چەمکى کۆمەڵگەى مەدەنی:
چەمکى کۆمەڵگهى مەدەنى، لە سەرەتادا ئاماژە بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورە و یەکلاکەرەوەیەى کە لە هەر دوو سەدەى حەڤدەیهم و هەژدەیەمدا بەسەر فیکرى سیاسیی ڕۆژاوادا هات. ئەم گۆڕانکارییانەیش ئاماژە بوو بۆ ئیرادە و تواناى هزری ڕۆژاوایى بۆ گواستنەوە و گۆڕانکارى لە کێشە و قەیرانەکانى سەدەکانى ناوەڕاست و جیاکردنەوە و نەهێشتنى ئاسەوارەکانى سیستەمى کۆن و دروستکردنى سیستەمێکى نۆیى جیاواز، لە گشت لایەنەکانەوە. کۆمەڵگهى مەدەنى پەیدا نەبوو، تەنیا لەگەڵ بیر و بۆچوونەکانى فەیلەسووف تۆماس هۆبز (1588-1679) نەبێت، لە سەدەى حەڤدەیەمدا. هۆبز بۆ چەسپاندنى سیستەم لەناو کۆمەڵگه هەوڵی دا، ئەمەیش بووە هۆى ئەوەى کە کۆمەڵى مەدەنیى ڕێکخراو، لە حاڵەتى سروشتى، کە حاڵەتێکى جەنگیى بەردەوامە لە نێوان تاکەکاندا، جیا بکاتەوە و، لە ڕوانگەى ئەوهوه پەیمانى کۆمەڵایەتى، لە شەڕێکى بەردەوام بۆ کۆمەڵگهیەکى ڕێکخراودا ئاسانکارى بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات. ئەمەیش دەبێتە هۆى دروستکردنى حاڵهتێکى مەدەنیى نوێ له بەرامبەر حاڵەتى سروشتى و، گرنگترین شت لە حاڵەتى مەدەنیدا ئەوەیە کە تاکەکان وەکوو دامەزراوەیەکى تایبەتی تەماشاى دەوڵەت دەکەن؛ واتە دەسەڵاتێکە ڕازی بوون ملکەچى بن و، لە پێناو پاراستنیاندا گوێڕایەڵیی بکەن. هەروەها لە سەدەى هەژدەیەمدا کۆمەڵگهى مەدەنى گەشەى کرد و، مانایەکى لیبراڵیى وەرگرت، چونکە بنەڕەتى بیرۆكهى کۆمەڵگهى مەدەنى، دەگەڕێتەوە بۆ هزرى لیبراڵیى ڕۆژاوایى لەژێر کاریگەریى فەیلەسووفەکانى ئینگلیزیى وەک ئادەم فرگیسۆنAdam Ferguson ( 1723 – 1816 ) و ئادەم سمیت Adam Smith (1723 -1790).
لەم چوارچێوە نوێیەدا کۆمەڵگهى مەدەنى، ئاماژە بوو بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و، بە مانایەکى تەسکتر پەیوەندییە خاوەندارێتییەکان، چونکە ئەو پەیوەندییانەى کە تاکەکان لە کۆمەڵگهیەکدا کۆ دەکاتەوە، سروشتێکى ئابووریى هەیە کە بەرهەمى ئاڵوگۆڕى بازرگانییە، کە دەگاتە سوود و قازانجى تایبەت. ئەم بیرۆكهیەیش لە لاى هیگل Hegel Fredrich ( 1770-1831)زیاتر دەرکەوت. لە ڕوانگەى "هیگل"هوه کۆمەڵگهى مەدەنى بریتییە لە شێوازەکانى کۆمەڵایەتى، کە گوزارشت لە بوارى ئابوورى دەکات. بۆیە، هیگل زاراوەی "کۆمەڵەى پێداویستییەکان" بەکار دێنێت، کە کۆمەڵێک لە پەیوەندییەکان لەخۆ دەگرێت کە تاکەکان بۆ پرکردنەوەى پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان، لەناو ئەو کۆمەڵەیەدان. هەروەها کۆمەڵگەى مەدەنیى "کارل مارکس" لەگەڵ هیگل زۆر جیاوازیى نییە، تەنیا لە بەهاى ئەو شتەى کە هەر یەکێکیان ئاماژەى پێ دەکەن لەسەر لایەنى ژێرخان لە بەرامبەر لایەنى سەرخانێکى تر کە سیاسەتە، "هیگل" پێى وایە ئابوورى، بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى تاک زەروورە، بەڵام ئەمە ڕۆحى بابەتەکە نییە. لە ڕوانگەى ئەوهوه سیاسەت ژێرخانە، نەک ئابوورى و، لە ڕوانگەى کارل مارکسهوه ئابوورى بنەڕەتە، نەک سیاسەت؛ بەڵکوو سیاسەت ئەنجامێکى حەتمییە و لە پاش ڕەهەندى ئابوورییهوه دێت.
