بهڕێوهبردنی دهوڵهت له سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتانی دنیادا جیاوازی بهخۆوه دهبینێ؛ ههندێک پهیڕهوی سیستەمی عەلمانییهت دهکهن، ههندێکی تر ئایین بووەته سهرچاوهی سهرهکییان و هتد. به واتایهکی دیکه، بهگشتی سیستەمی حوکمڕانی له وڵاتانی ڕۆژاوا و ڕۆژههڵاتیدا لهنێوان ئهو دوو جۆره سیستەمه حوکمڕانییه جیاوازهدا خۆی دهبینێتهوه، که بێ گومان ههر یهکهیان بهپێی جۆری کۆمهڵگهکان به شێوهیهک کاردانهوه و کاریگهریی جۆربهجۆریان بهجێ هێشتووه.
مەبەست لە عەلمانییهت چییە؟
عەلمانییەت (سیکۆلاریزم) وەك هەر چەمكێكی تری زانستی، پێناسەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەڵام بەكورتی، باوەڕبوونی مرۆڤهکانه به بوونی خوداوەند، بهڵام بێ بوونی دهستێوهردانی ئایین لە ژیانی مرۆڤهکانهوه. ههروهها بە واتای جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت دێت، یان جیاکردنهوهی ئایین له تێکهڵبوونی به ژیانی مرۆڤهوه. واتە جیاكردنەوەی دامەزراوەكانی ئایین (هەر ئایینێك كە بووەتە کەرەستەی دەوڵەتداری) لە دامەزراوە سیاسییەكان، جیاكردنەوەی ئایین لەو ڕوانگەیەوە کە پەیوەندییەكی ڕۆحییە و، لە مزگەوت، یان كەنیسەكاندا كۆ دەبێتەوە، بە شێوەیەك کە هیچ پەیوەندییهکی ڕاستهوخۆی نەبێت بە كاروباری رۆژانهی ژیانی تایبەتی و گشتیی مرۆڤهکانهوه.
كۆمەڵگهی كورد تا چهند پێویستی بە دەسەڵاتێكی عەلمانی هەیە؟
بۆ ئەوەی بزانرێت كۆمەڵگەی كوردەواری پێویستی بە دەسەڵاتێكی عەلمانی هەیە، پێویستە خوێندنەوەیەكی واقعی و بابەتییانە بۆ دۆخی كۆمەڵگهکە بكرێت، كە لە ماوەی مێژووی حوكمڕانیی ڕابردوودا و لەژێر دەسەڵاتێكی ناعەلمانیدا چیی بەرهەم هێناوە؟ لە لایەكی دیكەوە، چی وای كردووە خەڵكانێك هەبن دركیان بە زەروورەتی ئەڵتەرناتیڤێكی تر كردبێت بهوهی عەلمانییەتیان پێ باشتر بێت؟ ئەگەرچی بە دیوێكی تردا گرنگە بزانرێت مێژووی ئەزموونی هەر یەك لە وڵاتانی فەڕەنسا، بریتانیا، یەكێتیی سۆڤیەت، چین، وڵاتانی ئەوروپا و...، پاش ئەو شۆڕشانەی بەرپایان كرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی كەنیسە بۆ دەسەڵاتی عەلمانییەت بگۆڕن، ئێستا چۆن لە خزمەتی مرۆڤەكاندا ژیان دەگوزەرێنن و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی شۆڕشەكانیان لە چیدا خۆی بەدی دەكرد؟ بێ گومان بوونی ئەو ئەزموونانە و بەراوردكردنیان بەو نموونانەی لە واقعی كۆمەڵگەی كوردیدا هەن، دەمانگەیەنێتە وەڵامدانەوەیەكی ڕاستتر و گونجاوتر و واقعبینانه بۆ ئهوهی دهرهنجام بتوانین ههڵسانگاندنێکی واقعییانه بکەین و، سهبارهت بە وهڵامدانهوهی ئهو پرسیاره بڕیاری گونجاو بدهین.
