کە بەتایبەت باسی ڕێککەوتننامە و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان کراوە كه‌ جيبه‌جيكراون بۆ پاراستن و ڕێزگرتن له‌ مافه‌كانى مرۆڤ.

مافێکى گرنگى تر باس کراوە، ئەویش ئازادیى تاکەکەسییە. بەپێى بەندى (19) لە جاڕنامەى جیهانیى مافەکانى مرۆڤ، کە تیایدا هاتووە "هەموو کەسێک مافی ئازادیى بیر و ڕا و ڕادەربرینى هەیە. . ."، ئازادیی تاکەکەسی لە دەربڕینی ڕا و ئایین و چۆنیەتیی لەبەرکردنی جلوبەرگ و ئەشکەنجەنەدان لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە و، چەند شتێکی تریش دەگرێتەوە. هەروەها یەکێکی تر لەو مافانەی کە لەم پرۆگرامەدا تیشکی خراوەتە سەر، مافەکانی پەروەردە و فێرکردنن بە پشتبەستن بە بەندی (26)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، کە تایبەتە بە چۆنیەتیی پەروەردەکردنی منداڵ و خوێندن لە دامودەزگه‌ پەروەردەیییەکان.

هەروەها چەند مافێکى تریشى تێدا باس کراوە. ئەم پرۆگرامە، خاڵی بەهێزى ئەوەیە کە بە شێوەیەکى گشتگیر باسی لە مافەکانى مرۆڤ کردووە. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە، شێوازێک لە هەڕەمەکییەتیى پێوە دیارە و، هۆشیاریى پێویستى تێدا نییە وا لە قوتابیان بکات کە بزانن چۆن مافەکانى خۆیان بەدەست دەهێنن و، ڕێزى مافەکانى ئەوانى تریش بگرن .

٣- شیکردنەوەى پرۆگرامى مافی مرۆڤى پۆلى چوارەمى ئامادەیى:

ئەم پرۆگرامەیش بە شێوەیەکى گشتى لە 68 لاپەڕە پێک هاتووە. بە شێوەى بەش بەش داڕێژراوە و، لە بەشی یەکەم زۆر بەڕوونى باسی باکگراوندى مێژووییى مافەکانى مرۆڤ دەکات و تیایدا باس لە قۆناغەکانى مافەکانى مرۆڤ دەکات. هەروەها باس لە چۆنیەتیى دروستبوونى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و، بە شێوەیەکى گشتى تیشک دەخاتە سەر چەند مافێکى مرۆڤ و مافەکان پۆلێن دەکات، کە تیایدا چەند هۆشیارییەکى گرنگ و مەعریفەیەکى گرنگ دەربارەى مافەکانى مرۆڤ دەبەخشێت. بەڵام دیسان لە ڕووى فکرى و فەلسەفییەوە، خاڵى لاوازى زۆرى تێدایە و، هەروەها وێنەکانى ناو پرۆگرامەکەیش ڕەنگدانەوەى ناوەڕۆکى پرۆگرامەکە نین و، زیاتر باسکردنێکى تیۆرییە نەک بە ژیانى قوتابیان و واقعەوە پەیوەست بکرێتەوە .

بە شێوەیەکى گشتى، پرۆگرامى مافی مرۆڤ لە پۆلی پێنجەم و حەوتەمى بنەڕەتى و چوارەمى ئامادەیى، پرۆگرامی باشن و، دەکرێت باشتر بکرێن، بۆ نموونە لە پۆلی پێنجەمى بنەڕەتى، تەنیا مافەکانى منداڵان بخۆێندرێت و، لە پۆلى حەوتەمى بنەڕتى، مافەکانى مرۆڤ و هەر (30) بەندەکەى جاڕنامەى جیهانیى مافەکانى مرۆڤ بخۆێندرێن. لە پۆلى چوارەمدا باس لە گرنگیى پاراستن و ڕێزگرتن لەو مافانە بکرێت. هەموو پرۆگرامەکان خاڵى لاواز و بەهێزیان تێدایە، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى، خاڵە لاوازەکان زۆرترن لە پرۆگرامى مافی مرۆڤ، بۆ نموونە لە هەموو پرۆگرامەکان ناوى پرۆگرامه‌كه‌ بە پرۆگرامى مافی مرۆڤ هاتووە، بەڵام ئه‌مه‌ هەڵەیە، چونکە مرۆڤ مافی زۆرە و، پێویستە بگوترێت پرۆگرامى مافەکانى مرۆڤ. بۆیە، دەکرێت دووبارە بە شێوەیەکى جددى پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و سوود لە کەسی بەئەزموون و شارەزا لەو بارەیەوە وەربگیرێت. بەڵام ئەوەى جێگه‌ى پرسە لە لێکۆڵینەوەیەکى مەیدانیدا کە خۆم ئەنجامم داوە، 66.9% قوتابیان لە هەرێمى کوردستان دەڵێن کە هیچ شتێک لە پرۆگرامەکانى مافی مرۆڤ فێر نەبوونە؛ کە ئەمەیش پێویستیى بە هەڵوەستەلەسەرکردن و پێداچوونە هەیە، کە ڕەنگە پەیوەست بن بەم چەند خاڵەى خوارەوە :

١- هەتا ئێستا مامۆستایەکى پسپۆر و ڕاهێنراومان نییە بۆ گوتنەوەى پرۆگرامەکانى مافەکانى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان .

٢- پرۆگرامى مافەکانى مرۆڤ بە پرۆگرامێکى لاوەکى تەماشا دەکرێت و، تەنیا یەک "بەشەوانە"ى بۆ تەرخان کراوە لە هەفتەیەکدا .

٣- دژیەکى لە نێوان ڕەفتارى هەندێک لە مامۆستاکان و ناوەرۆکى پرۆگرامەکان؛ چونکە زۆر جار پێشێلکاریی مافەکانى مرۆڤ لەناو قوتابخانە لە لایەن مامۆستایانەوە دەبینرێت .

٤- خودى پرۆگرامەکان زۆر بە شێوەیەکى سەرنجڕاکێش دانەنراون، کە سەرنجى منداڵان ڕابکێشێت و خۆشەویستییان بۆ پرۆگرامەکە هەبێت .

دەبێت چى بکرێت؟

١- پێویستە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ساڵانە لە ڕێگەى لیژنەیەکى پسپۆر و شارەزاوە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆگرامەکانى مافەکانى مرۆڤ بکات.

٢- هەوڵ بدرێت مامۆستای پسپۆر بۆ ئەم وانەیە ئامادە بکرێت، یان بە لایەنى کەم، پێویستە خول بۆ مامۆستایان بکرێتەوە .

٣- "بەشەوانە" (حصة)ی ئەم پرۆگرامانە زیاد بکرێت.

٤- پێویستە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى پۆستەرات، یان لە ڕێگەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە هەوڵى ئەوە بدات کە هۆشیارى دەربارەى مافەکانى مرۆڤ لە کۆمەڵگه‌دا بڵاو بکاتەوە .

٥- واقعى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسی لە هەرێمى کوردستان، دەبێت بە شێوەیەک ڕێک بخرێتەوە کە لەگەڵ ئەو بەهایانەدا بگونجێت کە قوتابیان لە پرۆگرامەکانەوە دەربارەى چۆنیەتیى ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ فێرى دەبن .

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples