بەشداریی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ناوه‌ندی بڕیاردا، دیارده‌یه‌کی جیهانییه و، لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا، ئه‌گه‌رچی لە ئاستێکی دەستەبژێردا خۆی دەبینێتەوە، به‌ڵام گفتوگۆ و خه‌باتی زۆری بۆ ده‌کرێت و هەنگاوەکانی بەشداریکردن و کاریگەرییان بەپێی کۆمەڵەکان گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت؛ ویڕای ئه‌وه‌ی به‌شداریی سیاسیی ژنان گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای هزری و کرده‌یی بێت، له پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌ر وڵاتێک‌دا گرنگیی خۆی هه‌یه.
گرنگیی به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی بڕیاردا:
به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی بڕیاردا له سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و... کاریگه‌ریی هه‌یه و هۆکارێکه بۆ به‌هێزکردنی ناوه‌نده‌کان و بڕیاروه‌رگرتن له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان، هه‌روه‌ها ڕێگه‌یه‌که بۆ هاوخه‌باتی و ژیانێکی خۆش و خۆشگوزه‌ران، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ده‌بێته هۆی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن و شارستانییه‌تی تاک و کۆمه‌ڵ له گشت ڕوویه‌که‌وه.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی خودی به‌شداربوونه‌که پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتییە و یه‌کێکه له بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ، که ده‌ره‌نجام به‌شداربوونی له پرۆسه‌که‌دا ئاڕاسته‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی بڕیار و بابه‌ته‌کان به ئاقارێکی باشتر و به‌به‌رهه‌متر و سوودمه‌ندتردا ده‌بات.
دۆخی ژنانی باشووری کوردستان له نێوه‌ندی بڕیاردا:
بۆ زانینی دۆخی ژنان له نێوه‌ندی بڕیاردا، گوزه‌رێک به‌نێو واقعی ده‌زگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین، که به‌داخه‌وه ده‌ره‌نجامه‌کان ده‌ریان خستووه تا ئێستا بوونی به‌شداریی ژنان له ئاستێکی که‌م و لاوازدایه و، له هه‌مان کاتدا له ئه‌جێندا و ستراتیژ و پلانی کرده‌ییی هه‌ر یه‌ک له ناوه‌نده ته‌شریعی و ته‌نفیزی و ته‌نانه‌ت حزبه سیاسییه‌کاندا، نه‌بووه‌ته جێی بایه‌خی جددی و هه‌نگاوی به‌رچاو؛ ئه‌وه‌یش گرێدراوی کۆمه‌ڵیک هۆکاری جیاجیایه.
1. په‌رله‌مانی کوردستان:
ساڵی 1992 هه‌رێمی کوردستان، که به‌ناوی هەرێمی کوردستانی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ ناسێنرا، تا ئێستا خاوەن دەستوور نییە، یەکەم هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمان لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجام دا. لە شوباتی 2009، یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان هەموار کرایەوە و کەمترین ڕێژەی یاسایی‌ی پەرلەمانتارانی ژنان تیایدا، بریتی بوو لە 25% بۆ 30% بەرز کرایەوە؛ به واتایه‌ک که له‌و ڕێژه‌یه که‌متر نه‌بێت. له کاتێکدا له واقعی به‌ڕێوه‌چوونی کۆی خوله‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان، له سه‌رجه‌م پۆسته‌کانی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستاندا، ڕێژه‌ی ژنان بریتی بووه له 0% به‌رامبه‌ر ڕێژه‌ی پیاوان که بریتی بووه له 100%.
2. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:
له سه‌رجه‌م پێکهاته‌ی کابینه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕێژه‌ی ژنان له سه‌رجه‌م سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا (سه‌رۆک و جێگری حکوومه‌ت)، بریتی بووه له 0% به‌رامبه‌ر به ڕێژه‌ی 100% بۆ پیاوان، له کاتێکدا له سه‌رجه‌م پێکهێنانی وه‌زاره‌ته‌کانیشدا له کۆی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان، هه‌میشه (1- 2) کابینه‌ی حکوومه‌ت له لایه‌ن ژنانه‌وه به‌ڕێوه چووه؛ به‌و واتا‌یه‌ی له‌ناو حکوومه‌تدا "کۆتا"، بوونی نییه.
له حکوومه‌ته خۆجێیییه‌کاندا، به نموونه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان که لە لایەن دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان بە بڕیاری ژمارە ٧١ لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٤ یاساکه ده‌رچوو و، یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی له ٣٠\١\٢٠٠٥ بەڕێوە چوو و، به‌پێی ئەو یاسایە "نابێت ڕێژەی ژنان له ٢٥% کەمتر بێت". بە درێژاییی مێژووی هەرێمی کوردستان، هیچ پارێزگارێک ژن نەبووە، لە هەمان کاتدا تا ئه‌مڕۆ تەنیا چوار ژن توانیویانە بگەنە پلەی قائمقام.
له دەرەنجامی دوا توێژینەوەکانی کە لەنێو ٢٠٠ ژنانی فەرمانبەری دامودەزگه‌کانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هه‌ر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر ئەنجام درا، ڕێژەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دەری دەخات پیاوانی بەڕێوەبەر زۆرترین ڕێژه‌ی پۆسته‌کان پێک ده‌هێنن که بریتییه له ڕێژەی ٧٥%ی فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی و ٨٧% لە پارێزگای هەولێر.
لە کاتێکدا ئامارەکانی زۆرێک لە فەرمانگەکان، به‌تایبه‌ت بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده، ئەوە دەخەنە ڕوو کە ڕێژەی فه‌رمانبه‌رانی ژنان، زیاترن لە پیاوان، بەڵام بوونی ئەو ڕێژەیە لە پۆستەکانی خوارەوەی فەرمانگەکاندا بەدی دەکرێت و، تا پۆستەکان بەرز بێتەوە، ڕێژەی ژنان کەمتر دەکات.
هۆکاره‌کان ڕێگرن بۆ به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی بڕیاردا:
دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵی کوردی به‌گشتی، تێکه‌ڵه‌یه‌که له که‌لتوورێکی ئایینی، خێڵەکی و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی، که ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالاری و باوکسالاریی به‌سه‌ریدا زاڵه.
ئەم واقعه، کاریگەریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی لەسەر بیر و بیرکردنەوە و بیروباوه‌ڕی مرۆڤه‌کان هەیە. ئه‌قڵییه‌تێکه که کارکردنی ژنان له نێوه‌ندی سیاسه‌تدا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، هه‌میشه به پله دووی مرۆڤایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنان ده‌کات و، وه‌ک پاشکۆ و ڕه‌گه‌زێکی لاواز ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌کات، نه‌ک وەک مرۆڤێکی خاوه‌ن کیانێکی سه‌ربه‌خۆ که ئه‌رکه‌کانی له نێوه‌ند و چواچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا قه‌تیس ده‌کات. بۆیه هەمیشە جیاکاری و جیاوازی، بۆته که‌لتووری ڕۆشنبیریی باوی کۆمه‌ڵگه.
خودی ئەم که‌لتوورە، ڕەنگدانەوەی بەسەر نێوەندی سیاسه‌ت و ستراتیژیی حوکمڕاناندا هه‌یه کە هەمیشە ئه‌قڵییه‌تەکان هێندەی وەک جەستە و لایەنێکی بایەلۆژی بیر له ژنان دەکەنەوە، وەک مرۆڤێکی بەشداربوو تەماشای ناکەن؛ خودی کێشەکە لەمەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئه‌م واقعه، ژنان ناچار ده‌کات که هه‌ڵوێستی جیا وه‌ربگرن له‌وانه: نەفرەتبوون له ڕه‌گه‌زی خۆیان، یان هه‌وڵی گۆڕینی بەرگ، یان ڕەفتاری خۆیان بدەن لە پێناو ڕازیبوونی کەسانی تر یاخود لە پێناو چوونەپێشەوە و جێکردنەوەی خۆیان لە نێوەندەکانی سیاسەتدا هەوڵی چوونەپاڵ کەسایەتییەکی حزبی، یان لایەنە دەستەگەرییەکانی حزبە سیاسییەکان بدەن، یان ناچار بن ڕەگەزبوونی خۆیان بەکار بهێنن بۆ چوونەپێشەوە و بەشداربوونیان. هه‌موو ئه‌وانه له ڕووی فه‌لسه‌فه‌ی کارکردنه‌وه ناڕاستن، چونکه به‌گشتی مرۆڤه‌کان ده‌بێت ئینتیمایان بۆ به‌رنامه و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزبه‌کان هه‌بێت، نه‌ک بۆ که‌س و به‌رپرسه‌کان و، ده‌بێت هه‌میشه بڕیاره‌کانیان له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت و نه‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری و ڕکێفی که‌سه‌کان و، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیی که‌س و لایه‌نه‌کان.
3. ژنانی حزبه سیاسییه‌کان:
له واقعی کوردستاندا ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کۆی حزبە سیاسییەکان بریتییە لە (١٠%-٢٠%).
ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو ڕێژەیە لە حزبەکاندا تەنیا لە چوارچێوەی ئەندامی سەرکردایەتی و پلەکانی خوارتردا بوونی هه‌یه و، ڕۆ نەچۆتە مەکتەبی سیاسی، یان سەرۆک، جێگری حزب و....هتد. هه‌روه‌ها به‌پێی ده‌ره‌نجامی ئه‌و کۆنگرانه‌ی ئه‌نجامیان داوه، هیچ کات ژنان نه‌بوونه‌ته سه‌رۆک، یان جێگری سه‌رۆک له حزبه‌کاندا؛ واته ڕێژه‌یان 0% بووه له‌و نێوه‌نده‌دا به‌رامبه‌ر به 100% ڕێژه‌ی پیاوان.
واقعی ئه‌و ڕێژه و داتایانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که سه‌ره‌ڕای زیادبوونی ژماره‌ی ژنان له نێوه‌ندی کارکردنی حزبه‌کاندا به به‌راوورد له‌گه‌ڵ ساڵانی نه‌وه‌ده‌کاندا، به‌ڵام تا ئێستا که‌مینه‌ن ئه‌و ژنانه‌ی له نێوه‌ندی پۆ‌سته باڵاکاندا بوونیان هه‌یه که ناوه‌ندێکه بۆ یه‌کلاکردنه‌وه و گۆڕینی ئاڕاسته‌ی بڕیاره‌کان له‌سه‌ر مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌کان.
هۆکاری ئه‌مه‌یش گه‌ر له لایه‌ک په‌یوه‌ست بێت به خودی سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌تی باوی حوکمڕانیی سه‌کرده‌ی حزبه سیاسییه‌کان، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه گرێدراوی خودی ژنانی حزبه سیاسییه‌کانه که هه‌ندێ جار به هۆی ملکەچبوون و کۆڵدانیان، ته‌سلیمی ئه‌و واقعه ده‌بن، یان خۆیان دوورەپەرێز ده‌گرن و بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن و درێژه به ڕه‌وڕه‌وه‌ی ڕۆتینی کارکردن ده‌ده‌ن یاخود به هۆی که‌میی ده‌سه‌ڵات و ڕێژه‌یان له ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه، ناتوانن فشاری کاریگه‌ر بن به‌سه‌ر گۆڕین و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بڕیاره‌کانه‌وه.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی دەستەگەرییه (کتله) جیاوازه‌کانی ناو حزبە سیاسییەکان، پەنابردن بۆ ناوزڕاندنی ژنان، به‌تایبه‌ت لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، شێوازێکی تره که زۆرێک له حزبه سیاسییه‌کانی کوردستان په‌نای بۆ ده‌به‌ن و ده‌ره‌نجام ده‌بێته هۆکارێکی تر بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ژنان له نێوه‌ندی سیاسی‌دا.
به دیوێکی تر‌دا، تا ئێستا ژنانی نێو حزبه سیاسییه‌کان نه‌یانتوانیوه ببنه کوتله‌یه‌کی یه‌کگرتوو، چ له‌ناو کۆی ژنانی حزبه سیاسییه‌کانیان و، چ لایه‌نی که‌م له‌گه‌ڵ ژنانی نوخبه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حزبه سیاسییه‌کان، که بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گرنگی و کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی فشار و گۆڕانکارییه‌کان. ئەمە جگە لە کەمیی ئه‌و ژنانه‌ی، سیاسەتکردن بووبێتە خەمی سەرەکی و ئەولەوییەتی کارکردنیان، بە ئامانجی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بۆ بەرەوپێشبردنی سیسته‌می سیاسی لە کوردستاندا؛ ئه‌وه‌یش بە هۆی سەرقاڵییان بە کاروباری کۆمەڵایەتی و داخوازییەکانی کۆمەڵ بەگشتی، یان بە هۆی کارکردنی تەقلیدیی باوی ژینگەی حزبە سیاسییەکانەوە.