مەبەست لە سیستەمی عەلمانی و ئایینی چییە؟
عەلمانییەت پێی وایە ژیان لەسەر بنەمای زانستی ڕەها بنیاد نراوە، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە داوای دەستێوەرنەدانی ئایین لە مەسەلە سیاسییەكاندا دەكات، جگە لەوەی ئایین بە تەنیا بۆ خوداپەرستیی مرۆڤەكانە، بێ تێكەڵكردنی لەگەڵ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤهکان و ڕێكخستنی مرۆڤەكانەوە هەیە. واتە عەقڵی مرۆڤەكان سەرپشك و بڕیاردەرە، نەك ئایین و پیاوانی ئایینی، كە خۆیان خوڵقێنەری فێربوونە ئاسمانییەكانن؛ واتە لە بری پیاوانی ئایینی، زانایان هەن بۆ ڕۆڵبینین و خستنهڕووی پێشنیارهکان. ئەمە جگە لەوەی دهقهکانی ئایین، لەوانەیش ئایینی ئیسلام، ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانكاری و تازەگەرییەكانی قۆناغەكانی ژیاندا ڕێ ببڕێت و داهێنان و گۆڕانكارییهکان قبووڵ بکات، لە كاتێكدا هەموو كۆمەڵگەیەكی مرۆیی بهپێی قۆناغ و سەردەمە جیاوازەكان، پێویستی بە گەشەكردن و پێشكەوتن هەیە.
وێڕای ئەوەی عەلمانییهت، پێی وایە ئەخلاق و فێربوون نابێ لەسەر بنەمای ئایین بنیاد بنرێت، چونكە ئەخلاق شتێكی ڕێژەیییە و ڕەنگدانەوەی بارودۆخە ماددی و ئابوورییەكانە و دەستكردی عەقڵی بەكۆمەڵە و بهپێی بارودۆخەكان قبووڵی گۆڕانکارییه؛ هەر بۆیە لە كۆمەڵگهیهكەوە بۆ ئەوی تر و تەنانەت لەناو قۆناغە جیاوازەكانی خودی كۆمەڵگهیهكدا ئەخلاق گۆڕانكاری و تێگەیشتنی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت. بۆ نموونە، لە كۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی شەرەفی ژن، یان پارچەیەك لە ئەندامی جەستەی ژن، نەك بە شەرەفی پیاو و خێزانەكەی، بەڵكوو به شهرهفی خێڵ و هۆز و تائیفەكەیشی دەزانرێت، لە كاتێكدا ئەخلاق لە كۆمەڵگە ڕۆژاوایییەكاندا بریتییە لە درۆنەكردن و ڕاستگۆیی و ڕاستی و ڕێز و پاراستنی کهرامهت و هتد.
ئەمە جگە لەوەی عەلمانییەت ناڕەزاییەكی زۆر و توندی هەیە لە بەرامبەر زۆریك لەو سزایانەی دانراون بۆ ئەو مرۆڤانەی جێبەجێكەری فەرمانەكانی ئایینی ئیسلام نین، وەك: ڕەجمكردنی سۆزانی (زناكار)، یان بڕینی دەستی دز و هتد. عهلمانییهت پێی وایه ئەو توندڕەوی و ڕەقی و سزایانه هیچ پاساوێك ههڵناگرن. ئەمە وێڕای ئەوەی تێڕوانینی عەلمانییەت بۆ ڕەگەزەكان لەسەر بنەمای مرۆڤبوونیانە و، داوا دەكات ژن و پیاو وەك مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بهبێ جیاوازیدانانی ڕەگەزی. هەروەها باوەڕی وایە خوێندنی هەر ئایینێك لە خوێندنگەكاندا، پێویست به سهپاندن و زۆرهملێکردن لە مرۆڤهکان ناكات، بەڵكوو پێویستە بە ویست و هەڵبژاردنی مرۆڤەكان بێت، نەك وەك ئەوەی له واقعی کۆمهڵگهی کوردیدا ههیه، كە تەنیا ئایینی ئیسلام لە خوێندنگەكاندا دەخوێنرێت و، بگره گهیاندنیشی له لایهن زۆربهی پهروهردەکارانهوه لە پەروەردەیەكی تۆقاندن و چاندنی ترس و بەهەشت و جەهەننەم زیاتر هیچ ڕێچكەیەكی پەروەردەیی و فێربوون ناگرنە بەر، كە خزمەت بە عەقڵ و هزر و فكری مرۆڤەكان بكات، یان بە خوێندنی ئایینەكانی تر جگە لە ئیسلام، ئاشنایان بكات. ههروهها لە ڕووی یاسایییەوە هەوڵی گۆڕینی یاسا ئیسلامییەكان بە یاسای مەدەنی دەدات، كە لە هەندێ لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییە ئیسلامییەكانی وەك توركیایشدا كاریان پێ دەكرێت و، وای دادەنێت ئەو یاسایانە بۆ ژیانی تاك و كۆمەڵگه سوودمەنترن.