کۆمەڵگهى مەدەنى، گرنگترین ئامراز و هۆکارە بۆ ڕێکخستنى نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه، بەپێى فۆرمى دیموکراسی کە لەسەر ڕێزگرتن و لێبووردەیى و هاوکارى و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژى و پەراوێزخستنى سیاسى و کۆمەڵایەتى بۆ گەیشتن بە شێوازێک لە ئاشتیى کۆمەڵگهیى ڕادەوستێت و، لە سەردەمى ئێستایش حکوومەتە دیموکراسییە هاوچەرخەکان چەندین ڕێگه و ئامراز دەگرنە بەر بۆ گەشەسەندنى کۆمەڵگهى مەدەنى. کەواتە چەمکى کۆمەڵگهى مەدەنى، بەرهەمى فیکریی ڕۆژاواییە و، دەرەنجامى بیر و هزرى فەیلەسووفە ڕۆژاوایییەکان بوو لە سەدەى حەڤدە و هەژدەدا.
پێناسەى کۆمەڵگهى مەدەنى:
بەپێى هزر و قۆناغە جیاوازەکان، پێناسەى جۆراوجۆر و جیاواز بۆ کۆمەڵگەى مەدەنى کراوە؛ بۆیە ئاماژە بە هەندیکیان دەکەین. بۆ نموونە کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕوانگەى هەندێک لە لێکۆڵەران "بریتییە لەو کۆمەڵگهیەى کە لەسەر بنەماى دامەزراوەى سیاسى، کۆمەڵایەتى، کهلتوورى و ئابوورى ڕاوەستاوە، کە لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەى سەربەخۆیییەکى ڕێژەیى لە دەسەڵاتى دەوڵەت، بۆ بەرجەستەکردنى چەند ئامانج و مەبەستێکى جیاواز، کار دەکەن." لە ڕوانگەى "سهعدهددین ئیبراهیم"یش کۆمەڵگەى مەدەنى بریتییە لە "کۆمەڵێک ڕێکخراوى خۆبەخش و ئازاد، کە پانتاى گشتیى نێوان خێزان و دەوڵەت پر دهكهنهوه بۆ بەرجەستەکردنى بەرژەوەندیى تاکەکانى كۆمهڵگا، کە ڕێزگرتنى بههاكانى كۆمهڵگە و لێبووردەیى و بەڕێوەبردنى ئاشتییانهى جیاوازی و ناکۆکییەکان له گرنگترين تايبهتمهندييهكانى كۆمهڵگای مهدهنين." هەروەها هەندێک لێکۆڵەرى تر پێیان وایە کە کۆمەڵگەى مەدەنى بریتییە لە "کۆى ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە خۆبەخش و ناحکوومییەکان، کە تاک هۆشیار دەکەنەوە و تواناییى تاک بۆ بەشدارى لە ژیانى گشتیدا زیاد دەکهن."