بۆیە هەمیشە وەک زۆرێک لە کادرانی حزب، شێوەی ڕۆتین و تەقلیدیی کارکردن، درێژە و به‌رده‌وامیی هه‌یه له شێوازی کارکردنی حزبه سیاسییه‌کاندا، بۆتە سەرچاوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ هەڵبژاردن و کاندیدکردنیان بۆ هەر پۆستێکی دیاریکراو لەناو حزب و دەرەوەیدا، کە وای کردووە هۆکارێکی تر بێت بۆ لاوازیی هۆشمەندیی سیاسی و گرنگینەدانی ژنان وەک خەمێکی سەرەکی، بەمەبەستی هەوڵدان بۆ چەسپاندنی خۆیان و دەرکەوتنیان وەک مرۆڤ و کاریزمایەکی سیاسی لەناو کۆمەڵدا، کە دەستیان لە گۆڕانکاری و داهێنان و دەستکەوتی سیاسیی نوێ و بەبەرهەم له کۆمه‌ڵدا هەبێت.
4. حزبه سیاسییه‌کان: چه‌سپاندنی کۆتا لەناو سه‌رجه‌م حزبه سیاسییەکانی کوردستان، که خۆی له 20% زیاتر نابینێته‌وه و ته‌نانه‌ت ناگاته پله‌ی سه‌رۆکایه‌تی، یان مه‌کته‌بی سیاسیی حزبه‌کان که نێوه‌ندی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی بڕیاره‌کانه، به‌ڵکوو تا ئاستی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکان و به‌ره‌و خوار شۆڕ ده‌بێته‌وه.
ئه‌و واقعه، تێڕوانین و په‌یام و دید و ڕەفتاری سه‌رکرده و بڕیارده‌رانی حزبه سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ده‌خاته ڕوو، که تێروانینێکه ئەوەندەی ڕواڵەتکارانەیە بۆ ژنان، هێندە لە دیدێکی تەواوی باوەڕبوونیانەوە نییە به توانا و گرنگیی به‌شداربوونی ژنان. بۆیە، هەوڵەکانیان بۆ واڵابوونی دەرفەت لە بەردەم بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییه‌کاندا له ئاستێکی لاوازدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
4. که‌ناڵه‌کانی ڕاگەیاندن:
تازه‌ترین لێکۆڵینه‌وه له کوردستاندا ئه‌وه ده‌رده‌خات ڕێژه‌ی ژنان له ئۆرگانه‌کان و بۆردی به‌ڕێوه‌بردنی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن، به بینراو و بیستراو و نوسراوه‌وه و، بوونیان وه‌ک به‌رپرس، یان جێگری ده‌زگه‌کان بریتییه له 0%، وێڕای که‌میی ڕێژه‌یان له سه‌رۆکایه‌تیی به‌شه کارگێڕییه‌کان و ئاماده‌که‌ری به‌رنامه‌کان، یان به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه هزرییه‌کانی تایبه‌تن به بوارێکی گرنگی وه‌ک سیاسی و....هتد.
بوونی ئه‌و واقعه، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵیت که سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی زوربه‌ی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر جار به هەمان دید و ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالاریی کۆمەڵ به‌ڕێوه ده‌چێت. ئه‌مه به شێوازی جیاجیا ده‌رده‌که‌وێت، چ له ئۆرگانی ده‌زگه‌کان، چ له ڕووی ناوه‌ڕۆکی کاره‌کانیانه‌وه. ته‌نانه‌ت گەمارۆدانی ئەو بەرنامانەی بەگشتی لەسەر پرسی سیاسی دەخرێنە ڕوو و تەنیا تیایدا زۆر جار بانگێشتی پیاوان دەکرێت، خۆی بۆ خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە بینەران دەڵێن ژنان کەمن، یان تایبەتمەند نین بە بواری سیاسی، یاخود زۆر جاریش کاتێک گله‌یی و ڕه‌خنه‌ی ژنانیان پێ ده‌گات، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن "ژنانمان بانگێشت کردووه، به‌س خۆیان نایه‌ن!" که ئه‌مەیش پاساو و پشکێکی که‌می ڕاستییه‌کانه.