عەلمانییهت لە واقعی كۆمەڵگهی كوردیدا:
چەمكی عەلمانییهت (سیكۆلاریزم) که یەكێكە لەو چەمكانەی لەناوەندە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بووەتە باس و گفتوگۆی بەشێكی ناو كۆمەڵگە، بەو واتایەی كە سیكۆلاریستەكان داوای پەیڕەوكردن و جێبەجێكردنی سیكۆلاریزم لە سیستەمی حوكمڕانیدا دەكەن، لەو ڕوانگەیەی پێیان وایە دەبێ ئایین سەربەخۆیی خۆی هەبێت و تاكەكان سەربەست بن لە پیادەكردنی وەك لایەنێكی ڕۆحیی دوور لە تێكەڵكردنی ئایین بە سیستەمی حوكمڕانی لە وڵاتدا، ئەمە وێڕای ئەوەی لە بەرامبەر ئەم دید و بۆچوون و بیروباوەڕەدا كاردانەوە و وەڵامدانەوە و تێڕوانینی جیاوازیش هەیە بە دیوە پێچەوانەكەیدا، كە باوەڕیان وایە كۆمەڵگەی كوردەواری لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەیەكی ئیسلامییە، دەبێ ئایین سەرچاوەی سەرەكیی حوكمڕانییەکەی بێت و، ناکرێ لێک جیا بكرێنەوە. ئیدی ئهم دوو بۆچوونه پێچهوانهیه به ئاڕاسته و ئامانجی چهسپاندنیان له سیستەمی حوکمڕانی و بهڕێوهبردندا، له کێبڕکێ و ململانێدان.
زۆرێک له تێڕوانینهکان پێیان وایه بوونی دەوڵەتی عەلمانی لە كوردستاندا بە مانای دژایەتیی ئایینی ئیسلام دێت، کهچی له ڕاستیدا بوونی دهوڵهتی عەلمانی بەو مانایە نییە كە دژ بە ئایین و ئایینداری بێت، بەڵكوو ئهو مهسهلهیه بۆ هەموو تاك و دامەزراوەكان بەجێ دەهێڵرێت، كە بەئازادی مومارەسەی ئایینیی خۆیان بكەن بەبێ دەستێوەردان و ئاڕاستەكردنی هیچ كەس و لایەنێك؛ بەو واتایەی دەستێوەردانی حزبە ئیسلامی و دەسەڵاتە سیاسییەكان دوور دهخاتهوه؛ به شێوهیهک کە هەلپەرست نەبن که بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئایین بەكار بهێنن، وەك لە واقعی كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا ڕووی داوە، بەتایبەت لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا؛ ئەوەیش زەرەرە، چ بۆ ئایین و چ بۆ دەوڵەت.
لهو ڕوانگهیهوه دەشێ مرۆڤ لە یەك كاتدا ئایینخواز و عەلمانیش بێت، لەبەر ئەوەی عەلمانییەت هەڵوێستوەرگرتن و ڕەتكردنەوەی باوەڕ، یان ئیمانی ئایینی نییە، بەڵكوو قسەكردنێتی لە جۆری پەیوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت و دەسەڵات. بە دیوێكی تردا، پێی وایە ئیمان پەیوەندییەكی شەخسییە و پهیوهندیداره بە خودی مرۆڤەكەوە؛ بە شێوەیەك کە هەر یەكە دەتوانێت لە ئایین تێ بگات و خوداوەند بناسێت و بە ئیمانی خۆی و بەو ڕێگە و شێوازەی باوەڕی پێی هەیە خواپەرستی بكات.