"ئەنتۆنى گیدنز" بەم شێوەیە پێناسەى کۆمەڵگهى مەدەنى دەکات: "کۆمەڵگهى مەدەنى، کۆمەڵێ بزاوت و چالاکییە، کە بۆشاییى نێوان دەوڵەت و بازاڕ داگیر دەکات و هەر یەکە لە خێزان و قوتابخانە و گرووپ و دامودەزگه نائابوورییەکان دەگرێتە خۆ و، کۆمەڵگهى مەدەنى و کهلتوورى مەدەنى، سیفەتێکى جەوهەریى کۆمەڵگه دیموکراسییەکانە." هەروەها لە ڕوانگەى "مایکل والزر"Michal Walzer ، کۆمەڵگەى مەدەنى "بریتییە لەو فەزایەى کە گرەنتیى هەموو ئەو بارودۆخانە دەکات کەوا دەبێتە هۆى پاراستنى ژیانى کۆمەڵایەتیى نوێ، کە شێوازیکى کۆمەڵایەتیى مرۆڤانە لەخۆ دەگرێت، کە دەبێتە هۆى ئەوەى تاکەکان پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت." هەروەها یەکێکى تر لە پێناسە هاوچەرخەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ئاماژە بەوە دەکات کە "کۆمەڵگهى مەدەنى، گوزارشتە لە فەزایەک بۆ کارلێککردنى پۆزەتیڤ لە نێوان دەوڵەت لە لایەک و کۆمەڵگه لە لایەکى تر، بە لەخۆگرتنى ڕێکخراوە خۆبەخشییەکان و ڕێکخراوەکانى بازاڕ و کۆمپانیاکان و یەکێتییە جەماوەرییەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەى کە دەکەونە نێوان خێزان و دەوڵەت."
کەواتە لە چوارچێوەى ئەو پێناسانەوە دەردەکەوێت کە کۆمەڵگهى مەدەنى، چەندین ڕەگەزى هەیە:
ڕەگەزەکانى کۆمەڵگهى مەدەنى:
یەکەم - کارى ئیڕادەیى و ئازاد و خۆبەخش:
ئەم ڕەگەزە پەیوەندیى بە ویست و ئارەزووى ئازادیى تاکهوه هەیە، بۆ ئینتمابوون بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانى کۆمەڵگهى مەدەنى، بۆ بەرجەستەکردنى بەرژەوەندیى گشتى، یان بەرجەستەکردنى بەرژەوەندیى چین و گرووپێکى دیاریکراو لە کۆمەڵگه.
دووەم - ڕێکخستنى بەکۆمەڵ و دامەزراوەیى:
لەبەر ئەوەى کۆمەڵگهى مەدەنى، کۆمەڵگهیەکى ڕێکخراوە، هاوکارە بۆ دروستکردنى دامەزراوەکان و یەکێتییە جەماوەرییەکان، کە بە شێوەیەکى مەنهەجى (مێتۆدیك) کار دەکەن، که ملکەچی بەها و پێوەر و بنەما ناوچەیییەکانن.
سێیەم – ڕەگەزى ئەخلاقى و ڕەفتارى:
ئەم ڕەگەزە لەسەر قبووڵکردنى جیاوازییەکان و فرەییى نێوان خود و ئەوانى تر ڕادەوستێت و، دەبێت ڕازی بێت لەسەر ئەوەى کەوا مافی ئەوانى دیكهیە کە ڕێکخراوى مەدەنیى تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ پاراستن و بەرجەستەکردنى مافەکانى خۆیان بە شێوەیەکى ماددى و مەعنەوى و، ملکەچ بوونە بۆ بەرێوەبردنى ناکۆکییەکان لە نێوان تاک و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە شێوەیەکى ئاشتییانە لە ڕوانگەى بەهاکانى ڕێزگرتن و لێبووردەیی و هاوکارى و ململانێى ئاشتییانە.
چوارەم – فرەییى ڕێکخراوەیى و فیکرى:
بەو پێیەى کەوا کۆمەڵگهى مەدەنى، دەرهاوێشتەى فیکرى لیبراڵییە، کەواتە ئەم کۆمەڵگهیە، دەبێت لەسەر بنەماى فرەیى و ئازادى و بیر و ڕاى تاک و ڕێکخراوەیى بۆ جێبەجێکردنى بەرژەوەندى گشتیى کۆمەڵگه، لە ڕێگەى لێبووردەیى و کارى بەکۆمەڵ و هاوکاریکردن لە نێوان تاک و ڕێکخراوەکانهوه، بنیات بنرێت.
پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەى بەهارى 1991 و دروستکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بانگەشەى حوکمى دیموکراسی و بنیاتنانى کۆمەڵگەى مەدەنى، چەندین ڕێکخراوى ناحکوومى لە هەرێمى کوردستان دەستیان بە کار کرد، سەرەڕاى کارکردنى کۆمەڵێک ڕێکخراوى نێودەوڵەتى لە بوار و سێکتەرە جیاجیاکان. بۆیە هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکى پوخت، هەڵسەنگاندنێکى گشتگیرى کارى ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمى کوردستان، بکەین. پاش ئەو باکگراوندە مەعریفییە دەربارەى چەمکى کۆمەڵگەى مەدەنى و پێناسەى کۆمەڵگەى مەدەنى، خاڵێکى گرنگ هەیە کە تێبینى دەکرێت، ئەویش ئەوەیە كه: ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى 75%ی کارەکانیان ئاراستەى کۆمەڵگه Societyو تاکە، واتە 25%ی کارەکانیان ئاراستەى بڕیارسازان و سیستەمى سیاسییە. بە واتایەکى تر جەختى سەرەکییان بریتییە لە کارکردن لەسەر پێگەیاندن و هۆشیاریى تاک و کۆمەڵگه بەگشتى، بۆ نموونە ڕۆڵى ئەم ڕێکخراوانە لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا زۆر گەورەیە؛ هۆشیاریى تاک بەرز دەکەنەوە، بە ڕاددەیەک کە توانای جووڵاندنى ڕاى گشتتیان هەیە، بە نموونە:
ڕێکخراوەکانى ژینگەپارێز لە وڵاتى لۆکزەمبۆرگ توانییان بە ملیۆنان خەڵک بهێننە سەر شەقام و کۆڵانەکان، تەنانەت دەشت و کێوەکانیش، بۆ پاککردنەوەى ژینگەى وڵاتەکەى خۆیان، یان نموونەى ڕۆڵى ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە باشوورى ئەفریقا لە داڕشتنى بنەماکانى ئاسایشى نەتەوەییى خۆیان، هەروەها ڕێکخراوەکانى منداڵپارێزى هۆڵەندى، ڕۆڵی گەورەیان لە پاراستنى مافى منداڵان و دەرکردنى یاساى پێویست لەو بارەیەوە هەبووە. دامەزراوەى "فریدرچ ئیفرت" لە ئەڵمانیایش چەندین پرۆژەى پێشکەش بە حکوومەتى ئەڵمانى کردووە دەربارەى ڕێکخستن و زیادکردنى ئەو پرۆگرامانەى کە گرنگیى بە ئاشتى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ لە کۆلێژ و پەیمانگهکان دەدەن و، چەندان پرۆگرامى لەو بوارانەوە داناوە و، چەندان نموونەى تر.
بەڵام لە هەرێمى کوردستان، ڕۆڵى ئەم ڕێکخراوانە بە شێوەیەکى زۆر لاواز دەردەکەوێت. ڕۆڵیان لە گەشەسەندنى کهلتوورى مەدەنى و هۆشیارکردنەوەى تاک و دروستکردنى کهلتوورى سیاسیدا زۆر لاوازە. بۆ نموونە خودى تاک لە هەرێمى کوردستان، هۆشیاریی دەربارەى مافەکانى مرۆڤ و بەها مەدەنییەکان لە ئاستێکى لاوازدایه و، هەروەها هۆشیاریى تاک دەربارەى زۆربەى بوارەکانى ترى ژیان وەکوو پێویست نییە؛ بۆ نموونە هۆشیاریى ژینگەیى. بە شێوەیەکى سەیر، ڕۆژانە دەبینرێت خودى هاوڵاتییان پێشێلکارییەکى زۆر بەرامبەر ژینگەى کوردستان و شارەکان دەکەن. ههروهها هۆشیاریى مامەڵەکردن لە نێوان تاکەکان خۆیان، كه زۆر جار دەبینرێت لەسەر شەقامەکان، بەبێ هیچ هۆیەک، ڕۆژانە تاکەکان هەستى ئەوانى تر بریندار دەکەن، کە ڕەنگە لەبەر لێدانى هۆڕنێك بێت لە لایەن شۆفێرێکەوە یان هەر هۆکارێکى تر، یان هۆشیاریى چۆنیەتیى ڕێزگرتنى بەرامبەر، یان هۆشیاریى لە بەکارهێنانى ئامرازەکانى ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە دەبینرێت بە شێوەیەکى باو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قسە بە کەسایەتى و تایبەتمەندیى تاک دەگوترێت، کە بێ گومان ئەمەیش کارێکى نەشیاوە و، دوورە لە هەموو بەهایەکى مەدەنى.