5. دۆخی په‌رله‌مانی کوردستان:
بە هۆی گرنگیی په‌رله‌مان وه‌ک ناوه‌ندێکی زیندووی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ده‌رچوونی یاساکان له هه‌ر وڵاتێک‌دا و وێڕای چه‌سپاندنی کۆتای ژنان بە ڕێژەی ٣٠% که‌متر نه‌بێت لە پەرلەمانی کوردستاندا، به‌ڵام دۆخی چه‌قبه‌ستوویی و کارنه‌کردنی په‌رله‌مانی کوردستان له ئێستادا، کاریگه‌ریی خراپی خستۆته سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵ به‌گشتی و واقعی کارکردنی ژنانی کوردستان به‌تایبه‌تی. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی پێواری یه‌کگرتوویی و نه‌بوونی کوتله‌یه‌کی یه‌کگرتووی ژنان له‌نێو سه‌رجه‌م خوله‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان هۆکارێکی ڕوونه، که به‌گشتی نه‌توانراوه له کاتی پێویستدا گوشاری حزبه سیاسییه‌کانیان وه‌لا بنێن و ئه‌وله‌وییه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی ژنان بده‌ن له کاتی بوونی ڕای جیاواز له نێوان ڕای حزب و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ژناندا. تێپه‌ڕاندنی یاسای قه‌ده‌غه‌نه‌کردنی فره‌ژنی، یه‌کێکه له نموونه‌كانی ئه‌و واقعه.
6. هۆکاری دیکه:
- ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیارده‌ی هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و دابه‌زینی ئاستی خوێندن، که بێ گومان ژنان به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێت، ڕێگره بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ژنان له بواری سیاسه‌تدا.
- سەربەخۆنەبوونی ئابووریی ژنان لەناو کۆمەڵدا، هۆکارێکی دیاری پەراوێزبوونی ژنانە لەنێو ناوەندەکانی بڕیارسازیدا، کە بە هۆیەوە جارێکی تر ناتوانێت لایەنی کەم لە کاتی هەڵبژاردن و پرۆسەی خۆپاڵاوتندا خۆی کاندید بکات گەر لەنێو حزبە سیاسییەکاندا بێت، یان بیەوێت سەربەخۆیانە و بەجیا خۆی کاندید بکات.
- تەشەنەسەندن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تیرۆریستان و بزووتنەوە تیرۆریستییەکان کە دژ بە مافەکانی ژنانن و، هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتنی هێزه ئیسلامییه سیاسییه‌کان که سنوورداریی به‌شداری و ڕۆڵی ژنان ده‌کات به‌تایبه‌ت له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
- کەمیی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، یان لاوازیی زۆرێک له ڕێکخراوه‌کانی ژنان له کارکردن و بڕیاردا و ملکه‌چییان بۆ حزبه سیاسییه‌کان.
- سیاسه‌تی سه‌رمایه‌داری له جیهاندا، که په‌یوه‌سته به جیاکارییه‌کی گه‌وره له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز له گشت بواره‌کانی سیاسی، ئابووری و....هتد.
مێژووی ژنانی جیهان له پرۆسه‌ی بڕیاردا:
بوونی ژنان له پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سەدەی هەژدە سه‌باره‌ت بە مافی دەنگدان که لە لایەن بزووتنەوەكانی ژنانی ئەمریكی و بریتانییه‌وه، بەتایبەت لە نێوان توێژی ژنانی خوێندەواردا، سه‌ری هه‌ڵدا. سه‌ره‌تا بزووتنەوەكانی ژنان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا دەستیان كرد بە داواکاری له‌سه‌ر گۆڕینی یاسا و ئه‌و یاساده‌رکردنانه‌ی زامنی مافی هاوسەرگیری ده‌کات، هەروەها دەرچوونی یاسایەكی پێشكەوتنخواز لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یاسای دایكایەتی و كار لە ڕۆژاوای ئەوروپا.