بەكورتی عەلمانییەت هەوڵی دوورخستنەوەی ئایین دەدات لە ململانێی سیاسی و، پێویستە ئایین لە خزمەتی دەسەڵاتدا بێت، نەك دەسەڵات لە خزمەتی ئاییندا بێت. بۆیە دەبینرێت لە لایەن هێزە ئیسلامی و حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانەوە بەردەوام دوژمنایەتیی عەلمانییەت دهکرێت؛ که ئەوەیش به مهبهستی ڕەتكردنەوە و بهدحاڵیبوونه لە عەلمانییەت، كە هەمیشە وای بڵاو دەكەنەوە، کە ئەوانەی بانگەشەی عەلمانییەت دەكەن كەسانێكی كافرن و دژایەتیی ئایینی ئیسلام دەكەن؛ كەچی ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ مانەوەی بەرژەوەندی و دەسەڵات و هەیمەنهی خۆیان ئەو پاساوانە دەهێننەوە و، له ههمان کاتدا ئایینی ئیسلام بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات بەكار دەهێنن. بۆیە پەیوەندیی نێوان ئایین و دەسەڵات كێشەیەك نییە لە نێوان ئایین و ئایینداریدا، بەڵكوو کێشەکە لەگەڵ دەسەڵات و زاڵبوون و بەكارهێنانی ئایینە بۆ ئەو ئامانجە. هیچ لێكنەچوونێكیش لە نێوان عەلمانییەتی دەوڵەت و ئایینخوازیی كۆمەڵگهدا نییە.
هۆكارەكانی سەرهەڵدانی عەلمانییەت بۆ چی دەگەڕێنەوە؟
لە وڵاتانی ئەوروپادا مێژووی سەرهەڵدانی عەلمانییەت، دهگهڕێتهوه بۆ پاش شۆڕشی فەڕەنسیی ساڵی 1789ی زایینی. ههروهها له پاش شۆڕشی بەلشەڤیکییەكانەوە كە ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی ئەوروپای نوێ خۆش كرد، لەو كاتەی خەڵك لە كەنیسەی ڕۆمانی (كاسۆلیكی) بێزار بووبوون، چونکه وهک دەسەڵاتێکی زاڵبوو لهنێو کۆمهڵگه و وڵاتدا باجی زۆری دانابوو، بەدەر لە هێنانهکایهوهی بارودۆخی قورس و ناههموار له ڕووی ئابوورییهوه. هەروەها لەسەر ئاستی ڕۆحی و فكرییش، كەنیسە كاریگەریی زۆری خستبووە سەر خەڵك. ئەمە وێڕای ئەوەی دادگهكانی سەر بە كەنیسە هێرشیان دەکردە سەر زانست و زانایان و حوكمی زۆریان بە سەریاندا دەسەپاند، بە هۆی نیشاندانی ڕاستییە زانستییەكان، كە لەگەڵ باوەڕی كاسۆلیكیی مەسیحی و كتێبی ئینجیل ناتەبا بوو، لەوانە "گالیلو" كاتێك ڕای گەیاند زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، كەنیسە حوكمی بەسەردا سەپاند و ناچاری كرد كە لە ماڵەوە دەرنەچێت، تا ددان بە هەڵە بیردۆزییەكەیدا بنێت.
بەگشتی هەموو ئەو بەریەككەوتنانە كاریگەرییان لەسهر سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەوروپا هەبوو. بۆ نموونە، لە بریتانیا ئەفسانەکەی فرەنسیس بەیکۆن، سهربهخۆییی ڕاگهیاند بە ئامانجی ڕزگاركردنی زانست لە كۆتوبەندی ئەفسانە، كە لە كتێبەكەیدا بە ناوی "پێشكەوتنی زانست" (1605) دەیگوت: "دەبێ هەموو ئەفسانەكانی ئایین ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە و لە كاتی ناكۆكی و بەریەككەوتنیان لەگەڵ ڕاستییە زانستییەكاندا وەلا بنرێن." هەروەها زانای سروشتناس، جیوردانۆ برونۆ، خاوەنی بیردۆز (تیۆری)ی "كۆپهرنیك" لە هەوڵی داهێنانی تێلسكۆپدا بوو كە لە لایەن دادگهی پشکنینهوه، كە سەر بە كەنیسە بوو، دەستگیر كرا و 6 ساڵ لە زینداندا مایەوە و پاش ئەوەی پێداگیریی لەسەر ڕا و بۆچوونەكەی خۆی كرد، حوكمی كوشتنیان بەسەردا دا و پێشنیاریان كرد دڵۆپێك خوێن نەبینرێت؛ ئەوەیش بەو مانایەی بەزیندوویی بسووتێنرێت؛ ئەمەیش ساڵی 1600 ڕووی دا.