هۆشیاریى سیاسی و کۆمەڵایەتى و مەعریفیى تاکیش جێگەى پرسیارى گەورەن، بۆ نموونە تاک زۆر بەئاسانى دەکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو دەنگۆیانەى کە لە ئامرازەکانى ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەردەچێت؛ تەنانەت ئەگەر هەواڵەکە ڕاستیش نەبێـت. هەروەها هۆشیاریى تەندروستى و کۆمەڵێ بابەتى ترى گرنگ و پەیوەست بە ژیانى تاک و کۆمەڵگه لە ئاستیکى نزمدان. کەواتە ئەم کێشە جەوهەرییانە لە ڕەفتار و مێنتالیتیى تاک لە هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى گشتى ئەوەمان پێ دەڵێت کە بەشێکى زۆرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، خۆیان بەشێکن لە کێشە، نەک ببنە مایەى چارەسەرکردنى کێشە و قەیرانەکان و، ئاستیان لە هۆشیارکردنەوەى تاک و پێگەیاندنى تاکدا، لە خاڵێکى زۆر لاوازدایە. کە ئەمەیش دەکرێت چەند هۆکارێکى هەبێت لەوانە :
1- زۆرینەى ڕێکخراوەکان، یان لە لایەن حزبەوە دروست کراون، یان لە لایەن حزبێکەوە پشتگیرى دەکرێن. ئەمەیش وا دەکات ڕێکخراوەکان نەتوانن کار و چالاکیییەکانى خۆیان بە شێوەیەکى سەربەخۆ ئەنجام بدەن .
2- تێوەگلانى هەندێک لە ڕێکخراوەکان لە کەیسى گەندەڵیى گەورە. بۆ نموونە بچووکترین کەیسى گەندەڵى لە هەندێک ڕێکخراو، بریتییە لە ڕاگەیاندنى هەلى کار لە دەزگهکانى ڕاگەیاندن؛ بەڵام لە لایەکى ترەوە دەبینرێت ئەو هەلى کارە، پڕ کراوەتەوە .
3- ئەوانەى بەرپرسن، یان بەرێوەبەرى هەندێک ڕێکخراون، زۆر کەسانى لێهاتوو نین و، تەنیا کار بۆ بەرژەوەندیى تایبەتى خۆیان دەکەن، نەک بەرژەوەندیى گشتى .
پێشنیار بۆ باشترکردنى کارى ڕێکخراوەکان لە هەرێمى کوردستان :
1- پێویستە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، دووبارە پێداچوونەوە بە بونیادى دامەزراوەیى و پیشەییى خۆیان لە هەرێمى کوردستان، بکەن. بە شێوەیەک کە پلان و ستراتیژیى پێویستیان بۆ کارکردن هەبێت .
2- پێویستە ڕێکخراوەکان دوور بکەونەوە لە ئینتماى حزبیی تەسک و، کار بۆ بەرژەوەندیى گشتى بکەن.
3- پێویستە ئامانجى سەرەکییان بریتى بێت لە هۆشیارکردنەوەى تاک لە هەموو ڕوویەکەوە.
4- پێویستە ڕێکخراوەکان دوور کەونەوە لە هەر جۆرە گەندەڵییەک لەناو خودى ڕێکخراوەکە و، کار بۆ بنەبڕکردنى گەندەڵی بکەن بە شێوەیەکى گشتى.
5- پێویستە ئەم ڕێکخراوانە لە لایەن کەسانى ئەکادیمى و پسپۆرەوە بەرێوە ببردرێن .
6- پێویستە پرۆژەى پێویستیان دەربارەى گەشەپێدانى مرۆیى لە هەموو بوارەکانەوە، هەبێت .
|