نیوزلەندا بە یەكەم دەوڵەت دادەنرێت كە لە ساڵی 1893 ڕێگەی بە دەنگدانی ژنان داوە. شۆڕشی بەلشەفی لە ڕووسیا له ساڵی 1917، ڕۆڵێكی گەورەی هەبووه لە بازاڕگه‌رمی و چەسپاندنی یەكسانیی ژنان، بە شێوەیەك زاڵێتیی كەنیسە بەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریدا بەرەو نەمان چووە و یەكسانیی تەواو لە نێوان ژنان و پیاواندا لە مافەكاندا بەدی هات و، "ئەلێكساندرا میخائیلۆڤنا كۆڵۆنتای ١٨٧٢-١٩٥٢" یەكەم ژن بوو لە جیهاندا كە پۆستی وەزیریی وەرگرت.
ویلایه‌تە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كرد بە گۆڕینی دەستوور بۆ ئەوەی ڕێ بە ژنان بدات بۆ دەنگدان له ساڵی 1920؛ ئەوەیش ئەو ساڵە بوو، كە له 10 دەوڵەتی تر‌دا ڕێ بە دەنگدانی ژنان درا. بەڵام دەربارەی وڵاتانی ئەوروپا دوای جەنگی جیهانیی دووەم، دەستیان كرد بە مافی دەنگدان بۆ ژنان، لەوانە: فەرەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا و سویسرا.
ئیكوادۆر، یەكەم وڵات بوو لە ئەمریكای لاتینیدا، كە ئیعترافی بە مافە سیاسییەكانی ژنان كرد. لە ساڵی 1929وە لە مەكسیك، ژنان لە ساڵی 1953 مافی دەنگدانیان بەدەست هێنا. لە ئاسیا، مەغوولستان یەكەم وڵات بوو كە ژنان لە ساڵی 1923 دا مافی دەنگدانیان بەدەست هێنا و، لە ژاپۆن و كۆریای باكووردا ساڵی 1945، ژنان مافی دەنگدانیان بەدەست هێنا.
بێ گومان دەنگدان بۆ خۆی، زامنی یەكەم نییە بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەكانی ژنان. وڵاتانی زۆر هەن مافی دەنگدانیان بە ژنان داوە، بەڵام ژنان بە مەودای فراوان و زۆر بەدوورن لە مافی خۆپاڵاوتن و وەرگرتنی پۆست و گەیشتن بە ناوەندی بڕیارسازی.
بزووتنەوەكانی ژنان و پێشكەوتنخوازەكان لەسەر ئاستی جیهاندا، له خەباتکردنیان به‌رده‌وام بوون سەبارەت بە زیادكردنی نوێنەرایەتیی ژنان، بە شێوەیەك بووە هۆی دەستێوەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەشداریكردن لە مەسەلەی ژناندا؛ بە ئاستێک نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1995 گەورەترین كۆنگرەیان بەست و ڕاپۆرتی فەرمییان گرتە خۆ سەبارەت بە دۆخی ژنان و فشارخستنەسەر حكوومەتەكان بۆ چارەسەركردنی ڕێگری و بەربەستەكان لە بەردەم بەشداریكردنی ژنان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی. هاوكات لەگەڵ كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی 30 هەزار ژن لە پەككین لە هەمان ساڵدا، بەشدارییان لە كۆنگرەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكاندا كرد. ماوەی نێوان ساڵی 1976-1985 بە سەدەی ژن ناو نرا. بە شێوەیەك مەسەلەی ژنان پێگەیەكی دەركەوتوو و دیاری هەبوو لە خشتەی كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا و، تەركیزی خستە سەر دۆزینەوەی سیسته‌می ئابووری و سیاسی كە بەشداریكردنێكی گەورەی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و بەشداریكردنی لە پرۆسەی پەرەپێدانی جیهانی و هاندانی چوونەناوەوەی ژنان بۆ بازاڕی كار بەدی بهێنێت.
لەگەڵ بوونی ئەو بازدانە لە زیادبوونی بەشداریی ژنان لە حزبە سیاسی و ڕێكخراوه ناحكوومی و مەدەنییه‌کاندا تا ئێستا بە ڕێژەیەكی كەم لە پۆستە باڵاكان و سەركردایەتییەكاندا نوێنەرایەتی دەكەن، كە یارمەتیدەرە لە كاریگەریخستنەسەر پرۆسەی دەركردنی یاسا و تەشریعات لە بەرژەوەندیی ژنان و یەكسانبوونیان لە كۆمەڵ.