بەگوێرەی ئەوەی لە سەرەوە باس کرا، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی عەلمانییەت لە ڕۆژاوا لەدایكبوونێكی سروشتی و بابەتی و واقعییانە بوو. دەرەنجامی زۆرداری و زاڵێتیی پیاوانی كەنیسە بوو، كە لەژێر چەتری خوداپەرستیدا، کەڵک و سوودیان لە ئایین وهردهگرت بۆ هێنانەدیی حهز و ئارەزووەكانیان و، مافی حەڵاڵ و حەرامیان بەسەر خەڵكیدا دەسەپاند. بۆ نموونە، خەتەنەكردن واجب بوو، پاشان حەرام کرا، هەروەها پەیكەرەكان بە "شیرك" دادەنران و پاشان بوون بە هێمایەك بۆ ئیماندارێتی و هتد.
له عێراق بە درێژاییی حوكمڕانیی دەوڵەتی عێراق، ئایینی ئیسلام سەرچاوەی سەرەكیی یاسادانان و حوكمڕانی بووه و تا ئێستایش هەر ئەو دەسەڵاتە درێژەی هەیە. لێرەدا گرنگە پرسیار بكرێت، ئەگەر ئایینی ئیسلام نەبووایە، یان هەر ئایینێكی تر، ببووایە بە سەرچاوەی سەرەكیی یاسادانان، ئایا هەمان داوا و گۆڕانكاری دەیگرتەوە؟ له ڕاستیدا ئهوهی مهبهسته، ههوڵدان و داخوازییهکه دژایەتیكردنی ئایینی ئیسلام نییە، بەڵكوو داواكردنی بیروباوهڕێکی تر و جیاوازی حوكمڕانییە، بهوهی هیچ ئایینێك دەستێوەردانی لە كاروبارەكانی دەوڵەتداریدا نەبێت، بەڵكوو پێویسته بنەماكانی هاووڵاتیبوون و مافەكانی مرۆڤ ببێت بە سەرچاوەی یاسادانان. بۆیە ئەو بۆچوونانەی پێیان وایە لەبەر ئەوەی كۆمەڵگهی كوردەواری زۆرینەی موسڵمانە و لەسەر ئەو بنەمایە دەبێ ئایینی ئیسلام سەرچاوەی یاساكان بێت، بۆچوونێكی هەڵە و زۆردارانەیە و هیچ ڕێزێك بۆ كەمینەكانی تر ناهێڵێتەوە و له ههمان کاتدا پێچەوانەی دیموكراسی و مافی مرۆڤە.
بۆچوونێكی تری جیاواز ئەوەیە به مهبهستی ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و به هۆی فرەییی نەتەوە و ئایین و ئایدیۆلۆژییهکانهوه وا پێویست دهکات که هاووڵاتیبوون سەرچاوەی سەرەكیی حوكمڕانی بێت بەبێ جیاوازی و زاڵێتیی ئایینێک بهسهر ئایینهکانی تردا، چونكە هەمووی ئەو بیروبۆچوون و لێکدانهوانه، دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەوەستنەوە و، ئێستا لەگەڵ سەردەمدا گونجاو نین.
تا چەند دەسەڵاتی عەلمانی لە خزمەتی مرۆڤدایه؟
له ههر وڵاتێکدا هەموو بەڕێوەبردن و حوكمڕانییەك، لەبن دەستی هەر كامیاندا بێت بهپێی ئاستی هۆشیاری و گهشهکردنی کۆمهڵگه خاڵە باش و خراپەكانی ڕێژەیی دهبێت، بەڵام كامیان لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم و گۆڕانكارییەكانی خزمەت بە مرۆڤەكان و گەشەكردن و داهێنانەكانی زانست و تەكنەلۆژیادا یەك دەگرێتەوە، پێویستە سیستەمی حوکمڕانیی وڵات بەو ئاراستەیەدا گەشە بكات.