لە وڵاتە ڕۆژاوایییەكاندا ڕێژەی ژنان لە نێوان ساڵانی 1975 بۆ 1995 دوو هێندە زیادی كرد و، له ویلایه‌تە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕێژەی ئەندامانی ژنان لە كۆنگریس دەگاتە 11,2، ئەوه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕێژەی بەشەكانی باکووری ئەوروپا سێ هێنده‌یه. سه‌ره‌ڕای پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەكانی ژنان، ژمارە و ڕێژه‌ی ژنان که‌می کرد؛ ته‌نانه‌ت هیچ پۆستێكی وه‌زاریی ڕادەستی ژنان نه‌کرا.
بەپێچەوانەوە لە سەدەی ڕابردوودا ڕێژەی ژنان لە پۆستە باڵاكاندا لە زوربەی وڵاتانی جیهاندا زیادی كرد و پاشەكشەی ڕێژەكە لە وڵاتانی تازە سەربەخۆكان لە یەكێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی ئەندام لە كوتلەی ڕۆژهەڵات ئاماژەیەكی خراپ بوو؛ بە شێوەیەك ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان له حزبی شیوعیدا که‌می كرد لە 25-30% بۆ 8-18%، هه‌روه‌ها لەو وڵاتانەی هاوشێوەی سیسته‌مە شیوعییەكانن، وەك: چین و ڤێتنام و كۆریای باکوور.
تا ئێستا بەشداریی ژنان لە ئەنجومەنە تەشریعییەكاندا دەگاتە 20%. ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنان بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن. تا ئێستا گفتوگۆی ئەوە دەكرێت كە ڕێگە بە ژنان بدرێت لەگەڵ مەحرەمدا ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، یان بێ ئەو؟! هه‌روه‌ها باس له بێبه‌شبوونی ژنان ده‌کرێت لە مافە سیاسییەكانیان، وه‌ک مافی دەنگدان و پاڵاوتن و، به‌ده‌ر له‌وه‌ی فشاری زۆر دەخرێتە سەر به مه‌به‌ستی قەتیسکردنی تواناكانیان دەكات لە كاتێكدا لە سەدەی بیست و یەكدا دەژین.
چی بکرێت بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی ژنان له ناوه‌ندی بڕیاردا؟
- پێداچوونه‌وه به به‌رنامه‌ی حزبه سیاسییه‌کان و شێوازی کارکردنی ڕێکخراوه‌کانی ژنان به‌گشتی، جگه له کارکردنی ژنان له‌سه‌ر خودی خۆیان له ڕووی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیارییان له رووی گرنگیی به‌شداربوونیان له ناوه‌نده‌کانی بڕیار.
- ئه‌نجامدانی کاری هاوبه‌ش و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ڕێکخراوه‌کانی ژنان له لایه‌ک و، به دیوێکی تر‌دا خودی ڕێکخراوه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ، به‌تایبه‌ت ژنان، به مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی ژنان و پیاوان له ڕووی گرنگیی به‌شداریی چالاکانه‌ی ژنان له ژیانی سیاسی و ناوه‌نده‌کانی بڕیار.
- پشتگیریی ژنانی پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نه‌کانی پارێزگا و شاره‌وانی له ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه، هه‌روه‌ها بایه‌خدانی زیاتری که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن به مه‌سه‌له‌کانی ژنان و، کارکردن بۆ ڕاهێنانی ژنان له پێناو به‌ده‌ستهێنانی کارامه‌یی له ڕووی هه‌ڵبژاردن و سیاسییه‌وه.
- سه‌ربه‌خۆییی ئابووریی ژنان، که ڕۆڵی گه‌وره‌ی له به‌هێزکردنیان له به‌شداریی سیاسی‌دا هه‌یه، جگه له گرنگیی سه‌ربه‌خۆییی ڕێکخراوه‌کانی ژنان له پاشکۆیه‌تیی حزبه سیاسییه‌کان له ڕووی بڕیاردانه‌وه.
سه‌رچاوه:
- المشاركة السياسية للمراة والوصول الى موقع صنع القرار، بيان صالح