لە دوای ڕاپەڕینەكانی ساڵی (1991)ەوە بە درێژاییی كاركردنی ڕێكخراوەكانی ژنان، زۆربەی ڕێكخراوەكان، جگە لەو ڕێكخراوانەی سەر بە حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانن، زۆریان هەوڵ دا بۆ گۆڕینی زۆرێك لەو یاسایانەی جیاوازی و جیاكاری دەكەن و لە ڕیزی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤدا ناوزەد دەكرێن، بەڵام تا ئێستا لە واقعدا نەتوانراوە لهوبارهیهوه هیچ گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بكرێت، چونكە هەمیشە پیاوانی ئایینی و حزبه ئیسلامییە سیاسییەكان ڕێگر بوون؛ لەو ڕوانگەیەی هەمووی ئەوانە لە مهسهله جێگیر و سهوابتهکانی ئایینی ئیسلامن و دەستكاریكردنیان بڤە و كفر و دژ بە ئایینی ئیسلام و خوداوەندە و، دەبێ سزای ئەو كەسانەیش بدرێت كە پێداگری دەکەن و ههوڵی گۆڕینی دهدهن. بۆیە دەرەنجام چارهنووسی زۆربهی ئەو كەسانەی هەڵگری ئەو پەیامانەن، به ئاقاری كوشتن، یان دوورخستنەوە بۆ شوێنێکی تر، یان بهجێهێشتنی وڵات گهیشتووه، بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان.
نموونەی ههر یهک لهو دهرهنجامانه له واقعی کوردەواری و بهگشتی له وڵاته ڕۆژههڵاتییهکانیشدا ههبووه، ئەمە جگە لەوەی ڕەخنەگرتن، یان شیكاری فەرموودەی پێغەمبەر و دەقە قورئانییەكان هەمیشە هێڵی سوور بووە و سزای دوورخستنەوە و كوشتن و تەكفیری مرۆڤەكانی لێ کەوتووەتەوە. ههروهها باسكردن لە جۆر و پۆشینی جلوبەرگ و خواستی مرۆڤەكان، بەتایبەت بۆ ژنان، هەمیشە سنووردار بووە و پێچەوانەكەی تانە و تەشەر و سووكایەتی و تێزابپیداڕشتن و ڕەخنە و دژایەتیی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا. ئهمه وێڕای ئهوهی ههوڵدان بۆ گۆڕینی ئهو یاسایانهی پهیوهستن به مهسهلهکانی ژنانهوه و خستنهڕووی پڕۆژهیاسای نوێ له پهرلهمانی کوردستاندا دژایهتی کراوە و ڕهت کراوهتهوه، چونکه ڕا و بۆچوونی پیاوانی ئایینی زۆربهی کات لهگهڵ بیروڕا زانستییەكان ناكۆك و جیاواز بووه.
فرەییی حزبە ئیسلامییە سیاسییەكان و كاركردنیان لەژێر ناوی ئایینی ئیسلام و هاندانی خەڵك و كۆكردنەوەیان لەژێر چەتری داكۆكیكاری ڕاستەقینەی ئایینی ئیسلامدا به بەكارهێنانی ئایینی ئیسلام لە پێناو زیادکردنی دەنگەكانیاندا ئهژمار دهکرێت؛ بۆیە هەمیشە ئەوانەی له ڕیز و چوارچێوهی خۆیاندا نهبوو بن، بە مرۆڤی جیاوازتر سهیر دهکران.
بە شێوهیهکی گشتی، چەقبەستووییی یاساكان و گۆڕانكارییەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگه و ئەو خواست و زەروورەتەی هاووڵاتییان دەیخوازن، هەروەها پێشكەوتنە زانستییەكان لەگەڵ یەكتریدا یەكانگیر نابنەوە و، ئەم واقعە وا دەكات هەوڵی ئەوە بدرێت که پێویستە یاساكانی دەوڵەتداری سەربەخۆ بن و بتوانرێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و مافی مرۆڤدا بگۆڕدرێن. هەروەها مرۆڤەكان بهپێی نهریته ئایینییەكانیان سەربەخۆ بن و بێ هیچ سەپاندن و زۆرکارییەک بتوانن لە بەرامبەر ئەركە ڕۆحی و ئایینییەكانیاندا مومارەسەی ئایینیی خۆیان بكەن. ئیتر ئەو بۆچوونەی که هەمیشە لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە باس دەكرێت، كە ئەم داواكارییە سڕینەوەی ئایینی ئیسلام بێت، یان بەكافركردنی دەوڵەت بێت، جگە لە ڕاڤهکردنی شەخسی و بۆچوونی تایبەتی هیچ بنەمایەكی نییە، چونكە پەیڕەوکردنی ئایینی ئیسلامیش، نەك تەنیا لەناو كۆمەڵگهی كوردەواریدا، بگرە لە سەرتاسەری وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەكاندا جیاوازە و لێكدانەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت و هاوکات بهپێی گۆڕانكارییهکانی سەردەم بواری تیۆری و پراكتیكیی جیاواز بەخۆوە دەبینێت. بە نموونە، شەڕەكانی ئەم ساڵانەی داعش، کە بانگەشەی ئەوە دەكەن هەر ئەوان جێبەجێكەری ئایینی ئیسلامن و خۆیان بە هەڵگرانی ڕاستەقینەی پەیامی ئیسلام دادەنێن، خۆ ئەگەر بەوردی لە سەرجەم بنەماكانی ئایینی ئیسلام ورد بینەوە، ئێستا زۆرن ئەوانەی نەیانتوانیوە بەکردەوە جێبەجێكەری هەموو بنەماكانی ئایینی ئیسلام بن؛ ئەوەیش بە هۆی ئهوهی كە زۆربەی ئهو دهقانهی به نووسراوی ههن، لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم یەكانگیر نابن و پێویستیان بە گۆڕان و گونجاندن هەیە. بوونی حزبی ئیسلامیی سیاسی و بەكارهێنانی ناوی خوداوەند و ئایینی ئیسلام، کەڵکاوەژووکردنە لە ئایین و، تاوانە دهرههق به ئایینی ئیسلام، چونكە ئایین بۆ بەرژەوەندی و زۆربوونی دەنگەكانیان بەكار دەهێنن؛ كە ئەمە بۆ خۆی پێشێلكارییە دژ بە هەقی ئایین، ئیدی هەر ئایینێك بێت.
هەموو ئەوانە وا دەكات دەسەڵاتی سیاسیی كورد، بە خۆی و بەرنامەكانیدا بچێتەوە، بەوەی چۆن و لەژێر چ چەتر و چ دەستوور و سیستەمێكدا دواڕۆژی چارەنووسی میللەتەكەی دیاری دەكات، چونكە ئەگەر ئێستا هەموویشیان نەبن، زۆربەیان لە دووفاقییەكی زۆردا دەژین و حوكمڕانی دەكەن، چونکە هەندێ جار بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و هاووڵاتیبوون دروشمەكانیان بەرز دەكەنەوە، بەڵام كە دێتە سەر كردار، دەستكاریكردنی یاساكان بڤە و قەدەغەیە. بێدەنگی لە ئاست دەستگیركردن و حوكمدانی بكوژانی ژن، بێهەڵوێستییان لە بەرامبەر داخوازییەكانی ژنان بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی جیاوازی و جیاكارییان خستووەتەوە. بۆیە بوونی دەسەڵاتی عەلمانی لە كوردستاندا پاش هەموو ئەو واقعەی پێیدا تێ پەڕین، به واتای سڕینەوە و دژایەتیكردن و حیسابنهكردن بۆ ئایین نایهت، بەڵكوو به مانای پاراستنی ئایین دێت لە بەكارهێنان و کەڵکاوەژوو؛ هەروەها گەڕانەوەیەتی بۆ مومارەسەكردنی خواستی تاكەكان دوور لە هەموو ترس و تۆقاندن و زۆرەملێیەك؛ لە هەمان كاتدا پارێزگاریكردنی گشت هاووڵاتییانە، بێ جیاوازیدانان لە نێوانیاندا.